من وای دەبینم خوێندنەوە هەر بۆ بەدەستهێنانی زانیاری نییە . خوێندنەوە هەر فرێدانی کتێب لە دوای کتێب نییە . کتێب هەیە بە درێژایی تەمەن لەگەڵ ئینسان دەمێنێتەوە . کتێب بە بچکۆلەیی و گەورەیی نییە و بەوەش نییە لە چ بوارێک دا دەخوێنیتەوە.
کەسانێک هەن تەنیا ناوهێنانی ووشەگەلی وەکو ( من فەلسەفە دەخوێنمەوە، من ڕۆمان نەبێ نایخوێنمەوە، حەزم لە نوسەری ئەوروپییە … نوسەری ڕۆژهەڵاتی دەقی گەورەیان بەرهەم نەهێناوە و هتد) لە دەمیان دەوەرێ و کەچی تەنیا بەرگی کتێب دەخوێننەوە .
لە ئەزموونی خوێندنەوەوە ئەگەر تۆ میهرەبان نەبوویت ئەوا بزانە هەڵەیێک لە شوێنێک دا هەیە.
مرۆڤی میهرەبان کەسێکە ڕۆحی گەورە و لێوانلێوە لە خۆشەویستی . ئەو مرۆڤە هەموو خەڵکانی دی وەکو خوشک و برای خۆی خۆشدەوێت . جیاوازی کچەکەی خۆی و کچێکی سەر شەقام کە تەنیا ڕێکەوت کۆیان دەکاتەوە، ناکات . کاتێک لەگەڵ خەڵکان دەدوێ شیرین دەدوێ و ئامادەیی گوێگرتنی لە قسەکردن زیاترە . پڕە لە تەماشا و هێمنی و لێخوردبوونەوە .
مرۆڤی میهرەبان هەمیشە یەک جۆر ڕەفتار دەنوێنێ و هەرگیز و لە هیچ شوێنێک نابێ بە گورگ . دوژمنەکەی بەر لە دۆستەکەی دەبەخشێ . لە دونیای ئێمە ئەو کەسە میهرەبانانە ناڵێم نین بەڵام زۆر دانسقە و کەمن . پرۆسەی خوێندنەوە لە شارێکا بە پڕی هۆڵەکانی شانۆ و فرۆشتنی ژمارەی کتێبی زۆر و هتد، ناپێورێت بەڵکو بەو شارانەی کە پڕن لە مرۆڤانی میهرەبان . تەنیا جارێک لەخۆت ڕابمێنە و لەخۆت بپرسە ئایا کتێب ئەو گۆڕانکارییانەی تیا ڕواندوییت ؟ ئەگەر نا هەڵەیەک هەیە هەوڵ بدە بەدووی بگەڕێی…

ڕێنوس و خاڵبهندی تایبهته به نوسهر خۆی