كـۆلاژ له تـاراوگه‌ی شیعردا
كـڵاوڕۆژنه‌یه‌ك له شه‌خـته‌دا
نه‌ژاد عزیز سورمێ
» به‌ئه‌وین و هیوا سوێندت ده‌ده‌م
پاڵه‌وانی ناو گیانی خۆت وه‌لامه‌نێ!
هیواكانی خۆت به پیرۆز دابنێ..
نیتـچه«
كرۆكی مه‌سه‌له‌كه لێره‌وه ده‌ستی پێكرد.
كۆته‌ڵساز ،
ڕموه‌شێنی مه‌یدان..
ئاگردز ..
هه‌موو ئه‌و تافتانه (تارا)یێـكیان پێ نه‌هۆنرایه‌وه !!
وشه ده‌سته‌وه‌ستان نه‌بوو ،
لێ نه‌مان ویست له ڕۆحی دره‌وشاوه‌ی بده‌ین ..
ئه‌مه‌ش هه‌ستێكی به‌سۆزه ئاده‌مزادێك ببینی
خوولانه‌وه‌ی له‌مه‌ودای ئیستاتیكاوه پێ له‌پێشتر بێ ،
له‌وه‌ی هیوا ستراتیژییه‌كانی ژیان به‌رجه‌سته ده‌كه‌ن،
به شكۆیه‌كی وه‌ختی بدا..
لێره‌وه (كـۆلاژ) بۆ من،
دیوه‌كه‌ی تری شیعر بوو، به‌ڵام داخ له سه‌رده‌مێكی ئیفلیجدا ؛
گه‌ر له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی هونه‌ری نوێیش بێ په‌یوه‌ندی نه‌بووبێ كه زه‌مانه به‌ویستن بێ
یا به نه‌ویستن به‌سه‌ریدا سه‌پاندووین ،
به‌ڵام هه‌وڵێكیش بوو
له ئێواره‌ی مێژوو و ڕۆژپه‌ڕی جوگرافیادا،
بۆ ناسینه‌وه‌ی به‌هاره سووتاوه‌كان و ڕۆژگاره له‌ده‌ست چووه‌كان ..
ته‌كنیكی ژیان بوو ،
به‌ر له‌وه‌ی ته‌كنیكی گه‌مه‌ی ده‌ست و هزری په‌تی و
به‌شێك له‌و ژیانه بێ
ناومان ناوه (شێوه‌كاری) یا هونه‌ری شێوه‌كاری. .
ئه‌م هونه‌ره ڕه‌نگه له كوردستان بۆ یه‌كه‌م جار ئه‌گه‌ر شه‌ره‌فی ئیش تێداكردنی به‌منیش بڕابێ ، له هونه‌ری دونیادا نوێ نییه ، ته‌نانه‌ت به‌ر له‌په‌یدابوون و دانپێدانانیشی (سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م) له ناوه‌ندی هونه‌ری ئه‌ورووپایێدا ،
له هونه‌ری هه‌ره دێرینی شارستانییه‌تی (مێزۆپۆتامیا )و (میسر) و (دۆڵی سند)دا
به شێوازێك له شێوازه‌كان هه‌بووه.
له حه‌قیقه‌تیشدا (كۆلاژ) وه‌ك واژه‌یه‌كی ڕووت واتای )چه‌سپاندن) ده‌گه‌یێنێ-(كۆكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك پارچه‌ی جیاجیا له بابه‌ت و شتگه‌ل و ڕه‌گه‌زی جیاجیا له ڕووبه‌رێكی دیاریكراو بۆ پێكهێنانی ڕووبه‌ڕێكی تر و پانتاییه‌كی دیكه و ڕوانینێـكی دی)،
ئه‌مه وه‌كو واژه‌یه‌كی ڕووت…
به‌ڵام بێگومان وه‌ك هونه‌ر، كـۆلاژ هونه‌رێكی سه‌ربه‌خۆیه ئه‌گه‌رچی له‌سه‌رێك بگاته‌وه دونیای ڕۆژنامه‌گه‌ریی و لێیه‌وه نزیك بێ تا هونه‌ری شێوه‌كاری په‌تـی ،
به‌ڵام دیسان له خۆیدا هه‌ردێته‌وه قاوخی هونه‌ری شێوه‌كاری .
له‌و گۆشه‌نیگایه‌وه زۆر هونه‌رمه‌ند په‌نایان بۆ بردووه ،
كه به‌ڕاستی هونه‌رێكه مه‌ودا و ڕه‌هه‌ندێكی سه‌رنجڕاكێش و ناسكـئامێزی هه‌یه…
كاركردن و ته‌كنیكی كاركردن له هونه‌ری كۆلاژدا ، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی ئازادی له به‌كارهێنانی كه‌ره‌سته‌ی هه‌مه جۆر و مه‌ودای به‌رفراوانی كارتێداكردنی هه‌یه ، به‌قه‌د ئه‌وه‌ش به‌رهه‌ستیی بزاڤی شێوه جۆراوجۆر و فره‌بابه‌تی له بۆشاییدا كه هونه‌رمه‌ند ده‌یه‌وێ زه‌مینه‌یه‌كی لێ پێك بهێنێ یا كه‌شفی نوێی له ناسینه‌وه‌ی
په‌ی پێنه‌براوانی پێ بكا..
دایه‌لۆگی هونه‌رمه‌نده له‌گه‌ڵ ڕه‌مز و مه‌وداكانیدا ، هونه‌رێكه ڕه‌نگه سه‌ركه‌وتنی تێدا به‌و ئاسانییه نه‌بێ ئه‌گه‌ر پاشخانێكی مه‌عریفی و جوانیناسی له‌پشته‌وه نه‌بێ..
بۆ من كۆلاژ له‌وانه‌یه دیوه‌كه‌ی دی شیعر بووبێ ، له‌وه‌ڕا ده‌بینی له ڕووپێوی ته‌كنیكی كاركردنیشمه‌وه پابه‌ندییه‌كی ڕۆمانسڕه‌مزی له كاره‌كانمدا ده‌رده‌كه‌وێ..
من له كۆلاژدا هه‌ست به ئازادییه‌كی ڕه‌هاتر ده‌كه‌م ، هه‌ست به‌و شێـتیه‌تی و
به‌و وه‌همانه ده‌كه‌م كه‌پێموایه كه‌م و زۆر به پێی ئاستی تێگه‌یشتن و وردبوونه‌وه له هه‌مووماندا هه‌یه..
له‌كاركردنمدا هه‌رگیز لایه‌نی ستاتیكی و ته‌كنیكی كاركردن و ڕوئیای شێوه‌خوازیی كه ڕاشكاوانه له‌م هونه‌ره‌دا له مه‌ودایه‌كی ڕه‌هاتـردا، وێنه‌ی ده‌قئاوێزانی
تێكستێـكی كراوه و تـژی گه‌مه ڕه‌وایه‌كانی زمان،
له هه‌موو ئه‌وانه‌دا هه‌وڵم داوه به قوربانی ناوه‌رۆكێـكی كاتیی نه‌بێ.
له پیشانگه‌كانیشمدا هه‌میشه چاوم له‌وه بووه ڕیتمی ونكراو
له‌ناو ژاوه‌ژاوی سه‌رده‌م بدۆزمه‌وه ، له كاتێكدا هاوسه‌نگیمان
ڕوو له ئاوابوون بوو..
ئه‌وه‌ش وه‌همێك بوو ،
دوور له‌و (مه‌نـتیـق)ـه‌ی زۆربه‌مان پێیه‌وه گرفتار بووین..
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خۆش نییه مرۆڤ بێ وه‌هم بـژی.
(*) ئه‌م نووسینه كاتی خۆی ، ناوه‌ڕاستی دووهه‌زاره‌كان له گۆڤاری (شێوه‌كاری) كه له هه‌ولێر به كۆششی هه‌ردوو هونه‌رمه‌ندی به توانا ڕه‌وانشاد( قه‌ره‌نی جه‌میل )و (حه‌مید جه‌مال) ـه‌وه ده‌رده‌چوو بڵاوكراوه‌ته‌وه .
