هیرۆنیمۆنی بوش؛ حه‌ز و ئاره‌زووه‌كانی سانت ئه‌نتۆنی - ١٥١٣ - مۆزه‌خانه‌ی لیشبۆنه‌ Hieronymus Bosch, The Temptation of St. Anthony (central panel), ca. 1513, Museu Nacional de Arte Antigua, Lisbon.

سەرەتایەکی تێگەیشتن بۆ میتافیزیکی کوردی


لێکۆڵینەوەی هزری

Loading

سەرەتایەکی تێگەیشتن بۆ میتافیزیکی کوردی
بەکر عەلی
ئەم هەوڵە، هەوڵی گەڕانێک نییە بۆ دۆزینەوەی دۆکیومێنتەکانی سەرهەڵدانی میتافیزیکی کوردی، واتە ناگەڕێت بەشوێن سەرەتا مێژووییەکانی ئەو شتەی پێی دەگووترێت میتافیزیکی کوردی، ئەمە ئەگەر ئەم دەستەواژەیە لەڕووی تەکنیکییەوە دروست بێت؟ بەڵکو پتر دەخوازێت لەو جیهانبینییە تێ بگات، کە بیرکردنەوەی عیرفانییانەی کوردی بۆ پەیوەندی مرۆڤ وجیهان و خودا بەرهەمی هێناوە. واتە ئەمە هەوڵێک نییە بۆ دووبارە ژیاندنەوەی چرکەساتە عیرفانییەکانمان، وەیان مکیاجکردنەوە وکۆسمەتیککردنەوەی ڕۆحانیەتێکی بەسەرچوو بکەم، هێندەی هەوڵیکە بۆ دەستنیشانکردنی چۆنێتی و هۆکاری هاتنە ئارای ئەو چرکەساتەی تێیدا جیاوازی میتافیزیک لەدایک دەبێت، باس لەو نائارامی ونائاسوودەییە دەکەم کە هەندێک ڕۆحی کوردی پەییان پێ بردووە و ڕەخنەش لەو دۆخەی هەنووکەی هۆشیاری کوردی بگرم کە تاوەکو هەنووکە ئەلتەرناتیڤی ئەو میتافیزیکەی بەرهەم نەهێناوە، لێرەشدا ئەوەش هیچ مەسەلەیەک نییە بۆمان، ئەو سەرچاوانەی ئەم بیرکردنەوەیەیان فۆرمەلەکردووە، بەزمانێکی ناکوردی نووسرابن، وەک فارسی یان عەرەبی لە کارەکانی باباتایەر و سورەوەردی وشارەزووری دا. مادام ئێمە بەشوێن داهێنانی ماناکەدا دەگەڕێین، ئیتر زمان و ئامڕازی پێنووسەکەی جێی پرسیاری ئەم هەوڵە نییە.
لەو شوێنەدا کە مرۆڤ سەرهەڵدەبڕێت و تێڕامان لە سەرەوە دەکات، لەوێدا میتافیزیک دروست دەبێت. واتە میتافیزیک تێگەیشتنە لە بنەمای جیهان و گەردوون ومرۆڤ، لێکجوداکردنەوەی جیهانە بۆ دووان، بەو جۆرەی هایدێگەر دەڵێت؛ بریتییە لە خۆڕاڤەکردن. ئاوا لەکوێدا مرۆڤ خۆی ڕاڤە بکات، لەوێدا دەکەوێتە کایەی لێکجیاکردنەوەی دەرەوە و ناوەوە، سەرەوە وخوارەوە، دیار ونادیار. ئەم دەستپێکە لەهەرە گرنگترین دەستپێکەکانی بیرکردنەوەی مرۆڤە، ئەوەتا نیتچە لە کتێبی ئاوابوونی بتەکاندا، پێیوایە؛ لەهەرە گرنگترین پرسیار کە ئێمە شوێنی بکەوین، ئەوەیە بزانین، چۆن جیهانی ڕاستەقینە/دیار گۆڕا بۆ خورافە/نادیار؟
لەکایەی کوردیدا ئەم هۆشمەندییە عیرفانییە لەڕێی هەریەکە لە هەمەدانی و سوهرەوەردی و شارەزوورییەوە سەرهەڵدەدات، ئەمە ئەگەر چاوپۆشی لە دووانایەتی(ڕوناکی/تاریکی) لای زەردەشت نەکەین، چونکە زەردەشت دەستپێکی ئەم لێکجیاکردنەوەیەی جیهانە بۆ دووان، واتە زەردەشت یەکەمین لێکدەرەوەی جیهانە، کە لەڕێیەوە لێکدانەوەی خودی مرۆڤ کراوە، واتە دەشێت بڵێین؛ یەکەمین هەنگاوەکانی مرۆناسی لەناو ئەو میتافیزیکە زەردەشتییەوە لەدایک دەبێت کە لێکدانەوەی شێوازی هەبوونی مرۆڤ لەناو جیهاندا لە سێ خەسڵەتی مرۆییدا دەکات “ بیری چاک، وتەی چاک، کردەی چاک “.
بەمجۆرە دەبینین زەردەشت زمانێکی ئیمپەراتیڤی نوێی بۆ داهێناوین، تا لەڕێیەوە، لەناو تاریکستانی ئەم جیهانە گەندەڵبووەدا ڕێنمایی خۆمان بکەین و گوزارشت لە نائاسودەییەکەمان بکەین. لەم ساتەوەختەدا نائاسوودەیی دەبێتە جۆرێک لە نەرێکردنەوەی جیهانی ئارا، بەڵام لەهەمانکاتدا پەنجەرەیەک بۆ ئەرێکردن بەسەر دنیایەکی تری چاک دا واڵادەکاتەوە. لەم ڕەوتە میتافیزیکییە ئاینزاییەوە تەوژمە ڕۆحانی وعیرفانییەکان هاتوون و خۆیان بە فەلسەفەی پلاتۆنیزم بارگاوی کردووە و هەوڵیان داوە بەرەنگاری ڕادیکالیزمی ئایینی ببنەوە وهەناسە ڕۆحانییە نەرمەکەی ئاین بپارێزن.
هیرۆنیمۆ بوش – سه‌ده‌ی شانزه‌؛ كه‌شتی قۆشمه‌كان
عیرفان و سۆفیگەری وەک دوو تەوژمی ڕۆحی، دەبنە یەکەمین هەڵوێستەی میتافیزیکی وبوونگەرییانەی ئێمە بۆ بەگژداچوونەوەی خراپییەکانی جیهان . کرۆکی عیرفان وسۆفیزم بریتییە لەم دێڕە شیعرییەی مەحوی دایڕشتووە: بە ئاوی تێگەیشتین دنیا، نەمانزانی تەنیا سەرابێک بوو. لێرەدا لای `گنۆسیس` دنیای ئارا شوێنێکی کاتییە بۆ شوێنە ئەبەدییەکە، دیارێکی کاتییە بۆ ڕۆیشتن بەرەو نادیارە ڕاستەقینەکە. کاتێک لە سورەوەردی دەپرسن لەکوێوە هاتوویت، ئەو دەڵێت: لە ناکوجا ئاباد، واتە لە هیچ کوێوە، یان لە ناشوێنەوە. بۆیە لای عیرفان ڕاستە مرۆڤ لەناو ئەم جیهانەدایە، بەڵام هی ئەم جیهانە نییە. واتە لەدیدی گنۆسیس دا مرۆڤ میوانێکە لەم جیهانەدا و دەبێت دواتر بڕوات بەرەو جیهانەکەی خۆی. میوان هەبوویەکی ئایدیالییە، لە ماڵیشدایە و دەربەدەریشە، لێرەیە و هی ئێرەش نییە. ئەمەش جیاوازییەکی میتافیزیکییانەی مرۆڤە کە جیهان بە ئاو تێگەیشتووە بەڵام لەڕاستیدا سەرابە. ئاوەها دەبینین ڕەخنەی ئێمە لەجیهان، لە گەندەڵبوون و بەدکاری مرۆڤەکان، لە نائامادەبوونی یەزدان، سەرەتا لەڕێی عیرفان وسۆفیزمەوە سەری هەڵداوە.
لەماندا جیاکردنەوەی جیهان بۆ ئەمدیوو/ ئەودیوو، دەرەوە/ ناوەوە ڕوودەدات. جیاکردنەوەی جیهان واتە دووهێندکردنی جیهان بۆ دیار ونادیار، بۆ دەرەوە و ناوەوە، بۆ ڕوناکی وتاریکی. هەر سێ ئەم فیگورە لە ناو کایەیەکی گنۆستیکییەوە دێن و پەی بردنیان بە هەردوو جیهانەکە، ڕیشەیەکی عیرفانی و میستیکی هەیە. لەم عیرفان ومیستیکەشدا ئەوەی ڕۆڵ دەبینێت بۆ پەی بردن بە `هەقیقەت`، بریتی نییە لە ئەقلێکی بەڵگەخوازانە، بەڵکو پتر بریتییە لە کەشێکی مەستانە. هەر یەکە لە هەمەدانی وسوهرەوەردی وشارەزووری لەناو ئەزموونکردنێکی چڕی مەستی دا ژیان، بەمەش ئەوان لەناو ئازاردا بەو شەیداییە گەیشتن، بۆیە ئەوان لەوێدا توانییان خودا و هەقیقەت بدۆزنەوە نەک لە زانینە ئەقڵگەراکاندا. لە دۆخی مەستی دا، مرۆڤ لەزمان دەکەوێت، لەهۆش دەکەوێت، تەنیا لەناو ڕووناکی و پەنهانییەکەدا دەمێنێتەوە، ، واتە بەبێ هیچ وتن و هیچ زانینێک و هیچ بەڵگەیەک، کەسی میستیک دەتوانێت لە شتەکان تێ بگات. .
واتە ئەم ساتەوەختە خامۆشییەکی پەنهانە، ئارامییەکی نهێنیئامێزە، خودی میستیک خۆی .واتە پەنهانی، شاراوە، مەتەڵئامێز. ئەم مەستییە لەناو ئەو ڕووناکییەدا دەبێتە هۆی دووکەرتبوونی هۆشیاری و هەموو فۆرمەکان لەت لەت دەکات، لێرەوەیە عیرفانی کوردی گەڕان بووە بەدوای ڕاستییە بنەڕەتیەکە لەناو پەنهانی وخامۆشیدا. بەڵام پەنهانیش تەنیا لەناو مەستی دایە نەک لەناو بیرکردنەوەی عەقلی وژیربێژانە.
شارەزووری کە ڕاڤەکارێکی گەورەی سورەوەردییە، باسی ئەزموونی خۆی دەکات کە چۆن لە حیکمەتی ئارگومێنتسازییەوە گۆڕاوە بۆ حیکمەتی مەشق و ڕوناکی دۆزینەوە لەڕێێ پشکنینەوە، هەر بۆیە ئەو دوو جۆر لە حیکمەت پۆلێن دەکات، یەکەمیان حیکمەتی چێژداری وگەڕۆکییە. کە مەبەست لێی ناسینی شتەکانە لەڕێی پشکنین وئاشکراکردن ودۆزینەوەی نهێنییەکەوە. دووەمیان حیکمەتی بەڵگەخوازیییە، کە تێیدا لەڕێی ئارگومێنت وبەڵگەهێنانەوە و سنووردارکردنی شتەکانەوە، دەگەیت بەناسینی شتەکان. هەڵبەتە شارەزووری دوای ئەزموونێکی درێژی دانایی وڕۆحی ، بیرگۆڕینی ئەوەی بەسەردا دێت و لەپۆلی دووەمیانەوە دەچێت بۆ پۆلی یەکەمیان، کەتێێدا لەڕێی مەشقێکی بەردەوامەوە گەیشت بەو ڕوناکییەی کە لەم جیهانەوە جیهانەکەی تری پێ ناساند. بەم شێوەیە گنۆسیس دەبێتە پەی بردن بە نهێنییەکان لەڕێێ مەستبوون بەو ڕوناکییەی کە بریتییە لە خودی هەقیقەت…
لێرەوەیە کاتێک ئەو سێ فیگورە دەخوێنینەوە، ئەوەمان لا ڕوون دەبێتەوە، کە لەناو مەستی دا یەکێتی نێوان من وجیهان دروست دەبێت. یەکێتییەکی ڕووناک، ناکۆتا و تاقانە.، بەڵام پەتی و ئەبستراکت نییە، ، بەڵکو “من“  لەوێدا دەبێتە کۆگەی جیهان. لێرەوەیە ئەوان لەو مەستییەدایە پەییان بە ڕۆحە پەنهانەکەی جیهان برد و جیهانیان وا ناسی. کەواتە هەر لە سەرەتاوە دەبێت ئەوە بکەین بە کرۆکی عیرفانی کوردی بۆ بەشداریکردنی لە بیرکردنەوەی میتافیزیک دا، کە جیهانی دابەشی دوو لا کردووە، دیار ونادیار. لەم بیرکردنەوەیەشدا دووکەرتبوونی هزری چێ دەبێت و هەردوو دووکەرتبوونێکیش بریتییە لە ئازاری بەخۆنامۆبوون و نائاشنایی و نائاسوودەیی. لێرەوەیە ڕۆحی کوردی هەر لە سەرەتاوە بریتی بووە لە شانۆی نائاسوودەیی بەم جیهانە، هەر بۆیە زۆر زوو توانی گنۆسیس، وەکو مەشقێکی ڕۆحی بۆ گواستنەوە لە دۆخی سروشتیەوە بۆ ناو دۆخی مێژوویی دابهێنێت وهەڵوێستەیەکی ڕەخنەیی لە کەموکوڕیی و لە تاریکایی جیهان وەربگرێت. بەمەش لە گنۆستیکی کوردیدا، کە وەکو ئیشراق و وەکو سۆفیگەری دەرکەوتوون، هەمیشە دوو جیهان شک دەبەین و تاوەکو ئەمڕۆش هیچ بیرکردنەوەیەکی تر لەم کایەیەدا سەری هەڵنەداوە، کە یەکێک لەو دوو جیهانە ئافەرۆز بکاتەوە، لەکاتێکدا لە خۆرئاوا، ڕۆشنگەری وڕێنیسانس هاتن و دوای خۆڕاڤەکردنیان، جیهانی سەرەوەیان وەلا خست و تەنیا ئەم جیهانەیان هێشتەوە . ئەگەر ئێمە بتوانین دەستنیشانی وردی سەرهەڵدانی گنۆستیک بکەین، دەبینین ئەو لەو چرکەساتانەدا سەریهەڵداوە کە هەموو دۆخی ڕۆحی، ئاکاری وئابووری، بەزمانی هاوچەرخ هەموو جیهانیژیانی مرۆیی تووشی گەندەڵی وداڕزان بۆتەوە، ئەو چرکەساتەش نزیکەی هەزار ساڵێکی تەمەنە. لەو ساتەوەختانەدا گنۆستیک و عیرفان هاتوون بۆ ڕزگارکردنی جیهان لەبەردەم مەترسییەکانی هەڕەشەی ڕادیکالیزمی ئایینی و گەندەڵبوونی ئاکارییانەی مرۆڤ، بۆیە گەر سەرنجی کرۆکی هەر هەوڵێک لەو هەوڵە گنۆستیکیانە بدرێت، جا زەردەشتایەتی یان جوولەکایەتی بێت یان مەسیحایەتی یاخود هی ئیسلام بێت، دەبینین کاریان بۆ ئەوە کردووە ژیان لەو مەترسییە بپارێزن هەر بۆیە هەموو گنۆستیکەکان لەلایەن دەزگا ئایینییە باڵادەستەکانەوە نەک هەر سەرزەنشت کراون و ڕاوەدوونراون، بەڵکو زۆربەیان کوژراون ولەناویش براون، لێرەوە ناوەڕۆکە شۆڕشگێڕییەکەی گنۆستیک دەردەکەوێت، چونکە ئەوان زمانێکی نوێیان بۆ نائاسوودەیی مرۆڤ لەو دۆخە داهێنا و بەجۆرێک لە نەرێکردنەوە، توانییان مانایەکی نوێ بۆ هەبوونی مرۆیی بدۆزنەوە. لەنێوان نەرێکردن وئەرێکردنی جیهاندا مەودایەکی نهێنیئامێز هەیە کە تەنیا لەڕێی گنۆستیک وسۆفیزمەوە پەی بەو مەودایە براوە. ڕاستە گنۆسیس لە منداڵدانی ئاینەوە لەدایک بووە، بەڵام ئەو هیچ ئاینییانە نییە، ئەو لەناو ئایندا دەژی، کەچی هیچ تەبا نییە لەگەڵیدا، ئەگەر ئاین سیستەم وڕژێمی کۆنترۆڵکردن بێت، ئەوا گنۆستیک ڕەوتێکی سەربەستانەی ڕۆحە زاهید وقەلەندەر و دەروێشەکانە. لەبەرئەوەیە گنۆسیس هیچ پێناسێکی دیاریکراوی نییە، بەڵکو گرێدراوی خودی کەسە گنۆستیکییەکانە و لە ژیان و نووسینەکانیاندا گنۆسیس دەردەکەوێت، بۆیە ئەگەر دین دۆگما بێت، ئەوا گنۆسیس گومانکردنە. ئەگەر دین ملکەچکردن بێت، ئەوا گنۆسیس نەرێکردنەوەیە.
هیرۆنیمۆنی بوش؛ حه‌ز و ئاره‌زووه‌كانی سانت ئه‌نتۆنی – ١٥١٣ – مۆزه‌خانه‌ی لیشبۆنه‌
Hieronymus Bosch, The
Temptation of St. Anthony (central panel), ca. 1513, Museu Nacional de Arte Antigua, Lisbon.
بەم نەرێکردنەوەیەش گنۆستی دەبێتە دەستپێکی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی لەجیهان. جیهان وەک بکوژی مەسیحی ڕزگارکەر لای مەسیحییەکان ، وە لای شیعەکان لەسەر دەستی << سەبەک>> ڕەخنە لەوە دەگرێت گەر بڵێت << عەلی><< کوژراوە، عەبدوڵای کوڕی سەبەک پێیوابووە، عەلی تەنیا غەیب بووە و وەکو یەسوع هەڵکشاوە بۆ لای خودا و ڕۆژێک وەک مەهدی دەگەڕێتەوە. دەستپێکی گنۆسیسی ئیسلام لێرەوە دێتە ئاراوە کە بەگژ دۆخی ئارادا دەچێتەوە. بەوەدا کە گنۆسیس ئەزموونێکی هەم ڕۆحی و هەم عەقلییە، ودەبێت پیادەبکرێت وبژێنرێت، دەرەنجامەکەی دەرکەوتنی جۆرێک یاخیگەری دەبێت کە لە بەژنی زاهیدەکاندا وەکو مەشقێکی زوهدگەری بۆ نەرێکردنەوەی ئەو جیهانە خراپەکارە دەردەکەوێت. ئێمە بۆ یەکەمینجار لەڕێی گنۆستیک ەکانمانەوە توانیومانە سێکوچکەی << یەزدان-جیهان-مرۆڤ>> دابڕێژین. چ سوهرەوەردی و چ شارەزووری ئەرک و مۆرکەکانی حیکمەت لەم چوار بەشەدا بەرجەستە دەکەن:
١. حیکمەت، دەروون بە ڕووناکی ئەزەلی خودایی ڕوناک دەکاتەوە و لەوێشەوە ڕوناکی دەخاتە سەر هەموو نەزانراو و نهێنی وونەکانی جیهان.
٢. فەزیلەتی حیکمەت لەوەدایە، زاهیدانە <<لەناو جیهان دا بێت>>.
٣. حیکمەت لەوەدایە ئەم جیهانە بەجێبهێڵین و بەرەو ئەویتر بڕۆین.
٤. حیکمەت هۆی جیهانمان بۆ دەردەخات لەنێوان مرۆڤ وخودا دا، جیهان دەدۆزێتەوە. ( هێما لاهوتییەکان.(.
لە خاڵی دووەمدا، کرۆکی دەرکەوتنی هۆشمەندییەکی جیهانی دەبینرێت. ئەویش ئەوەیە تەنیا بەشێوەژیانی مەشقگەرایی و زاهیدانە ئێمە دەتوانین لەوە تێبگەین،کەلە نێوان مرۆڤ وخودادا، جیهان هەیە، واتە جێگایەک هەیە بەبێ گوزەرکردن بەناو ئەودا ئێمە ناتوانین لەمدنیاوە بپەڕینەوە بۆ ئەودنیا، ئەو جێگایەش جیهانە. بەم شێوەیە دەکرێت دەستپێکی بیری میتافیزیکی کوردی ڕێک ببەسترێتەوە بە چرکەساتی لەدایکبوونی زەردەشتی و عیرفان و حیکمەتی ئیشراقەوە.. ئەم میتافیزیکەش پتر لەدەوری دۆزینەوەی ڕێگایەکی لاهوتییانەدا بووە، بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤ لەم جیهانە تاریکیەی تێی کەوتوووە. واتە چ لای زەردەشت، چ لای سوهرەوەردی وشارەزووریش، دوای ڕزگاربوون لە زیندانی ئەم جیهانە غەریبە، ئێمە دەگەینە جیهانە ئاشناکەی کردگار، بۆیە شارەزووی لە خاڵی سێهەمدا ئەرکی حیکمەت و عیرفان دەبەستێتەوە بە بەجێهێشتنی ئەم جیهانە بەرەو جیهانەکەی ئەودیو. لەکاتێکدا بیرکردنەوەی میتافیزیکی خۆرئاوایی دوای تێپەڕین بەهەمان ئەو مێژووەدا و پرسیارکردن لە پەیوەندییەکانی مرۆڤ بە جیهان و خوداوە، لەڕێی ڕۆشنگەری و دواتر فەلسەفەی بوونگەرییەوە، مرۆڤی پتر گرێدایەوە بەم جیهانەوەو جیهانەکەی تری ئافەرۆز کرد. وتەکەی نیتچە، خودا مرد. بریتییە لە ڕاگەیاندنی پرسەنامەی ناشتنی جیهانەکەی ئەودیوو.
هیرۆنیمۆنی بوش؛ حه‌ز و ئاره‌زووه‌كانی سانت ئه‌نتۆنی – ١٥١٣ – مۆزه‌خانه‌ی لیشبۆنه‌
Hieronymus Bosch, The
Temptation of St. Anthony (central panel), ca. 1513, Museu Nacional de Arte Antigua, Lisbon.
گنۆسیس، کە وشەیەکی گریکییە و بەمانای ناسین/عیرفان دێت، لەڕێی پرسیارە فەلسەفییەکانیەوە چووەتە نێو کایە دینی وڕۆحییەکان و تێیاندا پرسیار لە هەبوونی مرۆیی و خودا و خودایەتی دەکات. پرسیارە جەوهەرییەکەش لە دیدگایەکی فەلسەفییەوە دەکات: ئێمە لە کوێوە هاتووین، چۆن توڕدراینە جیهانەوە و بەرەو کوێ وا مل دەنێین؟ لەدایکبوون چییە، مەرگ چییە، دووبارە زیندووبوونەوە چییە؟ ئێمە لە کوێداین، ئەمدنیا چییە و ئەودنیا چییە؟
یۆناس، وەک بیرمەندێکی تاقانە بۆ خۆدەرگیرکردنی بە پەیوەندی نێوان گنۆسیس و بوونگەرییەوە، ڕووبەرێکی زۆر گەورەی ئەم بوارەی بۆ ڕووناک وکراوە کردووینەتەوە. لەوێدا ئەو نەرێکردنەوەی جیهان بە بنەمای سەرەکی گنۆسیس دادەنێت، واتە کەسی گنۆستیک جیهان وەکو شوێنێکی ئاساییش نابینێت، بەڵکو وەکو نامۆییەکی سامناک. لە گنۆسیس دا، جیهان کایەیەکی کراوەی ڕۆشن نییە، بەڵکو داخراوییەکە، وەک زیندانێک وایە بۆ ڕۆح، بۆیە نەرێ دەکرێتەوە.Antikosmismus دژەگەردوونی. دەبینین گنۆسیس ڕەوتێکی ئایینی نییە، بەڵکو ڕاستتر هەڵوێستەیەکە بەرجەستەی کرۆکی ڕۆحی سەردەمێک دەکاتەوە. . ئەم هەڵوێستەیەش ئەزموونکردنێکی درێژخایانی لەخۆبێگانەبوونە بەجیهان. ئەمەش جگە لەوەی دیدێکی نیهیلیزمانەیە، کتومتیش کرۆکی بوونگەرییانەی گنۆسیسە، بەدیدی یۆناس ئەمە چرکەساتێکی شۆڕشگێڕانەیە، کەلێوەی << خوددۆزینەوە>> لەناو ئەم وێڵستانەدا ڕوو دەدات.
بەپێی بوونگەری هایدێگەر مرۆڤ فڕێدراوەتە جیهانەوە، یۆناس وەک خوێندکارێکی وردی هایدێگەر، ئەم فڕێدانە دەکاتە مۆرک وکرۆکی گنۆسیس و لێوەی پرۆژە دادەهێنێت. واتە ئەم خودە بێجیهانەی فڕێدراوەتە ناو جیهانەوە، لەڕێی دابەشکردنی جیهان بۆ بێجیهانی وجیهانداری، دەکەوێتە ناو هەڵوێستێکی گنۆستیکییەوە. گنۆسیس، عیرفان، ڕێک لەوێدا سەرهەڵدەدات کە ئەم دابەشکردنە بەرپا دەبێت. ئەمەش هەڵوێستە ڕەخنەییەکەیە لە جیهان، بەڵام ئەم شۆڕشە گنۆستیکییە مانایەکی سیاسییانەی نییە، بەڵكو شۆڕشە، یاخیبوونە لە دژی نیزامی گەردوون، شۆڕش وهەڵگەڕاندنەوەیە، بەمانا نیتچەییەکەی، بریتییە لە بەهاگۆڕینی دۆخە ئۆنتۆلۆگییەکەی لەناو جیهاندا بوونی مرۆڤ. کەسی گنۆستیک لەدژی ڕێسای گەردوون، قانونی جیهان، ڕێکخستنی هەبووەکان دەوەستێتەوە. ئەرکی گنۆسیس لەم هەڵگێڕانەوەی بەهایانەدا بریتییە لە << لەبەهاخستنی کۆسمۆس>> یۆناس ئەمەشی ناوناوە << نیهیلیزمی گنۆستیکی>>. ئەو ساتانەی کە مرۆڤ چۆکی بۆ هەموو خراپییەکانی جیهان داداوە، لەوێدا گنۆسیس هاتووە و زاڵبووە بەسەر ئەو دیدگایەدا و خۆی لەو میراتییە خۆسەپێنەرە دەرباز کردووە و قبوڵی ئەوەی نەکردووە گوناهبار دەربکەوێت. وەک سلۆتەردایک دەڵێت، گنۆسیس کاتێک خراپییەکانی جیهان دەبینێت، دەیگەڕێنێتەوە بۆ خراپییەکانی کردگاری جیهان، بۆیە ئەویش بەرامبەر بە خراپییەکانی کردگار، خراپە دەکاتەوە.
لێرەدایە گنۆسیس لەئاکامی کارلێککردنی هۆشیاری مرۆڤ بە نەنگی وشاشییەکانی بوون دروست دەبێت، قوڵپدانی ناخەکییانەی ئەو ڕۆحانەیە کە تێڕامان لە بناغەی بوونی مرۆیی دەکەن. ئەو دەپرسێت مرۆڤ لەکوێوە هێنراوە وبەتەنیا بۆ چارەنووسی خۆی بەجێهێڵراوە و دواجاریش کۆچی دوایی دەکات. هۆشیاری گنۆستیکی واتە تۆ هەست بەوە بکەیت کە میوانێکی لەناو جیهاندا و بەردەوام لەتاراوگەیەکدایت. کەسی گنۆستیک نە نیشتمانی هەیە ونەماڵ، نیشتیمانی ئەو تاراوگەیەکی کاتییە بەرەو تاراوگەیەکی تر. . لێرەوە << لەناوجیهان دا بوون>> ی ئەو دەبێتە تاراوگە بەرەو نیشتیمانێکی نادیار. سلۆتەردایک ئەمە ناودەنێت<< جیاوازی گنۆستیکی>>. کە بریتییە لە جیاوازی شوێن لەم دوو دۆخەدا: << لەناو جیهاندا بوون<< و << لە جیهانەوە بوون/ هی جیهان بوون>>.
هیرۆنیمۆنی بوش؛ حه‌ز و ئاره‌زووه‌كانی سانت ئه‌نتۆنی – ١٥١٣ – مۆزه‌خانه‌ی لیشبۆنه‌
Hieronymus Bosch, The Temptation of St. Anthony (detail, left panel), ca. 1513, Museu Nacional de Arte Antigua, Lisbon.
ئەم خوێندنەوەیەی یۆناس و سلۆتەردایک، لە ڕاڤەیانەوە بۆ هایدێگەر هاتووە. وەک ئاشکرایە لە ڕاڤەی هایدێگەردا، بوونی مرۆڤ لە ژیانی ڕۆژانەدا بە دوو شێواز دەردەکەوێت، <<بوونی ڕەسەن و بوونی ناڕەسەن> هەروەها ئەم پێیوایە مرۆڤ << فڕیدراوە>> و لەم جیهانەدا بەرەو مەرگی خۆی کۆچ دەکات. سلۆتەردایکیش پێیوایە مرۆڤ << فڕێ دراوە>> بەڵام کاتێک دێتە جیهانەوە، بەشێوازی جۆراوجۆر کار لەخۆیدا دەکات و ئەم مەشقەش بریتییە لە << خۆهەڵگرتنەوە>> و هەموو خۆهەڵگرتنەوەیەکیش سەرلەنوێ ؟؟ لەدایکبوونەوەیە>>. بەڵام یۆناس کار بۆ هاوشێوەبوونی گنۆسیس و بوونگەرایی دەکات>. ئەو وەک خوێندکارێکی زرنگی هایدێگەر، زۆرێک لە چەمک ودەستەواژە ئۆنتۆلۆگییەکانی هایدێگەر دەپشکنێت و دەیشکێنێتەوە بەسەر ڕاڤەکردنی گنۆسیسییانەی مرۆڤدا. ئەمەش لە سێ کاتیگۆریدا دەبینێتەوە:
١. فڕێدراوی.
٢. پەیوەندی سروشت وناڕەسەنایەتی.
٣. دینامیکیەتی ئاگایی.
بەڵام یۆناس سەرباری ئەو هەموو لێکچوونە، هێشتا جیاوازی بونیادییانەش لە نێوان گنۆسیس و بوونگەرایی دا دەبینێتەوە. بوونگەرایی جیاواز لە گنۆسیس، ناگەڕێتەوە بۆ پشتخانە ئەفسانەیی ومیتافیزیکییەکەی جیهان، لەکاتێکدا گنۆسیس لەو پشتخانەوە دەردەچێت. بگرە وێناکردنی مرۆڤ لەدەرەوەی ئەو پشتخانە ، شتێکی نەکردەیە. ئەو پشتخانە ئەفسانەییەش بەدوای ئەم پرسیارەوەیە: مرۆڤ چۆن هاتە جیهانەوە و چۆن ڕێی کرد بۆ بوون بە مرۆڤ؟ لە ئەفسانە گنۆستیکییەکەدا، خودا جیهانی ئەفراند و مرۆڤی تووڕدایە ناویەوە و تەنیا لەڕووی ڕۆح وگیانەوە ئەم مرۆڤە پەیوەندی بە خودای کردگارەوە هەیە و هەر لەڕێی ڕۆحیشەوە دەست دەکات بە گەڕان و بەناسین، واتە لە گنۆسیس دا هەقیقەت وا لەناوەوەماندا. هایدێگەر ئەم پشتخانە نەرێ دەکاتەوە و لە هیچ جێیەکدا باسی فڕێدەرەکە ناکات. هایدێگەر بایەخ بە بوونی بناغەییانەی مرۆڤ دەدات، واتە بەرکەوتنی مادییانە و بەرجەستانە و ڕیالیستییانەی مرۆڤ بە ژینگەکەیەوە و ئەم بەرکەوتنەش ناو دەنێت جیهانی مرۆڤ، وە کۆی رەوتەکە ناودەنێت<< جیهاناندن>>ی مرۆیی. کە دیارە لێرەدا جیهاناندن دەبێت پرۆسە و گۆڕانبوونەکانی مرۆڤ لە ناو هەلومەرجەکانی ژیانیدا، واتە جیهانی هایدێگەر جیهانێکی فیزیکی و جیۆگرافی نییە، بەڵکو ڕەوتێکە لە دەستپێکەوە تێدەپەڕێت بەرەو کۆتایییەک کە مەرگە. لێرەوەیە هایدێگەر پێناسەی مرۆڤ وەکو<< ڕێگا>> دەکات. واتە ئەو هاتووە و دەڕوات و دەگەڕێتەوە. لەمەشدا ڕەهەندی << کات>> دەبینین، چونکە وشەی << ڕێگا>> بریتییە لە دەرەنجامێکی گەورەی بەرجەستەکردنی کات، کاتیش لەناو جووڵەی ڕۆشتن وپێچکردنەوە و گەڕانەوەدا دەبزوێت. بۆیە کاتێک هایدێگەر دەڵێت، بوون تەنیا لە ئاسۆی کاتدا تێگەیەنراو دەبێت، لەمەدا هەموو پرسیارە گنۆستیکییەکان دروستی خۆیان ساغ دەکەنەوە، کاتێک دەپرسن: ئێمە کێ بووین و بووین بەکێ؟ ئێمە فڕێدراوینەتە کوێوە؟ ئەی پەلەی کوێمانە؟ ئێمە لەچی ڕزگارمان بوو؟ لەدایکبوون چییە​ ئەی دووبارە لەدایکبوونەوە؟!
لە گنۆسیس دا ئەنتیکۆسمۆس کارایە، چونکە سروشت وەک هۆکاری خراپە دەبینرێت، لەبەرئەوەی سروشت بۆتە مایەی دابڕانی مرۆڤ لە یەزدان، بەڕادەیەک دەگاتە ئەوەی گنۆسیس سروشت بە شەیتان دابنێت، چونکە ئەگەر سروشتی مادی نەبووایە، ئەوا مرۆڤ وەک ڕۆحێک لەتەک کردگارەکەیدا دەمایەوە. لێرەوەیە لەناو گنۆسیس دا ژیانی ڕۆح لە سروشتەوە دەچێتە ناو مێژوو، ناو زەمانێکی بوونئاراییەوە. بەڵام لە دیدی بوونگەریدا، سروشت فاکتەرێکی بێلایەنە و تەنیا وەک سەرچاوەیەک یاخود ئامرازایک بەدەستی مرۆڤەوە، مانای هەیە. لە بوونگەریدا سروشت بە هیچ جۆرێک پەیوەندی بە بوونی مرۆڤەوە نییە، بەڵکو دازاین پتر گیرۆدەی ناو << کاتە>>، کاتێکی دینامیکی و نەسرەوت وبزێو. لەم پنتەوەیە بوونگەری ڕادیکالتر دەردەکەوێت وەک لە گنۆسیس.
هیرۆنیمۆنی بوش؛ حه‌ز و ئاره‌زووه‌كانی سانت ئه‌نتۆنی – ١٥١٣ – مۆزه‌خانه‌ی لیشبۆنه‌
Hieronymus Bosch, The
Temptation of St. Anthony (central panel), ca. 1513, Museu Nacional de Arte Antigua, Lisbon.
لەسەردەمی ئەنتیکدا بیرمەندە گریکەکان تێگەیشتنی پانتاییزمیان داهێنا بوو، کە پێیان وابوو،خودا وجیهان ومرۆڤ، لەناو گەردووندان وهەرسێ ئەم ڕۆحە لە یەکانگیرییەکی ڕەهای گەردوونیدان. گنۆسیس هات وئەم گەشبینییەی ڕاگرت، کە لە هیراکلیتەوە تاوەکو ستۆیکییەکان درێژەی هەبوو. گنۆسیس دیوە تاریکەکەی جیهانی دی وناسی، پێیوابوو بەدکاری و شەیتانیەتی گەردوون دەبێت ببینرێت و بەبێ لەناوبردنی ئەم تاریکاییە مەحاڵە خوایەتی جیهان بدۆزرێتەوە. بۆیە ئەگەر لای پانتایستەکان جیهان شوێن ونیشتمانی ڕۆح بێت، ئەوا لای گنۆستیکەکان جیهان تاراوگەی ڕۆح و شوێنی نامۆبوونی مرۆڤە. بەمەشیان دەووت دژەگەردوونی، ئەنتیکۆسمیزم. هەڵبەتە دەرکەوتنی گنۆسیس وەک هەڵوێستەیکی ڕەخنەیی بەرامبەر بە نوقسانی وکەماسییەکانی دنیا، و بەرامبەر بە غەریببوونی مرۆڤ و یەزدان لەیەکتری و هەوڵدانی بۆ دووبارە ڕوونککردنەوەی، لەخۆیدا هەڵوێستەیەکی شۆڕشگێڕانەیە، لەبەرئەوەی کاتێک ئەو تاریکایی جیهان دەبینێت، کاتێک جیهان وەک زیندانێک و وەک تاراوگە دەبینێت و سروشتیش وەک هێزێکی شەیتانییەت دەبینێت، ئەو ئیتر لێرەدا ڕاناوەستێت، بەڵکو لێرەوە خۆی تەرخان دەکات بۆ ڕووناککردنەوەی، ئەو کە دەبینێت مرۆڤ دابڕێنراوە و بەتەنیا بۆ چارەنووسێکی ئازاراوی بەجێهێڵڕاوە، لێرەدا ئەمە دەکاتە دەستپێکی هەڵبژاردنی شێوازێکی تایبەت بەخۆی لە ژیاندا. هایدێگەریش و هەموو بوونگەراکانی تریش هەروایان کرد، کاتێک هایدێگەر بوونی مرۆڤ دابەش دەکات بۆ بوونی ڕەسەن وبوونی ناڕەسەن، لێرەوە وەرچەرخان دەست پێدەکات، چونکە مرۆڤ هەرکاتێک پەی بەوە برد، ئەو شێوەژیانێکی ناڕەسەن و ناخۆییانە دەژی، ئیتر کار بۆ ئەوە دەکات بگەڕێتەوە لای خۆی و ڕەسەنانە بژی. ئەو کاتەشی خود دەرک بەوە دەکات کە بوونی ئەو بوونە بەرەو مەرگ، لێرەدا هەڵوێستە دەکات لەپێناوی ئەوەی لەسەر ئەم ڕێگایەدا بەرەو کۆتایی، کار بۆ خۆدروستکردن بکات.
بەڕاڤەی سلۆتەردایک لای هایدێگەر کۆنسێپتی <.فڕێدان>> بەرجەستەی بەدیهێنانی پرۆژەیەکی بوونگەرییانەی ئەفرێنەرە، چونکە دوای ئەوەی مرۆڤ فڕێدرایە بوونەوە، ئیتر هەموو ژیانی دەکاتە پرۆژەی <<خۆهەڵگرتنەوە>>. بەپێی بوونگەری مرۆڤ .فڕێدراوەتە جیهانەوە، بەپێی گنۆسیس مرۆڤ نامۆیە لەم جیهانە و ئەم جیهانە نیشتمانی ئەو نییە. لێرەدایە جۆرێک هاوشێوەیی لەنێوان ڕاڤە ئۆنتۆلۆگییەکە وئەفسانە گنۆسیسییەکە دا دەبینرێت. لە گنۆسیس دا هەموو کەس هەڵگری ڕووناکییەکە بۆ ڕۆشنکردنەوەی تاریکستانەکە، ئەو ڕووناکییە پێێ دەگووترێت<< پنۆیما/ڕۆح>>، بۆئەوەشی بگەین بەو ڕووناکییە پێویستمان بە زانین وناسینە، وشەی گنۆسیس خۆی بە گریکی واتە، <<ناسین>> کە لای ئێمە بووە بە عیرفان، کە تەوژمێکە نەک هەر ڕووناکمان دەکاتەوە، بەڵکو دواجار ڕێنماییشمان دەکات بۆ ڕێکردن بەرەو هەقیقەت، کە خودایە. لێرەدایە هەم گنۆسیس وهەم بوونگەری بریتین لە خۆڕاڤەکردن لەپێناوی خۆهەڵگرتنەوە.، هێندە هەیە پرۆژەکەی گنۆسیس مرۆڤ دەگەڕێنێتەوە ناو هەقیقەتێکی خوایی و ئەوەی بوونگەری کە لەماکس شتێرنەرەوە دەست پێدەکات و بە نیتچەدا تێدەپەڕێت تادەگاتە هایدێگەر هەموو هێزێکی خوایی نەرێ دەکەنەوە ومرۆڤ دەبەستنەوە بە شوێنە بناغەییەکەی جیهانەوە کە سەرزەمینە. ..
هیرۆنیمۆس بوش
Christ Before Pilate, ca. 1520,
لەم دیدگایەوە دەبینین بیرکردنەوەی میتافیزیکی کوردی، بریتی بووە لە دەرەنجامی پەی پێبردنی ڕۆحی کوردی بە غیابی خودا لەسەر زەوی، بە نائامادەیی خودا و بە تەنیا جێهێشتنی مرۆڤ لەم سەرزەمینە نادیار و نەناسەدا. لەو ساتەوەی بوون و جیهان بووەتە مایەی تێڕامانکردنی هۆشیاری کوردی، لەو ساتەوە بیری میتافیزیکی کوردی وەک هەڵوێستێکی ڕەخنەیی بەگژی ئەم جیهانەدا سەر هەڵدەدات. لە ئاینزای زەردەشتەوە بەتێپەڕین بەناو ئایینزا گچکە ولاتەریکەکان و تەوژمە عیرفانی وزوهدگەری وسۆفیگەرییەکاندا،، دەگەینە ئەو وێستگەیەی تێیدا میتافیزیکی کوردی وەک بیرکەرەوەیەکی تاقانەی ئەنتیگەردوونی ناو مێژوو تێڕامانی لەگەردوون کردووە. ئەگەر میتافیزیکیش بریتی بێت لە تێڕامانکردن لەو شتانەی لەسەروو دیار و لەسەروو ئارا و لەودیوی ڕیالیتێتەوەن، ئەوا ئەم میتافیزیکە کوردییە بەدرێژایی کاروانەکەی خۆی تێڕامانکردن بووە بۆ بینینی خودا . لێرەوەیە تاقانەترین میتافیزیکی ئێمە میتافیزیکێکە توانای بینینی چاو دەباتە ڕەهەندێکی ئەودیوی شتەکانەوە، بەم پێیە میتافیزیکی کوردی میتائۆپتیکییە، واتە بریتی بووە لە بینینی ئەودیوی شتەکان. ئەودیوی شتەکانیش کاتێک دەبینرێن کە ڕووناکییان بەردەکەوێت، لێرەوەیە مەسەلەی دووانایەتی ڕوناکی وتاریکی لای زەردەشت، هەروەها خۆر وئاگر وەک سەرچاوەی ڕووناکی دواتر دەڕژێتە نێو میستیک وگنۆستیکی ئیشراقییەکانەوە. بەهۆی ئەم ڕووناکییەوە، گنۆستیک پەی بەجیهانێکی تر دەبات کە هاوزای جیهانە ئاراکەیە، لەوێدا دووانەی دیار/نادیار لەدایک دەبن وجیهان خۆی دەکاتە دووانەیەکی بنەڕەتی.. ئیشی میتایفیزیکیش بریتییە لە پەیبردن بەم جیاوازییەی جیهان هەڵیگرتووە و لێوەی جیهان لێکبداتەوە بۆ دووان وزیاتریش. ئەم میتافیزیکە بووەتە کرۆکی ئاین و عیرفانی کوردی، هەر لەڕێێ ئەم میتافیزیکەشەوە ڕۆحی کوردی ڕاڤەی جیهانی کردووە، جگە لە، میتافیزیکە فەرهەنگی کوردی شتێکی تری پێ نەبووە بۆ ڕاڤەکردنی جیهان، بگرە تاوەکو ئەمڕۆش ئێمە خودی ئەم میتافیزیکە جڵەوڕەویمان دەکات. بۆیە بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو پشتخانە میتافیزیکییە، بەهیچ جۆرێک زانینی ترمان بۆ ناسینی وێنەی مرۆڤ لەناو جیهان دا لا دروست نابێت. واتە ئەم میتافیزیکە عیرفانییە تاکە تەکنیکێکی داهێنراوی کوردییە بۆ ناسینی << جیاوازی میتافیزیکی>>یانەی مرۆڤ، هەر لەڕێی ئەم میتافیزیکەشەوەیە ئێمە توانیومانە پرسیارە بوونگەراییەکان بکەین: ئێمە لەکوێوە و چۆن هاتووین و بەرەو کوێ دەچین؟ ئەم پرسیارانە لەناو ئەو ڕووناکییەدا دروست دەبن، کە دیوی ئەودیوی جیهانمان بۆ ڕۆشن دەکاتەوە، لێرەوە میتافیزیکی ئێمە تەنیا بریتییە لە میتابینین. باباتایەر لە شوێنێکدا بەم جۆرە جیاوازی میتافیزیکییانە لەڕێی دەبڵکردنی جیهانەوە دەخاتەڕوو:
ئەو جێیەی دوڕم تێدا بینی، هێشتا زەریا نەبوو، ئەی یار.
ئەو جێیەی ڕۆژم تێدا بینی، هێشتا گێتی نەبوو، ئەی یار
من ئەو ڕۆژەی دەستم گەیشتە دامێنیت،
لەگەردوون دا هێشتا پەڕ و باڵ نەبوو، ئەی یار
ڕەخنە لەم میتافیزیکە کوردییە
جگە لەو شادییە ڕۆحییانەی ئەم میتافیزیکە کوردییە لەگەڵ خۆیدا هێناوێتی، لەهەمانکاتدا هەڵگری بڕێکی گەورەشە لە وەڕسی و دڕدۆنگی. ئەمەش تەنیا لەبەرئەوەی بەدرێژایی ئەو مێژووە ئەم میتافیزیکە کاری بۆ هەڵفریواندنی مرۆڤی کوردی کردووە لە جیهان و تائێستا هیچ منیتافیزیکێکی تر لێوەی سەری هەڵنەداوە بۆ تێپەڕاندنی، میتافیزیکێک کە مرۆڤ بکاتەوە بە هۆگری جیهان و وای لێ بکات مرۆڤ وەک مرۆڤێکی بەرچاوی سەرزەمینییانە ببینێت و گرێی نەداتەوە بە کردگارێکی نادیارەوە. لەخۆرئاوادا ئەو قڵپکردنەوەیە ڕوویدا،بیرۆکەی ماتەریالیازمی مێژوویی مارکس وهەڵگەڕاندنەوەی بەهاکانی نیتچە و ئۆنتۆلۆژیای بناغەییانەی هایدێگەر و هەروەها ڕێنیسان و ڕۆشنگەری، هەموو پێکڕا کۆتاییان بەو میتافیزیکە تیۆلۆگییە هێنا و ئاسۆی جیهانێکی نوێیان بۆ مرۆڤ و شێوازی لەناو جیهانبوونداکەی واڵا کردەوە. هەژاری جیهانی ئێمە لەبەردەم تێگەیشتن لە جیهان، گرێدراوی دەرنەکەوتنی ڕۆحێکی تاقانەی لەو جۆرەیە کە پەنجەرەیەکی تر بۆ جیهان بکاتەوە وڕێگایەکی تر بۆ چوونە نێو جیهانەوە لێ بدات. وەک چۆن ڕۆحی کوردی لە سەردەمی زەردەشت و سورەوەردی و شارەزووری و سۆفی وزاهید و عارفەکاندا بریتی بووە لە شانۆی نمایشکردنی نائاسوودەیی بەجیهان و گنۆستیکی داهێنا وەکو مەشقێکی ڕەخنەیی لە کەماسییەکانی جیهان و لە بیواربوونی یەزدان، ئاواش دوای تێپەڕینی سەدەها ساڵ بەسەر ئەو میتافیزیکەدا ئیتر کاتی ئەوە هاتووە، ئەوە تێبپەڕێنرێت.
 تابلۆکان لەلایەن کولتور مەگەزینەوە دانراوە: هیرۆنیمۆس بووش  –  Hieronymus Bosch 1450 ß 1516 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و شێوازی نوسین و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌