فلیمی په‌ڕه‌مووچ

مارکیز دی ساد؛ پەڕمووچ یا نوسین بە تامی خوێن

بەرایی

فلیمی په‌ڕه‌مووچ
فلیمی په‌ڕه‌مووچ

فیلمی (پەڕمووچ) هەم بایۆگرافیەکی تراژیکۆمیدی نووسەرێکی سەرسەخت و ئاڵۆزی مێژووی ئەدەب (مارکیز دی ساد) ە، هەم درامایەکی سیمبولیکیە کە گەمە بە تەواوی چەمک و زارەوەکانی ژیانی ئەدەبی و سیاسیی ئەو دەکات. وەک کۆی کارەکە لە سەرەتاوە تا کۆتاییەکەی، زۆر ئاشکرا دەبینرێت کە چۆن ئیشی لەسەر هەموو وردەکاریەکانی ئەو ئەدەبیاتە کردووە کە دوا چرکەساتەکانی ژینی سادیان پێکهێناوە:

ژوورە لیکس و شادکەرەکەی ساد بۆ نووسین لە شێتخانەی چارینتۆن، خودی شێتخانەکە وەک زیندان و وەک شوێنی چارەسەریش بۆ ساد، نووسینە نهێنیەکانی ساد، دەزەکردنە دەرەوەی ڕۆمانەکانی بۆ دەرەوەی زیندان و دەنگدانەوە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی، وروژاندن و توڕەکردنی سیاسیەکان و سزادانی لەسەر وتە و بۆچوونەکانی، لەقکردنی متمانەی پیاوانی کەنیسە و ڕۆحانی بە ئەگەری تۆبەکردن و چاکبوونەوەی بەو تەکنیکە سایکۆلۆژیە خورافیە، ئەشکەنجەدانی جەستەیی و دواجاریش قەدەغەکردنی نووسین لێی تا چرکەساتی مردنی. بەڵام کۆی بەشەکانی ئەو مێژووە بەشێوەیەک تێکهەڵکێش و ئاوێتەکراون، جۆرێک مۆنتاژ و پاشوپێش خراون، گەر یەکێک شارەزای مێژووەکەی نەبێت، ئاسان نایانناسێتەوە.

لەم فیلمەدا ئەو هێڵە لە ژیانی ساد دیارە کە ڕاستەوخۆ دوای زیندان هێنراوەتە خەستەخانەی شارینتۆن بۆئەوەی ئارامبێتەوە، وەک تۆبەکارێک بەر لەمردنی لە نووسینە سێکسی و ئیرۆتیکیەکانی پەشیمانبێتەوە: ئەویش لە ڕێگەی نووسین و تەکنیکی هێنانەدەرەوەی ناوەوەی خۆی و تۆمارکردنی لەسەر کاغەز، تا بەسەر ئەو دەد (وەحش) ەی ناوەوەی خۆیدا زاڵبێت کە بیرکردنەوە و فانتازی سێکسیە، پایەدارکردن و بەهابەخشینە بە توندوتیژیی جەستەیی. خودی ئەم پرۆسەیە ئەو تەکنیکەیە کە بەر لە سەرهەڵدانی دەروونشیکاریی فرۆیدی، کەنیسە بەکاریهێناوە تا ئەوانەی هاوسەنگی دەروونیان تێکچووە و لادەرن، ئەهریمەنە ڕووش و بەدەکەی ناوەوەی خۆیانی پێ ڕامبکەن و مل بدەن بۆ ڕۆتین و ترادسیۆنی ئاین و کۆمەڵگە. سەرەتای ململانێکەیش لەوێوە دەست پێ دەکات، ئەو دەمەی کە ساد ئەو شانسەیش هەر بۆ بەردەوامیدان بە نووسینەکانی بەکاردەهێنێت.

سەرەتای ململانێکە:

شۆڕش و بەرکەوتن لەگەڵ لاقەکارە ڕەوشتبەرزەکاندا

لەگەڵ دەستپێکی فیلمەکەدا، دیمەنە توندوتیژەکانی سەرەتای تیرۆر و تۆقاندنی شۆڕشی فەرەنسی (گیولاتین، زەبر و فەرمانی دەسەڵات، جەلادی پێڕەوکار، قوربانی و جەماوەرێکی تینوو بە خوێن) پێت دەڵێن کە ململانێکی خوێناوی لە ئارادایە و هێشتا بەشە بزوێنەرەکەی کە زمانە، ونە. سێگۆشەیەک لە کێبەرکێی هەژموون و دەسەڵات و ئاکار هەیە بەبێ ئاشکرابوونی کۆڵەکە ڕاگر و هاوکات ڕوخێنەرەکەیشی کە مێژوونوسێکە.

وەک ئاماژەیەک بە ڕژاندنی خوێنێکی زۆر، مێیینەیەکی قوربانیی خەمۆک و تاساو لە چاوەڕوانی زەبری گیۆلاتینێکدا دەبینیت، جەلادێکی ڕووخۆش لە ترۆپکی چێژی پراکتیزەی دەسەڵاتی خۆیدا دەبینیت کە ئامادەسازی بۆ پراکتیزەی مەرگ دەکات، لێ هێشتا تۆمارکارەکە، گێڕەرەوە ئارشیفکارەکە (ساد) دیار نیە!

ساد درەنگ دەردەکەوێت، زومەکە بەش بەش و هێواش هێواش دەچێتە سەر هەیبەتە تۆقێنەرە ئەریستۆکراتیەکەی. پاش چەند چرکەیەک لە گێڕانەوەی تیرۆر رۆژگاری شۆڕشی فەرەنسی و بەرجەستەکردنی لە دیمەنی سەرپەڕاندنی کچێکدا بە گیلیۆتین بەدەست زرتەجەلادێکی قەڵەو، دوای تلۆربوونەی کەللەسەری ملپەڕێندراوەکە بۆ ناو عەرەبانەیەک پڕ لە کەللەسەری قرتێنراو کە لە شۆکی ملقرتاندنەکە فریای چاولێکنانیان نەکەوتوون، لەسەری سەرەوەی ڕووداوەکان، بەدیاردەکەوێت. وەک هۆماڵ (ڕەقیب) ێکی سایکۆلۆژی و ئارشیفکارێکی سالۆر و ئەدەبیانەی هەموو ڕووداوە خوێناویەکانی ناوەوە و دەرەوەی جیهانەکەی خۆی، بە تیشکەگرتەیەک دێتە بەر کامێراکە و کتوپڕ دیارنامێنێت.

هەتا دیمەنەکان فشار بهێنن و پاڵەپەستۆی گرتەکان خێراتر بن، قەبارەی سەرەکی گرفت و جیهانەکەی ئەویش ئاشکراتر دەبێت، گۆڕەپانی ململانێکە بۆ هەمووان دەردەکەوێت، ئیدی بینەر دەزانێت خوێنی ئەو جەنگە لە دوالیزمەی (ژان/چێژ) ەوە سەرچاوەی گرتوە و وەک ئاگر لە جەستە بەردەبێت.  ژان و چێژ دوو زاراوەی گرنگی ئەدەبیاتی سادن، دوو دیوی یەک دراون کە ناوی مرۆڤە: دەربازبوون لە قەدەری ژان یا چێژ، ئازار یا لەزەت لای ساد مەحاڵە، لەکاتێکدا بۆ دەزگای ئایینی و سیاسی ئەرکێکی سەرەکی ڕامکردنیانە: ڕام و کۆنترۆڵکردنی چێژەکانمان لەسەر بنەمای ئازاردانمان و ژانچێشتن.

لە دەرکەوتنەوەی دووەمیدا، سادە مێژوونوسە تۆمارکارەکە دەردەکەوێت. ئەو پشت لە کامێرا، سەرقاڵ و بەخۆداشکاوە، لەبەرخۆیەوە ئەو وشانە دەڵێتەوە کە سەرقاڵی نوسینیانە، وا دیارە لە ئازاری بوونەوەرەکان بێباک بێت و وەک ڕۆتینێکی ئاسایی رۆژگاری شۆڕش بیانبینێت. ساد لە خواوەندێکی ڕووش و دەد دەچێت، خواوەندێک کە بە ڕۆژی ڕووناک و لە گەرمەی رووداوە گەرمەکانی شۆڕشدا، دوور لە فشاری خێرای ئەوەی لە دەرەوە دەگوزەرێت، بەشە قوڕین و تاریکەکانی لەش دەدوێنێت، ناوچە چەپەک و ترێنجراوەکانی جەستە کەوماڵدەکات و بڕی بەرگەگرتنی ئۆرگانەکان بۆ ئازار و چێژ دەپێوێت، هەڵیان دەسەنگێنێت، گۆشت توێکاری دەکات و خوێنبەر و مولولەکان، ڕەگ و دەمار، ئۆرگان و فەرمانەکانیان، ناو دەنێت. وەک قەسابێک خوێن لە کڕکڕاگە، موو لە پێست، نەرمەگۆشت لە ئێسک و سمت لە مەمک جیادەکاتەوە و بۆ چێژ دەگەڕێت، جەستە لە ئاشۆ و پشێویەکانی، لە بژوونی و ڕەشگیەکانی دەتەکێنێت و لە دوی کۆدەکانی بۆ هەڵگرتنی ئازار و ئۆرگازمبوون، دەگەڕێت: ئەو رۆمان و نووسینە ئیرۆتیکی، لێ رەخنەیی و ڕادیکالیەکانی دەربارەی لاقەکارە بەڕەوشت و ئاکاربەرزەکان دەنوسێت، دژ بە پیاوە ئایینی و نورانی و پیرۆز و دەمڕاستەکانی خوا: ژوستین دەنووسێت.

هێڵکاری لەڕۆمانی مارکیز دی سادەوە
هێڵکاری لەڕۆمانی مارکیز دی سادەوە

ژوستین: دەقی ئەدەبی وەک خوڵقێنەری پەژواکی سیاسی

خۆی بەڵێن وایە ساد لە خەستەخانەی (چارنتۆن)، لەو زیندانە بەهەشتی و قەفەزە ئاڵتونیەدا کە وەک تێرەپیەکی سایکۆلۆژی بۆی دانراوە، دەروونی ئارامبێتەوە و ئەژدیها و قاتوقڕیەکانی ناو جەستەی، چەقۆ و بزمارەکانی ناو هزری خۆی بگۆڕێت بە وشە و وەک گوناه و داننان بە ئایدیا بەدەکانیدا، لە ژێر ڕێبەرایەتی قەشە (کۆڵمێر) دا، لە فۆرمی دەردەڵدا لەسەر کاغەز هەڵیانبڕێژێت، لێ گەمەکە ڕێک پێچەوانەیە، ئەوەی کە ناوی تابوە و شایستە بە سانسۆرە، لەلایەن ئەمەوە وەک دەقی ناوازە و دانسقەی ئەدەبی دەنوسرێت و لەڕێی جلشۆر و خزمەتکارێکی ناو خەستەخانەکەوە بۆ دەرەوە دەنێردرێت، لە دەرەوە هەرا دەنێتەوە و پەژواکێکی گەورەی لێ دەردەچێت.

دەقی ژوستین کە ئاستێکی بەرزی ئەدەبی هەیە و هاوکاتیش پڕە لە گوزارشت و دەربڕینی سێکسی بێشەرم و بێپەردە، ئەو چرکەساتانە لە جەستەی تایبەت و کۆمەڵایەتی کچێک نیشان دەدات کە هەمووان، بە مرۆڤی ئایینی و سیاسیەوە، بە پزیشک و دەستگێڕ و مامۆستا و بازرگانەوە، وەک نێچیرێکی سێکسی و بەدڕەوشتێک فانتازی دەکەن، دەستی بۆ دەبەن، ڕووتیدەکەنەوە، بەڵێنی درۆی هاوسەرگیری پێ دەدەن، پاشان پەلاماری دەدەن و لاقەی دەکەن، پاشتریش هەوڵی زیندانیکردنی بە تۆمەتی سۆزانی و بەدڕەفتار یا کوشتنی، دەدەن.

بڵاوبوونەوەی ژوستین هەرادەنێتەوە، دیوە ئەکۆمەن (فاحش)، نائاکاری و بەدمرۆڤانەکەی مرۆڤی هەڵگیرسێنەر و پارێزەری شۆڕش (وەک زەنگێک بۆ تەشەنەکردنی گەندەڵی) لە سەنتەرەکانی دەسەڵاتدا نیشان دەدات (لە کەنیسە و زیندان و بازاڕ و سیاسەت و دادگا و خەستەخانەیشدا). ئەم کارە دەگاتەوە دەمی سەرکردەکانی شۆڕش، هەربۆیە فەرمان دەدرێت کە پزیشکێکی دەروونی بچێتە شێتخانەکە تا قڕوقەپی پێ بکات و لە ژێر ئەشکەنجە و سزادا تۆبەی پێ بکات: لەزمانی بخات و بیوەستێنێت. لێرەوە ئیدی ئاڕاستەی فیلمەکە دەگۆڕێت بۆ قۆناغە مەترسیدارەکەی ژیانی ساد: بوونی بە مڵۆزم و ئاژاوەچی، بە زیندانیەک کە هێزی ئەوەی هەیە لە دەرەوەی زیندان فەرتەنە بنێتەوە.

لەچەک داماڵینی ساد: سانسۆرکردنی

تەنیا چەکی دەستی ساد خامەکەیەتی، مەرەکەب و پەڕمووچەکەیەتی (کە لەبنەڕەتدا تایتڵی فیلمەکەیشە). سەرمایەی ساد تەنهاوتەنها ئەو وشانەیە کە دەیانهۆنێتەوە و لە فۆرمی چیرۆک و ڕۆماندا دەیاننێرێتە دەرەوەی زیندان تا تابوەکان بشکێنێت، پۆرت و کەسێتی سیاسی و پیاوانی ئاینی بشکێنێت و لە دەمامکە پیرۆزە هەڵبەستراوەکانیان دایانماڵێت.

باوکە کۆلمێر دەزانێت کە دەسەڵات دەخوازێت توندتر ئەشکەنجەی ساد بدات و رەنگە خۆیشی وەک بەرپرسی چاکبوونەوەی دەروونیانەی ساد لەکارەکەی لاببرێت، بەر لەدەسەڵاتی سیاسی زەفەر بە ساد دەبات و تەواو تەواو لە نوسینی دادەبڕێت. سەرەتا کتێبەکانی ژوورەکەی دەبەن، پاشتر کاغەزەکانی و مەرەکەب و خامە و پەڕموچەکانی، تا وای لێدێت تەواو ڕوتوقوتیدەکەنەوە. بەڵام ساد لە هیچ کام لەو قۆناغانەدا کۆڵ نادات. بە نینۆکی، بە دەرزی و چیلکە و هەرشتێکی تری نوکتیژ، دەنوسێت.  بە شەراب لەسەر چەرچەفە سپیەکانی چرپاکەی خۆی دەنوسێت، بە خوێنی خۆی لەسەر دیوارەکان دەنوسێت، هەموو ئەمانەیش بۆ ئەوەیە کە بڵێت: ئەو ناوەستێندرێت و کۆڵی پێ نادرێت. ساد کز و لاواز دەبێت، لە هۆش خۆی دەچێت، بەڵام لە گفتوگۆکانیدا کە پەیوەندیان بە باوەڕ و ئایدیاکانی خۆیەوە هەیە، سازش ناکات و نابەزێت. پاش شکاندنی باوکە کۆلمێر و سوکایەتیکردن بە گرێ سێکسی و دەروونیەکانی، بە خوداکەی و باوەڕەکەی و ئامۆژگاریەکانی، پالمێر ناچار دەبێت (ئەگەرچی پرۆسەکە لە فیلمەکەدا سیمبولیکە و ئاماژەیە بۆ سانسۆرێکی تەواوی نوسین و فانتازی ساد) زمانی ببڕێت، تا هەم پێگەی خۆی بهێڵێتەوە و هەم قەرەبووی هەموو ئەو سوکایەتیانەیش بکات کە بەدەست سادەوە چێشتوونی و کەمێک دڵی بە خۆی  خۆشبێت. بەڵام هەموو ئەم پرۆسانە کاتێک ڕوودەدەن کە کتێبەکانی ساد تەواو بڵاوبوونەتەوە و بەبەردەوامی چاپدەکرێنەوە و دەفرۆشرێن، تەنانەت ژنی بەرپرسی نەخۆشخانەکە (سیمۆن) یش بە دزی مێردەکەی (رۆیەر کۆلارد) ەوە ساد دەخوێنێتەوە و لە ژێر کاریگەریەکانیدا، لە مێردەکەی هەڵدێت. چەندە زیاتر ساد سانسۆر دەکرێت، هێندە خێراتر بڵاودەبێتەوە و کتێبەکەی پڕفرۆشتر دەبێت.

ساد دەمرێت، بەڵام پاش مردنەکەیشی هەر کاریگەریەکانی لەسەر ئەو شێتخانەیە و خودی قەشە کۆلمێر دەمێنێت!

ساد: فیگورێک بە تامی فوکو

زۆربەی زۆری رەخنەگر و بیریارانی دوای بوونخوازیی سارتەری (هەر لە باتایەوە بیگرە تا لاکان و دولوز و بارت) قسەیان لەسەر ساد کردووە، لێ لەم فیلمەدا پتر ڕەنگدانەوەکانی سادێکی فوکویی دەبینین، بەتایبەتی لەو چەقەدا کە هەموو گرفتەکە دەربارەی ئازادی جەستە و ڕامکردنیەتی. کەم نین ئەو دیمەنە یەکلاییکەرەوانەی کە زومێکی زۆر دەخەنە سەر جەستە و لەبنەڕەتدا تایبەتن بە کۆنترۆڵکردن و دیسپلینکردنی: هەر لەو زمانە

فۆکۆ
فۆکۆ

سینیستیە گەپجاڕەی سادەوە بیگرە لە شانۆنامەکەیدا کە بە شێتەکانی پێشکەش دەکات دەربارەی دۆخی سێکسوێلانەی پزیشکە پیرەمێردەکە (رۆیەر کۆلارد) و ئارەزووەکانی بۆ سێکس بەدواوە (ئەناڵ-سێکس) لەگەڵ ژنە مناڵەکەی، تا سووربوونەوە، هەژانی سێکسیانەی قەشە کۆلمێر و حەسرەتی سێکسیانەی بۆ خەوتن لەگەڵ کچە جلشۆرەکە و بەردەوامبوونەکانی تا هەژموونی جەستە لە ڕووتکردنەوەی جەستەی ساد و داماڵینی لە پۆشاکە ئەریستۆکراتی و گرانبەهاکانی، نووسینی خودی ساد بە خوێنی جەستەی خۆی لەسەر جلەکانی بەری و دواجاریش بڕینی زمانی ساد لەلایەن کەنیسە و پێشکەشکردنی بە دەسەڵاتی سیاسی…هتد).

فوکو ڕای وایە کە دەسەڵات لەسەر جەستە و بە هۆی جەستەوە کاردەکات، هەر ئەمەیشە وای لێ دەکات میتۆدی کارکردنەکەی لەو ئیشانەیدا کە تایبەتن بە سزا و کۆنترۆڵکردن، لە ئارکیۆلۆژیەوە بگۆڕێت بە ژینالۆژی. جەستە لای فوکو بەرهەم و دراوێکی مێژوویی کۆمەڵایەتیە کە هەموو شێوەکانی دەسەڵات ئیشیان لەسەرکردووە، جگە لەوەی شێوازی مامەڵەکردنی دەسەڵاتە جیاجیاکان لەگەڵ جەستەدا بۆتە ناسەرەوەی خودی فۆرمی دەسەڵاتەکان.

لەم فیلمەدا (بە زمانی فوکو) جەستە هەم سزایش دەدرێت و هەم چاودێریش دەکرێت، هەم سانسۆردەکرێت و هەم ئەشکەنجەیش. هەوڵێکی زۆر هەیە بۆ گۆڕین و کردنی ساد بە فیگورێکی ترسنۆک و بەزیو (دیسپلینکراو) لەڕێی ئەشکەنجەدانی جەستەیەوە. جۆرێک لە تەمێکردنی زمان و پەنجە و بڕینەوەیان وەک فۆرمە تۆقێنەرەکانی بێدەنگکردنی نووسەرێک تا ببێتە کەسێکی دەستەمۆ و ڕامکراو بەدەست هەردوو کەنیسە و دەوڵەتەوە. بێهودەیش نیە تا ئەوکاتەی ساد دانابڕێندرێت لە پەڕمووچ، مەرەکەب و کاغەز بۆ نووسین، هەموو ڕووبەڕووبوونەوەکانی لەگەڵ چاودێریکار (قەشە کۆلمێر) بە نووسینن. تەواوی دەمەبۆڵەکان، جنێوەکانی ساد و کفرەکانی و تانە سێکسیە جەرگبڕەکانی لە قەشە کۆڵمێر پاش ڕووتکردنەوەی ساد دێن لە کەرەستەی نووسین و یاساغکردنی.

بەشێکی دیکەی دەرکەوتنە فوکوییەکانی ساد دەگەڕێتەوە بۆ بنەمای باوەڕبوون بە دەسەڵات وەک شتێک کە لەهەموو پنتێکی کۆمەڵاییدا هەیە و لە بنەڕەتدا بازنەییە و سووڕ دەخوات نەک  خاوەندارێتی بێت و تەنها لە کەسێکدا چەقببەستێت. ئەم تێگەیشتنە فوکویە زۆر بە ئاشکرا لە فیلمەکەدا دەبینرێت (هەتا دەسەڵات دەیەوێت لە کەسێک و دەزگایەکدا (ناپلیۆن یا قەشە و پزیشک) چڕببێتەوە و گیربخوات، زیاتر هەڵدەوەرێت: ساد کە دەخرێتە کونجی زیندانەوە پتر پۆپیولار دەبێت لە دەرەوە، ساد کاغەزی لێ دەسەندرێتەوە بەڵام لەسەر چەرچەفە سپیەکان، پۆشاکەکەی بەری، دیوارەکانی زیندانەکە دەنووسێت و هەر دزە دەکەنە دەرەوە و بڵاودەبنەوە، ساد زمانی دەبڕدرێت، بەڵام مل نادات، ئەوکاتەی کە پزیشکەکە هەستدەکات خەریکە ساد کپ دەکات، دەسەڵاتی دەقی ساد (کە ژنی پزیشکەکە (سیمۆن) بە دزیەوە دەیانخوێنێتەوە) وا دەکات هەڵبێت و ڕەدووی کوڕێکی گەنج (تەلارسازەکە) بکەوێت).

هەژموونی ساد لە کۆتاییەکانی فیلمەکەدا پتر دەردەکەوێت کاتێک قەشە کۆلمێر دەبینیت دێوانە کەوتوە و وەک سادی جاران داوای پەڕموچ و مەرەکەب دەکات تا ڕۆح و ئازارەکانی خۆی بنووسێتەوە، خودی خەستەخانەی شارینتۆن و دکتۆر کۆلارد خەریکی چاپکردنەوەی کتێبەکانی سادن لە بەرگی قەشەنگ و ڕازاوەدا و وەک بزنسێکی ئابووری لێی دەخۆن).

 هەموو ئەو دیمەنە فوکییانەی ساد لە فیلمەکەدا پێمان دەڵێن کە دەسەڵات چەقبەستە نیە و بەتەنها پەیوەستی هەنووکە نیە، بەڵکە بە مردوویش هەژموونی خۆی دیاردەخات.

تۆقین لە تارماییەکانی سادیزم; بۆچی قسەکردن لەسەر ساد و سادیزم لەم کاتەدا؟

بەجیا لەوەی کە ئەم فیلمە کۆلاجێکی زیرەکانەی وێستگەکانی یەکێکە لە نووسەرە دیارەکانی مێژووی مرۆڤ، پەیامێکی گرنگتریش بە ئێمە دەدات دەربارەی جەوهەری بوونمان!

ئەم فیلمە لانیکەم پێمان دەڵێت کە سادیستبوون بەتەنها وێستگەیەکی تێپەڕ نیە، دۆخێکی لادەرانەی سێکسواڵی نیە و تێرمێکی سایکۆلۆژی نیە بەتەنها کە بمانەوێت لە چرکەساتێکدا دیاگنۆسی سیمپتۆمێکی نالەبار و ڕامنەکراوی مرۆڤێکی پێ بکەین، نا! سادیزم ڕوویەکی ناوپۆشی مرۆڤە لەو ڕووەوە کە تایبەتە بە شکاندنی سنوور و بێ سنووری (هەروەک باتای لە قسەکردنیدا لەسەر ساد، جەختی لێدەکاتەوە).

ئێمە بەبەردەوامی دۆخی سادیستانە لە دەزگا و ژیانی کۆمەڵایەتیماندا دەژێنین، دیمەنی سادیستانە لە فانتازیە سێکسیەکانماندا هەن، کۆمپانیای سادی گەورە گەورەی ئابووری دەمانچەوسێننەوە، سەرکردەی سادی ئەوتۆ قامچیمان دەکەن، زمانێکی سادیست جڵەوی کردووین بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو ئەو ڕووداوانەی کە بە دڵمان نین، بەڵام گرفتەکەمان ئەوەیە کە خۆمان ناکەین بە خاوەنی و گێلانە لێیان ڕادەکەین. قسەکردن لەسەر ساد و ئاشنابوون پێی (وەک لەم فیلمەدا نیشانمان دەدرێت) پێمان دەڵێتەوە کە ئەو ڕووە ناوپۆش و بزرەی ناو کەسێتی و سایکۆلۆژیای مرۆڤ کە سادیزمە، هەڵآتن لێی مەحاڵە و بەبەردەوامی خۆی نمایش و پەخش دەکات.

سادیزم گەر لە ئێمەیشدا نەبێت وەک کارەکتەر، لە تەواوی ئەو جیهانەدایە کە هەوڵ بۆ دەستەمۆ و بێدەنگکردن و لاقەکردنمان دەدات، وەک ساد خۆیشی لە وتەیەکیدا نووسیویەتی: ((ئەو جیهان و کۆمەڵگەیەی کە بە من دەڵێن بەدڕەفتار و دڕندە، خۆیان بە دڕندەترین، بەدڕەوشتانەترین و دەدترین شێوە مامەڵەم دەکەن)).

سه‌رچاوه‌كان

Quills, 2000

Director: Philip Kaufman

Writers: Doug Wright (play), Doug Wright (screenplay)

Stars: Geoffrey RushKate WinsletJoaquin Phoenix

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین