کولتور لە جیهانی شلۆکی مۆدێرندا – گفتوگۆ لەگەڵ زیگمونت باومان –

 

سازکردنی: کەی شولەر

وەرگێڕانی لە سویدیەوە

ئەو پێی وایە کە دەبێت ڕێگەچارەی باشتر بۆ هەڵسەنگاندن و پێوانەکردنی سەرکەوتن و خۆشگوزەرانی بدۆزینەوە، نەوەک تەنها پشت بە گەشەکردن و تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی ببەستین. بە بۆچوونی سۆسیۆلۆژ (زیگمونت باومان)، گواستنەوە و گۆڕانکاریەکان ئاسان نین، بەڵام بەشی خۆیشیان هیوابەخشن.

چی جار لێی پرسرا بێت: پێشبینیت چیە بۆ داهاتوو؟ هەمیشە وەڵامەکەی ئەوە بووە کە ئەو ناتوانێت پێشبینی بکات. پاش ٦٥ ساڵ سەرقاڵبوونی لە کایەی کۆمەڵناسییدا، پاش ئەو هەموو شیکاری و تیۆریزەکردنە بۆ گۆڕانەکانی کۆمەڵگە و بزوتنەوە مرۆییەکان، ئەو تەنها دەتوانێت قسە لەسەر مێژوو، هەروەها ئەوە بکات کە لە ئێستادا دەگوزەرێت، نەوەک ئایندە. ئەو دەڵێت: ((سۆسیۆلۆژەکان میتۆدی زۆر باشیان پێیە بۆ شیکردنەوەی تەوژم و کەڵکەڵە باوەکانی هەنوکە)). ڕاستە ئەم پیاوەی کە لە بەردەمی مندا دانیشتووە قاتێک جلی ڕەشی لەبەردایە و قژێکی سپی لولی زۆر جوانی هەیە، بەڵام پێغەمبەریش نییە.

  • ئایندە بوونی نیە، داهاتوو شتێکە مرۆڤەکان درووستیدەکەن و لەسەر بڕیارەکانی مرۆڤ بەندە، بڕیاڕگەلێک کە ئێمە هیچیان لەبارەوە نازانین. تاکە جیاوازیمان لە ئاژەڵان ئەوەیە کە ئێمەی مرۆڤ دەتوانین هەڵبژێرین، زمانێکمان هەیە کە دەتوانین لە ڕێگە و بەهۆیەوە بڵێین نا! ئێمە دەتوانین بە خەیاڵ، فانتازی بوونەوەرەکانی ئایندە بکەین، لێ ئەوەیش خۆی پاشکەوتە و ڕەنگدانەوەی لەسەر داهاتوومان دەبێت.
  • ڤاکلاڤ هاڤێل زۆر شیعرییانەتر ئەم گرفتەی داڕشتووە: ((بۆئەوەی پێشبینی ئایندە بکەین، دەبێت بزانین خەڵکی دەتوانن چ گۆرانیەک بڵین و بە چ موزیکێک بێنە سەما)). بەڵام گرفتەکە لەوەدایە کە هیچ شێوە و فۆرمێک نیە تا بەهۆیەوە پێشبینی ئەوە بکەین کە داخۆ سبەینێ، نەتەوە لە چ ئاوازێک دەخوێنێت و دەخوازێت چ گۆرانیەک بچڕێت.
زیگمونت باومان
زیگمونت باومان

زیگمونت باومان یەکێکە لە دیارترین کۆمەڵناسەکانی کۆتایی سەدەی بیست. ئەو مانای بە بڕێکی زۆر لەو چەمکانە بەخشیوە کە لەمڕۆدا بوونەتە کەرەستە و تفاقی باوی شیکارکردنی کۆمەڵایەتی: مۆدێرنە، پۆستمۆدێرنە، جیهانی شلۆکی مۆدێرنە و دواهەمینیشیان پریکاریا: پریکاریا وەک کۆمەڵێکی  گەورە لە مرۆڤ کە سەر بە توێژ و لایەنی جیاوازی کۆمەڵگەن و دۆخێکی کۆمەڵایەتی شلۆک و پڕ لە مەترسی دەژین.

دیارە پرسیارکردن لەم پڕۆفیسۆرە میهرەبانە کارێکی هەروا ئاسان نیە. بەرلەوەی لێکچەرەکەی دەستپێپکات، لێکچەرێک کە بەشێوەیەکی زۆر باش گفتوگۆ لەسەر بنچینەکانی دەکات، لێم دەپرسێت: دەتەوێت باسی چی بکەیت؟ لێ هێشتا من هەر فریانەکەوتوم وەڵامی بدەمەوە. ڕەنگە ئەوە زیاتر پەیوەندی بە تەمەنەوە هەبێت، چونکە ئەو نەوەیە لە مامۆستایانی وەکو باومان، بەهۆی شارەزایی خۆیانەوە دەتوانن هەموو پرسیارەکان بکەنەوە بە جۆرێک لە مۆنۆلۆگ.

دیارە باومان بەتەنها ئەکادیمیەکی بیرتیژ نیە، بەڵکو گێڕەرەوەیەکی قسەخۆشیشە.

کەواتە با واز لە ئایندە بهێنین و لەجیاتی ئەوە قسە لەسەر ئێستا بکەین. نزیکەی هەفتەیەک لەمەوبەر، رۆژنامەی (SvD) وتارێکی باومانی بڵاوکردەوە کە باس لە کڕین دەکات وەک شوناس و هۆکاری پشتەوەی گێرەشێوێنی و پشێویەکانی لەندەن.

  • هەر بەڕاست، بۆچی کڕین کێشەیەکی ئەوەندە گەورەیە؟

باومان: پرسیارە سەرەکیەکە ئەوەیە کە ئایا خودی بەکاربردن و خەرجزۆری (کۆنسەمشن) چیە؟ با یەک نمونە بهێنمەوە. کە من مناڵ بووم،  خەڵکی کە دەڕۆیشتن بۆ ئەو شوێنانەی ئێستا پێیان دەڵێن بازاڕی جلکڕین تا جلوبەرگی نوێ بکڕن، تەنها ئەو کاتە دەچوون کە ئیدی جلە کۆنەکانیان دڕابوون و بەکەڵکی ئەوە نەدهاتن لەبەری بکەن. مرۆڤی ئەو کاتە لە کاتێکدا پۆشاکێکی نوێیان دەکڕی کە کۆنەکانیان بەبەریانەوە نەما بوو. بەڵام ئەمڕۆ ئێمە بەهۆی کڕینەوە بە دوای شوناس و جەختکردنەوە لە بوونماندا، دەگەڕێین.

بەر لە هەر شتێک، ئەم مەسەلەیە لەبەر دوو هۆکار مەترسیدارە. یەکەم، ئەوەی کە لە لەندەن بینیمان مانای وا بوو کە ئیدی ناکرێت بەو شێوازە کۆنەی کە هەبووە و باو بوو، کێشە کۆمەڵایەتیەکان چارەسەر بکەین. دووەم، دەبێت بپرسین کە داخۆ ئەم سەر ئەستێرەیەی ئێمە، بەرگەی چەندە کاڵا و چەندی تر کڕین دەگرێت. ئێمە وەک مرۆڤ بەشی خۆمان زۆر زۆرین، ١٠ ساڵێکی تر ژمارەی دانیشتوان لەسەر زەوی دەگاتە ١٠ ملیار کەس، ئەم ئەستێرەیە چۆن بەرگەی ئەو ئاستە لە بەرهەمهێنانی کاڵا و کڕین، دەگرێت؟

  • خەڵکی حەزیان بەکڕینە، هەر ئەوەیشە کە وادەکات پڕۆسەی بەرهەمهێنانی کاڵا، خێرا و خێراتر بێت. ئەی ئەڵتەرناتڤ چیە؟

باومان: بەڵێ. بەڵام ئایا مەبەستی من لە ژیانی خەرجزۆری و بەکاربردن چیە؟ پێشتر ئێمە وا ڕاهاتبووین ئاستی خۆشگوزەرانی خۆمان بە لۆژیکی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (BNP) بپێوین. گەر تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیمان هەڵکشا، کە بۆ خۆی مانای وایە شتی زیاتر و زیاتر بەرهەمدەهێنین و کاڵای زیاتر لەناودەبەین، ئەوە مانای وایە ئێمە ڕووە و پێشەوە گەشە دەکەین. بەڵام گەر تێکڕای بەرهەمی ناوخۆ داکشا و گەیشتە سفر، یا خوانەخواستە کەوتە ژێر سفرەوە، ئەوا ئیتر دەبێت بە کارەسات و شڵەژان، بە خەمۆکی و قەیرانێکی گەورە. ئەی چی بکەین؟

لەبنەڕەتدا پرسیارەکە پەیوەندی بە مێنتاڵتیەوە هەیە. ئێمە ئێستایش لەوەدا چەقمان بەستووە کە ئاستی خۆشگوزەرانی و خۆشحاڵی خۆمان بە ئاستی زیادبوونی گەشەکردنەوە، بپێوین. ئەو دۆخانەی تر کە دەشێت پێیان بگەین یا ئەو شتانەی کە بە پارە نین، بەهەند وەرناگیرێن. یەکێک لە پارادۆکسەکان ئەوەیە کە کاتێک ئۆتۆمبێلەکانمان دەشکێت یا نەخۆشدەکەوین و دەچین بۆ خەستەخانە، ئیدی ئاستی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی زیاد و گەشە دەکات، بەڵام گەر بچیت یارمەتی دراوسێکەت بدەیت لە چاککردنی باخەکەیدا، ئەوا هیچ گۆڕانکاریەک لە تێکڕای بەرهەمی ناوخۆییدا، ڕوونادات.

دەمەوێت بێمە سەر پرسیارەکەی دووەمت، چونکە دەتەوێت بزانین کە ئایا دەبێت چی بکەین؟ ئێمە لە سەردەمێکی مەترسیداردا دەژین، تراوما و قوربانیەکی زۆریش چاوەڕێمان دەکات.

بەڕای من ئاسان نابێت، چونکە بۆ چەندین دەیە باوەڕمان بەو بۆچوونە ساویلکەیە بوو کە موڵک و دەستکەوتەکانمان لێنەبڕاوانە و بەردەوام، هەر زیاد و گەشەدەکەن. ئێستا بۆ یەکەمین جارە کە تێبگەین لەوانەیە ئەمە وا نەبێت. پێویستە شێوازی دیکە بۆ پێوانەکردن و هەڵسەنگاندنی ژیانی باش و شادومانی، بدۆزینەوە.

باومان
باومان
  • بەڕای تۆ کام سیاسی و سەرکردە لەبارن بۆ نوێنەرایەتیکردنی خۆڕاگریی؟

باومان: ئەزیزم کای شولەر، بیر لەوە بکەرەوە کە بەر لەوەی تەمەنی بگاتە ١٠٠ ساڵ، داربەڕوو شەتڵێکی زۆر زۆر بچوک بووە. هەموو زۆرینەکانی ئەمڕۆیش ڕۆژگارێک کەمینە بوون، گەر وا نەبووایە، ئێستا من و تۆ لە جیاتی ئەم تەلارە قەشەنگە، لە ئەشکەوتێکدا چاومان بەیەک دەکەوت.

  • تۆ بڕێکی زۆر کتێبت نووسیوە، نزیکەی ١٠ دانەیان بە سویدی هەن. بە کۆ، هەموویان چەند کتێبن؟

باومان: تایبەتمەندێتی من ئەوەیە کە هەرگیز بەدوای ئیشدا نەگەڕاوم. با، یەکجار لە ساڵی ١٩٥٤ دا، کاتێک داوام کرد وەک یاریدەدەر لە زانکۆ کاربکەم. گەرنا بۆ هەموو کارەکانی ترم، داوام لێکراوە. تاکە هۆکاریش بۆ ئەوەی ریتمی بیبلیۆگرافیەکەت ڕێک و ڕاست بپارێزیت و نەهێڵیت پێچ و پەنای تێبکەوێت، لەبەرئەوەیە کە بە دوای کاردا بگەڕێیت.

  • ناونیشانی دواهەمین کتێبت بریتیە لە (کولتور لە جیهانی شلۆکی مۆدێرندا). چۆنە لەسەر کولتور دەنووسیت؟

باومان: ئێستا پۆستی بەڕێوەبردنی سەرۆکایەتی یەکێتی ئەوروپا بەدەست پۆڵەنداوەیە، داوایشیان لە من کرد لەو کۆنفرانسە گەورەیەدا کە مانگی سێپتەمبەر لە رۆکلاو بەسترا، شتێک لەبارەی ئەوروپا و کولتورەوە بنووسم. تێزەکەی من ئەوەیە کە تاقە شانس و ئەگەرێک لەبەردەم ئەوروپادا بێت بۆ بەدەستهێنانەوەی پێگەی خۆی لە جیهاندا، تەنها و تەنها کولتورە و لە ڕێی کولتورەوەیە. تازە ئەوروپا هەرگیز ناتوانێت ببێت بە هێزێکی سەربازی، ئەگەرێکی زۆر کەمیشی هەیە بتوانێت ببێت بە دەسەڵاتێکی ئابووری زەبەلاح.

بەڵام ئەوروپا شتێکی تری هەیە بیدات بە جیهان کە ئەوانی تر نییانە. ئەوەی کە پاش سەخت و دژواریەکی زۆر توانیان بە ئاشتی لەگەڵ جیاوازیەکاندا بژیین. مەبەستم ئەوەیە کە پێکەوەژیان تەنها لەسەر ئەوە نەبێت کە گوایە جیاوازن، بەڵکو دانیش بەوەدا بنێین کە بەبۆنەی جیاوازەکانەوەیە کە ئێمەیش دەژیین. جیاوازیەکان ئەرێنی و پۆزەتڤن، وەک چۆن هەوێن و بناغەی هەموو جۆرە داهێنانێکیشن، دیارە مەبەستم لە جیاوازی بیروڕا و ترادسیۆن، جیاوازی سۆز و سەیرکردنمانە بۆ کۆمەڵگە.

  • بەڵام سەرباری هەموو ئەوانە، هەر ڕەشبینیت بەرامبەر بە دۆخی جیهان؟

باومان: باشە، بەڵام من ڕەشبین نیم.

  • تۆ ڕەشبین نیت؟

باومان: ئەزانیت پێناسەی گەشبین و ڕەشبین چیە؟ گەشبین کەسێکە ڕای وایە ئەو جیهانەی کە خۆی تێدا دەژی لە هەموو جیهانەکانی تر باشترە، ڕەشبینیش گومانی لەوە هەیە کە گەشبین ڕاستبکات. بەڵام لەنێوان ئەو دووانەیشدا کاتیگۆری سێهەم هەیە کە من پێم خۆشە زیاتر بەپێی ئەوە پۆلێن و پێناسەبکرێم: مرۆڤی ئومێدەوار.

ئومێد نە ڕەشبینانەیە و نە گەشبینانە. ئەو کەسەی کە ئومێدەوارە و هیوای هەیە دەزانێت کە زۆر شت لە دژیین، بەئاگایە لەوەی کە کارێکی زۆر دژواری لەبەردەمدایە و دەبنە مایەی ئازار و پەژارە و مرۆڤەکان بەدەستیەوە دەناڵێنن، بەڵام با ئەوەیشمان لەبیرنەچێت کە رۆح شتێکی نەمر نیە بەڵام هیوا و ئومێد نەمرن. تۆ دەتوانیت هەموو شتێکی مرۆڤێک بکوژیت و بمرێنیت، بەڵام ئومێدیت بۆ ناکوژرێت.

سەرچاوە: http://www.svd.se/vi-har-en-svar-tid-med-stora-offer-framfor-oss