ئەو پیاوەی بۆ جارێکیش پێنەکەنی   


Loading

سەرەتای هەشتاکان مامۆستا بەختیار، کە هەموو پێیان دەگووت (بەخە بۆر)  بۆ شەش ساڵ وانەی کوردی پێدەگوتینەوە و بەدرێژایی ئەو ڕۆژگارەش بۆ جارێک چییە نەماندی پێبکەنێت. ئەو پیاوێک بوو پێنەدەکەنی. کەس درکی بەوە نەدەکرد بۆچی ئەو کابرایە پێناکەنێت. هەر یەکێک لە ئێمەی قوتابیانی چیرۆکێکمان لە ئەندێشەی خۆمان دا دەربارەی ئەو پیاوە خوڵقاندبوو کە لامان وەکو ئەفسانەیێکی سەیری لێهاتبوو. تا ئەو شوێنەی هەر یەکێکمان بەجیا وێنای پیاوێکمان لای خۆمان خوڵقاندبوو، کە بە هیچ جۆرێک نەدەچوونەوە سەر یەک.

ئەو پیاوێک بوو لەناو ئێمەدا جیاواز و هێندەی نەمابوو بەتەواوی پارچە پارچەی بکەین و لە جەستەی خۆی بیهێنینە دەرەوە. هەر پارچەیەی لای یەکێک لە قوتابییەکانی بوو کە دوور و نزیک لە هیچ شتێکا نەدەچوونەوە سەر وێنە هەقیقییەکانی خۆی. ئەو شتێکبوو بە ئەقڵی سادەی ئێمە ڕاو نەدەکرا. ئەو بەتەنیا پیاوێکی تاقانە بوو لە کەسی دی نەدەچوو. پیاوێک بوو زۆر زیرەکانە لە هەر هەموومان ڕایدەکرد و زۆر بە ئاسانی خۆی نەدەدا بەدەستەوە. لەناو خۆیا نهێنییەکی ئەوتۆی هەڵگرتبوو بە هیچ یەکێک لە ئێمە نەدەدۆزرایەوە. بەڵام خەونی هەر هەموومان ئەوە بوو بۆ جارێکیش بێ بیخەینە پێکەنین. بۆ ناکرێ بیخەینە پێکەنین. دەبێ بە پێکەنین هێنانی کەسێک ئەوەندە دژوار بێ. تا ئەو ڕۆژەی دوای کارەساتی سووتانەکە بۆ هەتا هەتایە ڕۆیشت و دیاری نەما. ئەوساش و ئیستاش نە کەسێک هەواڵی پێدەزانێ و نە هیچ یەکێکیش لە ئێمەش توانیمان بیخەنە پێکەنین. ئەو بەتەواوی دوور کەوتەوە و بۆ جارێکیش پێنەکەنی.

بەرلەوەی بچینە قوتابخانە، هەموو ڕۆژێک لەو شەقامەوە کەهەمیشە ئەوی لێوە دەردەکەوت کۆدەبووینەوە و لە نزیک و دوور لێمان دەڕوانی. بەڵکو جارێک بزەیێک، خەندەیێک، شتێک لە پێکەنین بچێ لەسەر لێوەکانی دەربکەوێت. ئێمە چەند خەنی دەبووین بە پێکەنینێکی

Amedeo Modigliani – Léopold Zborowski -1911/1920

ئەو گەورەترین سەرکەوتن و بردنەوەی گرەوێک بوو بۆ خۆی، تا دەگەیشتە نزیکی دەرگای قوتابخانە ئەو لە پێشەوە و ئێمەش لەدوایەوە شوێنی دەکەوتین. هەر یەکێک لە ئێمەی منداڵان گرەومان لەسەر ئەوە کردبوو کە دەتوانین بیخەینە پێکەنین، بەڵام هەر هەموومان دۆڕاندبوومان. گرەوێک بوو کەس نەیدەبردەوە. لە پێشیەوە دەرۆیشتین و لەناکاو خۆمان دەخست. لەبەردەمیدا تەقلەمان لێدەدا. شاخ و گوێمان لە خۆمان دەڕواند، گەر بۆشمان بکرایە لە نزیکییەوە دەفڕین و لەسەر شانوباڵی دەنیشتینەوە. ڕۆژانی زستان لەناو جۆگەلەی ئاوەکانی دەم ڕێگا پاڵمان بەیەکترییەوە دەنا و وەکو چۆلەکەی تەڕ هەموو گیانی خۆمان دەکرد بە قوڕاو هیچ کەڵکی نەبوو. لەناو بەفرا پاڵدەکەوتین و تا ئەو دەمەی تەواو دەتەزیین هەردوو قاچمان دەخستە ئاسمان. کڵاو و دەستکێش و پێڵاوەکانمان فڕێدەدان و دەمانگرتنەوە. بۆ خۆمان خەریکبوو لەناو پێکەنینا دەمردین و ئەویش بێباک دەهات و دەچوو بۆ جارێک چییە لە کەسی نەدەڕوانی. تەماشای هیچی نەدەکرد. چاوەکانی ئەو وەکو دوو کانی ڕەش لەناو ڕوخسارییا هەڵکۆڵرابوون و دەتگووت هەرگیز نایانجوڵێنێ. چاوەکانی کراوەبوون کەچی هەر دەتگووت هیچ نابینن و لە هیچ ناڕوانن.

لە پێشی پۆلدا ڕادەوەستا و لە هەموومانی دەڕووانی بەبێ ئەوەی نیگای لەسەر کەسێکمان ڕابگرێت. لە خواری ژورەکەوە دەچووە ئەوسەر و دەگەڕایەوە. کەمێک بەرەو لای دەرگاکە دەهات و ئەوجا بەرەو لای پەنچەرەکە دەگەڕایەوە. دەتگووت ماخۆلانی گرتووە بۆ چرکەیێک لە شوێنێک گیرنەدەبوو. ئەو پۆلە بچکۆلەیە لەلای ئەو دەبووە سەرایێک و ئەو بەردەوام تیا دەجووڵا و ئارامی نەدەگرت. شەش ساڵ من بە هەردوو چاوی خۆم دەمدی ئەو یەک چاکەتی لەبەرا بوو و تا سەر ئەژنۆی هاتبوونە خوارێ. چاکەتێکی بۆری خەت خەت خەریکبوو لەبەریا هەلا هەلا دەبوو. لە دامێنی خوارییەوە چاکەتەکە تەواو هەڵوەشابوو و ڕیشاڵەکانی تەواو هاتبوونە دەرێ. ئەو قوتابیانەی چەند ساڵێک لە پۆلێکا مابوونەوە و لە ئێمە بەتەمەنتربوون لەدەمی هاوڕێکانی خۆیانەوە بیستبوویان لەوەتەی هەیە هەر ئەو چاکەتەی لەبەردایە. بۆ جارێکیش بە جلێکی دییەوە نەبینراوە. لە هەندێک جێگە لەوەی دەکرد ئاسەواری خوێنی وشکەوەبووی پێوە بێت، چاکەتەی سووری دەکردەوە. پێموابێ بەدرێژایی ژیانی ئەو چاکەتە دڵوپێک ئاوی بەنیازی شۆردن بەرنەکەوتبێت. من بە بۆنی چاکەتەکەی بێزار نەدەبووم بەڵام هەندێک لە قوتابییەکان بە بۆنی دەڕشانەوە و لوتی خۆیان دەگرت.

ئیدی ووردە ووردە کەسێک بە خەمی ئەوەوە نەما بیخاتە پێکەنین و باسی پێکەنین خەریک بوو بە ئێجگاری لەبیردەچۆوە و دەبووە ڕابوردوو. سرتە سرتێکی تازە کەوتبووە ناو قوتابییەکان کە چۆن ئەو چاکەتەی پێ فڕێبدەن.  (جەلە قەڵەو) یەکێک بوو لەو قوتابیانەی کە چەندین ساڵ لە پۆلی شەشەم مابۆوە و ماوەیێک بوو بە دایک و باوکی گوترابوو؛ ئەگەر بێتوو ئەمساڵ دەرنەچێت ئیتر ناتوانێ لە خوێندن بەردەوام بێ … ئێمە بە جەلەمان دەگووت فیلەتەن. ئەو مردوومراوە لەسەر مێزێکی دوو کەسی جێگەی نەدەبۆوە. لە پشتی پشتەوە بۆ خۆی لەسەر مێزێک بەتەنیا دانیشتبوو. کەس نەیدەوێرا ئاوڕی لێبداتەوە، ئەوەندە زل بوو هەموومان لێیدەترساین، لە پێشییەوە (مێروولە) دانیشتبوو. نازانم کێ ناوی لێنابوو مێروولە، بەڵام منداڵێکی ڕیوەڵەبوو و دەتگووت گۆشتی پێوە نییە. ڕۆژێکیان (جەلە قەڵەو) مێروولەی هەڵخەڵەتاندبو، هەموو قوتابییەکان بەوەیان دەزانی. ئەو فیلەتەنە لە ئاودەستەکان سەعاتە دەستییەکەی خۆی بۆ ڕۆژێک دابوو بە مێروولە هەر ئەوەندەی تۆزێک لە باوەشیا بە ڕووتی دانیشێت. جەلە یەکە یەکە هەموومانی بەتەنیا دەگرت و دەیویست هەموو قوتابییەکان بەوە ڕازی بکات (چاکەتە بۆر) بسوتێنین. کەس نەیوێرابوو قسەی فیلەتەن بشکێنێت. کێ دەیتوانی گوێ لەو فیلەتەنە نەگرێت؟  جەلە هەر بۆ خۆی لە قتویلکەیێک دا کەمێک نەوتی هێنابوو، سرنجێکی دەرزی لێدان و شقارتەیێک. هەر یەکەی دابوو بە یەکێک لە قوتابیەکان. هیچ قوتابییەک نەیوێرابوو بێ گوێی بکات. قوتابییەکان بە دزییەوە بە یەکیتریان دەگووت؛ ئەگەر دەتەوێت جەلە قەڵەو بەڕووتی لە باوەشیا داتنەنێ ئەوا دەبێ بە قسەی بکەین.

کاتێک مامۆستا لەو ڕیزەی جەلەی لێ دانیشتبوو، لەمسەری پۆل دەچێت بۆ ئەو سەر، قوتابییەک لە پشتەوە بە سرنج نەوت بەسەر چاکەتەکەی دا دەرێژێت. چاکەتە بۆر هێواش هێواش تەڕ دەبێت. ئیدی کاتی ئەوە هاتبوو دەنکە شقارتەیێک دابگیرسێت، ئەگەرچی کەسێک نەیوێرابوو ئەو کارە بخاتە ئەستۆی خۆی، بەڵام جەلە قەڵەو بۆ خۆی ئەو کارەی لە کۆڵ هەمووان کردبۆوە. ئەو هەر بۆ خۆی بەدزە دزە دەنکە شقارتەکەی داگیرساند و لە پشتەوە چاکەتە بۆری سوتاند. ئێمە هەر هەموومان چاکەتمان دی لەسەرخۆ گڕی گرت. بەخە بۆر لەوکاتەدا لە دیوارەکەی پشتەوە بەرەو خوارەوە دەگەڕایەوە،  ئێمە هەموو سەرمان بەسەر کتێبەکانمان دا شۆرکردبۆوە خوارێ و ئەویش خەیاڵی بۆ شوێنێکی دوور ڕۆیشتبوو. ئاگر هێواش هێواش خەریک بوو پەرەی دەسەند و هێشتا گەرمایی تەواو پێنەگەیشتبوو. قوتابییەکان هەموو کڕو خامۆش خۆیان لەناو کورسیەکان دا گرمۆڵە کردبوو. ئەو بێخەم دەڕۆیشت و ئاگر لە پشتییەوە بەرز دەبۆوە. هەر ئەوەندەی (بەخە بۆر) تینی گەرمایی گەیشتێ لە شوێنی خۆی ڕاچڵەکی و بەرزبۆوە. ئەو نەیدەزانی چۆن گڕی گرتووە،  بەڵام ئیدی دەیزانی وا خەریکە دەسوتێت. هەر هێندەی چاو تروکانێک بەدەم قریشکەوە دەرگای پۆلی کردەوە و بۆ ناو گۆڕەپانی قوتابخانەکە ڕایکرد…ئێمە هەموو لە پەنجەرەکانەوە بەخە بۆرمان دەدی بەناو گۆڕەپانەکەدا ڕایدەکرد و ئاگری لێ بەرزدەبۆوە. کاتێکمان زانی چی مامۆستا و قوتابی و فەراشە هەموو هاتنە دەرەوە، دەتگووت هەرچی دونیایە ئەو ڕۆژە ڕژاوەتە ناو قوتابخانەکەی ئێمەوە. فەراشەکان بەخێرایی ئاگریان کوژاندوە. بەخە بۆر بەجۆرێک شڵەژابوو خەیاڵی بۆ ئەوە نەدەچوو چاکەتەکەی لەبەری داکەنێ و خۆی لە سووتان قوتار بکات. کەسێک بیری لەوە نەکردەوە ئەو چاکەتە کە لای بەخە بۆر وەکو بەشێکی جەستەی لێهاتبوو ئەوەندە خۆشەویست بووبێت کە دڵی نەیەت لەبەری خۆی دابکەنێت. لەوەو دوا بەخە بۆر نەهاتەوە قوتابخانە. کەسێکیش بەخە بۆری نەدییەوە و بە هێواشی لەبیر هەموومان چۆوە. بەڵام ئەو ڕۆژە هەر هەموومان بەری دەستەکانمان بە شوڵکی تەڕی بەڕێوەبەر شین و مۆربووبۆوە، یەکی دە داری مزرمان خوارد، سەرباری ئەوەش پۆلەکەشمان بۆ هەفتەیێک داخرا. ئەوە هەموو پەنگی فیلەتەن بوو تەفرەی داین ئەو پیاوە بسوتێنین کە بۆ جارێکیش پێنەکەنی بوو.

ڕۆژگارێک تێپەڕی و من گەورەبووم و بووم بە مامۆستا. ڕێکەوت جارێکی دی بۆ ئەو قوتابخانەیەی بردمەوە کە ئەو سەردەمە لەوێ قوتابی بووم. کاتێک گەڕامەوە ناو قوتابخانەکە دونیایێکی تازە بوو، بێجگە لە فەراشێک کە ناوی (مام ئیبراهیم) بوو کەسێکی دی لەوێ نەمابوو. هیچ شتێک لەوێ نەگۆڕابوو، تەنیا تەختە و مێز و دەرگا و ڕەنگی دیوارەکان کۆن بووبوون، دەنا هەموو شتێک هەر وەکو خۆیان مابوونەوە. ساختومانی قوتابخانە بەجۆرێک داڕزابوو بۆنی ڕابوردووی لێدەهات.

من بۆ خۆم مامۆستا بەختیارم بە هەموو جۆرێک لەیادا نەمابوو و بەڵام ڕووداوەکانی ڕۆژگاری منداڵی زۆر بە ئاسان بیرناچنەوە. جارێکی دی کەڵکەڵەی دۆزینەوەی سەرەداوێک لەو پیاوە لە ناخما زیندووبۆوە. پیاوێک شەش ساڵ وانەی کوردی پێگوتینەوە و ئەو بۆ یەکەمجار پیتەکانی زمانی کوردی فێرکردین. لە دونیای ئێمەدا کەسەکان دێن و دەڕۆن و تەپوتۆزی ڕۆژگار لەگەڵ خۆیان دەبا و شتێکیان لە دوو جێنامێنێ. یەک دوو جار بەنیازی چا خواردنەوە و جگەرە کێشانەوە خۆم لە مام ئیبراییم نزیک کردەوە. مام ئیبراییم تەواو پیربووبوو. ئەو بەبیری نەدەهاتەوە لە منداڵییا منی ناسیبێت. منیش شتێکی ئەوتۆم لا نەدرکاند. ڕۆژێک خۆم کرد بەژێر پلیکانەکاندا کە لەوێ ژورێکی بچکۆلەبوو مام ئیبراییم زۆربەی کاتەکانی خۆی لەوێ دادەنیشت و ژووری ئەو پیاوەش بوو کە شەوان لەوێ پاسەوانی لە قوتابخانەکە دەکرد. جگەرەیێکم دا بە مام ئیبراییم. ئەو پەڕە سیگاری دەپێچاوە. زۆرم لێکرد لە جگەرەکەی من بکێشێ. مام ئیبراهیـم دڵمی نەشکاند.

”ئەم قوتابخانەیە کۆن دیارە” من پرسیم.

”تەمەنی باوکمی هەیە” مام ئیبراهیم گووتی.

”دەبێ چەند قوتابی لێرە دەرچووبن؟”

”هەر مەپرسە، من بە چاوی خۆم دونیایێکم لێ دیوون”

”دەی پێش تۆش دونیایێکی دی”

”هەر وەک خۆڵ هات و چوون کوڕەکەم”

”بەوەدا کە مامۆستاکان بە تەمەنن، لەوە دەکات تا ئیستا ئەوەندە نەگۆڕابن”

”گەنجەکان ڕاکێشران بۆ سەربازی، ئەوەش نەچوو ڕایکرد و خۆی شاردەوە”

”دیارە زۆرت مامۆستا لێرە دیوون؟”

”هەموویان ”

”مامۆستایێک هەیە لە یادەوەری دا مابێتەوە”

”مامۆستا بەختیار”

”ئێستا لێرەیە؟”

”نەخێر، چەند ساڵێک لەمەوبەر لێرە بوو”

”بردیان بۆ سەربازی؟”

”نەخێر ئەوە پێش ئەوە بوو سەدام پەلاماری ئێران بدات”

”دیارە ئەو مامۆستا بەختیارەت زۆر خۆشویستووە؟”

”کوڕم خۆشەویستی نەبوو. شتێکی دی بوو. دەشێ بڵێم بەدبەختی بوو”

”بۆچی بەدبەختی؟”

مام ئیبراهیم بە شێنەیی چیرۆکی مامۆستا بەختیاری بۆ گێڕامەوە، ئەو گووتی؛ ”ئەو مامۆستایە خەڵکی شاری خانەقین بوو. منداڵ بوو باوکی لە ساڵی شەستەکان لە یەکێک لە شەڕەکانی مەلا مستەفادا لەگەڵ حکومەت کوژرا بوو. دایکی لەتاوا هێنای بۆ شاری سلێمانی و لێرە بەهەزار دەردە سەری گەورەی کرد و پێیگەیاند. کە یەکەمجار دامەزرا و بوو بە مامۆستا، تازە حکومەت لەگەڵ شۆرش ڕێکەوتنی کردبوو ناردیان بۆ قەڵادزێ. هەر لەوێ کیژێکی خۆشویست و دواتریش هێنای. وابزانم ژنەکەی ناوی نیشتیمان بوو. ئەویش مامۆستابوو لەگەڵ خۆی. ماوەیه‌ک بوو حکومەت بیانووی دەگرت و ملی بەوە نەئەدا لەگەڵ مەلا مستەفادا ڕێبکەوێت و هەر جارەی پەڵکێکی پێدەگرت و هەر ڕۆژەی لە شوێنێکەوە پەلاماری کوردی دەدا. هێشتا بەهاری ساڵی حەفتاو چوار تەواو نەگەیشتبوو قەڵادزێی بۆردومان کرد. یەکێک لەوانەی کە لەو کارەساتەدا کوژران ژنەکەی ئەوبوو. وەکو باسی دەکەن لە باوەشی خۆیا گیانی دەرچووبوو.”

لەپڕێک مام ئیبراهیم وەستا و تەماشایێکی منی کرد، ئەوجا چاوە ڕەشە بچکۆلەکانی لە چاوم بڕی، دواتر وەک ئەوەی لە شتێک بترسێ بە ئاگاییەوە لە هەر لە چوار لای خۆی ڕوانی. بۆ ئەوەی ترسەکەی بڕەوێنمەوە بەخێرایی هەستام و بەرەو لای دەرگاکەوە چووم و تەماشایێکی دەرەوەم کرد. بەدەم داگیرسانی جگەرەیه‌کەوە هاتمەوە شوێنی خۆم و دانیشتم. لەوەی دەکرد مام ئیبراییمیش دڵنیاییەک گرتبێتی خەریکبوو جگەرەیێکی دەپێچایەوە.

”دیارە مەرگی ژنەکەی کۆڵەواری کردبوو؟” من گووتم.

”مەرگی نیشتیمان، ڕوداوێک بوو لە بیری نەدەچۆوە” مام ئیبراییم ئەوەی گووت و جگەرەکەی ئاگر دا. مژێکی لێدا و بەدەم هەناسەیێکی ساردەوە هەرچی دوکەڵ بوو لە سنگی کردە دەرەوە. درێژەی بە گێڕانەوەکەی خۆی دا گووتی؛

 ”ئەوە ماوەیێکیش بوو ژنەکەی سکی هەبوو. هەموو ئومێدێکیان ئەو منداڵەبوو ژیانیان گەرم بکاتەوە، بەڵام منداڵ نەهاتە دونیا و نیشتیمانیش بۆ یەکجاری سەری نایەوە. ئەو هەموو شتێکی بۆ من دەگێرایەوە، من و باوکی هەردووکمان پێکەوە پێشمەرگەی بارزانی بووین، بارزانی ئەو هەموو خەڵکەی بە کوشت دا و بۆ خۆشی ڕۆی. کەس نازانێ ئێستا ئەو لە کوێیە؟

”باسی ئەو چاکەتەت کرد؟”

”خۆی بۆی گێڕامەوە، ڕۆژێک بەر لە مەرگی نیشتیمان هەر یەکەیان دیارییەکیان بە یەکدی بەخشی بوو، ئەوەی نیشتیمان بۆ ئەوی هێنابوو چاکەتێکی زەردی خەتخەت بوو. ڕاستە دەڵێن دونیا بۆنی فرمێسکی ئینسانی گرتووە. دونیا بۆ ئەو تەنیا دەرد و میحنەت و فرمێسک بوو کوڕەکەم. خۆشەویستی تابوتێک بوو هەموو خۆشەویستەکانی ئەوی تیا پاڵکەوتبوون”

مام ئیبراهیم لە جێی خۆی بەرزبۆوە و لە شوێنی خۆی وەستا. دیاربوو نەیدەزانی چی بکات. جارێکی دی دانیشتەوە. چاوتروکانێکی نەخایاند هەمدیسان هەستا و ئەمجارە بەرەو لای پەنجەرەکەوە چوو و تاوێک ڕوانییە دەرەوە. هەستم کرد فرمێسک لە چاوی دەهات. ڕەنگە حەزی نەکردبێ من هەست بە گریانی بکەم. پاش کەمێک هیئور بۆوە و ئاوڕێکی دایەوە و گووتی ”مەرگی نیشتیمان، مەرگی خۆشی بوو. ئەو هەر بەناو زیندوو بوو. ئەو چاکەتەی کە ئەوێ ڕۆژێ خوێنی ژنەکەی پیا ڕژابوو ئیدی لەبەری دانەکەند.

”گۆرستانێک بوو ناو سنگی ئەو”

”گۆرستان؟” من گووتم.

”کوڕەکەم زۆرێک هەن لەناو خۆیان دا گۆرستانێکیان هەڵگرتووە، ئەو یەکێک بوو لەوان ”

مام ئیبراهیم ئیدی کوڵی دڵی بۆ ڕانەگیرا و هێرشی گریان سەری کرد، لێوەکانی دەلەرزین، من تەواو پەشۆکابووم . شەرمەزار لەوەی پیاوێکم تەواو کۆڵەوار کردبوو، بەڵام تازە ئارامکردنەوەشی هیچ مانایەکی نەدەبەخشی …

”ئەی مامۆستا بەختیار ئیستا لە کوێیە؟”

مام ئیبراییم دەستێکی هەڵبڕی و ئاماژەیێکی بۆ دەرەوە کرد و گووتی ”ئیستا لەوێیە”

لە شوێنی خۆم هەستام و بەرەو لام مام ئیبراییمەوە چووم.

”ئەوێ کوێیە؟”

مام ئیبراییم جارێکی دی دەستێکی بەرەو ئەو شوێنە ڕاکێشا، ئەوێ گۆڕستانی سەیوان بوو.

”کوژرا؟”

”نەخێر خۆی کوشت”

من هەردوو قاچم سڕبووبوون، بەخێرایی لە ژوورەکە هاتمە دەرێ و بەرەو حەوشه‌ی قوتابخانەکە ڕامکرد و دەتگووت ئاگرم گرتووە. بەرەو ئەو پۆلە چووم کە ئەوێ ڕۆژێ مامۆستا بەختیار بە دەم ئاگرەوە هەڵهات. لەوەی دەکرد بمەوێ بەر بە کارەساتێک بگرم کە چەندین ساڵ بوو لێرەدا ڕووی دابوو.

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین