بەدیار ئەم گۆرانیەوە، بەسەر ئایندەمدا دەڕشێمەوە

بەدیار ئەم گۆرانیەوه‌ بەسەر ئایندەمدا دەڕشێمەوە

ئاكار موحه‌مه‌دی
726

بۆ ئەوەی بمێنیتەوە،

دەبێت بجەنگیت بۆ پرسیارەکان.

سەرقاڵی چنینەوەی ڕۆشنایی بە.

وریابە ڕێگاکان ونت نەکات.

تۆ وەک ئەو مرۆڤانە مەبە،

لە ناو ئەم دوکەڵەدا بزربوون و،

ڕەنگەکان ناناسنەوە.

تۆ باخەڵت پڕ بکە لە مێخەک،

دەستەکانت لە ڕیحانە،

بەرەو باشبوونێکی دی و، دونیایەکی دی بڕۆ.

 

 

دەمێکە تاقەتی زۆر شتم نەماوە،

بەڵام ئەرکی گرنگم هەیە: دەبێت فریا بکەوم بیانکەم،

بەیانیان سەرقاڵ بم بە ئاودانی باخچەکە

نیوەڕوان شەکر بۆ مێروولەکان ڕۆبکەم

ئێوارانیش وەک سیسارکە بچمەوە ناو تەنیاییەکانی خۆم و،

بیر لە هاوڕێ دێرینەکانم بکەمەوە و

خۆم بە تەنافی گریانێکەوە بئاڵێنم.

 

 

شەوان خەونم پێوە ببینە.

بە دەم خەوەوە بڵێ بەڵەدم کە ناگەیتە لام،

بە دەم خۆتەوە بگری،

بە دەم خۆتەوە هاوارکە،

جل لەبەر خۆت دابدڕە،

بزانە زۆر دوورە ئەم گەشتەم بۆلات،

ببوورە ناتوانم زوو بگەمە لات!

بۆ ؟

لەبەر ئەوەی تا ئێستا دەڕشێمەوە…بەسەر وێنەکانمدا و،

پێدەکەنم بە ئایندەم.

 

 

تۆ لەم زوقمی بێ مروەتییەدا بڕۆ و،

ئاگات لە کاژی مارەکان بێت.

لە گەڵ کوکوختی ئاشت بەرەوە.

خۆت تەرخان بکە بۆ بە خێوکردنی مراوی و،

ماسیە دڵتەڕەکان.

باڵندەکانی ئەم تاراوگەیە ئاشت بکەرەوە و

دڵی درەخت و گژوگیا خۆش بکە.

 

من کە نەمتوانی سبەینانێک بۆ خۆم دروست بکەم،

ئیدی  چۆن لەسەر تاقی پەنجەرەکە، ئۆقرە دەگرم.

 

خۆم بە ژماردنی برینەکانمەوە سەرقاڵ دەکەم،

تا سپێدە دادێ… بەدیار گۆرانییەکی داریوشەوە:

دەرمان دەخۆم و، سیگار لە دوای سیگار دادەگیرسێنم.

ئەم سەدەیە بە بەری من ناکات،

بەڵام تۆ دەتوانیت خەونی خۆتت هەبێت.

لەوسەری باخچەکەوە تا ئەمسەری ڕیحانەکان،

گۆرانی بڵێ

سەما بۆ سمۆرەکان بکە

بخوورت بە یادی کوندەپەپوو دابگیرسێنە،

ئاو بە دوای کیسەڵەکاندا بڕێژە تا سەلامەت بن.

 

لە ڕێگا دوورودرێژەکان.

بیر لەو برینە مەکەرەوە کە کەوتۆتە زەوی،

تەماشای ئەو دوکەڵە مەکە ئاسمانی تەنیووە

زۆر شت هەیە تۆ دەبێت بیانکەیت.

 

مۆم داگیرسێنە  بە یادی کۆڵانەکانی مناڵی

سیانزە سەعات لە خۆت بدە بۆ چاوشارکێ و ماڵە باجێنە و خەت خەتێن

سەرقاڵی چنینەوەی ڕۆشنایی بە

وریابە ڕێگاکانت لێ تێک نەچێت

تۆ وەک ئەو مرۆڤانە مەبە

لە ناو ئەم دوکەڵەدا بزر بوون و، ڕەنگەکان ناناسنەوە.

 

دەزانیت من زۆر جار دەڵێم:

گێڕانەوەی خەونەکان لە قەراغ  کانییەک جوانە.

کە ئێوارە دێت دڵتەنگ دەبم،

بیرت دەکەم و، بەسەر شەوە درێژەکاندا:

شیوەن بۆ گەورەبوونم دەکەم.

تۆ دەبێت بزانیت وەرزەکان دووبارەن،

ڕۆژەکان سەخت،

خەمەکان دڕێژ و، هەزار بە هەزار.

گرنگە تۆ ئاوازەکانت لەبەر بێت.

 

 

لە ناوەڕاستی هەور و هەتاودا:

مۆسیقای ژیان بژەنیت.

لە ناو ڕەنگەکاندا ئومێدت بە ڕۆژێکی تازە هەبێت.

منیش بە دەم وتنەوەی ئەم گۆرانیەوە،

لەم وێستگەیەدا بە لای دەستە چەپدا:

بۆ دنیایەکی دی و ئازارێکی دی و،

تاریکییەکی دی دەڕۆم .

——————-

 

تاران

٢٠١٧

You might also like More from author

Comments are closed.