Foto: Malle Madsen
Foto: Malle Madsen

زمانی شیعری سەتەلایتی


Last updated:

Loading

زمانی سەتەلایتی: زمانێکە بە ئاڕاستەی ئەوەی «ئەوی دیکە» دەیەوێت، نەک ئەوەی کە خۆت بتەوێت بیڵێیت. زمانێکە جیهانی بەرژەوەندی هەڵیدەسووڕێنێت، نەک زمانێک بێت لەنێو زماندا کە جیهان بسووڕێنێت و بیگۆڕێت بۆ سەر ئەوەی کە خۆی لە ناخەوە دەیەوێت جیهان بگۆڕێت. گۆڕینی جیهان لە ڕێی زمانی شیعریشەوە، تەنیا گۆڕینی دنیایە بە ناوەوەت نەک دەرەوە. زمانی سەتەلایتی، ئاماژەیەکە بۆ جیاوازییەکی گرنگ لە نێوان زمانێک کە تەنیا ڕەنگدانەوەیە بۆ بیرکردنەوەی دیکە و زمانێکیش کە بە خۆیەوە شێوەگرە بۆ بیرکردنەوە. ئەم زمانە نەک تەنیا ئامێرێکی گەیاندنە، بەڵکوو کاریگەری لەسەر چۆنیەتی بیرکردنەوەش هەیە، بۆ شوێنێکی دیکەی بیرکردنەوە کە «بیرکردنەوەی خۆیی» نییە؛ بەڵکوو -ناچارکردنە بە بیرکردنەوەیەکی لاستیکی، لەسەر سێڵەیەکی سەتەلایتی-، بەو شێوەیەی -ئەوی دیکە- دەیسووڕێنێت. یانی پێشوەختە کەناڵەکانی ئەم جۆرە زمانە، ڕیز کراوە و بیری لێکراوەتەوە و تەنیا گۆڕینیەتی بۆ نێو شیعر. زمانێکی ئیشپێکراوە و ئیشی پێ دەکرێتەوە. ئەم زمانە، جیایە لە پڕۆژە و مانیفێست کە شاعیر لەسەر بەیاننامەکە نەخشەڕێی شیعری خۆی دیاری دەکات و بیری لێ دەکاتەوە کە بەو کارانە زمان و شیعر بگەیەنێت بە شوێنێکی دیکەی شیعر. لە زمانی سەتەلایتیدا، شیعر نەخشەڕێژی ئایدۆلۆژی و بەرژەوەندیخوازی کەسیی کۆمەڵایەتی و سیاسییە.

زمانی شیعری سەتەلایتی: زمانێکە کە خزمەتی ئامانجگەلێکی دەرەکی دەکات. ئاڕاستەکە بەرەو ئەوەیە کە شاعیر دەیەوێت وەک -ئەوی دیکە- بیڵێت، نەک بەرەو خۆی و وەک ئامرازێک بە کاری بێنێت بۆ گەیاندنی پەیامێکی دیاریکراو. زمانێکە لە دەوری جیهانی بەرژەوەندیدا هەڵدەسووڕێت. زمانێک نییە کە بە خۆیەوە جیهانێک درووست بکات و بیگۆڕێت بۆ شوێنێکی دیکە کە خۆی لەو جیهانەدا بێت. زمانی سەتەلایتی لە شیعردا، نیشانەی قەیرانێکی قووڵترە لە پەیوەندی نێوان هونەر و دەسەڵات. کاتێک شیعر ڕووی ڕاستەقینەی خۆی وەردەگیڕێت وەک بوارێک بۆ داهێنان و دۆزینەوە، نەک تەنیا خۆی زیان دەبینێت، بەڵکوو کۆمەڵگاش لە دەرفەتی بەهرەمەندبوون لە هێزی گۆڕەری زمان بێبەش دەبێت. بۆیە گەڕانەوە بۆ زمانی ڕاستەقینەی شیعری، نەک تەنیا پێداویستییەکی هونەرییە، بەڵکوو پێداویستییەکی کۆمەڵایەتی و مرۆییشه. 

دەتوانم بڵێم ئەم زمانە، جۆرە شێوەیەکی وەرگرتووە کە لە شیعردا دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و هونەرییە کە تێیدا زمانی شاعیر لە خزمەتی هێزێکی دەرەکیدا دەبێت، وازی لە سەربەخۆیی و داهێنەرییە ڕەسەنەکەی خۆی هێناوە. ئەم زمانە بە شێوەیەکی سیستەمی بە دەوری خۆیدا دەسووڕێتەوە، ئەوەی کە -ئەوی دیکە- دەیەوێت، بێ ئەوەی گۆڕانکارییەکی بنیادی لە پێکهاتەی بیرکردنەوە یان بینینی جیهاندا بکات.

زمانی سەتەلایتی، هەمیشە لە خزمەتی ئایدۆلۆژیایەک، سیستەمێک، یان داخوازییەکی دەرەکیدایە. شاعیر وەک «نووسەرێکی بەکرێگیراو» مامەڵە دەکات کە ئەرکی گەیاندنی پەیامی ئامادەکراوی هەیە. لەم حاڵەتەدا، زمان دەبێتە ئامرازێکی ڕاگەیاندن، نەک ئامرازێکی دۆزینەوە و داهێنان. لە کاتێکدا، زمانی ڕاستەقینەی شیعری، دەتوانێت جیهانی نوێ درووست بکات و ڕەوشی بیرکردنەوەمان بگۆڕێت. زمانی شیعری جیهانی، ئامادەکراو نییە، بەڵکوو شاعیر هەمیشە لە هەوڵدایە بگاتە شیعری نەمری؛ چونکە هەموو شیعرێکی جیهانی، ناوەرۆکێکی نەمری لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە. هیچ شاعیرێک نازانێت لە پڕۆسەی نووسیندا ئاخۆ یەکسەر دەگاتە شیعری جیهانی و نەمری. ئەگەر بیزانیبایە، ڕاستەوخۆ نەمرییەکانی تۆمار دەکردن؛ بەڵام شاعیر هەیە هەمیشە بە لێواری جیهانیدا دەڕوات و بیری لێ دەکاتەوە و [زمان و خەیاڵ و بیر] لە بەرچاو دەگرێت. بۆیە زمانی سەتەلایتی تەنیا ڕەنگدانەوەیەکی لاوازە بۆ بیرۆکەی پێشوەختەی دیاریکراو. ئەم زمانە ناتوانێت ڕووداوی زمانی پێک بهێنێت، چونکە خۆی شێوەگرتووی زمانی ڕووداوی ئاڕاستەکراوە. ئەو ڕووداوەی کە تێیدا زمان خۆی دەبێتە بوونێک و کەتواری نوێی لە بیر دەچێت و ئەزموونی وەرگرتنی شیعری سنووردار دەکات. خوێنەر لەجیاتی ئەوەی ڕووبەڕووی زمانێکی زیندوو و گۆڕەر ببێتەوە، تەنیا وەرگری پەیامێکی ئامادەکراوە. ئەمە واتای ئەوەیە کە شیعر دەبێتە ڕێگایەکی یەکلایەنە بۆ گەیاندن، نەک پردێک بۆ دیالۆگ و داهێنانی هاوبەش. دەبێت لەوەش بە ئاگا بین کە زمانی شیعری سەتەلایتی، شیعریش وەک هونەر لەنێو دەبات. شیعر لەجیاتی ئەوەی بوارێک بێت بۆ گەڕان و دۆزینەوەی مانا، دەبێتە ئامرازێک بۆ پاتکردنەوەی مانای پێشوەختەی دیاریکراوی ئاڕاستەکراو. ئەمەش ڕێگە لە پەرەسەندنی زمانی شیعری وەک هێزێکی نوێکەرەوە دەگرێت.

دەبینین کە ئەم جۆرە زمانە، لایەنە فرەییەکان لە درووستکردنی مانادا سنووردار دەکات. لەجیاتی ئەوەی هەر کەسێک بتوانێت لە ڕێگەی شیعرەوە ئەزموونی تایبەتی خۆی دەرببڕێت، یان خاوەن پڕۆژە و مانیفێستی سەربەخۆیی خۆی بێت و لەنێو شیعردا بیر بکاتەوە، تەنیا دەنگی ئەو کەسانە دەبیستێت کە لەگەڵ دەسەڵاتی حاکمدا ڕێک دەکەون. لێرەوە تێدەگەین کە شاعیر خزمەتکاری زمانە، یان زمان خزمەتکاری شاعیرە؟ ئایا شیعر ئامرازە بۆ گەیاندنی پەیام، یان بۆشاییەکی پیرۆزە بۆ درووستبوونی واتا؟ بۆیە زمانی سەتەلایتی وەک جۆرێک لە زمانێکی کۆیلایەتییە و کەتواری نوێی لە بیر دەچێت و هەر جارە شتێکی ئامادەکراو پێک دەهێنێت.

ئابی ٢٠٢٥

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین