حه‌سه‌ن قزڵجی ١٩١٥ -١٩٨٥

ڕەوت و قۆناغەکانی چیرۆکی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان


Loading

پێشەکی

بێگومان یەکێک لە دژوارترین تەوەرەکانی ئەدەبیاتی کوردی، باسکردن لە ئەدەبی گێڕانەوەیی  یا هەمان “ئەدەبیاتی داستانی مۆدێڕنە”. ئەم دژوواریە بەتایبەت لە ناو ئەدەبیاتی داستانی کوردستانی ئێران زیاتر زەق دەبێتەوە. ڕەنگە هۆی ئەم دژواریەش بگەڕەتێەوە ئەوەی کە بەداخەوە تا ئەمڕۆکە کتێب یان توێژینەوەیەکی شیاومان لەسەر ئەم بەشەی ئەدەبیات نەبوو و تەنانەت مێژووی ئاسایی ئەم ڕەوتە ئەدەبییەش واتە ئەدەبی داستانی مۆدێڕن پێناسە نەکراوە، دووهەم، لە ساڵانی پێشوودا بەشێک لە کتێبە داستانییەکانی نوسه‌رانی رۆژهەڵات، لەو باشووری کوردستان چاپ دەبوون و زۆر بە دەگمەن بەدەستی خوێنەری ناو ئێرانەوە دەگەیشتن. هەر بۆیە بەشیک لەو کتێبانە ئێستاکەش لەناو خەڵک نەناسراون. سێهەم، گوتاری زاڵی ڕۆشنبیری کوردی بە گشتی و بەتایبەت ئەدەبیاتی کوردی هەمیشە گوتارێکی “شیعری” بووە، ئەم گوتارە دەرفەتی خۆدەرخستنی بە “نەسر” و بەتایبەت ئەدەبی داستانی نەداوە، دیارە گوتاری زاڵ هەمیشە بێ ئەوەی بە شێوەی ئاسایی هەستی پێبکرێت، خۆی مانا و ڕەوتی فیکری بە شێوەی هێژمۆنی لەسەر نوسه‌رو خوێنەرەکانی دەسەپێنێت، ئەوەی کە ئەم گوتارە لە مێژووی ئەدەبی کورد-دا بوونی هەیە جیگەی ڕەخنە نییە!. بەڵام نەبوونی هیچ دیالەکتیکێک لە گوتارگەلی جیاواز و بەردەوام بوونی گوتاری شێعری لە گشت ئاسە ڕۆشنبیریەکانی کورد خۆی لە خۆیدا جێگەی ڕامان و سرنجی تایبەتە. لە لایەکی ترەوە خۆی بەگوتار بوونی چەمکێکی تایبەت هەرگیز بەومانایە نییە کە تەنیا و تەنیا ئەو چەمکە بوونی هەیە. بەڵکوو بەو واتایەیە کە سیستەمی گشتی لە ژێر کاریگەری ئەم چەمکە دایە -ئەم باسە بۆ دەرفەتێکی تر دەگوازمەوە-.

بەڵام لەمەڕ ئەدەبی داستانی مۆدێڕن لە کوردستانی ئێران، ئەتوانین لە چەند ڕوانگەوە پێناسەیەک بۆ پۆلێنکردنی ئەم ڕەوتە بکەین، وەکوو باس کردن لە شێوەی بەکارهێنانی تەکنیک‌گەلی گێڕانەوە و پەرژانەسەر زانستی گێڕانەوەناسیی (Narratology)، یان باسێک لەسەر نیشانەناسیی گێڕانەوەی ( Semiotics Narrative) و هێنانە ئارای بابەتی مۆدێلی گێڕانەوە و پلۆت (Plot) (گەڵاڵە)، بێ گومان ئەم پێناسانە زۆرن و بەپێی مێتۆد و قوتابخانەی زانستی جیاوازن. بەڵام من لەو وتارەدا،  بەکورتی لە ڕوانگەی “کۆمەڵناسیی ئەدبی”یەوە و بە گریمانەی (لوسین گۆڵدمەن) ( Lucien Goldmann) سێ قۆناغ بۆ چیرۆکی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان پێناسە دەکەم. دیارە گۆڵدمەن وەکوو مارکسیستێک، ئەدەبیات لەمەڕ شێوەی هەڵسوکەوت و کاریگەریەکانی کاپیتالیزم ئەخوێنێتەوە، لە گریمانەی گۆڵدمەن خاڵی بەرچاو شوناس و کەسیەتی (کاراکته‌ر). هەڵبەت بەر لەوەی باسی ئەم سێ قۆناغە بکەم، دەبێت ئاماژەیەک بەوە بدەم کە گریمانەکەی گۆڵدمەن بەشێوەی ڕێک و بێ دەستکاری ئەم مێژوویە پیناسە ناکات. ئەمەش کێشەیەکە کە گشت ڕوانگە و گریمانەی زانستی مرۆیی رۆژئاوایی بۆ ئێمەی ڕۆژهەڵاتی-رۆژهەڵاتی جیهان- دەگرێتەوە…ئەم تەوەرە، باسێکی درێژخایەنە لەسەر فەلسفەی مێتۆد(Philosophical methodology) و فەلسەفەی گریمانەیی(Theoretical philosophy)زانست، کە دەێتەوە سەر ئەو گرفتە کە گشت گریمانەکانی ئەدەبی رۆژناوا پاڵپشتی مێژوویی لەسەر ڕەوتی ئەدەبیی خۆیانەوە هەیە، واتە ئەگەر فڵانە بیرمەند گریمانەیەک دەردەبرێت جیا لە پاڵپشتی زانستی و فەلسەفی، پاڵپشتێکی تری هەیە کە لەسەر مێژووی ئەدەبی و ئەزموونەکانی ئەدەبی خۆیانەوە زەق دەبێتەوە. ئێمەش ڕەنگە بتوانین بەتایبەت لە مۆدێلی گێڕانەوەدا و چۆنیەتی نواندنی پلۆت و چۆنیەتی فەزاسازی و بەکارهێنانی تەکنیکەکانی گێڕانەوە وەها گریمانەیەک تایبەت بەخۆمان پێک بێنین، هەڵبەت کارێکی زۆر ئەستمە و پێویستی بە ئارشیڤ سازی و مێژوونوسینەوە هەیە و دەبێت چەندین توێژەر و ئاکادێمیای لە پشت بێت.

 

بەگشتی دەتوانین ڕەوتی چیرۆکی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا بە سێ قۆناغ دابەش بکەین، هەڵبەت ئەگەر زیاتر ورد ببینەوە، ئەم قۆناغانە – بەتایبەت لەم ساڵانەی دواییدا -هەرکامە بۆخۆیان بە چەند بەش پۆلێن دەکرێن، نابێت لەیادمان بەچێت کە چیرۆک پرۆژەیەکی ناتەواوە و لە هەر سەردەمانێک خۆی بە شێوەیەک بەرهەمدێنێ، بۆیە لەم پۆلێنکردنەدا لەگەڵ چیرۆک‌ و ڕۆمانگەلێک بەرەوڕوو دەبینەوە کە ڕەنگە بەپێی ساڵی نوسینیان لە ڕیزی دەستە و قۆناغی دووەم یان سێیەمدا بن، بەڵام لەڕووی پێکهاتەی گێڕانەوەیی و زمان و ناوەرۆکی چیرۆک، بکەونەوە قۆناغی پێش، یان دوای خۆی.

 

قۆناغی یەکەم: ڕیالیزمی کۆمەڵایەتی

لوسین گۆڵدمەن بۆ ئەدەبی رۆژئاوا-هەڵبەت تا سەردەمانی خۆی- سێ قۆناغ پێناسە دەکا. گشت ئەم سێ قۆناغە لەمەڕ چەمکەکانی کاپیتالیزم و هەڵسووکەوتی ئابووری ئەو و کاریگەری ئابووری سیستەمی سەرمایەداری لەسەر مێشکی مرۆڤ دەگرێتەوە. گۆڵدمەن پێیوایە سەردەمی یەکەمی سەرمایەداری، ئابوورێک پێک دێنێت کە مرۆڤ بۆلای تاکەکەسی و (فەردییەت) ئەبات. شێوەی خۆجێی ئابووری و ئابووری ئازاد، کاریگەری حکوومەت کەمڕەنگ دەکاتەوە و ئیتر مرۆڤ خۆی وەک تاکێکی کۆمەڵایەتی لەگەڵ کێشە کۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەت ئابوور بەرەوروو دەبێتەوە. وەها چەشنێک لە کارکردی سەرمایەداری، مرۆڤێک پێک دێنێت کە هەست دەکات ئیتر تەنیا و تەنیا خۆیەتی و دەبێت خۆی خۆی رزگار بکا، واتە هیچ خوایەک و هیچ حکوومەتێک نییە کە رزگاری بکات. بۆیە کاراکتێرێک کە لە ئەدەبیات بەرهەم دێت، کەسایەتییەکە بە کێشەگەلی تاکەکەسی و ئەم کێشانەش گشتیان لە ناو کۆمەڵگادا دەبینێتەوە و لە هەوڵی وڵام دانەوە یان چارەسەریان دێت. لێڕەدایە کە بە پێناسەی گۆڵدمەن، “مرۆڤی خاوەن کێشە”(Problematic Human) خۆ دەنوێنێت. مرۆڤێک کە کێشەی هەیە و لە حەولی چارەیەک بۆ کێشەکانییەتی. گۆڵدمەن دەڵێت: “ئەم کاراکتێرە/مرۆڤە، دەستپێکی ژانرێکی مۆدێڕن بە ناوی ڕۆمانە”. فەزایی وەها چیرۆکێک، چەشنێکە لە ریالیسمی کۆمەڵایەتی (Social realism). لە ئەدەبی جیهانی‌دا ڕۆمانەکانی باڵزاک و تۆلۆستۆی و… لەم خانەیەدا جێدەگرن.

 بەم پێیە، قۆناغی یەکەمی چیرۆکی کوردی لە ئێران. لە ساڵی 1942 تاوه‌كو ساڵی (1993 دەگرێتەوە، واتە قۆناغی دامەزراندن. جێگەی ئاماژەیە کە لە مێژووی ئەدەبی جیهانیدا، ڕۆمان پێش کورتە چیرۆک سەرهەڵدەدات بەڵام لە مێژووی ئەدەبی کوردی-لە گشت ناوچەکانی- ئەم ڕەوتە بەپێچەوانەیە. هۆی بە پێچەوانەبوونی ڕەنگە لایەنی زۆر بگرێتەوە کە لەم وتارەدا دەرفەتی باسکردنی نییە.

 قۆناغی یەکەمی چیرۆکی رۆژهەڵات بە نوسینی کورتە چیرۆکی (پێکەنینی گەدا)ی حەسەن قزڵجی دەست پێدەکات، لەم قۆناغەدا کەمترین چیرۆکی کوردی تێدا دەنووسرێت. لە پاش نوسینی (پێکەنینی گەدا) و بڵاوبوونەوەی لە یەکێک لە گۆڤارەکانی ئەو سەردەمە ئیتر تا ساڵی 1980 هیچ چیرۆک و ڕۆمانی بڵاوکراوەمان نییە. هەڵبەت لە دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان، ڕحیم قازی لە دەرەوەی وڵات یەکەمین ڕۆمانی کوردیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی (پێشمەرگە) دەنووسێت و  1961ی زایینی بڵاوی دەکاتەوە، ئیتر جیاواز لەم دوو کارە، هیچ کارێکمان نییە و بێدەنگییەکی سارد و سڕ بەسەر فەزای چیرۆکی کوردیدا سێبەر دەکێشێت، ئەم بێدەنگییە لە ساڵی  (1980) بە نوسینی کۆمەڵە چیرۆکی (ئاشەوان)ی مستەفا ئیلخانی‌زادە و دواتر نۆڤێلێتی تەنزی (باقەبێن)ی ئەحمەد قازی لە ساڵی (1981) و، (بووکی گۆڕستانی کۆن)ی مەلا کەریم ڕاوچی لە ساڵی (1989) دەشکێت، بەڵام هیچ یەک لەم چیرۆکانە ئەوەندە ئاستی پێکهاتەی داستانی و گێڕانەوەیان لەسەرێ نییە کە وەکوو دەقێکی شیاوی چیرۆک چاو لێبکرێن و کەموکۆڕیی بنەڕەتیان تێدایە، واتە هیچکام لەو سێ کارە نەیانتوانی لێهاتوویی حەسەن قزڵجی لە گێرانەوەدا بقۆزنەوە سەر چیرۆکی خۆیان و لانیکەم بتوانن لە ئەزموونی قزڵجی، یان تەنانەت ڕەحیم قازی بەهرە وەربگرن. هەر لە قۆناغی یەکەمدا بەشێکمان هەیە کە وا باشە ناوی بنێینە بەشی دووەمی قۆناغی یەکەم، ئەویش لەبەر بڵاوبوونەوەی ڕۆمانی (هاوارەبەرە)ی (فەتاح ئەمیری)یە له‌ ساڵی (1991ی زایینی). ئەم ڕۆمانە بە بەراوردی سێ کاری پێشوو پێکهاتەی داستانی شیاوتری هەیە و هۆمێدمان پێ دەدات کە توانستەکانی چیرۆکی خۆمان دەربخەیەن. فەتاح ئەمیری دواتر لە ساڵی  (1993ی زایینی) ڕۆمانی (میرزا)ی لە درێژەی هاوارەبەرەدا دەنووسێت. دەتوانین تەوابوونی ئەم قۆناغە بە نوسینی ئەم ڕۆمانە ناوزەد بکەین.

 قۆناغی یەکەم لەڕووی پێکهاتەی گێڕانەوەوە، پێکهاتێکی هێڵی و یەک ڕەهەندی هەیە، کاراکتێرەکانی، کەسایەتیی ساکارن و نوسه‌رهەوڵی دەروونناسانەی بۆ پێکهێنانی کەسایەتی نییە و زیاترین ناوەرۆکی چیرۆک، ڕەخنە لە کۆمەڵگەی نەخوێندەوار و فێئۆدالیزم و دەربەگایەتیی ناو کوردستانە. بەگشتی ئەم قۆناغەی لەژێر چەمکی (ڕیالیزمی کۆمەڵایەتی) دەتوانین پێناسەی بکەین. تەنانەت سووژەی چیرۆکی ئەو سەردەمانە هەر سووژەی واقیعی ژیانی کۆمەڵایەتی بوو و کەسەکان و ڕووداوەکان زۆر جار کەس و ڕووداوی ڕاستەکی بوون. کاراکتێر، کەسیەتێکی خاوەن کێشەیە کە لە حەولی چارەسەری گرفتەکانی کۆمەڵگادایە و خۆ وەکوو ڕەخنەگرێک لەمەڕ ژیانی واقیع پێناسە دەکا. وەک ئەوەی ئاماژەمان‌دا، لەم قۆناغەدا جیاواز لە (پێکەنینی گەدا) و ڕۆمانی (پێشمەرگە)، تەنیا کاری بەرچاو لەڕووی پێکهاتەی چیرۆک دوو ڕۆمانی فەتاح ئەمیرییە کە کاریگەریی ڕۆمانەکانی (مەحموود دەوڵەت‌ئابادی)، بەتایبەت ڕۆمانی (کەلیدەر) و (جێگای بەتاڵی سلووچ)یان بەسەرەوە دیارە. ئەم قۆناغە ئەگەرچی لە پێکهاتەی داستاندا بەهێز نییە، بەڵام لەڕووی داڕشتن و زمانی کوردییەوە شتێکی بێوێنەیە، واتە گشت چیرۆکنووسانی ئەم قۆناغە کوردیزانێکی لێهاتوو بوون و زمانی کوردیان بە جوانترین شێوە لە کارەکانیان نواندووە.

قۆناغی دووهەم: چیرۆکی مۆدێرن

 

قۆناغی دووهەمی ئەدەبی لە ڕوانگەی گۆڵدمەن، هەڵگری چەشنێکی تر لە پێناسەی کاراکتێرە. سیستەمی کاپیتالیزم لە قۆناغی دووهەمی خۆیدا شێوەی کارکردی ئابووریەکەی لەسەر تاکەکەسی زەق نابێتەوە و چەشنێک لە تایبەتمەندی دەگرێتە بەر، واتە ئابوورێک کە تایبەت کراوەتەوە بە گرووپ یان برەندێکی(Brand) تایبەتەوە، ئیتر لە سیستەمی ئابووری ئەم قۆناغەدا، تۆ تاک نابینی، بەڵکوو لەگەڵ هەژمارەیەک ناو و گرووپ و برەندی ئابووری بەرەورووی، هەر بۆیە کاراکتێرێک کە لە چیرۆکی ئەو سەردەمەدا دەخوڵقێت بە ڕوانگەی گۆڵدمەن، وەک ئەوە دەچێت کە لە چارەسەری کێشەکانی کۆمەڵگا ناهۆمێد بووە و نازانێت هۆی کێشەکان چین تا بە شوێنیان کەوێت و چارەیان بکات- چوون سیستەمی ئابووری برەند، گشت چەمکەکان دادەبۆشێت-، چەشنێک لە سەرگەردانی و نیگەرانی بە هۆی نەناسینی “هۆی کێشەکان” لە دەروونی ئەم کاراکتێر/مرۆڤە پێک‌دێت، بۆیە زیاتر لەوەی باسی کۆمەڵگا بکا، باس لە دەروونی خۆی دەکا، وەک ئەوەی کێشە و قەیرانەکە لە ناو خۆیدا بێت. بە وتەی گۆڵدمەن لێڕەدا چیرۆکی (دەروونناسانە) دێتە ئاراوە، چیرۆکێک کە کاراکتێرەکانی سەرقاڵی یەکجار زۆریان لەگەڵ دەروونی خۆیانە و کەمتر وەهایە باسی جیهانی دەرەوە بکەن یان ئەگەر باسیشی بکەن، جیهانێکی تاریک و ڵێڵە و هەمیشە خەریکی ڕا کردن و دروو کەوتنەوە لەم جیهانەن. بۆیە زیاتر (مۆنۆلۆگ) ئەبیندرێت، فەزاسازی ئەم چەشنە چیرۆکە، فەزای سارد و سڕ و لێڵ و نامۆیە. ئەمە لایەنێک لە (چیرۆکی مۆدێڕنیستی)یە، واتە هاوتەریب لەگەڵ تاکبوون و خاوەن کێشە بوون-کە خسڵەتی بنەڕەتی چیرۆکە-لایەنێکی دەرووناسانەش بۆ کاراکتێر دێتە ئاراوە. ئەم چەشنە کەسایەتییە، لە قۆناغی دووهەمی چیرۆکی رۆژهەڵات‌دا بەدی دەکرێت. -هەڵبەت تەواو کۆ و گشت چیرۆکنووسەکان ناگرێتەوە، لەسەرەتا باسم کرد ڕەنگە گریمانەکەی گۆڵدمەن تەواو کۆ بۆ پێناسە کردنی چیرۆکی کوردی نەبێت بەڵام لایەنێکی زۆرمان بۆ روون دەکاتەوە-.

 قۆناغی دووهەم لە ساڵی (1993) دەستپێدەکات و تا ناوەڕاستەکانی دەیەی  سەرەتای ساڵی  2000  درێژەی هەیە، دەتوانین دەسپێکی ئەم قۆناغە بە بڵاوبوونەوەی کۆمەڵە چیرۆکی (زریکە)ی عەتا نەهایی ناودێر بکەین. عەتا نەهایی لەم کۆمەڵە چیرۆکە و دواتر کۆمەڵە چیرۆکی (تەنگانە)دا هەوڵی داوە لە فەزا و پێکهاتەی ساکاری قۆناغی یەکەم دەرباز بێت و شێوەیەکی نوێ لە گێڕانەوەی چیرۆکی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستەبەر بکا، ئەم چیرۆکانەی عەتا نەهایی کە بە چەشنێک کاریگەریی ئەدەبی فارس، بەتایبەت (هووشەنگ گۆڵشیری)یان پێوە دیارە، بووژانەوەی چیرۆکی رۆژهەڵات لەو سەردەمەدایە. هەر لە قۆناغی دووەمدا، دوو ڕووداوی بەرچاومان هەیە کە جێگەی خۆیەتی باسی لێوە بکرێت. یەکیان دەگەڕێتەوە ساڵی  1996 لە شاری بۆکان، دەستەیەکی پێنج کەسی لە چیرۆکنووسانی گەنج، کە ئەزموونی خوێندنەوەی چیرۆکی مۆدێرنیستییان هەبوو و لەگەڵ شێوازی چیرۆکنووسی جیهانی تاڕادەیەک ئاشنا بوون، کۆرێک پێکدێنن بەناوی (کۆڕی خۆر)، ئەم پێنج کەسە لە هەوڵی نوێکردنەوەی چیرۆک و دەربازبوون لە شێوە گێڕانەوەکانی قۆناغی یەکەم دان. ئەم پێنج کەسە کە هەموویان ئەزموونی چیرۆکنووسییان هەبوو، بریتین لە “بریا کاکەسووری، حەمەدئەمین شامحەمەدی، عەلی غوڵامعەلی، ڕەحیم عەبدولڕەحیم‌زادە و سولەیمان عەبدولڕەحیم‌زادە”. کۆڕی خۆر، دوو بوڵتێن لە چیرۆکی، نوسه‌رانی نوێ بڵاودەکەنەوە و لەسەر باسکردن لە چیرۆکی کوردی بەردەوام دەبن. بریا کاکەسووری یەکێک لە ئەندامانی سەرەکیی ئەم کۆڕە ساڵی  (1998کۆمەڵە چیرۆکی (سیاسووت) بڵاودەکاتەوە، حەمەدئەمین شامحەمەدی هەر ئەو ساڵە کۆمەڵە چیرۆکی (قەڵا) بڵاودەکاتەوە و کۆمەڵە چیرۆکی (چارەنووسی تاپۆکان)ی سولەیمان عەبدولڕەحیم‌زادەش هەر لەم خانەدا جێگە دەگرێت. بەگشتی فەزای نوسینی ئەو دەستەیە فەزایەکە کە دێتە ژێرخانەی چیرۆکی مۆدێڕنیستی. پێکهاتە و فۆرمی پێچەڵاوپێچەڵ، سەرەکی بوونی مۆنۆلۆگ بە جێگەی دیاڵۆگ، وەسفی دەروونناسیی کەسایەتییەکان، وەسفی زۆریی فەزای داستان و ڕەخنە لە جیهانی بێ مانا و هەوڵێک بۆ دۆزینەوەی مانا، تێمی سەرەکیی فۆرم و پێکهاتەی ئەم چەشنە چیرۆکانە بوو. کاریگەریی کەسانێک وەکوو سادق هیدایەت، کافکا، سارتەر و سامۆئێل بێکێت بەسەر نووسراوەکانی ئەم دەستەیەوە دیارە.

ڕووداوی دووەمی قۆناغی دووەم دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (1998) کە کۆمەڵە چیرۆکی (مزگێنی)ی محەمەد ڕەمەزانی بڵاو دەبێتەوە. تەکنێکی نوسینو پێکهاتە و ڕاوێژی کاراکتێرەکانی ڕەمەزانی، چەشنێکی تایبەتە و لەسەر بەشێک لە چیرۆکنووسانی گەنجی ئەو سەردەمە کاریگەریی هەبوو. محەمەد ڕەمەزانی کە بەداخەوه جیا لەم کۆمەڵە چیرۆکە کاری تری بڵاو نەکردوە، یەکێک لە باشترین چیرۆکنووسانی ئێمە بوو کە ئێستا دەستی کێشاوەتەوە و زیاتر سەرقاڵی کاری وەرگێڕانە. ئەگەر فەتاح ئەمیری لە قۆناغی یەکەمدا لەژێر کاریگەریی ئەدەبیاتی (دەوڵەت ئابادی)دا بوو و عەتا نەهایی لە کۆمەڵە چیرۆکی (تەنگانە)دا لەژێر کاریگەریی گۆڵشیری، ئەوە محەمەد ڕەمەزانی لە (مزگێنی)دا هەوڵی سەربەخۆیی زیاتر دەدا کە لەم کاریگەرییەی چیرۆکی فارس کە ساڵانێک بوو لەگەڵمان بوو دەرباز بێت، بۆیە زیاتر پێکهاتە و فۆرمی نووسراوەکانی ڕەمەزانی بە چیرۆکی بیانی نزیکترە تا چیرۆکی فارسی. لە ناوەرۆکیشدا هەوڵی ئەوەی داوە مۆرکی کوردیی پێوە دیار بێت.

 قۆناغی دووەم بەدڵخۆشییەوە بەرهەمی زۆری تێدا چاپ بوو و ئیتر ئەو وەستان و بێدەنگییەی قۆناغی یەکەم بۆ هەمیشە نەما. هەر لەم قۆناغەدا، ناسر وەحیدی لە پێشدا ساڵی (1995) کۆمەڵە چیرۆکی (خەوەڕاو) بڵاو دەکاتەوە و پاشان کۆمەڵە چیرۆکی (هاوار) و (خەونەکانی ئیقلیمی با) لە ساڵی (1997)، دەنوسێت. ڕۆمانی (شاربەدەر)ی حسێن شێربەگی لە ساڵی  (1998 ) بڵاودەبێتەوە و دوو ڕۆمانی (بڵیند و نەوی) خاتوو نەسرین جەعفەری و (هەزار ئەشکەوتی) عومەر مەولوودی لەو ساڵەدا چاپ دەبن. هەڵبەت ئەم دوو ڕۆمانە-(بڵیند و نەوی) و (هەزار ئەشکەوتی)- هەرچەند بەپێی ساڵی چاپ لەناو قۆناغی دووەم دان، بەڵام لەڕووی پێکهاتە و دەربڕینەوە زیاتر لە چوارچێوە و تایبەتمەندیی ڕۆمانی قۆناغی یەکەمدا پۆلێن دەکرێن. دەبێت ئاماژە بکەم، ئەمە بە هیچ شێوەیەک بە مانای کەموکۆڕ بوون بۆ ئەم دوو بەرهەم نییە، بەڵکوو مەبەستم لە پێکهاتە و شێوە داڕژشنی فەزای ئەم دوو ڕۆمانەیە، یانی وەک کارەکانی تر کاریگەریی چیرۆکی مۆدێڕنیستییان پێوە دیار نییە.

قۆناغی سێهەم: فرە ژانر و پێکهاتە

 

قۆناغی سێیەم‌، کەلە ساڵی  (2006)یەوە دەستیپێکردووە تا ئێستاش بەردەوامە، لەم قۆناغەدا لەگەڵ شێوازێکی جیاواز لە پێکهاتەی گێڕانەوە و ناوەرۆک و لەحن بەرەوڕوو دەبینەوە، بەڵام بەگشتی ئەم قۆناغە لە پێکهاتەی ساکاری قۆناغی یەکەم و جیهانی تەم و لێڵی قۆناغی دووەمدا لە زۆربەری بەرهەمەکان دەرباز بووە و نوسه‌رەکان هەوڵی ئەوەیان داوە ئاورێکی نوێ لە سووژەکانی کۆمەڵگای کوردی بدەنەوە، هەر لەپێناو ئەم مەبەستەشدا (فرەگوتاری، کاراکتێری جیاواز لە گشت چینەکانی کۆمەڵگا و چەند ڕەهەندی خوێندنەوەمان) هەیە، بۆ نموونە هەندێ نوسه‌رسەرنجی تایبەتیان بە توانستە گێڕانەوەیەکانی ئەدەبی زارەکی کوردی نیشان داوە، وەکوو عەتا نەهایی لە ڕۆمانی (گوڵی شۆڕان)دا کە تێمی چیرۆکەکەی لە بەیتی (لاس و خەزاڵ) وەرگرتووە و لەناو چیرۆکێکی ئەمرۆییدا دایدەڕێژێتەوە، واتە کەڵکوەرگرتن لە فۆلکلۆری کوردی بۆ بەرهەمهێنانی چیرۆکی مۆدێڕن، یان سەید قادر هیدایەتی لە ڕاوێژی مەزهەبی و خانەقایی کە لە مەحفلی دەروێشانەی کوردیدا ئەبیسترێت، بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی (تۆقی عەزازیل) کەڵک وەردەگرێت و لە ڕۆمانی (گابۆڕ)دا تەکنیکێکی تایبەت لە بەکارهێنانی کەرەستەی (گێڕەوە) نیشان ئەدات کە لە جێگەی خۆیدا بێ وێنەیە. جیاواز لەم بەرهەمانە ئەتوانین بە سێ کۆمەڵە چیرۆکی بریا کاکەسووری بە ناوی (تابووتی تەمەن)، (سەفەرنامەی دۆزەخ) و (مەرگەژین) ئاماژە بکەین کە لە بەرهەمە بەرچاوەکانی کورتە چیرۆکی ئێمەن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. یەکێکی دیکە لە باشترین بەرهەمەکانی ئەو ساڵانەی دوای کۆمەڵە چیرۆکی (پاشای تەنیایی)یە لە نوسینی عەلی غوڵامعەلی، ئەم بەرهەمە بە باشی توانیویەتی فۆرمی کورتە چیرۆک بە پێکهاتەی بەهێز و زمانێکی سرنجڕاکێش نیشان دات. کۆمەڵە چیرۆکەکانی (پیاوێکی ریش خەنەیی) عەزیز مەحموودپووریش یەکێک لە بەرهەمە باشەکانی کورتە چیرۆکی ئێمەن لە قۆناغی سێیەمدا.

لە قۆناغی سێیەمی ڕەوتی چیرۆکنووسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ئەوە خاڵەی جێگەی تێرامانە، ئەوەیە کە هەمانە بە بنزاراوەیەکی تایبەت چیرۆکی نووسیوە، وەک سەراجئەددین بەناگەر، چیرۆکنووسی سنەیی لە کۆمەڵە چیرۆکی (چاوشارەکێ) و ڕۆمانی (قولولولوو)دا کە بە بنزاراوەی ئەردەڵانی دایڕشتووە. فەروخ نێعمەتپوور لە زمانێکی فەلسەفی بۆ گێڕانەوەکانی سوود وەردەگرێت، بەتایبەت لە ڕۆمانی (باڵندەی بریندار، ماسی سەرسام). یەکێکی دیکە لە ڕۆماننووسە باشەکانمان (شارام قەوامی)یە کە سێ ڕۆمانی بەناوەکانی (سوەیلا، بیربا و پاڵتاوشۆڕ)ی هەیە و کۆمەڵە چیرۆکێک بە ناوی (مێژووییترین زامی دایکم )کە لە بەرهەمەکانی پێشوویەتی، قەوامی یەکی لە باشترین نوسه‌رانی ڕۆژهەڵاتییە کە زانستێکی تایبەتی لەسەر پێکهاتەی چیرۆک و ڕۆمان هەیە و ئەم زانیاریەش لەسەر بەرهەمەکانی ڕەنگیداوەتەوە. کامران حامیدی لە سێ رۆمانی (زینوی بەتەم)، (گۆمی بەردەلانکێ) و (مان و نەمان) ڕەهەندەێکی جیاوازی لە ڕۆمانی مێژوویی بۆ رۆژهەڵات خوڵقاندووە، بریا کاکەسووری لە رۆمانی (چریکە و تاریکستانی ساڵە سپییەکان)دا لە تەکنیکی (مێتافیکشێن) بۆ گێڕانەوە سوودی گرتوە. مەنسوور حامیدی لە ڕۆمانی (دوورە دەراوی سوورە چۆم)دا هەوڵێکی شایانی بۆ ڕۆمانی پۆست مۆدێڕن داوە.

لە کۆتاییدا جێگەی خۆیەتی ئاماژەیەکی گشتی بە نوسه‌رە گەنجەکان بکەم، کە لە ڕاستیدا دڵخۆشیی داهاتووی چیرۆکی کوردین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. یەک لەو کەسانە عەلی حوسێنی لە سەقز بە ڕۆمانی (کەتنگە) و (سەفەرەکانی شەوبا)یە کە ئەم دوایین ڕۆمانەی ساڵی  (2017) بڵاوکردەوە. ڕزگار لوتفی بەرگی یەکەمی ڕۆمانی (نیشتمان) و سێ کۆمەڵە چیرۆکی تا ئێستا بڵاو کردۆتەوە. خانم شەپۆل مەجیدپوور بە کۆمەڵە چیرۆکی (ئەو نامانەی هەرگیز نەخوێندارنەوە) لە پێشدا وەکوو دەنگێکی نوێی چیرۆکنووسی ژنان خۆی ناساند و لەم دواییانەدا سێ نۆڤێڵتی لە کتێبکدا بە ناوی (حکوومەت نیزامی) و چیرۆکێکی درێژ بەناوی (ملوانکەکانی دایکم) کە چیرۆکێکە بۆ منداڵان و ڕەخنە لە تەڵاق و جیایی خێزانەکان دەگرێت، بڵاو کردۆتەوە. خانمی پەری کەریمی‌نیا یەکێ لەو نوسه‌رە پڕ کارانەیە کە تا ئێستاکە. ڕۆمانی (هەموو ڕێگاكان دەچنەوە قڕەجار) و سێ کۆمەڵە چیرۆکی (کێ لە من و ڤیرجینیا وۆڵف دەترسێت)، (قاوەکان خراپ سەفەر دەکەن)و ( قەست و نییەتمە هەنارێک بسمیل بکەم)ی بڵاوکردۆتەوە. سەدیق ڕەسووڵی کۆمەڵە چیرۆکی (سەیدەوان)ی لە چاپ داوە کە چیرۆکی سرنج ڕاکێشی تێدان. هێمن عەبدوڵاپوور لەو گەنجە چیرۆکنووسانەیە کە داهاتوویەکی باشی بۆ پێشبینی دەکرێت. هێمن ساڵی 2012 کۆمەڵە چیرۆکی (دەنگە دەنگی بێدەنگی) و ساڵی  (2017) کۆمەڵە چیرۆکی (با زۆر شت لەگەڵ خۆی نابا)ی بڵاو کردۆتەوە، هیوا قارەمانی ساڵی(2017) کۆمەڵە چیرۆکێکی بەناوی (نیار)ی بڵاو کردۆتەوە، کە زمانی گێڕانەوەیەکی تایبەتی هەیە، خانم چنوور سەعیدی لە سنە دوو کۆمەڵە مینیماڵی بەناوی (هەناسەی پێخەفە داخراوەکانی ئەبەدی) و( تەنیا خەمی گوڵە مێخەکەکانمە) تا ئێستا بڵاو کردۆتەوە. خانم سارا سادق‌زادە ساڵی  (2016) ڕۆمانی (ئاسمانێکی بێ مەودا) و کۆمەڵە چیرۆکی (ئەم چیرۆکانە زۆر ژنانەن) بڵاوکردەوە.

بێگومان چیرۆکنووسانی‌ تر هەن کە دەرفەتی ئاماژە پێدانیان لەم گوتارە کورتەدا نییە و ڕەنگە شێوەیەکی تایبەتیان بۆ گێڕانەوە- لانیکەم لە چیرۆکی رۆژهەڵاتدا- پێ بێت. ڕەخنە و خوێندنەوەی چیرۆکی هەر یەک لەو نوسرانەی لەم وتارەدا باسمانکرد گوتار و دەرفەتێکی تایبەتی دەوێت و ڕەنگە نەتوانین بە وردی ئاماژە بە گشت لایەن و ڕەهەندەکانی گێڕانەوەی تاکەتاکەی ئەمانە بکەین.

تێبینی:

*ئەم وتارە بە فارسی لە سێ ژمارەی (1142، 1144 و 1150) رۆژنامەی (قانون)ی تاران، بڵاوکراوەتەوە.

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.

 

ئێمه‌ له‌ تێلگرام

https://t.me/Cultureproject
https://t.me/Cultureproject

https://t.me/Cultureproject