Whisper into My Good Ear

به‌ گوێ ساغه‌که‌مدا بچرپێنه‌


Loading

دیمه‌ن: نزیک قه‌راغی ده‌ریاچه‌یه‌که ‌له‌ باخچه‌یه‌کی گشتی.

کات: زستانه‌.

چارلی پیره‌مێرد له‌سه‌ر گاشه‌به‌ردێکی ژێر دره‌ختێک دا‌نیشتووه ‌و قنگه ‌جگه‌ره‌یه‌کی دانەگیرساوی به‌ده‌مه‌وه‌یه‌ و ملپێچێکی له‌ملدایه‌. کڵاو و پاڵتۆی له‌به‌ردا نییه‌، وا دیاره ‌گوێ به ‌سەرما نەدات، ڕۆژنامه‌یه‌کی پێچراوه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌. له‌وه ‌ده‌چێ بێ له ‌چاوه‌ڕوانی شتێکی تر نەکات. هێمنه‌ و نیگای چاوه‌کانی له‌سه‌ر هیچ نییه‌. ماکسی پیره‌مێرد، ده‌رده‌که‌وێت و له‌لایه‌وه ‌دائه‌نیشێت. جلوبه‌رگه‌کانی ناچیزه‌ن. به‌پێچه‌وانه‌ی چارلییه‌وه‌ ئه‌م پاڵتۆ و کڵاوی له‌سه‌ردایه‌. ‌به‌ شێوازێکی ئه‌ورووپی په‌ڕپووت ئه‌دوێ. چارلی به‌بێده‌نگی چه‌ند جارێک ئاوڕده‌داته‌وه‌. ماوه‌یه‌ک بێده‌نگی به‌رده‌وام ده‌بێت.

چارلی: هێنات؟

ماکس: به‌ڵێ.

Whisper into My Good Ear

چارلی: پێم وابوو که ‌نەیه‌یت.

ماکس: بۆ؟

چارلی: ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم ئه‌و پیاوه‌ ‌نیت که‌ جێی متمانه ‌بیت.

ماکس: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌بیرم نه‌چوو.

چارلی: کام په‌ڕه‌یه ‌له‌وه ‌ئه‌دوێ؟

         (ڕۆژنامه‌که ‌به‌رامبه‌ر ماکس ڕائه‌گرێ که خه‌ریکی گڕدانی‌ سه‌بیله‌که‌یه‌تی‌)

ماکس: (ده‌یخوێنێته‌وه‌) بڕوانه‌ لاپه‌ڕه‌ی چواردەهەم ‌دێڕی سێهه‌م.

چارلی: جوان دیار نییه.

‌(دوای ئه‌م دیوو و ئه‌ودیووکردنی ڕۆژنامەکە لاپه‌ڕه‌که دەدۆزێتەوە و بۆ چه‌ند ساتێ به‌دیقه‌تەوە لێی ورد ده‌بێته‌وه‌. ده‌یپێچێته‌وه ‌و ده‌یخاته‌وه‌ گیرفانی) به ‌که‌ڵکی خوێندنه‌وه ‌نایه‌ت بم ده‌ره‌وه‌؟

ماکس: چۆن؟

چارلی: ده‌ته‌وێ بڵێی چی؟

ماکس: (پیای ده‌کێشێ) ئه‌وه‌تانێ. نه‌م ده‌ویست ئه‌وه‌نده‌ چاوه‌ڕوانیم بکه‌ی.

چارلی: خۆشم دوا که‌وتم. ئه‌و کاته‌ی که‌ له ‌ئوتێله‌که‌ هاتمه‌ ده‌ره‌وه ‌ته‌له‌فۆنێکیان بۆ کردم، کوڕێک بوو ده‌ی ویست سه‌رجه‌م دائیره‌تولمه‌عاریفی به‌ریتانییه‌کانیم پێبفرۆشێ. باوه‌ڕ ئه‌که‌یت؟ ناوه‌که‌ت له‌ ڕابه‌ری ته‌له‌فۆندا ئه‌دۆزنه‌وه‌، یاوەخوود له ‌هه‌ر شوێنێکی تردا بێت. پێم گووت، کوڕی خۆم له‌ ته‌مه‌نی مندا بیت، هیچ شتـێک ناکڕیت به‌ڵکو واز له‌ هەموو شتـێک ده‌هێنی.

ماکس: سه‌رێکم له‌ جاکۆدا. ئه‌وه ‌دوایخستم.

چارلی: ئه‌و گه‌ڕیده‌یه‌. پێم بڵێ ماکس، له‌وێ چی ڕوو ده‌دات؟

ماکس: (ته‌ماشای ئه‌و جێگایه ‌ده‌کات که ‌چارلی ئاماژه‌ی بۆ ده‌کات) کچ و کوڕێکی لاون.

چارلی: ڕاکشاون؟

ماکس: به‌ڵێ.

چارلی: له‌ خه‌ڵک ده‌چوون، چاره‌کێک ئه‌بێ سه‌رنجـیان ئه‌ده‌م لە شوێنی نه‌دەجووڵانەوە. ده‌بێ خەریکی چی بن؟

ماکس: هیچ، هه‌ر ڕاکشاون. له ‌باوه‌شی یه‌کتردان.

چارلی: له‌م سه‌رمایه‌دا ڕاکشابن تووشی نه‌خۆشی سیل ده‌بن.

ماکس: نا، پێم وا نیــیه‌.

چارلی: له‌وه‌ زیاتریان لێچاوه‌ڕێ ناکه‌م.

ماکس: له‌م چله‌ی زستانه‌دا کوڕ و کچێکی لاو له‌ناو گیادا ڕاکشابن و یه‌کتریان تووند له‌ ئامێز گرتبێ تووشی نه‌خۆشی سیل نابن، ئه‌وە ‌یاسایە.

چارلی: جاکۆ، چی به‌سه‌ر هات؟ به‌که‌فاله‌ت ئازاد ‌بوو؟

ماکس: نه‌خێر. لێی خۆش بوون. کابراکه‌ هیچ داوایێکی لێی نەبوو.

چارلی: چاوت له‌و به‌خته ‌بێ. جاکۆ چه‌ند ‌گه‌مژه‌یه ‌ئه‌وه‌نده‌ش به‌ختی هه‌یه‌.

ماکس: ده‌ی ویست پێنج دۆلارم به‌ قه‌رز لێـوه‌ربگرێ.

چارلی: تۆش پێت نه‌دا. وا نییە‌؟

ماکس: به‌ڵێ.

چارلی: ئیتر چاوت پێی ناکه‌وێته‌وه‌.

ماکس: به‌ڵێ، بێگومان‌.

(بێده‌نگی. چارلی بیر ده‌کاته‌وه‌)

چارلی: ئەها، به‌ڵێ… به‌ڵێ. ده‌زانم چی ده‌ڵێی.

ماکس: له‌به‌رچی نه‌یده‌مێ؟

چارلی: به‌ڵێ بۆ نا؟ خۆ هیچ شتێکت پێ نه‌گوتووه‌. وا نییه‌؟

ماکس: ده‌رباره‌ی چی؟

چارلی: ده‌رباره‌ی ئه‌و نهێنییەی خۆم و خۆت.

ماکس: ئۆه، نه‌خێر. کاتێ ‌به‌جێم هێشت ته‌وقه‌شم له‌گه‌ڵا کرد. ئه‌وه‌ی زۆر به‌لاوه ‌سه‌یر بوو.

چارلی: گره‌و ئه‌که‌م ئه‌و دواین پیاوه‌ی ته‌وقه‌ی له‌گه‌ڵا کرد، هه‌ر ئه‌و پیاوه‌ش بووه‌ که هەوڵی داوە جزدانه‌که‌ی لێـبدزێ.

ماکس: ئه‌وه‌ باش بوو، خۆ نابێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بخرێته‌ زیندان.

چارلی: ده‌بوو زیندانی بکرایه‌.

ماکس: ئه‌گه‌ر تۆ ئه‌و پیاوه ‌بویتایه ‌وازت لێ نه‌ده‌هێنا بڕوات؟

چارلی: ڕاسته‌. بە هیچ جۆرێک نه‌م ده‌هێشت بڕوات.

ماکس: برسی بوو.

چارلی: ماکس تۆ قه‌ت برسیت بووه؟

ماکس: هه‌ندێک جار.

چارلی: گیرفانی هیچ که‌سێکت بڕیوه؟

ماکس: نه‌خێر.

چارلی: ئه‌وه ‌خۆت دانت پێدا نا.

ماکس: ئاخر خۆ هه‌موو خەڵکەکان وه‌کو یه‌ک نین‌.

چارلی: ته‌ماشاکه. هه‌ندێک شتی وا هەن بۆ ‌خۆت نایان که‌یت، کێشه‌یه‌ک نییه‌ ئه‌و شته‌ هەرچییەک بێ‌. با ئه‌وه‌ش بڵێم له‌وه ‌ئاسانتر نییه ‌گیرفانی که‌سێک ببریت. به‌ڵام ئه‌و گه‌مژه‌یه‌ بڕیاری دابوو ڕۆژێ لە ڕۆژان گیرفانبڕ بێ. مه‌سه‌له‌که هه‌ر ئه‌وه ‌نییه ‌بڕیاری دزینی گیرفانی که‌سێک بده‌ی به‌ڵکو ئه‌وه ‌مه‌شق و لێهاتوویی ده‌وێ.

ماکس: به‌ڵام به‌ چ ڕێگایه‌کی تر مرۆڤ ئه‌توانێ له‌سه‌ر ئه‌وه ‌ڕابێت؟

چارلی: به‌ڵێ. باشه.

ماکس: له‌وانه‌یه ‌تۆ ڕاست بکه‌یت. دوور نییە ‌سه‌ری به‌هۆی لێدانه‌که‌وه ‌شکابێت.

چارلی: وایه‌. زۆرانبازێکی به‌زیوه‌. هه‌موویان بۆکسیان به‌رده‌که‌وێ. تۆ ته‌ماشای ده‌موچاوی بکه ‌له‌وه ‌ده‌چێت له ‌هه‌موو شتێکی دابێ ته‌نها ستوونی یاریگاکه‌ نه‌بێت، ڕه‌نگه ‌له ‌ستوونه‌که‌شی دابێ.

ماکس: ئەگه‌ر من بوومایه ‌لێی ده‌گه‌ڕام بڕوات.

چارلی: ئه‌وه‌یان گرفتی تۆیه‌، ماکس. خاوه‌نی دڵێکی باشیت. ئه‌و له‌ کوێ تۆ ئه‌بینێت؟ بێ “ی بده ههیچت

ماکس: پێم وایه‌‌ لێره.

چارلی: وایه.

ماکس: به‌ڵام خۆ تۆش لێره‌یت.

         (بێده‌نگی)

چارلی: ئه‌زانی چی قەڵسم ده‌کات؟

ماکس: چی؟

چارلی: ئه‌و دره‌خته‌.

ماکس: بۆچی؟

چارلی: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌لایه‌نی که‌مه‌وه ‌سه‌دساڵ ده‌بێ لێره‌دایه. له‌وانه‌یه ‌بۆ سه‌د ساڵی تری له‌مه‌ودواش هه‌ر لێره‌ بێت.

ماکس: وایه‌.

چارلی: که‌واته‌ بۆچی ئه‌م دره‌خته ‌هیچوپووچه ‌زیاتر لە مرۆڤ دانبه‌خۆی دا ده‌گرێت؟ چی دەکات؟ هیچ. ته‌نیا ئه‌وەندەیە لێره‌دا چه‌قێنراوه ‌و گه‌شه ‌ده‌کات. ماکس ناتوانم بڵێم چه‌ندم ڕق لەم دره‌خته‌ ده‌بێته‌وه‌. ئەبینی چەند که‌رێتییه‌. به‌ڕاستی هێناوته؟

ماکس: ئاگادارم کردی.

چارلی: با بیبینم.

ماکس: باوه‌ڕم پێ ناکه‌ی.

چارلی: باوه‌ڕت پێ ده‌که‌م. به‌ڵام حه‌ز ده‌که‌م بۆ خۆم چاوم پێی بکه‌وێت.

(ماکس گیرفانی پاڵتۆکه‌ی ده‌گه‌ڕێ و ده‌مانچه‌یه‌ک ده‌رده‌هێنێ. چارلی سه‌یری ده‌کات) زۆر باشه. (ماکس ده‌مانچه‌که‌ ده‌خاته‌وە گیرفانی) ماکس…

ماکس: به‌ڵێ.

چارلی: پێم خۆش نییە ‌مناڵه‌کانت نامه‌یان بۆ نه‌ناردوویت داوات لێبکه‌ن بڕۆی له‌گه‌ڵیان له ‌فلۆریدا بژیت.

ماکس: ئه‌وه ‌گرنگ نییه‌.

چارلی: مناڵان هه‌موویان وه‌کو یه‌ک وان. ئه‌وانه ‌کاتێ گه‌وره‌ده‌بن، تۆیان له‌ بیر ده‌چێته‌وه‌ و ئاگایان لێت نامێنێت. له‌وانه‌یه‌ فلۆریدات به‌دڵ بێ.

ماکس: شوێنه ‌گه‌رمه‌کانم به‌لاوه ‌خۆشه.

چارلی: ئه‌و کاته‌ی له‌گه‌ڵ مارگرێتا مانگی هه‌نگوینیمان به‌سه‌ر برد له‌وێ بووین.

ماکس: به‌ڕاست‌.

چارلی: به‌ڵێ.

ماکس: تا ئیستا باسی ئه‌وه‌ت نه‌کردووه‌.

چارلی: ژیانی فلۆریدات به‌لاوه ‌خۆشده‌بێ.

ماکس: به‌ڵێ من حه‌زم له ‌شوێنه ‌گه‌رمه‌کانه.

چارلی: ماکس بیر له‌چی ده‌که‌یته‌وه‌؟

ماکس: بیر له ‌باوکم ده‌که‌مه‌وه ‌که ‌مناڵبووم زۆرم خۆشده‌ویست.

چارلی: کاتێک ‌ته‌مه‌نم هه‌ژده ‌ساڵان بوو ئه‌و پیره‌مێرده‌ی باوکم جارێک کێشای به‌ده‌مما. که ‌مناڵبووم هه‌موو جارێک وای ده‌کرد. تا منداڵیت ئه‌وه‌ت به‌لاوه ‌ناخۆش نییه‌ به‌ڵام که‌ گه‌وره ‌دەبیت مه‌سه‌له‌که جۆرێکی تره‌ چونکه ‌پێت خۆشه ‌لێی هه‌ڵگه‌ڕێیته‌وه. ده‌زانیت مه‌به‌ستم چییه‌؟ له‌بیرمه ‌هه‌تا ئه‌و ڕۆژه‌ی که‌ ‌مردیش ده‌م ویست لێی هه‌ڵ بگه‌ڕێمه‌وه. باوکت لێی نه‌داوی؟

ماکس: گوێیه‌کی که‌ڕ بوو.

چارلی: کافر ئه‌وه‌ چ په‌یوه‌ندییه‌کی به ‌باسه‌که‌مانه‌وه ‌هه‌یه‌؟

ماکس: ئه‌ها؟ ئۆو هیچ هیچ. شتێکی خۆمم بیرکه‌وته‌وه‌.

چارلی: گوێت له‌ هیچ قسه‌یه‌ک بوو له‌و قسانه‌ی که‌ من کردم؟

ماکس: به‌ڵی گوێم لێ بوو.

چارلی: هه‌ندێک جار وا هه‌ست ده‌که‌م قسه ‌بۆ به‌رد ئه‌که‌م.

ماکس: جا به‌رد وه‌ڵامت ده‌داته‌وه‌؟

چارلی: هه‌ندێک جار ده‌ڵێم. هەندێک جار هه‌ر وه‌کوو تۆزێ له‌مه‌و پێشی تۆ.

ماکس: گوتت حه‌زت ده‌کرد جارێک له ‌باوکت هه‌ڵ بگه‌ڕێیته‌وه ‌و نه‌توێراوه‌، ئیتر له‌و کاته‌وه ‌هەست به ‌دڵگرانی ده‌که‌ی. باسی ئه‌وه‌ت نه‌ئه‌کرد؟

چارلی: تۆزێ که‌م و زیادی هه‌بوو.

ماکس: چارلی؟

چارلی: چی؟

ماکس: وای دابنێ ئه‌و جاره ‌لێی هه‌ڵگه‌ڕایته‌وه‌، ئه‌ی ئه‌و لێی نه‌ئه‌‌دایته‌وه‌؟

چارلی: له‌وانه‌یه‌.

ماکس: دوای ئه‌وه ‌چی ڕووی ئه‌دا؟

چارلی: ده‌م کووشت.

ماکس: ئه‌ی که‌واته ‌به‌و شێوه‌یه ‌ناڕوانیته ‌مه‌سه‌له‌که ‌ئه‌و جاره‌ی که‌ په‌لاماری باوکت نه‌داوه‌ته‌وه ‌ژیانی باوکت کڕیوه‌ته‌وه.

چارلی: هەندێک جار تۆ ڕه‌فتاری سه‌یر ده‌نوێنی؟

ماکس: ڕه‌فتاری چی؟ (زه‌رده‌خه‌نه‌)

چارلی: خۆت ده‌زانی، ئه‌و گرفته‌م له‌گه‌ڵ تۆدا هه‌یه‌ ماکس. تا ئێستاش نازانم که‌ی گاڵته‌ ده‌که‌یت و که‌ی شته‌کان به ‌گرنگ وه‌رده‌گریت؟

ماکس: ئه‌وه‌ زۆر جار له‌ ژیانما ‌لوتمی له‌ مسته‌کۆڵه‌ پاراستووه.

چارلی: به‌ڵام من هه‌رگیز تووشی شتی وا نه‌بووم. هه‌میشه ‌بەگرنگییه‌وه ده‌ڕوانمه ‌ژیان. ناشبێت ئه‌و زاراوانه‌ به‌کاربهێنم.

ماکس: (شانه‌کانی ده‌جوڵێنێ) بۆچی نا؟

چارلی: به‌هه‌رحاڵ ئه‌وه ‌بیری کاممان بوو. هی من بوو یان هی تۆ.

ماکس: له ‌یادم نییه‌. ئه‌وه ‌گرنگه‌.

تسارلی: ته‌نها پرسیارێ بوو هیچی تر. که‌واته ‌باوکت گوێیه‌کی گرانـبوو.

ماکس: له ‌هه‌وه‌ڵه‌وه ‌گوێیه‌کی گران بوو. دوای ئه‌وه‌ گوێکه‌ی تریشی له ‌که‌ڵک که‌وت. من ئه‌و کاته ‌زۆر مناڵـبووم.

چارلی: ئه‌و شوێنه‌ی لێوه‌ی هاتووی له‌ کوێ ده‌چێ؟

ماکس: وه‌ک هه‌ر شوێنێکی تر وایه.

چارلی: وا ئه‌زانم بیری تۆ بوو.

ماکس: چی؟

چارلی: وا ئه‌زانم بیری تۆ بوو. گوتت ڕۆژانه‌ چۆن لێره‌دا دانیشین گه‌ر بمانه‌وێ. گه‌ر بمانه‌وێ.

ماکس: ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ له‌ ژیانماندا بیر له‌ هه‌ر شتێکی باش بکه‌ینه‌وه ‌ده‌بێ ئاوڕ له‌ ڕابردوو بدەینه‌وه‌.

چارلی: وایه‌

ماکس: ده‌توانین چی به ‌بیری خۆماندا بهێنینه‌وه‌ نه‌ک چی پێشبینی ده‌که‌ین.

چارلی: به‌ڵێ وات گووت.

ماکس: ئه‌وه ‌که‌ی گرنگه‌ بیری کاممانه ‌مادامه‌کێ ئێمه ‌یه‌کگرتووین. تۆش گوتت ماکس به‌و شێوەیه‌ مه‌دوێ.

چارلی: به‌ڵێ ئه‌وه‌م گووت باشه‌.

ماکس: گوتت له‌به‌رئه‌وه‌ی تۆش بیرت لە ‌هه‌مان شت ده‌کرده‌وه.

چارلی: (ده‌پرخێنێ) تۆ زۆر بلیمه‌تی. وا نییه ‌ماکس؟ تۆ هه‌موو وشه‌کان ده‌زانیت.

ماکس: کام وشانه‌؟

چارلی: باشه‌. من زۆر جار ده‌زانم چی له ‌مێشکمدایه ‌به‌ڵام که‌سێک پرسیارێکم لێده‌کات نازانم وه‌ڵامی بده‌مه‌وه‌.

       ئه‌وه ‌بلیمه‌تییه‌ زۆر وشە ‌بزانیت.

ماکس:ئه‌گه‌ر بلیمه‌ت بوومایه‌ له ‌پیره‌مێردێ زیاتر ده‌بووم له‌سه‌ر به‌ردێک دابنیشێ.

چارلی: چی؟

ماکس:چی؟ مەبەستت چیە؟

چارلی: ده‌ته‌وێ له‌پیره‌مێردێک زیاتر چی بی که ‌له‌سه‌ر به‌ردێک دابنیشێ؟

(بێده‌نگی. ماکس بیر ده‌کاته‌وه‌)

ماکس: گه‌نجێک له‌سه‌ر به‌ردێک دابنیشێ.

چارلی: ئه‌وه ‌ده‌ستت کرده‌وه‌ به‌ گاڵته‌کردنه‌که‌ی خۆت. من به‌ڕاستیمه.‌

ماکس: ئه‌م جاره ‌گاڵته ‌ناکه‌م.

چارلی: ده‌زانی حه‌زم ده‌کرد چی بوومایه‌؟

ماکس: چی؟

چارلی: پیاوێکی پیر له‌سه‌ر به‌ردێک دابنیشێت و شوێنێکی تریشی هه‌بێ بۆی بچێ.

ماکس: زۆر شوێنێ تریش هه‌ن ده‌توانی بۆیان بچی ئه‌گه‌ر بته‌وێ.

چارلی: به‌ڵێ. ئه‌وه‌ی که ‌مه‌به‌ستمه ‌گرنگ نییه‌ لێره ‌بیت یان بڕۆی بۆ ئه‌وێ. وای دابنێ هه‌ر ئێستاکه ‌ده‌ڕۆین بۆ ئوتێله‌که‌. هه‌موو پیاوه‌کان له‌ ڕاڕەوه‌که‌‌ دانیشتوون و ته‌نانه‌ت چاویشیان بەرز ناکه‌نه‌وه‌. وای دابنێ چووین بۆ جێگه‌یه‌کی تر. کاتێک‌ دەگەینه ‌ئه‌وێ کێ پێمان ده‌ڵێ به‌خێربێن؟

ماکس: وای دابنێ من ئێستاکه ‌ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ ئوتێله‌که ‌و هه‌ر کاتێک ‌تۆ هاتیته ‌ژووره‌وه من ‌پێت ده‌ڵێم به‌خێربێیت.

چارلی: تۆ زۆر خۆشی ماکس.

ماکس: پاره‌ت قه‌رزار نیم؟

چارلی: با گه‌ڕۆک سێ دۆلارم قه‌رزاری.

(ماکس کیسه‌که‌ی ده‌رده‌هێنێت و سێ دۆلار ده‌ژمێرێت و ده‌یدات به‌ چارلی که ‌به‌باشی چاوی لێی نییه‌. ماکس به ‌قۆڵیدا ده‌کێشێ)

چارلی: ئه‌وه ‌چییه‌؟

ماکس: سێ دۆلارە.

چارلی: چییه‌؟

ماکس: سێ دۆلاره‌. خۆت پێت نه‌گوتم سێ دۆلارت قه‌رزارم.

چارلی: هەندێک جار هه‌ڵسوکه‌وتت زۆر سه‌یره. بۆچی ئێستا ده‌مده‌یته‌وه؟

ماکس: ناهێڵیت قه‌رزه‌که‌ت بده‌مه‌وه؟

چارلی: ئێستا جیاوازی چییه‌؟ پێم ناڵێی ئێستا چی لێبکه‌م؟

ماکس: تکات لێده‌که‌م. پێم خۆشه ‌لێم وه‌ربگریته‌وه.

چارلی: بێنه‌ ئه‌و سێ دۆلاره ‌خوێڕییه‌م به‌رێ. من لێت ناگه‌م، لێت نه‌گه‌یشتو‌م و لێشت تێناگه‌م.

ماکس: وا باشتره‌. چونکه‌ ئه‌گه‌ر لێم تێگه‌یشتی له‌وانه‌یه ‌ئیتر خۆشت نه‌وێم.

چارلی: نازانم بۆچی وا ده‌ڵێی؟

ماکس: سانا نییه ‌که‌سێک به‌باشی بناسیت و هه‌ر خۆشیشت بوێ.

چارلی: شتێکم نه‌گوتووه ‌له ‌باش ناسینته‌وه ‌بووبێ. به‌ڵکو گوتوومه ‌لێت تێناگه‌م. به‌هه‌رحاڵ تۆ هه‌ڵه‌یت. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌، وای دابنێ پێم گوتووی من جاران به‌نگکێشبووم ئایا خۆشت نا‌وێم؟

ماکس: قێزم لێت دێته‌وه‌.

چارلی: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌نگکێشبووم؟

ماکس: چونکه ‌ئاگادارت کردم.

چارلی: تۆ هه‌قی مه‌سیح پێم ناڵێی بۆچی؟

ماکس: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌رپرسیار ده‌بم.

چارلی: باسی کۆن ئه‌که‌م چل ساڵ له‌مه‌وبه‌ر. تۆ چ په‌یوه‌ندیه‌کت به‌وه‌وه ‌هه‌یه‌؟

ماکس: به‌رپرسیار ده‌بم چونکه ‌زانیومه.‌

چارلی: بۆچی؟ ئێستا ده‌توانی له‌باره‌ی ئه‌وه‌وه ‌چی بکه‌ی؟

ماکس: به‌دڵنیایییه‌وه ‌ئه‌ڵێم هیچ.

چارلی: هه‌رچۆنێک بێ. من له‌ کۆندا وابووم.

ماکس: چی بووی؟

چارلی: به‌نگکێشبووم. ده‌ی قێزم لێ بکه‌ره‌وه. زوو ده‌ستم لێهه‌ڵگرت سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش په‌نجا ساڵێک به‌ر له ‌ئێستا بووه‌. زۆر به‌ر له‌وه‌ش بوو که‌زانراو بێ. مه‌به‌ستم تۆ ڕۆژانه ‌له ‌ڕۆژنامه‌کانی ئه‌و کاته‌دا ئه‌وانه‌ت به‌رچاو نه‌ئه‌که‌وت. پێت وا نییه‌ ئێستا ئێمه ‌له‌گه‌ڵ دراوسێی بێکه‌ڵکا دەژین. پێویسته‌ ئه‌و شوێنه ‌ببینی کە بە منداڵی تیا ئه‌ژیام. هه‌ر له ‌کۆڵانه‌که‌ی خۆماندا ملیۆنێک زیاتر ته‌نه‌که‌ی خۆڵی لێبوو. له ‌ژیانتا چاوت به‌و ڕێژه‌یه‌ ‌لە تەنەکەی خۆڵ نه‌که‌وتوه‌. ده‌زانی ماکس هه‌ر یه‌که‌م قومم لێدا هه‌موویان له‌به‌ر چاوم ونبوو. سه‌رمامه ‌تۆش وایت.

ماکس: پاڵتۆت ده‌وێ؟

چارلی: باشه‌، به‌ڵام ئێستا به ‌پێویستی نازانم. (ماکس هه‌ڵده‌ستێ و پاڵتۆکه‌ی دائه‌که‌نێ و پاڵتۆیه‌کی تری له‌ژێره‌وه ‌له‌به‌ردایه‌)

چارلی: ئه‌وه ‌چییه‌؟

ماکس: له‌به‌ری بکه‌. دانه‌یه‌کی ترم پێیه‌.

چارلی: (به‌ووردی لێی ده‌ڕوانێ) دوو پاڵتۆت بۆ چییه ‌ماڵکاول؟

ماکس: دوو پانتۆڵم له‌به‌ردایه‌ و سێ کراس و دوو ده‌ست جلی ژێره‌وه ‌و سێ جووت گۆره‌وی و دوو کڵاویش. (کڵاوه‌که‌ی لا ده‌بات و له‌ناوه‌وه‌یدا کڵاوێکی خووری چاک ده‌رده‌هێنێ و پاشان کڵاوه‌که ‌ده‌کاته‌وه ‌سه‌ری)

چارلی: که‌واته ‌سه‌یر نییه ‌به‌و ڕاده‌یه‌ گه‌رمات بێ. مه‌سه‌له ‌چییه‌؟

ماکس: ئه‌وه‌ی هه‌مه ‌و نیمه ‌هه‌ر ئه‌وه‌یه.‌

چارلی: پێم بڵێ ته‌نیا هه‌ر ئه‌وه‌نییه؟

ماکس: نامه‌وێ له ‌پاش خۆم که‌سێکی تر به‌کاریان بهێنێت.

چارلی: هیچ جیاوازییه‌کی ئه‌وتۆ به‌دی ناکه‌م.

ماکس: له‌وه ‌زیاتر ناتوانم ڕوونی بکه‌مه‌وه‌.

چارلی: (پاڵتۆکه ‌له‌به‌رده‌کا) یه‌که‌م جاره‌ ‌پاڵتۆم هه‌بێت. ئه‌وه ‌ماوه‌ی دوو مانگه ‌له‌سه‌رماندا هەڵدەله‌رزم. وا ئێستاش پاڵتۆم هه‌یه‌.

ماکس: هه‌رچۆنێک بێ له ‌هیچ باشتره‌.

چارلی: وایه‌. به‌ڵام کێ وا ده‌ڵێ؟

ماکس: گه‌شبینه‌کان.

چارلی: ئه‌وه ‌چی ده‌که‌ی ماڵکاول؟

(ماکس دڕاوی پاڵتۆکه‌ی سه‌رنجی ڕاده‌کێشێ چه‌ند پارچه ‌ده‌زوویه‌کی بچکۆله ‌له ‌گیرفانی دەردەهێنێت و پاشان ده‌ست ده‌کات به ‌دوورینه‌وه‌ی)

ماکس: ئه‌م پاڵتۆیه ‌دڕاوه.

چارلی: تۆش ده‌یدوریته‌وه؟

ماکس: به‌ڵێ.

چارلی: ماکس بۆ هیچم پێ ناڵێی؟ بۆ پێم ناڵێی مه‌سه‌له ‌چییه ‌وا ئێستا پاڵتۆکه‌ت ده‌دوریته‌وه‌؟

ماکس: ناتوانم بۆت ئاشکرا بکه‌م.

چارلی: ماکس هەندێک جار سه‌رم لێت سوڕده‌مێنێ.

ماکس: ویستم چاکی بکه‌م ئه‌وه ‌چ په‌یوه‌ندیه‌کی به‌ تۆوه ‌هه‌یه‌.

چارلی: باشه ‌باشه‌. باش چاوت ده‌رمه‌په‌ڕێنه‌. خه‌ریکی دورینه‌وه‌ی پاڵتۆ دوابڕاوه‌که‌ت به.

(بێده‌نگی. چارلی ده‌بینێ ده‌مانچه‌که ‌له‌ گیرفانی پاڵتۆکه‌ی دایه‌تی. ده‌ری ده‌هێنێت و ده‌یگرێ به‌دەستییه‌وه‌. ماکس لێی وه‌رده‌گرێت و ده‌یخاته‌وه‌ گیرفانی پاڵتۆکه‌ی)

چارلی: ئێستا خه‌ریکی چین؟

ماکس: کێ؟

چارلی: ئه‌وان.

ماکس: (ته‌ماشای شوێنی دوو لاوه‌که ‌ده‌کات) هه‌ر وه‌ک خۆیانن، به‌ چاکه‌ته‌که‌ی دای پۆشیوه‌.

چارلی: ئێمه ‌نابینن؟

ماکس: نه‌خێر. پشتیان له ‌ئێمه‌یه‌.

چارلی: من هه‌رگیز ئیشی وام نه‌کردووه.

ماکس: ئیشی چی؟

چارلی: له‌و جۆرە. کاتێ گه‌نج بووم له ‌هاویندا کردوومه‌. به‌ڵام له ‌زستاندا چاک به‌بیرم دێ شتی وام نه‌کردووه.

ماکس: ئه‌وان خه‌ریکی هیچ نین. ته‌نیا ڕاکشاون. له‌وانه‌یه ‌قسه‌ بکه‌ن.

چارلی: مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه ‌له ‌زستاندا مه‌سه‌له‌که ‌جۆرێکی تره.

ماکس: بۆچی؟

چارلی: نازانم. پێم وایه‌ بۆ هێشتنه‌وه‌ی گه‌رماکه‌ بێ. له‌ کاتی سه‌رمادا ده‌ریاچه‌که‌ش به‌له‌می لێ نابێ وا نییه؟ بیرمه ‌له ‌هاوینی ڕابردوودا جمه‌ی ده‌هات. (رووی بۆ لایه‌ک وه‌رده‌چه‌رخێنێ) ئه‌وه ‌چییه که‌روێشکه‌ یان سمۆرەیە؟

ماکس: جرجه‌.

چارلی: (به‌پرخه‌وه‌) تۆ نه‌بویتایه‌ من چیم بکردایه ‌ماکس؟

ماکس: جرجت لێـبووه ‌به ‌سمۆره‌.

چارلی: جرجم خۆشناوێن. ئه‌و ته‌نه‌که‌خۆڵانه‌ی که ‌بۆم باسکردی له‌و گه‌ڕه‌کانه. جرجه‌کان له‌شەودا ته‌راتێنیان تیا ئه‌کرد.

ماکس: هه‌تا له‌ شەقامی پارکیش جرج هه‌یه.

چارلی: دواین جار که‌ی بوو له‌ شەقامی پارک جرجت بینی؟

ماکس: تۆ نایان بینی. ئه‌وه‌نده ‌بێـزه‌وق نین خۆیان نیشانی تۆ بده‌ن.

چارلی: وایه‌. به‌ڵام ئه‌و شوێنه‌ی من لێوه‌ی هاتووم جرجه‌کانی زۆر بێزه‌وق بوون. هاوینی پارت له ‌یاده‌ که ‌ویستمان به‌له‌مێ به‌کرێ بگرین؟

ماکس: به‌ڵێ.

چارلی: نه‌مان توانی. هۆی چی بوو نه‌مان توانی؟

ماکس: نازانم.

چارلی: ده‌بوو بمان کردایه. حه‌زم ده‌کرد جارێکی تر به‌له‌مێکم به‌کرێ بگرتایه.

ماکس: بزانین هاوینێکی تر.

چارلی: به‌ڵێ، له ‌هاویندا له‌وانه‌یه. تۆ قسه‌ت خۆشبووه‌. ئه‌وه ‌قسه‌ی پێکه‌نینه؟

ماکس: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌ترسم.

چارلی: یه‌که‌م جاره ‌ئه‌وه‌ت لێ ئه‌بیستم.

ماکس: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا.

چارلی: هه‌ر له ‌هه‌وه‌ڵجاره‌وه‌ ئه‌وه‌ ‌بیری تۆ بوو.

ماکس: جارێکیان باوکم پێی گووتم ‘ئه‌و مرۆڤانه‌ی له ‌مردن ده‌ترسێن هه‌ر ئه‌و که‌سانه‌شن که‌ له‌ ژیان ئه‌ترسن’

چارلی: ماکس به ‌ڕاستیته ‌ئه‌ترسی؟

ماکس: بێگومان.

چارلی: باشه ‌بۆچی وه‌ک ترساوێک ڕه‌فتار ناکه‌ی؟

ماکس: ده‌بێ چۆن ڕه‌فتار بکه‌م؟

چارلی: نازانم نه‌عله‌تی تۆ له‌و کاته‌وه ‌زۆر ئاسایت. نه‌م گوتوه ‌قسه‌ ناکه‌یت به‌ڵام کاتێ که ‌قسه ‌ده‌که‌یت به‌هێمنییه‌کی ته‌واوهوە‌ قسه ‌ده‌که‌یت.

ماکس: خۆ تۆ له‌وبه‌ری شه‌قامه‌که‌وه‌ نیت. من ده‌بێت هاوارت بۆ بکه‌م که‌ تۆ له‌ پاڵمه‌وه‌ بیت؟

چارلی: گره‌و ده‌که‌م تۆ هه‌رگیز له ‌ژیانتا ده‌نگت به‌سه‌ر که‌سێکا به‌رز نه‌کردۆته‌وه‌. قه‌ت به‌سه‌ر که‌سێکا زریکاندوته؟

ماکس: من پێم وایه‌ ده‌بێت هەندێک جار.

چارلی: من هه‌میشه ‌ده‌نگم به‌رز بووه‌. له ‌کاتی خۆیدا مه‌شقی زۆرم له‌سه‌ر زریکه ‌کردووه.

ماکس: ئه‌وپه‌ڕی بێڕێزییه ده‌نگ به‌رزکردنه‌وه‌‌.

چارلی: پێکه‌نینیت دێ ماکس؟

ماکس: به‌ڵێ.

چارلی: پێشبینیم ده‌کرد. ده‌زانی ده‌رباره‌ی هاوارکردن تێبینی چی ده‌که‌م؟ خه‌ڵکی سه‌رنجت دەدەن.

ماکس: ئه‌وه ‌ده‌که‌وێته ‌سه‌ر ئه‌و شته‌ی هاواری بۆ ده‌که‌ی.

چارلی: نه‌خێر وا نییه. هه‌ر وه‌کو من له‌بیرمه ‌چه‌ندین جار مارگرێت هه‌وڵیداوه کارێکی وا بکات بێزارم بکات. به ‌قسه‌ی خۆش هه‌وڵم داوه ‌له‌گه‌ڵی ئیتر وا نه‌کات وازینه‌هێناوه‌. هه‌ر به‌رده‌وام به‌قسه‌ی خۆش و به‌نه‌رمی هه‌وڵم له‌گه‌ڵیداوه کۆڵ بدات. ئه‌گه‌ر هه‌ر سور بووبێت له‌سه‌ر بێزارکردنم وه‌کو شێتوهار پیا ته‌قیومه‌ته‌وه. ئیتر ببڕای ببڕا واینه‌کردۆته‌وه. نازانم بۆ ده‌بێ بە سەر زەلامێکدا بنه‌ڕێنی تا بڕوای پێ بهێنی که‌ چی به‌لای تۆوه ‌جێی بایەخە. مارگرێت قه‌د توڕه‌ نه‌بووه ‌هه‌میشه ‌هێمن و نیان بووه‌. هەندێک جار دێت و ڕێک له‌ پشتمه‌وه ‌ڕاده‌وه‌ستێت، به‌جۆرێکی وا هه‌ست به‌بوونی ناکه‌م. دوای تۆزێ ده‌ستم بۆ ده‌هێنێ، به‌ته‌واوی دائه‌چڵه‌کێم. پاشان زۆر به‌هێمنی پێده‌که‌نێ و ده‌ڵێت چارلی خۆشمده‌وێی. هه‌میشه ‌له‌سه‌ر خۆبووه‌. دوای ئه‌وه‌ی نەخۆشکه‌وت پزیشکه‌کان ده‌رباره‌ی پرسیاریان لێئه‌کردم. پێم ده‌گوتن به‌ڵێ هه‌میشه ‌له‌سه‌رخۆ بووه‌. ئاماده‌بووم هه‌رچ شتێکم هه‌یه ‌بیبه‌خشم به‌س ته‌نیا کاتێ که ‌ده‌م نه‌ڕاند به‌سه‌ریا ئه‌ویش به‌و شێوه‌یه ‌وه‌ڵامی بدامایه‌ته‌وه‌. به‌ڵام هه‌رگیز وانه‌بوو.

ماکس: گوێم لێنه‌بووە تا ئێستا هاوار بکه‌ی؟

چارلی: ئیدی شتێکی ئه‌وتۆ له‌ئارادا نییه ‌شایانی ئه‌وه‌ بێ هاواری بۆ بکه‌ی.

ماکس: گوتت ده‌چم تا جارێکی تر به‌دیداری شاد بیت، چوویت؟

چارلی: دوێنێ وه‌ختی سه‌ردانم نه‌بوو. هه‌موو به‌بینینم سه‌رسام بوون.

ماکس: گووتی چی؟

چارلی: شتێکی واینه‌گوت. من هه‌میشه‌ هه‌ڵده‌ستم به‌…

ماکس: مه‌به‌ستم سه‌ردانی ئه‌و ڕۆژه‌ته ‌که‌ له ‌کاتی خۆیدا ‌نه‌بووه‌.

چارلی: دۆزه‌خ. جیاوازی نافامێ. ئیدی کات به‌لای ئه‌وه‌وه ‌هیچ نابه‌خشێ. له‌ مانگی شوباتی داهاتوودا ده‌بێته ‌سی و چوار ساڵ که‌ له‌و شوێنه‌دایه‌‌. سی و چوار دانه ‌ساڵ ماکس. نازانم بۆچی نامرێ؟

ماکس: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کات به‌لای ئه‌وه‌وه ‌بێنرخه‌.

چارلی: به‌رله‌وه‌ی بیگوازمەوە گه‌مه‌مان ده‌کرد، ئه‌وکاته‌ی تازه ‌ماره‌م کردبوو پێم ده‌گووت ”ژن ده‌هێنم، گوێت لێمه‌” ئه‌ویش ده‌ی گوت ”به‌ڕاستته‌. کێیه ‌من ده‌ی ناسم” منیش ده‌م گوت ”نازانم تۆ کچێک ده‌ناسی؟” ئه‌مه ‌جۆرێک بوو له‌ گه‌مه‌. ئای مه‌سیح ڕۆژگارێکی دوورودرێژه‌. زۆر درێژه ‌ماکس. ته‌مه‌ن چه‌ند زوو ده‌گوزه‌رێ.

ماکس: ده‌فڕێت.

چارلی: ده‌فڕێت. سه‌رماکه ‌وای لێهات ئیتر به‌رگه‌ی ناگیرێ.

(ماکس ده‌ست ده‌کات به‌ گیرفانیدا و شوشه‌یه‌کی خواردنه‌وه ده‌رده‌هێنێت و ده‌یدات به ‌چارلی) تۆ هه‌میشه ‌ئاماده‌یت، وا نییه ‌ماکس؟ هه‌رگیز واز له ‌دیده‌وانی خۆت ناهێنیت.

(به‌نۆبه ‌ده‌ست به‌خواردنه‌وه ‌ده‌که‌ن تا شوشه‌که ‌ته‌واو ده‌بێ)

ماکس: من هه‌رگیز دیده‌وان نه‌بووم. ئه‌و جێگه‌یه‌ی لێوه‌ی هاتووم دیده‌وانیان نییه‌.

چارلی: به‌ڵی. تۆ ده‌زانیت که‌ من نازانم پۆڵەنده‌ ده‌که‌وێته‌ کوێوه؟ مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ به‌ته‌واوی.

ماکس: ماوه‌یه‌ک بوو پۆڵەندیییه‌کان خۆشیان نه‌یان ده‌زانی به‌ته‌واوی ده‌که‌وێته‌ کوێوه‌.

چارلی: ئێستا خه‌ریکی چین؟

ماکس: پۆڵەندیییه‌کان.

چارلی: دوو لاوه‌که‌ دەڵێم. مه‌سه‌له ‌چییه‌ ماکس گوێ ناده‌ی به‌ خۆشه‌ویستی لاوان.

ماکس: بۆ خۆشه‌ویستی لاوانیش تایبه‌تمه‌ندی هه‌یه؟

چارلی: باشه‌ گه‌ڕۆک. پێم سه‌یر نییه‌ پێره‌مێردێکی وه‌ک تۆ بێ له‌ سمێڵی ناتوانێ گوێ به‌شتێکی تر بدات. ده‌ی خه‌ریکی چین؟

ماکس: ئێستاکه ‌دانیشتوون. ئه‌وه ‌جگه‌ره‌ی کچه‌که ‌دائه‌گیرسێنێ ئەوجا جگه‌ره‌که‌ی خۆشی.

چارلی: به‌س ئه‌وه‌ندە؟

ماکس: جگه‌ره‌کانیان ده‌کێشن.

چارلی: مه‌یکه‌ به‌ گاڵته‌ ‌ماکس. گه‌ر خۆم بم توانیایه ‌به‌باشی ببینم له ‌تۆم نه‌ئه‌پرسی.

ماکس: کچه‌که ‌ده‌ستی خستۆته ‌سه‌ر گه‌ردنی کوڕه‌که‌.

چارلی: کوڕه‌که ‌ده‌ستی له ‌کوێدایه‌؟

ماکس: ئه‌و وه‌ک تۆ پیره‌مێردێکی بۆگه‌ن نییه‌. به‌ده‌سته‌که‌ی تری یاری به ‌چیمه‌نه‌که‌ ده‌کات.

چارلی: وه‌ک بۆی بچیت ماکس ده‌بێ له‌باره‌ی چییه‌وه ‌قسه ‌بکه‌ن؟

ماکس: ئه‌گه‌ر زیره‌ک بن ده‌رباره‌ی ئه‌وه ‌ده‌دوێن که ‌ڕه‌نگه‌ تووشی نه‌خۆشی سیل بن.

چارلی: باشه ‌گه‌ڕۆک ئه‌و باسه‌ بگۆڕه‌.

ماکس: چۆن بزانم له‌باره‌ی چییه‌وه ‌ئه‌دوێن؟

چارلی: نه‌م گوتووه ‌ده‌زانی. ده‌ڵێم وه‌ک بۆی بچی. ته‌نانه‌ت ماستفرۆشێکی وه‌کو تۆش ڕۆژێک له ‌ڕۆژان لاو بووه‌.

ماکس: جا چی تیایه‌؟

چارلی: گره‌و ده‌که‌م هه‌ر ده‌رباره‌ی ئه‌و شتانه ‌ئه‌دوێن که‌ من و مارگرێت لێی ئه‌دواین. ئه‌و قسانه‌ ناگۆڕێن.

ماکس: که‌واته ‌وه‌ک بۆی بچی ده‌بێ له‌باره‌ی چییه‌وه‌ قسه‌بکه‌ن؟

چارلی: (دوای بێده‌نگی) له‌بیرم چۆوه.

ماکس: که‌ڵکی هه‌موو ئه‌و قسانه ‌چی بوون که ‌له‌بیرت چوونه‌وه؟

چارلی: مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ به‌باشی نایه‌نه‌وه یادم، خه‌ونه. دونیایه‌ک ‌خه‌ونی ڕه‌نگاوڕه‌نگ، خه‌ونی گه‌وره ‌دوای چه‌ند ساڵێک ورده‌ ورده‌ بچووک و بچووکتر ده‌بنه‌وه‌.

ماکس: خۆ ناچنە ئاو.

(دێتە بەشی خوارەوەی شانۆکە)

چارلی: (تێناگات له ‌مه‌به‌ستی) چی؟

ماکس: ناتوانن خه‌ونه‌کان له ‌بچووکبوونه‌وه ‌بپارێزن.

چارلی: ده‌توانی جارێکی تر ئه‌وه ‌بڵێیته‌وه.

ماکس: ته‌نیا جارێک به‌سه.

چارلی: که‌ی ژنه‌که‌ت لەده‌ستچوو ‌ماکس، ده‌مێکه؟

ماکس: من قه‌ت ژنم نه‌بووه‌.

چارلی: مه‌به‌ستت چییه له‌وه‌ی قه‌ت ‌ژنت نه‌بووه؟

ماکس: مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه ‌تا ئێستا ژنم نه‌هێناوه‌.

چارلی: تۆ ده‌زانی من چی ده‌ڵێم. ئەی ئه‌و مناڵانه ‌چین که ‌له ‌فلۆریدان؟

ماکس: هه‌ڵم ـبه‌ستون.

چارلی: هه‌ڵتبه‌ستون! مه‌به‌ستت ئه‌وه‌یه‌ مناڵت نییه ‌له ‌فلۆریدا؟

ماکس: مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌.

چارلی: ئه‌ی ئه‌و نامه‌یه‌ چییه‌‌؟ ئه‌و نامه‌یه‌ی که هه‌موو کاتێک دەردەهێنی. ئه‌وه‌ی ده‌ڵێی کە ئه‌وان بۆیان ڕه‌وانه‌ کردووی و ئاماده‌یی خۆیان ده‌ربڕیوه تا بڕۆی ‌لەگه‌ڵیاندا بژی.

ماکس: خۆم نووسیومه.

چارلی: ئه‌وه ‌یانی چی؟ ئه‌وه‌ش نوکته‌یه‌کی تره‌ ماکس؟

ماکس: نه‌خێر خۆم نووسیومه‌.

چارلی: توخوا پێم بڵێ بۆچی؟

ماکس: نازانم! بۆ خۆشم دڵنیا نیم. به‌ر له‌وه‌ی بڕۆم له‌ هوتێلدا بژیم له ‌ژوورێکی بچکۆلەدا بۆ خۆم ته‌نیا ئه‌ژیام.

چارلی: هه‌ر وه‌کو ئێستا.

ماکس: نه‌خێر له‌و شوێنه‌دا داڵانێکی لێ نه‌بوو تا یه‌کێک بتوانێت بڕوات و لەوێ دانیشێت و قسه‌بکات. ده‌زانی چیم ده‌کرد؟

چارلی: خوا ده‌زانێ ماکس. خوا ده‌زانێ.

ماکس: ئه‌و شوێنه‌ی جاران لێی ده‌ژیام خه‌ڵکه‌که‌ی زۆر حه‌زیان به هاوڕێیه‌تی نه‌بوو.‌ به‌ ڕێکه‌وتیش نه‌م ده‌بینین. هەندێک جار به ‌چه‌ند ڕۆژێک نه‌م ده‌بینین؛ که‌سیان. ته‌له‌فۆنێک له ‌هۆڵەکه‌دا بوو نمره‌یه‌کم لێئه‌دا. چاوه‌ڕوانی که‌سێک ده‌بووم پێم بڵێ هه‌له‌و. منیش ده‌م گووت هەله‌و. دوای ئه‌وه ‌ته‌له‌فۆنه‌که‌م دائه‌نایه‌وه.

چارلی: بۆچی وات ئه‌کرد بۆ؟

ماکس: به‌لامه‌وه ‌ئاسان نییه‌ له‌گه‌ڵ بێگانەدا قسه ‌بکه‌م.

چارلی: نا نا، ناڵێم بۆچی ته‌له‌فۆنه‌که ‌دائه‌خه‌یته‌وه‌. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ بۆچی ته‌له‌فۆن به‌کار دەهێنی؟

ماکس: نازانم زۆر خۆشه ‌که ‌گوێت له‌ که‌سێک ده‌بێ ده‌ڵێ هه‌له‌و.

چارلی: ڕۆڵه‌، ماکس هیچ تێناگه‌م.

ماکس: هەندێک جار زۆر ده‌نگی سه‌یر سه‌یر ده‌هاتنه ‌گوێم. ئه‌وجا ده‌نگێکی ژنانە ‌زۆر بەئەدەبه‌وه‌ ده‌هات و ده‌ی وت: ”ئه‌و نمره‌یه‌ی تۆ داوات کردووه ‌ئیش ناکات. تکایه ‌به‌ر له‌وه‌ی ژماره‌کان لێ بده‌یت له ‌نمره‌که ‌دڵنیابه‌”. منیش ده‌م گووت: ”سوپاس” ئیدی ته‌له‌فۆنه‌که‌م دائەخسته‌وه‌.

چارلی: ئه‌وه ‌تۆمار بووه ‌ماکس.

ماکس: به‌ڵێ. ئه‌وه‌‌م زانی. سه‌رسام ده‌بیت ئەگه‌ر بزانی چه‌ند شێواز هه‌یه ‌بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی پێی بڵێن هه‌له‌و. هه‌ندێک وای ده‌ڵێن هه‌روه‌ک ئه‌وه‌ی ملیۆنێک دۆلارت پێ بده‌ن. هه‌ندێکی تر وای ده‌ڵێن زۆرت به‌لاوه ‌باشتره هه‌ر له‌گه‌ڵ بیستنیان خۆت بکوژی. ته‌له‌فۆن شتێکی چاکه‌؛ وای بهێنه ‌پێشچاو ڕاسته‌وخۆ پێک گه‌یشتنێکی دوور و درێژ له‌گه‌ڵ خودا پێک بگه‌ن.

چارلی: یه‌که‌مین جار هێڵه‌که ‌مه‌شغوڵه. دووه‌مین جار تۆ ماڵکاول چی ده‌ڵێی؟

ماکس: ده‌ڵێم هه‌له‌و. ئه‌وجا ته‌له‌فۆنه‌که ‌دائه‌خه‌مەوە. به‌لاته‌وه‌ ئاسانه ‌قسه ‌له‌گه‌ڵ بێگانەدا بکه‌ی؟

چارلی: نازانم بیرم له‌وه ‌نه‌کردۆته‌وه‌. بۆچی نا؟

ماکس: به‌لای منه‌وه ‌ئاسان نییه‌؟

چارلی: به‌ڵێ. ئەگه‌ر له‌یادم بێت. یه‌که‌مین جار که ‌هاتیته ‌ئوتێله‌که‌وه ‌له‌ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ی یەکەمدا بێ له ‌دوو سێ وشە ‌که‌ بەوپەڕی ‌زۆر له خۆکردنه‌وه گووتت هیچی که‌ت نه‌گووت.

ماکس: تۆ هه‌میشه ‌ده‌بیستی دایکان به ‌منداڵه‌کانیان ده‌ڵێن له‌گه‌ڵ بێگانەدا قسه ‌مه‌که‌ن.

چارلی: بێگومان. ئه‌و که‌سه ‌ناناسی که‌ قسه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌که‌ی.

ماکس: چۆن ده‌یان ناسی تا قسه‌یان له‌گه‌ڵ نه‌که‌ی؟

چارلی: ئه‌وه ‌ڕێگه‌یه‌کی چاک نییه ‌ماکس. مه‌سه‌له‌که ‌ئه‌وه‌یه تۆ هەندێک جار شته‌کان زۆر بەسادەیی وه‌رده‌گری. ێناوه

ماکس: هه‌رچۆنێ بێ دوای ئه‌وه‌ی که ‌نامەکەم نووسی ئیدی له‌وه ‌زیاتر ته‌له‌فۆنم به‌کار نه‌هێنا.

چارلی: نازانم ماکس. ته‌له‌فۆنکردن بۆ که‌سانی بێگانە ئەوە تاڕادەیەک. نامه‌نووسین بۆ خۆت. ئەمه‌یان تێناگه‌م.

ماکس: وازم له ‌ته‌له‌فۆنکردن هێنا دوای ئه‌وه‌ی نامه‌که‌م نووسی. ئه‌وه‌ خۆش نییه‌؟

چارلی: ئێستاش تێناگه‌م بۆچی نامه‌که‌ت نووسی؟

ماکس: هۆکه‌ی ته‌نیا هه‌ر ئه‌وه‌بوو ‌خوێندنه‌وه‌که‌ی خۆشبوو.

چارلی: که‌واته ‌له ‌فلۆریدا مناڵت نییه؟

ماکس: نه‌خێر.

چارلی: که‌سێک له‌ هیچ شوێنێک شک نابه‌یت؟

ماکس: بە هیچ جۆرێک.

چارلی: ده‌ت ویست چی بکه‌ی ماکس، دەت ‌ویست فێڵمان لێ بکه‌ی؟

ماکس: (پێکه‌نینێکی کورت) شتێک بوو له‌و بابه‌ته.

چارلی: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێم وابوو من وه‌ک تۆ ماڵوێران نیم ماکس. من به‌لایه‌نی که‌مه‌وه ‌که‌سێک له‌شوێنێک شک ده‌به‌م.

ماکس: تۆ پێت گووتم زۆربه‌ی کاته‌کان ئه‌و نازانێت تۆ کێیت.

چارلی: به‌ڵێ ئه‌و کاته‌ی زانی من کێم پێویستی به‌ حه‌وانه‌وه‌ هه‌بوو. گوناهی خۆی نییه. ئه‌و له‌وه‌ تێناگات.

ماکس: له‌چی ناگات؟

چارلی: باشه‌، هه‌رچ شتێ بێ، هەندێک جار که ‌قسه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌که‌م و ئه‌و شێوازه‌ی که ‌وه‌ڵامی پێئه‌داته‌وه ‌له‌وه ‌ئه‌چێ گوێی له‌ وشە‌یه‌کم نه‌بووبێ، یاخود من شتێکی که‌م بۆ باسکرد بێ. ئه‌وه‌م بۆ گێڕایته‌وه که ‌باسی چاوم بۆ ‌کرد؟

ماکس: نه‌خێر.

چارلی: ئه‌و ڕۆژه ‌زانی بووی من کێم. هه‌میشه ‌ده‌توانم تێبگه‌م که‌ی دەزانێ من کێم یان نا . ئەگەر نه‌یناسیمایه ‌ده‌ستی بڵند ده‌کرد و ده‌یگوت: هه‌له‌و ئه‌ی ئه‌و که‌سه‌ی له‌وێی. ئه‌وجا بەخێرایی ته‌ماشای شوێنێکی دووری ده‌کرد. ڕاهاتبوو به‌درێژایی ئه‌و کاتانه‌ی له‌وێ ده‌بووم ‌تەماشای لای منه‌وه‌ی نه‌ئه‌کرد. به‌ڵام کاتێک ده‌یناسیمه‌وه ‌به‌وپه‌ڕی نه‌رمییه‌وه ده‌یگوت: ”چارلی چه‌ندم پێخۆشبوو که‌ هاتیت” ئه‌‌و ڕۆژه‌ ‌دڵنیابووم له‌وه‌ی که‌ زانی بووی من کێم. وه‌ک هه‌موو جاره‌کانی دی بۆ پیاسه‌یه‌ک به‌و ناوه‌دا چووینه‌ ده‌ره‌وه‌ و پێم باشـبوو ده‌رباره‌ی چاوم ئاگاداری بکه‌م. زۆر هه‌وڵم دا تا له‌ دوا جاردا ‌پێم گوت: ”مارگرێت مه‌سه‌له‌که‌ ئه‌وه‌یه خه‌ریکه کوێر ئه‌بم و ناتوانن هیچم بۆ بکه‌ن” ده‌زانی چی گووت؟ گووتی: ”چه‌ند جوانه ‌چارلی” تێئه‌‌گه‌ی مه‌به‌ستم چییه؟ هه‌رگیز ناتوانیت ئه‌وه‌ به‌ خۆت بڵێی که‌ی له‌ شته‌کان تێده‌گات.

ماکس: له‌وانه‌یه ‌به‌شێوازی تایبه‌تی خۆی تێبگات.

چارلی: ده‌سته‌کانی له‌ دوو کۆتر ده‌چوون. چه‌ند ساڵێـک بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ڕاهاتبوو زوو زوو قژی ڕێک ده‌خست. ده‌ستی تێوه‌ ده‌دا و ده‌یهێنا بۆ خواره‌وه‌. ده‌سته‌کانی له ‌دوو کۆتر ده‌چوون به‌سه‌ر قژیه‌وه ‌بفڕن. ئه‌وه‌ زۆر ڕقی هه‌ڵده‌ستاندم. جارێکیان وا هاری کردم توند گرتم. هه‌ر وەک ئه‌وه‌ی بمه‌وێ ده‌ستی بگوشم. به‌ جۆرێک ته‌ماشای کردم که‌ نیازم بێ بیخنکێنم یان تووشی گۆڵمه‌زێکی بکه‌م و ڕابکه‌م. له ‌ماوه‌ی ‌چوونه ‌ژووره‌وه ‌و نه‌هاتنه ‌ده‌ره‌وه‌ی له ‌ژوورەکەیدا دڵم هه‌زار ختوره‌ی خراپی کرد که‌ جارێکی تر نا‌یبینمه‌وه‌.

ماکس: له‌وانه‌یه ‌له‌گه‌ڵ ڕۆژگاردا بیری بێته‌وه‌ تۆ کێیت.

چارلی: ماوه‌ی سی و چوار ساڵه ‌من هه‌موو هه‌فته‌یه‌ک دیده‌نی ده‌که‌م ماکس. به‌لایه‌نی که‌مه‌وه‌ هه‌فته‌ی جارێک. جگه ‌له‌و ساڵه‌ی که‌ توشی خه‌مۆکی بووم و خه‌ریکی ‌سووڕانه‌وه بووم ‌لێره‌و لەوێ. تۆ قه‌ت گه‌ڕۆکیت کردووه‌ ماکس؟

ماکس: حاڵی حازر؟

چارلی: نا، مه‌به‌ستم له‌ حاڵی حازر نییه. حاڵی حازر مووچه‌یه‌کمان هه‌یه‌ ده‌توانین خۆمانی پێـبژێنین. مه‌به‌ستم له‌ گه‌ڕۆکی ئه‌وه‌یه که‌ لێره ‌و له‌وێ ده‌ست له‌ خه‌ڵکی پان بکه‌یته‌وه‌.

ماکس: نه‌خێر.

چارلی: من به‌و جۆره ‌ئه‌ژیام. هه‌ر وه‌ک شته‌کانی تر، ئه‌گه‌ر په‌نا به‌ریته‌ به‌ر ‌فریشته‌کان هه‌موو شتێ به‌سه‌لامه‌تی تێئه‌په‌ڕێ.

ماکس: سواڵکردنیش فریشته‌ی هه‌یه‌؟

چارلی: هه‌موو شتێک فریشته‌ی خۆی هه‌یه. (هه‌ڵده‌ستێ و ڕۆڵ دەبینێ)

ته‌ماشا بکه ‌له‌پێشا ده‌بێ زۆر له‌ نزیکی که‌سه‌که‌وه‌ ‌ڕابوه‌ستی. ئه‌وەش ‌وای لێ ده‌کات ئەو کەسە تۆزێ بکشێته ‌دواوه‌ و بیان خه‌یته‌ هه‌ڵوێستێکی به‌رگریکارانه‌وه‌. پاشان ئه‌وه‌ی لە دووی دەگەڕێیت ئه‌وه‌یه‌ داوای ده‌ سه‌نت یان دوو پارچه ‌پاره‌ی بچووک نەکه‌یت به‌ڵکو داوای حه‌وت سه‌نت یان دوانزه‌ سه‌نتی لێ بکه‌یت. به‌ر له‌وه‌ی بواری بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌یان پێ بده‌ی که‌ تۆ لەجیاتی ده ‌سه‌نت یان دوو پارچه ‌پارە چی له‌ حه‌وت سه‌نت ده‌که‌ی؟ تۆ پاره‌کەی خۆت وەردەگری. ئه‌وان هه‌ر لە جێی خۆیان وه‌ستاون و هه‌وڵ ئه‌ده‌ن تێبگه‌ن. به‌ڵام تۆ هه‌رچۆنێ بێ ده‌سه‌نت یان دوو پارچه‌ پاره‌ی خۆت ده‌ست که‌وتوه‌. له‌بیرمه ‌کابرایه‌ک وا بزانم داوای سیانزه‌ سه‌نتم لێکرد. دوای ئه‌وه‌ی یه‌ک دوو چرکه ‌لێم وردبۆوه ‌دوو پارچه ‌دراوی پێدام و دوایی داوای باقی لێکردمە‌وه‌. ده‌م توانی تفێک بکه‌مه‌ ڕووخساری. به‌ڵام که‌ڵکی چی ده‌گرێ. خه‌ڵه‌تاندمی له‌به‌ر ئه‌وه ‌باقییه‌که‌م پێ دایه‌وه‌.

(ماکس له‌م کاته‌دا ده‌مانچه‌که ‌له ‌گیرفانی ده‌رده‌هێنێ. هه‌ردووکیان ده‌ڕواننه ‌ده‌مانچه‌که‌ و بەسەرسامییه‌وه ‌له ‌یه‌ک ده‌ڕوانن)

ماکس: که ‌سواڵ ـده‌که‌ی هه‌ست به‌ چی ده‌که‌ی؟

چارلی: ئه‌وه ‌ده‌که‌وێته ‌سه‌ر ئه‌و شته‌ی له‌پێناویدا سواڵ ده‌که‌ی. که‌ بێجێوڕێ بووی له ‌خێرێک ده‌گه‌ڕێی. له‌وه‌ش ناخۆشتر نییه ‌به‌لای مرۆڤه‌وه. به‌ڵام کاتێ منداڵ بووم له ‌باوکم ده‌پاڕامه‌وه ‌که ‌له ‌دایکم نه‌دات، ئه‌وه‌یان ‌شتێکی تره.

ماکس: مه‌به‌ستم جۆره‌که‌ی تریانه.

چارلی: وه‌ک گووتم قێزه‌وه‌نه‌.

ماکس: له‌و باوه‌ڕه‌دای جارێکی تر ئه‌وه‌ دووباره‌ بکه‌یته‌وه‌؟

چارلی: به‌ڵێ! بۆ پێت وایه‌ به‌م چاویله‌که ‌ڕه‌ش و گۆچانه ‌سپییه‌وه ‌قه‌ڵه‌م ئه‌فرۆشم؟ له ‌ڕێگه ‌به‌م لا و لادا ده‌که‌وم. خه‌ڵکی له‌ په‌ڕینه‌وه‌دا یارمه‌تیم ئه‌ده‌ن و ده‌ڵێن: ”ئۆی ته‌ماشای ئه‌و کابرا کوێره ‌داماوه‌که‌” قسه‌که‌ی تۆ دروسته ‌ماکس. کابرایه‌کی مردوو له‌ کابرایه‌کی کوێر باشتره‌.

ماکس: منیش هه‌مان هه‌ستم هه‌یه‌.

چارلی: هیچ که‌سێک بانگم ناکات پیاوه ‌کوێره ‌داماوه‌که‌.

ماکس: من خۆشحاڵم که‌ په‌شیمان نیت. (بێده‌نگی) په‌شیمان نیت وا نییه‌؟

چارلی: نه‌خێر

ماکس: له‌وه‌ناچێ دڵنیابی له‌وه‌ی ده‌یڵێی.

چارلی: به‌وه ‌ڕانه‌هاتووم. ئه‌وه ‌هه‌موو شتێکه‌.

ماکس: باشترین رێگه‌یه.

چارلی: مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ به‌ڕوونی نایه‌ته‌ به‌رچاوم.

ماکس: که‌ وه‌ختی خۆی هات هه‌موو شتێ ئاسایی ده‌بێ.

چارلی: که‌ی؟

ماکس: به‌م زووانه. ‌زۆرت په‌له‌یه؟

چارلی: له ‌ته‌مه‌نی مندا. ده‌بێ هه‌موو شتێ به‌خێرایی کۆتایی پێ بێت.

ماکس: (ده‌مانچه‌که ‌ده‌خاته‌وه ‌گیرفانی) بۆچی باوکت له‌ دایکتی ئه‌دا؟

چارلی: کابرایه‌کی خوێڕی بوو. ئه‌و پیاوه‌ی له ‌ژن بدات پیاو نییه. ئه‌گه‌ر لێم تێبگه‌یت له ‌ژیانمدا جارێک له‌ مارگرێتم نه‌داوه‌. له‌وانه‌یه ‌ده‌ستم لێ به‌رز کردبێته‌وه‌ به‌ڵام لێم نه‌داوه.

ماکس: به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نه‌ڕاندوته ‌به‌سه‌ریا، وا نییه‌؟

چارلی: به‌ڵێ، زۆر جار ده‌نگم به‌سه‌ریدا به‌رز کردۆته‌وه.

ماکس: نزمیشت کردۆته‌وه‌.

چارلی: تۆ زۆر زیره‌کیت ماکس. تۆ ئه‌بوایه‌ کتێبێک شتێکت بنووسیایه‌. قه‌ت باوکت له ‌دایکتی داوه؟

ماکس: نه‌خێر.

چارلی: وه‌ک بیستوومه‌ پۆڵه‌ندییه‌کانیش وان. هه‌میشه ‌له‌یه‌ک ده‌ده‌ن.

ماکس: ئه‌وه‌ سیفه‌تێکی نه‌ته‌وه‌یی نییه.

چارلی: به‌ڵام بۆ ئیرله‌ندییه‌کان سیفه‌تێکی نه‌ته‌وه‌یییه.

ماکس: ده‌بوو لێی بدایه‌.

چارلی: کێ؟

ماکس: باوکم ده‌بوو له ‌دایکمی بدایه‌.

چارلی: ئه‌وه‌ تۆ ئه‌ڵێی چی شه‌یتان. بۆچی؟

ماکس: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بێگانه‌دا قسه‌ی ده‌کرد.

چارلی: جا ده‌بوو له‌سه‌ر ئه‌وه ‌لێی بدات؟

ماکس: ئێمه ‌له ‌کێڵگه‌یه‌کدا ئه‌ژیاین. باوکم زۆرجار ڕێگه‌ی به ‌رێبوار و دێوه‌ره‌کان ده‌دا له‌ تەویلەکەدا ڕۆژ بکه‌نه‌وه‌.

دایکم له‌گه‌ڵیاندا باش بوو. شه‌وێکیان دره‌نگانێک بینیم ده‌ڕۆی بۆ تەویلەکە و ماوه‌یه‌کی زۆر له‌وێ مایه‌وه‌. دوای ئه‌وه هه‌ر جارێک که‌سێک له‌وێ ده‌مایه‌وه‌ من چاوم نه‌ده‌چووه‌ خه‌و و چاوه‌ڕێم ده‌کرد. هه‌موو جاره‌کان من چاوم لێبوو دایکم ده‌چوو بۆ ‌تەویلەکه‌‌. ئیدی ئه‌و شه‌وه ‌هات که‌ باوکیشم بە دوایدا بچێ بۆ تەویلەکە. کاتێ باوکم گه‌ڕایه‌وه ‌ژوورێ ده‌گریا. باوکم لێی نەدا.

چارلی: ئه‌گه‌ر وا بووبێ ده‌بوو لێی بدایه.

ماکس: باوکم پیاوێکی زۆر باش بوو.

چارلی: باوکی منیش له‌گه‌ڵ گیانه‌وه‌راندا وابوو. بۆ سه‌گ و پشیله ‌باش بوو به‌ڵام له‌گه‌ڵ خه‌ڵکدا وانه‌بوو.

ماکس: من و باوکم نهێنیمان هه‌بوو.

چارلی: چ جۆره‌ نهێنییه‌ک؟

ماکس: پێم ده‌گووت: باوکه‌ نهێنییه‌کم هه‌یه. هەندێک جار مه‌سه‌له‌ی گوێـکه‌یم له‌بیر ده‌چۆوه ‌دەم چرپاند به ‌گوێ گرانه‌که‌یدا. ده‌ی گوت: ”کوڕه ‌به ‌گوێ ساغه‌که‌مدا بچرپێنه” ئه‌و خۆی دەنوشتانده‌‌وه ‌و منیش خۆم ده‌خسته ‌سه‌ر نووکی په‌نجه ‌و هه‌ردوو ده‌ستم به ‌ده‌ممه‌وه ‌ده‌ناو ده‌م چرپاند.

چارلی: چ جۆره ‌نهێنییه‌ک بوون؟

ماکس: جارێکیان هێلکه‌ی باڵنده‌یه‌کی شینم دۆزییه‌وه‌. ئه‌وه‌‌ ‌نهێنییه‌ک بوو.

چارلی: هێلکه‌ی باڵنده ‌نهێنییە؟

ماکس: ئه‌و کاته ‌ته‌مه‌نم شه‌ش ساڵانـبوو. ئه‌وه‌ نهێنییه‌کی گرنگ بوو. کاتێ بوومه ‌هه‌شت ساڵان ئەو نهێنییه گرنگه‌‌کانی لە نێوانمان هەبوو هەموویانم پێگووت.

چارلی: هێلکه‌ی باڵنده‌ی سه‌وزت نه‌دۆزیوه‌ته‌وه؟

ماکس: بۆم ده‌رکه‌وت کچه ‌بچکۆله‌کان له ‌کوڕه ‌بچکۆله‌کان ناچن. ئه‌و نهێنییه‌شم پێڕاگه‌یاند. هه‌ر ئه‌و شه‌وه گوێم لێبوو نهێنییه‌که‌ی به ‌دایکم گووت، قاقا پێکه‌نی. ئیدی دوای ئه‌وه ‌هیچ نهێنییه‌کم پێنه‌‌گووت. دوور نییە ئه‌و جاره ‌بە گوێ گرانه‌که‌یدا چرپاندبێتم، وا نییه‌؟ ئه‌گه‌ر شتێک ‌زۆر گرنگ بوو بێت ده‌بوو وریا بیت به گوێ ساغه‌که‌یدا بچرپێنیت؟

چارلی: نه‌خێر، ئه‌وه‌ی منیش ده‌یڵێم شێوازێکه‌: کاتێ مه‌سه‌له‌که‌ گرنگبێت هاوار بکە.

ماکس: نه‌خێر تەنیا هەر ئەوەیە کە بزانی کام گوێیه‌یان ساغه‌.

چارلی: من نازانم تۆ باسی چی ده‌که‌ی ماکس؟

ماکس :نه‌خێر (لەلای چارلییەوە دادەنیشێت)

چارلی: تەڕایی تیا نەماوە ‌ماکس. (شوشه ‌به‌تاڵه‌که ‌ئه‌م دیوه ‌و دیو ئه‌کات)

ده‌بوو تۆزێکمان بدایه ‌به‌وان. به‌ڵام گره‌و ده‌که‌م پێویستییان پێی نییه. ئێستا چی ڕووئه‌دات؟

ماکس: ماچی ئه‌کات، وا نییە؟

چارلی: چۆن؟

ماکس: نه‌خێر یه‌کتری ماچ ده‌که‌ن.

چارلی: گره‌و ده‌که‌م سه‌رمایان نابێت و تووشی سیلیش نابن. به‌ڵام ئێمه ‌ڕێی تێئه‌چێ تووشبین.

ماکس: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وه‌ گرنگ نییه.

چارلی: به‌ڵێ من بیرم ئه‌چێته‌وه‌ و تۆش بیرم ده‌خه‌یته‌وه.

ماکس: خۆت مەیلت بۆی هەبوو.

چارلی: ئه‌زانم له‌وانه‌یه ‌منیش وه‌ک تۆ شێت بم.

ماکس: له‌و باوه‌ڕه‌دای من شێت بم؟

چارلی: باشه خۆت دانت پیانا ‌که‌ ئه‌وه ‌بیرێکی شێتانه‌یه‌.

ماکس: نه‌خێر. ئه‌وه‌، ئه‌وه ‌بیرێکی شێتانه‌یه‌ که ‌ئێمه ‌لێره‌ دانیشتووین!

چارلی: ماکس بۆچی ده‌ته‌وێ بمری؟

ماکس: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌بێ هه‌موو شه‌وێ سێ پێک ویسکی بۆربۆن بخۆمه‌وه ‌تا خه‌وم لێـبکه‌وێ.

چارلی: ماکس من به‌ڕاستی پرسیارت لێـئه‌که‌م.

ماکس: هه‌روه‌ها منیش.

چارلی: بۆچی ده‌ته‌وێ لێره ‌ئه‌وه‌ بکه‌یت؟ ده‌مان توانی له ‌ژووره ‌بۆگه‌نه‌که‌دا ئه‌وه‌مان بکردایه.

ماکس: ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ ‌له ‌ژوورێکی وادا بژین.

چارلی: من پێم وایه ‌هاوینی داهاتوو ده‌ریاچه‌که‌ سه‌رله‌نوێ پڕ ده‌بێته‌وه ‌له ‌به‌له‌م. ئه‌و هه‌موو ڕەنگانه ‌دیمه‌نێکی دڵڕه‌وێنیان هەیە.

ماکس: چۆن ده‌زانی ئه‌وه‌ دیمه‌نێکی دڵڕه‌وێنه؟

چارلی: چاوم تا ئه‌و ڕاده‌یه ‌بێـهێز نییه‌ ڕه‌نگ نه‌بینم. ده‌توانم هه‌موو ڕه‌نگێ به‌جوانی ببینم.

ماکس: پاڵتۆکه‌م ڕه‌نگی چۆنه؟

چارلی: (به‌وردی لێی ده‌ڕوانێ) ڕه‌نگێکی قاوه‌یی بۆگه‌نی هه‌یه‌.

ماکس: نه‌خێر خۆڵەمێشییه‌.

چارلی: (ده‌پرخێنێ) ئه‌گه‌ر تۆ نه‌بوویتایه‌ ‌ماکس من چیم بکردایه؟

ماکس: ده‌ته‌وێ درۆت له‌گه‌ڵ بکه‌م؟

چارلی: خوا پێی ناخۆشه ‌درۆم له‌گه‌ڵ بکه‌ی، چۆن ژنت نه‌هێناوه ‌ماکس. هه‌تا بۆ زۆڵێکی ناشرینی وه‌ک تۆش ده‌بێ ژنێک هه‌بێ.

ماکس: چۆن ده‌زانی من شێوه‌م چۆنه‌؟ تۆ تاڕاده‌یه‌ک کوێری؟

چارلی: به‌ده‌ست لێوه‌دان ماکس به‌ده‌ست لێوه‌دان.

ماکس: بم ـبه‌خشه‌.

چارلی: بۆچی وا ده‌ڵێی ئه‌وه‌ ‌حه‌قیقه‌ته‌.

ماکس: من ناشرینم.

چارلی: من ته‌نیا گاڵته‌م له‌گه‌ڵ کردی ماکس.

ماکس: من هه‌میشه ‌ناشرینبووم.

چارلی: مارگرێت هه‌میشه ‌ده‌یگوت هیچ شتێک وه‌ک مرۆڤی ناشرین نییه‌. ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌یه‌ هه‌ندێ خه‌ڵک هه‌ن وه‌ک ‌که‌سانی تر جوان نانوێنن. ئه‌وه ‌هه‌موو شتێکه.

ماکس: ئه‌ی ئه‌و چۆنه؟

چارلی: ئۆه. هه‌موو که‌سێک پێی ده‌گوت چه‌ند جوانه‌.

ماکس: به‌ڵێ.

چارلی: ئه‌وه ‌هیچ شتێک له‌وه ‌ناگۆڕێ که‌ وتوویه‌تی. پێم وایه ‌ئه‌و له‌سه‌ر هه‌قبووه.

ماکس: مرۆڤی جوان ‌بۆی هه‌یه هه‌موو ‌شتێ بڵێ.

چارلی: ماکس ته‌ماشا ‌بکه‌. له‌وانه‌یه تاڕاده‌یه‌ک ‌تۆزێ ساده‌ بنوێنیت. بۆ ده‌ته‌وێ له‌ کلارک گه‌یبڵ بچیت؟

ماکس: به‌ڵێ

چارلی: به‌ڵێ باشه‌، ‌به‌لامه‌وه ‌سه‌یر نابێت ئه‌گه‌ر کلارک گه‌یبڵ هەندێک جار ته‌مه‌ننا بکات له‌ کلارک گه‌یبڵ نه‌چێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تۆ ده‌توانی ئه‌وه‌ بهێنیته ‌پێشچاوی خۆت له‌ کلارک گه‌یبڵ بچیت و له‌وێ له‌سه‌ر ئه‌و به‌رده ‌دانیشی؟ ئای له‌و سه‌مه‌ره‌یه.

ماکس: مرۆڤه‌ جوانه‌کان وازیان نه‌هێناوه ‌له‌ دانیشتن له‌سه‌ر به‌ردی ناو باخچه‌یه‌ک.

چارلی: مرۆڤه ‌جوانه‌کانیش واز ده‌هێنن هه‌ر وه‌ک چۆن که‌سه‌کانی تر واز ده‌هێنن، ئه‌وه‌ت له‌بیر نه‌چێت ماکس.

ماکس: به‌ڵام لێره‌دا مه‌سه‌له‌که‌ شتێکی تره‌‌.

چارلی: چۆن؟

ماکس: شتێکی ساده‌یه‌ ‌خه‌ڵکی شه‌یدای جوان ده‌بن و له ‌ناشرینیش دوور ده‌که‌ونه‌وه‌.

چارلی: زۆر قسه‌ی پێکه‌نین هێنه‌رت لایه ‌ماکس.

ماکس: قه‌ت ئاواته‌خواز نه‌بوویت قۆز بیت؟

(بێده‌نگییه‌کی درێژ خایه‌ن)

چارلی: نازانم ئه‌وه ‌سووکایه‌تیپێـکردنه ‌یان نا؟

ماکس: من نامه‌ویت سووکایه‌تیت پێبکه‌م.

چارلی: باشه ‌ئه‌وه‌ی ئیستا باسیت کرد، بێگومان ‌من هه‌رگیز نه‌مویستوه قۆزبم.

ماکس: مه‌به‌ستت چییه له‌ بێگومان‌؟

چارلی: باشه ‌له‌ ڕاستیدا ڕۆژگارێکـ بوو ئاره‌زووم ده‌کرد له‌ لویس ستۆن بچوومایه‌، تۆ ده‌زانی لویس ستۆن کێیه‌. ئه‌و هه‌میشه‌ ڕۆڵی باوکی میکی ڕونی یاری ده‌کرد. ئه‌وه‌ی لای من شیرینی کردبوو شکۆکه‌ی بوو ئای مه‌سیح که شکۆدار بوو! له‌بیرمه ‌جارێک له‌ مارگرێتم پرسی، به‌ دڵت ده‌بووم ئه‌گه‌ر وه‌ک ئه‌و وێنه‌یه ‌به ‌شان و شکۆ بوومایه.

وتی: ” تۆ ڕۆحت شکۆداره ‌چارلی”

پێم گووت: ”له‌وانه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌و ڕۆحه‌ نا که ‌هه‌موو به‌یانییه‌ک له ‌ئاوێنه‌که‌دا دێتە بەرچاوم.

ماکس: یه‌کێک ده‌ڵێت چاوه‌کان دوو په‌نجه‌ره‌ن له ‌ڕۆح ده‌ڕوانن.

چارلی: (ئه‌و بیره ‌ده‌گۆڕێ) به‌ڵێ به‌ڵێ.

ماکس: من ئه‌گه‌ر ئه‌و وێنانه‌م بکێشایه ‌که خۆم ‌ئاره‌زووم ده‌کرد ‌به‌و ڕاده‌یه ‌بیرم له‌ ناشرینییەکەم نه‌ئه‌کرده‌وه‌.

چارلی: ئاره‌زووت له‌ وێنه‌کێشان بوو؟

ماکس: وێنه‌م کێشاوه‌.

چارلی: به‌ڕاسته‌؟ چ جۆره ‌وێنه‌یه‌ک؟

ماکس: جوان نه‌بوون.

چارلی: مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه ‌ئاره‌زوو بوو یان چۆن؟

ماکس: هه‌موو شتێک ئاره‌زووه تەنیا ‌وێنه‌کێشان نه‌بێ.

چارلی: مه‌به‌ستت ئه‌وه‌یه ‌هونه‌رمه‌ندێکی ته‌واو بووی.

ماکس: نه‌خێر به‌و ڕاده‌یه‌ش نا.

چارلی: ئۆه‌… وام زانی مه‌به‌ستت ئه‌وه‌یه ‌که ‌گوایه ‌هونه‌رمه‌ندێکی ته‌واو بووی. خوشکێکم هه‌بوو هه‌وڵی وێنه‌کێشانی ئه‌دا وه‌ک ئاره‌زوویه‌ک، وێنه‌کانی جوان بوون. له‌بیرمه ‌دایکم تا ماوه‌یه‌کی زۆریش له‌ ناندینه‌که‌ وێنه‌یه‌کی له‌سه‌ر ئاگردانه‌که ‌هه‌ڵواسیـبوو. به‌ڵام ئیستا به‌رده‌وام نیت؟

ماکس: نه‌خێر.

چارلی: ده‌بوو به‌رده‌وام بوویتایه‌. خۆشه ‌ئاره‌زوویه‌کی له‌و چه‌شنه‌ت هه‌بێ.

ماکس: به‌ڵێ، خۆشه ‌ئاره‌زوویه‌کی له‌و چه‌شنه‌ت هه‌بێ.

چارلی: مارگرێت زۆر حه‌زی له ‌ئاره‌زوو ده‌کرد. هه‌ر جاره‌ی ئاره‌زوویه‌کی هه‌بوو. ئه‌گه‌ر به‌ردی ڕه‌نگاوڕه‌نگی کۆ نه‌کردایه‌ته‌وه گوڵوانکه‌ی کڵاوه ‌کۆنه‌کانی کۆ ده‌کرده‌وه‌. پێم وایه‌ لەبەرئەوە وای ده‌کرد چونکه ‌مناڵمان نه‌بوو. ئه‌گه‌ر مناڵمان هه‌بووایه ‌له‌وانه‌یه ‌ئه‌و هه‌موو ئاره‌زووانه‌ی نەبووایه. له‌و باوه‌ڕه‌دای ئه‌وه وا بێت، دوور نییە؟

ماکس: له‌وانه‌یه‌‌‌.

چارلی: ماکس تۆ هه‌میشه ‌ده‌ڵێی له‌وانه‌یه‌، تا ئیستا له‌ ‌هیچ شتێک دڵنیا نه‌بوویت؟

ماکس: نه‌خێر.

چارلی: باشه ‌ده‌بێ له ‌‌شتێک دڵنیا بیت. له‌وه‌ دڵنیایت که‌ ‌لێره‌دا دانیشتوویت و قسه ‌له‌گه‌ڵ من دەکه‌یت. دڵنیایت؟

ماکس: تۆ دڵنیایت؟

چارلی: به‌ڵێ بێگومان من دڵنیام. پێشبینی چی ده‌که‌ی خۆ شێت نیم؟

ماکس: گریمان تۆ خه‌ون به‌وه‌وه ‌ده‌بینی؟

چارلی: ماڵکاول چۆن خه‌ون به‌وه‌وه ‌ده‌بینم؟ ته‌واو بیرم ناکه‌وێته‌وه‌ ئێمه ‌له ‌که‌یه‌وه هه‌موو ڕۆژێک به‌رده‌وام دێینه ئه‌م شوێنه‌ دائه‌نیشین و قسه ‌ده‌که‌ین.

ماکس: له‌وانه‌یه‌ ئه‌وه ‌هه‌مووی خه‌ون بووبن یان له‌وانه‌یه ‌ئه‌م جارەیان‌ خه‌ون بێت.

چارلی: چڕنوقێکم لێبگره‌ ئه‌‌گه‌ر به‌ئاگا هاتم ئه‌وه ‌خه‌ونه.

ماکس: ئه‌گه‌ر چڕنوقێکم لێگرتیت ئه‌وه ‌ده‌بێته ‌به‌شێک له ‌خه‌ونه‌که ‌و هیچی تر. گرنگ نییه ‌له ‌خه‌و هه‌ستی. وه‌ک ده‌بینی ئه‌وه ‌هیچ شتێک ناسه‌لمێنێت.

چارلی: چۆن ده‌توانی به‌و شێوازه‌ بژیت ماڵکاول؟ مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه ده‌بێت بڕوات به‌وه‌ هه‌بێت ئه‌وه‌ی ده‌یکه‌یت به‌ ڕاستی ده‌یکه‌یت.

ماکس: بێگومان. ڕێی تێده‌چێ هه‌ر خه‌ون بێت و درێژه‌بکێشێ. که ‌مردین ئه‌وسا به ‌ئاگا بێینه‌وه‌. خه‌ون به‌سه‌ربچێت و ئه‌و ده‌مه ‌به‌ته‌واوی بژین. ئه‌وجا که‌س نامرێ. ئه‌وه‌ی ده‌مرێ ته‌نیا ئه‌و خەونانه‌ن که ‌به‌ خۆیانه‌وه‌ ده‌بینن.

چارلی: نازانم ماکس، له‌مه‌وبه‌ر که‌سێکی وه‌ک تۆم نه‌ناسیوه‌.

ماکس: هه‌رچۆنێک بێت له‌م خه‌ونه‌یاندا نا.

چارلی: له ‌هیچ خه‌ونێکی تریشدا. ئای مه‌سیح.

ماکس: گرژ مه‌به ‌ته‌نیا گریمانه‌یه ‌‌و هیچی دی.

چارلی: باشه ‌که‌واته ‌چۆن ده‌زانی پژانی مێشکیشت نابێته ‌به‌شێک له‌ خه‌ون هه‌روه‌ک چڕنوقه‌که‌؟

ماکس: نه‌خێر ئه‌و ده‌مه‌ی دڵ له ‌لێدان ده‌که‌وێ، خه‌ونیش دوایی دێت، ئه‌وه ‌ته‌نیا هه‌قیقه‌تێکه‌.

چارلی: باشه ‌من خۆشحاڵم له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌لایه‌نی که‌مه‌وه‌ له ‌شتێک دڵنیایت.

ماکس: بۆچی؟

چارلی: ئۆو، لێم گه‌ڕێ! ئه‌توانیت؟

ماکس: من هه‌ر ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ بزانم بۆچی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه ‌به‌ لای تۆوه ‌گرنگه‌ که ‌من له ‌شتێک دڵنیابم هه‌روه‌ک گوتت.

چارلی: ده‌ته‌وی به‌ڕاستی هه‌قیقه‌ته‌که ‌بزانی، من بایه‌خ به ‌هیچ شتێک ناده‌م.

ماکس: تۆ باوه‌ڕت به‌ چی هه‌یه؟

چارلی: سه‌رله‌نوێ کای کۆن به ‌با ئه‌که‌ی؟

ماکس: نه‌خێر من به‌ته‌نگهاتنه‌وه ‌لێت ده‌پرسم. تۆ باوه‌ڕت به‌ چی هه‌یه؟

چارلی: باشه ‌من به‌ته‌واوی باوه‌ڕم به یه‌ک ‌شتی له‌عنه‌تی هه‌یه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ‌که ‌له‌سه‌ر ئه‌م بەرده‌ دانیشتووم و سه‌رما قنگی ته‌زاندوم و پرسیارم لێمه‌که ‌تا چه‌ندێ باوه‌ڕم پێی هه‌یه‌. تاڕادەیه‌ک باوه‌ڕم پێی پته‌وه‌ که‌ گره‌و له‌سه‌ر ژیانم بکه‌م.

ماکس: چی دی لێ بەجێماوە؟

چارلی: چی دی لێ بەجێماوە؟

ماکس: چی دی؟

چارلی: باوه‌ڕم به‌ چی تر هه‌یه‌؟

ماکس: به‌ڵێ.

چارلی: تۆ شێتێکی ئاو لێڵ ناکه‌ی.

         (بێده‌نگی)

ماکس: له‌بیرت دێ جارێکیان باسی هه‌نارم بۆ کردی؟

چارلی: هه‌نار، به‌ڵێ پێت گوتم زۆر به‌له‌زه‌ته‌.

ماکس: تۆ هێشتا هه‌نارت نه‌خواردووه‌.

چارلی: ئه‌گه‌ر ئه‌وه ‌هه‌موو ئه‌و شتانه‌‌ بێت که ‌له‌ ژیانمدا له‌کیسم چووه‌، ئه‌وا هیچ ناڕه‌زایه‌تییه‌کم نییه‌.

ماکس: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا (هه‌نارێکی ده‌داتێ) هه‌نار یه‌کێکه‌ له ‌چێژه ‌بچکۆله‌کان که ‌ده‌بێت له‌کیسی نه‌ده‌ی.

چارلی: ئه‌مه ‌هه‌ناره‌؟

ماکس: به‌ڵێ.

چارلی: له‌ پیاز ئه‌چێ.

ماکس: به‌ڵکو له ‌پرته‌قاڵ ده‌چێ.

چارلی: ده‌بوو بم زانیایه ‌که ‌من هه‌ڵه‌م.

ماکس: باشه‌. له‌وانه‌یه‌ تۆزێک له‌ پیاز بچێت. به‌ڵام له‌زه‌تێکی وه‌های هه‌یه که‌ له ژیانتدا تامیت نەکردووه.

چارلی: تامی چۆنه.

ماکس: هه‌ر ئێستا تامی ده‌زانی.

(هه‌ناره‌که ‌ده‌کات به‌دوو به‌شه‌وه ‌و له‌تێکی ده‌داتێ)

چارلی: ئێستا ده‌بێ چی بکه‌م؟

ماکس: ده‌یخۆیت.

(چارلی ده‌یبات بۆ ده‌می)

نه‌خێر به‌و شێوه‌یه‌ نا توێکڵه‌که‌ی ناخورێ.

چارلی: خه‌جاڵه‌ت بی تۆ گوتت وه‌ک پرته‌قاڵ ده‌خورێ بۆ چی ئاگادارت نه‌کردم؟

ماکس: ده‌بێ ده‌نکه‌کانی جیا که‌یته‌وه‌و به‌م شێوه‌یه‌ بیمژی.

(ماکس شێوه‌که‌ی بۆ باس ده‌کات و چارلیش به‌دوایدا)

چارلی: خۆ من نه‌م ده‌ویست توێکڵه‌که‌ی بخۆم، به‌و ڕاده‌یه‌ش گێل نیم.

(بێده‌نگی، ماکس چاوه‌ڕوانی کاردانه‌وه‌ی چارلییه ‌دوای خواردنی ده‌نکه ‌هه‌ناره‌که‌)

ماکس: چۆنه‌؟

چارلی: زۆر به‌تامه‌، وا نییه؟ (ده‌نکه ‌هه‌نارێکی تر ده‌خوات)

تامێکی که‌مێک ترشی هه‌یه.

ماکس: وایه‌، تامه‌که‌ی ترشه.

چارلی: خۆشه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆر خۆشه.

(له‌گه‌ڵ خواردندا به‌رده‌وامن له ‌قسه‌کردن)

ماکس: بیرم له‌وه‌ ده‌کرده‌وه‌ که ‌حه‌زی لێ ده‌که‌یت.

چارلی: ڕێگایه‌کی ئاسانتر نییه ‌بۆ خواردنی؟ له‌وانه‌یه‌ بتوانرێ ده‌نکه‌کانی ده‌ربهێنرێ و بگوشرێ یان به ‌جۆرێکی تر.

ماکس: نه‌خێر نه‌خیر. یه‌ک ڕێگا هه‌یه ‌بۆ کوڵاندنی هێلکه‌ و یه‌ک ڕێگاش هه‌یه‌ بۆ خواردنی هه‌نار.

چارلی: چی ده‌بێت که‌ هه‌موو ده‌نکه‌کانیت خوارد؟

ماکس: ئیتر ته‌واو، نه‌که‌یت توێژاڵه‌که‌ی بخۆیت.

چارلی: زۆر خۆشه ‌به‌ڵام ناگاته ‌سێو، وا نییه‌؟

ماکس: ئاواته‌خوازم وه‌ها نه‌بێت.

چارلی: ڕۆژی هه‌نارێک بخۆی قه‌ت ناچیته ‌لای پزیشک. نه‌خێر له‌وه ‌ناچێ وابێ.

ماکس: حه‌ز ده‌که‌م وای بهێنمە پێشچاوی خۆم کە ئه‌مه ‌یه‌کێکه‌ له‌و هه‌نارانه‌ی له‌ به‌هه‌شتی عەدەندا خواردوویانه‌.

چارلی: له‌وه ‌ده‌چێ له‌وێ نه‌مابن.

ماکس: وایه.

چارلی: هیوادارم شوێنێکی وایان هه‌بێ بتوانن پاڵتۆکانیانی لێ دابنێن و سه‌رمایان نه‌بێ.

ماکس: نه‌خێر، ئه‌ها ئه‌وه‌تان لای ئاوه‌که‌وه‌، دووباره‌ دائه‌نیشنه‌وه‌.

چارلی: باوه‌ڕ ناکه‌م ژن و مێردبن، تۆ ئه‌ڵێی چی؟

ماکس: بۆ نا؟

چارلی: نازانم. باوه‌ڕ ناکه‌م ژن و مێردی وا هه‌بن دوای ژنهێنان ئه‌و ماوه دوور و درێژه ‌بەیەکەوه ‌دانیشن. تۆ له‌و باوه‌ڕه‌دای ژن و مێرد بن؟

ماکس: (له ‌دوای که‌مێک بێده‌نگی) له‌وانه‌یه‌.

چارلی: ده‌م زانی وا ده‌ڵێیت (سه‌یری میوه‌که ‌ده‌کات) باوه‌ڕ بکه‌.

ماکس: بۆچی؟

چارلی: به‌درێژایی ژیانم ئه‌مه ‌یه‌که‌م جاره ‌هه‌نار ده‌خۆم. ئه‌مه‌ش خۆهه‌ڵخه‌ڵتاندنێکی تازه‌یه ‌بۆ سه‌گه ‌پیرێکی وه‌ک من. تۆ له‌ فێربوونی شتی تازه ‌نه‌وه‌ستاوی. وا نییه؟ تۆ بڵێی چه‌ندین شتی دی هه‌بن؟

ماکس: شتی وه‌ک چی؟

چارلی: شتێک له‌وه‌وبه‌ر نه‌م کردبێ.

ماکس: له‌ که‌ناڵی ئینگلیزیدا مه‌له‌ت کردووه‌؟

چارلی: مه‌به‌ستم شتی وا نییه‌، مه‌به‌ستم شتێکه‌ که ‌توانام به‌سه‌ریدا بشکێ. شتێک که‌ توانام به‌سه‌ریدا بشکێت. هه‌ر شتێک ئاره‌زووت کردبێ کردووته ‌ماکس؟

ماکس: بێگومان نه‌خێر.

چارلی: چاکه ‌مه‌به‌ستم ئه‌وه ‌بوو.

ماکس: تازه ‌کات به‌سه‌ر چوو.

چارلی: بۆ مه‌له‌کردن له‌ که‌ناڵی ئینگلیزیدا، ڕاسته. ‌به‌ڵام ماکس به‌م ته‌مه‌نه ‌به‌سه‌ر چووه‌مه‌وه ‌تا ئێستا هه‌نارێکم نه‌خواردووه‌.

ماکس: خواردنی هه‌نار چ خۆشییه‌کی تێدایه؟

چارلی: تۆزێ له‌مه‌وبه‌ر وا قسه‌ت لەسەر ده‌کرد که ‌هه‌نار مه‌زنترین شتێک بێت له‌و ده‌مه‌وه‌ی که ‌جه‌ژنی له‌دایکبوون داهاتووه‌.

ماکس: وتم یه‌کێکه ‌له ‌چێژه ‌بچکۆله‌کان. تۆ هه‌میشه ‌هه‌موو شتێک زۆر بەدژواری وه‌رئه‌گریت. (بێده‌نگیه‌کی درێژ)

چارلی: ڕه‌نگه ماکس، ‌ئه‌وه‌ی ئێمه‌ بیرمان لێکردۆته‌وه‌ جێبه‌جێی بکه‌ین ‌له‌وه‌بچێ بلیت ‌ببڕی بۆ بینینی فلیمێکی سینه‌مایی و به‌ر له‌وه‌ی فلیمه‌که‌ ته‌واو بێت بچیته ‌ده‌ره‌وه.

ماکس: ئه‌گه‌ر فلیمه‌که ‌بێتام بێت بۆچی نا؟

چارلی: تۆ وه‌ڵامی هه‌موو شتێکت لایه ‌وا نییه ‌ماکس؟

ماکس: ته‌نیا وه‌ڵامی پرسیاره‌ ئاسانه‌کان.

چارلی: ده‌ژی یان ده‌مری. پرسیارێکی ئاسانه‌؟

ماکس: قایلبوویت؟

چارلی: بیر له‌وه‌ ده‌که‌مه‌وه‌ بچم لێیان بپرسم بزانم ژن و مێردن.

ماکس: بۆچی؟

چارلی: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێ بزانم. ئه‌و مه‌سه‌له‌یه ‌به‌لای منه‌وه ‌گرنگه.

ماکس: پێت ده‌ڵێن پیره‌مێرد تۆ په‌یوه‌ندیت به‌و مەسەلەیەوە ‌چییه.

چارلی: تۆ بڵێی له‌و جۆره ‌مرۆڤانه‌بن؟

ماکس: به‌دڵنیایی.

چارلی: وایه ‌ده‌بێ به ‌قسه‌ت بکه‌م چونکه‌ له‌و جۆره‌ مرۆڤانه‌ ده‌چن که‌ به‌و جۆره‌ وه‌ڵامبده‌نه‌وه‌.

ماکس: به‌ڵێ.‌

(بێده‌نگی. چارلی هه‌ڵده‌ستێت)

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ڕه‌نگه‌ فڕێت باته‌ ناو ڕووباره‌که‌وه‌.

(بێده‌نگی. چارلی دائه‌نیشێت)

تۆ چ په‌یوه‌ندییه‌کت به‌وه‌وه‌ هه‌یه ‌ژن و مێرد بن یان نا؟

چارلی: باشه ‌مه‌به‌ستم ئه‌وه‌ نه‌بوو. ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ بوو حه‌زم کرد سڵاوێکیان لێبکه‌م.

ماکس: له‌م ڕۆژگاره‌دا ئەگه‌ر پیاوێکی پیری وه‌ک تۆ له‌ باخچه‌یه‌کدا سڵاو له‌ که‌سانێکی نه‌ناسیاو بکات ده‌یگرن.

چارلی: ماکس شتی وا ڕاست نییه‌.

ماکس: له‌بیرته‌ ئه‌و ڕۆژه‌ی خانمه‌ لاوه‌که ‌گالیسکه‌ی مناڵه‌که‌ی له‌و شوێنه‌دا به‌جێهێشت و بۆ ساتێ چووه ‌سه‌ر ئاوه‌که‌‌.

تۆ چوویت تەماشایێکی مناڵه‌که ‌بکه‌یت؟

چارلی: به‌ڵێ.

ماکس: بیرت دێ چه‌ند بەخێرایی گه‌ڕایه‌وه؟

چارلی: له‌بیرمه‌.

ماکس: له‌بیرته ‌چۆن ته‌ماشای کردی؟

چارلی: بۆم نەکرا سەرنجی بدەم.

ماکس: من سەرنجم دا. بیرته ‌که ‌تۆ گوتت مناڵی ساوام خۆشده‌وێ ته‌نانه‌ت وه‌ڵامیشی نەدایتەوه؟

چارلی: وا بوو.

ماکش : له‌بیرته ‌چۆن گالیسکه‌که‌ی بەخێرایی دوورخسته‌وه‌؟

چارلی: ئه‌وه‌شم له‌بیره‌.

ماکس: ده‌بڕۆ سڵاو له‌ عاشقه‌کان بکه‌.

(بێده‌نگی)

چارلی: خۆشحاڵم به‌وه‌ی بیمه‌ی ژیانم‌ نییه‌. هه‌میشه ‌قێزم له‌وه ‌کردۆته‌وه ‌به ‌مردووی به‌هات لەوه‌ زیاتر بێ که ‌زیندووی.

هه‌میشه‌ قێزم له‌وه‌ کردۆته‌وه. ماکس ئه‌وه‌ی له‌سه‌رمانه ‌بیکه‌ین ئه‌وه‌یه ‌که ‌لیستی بیمه‌ی ژیان پڕ بکه‌ینه‌وه ‌و سوود له ‌یه‌کتری وه‌ربگرین. پێت وا نییه ‌ئه‌وه ‌نوکته‌یه‌کی خۆش بێت؟

ماکس: (به‌بێ ئه‌وه‌ی پێبکه‌نێ) به‌ڵێ نوکته‌یه‌کی خۆشه‌.

چارلی: به‌و جۆره ‌پێمه‌که‌نه ‌دڵت ده‌وه‌ستێ. پێم بڵێ دیاری جه‌ژنی له‌دایکبوونت بۆ هێناوم؟

ماکس: ئه‌وه ‌باسی چی ده‌که‌ی؟

چارلی: باشه‌، جارێ حه‌ڤده ‌ڕۆژی ماوه ‌بۆ جه‌ژنی له‌دایکبوون. وه‌ک ئه‌م به‌یانییه‌ زانیم. ده‌پرسم ئاخۆ بە هیوای دیاری جه‌ژنی له‌دایکبوونم بۆ بهێنی؟

ماکس: ئه‌وه ‌سوودی چییه ‌ئێستا؟

چارلی: ڕه‌نگه ‌هیوای به‌ختیاریم بۆ بخوازی له‌گه‌ڵ زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌کی گه‌ش. تۆ حه‌زت له‌ جه‌ژنی له‌دایکبوونه‌ ماکس؟

ماکس: هه‌موو که‌س جه‌ژنی له‌دایکبوونی پێخۆشه؟

چارلی: بیرم له‌وه ‌ده‌کرده‌وه‌ که ‌ڕه‌نگه ‌له‌گه‌ڵ جه‌ژنی له‌ دایکبووندا دانوتان پێکەوە نەکوڵێت.

ماکس: من جه‌ژنی لەدایکبوونم پێخۆشه.

چارلی: ناتوانی ئه‌وه ‌هه‌ڵبێنی که‌ من پار ئه‌م کاتانه‌ له ‌کوێ بووم.

ماکس: نه‌خێر

چارلی: وا ئه‌زانم تۆ ناته‌وێ بزانی.

ماکس: نه‌خێر

چارلی: له ده‌ره‌وه‌ی بازاری مه‌یسی بابه ‌نوئێل بووم.

(ماکس به‌کزی پێده‌که‌نێ)

پیکه‌نینه‌که‌ت زۆر ناشرینه ‌ماکس.

ماکس: به‌وه ‌پێناکه‌نم که‌ وتت.

چارلی: ئه‌ی به‌ چی پێده‌که‌نی؟

ماکس: هه‌روه‌ها منیش.

چارلی: تۆش چی؟

ماکس: له ده‌ره‌وه‌ی بازاڕی مه‌یسی بابه ‌نوئێل بووم.

چارلی: به‌ڕاستته‌؟ له ‌کوێ؟

ماکس: له ‌ده‌روازه‌ی شه‌قامی سی و چوار.

چارلی: منیش له‌ حه‌وت ئه‌ڤنیو بووم. ڕات چۆنه ‌له‌وه‌ی له ‌یه‌که‌وه ‌نزیکبووین. له‌و دیوی گۆشه‌که‌وه‌ له‌وانه‌یه ‌تۆم دیبێت و نه‌م ناسی بیت.

ماکس: که‌واته ‌به‌یه‌ک نه‌گه‌یشتوین.

چارلی: ده‌زانم، منیش مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌. مناڵان زۆریان خۆشده‌ویستم. بۆ تۆش وا بوو؟

ماکس: نازانم.

چارلی: زۆریان خۆشده‌ویستم. چۆن نانت ده‌خوارد؟

ماکس:مه‌به‌ستت چییه‌؟

چارلی: مەبەستم ‌به‌و هەموو ‌ڕیش و شتانه‌وه. چۆن نانت ده‌خوارد؟

ماکس: دام ده‌ماڵی.

چارلی: ئۆه. ئا.. منیش له‌ سه‌ره‌تادا وام ده‌کرد. تا ژێر چه‌ناگه‌م داده‌ماڵی هه‌روه‌ک ده‌زانیت. به‌ڵام بۆ ته‌نها جارێک تا پارویه‌ک نان بخۆم ڕیشه‌که‌م داماڵی. کیژۆڵه‌یه‌کی بچکۆله ‌ده‌ستی بۆ درێژ کردم و گوتی: ”ئه‌وه بابه نوئێل نییه‌” ئه‌وه‌ی گوت و ده‌ستی کرد به‌ گریان. ئیتر ببڕای ببڕ له‌دوای ئه‌وه‌وه ‌ڕیشه‌که‌‌م دانه‌ماڵییه‌وه‌.

ماکس: ئه‌مه ‌شتێکی سەرنجڕاکێش بوو.

چارلی: بێگومان. ده‌رهێنانی تۆزە عەنبەیەک لەناو ڕیشدا شێوه‌یه‌ک له ‌کێشه‌ی بۆ دروست ده‌کردم. ئه‌مساڵیش ئه‌وه‌م دووباره‌کرده‌وه‌ به‌ڵام به‌رده‌وام به‌ پێوه‌ بمێنمەوە و به‌درێژایی ڕۆژیش زەنگێکم بە دەستەوە بێت و ڕای بوەشێنم، له‌وه ‌زیاتر بوو که ‌من بتوانم به‌رگه‌ی بگرم. (بێده‌نگی)

جه‌ژنه‌کانی له‌دایکبوون به‌لای منه‌وه ‌وه‌کو جاران نه‌ماون.

ماکس: چۆن؟

چارلی: مه‌به‌ستم مارگرێته ‌که ‌بۆ یه‌که‌م جار نه‌خۆش که‌وت له ‌ڕۆژی جه‌ژنی له‌دایکبووندا بوو. به‌ر له‌وه‌ش هه‌ندێک جووڵه‌ی سه‌یری ده‌نواند به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانم که‌ توشی شتێک بووه‌. له‌ بەیانی جه‌ژنی له‌دایکبووندا له‌ خه‌و هەستابوو چووبووه ‌نهۆمی خواره‌وه‌. که ‌چوومه‌ خوارێ له ‌هیچ شوێنێ نه‌م دۆزییەوە. هه‌موو ماڵه‌که‌ی له ‌دووگه‌ڕام. نه‌م ده‌زانی بۆچی چۆته ‌ده‌ره‌وه ‌به‌بێ ئه‌وه‌ی من ئاگادار بکات. کاتێ که‌ ده‌رگای ناندینه‌که‌م ‌پێوه‌دایەوە ئه‌و ده‌رگاکه‌ی خسته‌وه‌ سه‌ر گازه‌رای پشت. ده‌زانیت ئه‌و له‌وێ بوو، له‌وێدا بینیم ڕاوه‌ستاوه. له‌و کاته‌وه‌ له‌وێ بووه. کێردێکی قه‌سابی گەورەی به‌ده‌سته‌وه‌ گرتبوو. که ‌به‌و جۆره‌ چاوم پێی که‌وت له‌ ترسا له‌ شوێنی خۆم به‌رز بوومه‌وه. له‌وێدا ڕاوه‌ستا بوو لێم ورد ده‌بۆوه‌. پێم گوت: ”مارگرێت ئه‌وه ‌چییه‌؟ ”بێگومان هیچی نه‌گوت هه‌ر ڕاوه‌ستابوو. زۆر سه‌یر بوو. وه‌ک خۆت ده‌زانی من هیچ شتێک له‌باره‌ی مێشک و ئه‌و شتانه‌وه ‌نازانم. به‌ڵام بۆم ده‌رکه‌وت شتێکی هه‌ڵه ‌و ناله‌باری لێ ڕووداوه‌. چووم ده‌ستی لێوه ‌بده‌م. بینیم کێرده‌که ‌بەدەستییەوە ده‌جوڵێته‌وه‌. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه ‌ڕووه‌و منی نه‌ده‌جوڵاند. به‌ڵکو کێرده‌که‌ که‌مێک ده‌جوڵایه‌وه‌. له‌به‌رئه‌وه ‌ده‌ستم لێوه‌نه‌دا. دوای ئەوه ‌ده‌ستی کرد به ‌قسه‌کردن. به‌ڵام قسه‌کانی بێسه‌روبه‌ر بوون. به‌هێمنییه‌کی ته‌واوه‌وه‌، وشە‌ی هه‌ڵه‌ته ‌‌و نابه‌جێی دەردەفرتاند. هیچ مانایه‌کیان نه‌بوو. شریتێکی ته‌واو له‌و وشە ‌ناشرینانه‌ی که ‌له‌ ژیانمدا گوێم لێیان نه‌بووه‌، ئه‌و هەر هه‌موویانی ده‌زانی. وای ده‌گوتن هه‌روه‌ک ئه‌وه‌ی بابەتێکم له ‌ڕۆژنامه‌دا بۆ بخوێنێته‌وه‌. کێرده‌که‌شی به‌و به‌یانییه‌ی جه‌ژنی له‌دایکبوون به ‌ده‌سته‌وه گرتبوو. (بێده‌نگی)

نه‌م توانی تێبگه‌م بۆچی ڕقی له‌ من هه‌ستاوه.

ماکس: له‌وانه‌یه ‌ڕقی له‌ تۆ هه‌ڵنه‌ستابێ.

چارلی: ئاخر من دواندم.

ماکس: له‌وانه‌یه ‌تۆ نه‌بووبیت.

چارلی: ئه‌ی ‌کێ بوو؟

ماکس: که‌سێکی تر بووه‌. شتێکی تر هەژاندوێتی.

چارلی: له‌ عه‌قڵ و مه‌قڵ و ئه‌و شتانه ‌تێناگه‌م. ئه‌و له‌ منی ده‌ڕوانی. من ئه‌وم زۆر خۆشویستوه‌، بێجگه ‌له‌و که‌سێکی ترم خۆشنه‌ویستووه. ئه‌وه‌ سی و چوار ساڵی ته‌واوه ‌‌بێجگه‌ له‌و که‌سێکی ترم خۆشنه‌ویستووه. باوه‌ڕم پێده‌که‌ی ماکس؟

ماکس: بۆچی باوه‌ڕت پێناکه‌م؟

چارلی: خۆزگه ‌ده‌ی توانی تێبگات کاتێ که‌ پێی ده‌ڵێم من تۆم هه‌ر خۆشده‌وێ.

ماکس: چۆن ده‌زانی که‌ تێناگات؟

چارلی: خۆم چاک ده‌زانم. به‌و شێوه‌یه‌یدا که ‌لێم ده‌ڕوانێ. تێناگات مه‌به‌ستم چییه‌. ئه‌و سه‌رما نەفره‌تییه ‌فرمێسک به ‌چاومدا ده‌هێنێته ‌خواره‌وه‌. چاوی تۆش وایه؟

ماکس: نه‌خێر.

(ده‌مانچه‌که ‌له ‌گیرفانی ده‌رده‌هێنێ)

چارلی: چاوی منی پڕ کردووه‌ له ‌فرمێسک.

‌(چاوی ده‌سڕێ)

گۆرانی جه‌ژنی له‌دایکبوونت حه‌ز لێیه‌؟

ماکس: زۆر خۆشه‌

چارلی: (هۆڵه‌کان بڕازێننه‌وه‌) ده‌زانی؟

ماکس: به‌ڵێ ده‌یزانم

چارلی: حه‌زده‌که‌م گۆرانی جه‌ژنی له‌دایکبوون بڵێم.

ماکس: بیڵێ.

چارلی: نامه‌وێ به‌ ته‌نیا بیڵێم له‌گه‌ڵمدا ده‌یڵێـی؟

ماکس: نا.

چارلی: به‌س یه‌ک جار؛ ده‌ی.

(گۆرانی ده‌ڵێ)

هۆڵه‌کان به ‌لقه‌ زه‌یتوون بڕازێننه‌وه‌. ئه‌وه ‌چییه ‌هیچ گەرموگوڕییەکی جه‌ژنی له‌دایکبونت پێوه ‌دیار نییه‌؟ به‌س یه‌کـ جار باشه‌؟

(چارلی گۆرانی ده‌ڵێت و ماکس لەگه‌ڵیدا)

(هه‌ردووکیان پێکەوە)

به ‌چڵه ‌زه‌یتوون هۆڵه‌کان بڕازێننه‌وه‌.

فالالالالا      لالالالالالا

ئه‌مه ‌ئه‌و وه‌رزه‌یه‌ تیا خۆشحاڵ ده‌بین.

فالالالالا       لالالالالالا

به‌رگی ئێستامان خۆشی و به‌ختیارییه‌‌.

فالالالالا       لالالالالالا

ده‌ی له چریکه‌ی ‌زه‌نگی له‌دایکبوون ده‌ن.

چارلی: ماکس ده‌بوو تۆزێ مۆسیقاشمان تێکه‌ڵکێشبکردایه‌.

ماکس: چاودێریمان ده‌که‌ن.

(ده‌مانچه‌که‌ی ده‌خاته‌وه‌ ‌گیرفانی)

چارلی: کێ؟

ماکس: دووانه‌که‌، له‌بیرت چوونه‌وه؟

چارلی: (ورد ده‌بێته‌وه‌) هیچ نیشانه‌یه‌کت هه‌ست پێکرد.

ماکس: به‌ڵێ.

(چارلی ده‌ستی به‌رز ده‌کاته‌وه‌)

چارلی: قه‌ت له‌و باوه‌ڕدانیم له‌و جۆره‌بن که ‌تۆ ده‌یڵێی. هه‌ر سه‌یرمان ده‌که‌ن؟

ماکس: نه‌خێر ڕوویان وه‌رگێڕا. (چارلی ده‌وه‌ستێ له‌ جوڵانه‌وه‌ی ده‌ستی)

چارلی: گره‌و ده‌که‌م مرۆڤی چاکن. تا ئێستا پێت نه‌گوتوم ماکس، تۆ بۆچی ژنت نه‌هێناوه‌.

ماکس: نه‌خێر پێم نه‌گوتوی.

چارلی: ڕه‌به‌نی ژیانێکی پڕ له‌ ته‌نیایییه‌.

ماکس: ژنـهێنان چاره‌سه‌ر نییه ‌بۆ ته‌نیایی.

چارلی: باشه‌، من ‌شتێک له‌و باره‌یه‌وه ‌نازانم به‌ڵام چۆن ژنت نه‌هێناوه‌؟

(بێـده‌نگی)

باشه‌… ته‌ماشا… ڕاسته ‌ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ منه‌وه‌ نییه. ‌که ‌تۆ.

ماکس: ئه‌وه‌ نییه.

چارلی: نهێنییه‌ وا نییه‌؟

ماکس: تاڕاده‌یه‌ک.

چارلی: ماکس بچرپینه ‌به‌ گوێ ساغه‌که‌مدا.

(پێـده‌که‌نن. بێـده‌نگی)

ماکس: من نێرباز بووم.

(بێده‌نگییه‌کی درێژخایه‌ن)

چارلی: ماکس سه‌رله‌نوێ ده‌ستت کرده‌وه ‌به ‌گاڵته‌کردن.

ماکس: بۆچی ده‌بێت گاڵته‌ بکه‌م؟

چارلی: ئەگه‌ر هیچ جارێک دڵنیا نه‌بم، ئه‌م جاره‌یان دڵنیام گاڵته‌ ده‌که‌یت، وا نییه؟

ماکس: نه‌خێر.

چارلی: بڕوا ناکه‌م.

ماکس: باشه‌.

چارلی: مه‌به‌ستت ئه‌وه‌یه ‌که ‌هه‌تیوباز بوویت؟

ماکس: ئه‌توانیت وای ناو بنێیت.

چارلی: نه‌خێر مه‌به‌ستم ئه‌وه‌نییه ‌سوکایه‌تیت پێبکه‌م. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه، باشه‌. ‌وا ڕه‌فتار ناکه‌ی که‌ هه‌تیو… خۆت ده‌زانی… مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ که‌ تۆ له‌وه‌ ناچی… خۆت ده‌زانیت…

ماکس: ده‌بێ چۆن ڕه‌فتار بکه‌م؟

چارلی: من نازانم. ئه‌وه‌ی تۆ ئێستا باسی ده‌که‌یت. باشه ‌من نازانم… پێم وایه‌ من قێز له‌وه‌ ده‌که‌مه‌وه.

تۆ هه‌میشه.. ‌وا بوویت؟

ماکس: تاڕاده‌یه‌ک هه‌میشه‌.

چارلی: قه‌ت له‌گه‌ڵ ژندا نه‌بووی؟

ماکس: نه‌خێر.

(بێده‌نگی)

چارلی: کوڕه ‌ماکس… به‌دڵنیایی تۆ شتێکت ون کردووه‌.

ماکس: چاک ده‌زانم.

چارلی: من قێز له‌وه‌ ده‌که‌مه‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ که‌ تا ئیستا ژنت نه‌هێناوه‌؟

ماکس: ده‌شێ ئه‌وه‌ هۆیه‌کی ئه‌وتۆ بێ.

چارلی: ئه‌ی ئێستا؟ هه‌ر سوریت له‌سه‌ر ئه‌وه؟

ماکس: نه‌خێر.

چارلی: هه‌روه‌ها منیش. مه‌به‌ستم له‌گه‌ڵ ژندا.

ماکس: تێـئه‌گه‌م چی ده‌ڵێی.

(بێده‌نگی)

باشه‌؟ ئه‌وه‌ هیچ گۆڕانکارییه‌ک دروست ده‌کات؟

چارلی: له ‌چ شتێکدا؟

ماکس: که ‌زانیت من چیم و چۆن بووم.

چارلی: (دوای بیرکردنه‌وه‌) له‌وه‌ناچێ گۆڕانێکی ئه‌وتۆ ڕوو بدات. مه‌به‌ستم له‌وه‌یه ‌که ‌ئێمه ‌هەموو ڕۆژێک لێره‌دا بۆ ماوه‌یه‌کی دوورودریژ دائه‌نیشین و ئێستاش وا لێره‌دا دانیشتووین و هیچ جیاوازییه‌ک ڕووی نه‌داوه‌. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ ماکس که‌ وه‌ک من پیره‌مێردێکی لێکه‌وته‌یت و ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌یه‌ که‌ وه‌کو من جوان نانوێنیت.

ماکس: من ئێستا هه‌ست ده‌که‌م زۆر سه‌رمامه‌.

چارلی: هه‌روه‌ها منیش… ده‌ڵێی هه‌وای به‌فره.

ماکس: هیچ هۆیه‌ک شک نابه‌م وامان لێبکات له‌وه‌ زیاتر چاوه‌ڕوان بکه‌ین.

(چاوه‌ڕوان ده‌کات… چارلی وه‌ڵام ناداته‌وه‌)

تۆ ئه‌ڵێی چی؟

(چارلی وه‌ڵام ناداته‌وه. ده‌مانچه‌که ‌له ‌گیرفانی ده‌رده‌هێنێت و به‌ده‌ستییه‌وه ‌ده‌یگرێت به‌بێ ئه‌وه‌ی سه‌یری بکات)

ده‌بێ ئه‌و رێگایه ‌هه‌ڵبژێرین که ‌کاره‌که‌ی پێئه‌نجام ئه‌ده‌ین.

چارلی: پێم وایه ‌بڕیارمانداوه‌.

ماکس: نه‌خێر. مه‌به‌ستم ئه‌وه ‌نییه‌. ئه‌وه ‌هیچ هه‌ر به ‌ده‌مانچه‌. به‌ڵام مه‌به‌ستم… ئه‌وه‌یه‌ شێوازی تر زۆره‌.

چارلی: وایه.

ماکس: له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌بێت بڕیار بده‌ین.

چارلی: وایه‌.

ماکس: هه‌ریه‌کێکمان ده‌توانێت بۆ خۆی به‌کاربهێنێت یان هه‌ر یه‌کێک له‌ ئێمه‌ ده‌توانێت بۆ ئه‌وه‌که‌ی تر و دوا جار بۆ خۆشی. ده‌زانیت مه‌به‌ستم چییه‌؟

چارلی: به‌ڵێ ده‌زانم مه‌به‌ستت چییه‌؟

ماکس: یه‌کێکیان چاودێریمان ده‌کات.

چارلی: ئۆو! ڕاسته‌.

ماکس: هه‌ر دووانه‌که‌ن. تۆ له‌و باوه‌ڕه‌دای خۆیانمان تێهه‌ڵقورتێنن؟

چارلی: نازانم.

ماکس: بڕوا ناکه‌م ‌په‌یوه‌ندییان هه‌‌بێت، هه‌ر ته‌ماشا ده‌که‌ن. ئه‌گه‌ر بڕیارماندا ده‌توانین بچینه ‌ئەودیو دره‌خته‌که‌وه‌. ده‌بێ ئێستا بڕیار بده‌ین.

چارلی: وایه.

ماکس: تۆ هیچت دیاری کردووه؟

چارلی: شێوازی تر زۆره ‌ماکس!

ماکس: وایه‌.

چارلی: ده‌توانین ئه‌و ده‌مانچه ‌بۆگه‌نه ‌فڕێده‌ینه ناو ئه‌و ‌ده‌ریاچه ‌نه‌فره‌تییه‌‌وه.

ماکس: ئه‌وه ‌شێوازێک نییه‌.

چارلی: دوایی ده‌توانین بچین بۆ گازینۆکه‌ و دووکوپ قاوه ‌بخۆینه‌وه.

ماکس: ئاخر تۆ به‌وه‌ ڕازی بوویت.

چارلی: ده‌زانم ڕازیبووم.

ماکس:ئێستا ناته‌وێ به‌رده‌وام بیت له‌سه‌ری؟

چارلی: ئه‌وه‌شتێکی گه‌لۆرانه‌یه ‌ماکس.

ماکس: پێم گوتی گه‌لۆری ئه‌وه‌یه ‌لێره‌دا بێئیش دانیشیت!

چارلی: له‌وه ‌زیاترمان له‌به‌رده‌ستدایه‌ ماکس.

ماکس: چی، که‌واته ‌پێم بڵێ چیت به‌ده‌سته‌وه‌یه‌؟

چارلی: باشه‌ گه‌لێک شتی زۆر.

ماکس: وه‌ک چی؟

چارلی: شوێنێک شک ده‌به‌م سه‌رمی لێدانێم.

(ماکس ده‌نگێکی توڕه‌ی لێوه ‌دێ)

تۆش شوێنێکی وات هه‌یه.‌

ماکس: ئه‌وه ‌هه‌موو شتێکه‌؟

چارلی: له‌وانه‌یه‌ ئه‌وه ‌هه‌موو شتێ بێ. ڕه‌نگه ئه‌وه‌ ‌زۆریش بێ.

ماکس: به‌لای تۆوه‌، له‌وانه‌یه‌.

چارلی: چیت بۆ ده‌سه‌لمێ ئه‌گه‌ر مێشکت پژا؟

ماکس: ئه‌وه‌ی که ‌ئه‌توانم ئه‌و کاره ‌جێبه‌جێ بکه‌م.

چارلی: بۆ من؟ بۆت نییه ‌ئه‌وه ‌بۆ من بسه‌لمێنی ماکس. من باوه‌ڕت پێده‌که‌م که ‌ئه‌توانی به‌و کاره ‌هه‌ڵسیت.

ماکس: بۆ خۆم.

چارلی: گوێبگره ‌ماکس. کاتێک خۆت ده‌کوژیت بۆت ناکرێ هیچ شتێک به‌خۆت بڵێی. باشه، ‌ئه‌وه ‌ته‌نیا ئه‌وه‌ت بۆ ده‌رده‌خات که‌ من ده‌توانم به‌و کاره‌ ‌هه‌ڵسم. ئه‌وه‌نده‌ی که ‌تۆ بتوانیت ئه‌وه‌ بڵێیت، ئیتر هه‌وڵدان بۆ سه‌لماندنی هیچ که‌ڵکێکی نییه‌. ماکس تۆ پێت وایه‌ من له ‌ترسان پاشگەزبوومەتەوه‌؟

ماکس: به‌ڵێ ئه‌وه ‌پێویستی به‌ئازایه‌تی هه‌یه.‌

(ده‌مانچه‌که ‌ده‌رده‌خات)

چارلی: ڕاسته ‌بۆ چه‌ند چرکه‌یه‌ک.

ماکس: تۆ وه‌ک کابرایه‌کی مه‌زن و جوامێر ده‌ژیت ها؟

چارلی: نه‌خێر، ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌یه‌ حه‌ز ناکه‌م بمرم و هیچی دی.

ماکس: تۆ گوتت به‌یه‌که‌وه ‌جێبه‌جێی ده‌که‌ین.

چارلی: ده‌زانم وام گوت ماکس. ئه‌و ڕۆژه ‌به‌لامه‌وه ‌بیرێکی باش بوو بۆیه ‌پێی ڕازی بووم.

ماکس: ئێستاش هه‌ر بیرێکی باشه.

چارلی: له‌وانه‌یه ‌کۆمه‌ڵێ هه‌ناری زیاتر له ‌ژیانتدا هه‌بن ماکس.

ماکس: ده‌مت داخه‌ و به‌س باسی ئه‌و هه‌ناره ‌نه‌فره‌تییه ‌بکه‌! تۆ ئه‌ترسی! ئه‌وه ‌هه‌موو شتێکه‌! تۆ ئه‌ترسی!

چارلی: باوه‌ڕ ناکه‌م ئه‌وه ‌هۆکه‌ی بێت.

ماکس: که‌واته ‌تۆ گۆچانی سپی و قه‌ڵه‌مت ده‌وێ؟ ده‌ته‌وێ خه‌ڵکی له‌ په‌ڕینه‌وه‌دا ده‌ستت بگرن؟ ده‌ته‌وێ پێت بڵێن پیاوه ‌کوێره‌ داماوه‌که.‌

چارلی: نامه‌وێ بیر له‌وه‌ بکه‌مه‌وه.‌

ماکس: بزانه ‌تۆزێکی تر هه‌م دیسانه‌وه ‌بیر له‌وه‌ ناکه‌یته‌وه‌.

چارلی: ماکس ده‌ته‌وێ چی بکه‌م؟ ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێ به ‌شتێکی وا هه‌ڵسیت ئه‌وا هیچ شتێک نییه‌ که‌ من بتوانم ڕای بوه‌ستێنم.

ماکس: تۆ گوتت به‌یه‌که‌وه ‌جێبه‌جێی ده‌که‌ین! من نامه‌وێت هه‌ر به‌ته‌نیا ئه‌وه‌ بکه‌م.

چارلی: هه‌ر کاتێک بیر له‌وه ‌ده‌که‌یته‌وه، ئه‌وه‌ ته‌نیا ‌ڕێگایەکە.

ماکس: که‌واته ‌هه‌ر به‌ته‌نیا ده‌یکه‌م.

(گوله ‌گوله ‌ده‌ست ده‌کات به ‌پڕکردنی ده‌مانچه‌که‌)

چارلی: گه‌مژه‌ مه‌به ‌ماکس.

ماکس: تۆ گه‌مژه‌ی.

چارلی: تۆ به‌ڕاستته‌، وا نییه؟

ماکس: چۆنی ده‌بینی؟ خۆ نوکته‌ت بۆ ناکه‌م؟

چارلی: ماکس وای ده‌بینم تۆزێ بیری لێ بکه‌یته‌وه‌ و هیچی تر.

ماکس: من سێ ساڵه ‌بیری لێده‌که‌مه‌وه‌. ئه‌وه‌نده ‌به‌س نییه‌؟

چارلی: ماکس… به ‌هاوڕێی خۆتم دانانێی؟

ماکس: هاوڕێ! وام زانی هاوڕێمی.

چارلی: جا وابووه‌، ڕاستت پێده‌ڵێم. له‌مه‌وبه‌ر بیرم لێ نه‌کردۆته‌وه‌. به‌ڵام له‌ ڕاستیدا من و تۆ هاوڕێین. به‌دڵنیایی نازانم چۆن بووینه ‌هاوڕێ. به‌ڵام ئه‌وه‌تا ئێمه‌ هاوڕێین. چاکه‌یه‌کم له‌گه‌ڵ دەکه‌یت ماکس؟

ماکس: ده‌بێ ئه‌وه‌ زۆر به‌خێرایی ته‌واو بێت.

چارلی: یه‌ک ده‌قه‌ چاوه‌ڕێ بکه‌. باشه‌، تۆ بۆ سێ ساڵه‌ بیر له‌وه ‌ده‌که‌یته‌وه‌. چاکه‌یه‌کم له‌گه‌ڵ ده‌که‌یت ‌ماکس؟ ده‌توانی بۆ یه‌ک ڕۆژی تریش بیری لێ بکه‌یته‌وه‌؟

ماکس: نه‌خێر.

چارلی: یه‌ک ڕۆژی تر ماکس.

ماکس: ماندووبووم له‌بیرکردنه‌وه. ‌ماندووبووم.

چارلی: رێگه‌ت ناده‌م ئه‌و کاره‌ ‌بکه‌ی ماکس.

ماکس: چۆن ده‌توانی ڕێگام لێبگریت؟

چارلی: له‌ ماوه‌ی دوو خولەکدا هاوار بۆ ئه‌و خه‌ڵکه‌ ده‌که‌م تا به‌خێرایی به‌ده‌نگمه‌وه‌ بێن. ڕه‌نگه‌ ئه‌وان بتوانن په‌شیمانت بکه‌نه‌وه. ئه‌وه‌ت پێ چۆنه‌؟

ماکس: ئه‌وان ڕۆیشتن.

چارلی: چی؟

ماکس: عاشقه‌کانت ڕۆیشتن. چه‌ند خولەکێک به‌ر له ‌ئێستا ڕۆیشتن.

چارلی: من ئاگام لێ نه‌بوو بڕۆن.

ماکس: تۆزێکی تر به‌ته‌واوی چۆڵ ده‌بێ. ئێمه ‌ئێستا ته‌نیاین.

چارلی: یه‌ک ڕۆژی تر چی ئه‌بێت خۆ بەوە نامریت، ماکس؟

(ماکس به‌ مانای ئه‌و نموونه‌ بێمه‌به‌سته ‌پێده‌که‌نێ)

من نامه‌وێ بتخه‌مه ‌پێکه‌نین. گوێبگره ‌زۆرت لێ ناکه‌م ده‌مانچه‌که ‌فڕێـبده‌یته‌ ده‌ریاچه‌که‌وه‌. ئەگه‌ر ده‌ته‌وێ ئه‌و شته ‌نه‌فره‌تییه ‌هه‌ڵگره‌. ته‌نیا ڕۆژێکی تر بیری لێ بکه‌ره‌وه.

(چاوه‌ڕوان ده‌کات وه‌ڵام نییه‌)

ده‌زانی چی له ‌ئاره‌قخۆرەوە‌کان ده‌که‌ن؟ ناڵێن ئیتر واز له ‌خواردنه‌وه ‌بهێنن. به‌ڵکو پێیان ده‌ڵێن ته‌نیا ئه‌مڕۆ مه‌خۆنه‌وه‌؛ هه‌ر جاره‌ی ڕۆژێک. من و تۆ ده‌توانین یانه‌یه‌ک دابمه‌زرێنین بۆ ئه‌و کەسانه‌ی هۆگری خۆکوشتن بوون.

ماکس: ئێستاش وا ده‌زانی ئه‌مه ‌نوکته‌یه.

چارلی: باوه‌ڕ ناکه‌م نوکته‌ بێ، به‌ڵکو ئه‌وپه‌ڕی گه‌مژه‌ییه‌‌.

ماکس: ئه‌ته‌وێت ته‌ماشا بکه‌یت؟

چارلی: ته‌ماشا!

ماکس: که‌واته‌ ئێستا دوور بکه‌وه‌ره‌وه‌ لێره.

چارلی: باشه‌ بۆگه‌ن ئه‌ڕۆم.

(هه‌ڵده‌‌ستێ)

له‌و باوه‌ڕه‌دای لێره‌دا دانیشم و ته‌ماشات بکه‌م چۆن مێشکت ده‌پژێت. که ‌وابێ شێتی!

(چه‌ند هه‌نگاوێ ده‌ڕوات و ئاوڕ ده‌داته‌وه‌)

له‌وانه‌یه ‌نه‌توانم رێگه‌ت لێبگرم. به‌ڵام دانانیشم و ته‌ماشاشت ناکه‌م.

(چه‌ند هه‌نگاوێ دوور ده‌که‌وێته‌وه ‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌)

ده‌ڕۆم که‌سێک بانگ ده‌که‌م ماکس.

ماکس: (پێده‌که‌نێ) تا ده‌گه‌ڕێیته‌وه من لێره ‌ده‌بم.

چارلی: (به‌دڵته‌نگییه‌وه ‌ته‌ماشای چوار ده‌وری خۆی ده‌کات)

فریامان بکه‌ون؛ که‌سێک لێره‌یه؟ هه‌ر که‌سێک؟ ماکس ئێستا گوێم لێبگره‌.

ماکس: نامه‌وێت به‌ ته‌نیا ئه‌وه‌ بکه‌م.

چارلی: که‌واته ‌مه‌یکه‌.

ماکس: پێیان ده‌ڵێی؟

چارلی: چی؟ به‌ کێ؟

ماکس: له‌ هوتێله‌که‌. ئه‌مه‌یان بۆ ده‌گێڕیته‌وه‌؟

چارلی: پێویست ناکات پێیان بڵێم. تۆ ده‌به‌نگیت، بۆ خۆیان ده‌توانن له‌ ڕۆژنامه‌دا بیخوێننه‌وه‌.

ماکس: مه‌به‌ستم له‌وه ‌نییه‌، ئه‌وی تر، ئه‌و شته‌ی که ‌بۆم باسکردی.

چارلی: (دوای تۆزێ بیرکردنه‌وه‌)

ئاه! نه‌خێر، پێیان ناڵێم بۆچی ده‌بێ باسی بکه‌م؟ گوێ بگره ‌ماکس من ده‌ڕۆم. تۆ دێیت؟

ماکس: ئاره‌زوو ناکه‌م به ‌ته‌نیا بیکه‌م.

چارلی: (ورده ‌ورده‌ دوور ده‌که‌وێته‌وه‌)

ماکس ده‌ڕۆم قاوه‌یه‌ک بخۆمه‌وه‌، با ئێستا بڕۆین. ڕۆژێکی قێزه‌ونی تر ده‌بێ چ زیانێک بگه‌یه‌نێ؟

باشه ‌دوای ئه‌وه‌! به نه‌فره‌تبێ!

ده‌ی بڕۆ‌! ده‌ی بڕۆ!

(هه‌نگاوێک ده‌ڕوات و دێته‌وه‌)

ئه‌گه‌ر ڕاتـ گۆڕی خۆت ده‌زانی له ‌کوێ ده‌م بینیته‌وه‌.

(هه‌نگاوێکی تر. بێده‌نگی)

تکات لێده‌که‌م ماکس.

(ماکس له ‌ده‌مانچه‌که ‌ورد ده‌بێته‌وه ‌و دوای تۆزێ هه‌ڵده‌سێ و ده‌مانچه‌که ده‌خاته‌وه‌ ‌گیرفانی‌)

ماکس: ئاره‌زوو ناکه‌م به ‌ته‌نیا ئه‌وه‌ بکه‌م.

(به‌ره‌و چارلی ده‌ڕوات)

به‌ڵام ڕۆژێکی تریش بیری لێده‌که‌مه‌وه.‌

(ده‌ڕوات له ‌چارلی تێئه‌په‌ڕێ و له ‌چاو ون ده‌بێ)

چارلی: سوێند ده‌خۆم ماکس ڕه‌فتاره‌کانت تاڕاده‌یه‌ک نامۆن.

(له ‌دوای ماکس ده‌ڕواته ‌ده‌رێ)

په‌رده‌

 

سه‌رچاوه‌:

Hanley William

Mrs. Dally has a Lover and Other Plays

New York, Dail Press, 1963

كولتور مه‌گه‌زین. ژماره‌ ٣ – ساڵی ٢٠١٨ – ئه‌م بابه‌ته‌ له‌م ژماره‌یه‌دا بڵاوبۆته‌وه‌.