کاریکی هونەری کاریگەر بە مارکیز دی ساد

مارکیز دی ساد؛ بیریار، یاخود پۆرنۆگرافەر!

بەرایی

مارکیز دی ساد لەفلیمی ساد ٢٠٠. Marquis De Sade Quills In 2000 Sade was portrayed with great charm by Geoffrey Rush in the film Quills.telegraph.co.uk
مارکیز دی ساد لەفلیمی ساد ٢٠٠.
Marquis De Sade Quills
In 2000 Sade was portrayed with great charm by Geoffrey Rush in the film Quills.

ئەو فەیلەسوف بوو، شانۆنووس، ڕۆماننوس، ئەکتڤیست و فێمینیست، ئەتیست و بێباوەڕ، دژ بە کۆمەڵگە و دەزگا سیاسیەکانی بوو، بەتایبەتی کەنیسە و خێزان. گەر زیادەڕەوی نەبێت، مارکیز دی ساد (1740-1814) بەر لە داروین، بە دامەزرێنەری بیرۆکەی (مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی سروشتی نەوەک یەزدانی)، دادەنرێت، هەندێک مێژوونووس ڕایان وایە کە بوێرترین ئەدیبی بواری ئیرۆتیکا و توندوتیژیی سێکسیە کە توانیبێتی هێند ورد و بە دیقەت دزە بکاتە ناو هەموو کەلێن و کون و کەلەبەرەکانی جەستە و دۆخە سێکسیەکانیەوە کە زۆرجار مایەی قێزلێکردنەوە و دڵتێکهەڵاتنن، چونکە زۆر غەریزی و ئاژەڵیانەن، جگە لەوەی کە (بەباوەڕی بیریارێکی وەک میشێل فوکو)، ئەو ئارشیفکارێکی دانسقەی دۆخی سایکۆلۆژی و دیسپلینکراوی مرۆڤ و ژیانیەتی لە ناو شێتخانە و زیندانەکاندا، بەتایبەتی ئەو بەشە یەکلاییکەرەوە لە مێژووی شۆڕشی فەرەنسی کە بە شکاندنی زیندانی باستیل دەستپێدەکات.

بەڵام ئایا لەسەر ئاستی میللی، خەڵکی بە گشتی ئەم هەموو سادە پۆزەتڤە دەناسن؟ ئەم کۆمەڵە (ساد) ە ئەدەبی، شۆڕشگێڕی و کولتورییانەی سەرنجیان ڕادەکێشێت و لەسەری ڕادەوستن؟

ئایا وێنە گشتی و باوەکەی ساد چۆن پەخشدەکرێتەوە و باش بوونی بە میراتێکی باو، لە چ فۆرم و قەوارەیەکدا سادی بەرجەستەی کردووە و دەیکات؟

پێکدادانی سادەکان

ساد کێیە و چیە؟

ئایا ساد لادەر و تاوانبارێکی شایستە بە سزای یاساییە، نەخۆشێکی دەروونی سایکۆپاتی هەڵەشە و دێوانەیە وەک میشێل ئۆنفرای لە کتێبەکەیدا (ساد: لێکشیتاڵکردنی ئەفسانەیەک) باسی دەکات یان یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکیەکانی بیری ئازادیخواز وەک سوریالیستەکان (بەتایبەتی بروتۆن و ئەپۆڵۆنێر و باتای) خوێندنەوەیان بۆ دەکرد؟

بەگشتی، ساد خۆی ئیکۆن و ئیدیاڵێکی پڕ تەلیسم و تۆقێنەرە، یادخەرەوەیەکی ترسناکی گوناهەکانمانە و ئاشناکەرەوەیەکی ڕاستگۆی مرۆڤەکانە بە تاوانەکانی خۆیا، بەڕادەیەک کە هەر ناوی هێنراو باسکرا، خەڵکی ڕاستەوخۆ تەزوویەکی سارد بە لەشیاندا و کسپەیەک بە جەرگیاندا دێت، دڵیان بۆ چەند ساتێک خورپەیەک دەکات، کەمێک دەوەستن و بێ ویستی خۆیان، وێنەی هۆڤێکی دڕندە و ئەدگاری شارەزایەکی بواری تاوانکاریی، بەر چاویان تاریکدەکات. تەنها بە بیستن یا گۆکردنی ناوەکەی، ترسێکی گەورە لە لێدان، لە زەبر و سێکس بە زۆرەملێ، تۆقین لە ڕووتکردنەوە و فەلاقەکردن، ڕایاندەچڵەکێنێت. خەڵکی وا فێرکراون جیهانی ئەو بۆ چەند گرتەیەکی ترسناک لە ئەشکەنجەی سێکسی، لە پێست ڕنین، گازگرتن و داوەشاندنی جەستە بە قامچی، یا قفڵکردن لە پاسارێکدا و خۆبەدەستەوەدان بۆ هەژموونی ئیرۆس و غەریزەی کەسێکی بێبەزەیی، کورتبکەنەوە. لێ لە ڕاستیدا ئەمە وێنە باو، میدیایی و میللیەکەی سادە، ئەو بەشەیە لە ساد کە نەیارانی بۆ شێواندنی و بە کەمگرتنی داهێنان و بەشداریەکانی لە کەلەپوری خۆرئاوادا، بە مەبەست بەرجەستەی دەکەن و تیشکی دەخەنە سەر، چەشنێک لە هۆشیاری لە پشتیەوەیەتی کە تەنها بە ڕەنگدانەوە و ڕۆڵەکانی جەستەی سادەوە نووساوە، بەبێ ئەوەی هیچ نرخێک بۆ سەری (بیر و ئایدیاکانی) وەک بەشێک لە لەشی، دابنێت، جۆرێک لە ڕقی کوێرانە و مەبەست لە شێواندنی ساد کە بیریارێکی وەک رۆلان بارت ناچار دەکات بڵێت: ((دادپەروەری بەرامبەر بە ساد ئەوەیە کە بتوانین سەری لە لەشی جیابکەینەوە)). مەبەستی بارت لە بڕینی سەری ساد نیە بە گیولاتین و پەڕاندنی وەک ئەوەی لە شۆڕشی فەرەنسیدا باو بوو، نا! بە لای بارتەوە گرنگیەکەی ساد هۆشمەندی و زرنگی و سەریەتی، ئایدیاکانیەتی، هەموو بیرکردنەوە ڕادیکاڵ و ڕەخنەییەکانیین بەرامبەر بە چەمکەکانی وەک سێکس، چێژ، سروشت، یەزدان، زیندان، ئایین، دەزگای سیاسی و کۆمەڵایەتی. جیاکردنەوەی سەری ساد لە لەشی، واتە خوێندنەوەی ئایدیا و باوەڕەکانی، واتە وەستان لەسەر دێڕەکانی، تێکست و نامە و شانۆنامە و ڕۆمانەکانی، نەوەک بەتەنها ئەو جەستە هایپەرە سێکسوێلەی کە لە بەشە کۆمەڵایەتی و ڕۆژانەییەکەی ساد خۆیدا چالاک بووە و مێژوو بەس ئەوەی لە بیرە.

کاریکی هونەری کاریگەر بە مارکیز دی ساد
کاریکی هونەری کاریگەر بە مارکیز دی ساد

ژینی ئاسایی ساد پڕیەتی لە ڕەفتاری ناچیز و دژ بە ئەتەکێتی ئەریستۆکراتی و ئایینی و کۆمەڵایەتی باو: میزکردنی لە پەنجەرەی ماڵەوە، دەستپەڕکردنی لە بەردەم خەڵکیدا بەبێ شەرم و ترس لەوەی ببینرێت، کچ هەڵگرتن و فڕاندنیان، پەلاماردان و دەستدرێژی سێکسی و بەستنەوەی سۆزانی و ئازاردانیان، تەنانەت کوشتنی ئافرەتیش بە ژەهر وەک بەشێک لە ئارەزوو بۆ خودبوون و گەیشتن بە ئۆرگازمێکی پەڕگیری هەژموون بەسەر ئەوی تردا. بەڵام ئەم سادە واقیعیە، ئەم سادە نەفرەتیە، ئەم سادە کۆمەڵایەتیە تاوانبارە توندڕۆیە، بۆ بارت یان رەخنەگرانی وەک باتای، دولوز، فوکو یا دی بوڤوار و لاکان و تەنانەت ئەپۆلۆنێر و سوریالیەکانیش … هتد، گرنگ نین، گرنگ سەری (ساد) ە، ئەوەی کە شایستە بە تێڕامانە، بیرکردنەوە و جەسارەتی (ساد) ە لە سەدەی هەژدەیەمدا بۆ ئارشیفکردنی دڕندەیی یاسا، تاوانکاریەکانی کەنیسە، بەدمۆراڵی ئەریستۆکرات و بەگزادەکان، سترەکتوری خێزان و گرنگی هاوسەرگیریی وەک دۆخێکی پیرۆز، شەرم و کۆتوپێوەندە کۆمەڵایەتیەکان. ساد لە هەموو ئەو وێنە کۆمەڵایەتی و یاساییانە زیاترە کە وەک لادەرێک و بێڕەوشت و قەحبەباز و کەسێکی پۆڕنۆگرافەر و سێکسخواز وێنەی دەکێشن. بەڕای هەندێک سادناس، ئەو فەیلەسوف و بیریارێکە کە هیچی لە داروین کەمتر نیە، بەتایبەتی لەو خاڵەدا کە نە باوەڕی بە خودا هەیە، نە بەها بە ئایین دەدات، ئەمە جگە لەوەی کە بەردەوام جەختیش لەسەر دۆخی سروشتیانە، سارد و دڵڕەقانەی مرۆڤ لە سروشتدا دەکاتەوە. کە ئەمەش بۆ خۆی وای کردووە کەسانێکی زۆر قبوڵی نەکەن و بۆیان هەرس نەکرێت، بە تایبەتی لە هەردوو سەدەی هەژدەیەم و نۆزدەیەمدا کە هێشتا هەر کەڵکەڵەی ئایینی سترەکتور و ناوپۆشێکی سایکۆلۆژیانەی هزری مرۆڤە لە خۆرئاوادا.

جەستە وەک سێنتەر، ساد وەک ئەرشیفکاریی فانتازیە سێکسیەکان

جەستە، چێژ، ترۆپکی ئۆرگازم و قێزەونی و دۆزینەوەی کۆدی نوێ بۆ سێکس، بۆ کونوکەلەبەری جەستە و پراکسیسکردنی جەستە وەک دراوێکی سروشتیی ئاژەڵی، هەموو ئەمانە تێمای سەرەکی سادن.  گرنگترین پایەی بیرکردنەوەی ساد بریتیە لە نووسینەوەی جەستە، لە ئارشیفکردنی سێکس و دۆخە ناچیز و ئاژەڵیەکانی چێژ، ئەو چرکەساتانە لە سێکس کە ئیدی کۆڵ بە توانا و بەرگەگرتنی مرۆڤ دەدات و سنورێکی تیواڵ لە تاوانی جیادەکاتەوە.  جەستە چەقی کارکردنی جیهانی سادە، جەستە وەک یەکەم و دوا دراوی سروشتییانەی مرۆڤ، هەر بۆیە لە زۆربەی کارەکانیدا، بەتایبەتی (ژۆستین، فەلسەفە لە ژوری نووستندا، ژولێت یان 120 رۆژ لە سۆدوم) جۆرێک لە توندڕەوی لە ڕەفتاری نمایشخوازی (Exhibitionism) و بەرجەستەکردنی جەستە لە وردەکاریەکانیدا دەبینین. بەڵام جەستە لە جیهانی (ساد) دا وەک تێمایەکی سێکسی و هاوکاتیش تاکە دەربڕ لە جەوهەری ئاژەڵی و سروشتیانەی مرۆڤ، زیاد لە پنت و شوێنێکی هەیە، تەنها لە شوێنە باوەکاندا بایەخی نیە. لۆکەیشن و جێگەی جەستە لای ساد بە تەنها ژووری نووستن و سەر چرپایەک نیە، تەنها ئەو شوێنە باوانە نیە بۆ سێکس کە مرۆڤ وا ڕاهاتووە تیایاندا یەکتری ڕووتبکەنەوە، بەڵکو وروژاندنی پنتە لەچاودوورەکانی ناو دەزگاکانیشە، ناو زیندان، خەستەخانەکان، ئاهەنگەکانی مەیخواردنەوە، سوچ و پەناو پاسارەکانی شوێنە پیرۆزەکانیشە، سەر پلیکانەکانی کەنیسە، لە ژێر زەمینەکانی بەرەو خوار، لەو شوێنە رۆحانی و موقەدەسانەدا کە خواپەرستی دەکرێت و مرۆڤ خۆشەویستی و پەیمانی خۆی بۆ یەزدان، دووپاتدەکاتەوە. کەنیسە بۆ ساد فابریکێکی گەورەی زۆرەملێ و خورافەت بووە، هەر بۆیە تا سەر ئێسقان دژایەتی دەکات و پێی وایە بەس درۆ و وەهم بڵاودەکاتەوە. کەنیسە ناوێرێت لەسەر مرۆڤی ڕاستەقینە قسە بکات، تەنها بێدەنگ، ڕام و تەمێی دەکات، دۆخێک کە تەواو پێچەوانەی فەلسەفەی سادە بۆ ئازادی ڕەهای جەستە و ئارەزووەکانی.

مرۆڤی (ساد) ی وەک قڵپکەرەوەی دۆخ

مرۆڤی سادی (واتە کارەکتەرەکانی ساد) بوونەوەرێکی پەڕگیرە، دژە باوە و نائاسایی. بە باوەڕی بیریارێکی وەک جۆرج باتای، ساد بۆیە گەوهەرێکی ئەدەبی و تەنانەت فیکری و سیاسییشە، چونکە بەرهەمهێنەری مۆدێلی مرۆڤێکی قڵپکەرەوەی واقیع و بەها باوەکانە، دژە باوە، حەزی بە هەموو ئەو شتانەیە کە مرۆڤی ئاسایی و نۆرماڵ ڕقی لێیانە، وەک چۆن هەموو ئەو شتانەیش دەبێزێت و دڵی پێیان تێکەڵ هەڵدەێت کە مرۆڤی ئاسایی و سادەی ژیانی رۆژانە حەزی پێیانە.  واقیع بۆ ساد هەموو ئەو شتانەیە کە هی ئەو خۆی نین و دروستکراون، ئەوانی تر چوارچێوەیان کێشاوە تا ئەو سنووردار بکەن و لە ئازادی بکەن. واقیع و کۆمەڵگە دوو دوژمنە سەرەکیەکەی بیرکردنەوەی سادن: ڕستێک نەریت و ترادسیۆن و ئەتەکێتی بۆرژوازی و ئاکاریی کە تەنها و تەنها کاریان داڕنکردنی مرۆڤە لە ئازادیەکانی و چێژ و غەریزەکانی.

ساد باوەڕی بەوە نیە دڵی کەس ڕابگرێت، خەمی کەس لە کۆڵ بنێت و ڕێز لە هەواوهەوەسی کەس بگرێت، چونکە پێی وایە هەموو ئەو کردەوانە، ئەو ریتواڵ و ڕەفتارە کۆمەڵایەتیانە ئازادی ئەم دەخنکێنن.

هەر بۆیە بەلای هەندێک توێژەری دەروونشیکاریەوە زۆر ئاساییە و ڕێی تێ دەچێت لە بنەڕەتدا ئەم (ساد) ە دڵڕەقە ساردوسڕە بێهەستە، ئەم دڕندەیەی کە هیچ هاوسۆزیەکی بۆ ئەوانی تر نیە، کاردانەوەی ئەو سادە مازۆخیە بێت کە کۆمەڵگە دەخوازێت لەو قەفەزەدا دیلی بکات و لەسەر ملکەچی و چێژبینین لە خۆئازاردان و فیداکردن بۆ گروپ، دەستەمۆی بکات و ڕای بهێنێت.

ڕەنگە کورتکردنەوەی بیۆگرافی ساد ئاسان بێت: ئەو لە تاریکیدا لە دایکبوو، لە زینداندا نیوەی ژیانی بردە سەر، لە شێتخانەدا مرد. بەڵام ئایا بەڕاست ساد مردووە یان لەناوەوەی هەمووماندا کارەکتەرێکی ئەبەدیە کە بەردەوام پەنگ دەخواتەوە، بۆڵەبۆڵ دەکات و ڕقئەستورانە بەڕووی ستەمەکانی کۆمەڵگە و دەزگا سیاسی و ئایینیەکاندا دەقیژێنێت؟

ئایا ساد دەمرێت، دەمرێندرێت، یا پێویست دەکات (وەک دی بوڤوار نووسیویەتی) بسوتێنرێت؟

تەواو

مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە! ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.
مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!
ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.