ئامار و داتاکان، کەرەستەیەک بۆ شیکردنەوە یان چەواشەکردن؟

بڵند فاتیح – بەشی وەرزش

Football Statistics
122

ئایا ئێمە شیکەرەوەی داتا و ئامارەکانمان هەیە یاخود شیکەرەوەی یاری؟

ئایا ئەم داتا و ئامارانەی کە ڕۆژانە وەکوو بەڵگەی شیکاری بەکاردەهێنرێن چۆن هاندەر چەواشە دەکەن؟

 

ئێمە کە لە جیهانێکدا دەژین سیخوڕی لەبری ئەوەی کەرەستەی دەزگایەکی دیارکراوی ئاسایشی وڵات بێت، بووەتە خوویەکی ئاسایی و زۆر لە تاکەکانی کۆمەڵگە لە جیهاندا ئاڵوودەی بوون. کاتێک تەماشاکردنی پۆستی هاوڕێ نزیکەکان بەشێوەیەکی نهێنی و ناردنی داوای هاوڕێیەتی بۆ خۆشەویست و (کراش) بە ناوێکی خوازراو و ڕیپۆرتکردنی پۆست و نوسینی کۆمێنتی نەشیاو بۆ کەسە نەخوازراوەکان وەکوو ئەکتێکی شارستانی و مافێکی سروشتی دەبینین، بێگومان بیر لەوە ناکەینەوە  ئاخۆ وەکوو هاندەرێکی تۆپی پێ لە نێو دونیای دیجیتاڵی و سەردەمی سۆشیاڵ میدیا و کلتوری گڵۆباڵدا چ یارییەکمان پێ دەکرێت و چۆن هەڵدەخەڵەتێنرێین؟

لێ لە  ئێستادا لە هەموو کات زیاتر پێویستە ئێمە ئەم پرسیارانە لە خۆمان بکەین، بەو پێییەی ڕۆژانە  ئامار و ڕیکۆردە وەرزشییەکان  لە سۆشیال مێدیا هەژمارەکانمانیان داپۆشیووە.

 

Statistics

لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا شەپۆلێک لە داتا و ئامار هاتنە نێو دونیای شیکردنەوە و ڕاگەیاندنی (تۆپی پێ) ەوە، بەجۆرێک ئەم داتایانە وەکوو پێوەر و بەڵگە بۆ ئاستی یاریزان، تیپ و ڕاهێنەر بەکاردەهێنرێن. لە ئەمڕۆدا لەسەر شاشەکان و پێگە دیجیتاڵێکان جۆرە شیکەرەوەیەکی نوێ پەیدا بووە کە شیکەرەوە و شرۆڤە کاری یارییەکە نییە، بەڵکوو شرۆڤەکاری کۆمەڵێک داتا و ئاماری یاری تیپ و یاریزانەکانە. واتە خۆی شیکردنەوە بۆ هیچ شتێک ناکات، بەڵکوو تەنها کۆمەڵێک شیکردنەوە دەخاتە پێش چاو کە پێشتر دەستی خراوەتە سەر، زەق کراوەتەوە و  بۆی ئامادەکراوە تاکوو پێشکەشی بکات. هەربۆیە پێویستر سەرەتا  بزانین ڕەگی ئەم داتا و ئامارانە لە کوێوە دێت و بۆچی ئامانجێکن، تاکوو لە یارییەکە تێبگەین.

یەکێک لە سیما دیارەکانی سەردەمی دیجیتاڵی، یاریکردن و بەکارهێنانی زانیارییە. بەڕادەیەک زانیاری لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا بەهێزترین چەکە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئێستا و داهاتووی تاک، کۆمەڵگە، نەتەوە و وڵاتەکان. 

هەربۆیە لەگەڵ بەرەوپێشچوونی دونیای تەکنەلۆژیا، کۆمەڵێک کۆمپانیا و پێگەی دیجیتاڵی گەورەی وەکوو (ئۆپتا، iSports، سپۆرت ڕادار و کرۆس ئۆڤەر و هتد …) پەیدابوون کە توانیویانە لەڕێگای کۆمەڵێک کەرەستە و ئامێری تەکنەلۆجییەوە کۆنترۆڵی هەموو وردەکارییەکانی نێو دونیای وەرزش بکەن بە تۆپی پێیشەوە. 

 

بۆنموونە هەنگاوێکی سەرەتایی ئەوەبوو توانرا لە ڕێگای دانانی (Chip)ێکی تایبەت لەسەر جل یان پێلاوی یاریزانەکان تۆماری لێدانی دڵ، ڕێژەی هەناسە و تەنانەت ژمارەی کیلۆمەتری ڕاکردن و جۆری پاس و چەندێتی پاسدان و نەخشەی جوڵانەوەی یاریزانەکە لە نێو یاریگدا تۆمار بکرێت. بە مانایەکی تر توانیان کۆنترۆڵ و چاودێری توانا هونەری و فیزیکییەکانی یاریزان بکەن لە نێو یاریگادا بەشێوەیەکی زۆر ورد و دیاریکراو. ئامانجی ئەم کۆمپانیایانە پەیداکردنی پارە و بازرگانیکردن بوو بەم زانیاریانەوە، لەڕێگای فرۆشتنیان بە خول و یانە و ئەو ڕاهێنەرانەی کە مەبەستیانە زانیاری زیاتر کۆبکەنەوە لەسەر ئاست و ئادای یاریزانەکانیان. بێگومان یانەکانیش بۆ چاککردن و بەهێزکردنی توانای تاکی و هەروەزی تیپەکانیان بەشێوەیەکی بەرچاو ڕوویانکردە کڕینی ئەو ئامار و داتایانە.

 

لێرەوە لە ماوەیەکی کورتدا یانەکان بوون بە خاوەنی خەرمانێک لە داتا و زانیاری بەپێز و زۆر ورد لەبارەی وردەکاری بچووک و گەورەی یاریزانەکانی خۆیان و یاریزانی تیپ و یانەکانی دیکەیش لەسەرانسەری جیهاندا، بەلام چۆنێتی بەکارهێنان و بلاوکردنەوەی ئەم ئامارانە هەروا ئاسان و ڕوون و ڕاستگۆیانە نەبووە. بەڵکوو هەروەکوو چۆن سودیان لەو داتایانە وەرگرت بە مەبەستی هونەری و چاککردنی ئاستی تیپەکانی خۆیان، هاوکات بۆ زیاتر ڕەونەقدارکردن و جوانکردنی ئاستی تیپ و یاریزانەکانیان بەشێوەیەکی دیکەیش سودیان لەم داتایانە وەرگرت، ئەویش لەڕێگای بڵاوکردنەوەی ئەو زانیاریانەی کە ئاست بەرزی تیپ و یاریزانەکانیان دەخاتە ڕوو، ئەگەرچی لە کۆمەڵێک ڕووەوە دەکرێت زۆر لاوەکی و بێ سوودبن. واتە دەکرێت تیپێک یان یاریزانێک کێشەی گەورەی هەبێت لەسەر ئاستی هەرەوەزی یاخود تاکی، بەڵام زەقکردنەوەی داتایەکی لاوەکی وا وا دەریبخات کە تیپەکە یاخود یاریزانەکە بە باشترین سەردەمەکانی خۆیدا تێپەڕ دەبێت.

 

هەنگاوی دووهەمی یانەکان بۆ بەکارهێنانی ئەم داتایانە بەشێوەیەکی گاریگەرتر لە جوانکردنی وێنەی خۆیان لای هاندەران، ئەوەبوو پشتیان بە کۆمەڵێک پێگەی میدیایی و ڕاگەیاندنکار و شرۆڤەکاری کارتۆنی بەستووە. بۆنموونە کۆمپانیای ئۆپتا هەرچەندە خۆی کاری شیکردنەوەی یاری و فرۆشتنی دەکات بە لایەنە پەیوەندیدارەکان، هاوکات هەژماری خۆی هەیە لە سۆشیال میدیادا کە زۆرترین کەناڵ و شرۆڤەکار و ڕاگەیاندکار داتاکانی وەکوو بەڵگە بۆ بابەتەکانی خۆیان بەکاردەهێنن. هەمان شت بۆ زۆرێک لە کۆمپانیاکانی شیکردنەوەی وەرزشی ڕاستە. بۆنموونە یەکێک لەو داتا باوانەی کە زۆر بەرچاودەکەوێت تایبەتە بە یاریزانی لاو کاتێک گۆڵێک یان چەند گۆڵێک دەکات بۆ یانەکەی. 

 

بۆنموونە فڵان یاریزان یەکەم یاریزانە لە تەمەنی شانزە ساڵی و سیوسێ ڕۆژیدا یەکەمین گۆڵ بکات بۆ یانەکەی. یاخود یاریزانی فڵانە تیپ یەکەم یاریزانە لە مێژوودا لە دووهەم خولەکی گێمی دووهەمدا کارتێکی زەرد وەربگرێت و دواتر دوو گۆڵ بکات. یان فیسار یاریزانە یەکەمین یاریزانە لە دوای تەمەنی سی ساڵی لە دواین دە یاریدا پێنج ئەسێست بکات، هیچ تەمەن سی ساڵێکی تر لەم وەرزەدا ئەم کارەی نەکردووە.

 

وەک دەبینین هەموو ئەم داتایانە کۆمەڵێک داتای لاوەکی و بێ سوود و بێ ئامانجن و تەنها بۆ چەواشەکردنی بینەر بەکاردەهێنرێن. لێرەدا کارەساتەکە لە دوو جێگەدا زۆر گەورەیە: یەکەمیان ئەوەیە کۆمەڵێک شیکەرەوە پشت بەم داتایانە دەبەستن و  بێ ئاگایان لەوەی ئەمانە بەشێکن لە یارییەکی میدیایی بۆ بەرزکردنەوەی ڕەسیدی یانەیەک یان یاریزانێک. دووهەمیان ئەوەیە شیکەرەوە و ڕاگەیاندنەکان هاندەر چەواشە دەکەن بە کۆمەڵێک شیکردنەوەی وەهمی پشتبەستراو بە کۆمەڵێک ئاماری بێسوود و لاوەکی کە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر فراوانترکردنی هۆشیاری بینەری وەرزشی نییە. 

 

بێگومان ئەنجامی ئەم چەواشەکارییە ڕۆژانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەبینین، کە هاندەران چەند بەشێوەیەکی ناشرین و نائاگایانە مشتوومڕی توندوتیژ لەسەر ئەم ئامارانە دەکەن، بێئاگا لەوەی کە بابەتی گفتووگۆکەیان هیچ بنەمایەکی پتەو و دروستی نییە. لە هەمووشی کۆمیدیتر زۆرجار ئەو شیکەرەوانەی ئەم داتایانە بەکاردەهێنن خۆیانیش دەبنە قوربانی ئەم شەڕە جنێوە و تانە و قسەی ناشرینیان پێدەکرێت، کە بەڕای من تا ئەوپەڕی شایستەی ئەو هێرشەن کە دەکەونە بەری. چونکە تۆ کە بینەر و هاندەر بێئاگا و چەواشە دەکەیت، بێگومان دەبێت بکەویتە بەر شاڵاوی نەزانینیشیان.

 

ماوێتی …

ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.

You might also like More from author

error: Content is protected !!