ئه‌حمه‌دی مه‌لا

وتووێژ لەگەڵ د.ئەحمەدی مەلا


Loading

پێشەڕۆک:

ئه‌حمه‌دی مه‌لا

ئەحمەدی مەلا یەکێک لەو ناوە دیارانەی ئەدەبی کوردییە کە لە چەندین بوار و ژانێری ئەدەبی وەکوو شیعر، رۆمان، شانۆنامە کاری کردووە و هەم چەندین دەقی وەرگێڕانی لە زمانی فەرەنسی و ئیسپانی هەیە و هەمیش بەشێک لە نووسینەکانی لەو بوارانە بە زمانی کوردی هاتوونەتە نڤیساندن. کۆی شیعرەکانی ئەم قەڵەمە لە نێوان ساڵەکانی1974بۆ2006 و لەقەوارەی 7 دەفتەر دا بە پێشەکی بەختیار عەلییەوە چاپ کراوە. جگە لەمەش وەرگێڕانی سەدساڵ تەنهایی گارسیا مارکێز لە زمانی سەرەکی و هەروەها دەقە شیعری پاز و بوودلێر و ریمبۆ هەمدیس لە زمانی سەرەکی بەشێکی بچووک لە کارەکانی ئەون و تێزی دوکتۆراکەی لەسەر جیهانی مەحوی بووە و کراوە بە زمانی فەرەنسی و هەروەها دەفتەرە شیعرێکی لە لایەن ئیسماعیل دەروێشەوە کراوە بە فەرەنسی و چەندین لێکۆڵینەوە و رۆمانیشی بەزمانی کوردی پێشکەشی کتێبخانەی ئێمە کردووە. لە خوارەوەی کۆی کارەکانی وەکوو ناو دەخەینە ڕوو. لەم وتووێژە دیالۆگ ئاسایە دا هەوڵدراوە لە سەر چەندین بابەت و تەوەری وەکوو، سیاسەت، جیهانی کورد، زمان، ئەدەب، شیعر(جیهان و کوردستان-رۆژهەڵات و باشوور)، شوناس، رۆمان، گێڕانەوە بەگشتی و چەندین وردە تەوەر و پرسیتر قسە بکرێت و پرسیار لە توێی پرسیار و وەڵام لە توێی پرسیار بخرێتە روو.
کلیل وشەکان: زمان، شوناس، ئەدەب، سیاسەت، بوون، جیهان، وەرگێڕان، مێژوو.

چاپكراوه‌كانی نووسه‌ر

شیعر

1- باران، ژنیڤ، پۆیه‌زی ڤیڤان، ١٩٨٣.2
2- زه‌ردك، ژنیڤ، ئاگرێ، ١٩٨٨.
3- كتێبی شیعر، پاریس، ئاپكف، ١٩٩٦.
4- ئاقیقی زڕ و زستانێكی زۆر، بزهنسۆن، ١٩٩٨.
5- مانگ و هه‌ڵپه‌ڕین، سیوداد ریال، ٢٠٠٠.
6- ئاسمانمان له شه‌ققه‌ی باڵ بێزار كرد، دهزگای گهڵاوێژ، سلێمانی، ٢٠٠٧.
7- خه‌ونه‌کانی زوله‌یخا، کتێبی هه‌نار، 2009، سلێمانی.
8- هه‌رمێیه‌کانی فیرعه‌ون، نووسهرانی کهرکووک، 2011.
9- کۆی شیعرەکان، چاپخانەی رەنج، سلێمانی، ٢٠٠٦.

ڕۆمان

1- زاكیره‌ی با، سه‌ردهم، سلێمانی، ٢٠٠١.
2- بلوژستان، ئاراس، هه‌ولێر، ٢٠٠٤.
3- په‌ناهه‌نده، رهنج، سلێمانی، ٢٠٠٦.
4- زاكیره‌ی با، سه‌ردهم، سلێمانی، چاپی دووەم، دەزگای موکریان، ٢٠١٢.

وه‌رگێران
شیعر :
1- ورزێك له دۆزه‌خ و دره‌وشانه‌وه، ئارتور رامبۆ، ئاراس، هه‌ولێر، ٢٠٠١.
2- گوڵی خراپه، شارل بۆدلێر، ئاراس، ههولێر، ٢٠٠١.
3- به‌ردی هه‌تاو، ئۆکتاڤیۆ باس، ئاراس، ههولێر، ٢٠٠١.
4- ئه‌كسیۆن ئێستی، ئیلیتیس ئیستی، ئاراس، هه‌ولێر، ٢٠٠٢.

وه‌رگێڕان
شانۆ :
1- بورژوای نهجیبزاده، مۆلییهر.
2- وانه و ژنه‌گۆرانیبێژه که‌چه‌ڵه‌که، ئیۆنیسکۆ.
3- ئەژدەها، ئێڤگینی شوارتر. ئامادەیە بۆ چاپ.

رۆمان :

1- سه‌مه‌رقه‌ند، ئه‌مین مه‌علووف، ئاراس، هه‌ولێر، ٢٠٠٢.
2- خاتوون T، میلان كۆندێرا، ئاراس، ههولێر، ٢٠٠٣.
3- سوارچاکی نەبوو، ئیتالیۆ کالڤینۆم کتێبخانەی غەزەلنووس، ٢٠١٣.
4- ڤیسکۆنتی دوولەتبوو، ئیتالیۆ کالڤینۆ، سەردەم، سلێمانی، ٢٠١٤.
5- باوکە گۆریۆ، بەلزاک، ئەندێشە، ٢٠١٤.
6- سەد ساڵ تەنیایی، گارسییا مارکێز، ئەندێشە، ٢٠١٥

لێکۆڵینه‌وه :
1- مه‌حوی له نێوان زاهیرییه‌ت و باتینییه‌ت دا، وێنه‌ی مه‌عشووق و سه‌رچاوهكانی عه‌شق، تێزی دكتورا، ئاراس، هه‌ولێر، ٢٠٠٢.
2- شیعر تەنها بنەمایە، دەزگای ئاراس، ٢٠٠١.
3- بنبەست لە شیعری شێرکۆ بێکەسدام دەزگای نما، ٢٠١٢.

به زمانی فهرهنسی :
1- دیوانی مه‌حوی به زمانی فه‌رهنسی، ئارمه‌تان، پاریس، ٢٠٠١.
2- زاکیره با، (ئامادهیه بۆ چاپ.)
3- زه‌ردک، ته‌رجه‌مه‌ی ئیسماعیل ده‌روێش، ده‌زگای ئارمه‌تان، پاریس، 1993.

 

 

پ:جیهان و بوونی کوردیی لای ئێوە چۆن پێناسە دەکرێت؟ئایا تەنها قەوارەیەکی زمانییە کە لە ئەدەب و زۆرتریش لە شیعر دا خۆی مانیفێست کردووە؟یان خاوەنی رەگەز و لایەنی دیکەیە کە لەحاڵی چەکەرە و گەشەکردن دان؟

ئه‌حمه‌دی مه‌لا : ئێمە هەموو لە جیهانێکدا دەژین، بەڵام ئەم جیهانە کە ئەمڕۆ پێی دەگوترێ جیهانی گلۆبال(global)، تاکو دوێنێ بەسەر جیهانی یەکەم و دووەم و سێیەم دابەش ببوو. ئەم دابەشبوونە، هەم سیاسیی بوو، هەم پەیوەست بوو بە ئاستی ئابووریی و کۆمەڵایەتییەوە. لە نێو ئەم سێ بەشەش، دابەشکردنی بچووکتر هەبوو. لە مێژووی هاوچەرخدا کورد مامەڵەی لەگەڵ جیهانی یەکەم و دووەم کردووە، بەڵام لەبەر ئەوەی خودی کورد پێگەیەکی پتەوی نەبوو، چ وەک دەوڵەت، چ وەک یەکەیەکی یەکگرتوو، بۆیە هەندەی یاریی پێ دەکرا هەندە خۆی وەکو بکەرێکی بەهێز لە نێو ئەو یارییانە نەبوو. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ پێگەی جیۆ-سیاسیی(geo-politic) کورد. ئێستا جیهان لە گۆڕانکارییەکی دیکە دایە، واتە ئیدی قبووڵی یەک پۆڵ، یا تاک پۆڵ ناکات، بەڵکو دەچینە نێو قۆناغی کۆ پۆڵەوە، چین و روسیا وەکو یاریکەری چالاک هاتوونەتە پێشەوە. ئێمە، وەکو زۆرجاری دیکەش، بە باشیی خۆمان تەیار نەداوە، بۆیە لە ئاستی ئەم گۆڕانکاریی و وەرچەخانە گەورەیەدا نین. کورد لە سەرنەخشەی سیاسیی جیهانیی یەک یەکە نییە، بەڵکو لە دیدی جیاوازەوە سەیری ئەو نەخشەیە دەکرێ کە کوردی لەسەردابەشکراوە، وەکو ئەوەی کوردی باش و کوردی خراپ هەبێ. وەڵامی بەشەکەی دیکەی پرسیارەکەش ئەوەیە ئایا ئێمە تەنها زمان و خاکێکی دابەش بووین؟ ئایا یەک زمانی کوردیمان هەیە یا چەند زمانێکە؟ ئەگەر وەکو دیالێکت(dialect) سەیری ئەو زمانانە بکەین، ئایا وەکو یەک گەشەیان کردووە، ئایا وەکو یەک بەرهەمی ئەدەبی و هونەرییان هەیە؟ بێگومان دەبێ بە نەخێر وەڵام بدەینەوە. ئاسان نییە باسی کورد بە شێوەیەکی گشتیی بکرێ، چونکە باشوور زۆر جودایە لە باکوور و رۆژهەڵاتیش زۆر جودایە لە رۆژئاوا. بەڵام لە نێو نوخبەدا، هەستێک هەیە کە هەموو بە یەک چارەنووس دەبەستێتەوە. ئەم نوخبەیە لە کۆتایی جەنگی یەکەمی جیهانییەوە لە هەوڵ دایە. کاتێک دێینە سەر باشوور، دەبێ زۆر تایبەتیی تر قسەی لەسەر بکەین، چونکە کورد بە پێی دەستووری ١٩٥٨ وەکو شەریک دێتە مەیدانی جوگرافیای سیاسیی. لە ١٩٧٠ بەیانی یانزەی ئازار، پێداگرییەکی دیکەیە بۆ ئەم شوناسە، لە ٩١ بەدواوە، پانتاییەکی ئازادتر دێتە گۆڕێ و لە دەستووری نوێی عێراقیش وەکو هەرێمێکی فیدرال ناسراوە. کەواتە لە ماوەی ئەم ٦٠-٧٠ ساڵە، هەست دەکەین شتێک هەیە گەشە دەکات، بەڵام ئەم گەشەکردنە هەمیشە دووچاری قەیرانی جیاواز بۆتەوە. چ قەیرانی ناوەکی چ قەیرانی دەرەکی، ئەوەی ناوەکی پەیوەستە بەبنەمای کۆمەڵایەتی و مێژووی ئەو حیزبە کوردییانە کە هەندەی لە دەرەوەی شارەکانی کورستان چالاکییان نواندووە، هەندە لە ناو شارەکان نەبوونە. ئەم گۆڕانکارییانەی کە دەبینرێن ئەمڕۆ ئاماژە بۆ ئەمە دەکەن. کورد و شار دوو نامۆن. دەتوانین بڵێین نەبوونی شار بە مانایەک لە ماناکان، هۆکار بووە بۆ ئەوەی حیزبی مەدەنی لە لای ئێمە زۆر لاواز بێ، تاکو ئێستا یادەوەرییەکانی شاخ شارەکان بەڕێوە دەبات.

پ:بێگومان لە نێوان کایە سیاسییەکانی جیهان و ئامادەیی پاسیڤ و شەرمنۆکانەی کورد لە نێو کایەکە دا و ئەو قەیرانەی کە ئەمڕۆ شوناسی کوردی خستۆتە مەترسییەوە پێوەندییەکی توند و تۆڵ هەیە، هەر وەکوو لەقەوارەی ئەو پرسیارانەش لەبارەی زمان و لەت لەت بوونی و رێچکە پێوانی ئەدەبی و هونەریی جیاوازی دیالێکتەکان لەیەکدی باستان کرد، سیاسەت رۆڵێکی گرینگی لە پاراستن و گەشەپێدانی شوناس و کایەکانی بوونی ئێمە دا هەیە بەڵام کێشەی ئێمە ئایا بکەران و کایەکەرانی سیاسی نییە لە ئێستە دا و تەنانەت لەبەشێکی زۆری مێژووشمان؟کە هەر وەکوو دەڵێن: ” هێشتاش یادەوەرییەکانی شاخ شار بەڕێوە دەبەن”، من وا لەم رستەیە تێدەگەم کە بە هۆی نەبوونی حیزبێکی مەدەنی راستەقینە و نیشتمانی کە لە دەرەوەی بەرژەوەندییە گرووپی و خێڵەکییەکان بێت (زۆرتر مەبەست باشوورە لێرە دا) ئەو یادەوەرییانەی شاخ لە هەموو توخم و رەگەزیتری وجوودی نەتەوە دەتەکێندرێن جگە لە ئایدۆلۆژی حیزبە سیاسییەکان. ئایا ئەمە قەیرانی سیاسەتی جیهانییە و بەپێی ئەوەش سیاسەتی کوردی یان نەبوون و داڕمانی عەقڵییەت و ویژدانی سیاسیکارانی کورد؟

ئه‌حمه‌دی مه‌لا: ڕاستە، کورد بۆ ئەوەی هەنگاوی مەدەنی گەورە بنێ، دەبێ لە شارەوە دەست پێ بکات، چونکە تەنها لە شاردا بناغەکانی دەوڵەت بەدەردەکەون، لە شاردا زمان گەشە دەکات، ئەدەبی زیندوو لە دایکدەبێ، هونەر و شانۆ چالاک دەبن، کەلتوورێکی پشت ئەستور بە خەڵکی مەدەنی پەیدا دەبێ. ئەم کەلێنە لە مێژووی ئێمەوە دێ، واتە نەبوونی شار لە مێژووماندا وایکردووە کە ئێمە بە پێی پێویست، گەشە نەکەین. تاکو سەرەتای سەدەی نۆزدە، هەموو ئەدەبییاتی ئێمە سەر بە مەعریفەی حوجرەیە، واتە سەر بە مەعریفەی چاخەکانی ناوەندە. مەعریفەیەکی دابڕاو، هیچ پەیوەندییەکی نەبوو لەگەڵ سەرجەم ئەو پێشکەوتن و گرەوانەی کە لە رۆژئاوا، ٤٠٠ ساڵ لەوەوە بەر روویاندا بوو. ئەم مەعریفە دەم داخراوە، ئەدەبێکی دەمداخراو بەرهەم دەهێنی، سەرباری رووە ئێستاتیکییەکان (aesthetics) ی، لە دەوری بەهاگەلێک دەخولێنەوە کە هی سەردەمی خۆی نییە. ئەمە مانای ئەوە نییە کە شیعرمان بەرهەم نەهێناوە، بەڵکو بەومانایە کە ئەو شیعرە لە یەک سەرچاوە توێشووەکانی وەرگرتوون، ئەویش حوجرەیە. سەرهەڵنەدانی پەخشان دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی سەنتەرەکانی شار. ئەگەر گوند گۆرانییەکی بێگەرد بێ، لە شاردا رامان و بیرکردنەوە بەجۆرێکی دیکە دەخەمڵێ کە پەخشانێک بەرهەمبهێنێ هاوتەریب بێ لەگەڵ پێشکەوتنە هەمەجۆرەکانی کۆمەڵگە. لە نێو ئەم لابۆرەدا، حیزبی مەدەنی لە دایکدەبێ کە لەسەرووی خێڵ و ئایین و شارچێتی دا بێ، چونکە ئەو سێ رەگەزە دەکەونە خوارەوەی نەتەوەوە. ئەگەر بە وردیی سەرنج بدەین، دەبینین، ئێمە تاکو ئێستا لە ئاستی خێڵ و شارچێتیدا گەشەمان کردووە، کاتێک دەڵێین شارچێتی، بە مانای گوندێکی گەورە دێ زیاتر وەک شار. بۆیە دەبینین لە جیاتی ئەوەی ئەم دیاردەیە ئیفرازی ئەنسیکلۆپیدیای کوردستانی بکات، ئەنسیکلۆپێدی بۆ شارەکان دەهێنێتە بەرهەم، ئەمە یەکێکە لە ئاماژەکانی شارچێتی کە دەکەوێتە خوارەوەی شار/نەتەوەوەوە.

پ:سەرەڕای ئەوەی کە ئەو کێشە جیۆ-پۆلیتیکەی کە هەموو شوناسی کوردی کردۆتە ئامانج و لەهەر بەشێک لە کوردوستان فۆرمێک لە روخسار و دەرکەوتەکانی پیشان داوە، هەمدیس هاوبەشێتییەکی زۆر(نەک تەواو) لە ئەو “ناشار”ی بوونە دا هەیە واتە شکڵێک لە شارچێتییەکی فراوان کە ئەگەر عەقڵییەتێکی مەدەنی لاوازیش بیەوێت گەشە بکات لە گێژەنی دا دەخنکێت، لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش سەرەڕای هەموو ئیدەعا و بانگەشەکان شکڵێک لە شارچێتی و خانەبەندیکردنی بان و خوار و پابەندبوون بە نۆرمە گوندەکییەکان شەپۆلان دەدات و ئەم هاوکێشەیە لە چالاکییە سیاسییەکانی کوردیش بە زەقی خۆی پیشان دەدات واتە هەمان یەکانگیرنەبوونی راجیاوازەکان و کۆک نەبوونی لایەنەکان لە سەر کەمترین خاڵی هاوبەش و ئارەزوویەکی توندئاژۆ و ترادیسیۆن پەرەست بۆ زەق کردنەوەی خاڵە جیاوازەکان لە هەمبەر “خود”، نەک “ئەوید”ی، ئایا هۆکاری دواکەوتنی ئەم تێراونینە مەدەنیە یان ئەم حیزب و ئین جی ئۆ(NGO) مەدەنییە ئازادانە بۆ دەرچوون لەم قۆناغە زۆر درێژەی سەردەمی ئینتیقالی و تێپەڕان چییە؟ ئایا بەدرەنگ کەوتنی زەنگی مەترسییەکی گەورە بە گوێمان دا نادەن؟

ئه‌حمه‌دی مه‌لا :پێموایە، تاکو جۆرە هێمنییەک و ئاسوودەییەک لە شارەکاندا دروست نەبن، کە ئەویش پێویستیی بە ماوەیەکی زۆر دەبێ تاکو شار قسەی خۆی بکات، گوزارشتی نوێ لە هەلومەرجێکی نوێ نایەتە ئاراوە. بۆ نموونە، بزووتنەوەی گۆڕان ویستی گوزارشتکردنێکی نوێ بێ و بتوانێ هەنگاوێک زیاتر لەم رووەوە بچێتە پێشەوە، بەڵام دیسانەوە، ئەویش لە سنووری ئەو شارە مایەوە کە تیای سەریهەڵدا. ڕەنگە یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوە بووبێ کە ئەکتەرەکانی ئەم بزووتنەوە، ئەکتەری تەواو نوێ نەبوون، دەرهاویشتەیەکی دیکە نەبوو کە بە تەواویی کەلەپووری شاخ لە دوای خۆی جێبهێڵێ و خۆی بۆ قۆناغێکی نێو ئامادە بکا. بۆیە، زۆر بە ئاسانیی باس لە زۆنی(zone) زەرد و سەوز و وەنەوشەیی دەکرێ، ئەم زۆنانە خاوەن حەرەکییەت و دینامیکییەتێکی نوێ نین. وەلائەکان چەق بەستوون. ئێمە، هەر چییەک بکەین، هەر درەنگمان بەسەردا هاتووە، بەڵام درەنگ کارکردن لە هیچ نەکردن باشترە. ئێمە تاکو ئێستا قەیرانی گوتار و خیتابمان هەیە، ئەم گوتارە هەر وا بە ئاسانیی لەدایکنابێ، پێویستی بە هەلومەرج و خوێندنەوەی تازەیە. هێشتا، لایەنێک پەیدا نەبوو، بە لایەن کەم، لە باشوور کە خاوەن گوتارێکی یەکدیگری نوێ بێ کە بتوانێ بۆ ماوەیەکی زۆر بەرگریی لە خۆی بکا. راستە، گوتارێکی زاڵمان هەیە کە بانگەشە بۆ دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆ دەکات، بەڵام ئەم گوتارە تەنها لە شێوەی دروشمدا ماوەتەوە و بە تەواویی خورد نەکراوەتەوە. دەوڵەتی سەربەخۆ دەبێ خاوەن پێگەی خۆی بێ، چ لە رووی بوونی خاکێکەوە، چ لە بوونی هێزێک کە بتوانێ بەرگریی لێ بکا، چ لە بوونی گوتارێکەوە. بۆیە کاتێک دەوڵەتی سەربەخۆشمان ببێ، شتکی ئەوتۆ ناگۆڕێ، تەنانەت قەیرانەکانمان زیاتر دەکا.راستییەکەی، ئەم قەیرانە، تەنها قەیرانی کورد نییە وەکو میللەت، بەلکو قەیرانی فارس و تورک و عەرەبیشە. ئەوان خاوەن ئەزموونی هەزار ساڵەن، دەبوو، دەسپێشخەرییەکی مێژوویی لە نێو منداڵدانی ئەو دەوڵەتانەوە سەریهەڵدابا بۆ ئەوەی بیچمێکی نوێ بدەنە ئەو ناوچەیە و بە شێوەیەکی نوێ پێناسەی شوناسەکان کرابان و سەرلەنوێ خۆیان بۆ قۆناغێکی نوی ئامادە کردبا بۆ ئەوەی شتێکیان لە سەرەوەی ئێتا/ناسیۆن1 دروستکردبا، وەکو یەکێتی ئەورووپا، بۆ نموونە.

پ:من پێم وایە بە بێ خەسارناسیی ورد و خوێندنەوەی نائامادەیی یان باشترە بڵێم “غیابی” ئێمە لە مێژوو دا ئەستەمە رێدەرچوونێکی باش بەدی بکرێت، راستە ئەو قەیرانەی کە شوناس و بوونی ئێمەی گرتۆتەوە بە فۆرم و مودێلیتر فارس و عەرەب و تورکیشی لەباوەش گرتووە بەڵام بێگومان جیاوازییەکی زۆر لە نێوان ئەم مۆدێلانەی قەیران هەیە، پێم وابێت زۆرینەی زۆری شوناسەکان یان با بڵێم ئەو سیستەمانەی کە خەریکی درووستکردنی شوناسن لە ڕۆژهەڵاتی ناوین لەو حاڵەتە قەیراناوییە دەژین، سیستەمێکی وەکوو تورکیا بە خەونی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییەوە تووشی شێوازێک لە هیستریا و مالیخولیا بووە؛ دژبەرایەتی هەموو هێز و وردە هێز/شوناس و وردە شوناسێک دەکات، سیستەمی کۆماریی ئیسلامی کە لە بن و پەراوێزی خۆی دا ئاوسە بە ئارەزوویی ئێرانی کۆن و کووروش پاشا و رەمزەکانی تەختی جەمشید، تووشی نارسیزمێکی شێتانە بووە و هەموو جیهان لە دژی جوانییەکانی خۆی دەبینێتەوە و…ئەمانە زۆرتر روخسار و لایەنی سیاسی زەقکراوی شوناسن بەڵام وەک دەزانن لایەنی زۆرتری هەیە وەکوو لایەنە زمانی، ئەدەبی، هونەری و فیکرییەکان، واتە من لەگەڵ ئەوەی کە دەزانم سیستەمی زاڵی ئێران چ روانگەیەکی بۆ وردەشوناسەکانیتر هەیە بەڵام دەشزانم فارسی زمانێکی نێزیکە لە کوردی، سادیقی هیدایەت و ئەحمەدی شاملوو و خەیام و حافز نێزیکە لە دونیام، کورد نە تەنها لە رووە سیاسییەکەی دەسکەوتێکی شایستەی وای نییە بەڵکوو لە رووەکانیتریش دا دەناڵێنێ، ئێوە ئەم باسەتان چەندە قبووڵە و هۆکارکانی بۆچی دەگەڕێننەوە؟کوا ئەو ئامادەییە کەونینەیی و حەماسییەی کە هەندێ مێژوونووس لەبارەی کوردەوە بە گوێمان دا دەدەن؟

ئه‌حمه‌دی مه‌لا :قەیرانەکان، دەبێ هەمیشە بە کۆ بخوێندرێنەوە، چونکە چەندین ئاست و بیچمیان هەیە. ناوچەکەی ئێمە زۆر دوورە لەوەی کە رێگاچارەیەک بدۆزێتەوە کە بتوانێ چالاکییەکانی مێژوو لە خزمەتی خەڵک کۆتایی پێبهێنێ. رەنگە لە ئێران دیدێک هەبێ کە شتێک دروست بکرێ لەسەرەوەی سنووری ئێرانی هاوچەرخ بێ، بەڵام بەو مەرجەی ئەو قەڵەمڕەویی بکا، بۆ تورکیاش راستە، بەڵام سەردەمی ئیپمراتۆرییەت کۆتایی هاتووە و مەحاڵە جارێکی دیکە ئەمە روو بدا، بە پێچەوانەوە ئەم تەماحکارییانە هەندەی دیکە قوڕاوی قەیرانەکان خەستتر دەکەن.
یەکێک لە بیچمەکانی ئەم قەیرانە، لەدەورەی بەرژەوەندخوازیی و دەسەڵاتی رووتە، خاوەن هیچ باگراوندێکی فیکریی هاوچەرخ نییە، توانای نییە دەرهاوێشتە هەنووکەییەکان بخوێنێتەوە و هەمیشە خۆی لە بەرامبەری نەیاری خۆیدا رێکدەخات. ئەمە بۆ بچووکترین هێزی سیاسییش راستە. لەم هاوکێشەیەدا، دەبێ هەمیشە رۆژئاوا وەکو نەیاری ئێران دەرکەوێ، چونکە ئایدیۆلۆژییەتەکە بەوجۆرە نەبێ ناتوانی بەردەوامی هەبێ. ئەگەر وردتر بکرێتەوە، بزووتنەوەی گۆران لە دژایەتی یەکێتیی دروست دەبێ بۆ ئەوەی خۆی بۆ دژایەتی پارتی ئامادە بکات و پارتیش لە یەک ژێ دەدا. هیچ لایەنێک بە بوێرییەوە نایەوێ بلێ ئێمە دەمانەوێ حوکمڕانییەکی مەدەنی بنیات بنێین، و هاوڵاتی بوون مەرج بێ. تورکیای هاوچەرخ کاری لەسەر ئەمە کرد، بەڵام هاوڵاتیبوون بۆ کۆماری تورکیا لە تورکبووندا خۆی دەبینییەوە. ئێمە پێویستمان بە دیدێکی دیکە هەیە لە بنمیچەکە بەرزتر بێ و بتوانێ گوڕێک بداتە رۆژهەڵاتی ناوین. بۆ نموونە دەبێ زەمینە خۆش بکرێ بۆ دروستکردنی یەکێتییەک لە نێوان تورکیا و ئێران و عێراق و سوریا و لوبناندا. ئەمەی کە پێشنیاری دەکەم رەنگە زیاتر لە خەونەوە نزیک بێ، بەڵام کاتێک دەیخەینە نێو پێرسپێکتیڤێکی مێژووییەوە، ئەو دەم لەم پێداویستییە تێدەگەین.

 

پ: کە لەسەر ئەم پرسیار و وەڵامانە بیر دەکەمەوە، سەرەڕای ئەوەی کە زۆر وتووێژی بەپێزیشم بینیوە سەبارەت بە رووداوەکانی ناو دونیای خۆمان بەڵام هەست دەکەم یەک شت کە هەمیشە غایبە غەیبەتی شیکارییەکی سایکۆلۆژیی بۆ هەموو ئەو شتانەیە لە دونیای ئێمە دا روو دەدەن، واتە ئەو ماتۆڕەی کە لەسەر بکەرەکانی دونیای ئێمە ئیش دەکات.

ئه‌حمه‌دی مه‌لا: سایکۆلۆژییەت بە گشتیی، بە پێی بۆچوونی من، پیکهاتەیەکی جێگیر نییە، واتە دروست دەکرێ..دەشێ ئیش لەسەر ئەم چەمکە بکرێ و دەسکاریی سایکلۆژییەتی بکرێ. سایکلۆژییەتی فەڕەنسییەک و کوردێک لە چیدا یەک دەگرنەوە و لە چیدا دوور دەکەونەوە؟ ئایا فەرەنسیی سەدەی حەڤدە و هەژدە و ئێستا وەکو یەکن؟ ئەگەر وەکو یەک نین، هۆکارەکانی چین؟
شتێکی بەڵگە نەویستە، کە کارەکتەری مرۆڤی لای ئێمە، بارستایی ئایین : حەرام و حەڵاڵ، بارستایی کۆمەڵایەتی : عەیبە و نابێ، رۆڵیان لە داتاشینی پێکهاتەی سایکلۆژی هەیە. سایکلۆژییەتی ئێمە ئاڵۆزە، تێکچڕژاوە، روون نییە. ئەگەر بوار بۆ پەروەردە خۆش بکەین، کاریگەریی پۆزەتیڤی دەبێ لەم بوارە زۆر هەستیارە. رەنگە بەشێکی بۆ حیرمان/فروستراسیۆن2(Frustration) بگەڕێتەوە، ئەم حیرمانە وەکو کرمێک لە ناو ویژدانی ئێمە جێگای خۆی کردۆتەوە..
حیرمان تەنانەت کار لەسەر جیانتیش دەکات. بۆیە کاتی زۆری دەوێ تاکو هۆشیارییەکی کراوە، جێگەی ئەو هۆشیارە دەمداخراوە دەگرێ. هۆشیارییەکی کراوە بەرامبەر بە هۆشیارییەک کە غەریزەکان بەڕێوەی دەبەن.

پ:بێگومان سایکۆلۆژییەت پێکهاتەیەکی جێگیری نییە، بەڵام من وا هەست دەکەم مانای جێگیر بوون لە دوو کەلتووری وەکوو رۆژئاوا و رۆژهەڵات زۆر لێک دوورن، سایکۆلۆژییەتێک کە هەر وەکوو دەڵێن لێوانلێوە بە فەتاوا و ئەحکام لە پێکهاتە قودسی و بڤەتەوەرەکان و لەو لاوەش سایکۆلۆژییەتێک کە چەندخودایی و فرەدەنگی هەمیشە هەبووە ئەگەرچی لە سەدەکانی ناوەڕاست مەسیحییەت ویستی هەمووی بخەسێنێت بەڵام لە رینیسانس دیسانەوە گەڕایەوە و بووژایەوە…نازانم هەمیشە لە تەندرووستی دەروونی خۆم وەکوو کوردێک(لە پلەی بوونێکی کۆیی) گومانم هەبووە…ئەو باسە کورتانەی جەنابت لەسەر بۆ نموونە ڤالانتاین، لەبیرچوونەوەی ئەو هەموو کارەساتە، و بەچەق بوونی گەندەڵی، داڕمانی پێوەندییەکان، و دەیان فایلیتر…بەراستی هیچ نەتەوەیەک دۆخی وەهای هەبووە؟

 

ئه‌حمه‌دی مه‌لا:ئێمە، لە دوای کەوتنی خەلافەتی عەباسیی، 1258 لە بەغدا، خۆمان دووبارە دووپات دەکەینەوە. پەیوەندییمان لەگەڵ رۆشنگەریی رۆژئاوا، لە قووڵاییەوە نەبوو، بەڵکو رووکەشانە بوو. ئێمە تاکو ئێستا ئایین جیهانمان بەڕێوە دەبات، ئایینش سایکلۆژییەتێکی زۆر تایبەت دروست دەکات. پێیەکمان لەسەرئەم جیهانەیە و پێیەکەی دیکەشمان لە لێوارەکانی بەهەشت و دۆزەخدایە. تێڕوانینەکانمان لە لایەن ئەو هێزە غەیبییەوە پیادە دەکرێ. دەیان پرسیاری سادە و ئاساییمان لە خۆمان قەدەغە کردووە.بە کورتی سایکلۆژییەتی ئێمە مرۆڤی دوو روو بەرهەمهێناوە. ئەم دوو رووییە لە هەموو کایەکانی ژیانمان رەنگی داوەتەوە.

پ: لات وایە ئێستەش واتە لەم بارودۆخەی جیهان کە خەڵکی خۆمان خەریکە جۆرێک لە بەئامێربوون تەجرەبە دەکات و ئەوەندەی پێبەستی خواستە غەریزی و ناوشیارەکانێتی، وشیاری پێگەیەکی ئەوتۆ وەربگرێتەوە؟ئەگەرچی هیوام هەیە وابێت و هەندێ وردە نیشانەشی لێ دەبینم بەڵام پرسیارم لەسەر ماهییەتی جیاوازی وشیارییە لە فەزا جۆراوجۆرەکانی بوون و ژیانی مرۆڤی ئێمە.

ئه‌حمه‌دی مه‌لا:  کۆمەڵگەی ڕۆژئاوا لەو دەمەوەی کە شۆڕشی پیشەسازیی تیایدا روویدا، دوو ئاراستە تێیدا گەشە دەکەن، یەکێکیان ستایشی ئەم شۆڕشە نوێیە دەکەن کە بە قازانج و سوودی میللەتان کۆتایی دێ، ئەوەی دیکەشیان رەخنە دەگرێت. رێبازی رۆمانسیی یەکێک بوو لەو لایەنانەی کە بە چاوی گومانەوە سەیری ئەم شۆڕشەی دەکرد، مارکس بە وردیی تیۆرییەک لەو رووەوە گەڵاڵە دەکات و باسی تەغریبوونی پرۆلیتاریا دەکا، فلیمە بە ناوبانگەکەی شاپلن/یش هەمان بیرۆکەی هەلگرتووە. مەبەست لە “سەردەمی نوێ”یە. ئەوەی ئەم بالانسەی کەمێک راگرتووە، سیستەمی دیموکراسییە کە هاوڵاتی ئازاد دەکا لە نێو بژاردەکانی، بەڵام لە ناوەڕۆکی ئەم جموجووڵە زۆرجار مرۆڤ هەست دەکات کە بوونی ئەو هەندە خاوەن ئیعتیبار نییە. لە کۆمەڵگاکانی ئێمە، مرۆڤەکان نەک تووشی تەغریب دێن، بەڵکو خۆیان بەرهەمهێنەری ئەو کاڵایانە نین کە لە پڕێکدا دنیای زەینیان داگیر دەکات. ئەم دیاردەیە پێش قەیرانی دارایی لە کوردستان گەیشتە ترۆپکی خۆی. تاکەکان لە دنیایەک دەجوڵانەوە کە هیچ کۆنترۆڵێکیان بەسەریدا نەبوو. کۆمەڵگەی کوردی بوو بە کۆمەڵگەیەکی ئیستیهلاکی بە ئیمتیاز، ئەمە زۆر بە نەرێنی بەسەر کۆمەڵگە شکایەوە. مرۆڤی کورد فشاری چەندی تەغریبوونی لەسەرە…ئەمە خۆی بابەتێکی فرە لایەنە و رەنگە هەر لێرە جێگای نەبێتەوە.

پ:من وا تێدەگەم کە دیموکراسی لە فۆرمە ڕەسەن و ئۆرژیناڵەکەی دا دەرهاوێشتەی ئەو ململانێیە کە بە درێژایی چەندین سەدە لە کەلتوور و فیکری رۆژئاوا دا هاتۆتە ئاراوە، و ئەمەشم لەبەرچاوە دەشێت کە مۆدێلێکی جیهانگیری شێوەژیان و پێکەوەژیان و ئازادی بۆ مرۆڤ و کۆمەڵگاکان و…بێت بەڵام هەر وەکوو لەسەرەوەش باسمان کرد دیموکراسی (ج وەک تێز و ئایدیایەک بێت چ وەکوو نەزمێکی نوێی جیهانی) بە عەقڵییەتی “ئێرەیی” و خۆمانی دەخوێنێتەوە، چ ئیشکالییەت یان ناکۆکیگەلێکی فیکری زەق بۆ فام و خوێندنەوەی دیموکراسی لای ئێمە هەیە؟

ئه‌حمه‌دی مه‌لا: ئەو جۆرە دیموکراسییەی کە ئەمەریکییەکان دەیانەوێ لە دەرەوەوە بیسەپێنن، ئەنجامێکی ئەرێنیی نابێ، بەڵکو دەبوو خۆمان لە ماوەی ئەم ٢٥ ساڵەدا، خۆمان لەسەر ئەم مەشقە رابهێنابا. بۆ ئەوەی بۆ نەوەکانی داهاتوو زەمینە سازییەک بکەین تاکو ئەم سیستەمە رەگ دادەکوتێ و میللەت پێی رادێ. تەمەنی دیموکراسیی دوای جەنەرال فرانکۆ، لە ئیسپانیا چل ساڵێکە، پێشتر چل ساڵی دیکتاتۆرمان هەیە، ئەمڕۆ ئەم سیستەمە لە ئیسپانیا شوێنی خۆی زۆر بە باشی کردۆتەوە. ئەمە بە مانای ئەوە نییە کە دیموکراسییەت بێ کەموکوڕی نەبێ، بەڵکو سیستەمێکە کە هەمیشە دەشێ دەسکاریی بکرێت و زیاتر وەڵامی داخوازییەکانی تاکەکانی کۆمەڵ بداتەوە. لای ئێمە نە دیموکراسییمان هەیە، نە سیستەمێکی دیکتاتۆریشمان هەیە، تێکەڵەیەکی ئەو دوو سیستەمەیە، ئەمە وایکردووە کە قفڵ لە دامودەزگا دیموکراسییەکان بدات. تاکەکان بۆیان هەیە بە ئازادی گوزارشت لە خۆیان بکەن، کەچی پەرلەمان وەک نمایەندەی ئەو تاکانە ئیفلیجکراوە، تاک لە کاتی هەڵبژاردن بۆی هەیە ئازادانە دەنگ بدا، کەچی هەمان فیگەر و روخسارەکان دووبارە دەبنەوە. بە شێوەیەکی دیکە، حیزب ئەم جۆرە دیموکراسییە بە شێوەیەک هەڵدەسووڕێنێ کە لە خزمەتی حیزب کۆتایی بێ. هەر لە هاوپەیمانێتی ستراتیژیی تا بنکەی فراوان…
چونکە لە لای ئێمە هەندەی حیزب گرنگە، نیوەی ئەوە دەنگدەر گرنگ نییە، ئەمە تەواو بە پێچەوانەی بنەمای دیموکراسییە کە خەڵک سەرچاوەی دەسەڵاتن. لای ئێمە خەڵک دەبنە پاشکۆی دەسەڵات، دیموکراسیی لە پێناو تەندروستی حیزبدا کۆتایی پێهێنراوە.

 

پ:پێم وابێت ئەمە دەرهاوێشتەی بەریەککەوتنی دوو جیهانی جیاواز و ناهاوئاستن لەگەڵ یەک، جیهانێک کە لەسەدەی بیست و یەک و فەزای هەنووکە دا دەژی(بە پێوەری رۆژئاوا خۆی) و جیهانێک کە لە سەدەگەلی باوەڕ بە شانازییەکان و فەتح و ئیمپراتۆرییەت و رابردووە مەعنەوی و ئاسمانییەکان دا نوقمە…جیهانێک لە دونیای کەشفی بەردەوام و زانست و جیهانێک لە ناو بونیادە کۆنەکان و بەرهەمهێنانەوەی شەریعەتە ئاسمانییەکان بە فۆرمی جیا جیا، هەموو ئەمانە بەرهەمهێنەری ئەو شتەن لە مێژووی ئێمە دا کە من پێی دەڵێم”کارەسات”، کارەسات بەو واتایەی کە لە جیهانی کورد دا ئەم بەریەک کەوتنەی دوو چاخی جیا و دوورلەیەک کە تا ئێستە هۆکاری کوژرانی چەند سەد هەزار نەفەر کورد لەسەرەتای سەدەی بیست بە دەستی ئەو هێز و سیستەمانە(سیاسی-ئایینی)ی کە کورد لەناوی دا دەژی و پێیان گەمارۆ دراوە،بووگە. فۆرمێک لە لەجێی خۆکوتان و نەگۆڕان بەسەر جیهان و مرۆڤی ئێمە دا زاڵ بووە، شکڵێک لە خەمۆکی هەست پێدەکرێت،(گیران و کوژرانی سەرۆک و رێبەرە سیاسی-ئایینییەکانی کورد لە سەرەتای شۆڕشە نوێکانی رۆژهەڵاتی ناوین تاکوو گیران و بەندکردنی رێبەریتری سیاسی کورد لە دوا ساڵەکانی سەدەی بیست، هەڵبەت ئەمە تەنها لایەنی سیاسی بابەتەکەیە و دەبێ لایەنەکانیتریش بخوێنینەوە) ئایا کارەسات رۆح و زەینی مرۆڤی ئێمەی تێک نەداوە؟لەکام رووەوە پێوەندی کورد و کارەسات بخوێنینەوە؟

ئه‌حمه‌دی مه‌لا: ئێمە نە تەنها لە سەدەی بیستویەکەم ناژین، بەڵکو پاشکۆیەکمان پێوەیە کە هی سەدەکانی ناوەندە، هەڵگری هەمان بەهان. بە تایبەتی بەها کۆمەڵایەتییەکان پەیوەستن بەو بەهاگەلانەی کە لەو چاخانە برەویان هەبوو. ئەوەی ئەم دیاردەیەی زەق کردۆتەوە، بەشێکی زۆر دەگەڕێتەوە بۆ سیستەمی گلۆبالیزە، تەکنەلۆژیای نوێ، ماس مێدیا، ساتەلایت و فایسبووک و تویتەر کە لە چەند ئاستێکدا وامان لێدەکا وەکو ئاوێنەیەک سەیری خۆمان بکەین. دەبێ بە چاوی رەخنەوە سەیری جیهان بکەین، نە ببینە پاشکۆیەکی کوێرانەی ڕۆژئاوا، نە لە ناوەوەی خۆمان کرۆشک بدەین و بڵیین ئەوەی لە ڕابردوومان بەدەستمان هێناوە، بەهای ئەزەلین. کارەساتی ڕاستەقینە لەوەدایە کە ئێمە بە چاوی ڕەخنەوە سەیری دەرەوە و خۆمان ناکەین. زانکۆ و کایە پەروەردەییەکانمان لەسەر ڕەخنە قوتابی ڕاناهێنن، بەڵکو ئەوانیش وەکو مینەری مزگەوتان بابەتەکانیان دەڵێنەوە. زانست بە بێ ڕەخنە دەبێتە ئایین. ئەمە تەنها کێشەی ئێمەی کورد نییە، بەڵکو کێشەی جیهانی عەرەبی/ئیسلامییە کە ناتوانێ لەنێو خۆڵەمێشەکانی هەڵسێتەوە. دەرهاویشتە کارەساتئامێزەکانی لە شێوەی پێکداناندا هەموو سووچێکی تەنییەوە.

پ:با بێینە سەر ئەدەب و لایەنی مێژووی ئەدەب، ئێوە لە نووسینێکی کورت دا باسی شیعری کوردی لە تاک سەرچاوەییەوە بۆ فرە سەرچاوەیی دەکەن، گۆڕان لە سەرچاوەی مەعریفی ئەدیبانی ئێمە لە حوجرەوە بۆ چەندین شوێن و فەزایتر کە دیارە ئەمەش بەزۆری لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم بەملاوە دێتە ئاراوە، کەشفی سەرچاوەکانی دیکە وەکوو جیهانی رۆژئاوا ئەگەر بەو کەشفەی کۆڵومبس بچێت کە ئەمریکای دۆزییەوە، چەندە ئـێمە لە کەشفی ئەم سەرچاوانە دا بکەر و ئەکتیڤ بووین؟

ئه‌حمه‌دی مه‌لا:پەیوەندی ئێمە لە گەڵ ڕۆژئاوا، هەمیشە پەیوەندییەکی ئاڵۆز بووە، چونکە ئێمە، بە تایبەتی لە باشوور رۆژئاوامان لەگەڵ داگیرکردنی عێراق لە لایەن ئینگلیزەکانەوە ناسیی. ئینگلیز وەک هێزێکی کۆلۆنیالی و مەسیحی دەناسین. ئەم هێزە داگیرکەرە، دیدێکی نوێ دەهێنێتە کوردستان، ئەم دیدە نوێیە، دامودەزگای نوێش لەگەڵ خۆی دەهێنێ. بۆ نموونە،یەکەم جار پەرلەمان لە عێراقدا لەو سەردەمە دروست دەبێ. جوگرافیا بەرینتر دەبێ، تاکو کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم کورد تەنها مەککە و ئەستەمبول بە دوورترین شوێن دەزانێ. ئەم فەزا جوگرافییە، هەڵگری فەزای زیهنیشە، بۆیە ئیدی لەو قۆناغە بەسەرەوە، کورد بە سەرچاوەی دیکە ئاشنا دەبێ. بیر لە زانست بە شێوەیەکی هاوچەرخ دەکاتەوە، شاعیرانی ئەو سەردەمە زۆر بە روونی پێشوازیی لەو قۆناغە نوێیە دەکەن. بەڵام ئێمە بە پێی پێویست ئەکتیف نەبووین، چونکە کورد وەکو یەکەیەک سەربەخۆ نەبووە، لە لایەکی دیکەشەوە، بە سڵەمینەوە سەیری ئەوی دیکەی “ئەورووپی” کردووە. تاکو ئەم دواییەش کاتێک گێچەڵێک رووی دابا، دەیانگوت دەستی ئینگلیزی لە پشتەوە بووە. هۆکارێکی دیکەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە لە عێراق شۆڕش دژی بە مەلەکییەت ڕوویدا و سیستەمی کۆمار بەرقەرار بوو. ئەم سیستەمە نوێیە دژی بە کۆنەپەرستیی و داگیرکار پرۆپاگەندەی دەکرد. لە لایەکی دیکەشەوە، هێزە کۆنخوازەکان هەمیشە بە چاوی گومانەوە سەیری رۆژئاوای مەسیحییان کردووە. بە بێ سەرنجی ورد، هەموو بەرهەمێکی ئەوان دراوەتە پاڵ ماسۆنییەت. ئێمە تاکو ئێستا بە پێی پێویست نەماتوانییەوە سوود لە رۆژئاوا وەکو پێویست بکەین. هەمیشە دیدی ئەخلاقی زاڵبووە بەسەرمان، هەمیشە بارستایی ئایین خۆی فەرزکردووە. بەڵام هەیمەنەی رۆژئاوا برەی خۆی ستاندووە و هەرێم بووەتە بازاڕێک بۆ ساغکردنەوەی کاڵاکانیان، بە بێ ئەوەی لە ئاستەکانی دیکە سوودیان لێ ببینین: سیستەمی پەروەردە، پەیڕەوکردنی دیموکراسیی، گەشەپێدانی کۆمەڵگەی مەدەنی، هتد..ئێمە لەم هاوکێشەیەدا تاکو ئێستا زەرەمەند بووینە، چونکە خاوەن دیدێکی روون نیین. هێشتا بە وردی خۆمان و ئەوی دیکەمان نەخوێندۆتەوە. بەڵام دەبێ ئەو رۆژە بێ کە ئێمەش پێداگریی لە شوناسی خۆمان بکەین و سوود لە سەرچاوە مەعریفییەکانی رۆژئاوا وەرگرین. نابێ رۆژئاوا وەکو بلۆکێک سەیر بکەین، نابێ بە ئەوان بڵێن ڕەش و خۆمان بە سپی ببینین، یا بە پێچەوانەوە. چونکە ڕۆژئاوا لە چەندین ئاست پێکهاتووە. راستە خاوەن مێژووەیەکی کۆلۆنیالییە، بەڵام شوێنی سەرهەڵدانی شۆڕشە مرۆیی و تەکنەلۆژییەکانە، سەرمایەداریی برەوی هەیە، بەڵام لێکۆڵینەوە زانستییەکانیش جێگای بایەخە، کارگەی چەک و تەقەمەنییان هەیە، بەڵام سەرچاوەی مافەکانی مرۆڤن. دەبێ زۆر وردتر ئەوی دیکە بخوێنینەوە و ئێمەش خۆمان بە ئەندامی ئەم جیهانە بزانین. ئێمە لە سەرەتاین.

 

 

كۆلۆنیالیزم

پ:هەموو ئەم خاڵانەی کە ئێوە باسی دەکان بەشێکن لەو راستیانەی کە ئەمڕۆی ئێمەیان درووست کردووە!ڕاستە ئێمە خاوەنی ئەو هێزە بکەر و ڕوانینە ئەکتیڤە نەبووین کە “ئەویدی” بخوێنینەوە و کۆلۆنیالیزم و چەوساندنەوەیش بەشێک لە مێژووی ئێمەی خستۆتە ژێر کاریگەری خۆیەوە بەڵام ئێمە ئێستەش لە خوێندنەوەی مێژووی خۆمان وەکوو بەشێک لە مێژووی جیهان و بەوپێیەش ناسینی”خود” خاوەن روانگەیەکی پێویست و شایستە نین، واتە وەکوو بەختیار عەلی لە وتارێک دا دەڵێ: ئێمە لە هەر بابەتێکەوە خاوەنی مێژوویەکی درۆزنین، ئەمە بەنیسبەت خوێندنەوەی دیدی “خود”ی بۆ مێژوومان و لەولاشەوە توانستێکی شایستەی ئەوتۆ نییە کە مێژووی ئێمە لە ناو هاوکێشەکانی مێژووی جیهان و رووداوەکانی بخوێنێتەوە، وەکوو ئەو وتارەی کە دیسان بەختیار لە ڕەخنەی دیدی مێژووناسانەی ئیدوارد سەعید لە ژێر ناوی “ئیدوارد سەعید و مەسەلەی ویژدان”دەینووسێ، ئیدواردێک کە خۆی لەناو مێژوویەکی کۆلۆنیالکراو دا ژیاوە ناتوانێ لە کۆلۆنیالبینی مێژووی نەتەوەیەک بەناوی کورد کە لە چوارچێوەی وڵاتێکی عەرەبی(باشووری کوردستان)دایە خۆی ڕزگار بکات و کارەساتی هەڵەبجە دەخاتە دەرەوەی ئەو هاوکێشانەی کە جیهانی عەرەبی لەپشتەوە بێت، ئێستە پرسیار ئەمەیە کە مێژووی ئێمە چەندە بوونی هەیە؟

ئه‌حمه‌دی مه‌لا: ئەگەر مێژوو، لە سەرجەم ئەو چالاکییانە پێکبێ کە میللەتێکی دیارییکراو، بۆ خۆی دەینووسێتەوە، ئەوە ئێمە مێژوومان نییە. تاکو هاتنی ئیسلامی شتێکی زۆر ورد و روون نییە، دوای هاتنی ئیسلامیش، مێژووی ئێمە لە ڕووداوی لاپەڕ و لاتەریک و ناتەواو پێکهاتووە. ئەوەی گومانی تێدا نییە، ئێمە میللەتێکی کۆن و دێرینین لەو ناوچەیە، بەڵام دوای ئیسلام شتێک نییە بە ناوی کوردەوە وەکو میللەت، وەکو میللەتێک بەو مانایەی کە خاوەن سنوور و سیاسەتی خۆی بووبێ. کاتیک کتێبی “کورد لە سەدەی حەوتی زایینی”(نووسینی فرسەر مەرعی) دەخوێنیەوە، بە زەحمەت دەتوانین وێنەیەکی یەکدیگرمان چنگ کەوێ. ئیسلام دێت، وەکو ئاینێکی نوێ، میللەتانی میزۆپۆتامیا بە زۆر دەکاتە موسڵمان : یا بوون بە موسڵمان، یا جزیە دان، یا شەڕکردن..کورد دەبنە موسڵمان و ئیدی مێژووی ئێمە لە مێژووی موسڵمانان جودا ناکرێتەوە. تەنانەت لە سەردەمی میرنشینەکانیشدا، ئێمە خاوەن سنوورین، بەڵام خاوەن سیاسەت نین، میرنشینی بابان تاکو سەدەی نۆزدەهەم لە ئارادا بوو، کەچی خاوەن دیوان و تۆمارگە و ئەرشیڤ نین. ئەمە لە حاڵەتێکدا کە سەدەی نۆزدە بە گوێرەی مێژوو دوێنێیە. هەروەها پەیوەندی نەتەویی لە نێوان میرنشینەکان نەبوو، لە یەکەی پەرت و بڵاو پێکهاتبوون. زۆرجار باسی نیمچە سەربەخۆییان دەکرێ، کەچی ئەم نیمچە سەربەخۆییە لە تێگەیشتنێکی سەربازیی زیاتر نەبووە، ئەم نیچمە سەربەخۆییە لە سیاسەتی ئەو میرنشینانە رەنگی نەداوەتەوە. حوجرە ئاینییەکان تاقە سەرچاوەی مەعریفیی بوونە، کەچی هیچ برەوەیەک بە پەخشان نەدراوە، بۆ نموونە هیچ کتێبکمان لەسەر ڕەوانبێژیی عەرەبی بە زمانی کوردی نییە، هیچ شتێکمان لەسەر مێژووی موسڵمانان بە زمانی کوردی نەنوسییەوە، هیچ کتێبێکی گرنگمان لە عەرەبییەوە وەرنەگێراوە، هەبێ و نەبێ شیعری حوجرەمان هەیە، لێرە و لەوێ هەندێ پەخشان کە پێگەیەکیان لە ئاستی هەستی نەتەوەیی دا نییە. ئێمە بە پێچەوانەوەی تورک و فارسەکان، کە ئەوانیش وەکو ئێمە بە زۆر کرانە موسڵمان، بەڵام هۆشیارییەک لای ئەوان سەرهەڵدەدا، ئیسلام لە خزمەتی خۆیان بەکاردێنن. ئێمە دەبینە خزمەکاری ئیسلام، تەنانەت تاکو ئێستا ئەم تێگەیشتنە لە نێو کوردە موسڵمانەکان بەدی دەکرێ. ئێمە خاوەن مێژوویەک نین کە بەشدار بووبێ لە قووڵکردنی هۆشیاریی نەتەوەیی. دەکرێ بڵێین ئێمە لە پەراوێزی مێژووی ئەوانی دیکەدا ژیاوین.

پ:ئەم وەڵامەتان بەرەو ئەم باسە راکێشم دەکات کە بڵێم کاتێک ئیسلام هاتە ئێران زۆر کتێب لە سەر هونەر و زمان و فیکری ئیسلامی لە لایەن نەتەوەی فارس نووسرا کە هەم کەلتووری فارسیان دەوڵەمەند کرد و هەمیش عەرەب، با بیخەینەوە بیری خۆمان ناوگەلێکی وەکو فارابی، ئیبنی سینا، سەدرولموتئەلیهینی شیرازی(مولا سەدرا) و تەنانەت شەیخی ئیشراق یان هەمان شێخ شەهابەدینی سۆرەوەردی(کە وەک دەڵێن بە رەچەڵەکیش کوردە) چۆناوچۆن لە مێژووی کەلام و فیکری ئیسلامی دا دیارن، ئەگەر ئەم وشیارییەی فارس بگەڕێنینەوە بۆ”جۆرێک” لە ئامادەبوونیان لە ناو مێژوو و خاوەندارێتی مێژوویەک کە ئێمەی کورد نیمانە و لە پەراوێزی مێژووی ئەوان دابووین، ئەگەری سەرهەڵدانی وشیارییەکی کارا لە هاوکێشەیەکی وەها دا بۆ “کورد” چەندە؟وشیاریی بەرهەمی ئامادەبوونە لە پانتای مێژوو، ئێمە گەر لە پەراوێزی مێژوو دابین تا ئێستەش، ئایا هەر وشیاری بەدی دێت؟دیارە وشیاریش لە ناو زەمان(مێژوو) دا درووست بووە واتە فارس کاتێک وەها پەرچەکردارێکی وشیارانەی هەبووە ئەم ئامادەیی یان پێش وشیارییەی لە کاتی پێداهەڵشاخانە کەلتووری و ئایینییە گەورەکانی مێژوو دا خستۆتەڕوو، هەر چەند کەس ناتوانێ نکووڵی لە رەوتێکی درۆسازیی مێژوویی و جەعلی مێژوویی لەناو نەتەوەگەلی وەک فارس بکات بەڵام باسەکە شتیترە لێرە دا.

ئه‌حمه‌دی مه‌لا:دەبێ ئاماژە بۆ ئەوەی بکرێ کە ئیسلامی سەرەتایی هیچ فیکرێکی تێدا نییە جگە لەو تەعالیمانە بترازێ کە موتوربەکردنی نێوانی ئایینی جولەکان و یاسا و رێسا نەنووسراوەکانی ئەهلی بادیەیە. وەکو مێژوونووسانیش دەڵێن کە بەڵگەی زۆر، یا هیچ بەڵگەیەکمان بە دەستەوە نییە، کە چۆن ئایینی ئیسلام سەریهەڵداوە، هەمووی ئەو بەڵگانە زارەکین. بەڵام دواتر، کاتێک ئیسلام دێتە میزۆپۆتامیا، ئێران داگیر دەکرێ، وڵاتی شام داگیر دەکرێ، ئیدی ئیسلام دەچێتە پەیوەندیی لەگەڵ دەرەوەی خۆی ~ کەلەپووری یۆنانی، فارسئ، هیندی، سریانی..لێرەوە ئیسلام وەکو فیکر چەکەرە دەکات. دەتوانین بڵێین ئیسلام لە رێگەی ئەدواتی دەرەوەی خۆی لە خۆی ورد دەبێتەوە. تەنانەت فیکری تەسەوفیش، ڕێزمان و نەحو، زانستی کەلام و هتد.لەم نێوەندە باسی کورد ناکرێ، چونکە کاتێک دەڵێین مێژوو، دەبێ باسی سیاسەت و دەسەڵات بکەین. کورد لەو قۆناغە، دواتریش خاوەن سەنتەرێکی سیاسیی دەسەڵاتدار نییە. هەندەی باسی ساسانییەکان دەکرێ باسی کورد ناکرێ، هەندە باسی کەلەپووری سریانی دەکرێ باسی کورد ناکرێ. ئێمە لە پێریفریکی(ئەوەی وا بە دەوری سەنتەر دا دەخولێتەوە) ئەو سەنتەرانە ژیاویین. ئەگەر سەلاحەدینێک، یا سەهرەوەردییەک سەرهەڵدەدا، وەکو کورد سەرهەڵنادەن، بەڵکو وەکو تاکێکی نێو ئیمپراتۆرییەتی ئیسلامی و بە عەرەبی دەنووسن و بیر دەکەنەوە. لێرە کوردبوون هیچ گرنگییەکی نامێنێ. وەکو سەلمان روشدییەک کە بە ئینگلیزیی دەنووسێ، تایەر بین جەلوونێک یا ئەمین مەعلووفێک بە فەڕەنسی دەنووسێ، یا یەشار کەمالێک بە تورکی دەنووسێ. هیندیی بوون و عەرەب بوون و کورد بوونی ئەو ناوانەی سەرەوە شتێک نییە شایانی باس بێ، چونکە ئێمە کاتێک باسی نەتەوەیەک دەکەین باسی شتێکی موجەڕەد ناکەین، بەڵکو باسی چالاکی فیکر و بیرکردنەوە و نووسین دەبێ بکەینەوە.

پ:بێگومان لە فەزایەک دا کە گوتاری ئومەی ئیسلامی زاڵ بووە چەمکی نەتەوە مانای نەبووە، یان کاتێک ئیمپراتۆرییەتی ئیسلامی زاڵ کراوە سیستەمی سیاسی دابڕاو و جیاواز لەوەش بوونی نەبووە، کەچی لە ئێران پاش سەپاندنی ئیسلام چەشنێک بەرگری و بەرخۆدان هەبووە نموونەی شۆڕشی بەرمەکییەکان و ئەبوموسلیم خوراسانی بوو کە ئەمانە سەرەڕای ئەوەی خزمەتی زۆریان بە زمانی عەرەبی و ئیسلام کرد و پێگەی تایبەت و تۆکمەیان لە خەلافەتی عەباسی بەدەست هێنا دژی خەلافەت شۆڕشیان کرد، بەهەرحاڵ باسی من ئەوەیە ئەو وشیارییە بەو شێوەیە لای ئەوان ئامادە بووە تا کاتێک کە فارسەکان دەسەڵاتی تایبەتی ئایینی- قەومیی خۆیان لە زەمانی سەفەوی رۆدەنێن و تا ئێستەش ئێمەی کورد بەشێوەیەک لە ناو هاوکێشەیەکی کۆن دا دەژین کە بوونی ئێمەی تا ئاستی هەڕەشە بۆ سەر زمانیش خستۆتە ژێر گوشارەوە، داکۆکی من لە سەر “زمان”ە کە بوونی ئینسان و بەپێی ئەوەش بوونی نەتەوەیە، ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئیبراهیم یونسیمان هەبووە کە دەیان کتێبی پێشکەشی زمانی فارسی و کتێبخانەکەی کردووە”هەرچەندە ناوەرۆکی زۆرینەی کتێبەکانیش کۆمەڵگا و مێژوو و کێشەکانی کوردە بەڵام بە زمانی فارسییە”،(لە کاتێکدا عەتا نەهاییشمان هەیە کە هەر لەو فەزایە دا نووسیویە کە ئیبراهیمی یوونسی هاوشاری نووسیویەتی کەچی بە کوردی نووسیویەتی و خۆیشی بابەتی هەیە لە سەر ئەمە کە بۆچی بە زمانی دایکیم دەنووسم؟) موحەمەد قازی کەڵە وەرگێڕمان هەیە کە ئەویش هەر بەو شێوەی یوونسی ئیشی کردووە(ئەدەبی فەرەنسی بە بوونی ئەو لە ئێران و زمانی فارسی مانا وەردەگرێت) لە باکووریش ئەوە یاشارکەماڵ و …بەشێوەیەک هاوتەریبی و هاوشکڵییەک لەم دابڕانە زمانییە دا لە پارچە جیاجیاکانی کوردستان هەیە، من پێموایە مەترسییە گەورەکە لێرە دا خۆی پیشان دەدات،ئایا نووسین بە زمانی نەتەوەی خۆت مۆرکی بنەمایی ئێمە نییە لە دواجار دا وەکوو شوناس؟ئایا نەبوونی وشیاریی زمانی سەرچاوەی هەموو ناوشیارییەکان نییە؟

ئه‌حمه‌دی مه‌لا:وەک دەزانین ئیسلام ناوچەکەمان دەتەنێ. فارس و تورکەکان، زوو دێنەوە ئاگا، واتە جۆرە موتروبەبوونێک لە نێوان ئایین و نەتەوە دروست دەکەن. ئەم حالەتە، لە ئەرووپاش بە جۆرێک لە جۆرەکان رووی دا، لە ناو جەرگەی زمانی لاتینیی کە زمانی ئایینی مەسیحییە، ریفۆرمی نەتەوەیی چێ دەبێ، بە واتایەکی دی، فەڕەنسییەکان ئایینی مەسیحی دەپارێزن، بەڵام دەیفەڕەنسێنن، واتە سنووری نەتەوەیی دروست دەکەن و ئیدی ئینجیل بە فەڕەنسی دەخوێننەوە، نوێژ بە فەڕەنسی دەکەن و گوتاری یەکشەموانیان بە زمانی فەڕەنسی ئەنجام دەدەن. گەڕانەوە لە ئایین زۆر زەحمەتە، بەڵام پێداگرییکردن لەوەی ئەو ئایینە بۆ فەرەنسییان بێ، یا بۆ کوردان بێ، یا بۆ تورک و فارسان بێ، ئاسانترە. شیعەگەرایی لە ناواخنیدا، فارسییگەرایی هەیە، ئەمە لە لای ئێمە رووی نەدا، رەنگە پەیوەندیی بە قەوارەی نەتەوەییمانەوە هەبێ، پەیوەندیی بە بنەمای دەوڵەتەوە هەبووبێ کە نەمانبووە. هەست بە ئامادەیی بوونی فارس و رۆم لە گوتاری ئایینی ئیسلامی سەرەتایی دەکرێ، چونکە ئەمە پەیوەندیی بە خودی فارس و رۆمەوە نەبووە، بەڵکو پەیوەست بووە بەو دەسەڵاتەی کە هەیانبووە. رەنگە بنەمای کشتوکاڵیی و کۆمەڵگەی خێڵەکی و گەڕۆک بوار ناڕەخسێنێ بۆ نیشتەجێبوون، بۆ مێژوو دروستکردن. عەرەب لە بەداوەتەوە دەبن بە کۆمەڵگەی نیشتەجێ، ئەویش لە رێگای ئایین/دەسەڵاتەوە. راستە ئێمەی کورد دوو بنەمای گرنگمان هەیە، یەکەمیان زمانە، ئەوەی دیکەیان خاکە، ئەگەر ئەم دووەمان بوژاندەوە، ئەوە میللەتێک دەبوژێتەوە کە لە داهاتوودا دەتوانێ لەسەر پێی خۆی بوەستێت و ئایندەی خۆی دروست بکا.

پ:ئێوە یەکێک لەو کەسانەن کە لە چەندین زمان و لەبواری جیاجیای ئەدەب دا وەرگێڕانتان کردووە بۆ سەر زمانی کوردی، یەکێک لەو وەرگێڕانانە کە کتێبخانەی کوردی لێی بێ بەری بوو”سەد ساڵ تەنیایی”گارسیا مارکێز بوو کە لەزمانی سەرەکییەوە وەرگێڕدرابێت، و ئەو وەرگێڕانەی ئێوە لە سەدساڵ تەنیایی بێگومان جێگەی تایبەتی خۆی لە کتێبخانەی کوردی هەیە، خوێندنەوەی سەدساڵ تەنیایی بە زمانە سەرەکی و ئۆرژیناڵەکەی چەندە جیاوازە لەو وەرگێڕانانەی کە لە زمانی دووهەم یان سێهەمەوە کراون بە کوردی؟مەبەستم ئەوەیە فامی دەقێکی وەها گەورە بە زمانە ئۆرژیناڵەکەی بۆ کوردزمانێکی وەکوو ئێوە چ ئەزموونێکی رۆحی و فیکری و ئەدەبی بوو؟

ئه‌حمه‌دی مه‌لا:من دەمێکە تەرجەمە دەکەم، بەڵام ئیشی تەرجەمە یەکێکە لەو ئیشانەی کە هەرگیز تەواو نابێ. هەندێجار هەست دەکەم وەکو تەوقێکە کە خۆم هەڵیدەبژێرم. ئێمە، کەسمان لە قوتابخانەی وەرگێڕزانی نەمانخوێندووە، بەڵکو بەرهەمی حەز و ئارەزووە. رەنگە حەزێکی زۆر شاراوە بێ، رەنگە جۆرە شکستێکیش بێ. وەکو ئەوەی لە ناخی ناخمان بە خۆمان بڵێین، بۆچی ئەو شاکارە جوانە من نووسەرەکەی نیم! سەد ساڵ تەنیایی، کارێکی پڕ گرێ بوو، ئاسان نەبوو. چونکە گێڕانەوەی مارکێز زۆر تێکچڕژاوە، بە تایبەتی ناوەکان دووپات دەبوونەوە. خوێنەر دەبێ قەڵەمێ بگرێتە دەست ئینجا دەست بە خوێندنەوەی بکا تاکو سەری لێ نەشێوێ. هەندێجار بە خۆم دەڵێم، بە راست من هیچ زمانێک بە باشی دەزانم؟ رەنگە وەڵامەکەی بە “نەخێر” بێ. ئەدەب جۆرە خولیابوونێکە، جۆرە شێوازێکە بۆ ئەوەی بەردەوامیی بە ژیان بدەین. بەڵام تەرجەمە بۆ ئێمەی کورد زۆر زەروورییە، دەبێ کتێبخانەی کوردیی پڕ کرێن لە نووسین و بەرهەمی ناوازە، چونکە خۆمان خاوەن بەرهەمی زۆر نین.

پ:دەکرێ زۆرتر باسی تێم و ناوەرۆکی سەد ساڵ تەنیایی بکەن لە روانگەی وەرگێڕی ئەو شاکارەوە؟وەکوو لە وتووێژێک دا باستان کردووە ئەم رۆمانەتان لە دوو زمان واتە”فەرەنسی” و “ئیسپانی”ەوە وەرگێراوە. بۆچی بە دوو زمان؟

ماركێز

ئه‌حمه‌دی مه‌لا: بۆ ئەوەی کورتەیەک لەسەر “سەد ساڵ تەنیایی” بخوێنینەوە، دەشێ پەنا بۆ هەر لاپەڕەیەکی “نێت”بەرین، بەزمانی جیا، کورتەیەکمان لەسەر ئەو رۆمانە دەداتێ. سەرباری ئەوەی ئەم رۆمانە براوەی خەڵاتی نۆبلە، کە بە نیسبەت منەوە، گرنگیی ئەم رۆمانە لەوێوە سەرچاوەی نەگرتووە، بەڵکو ئەم رۆمانە “حەکایەتی داڕشتنە”، حەکایەتی داڕشتن بۆ من، ناوەڕۆکی ئەم نووسینە دانسقەیە. راستە، دەچینە گوندێکی لاتەریکی کۆلۆمبیا و رۆمانووس بۆ نێو تەقلید و ئەقڵییەتی کۆمەڵگایە شۆڕمان دەکاتەوە. دەچینە دنیایەک کە لەوەو پێش نەمانبینیوە، راستە لەهەندێ شوێن ئاماژە بۆ مێژووی ئەو وڵاتە دەکات، وەکو کۆلۆنیالیزم، هاتنی شەمەنەفەر، کارگەی مۆز و هتد، بەڵام بە گێڕانەوەیەکی زۆر پەدیدەئامێز، لێرەوە رەنگە چەمکی جادووگەریی واقیعی پێ رەوا ببینرێ، لەمەش زیاتر، بەڵکو مارکێز داهێنەری ئەم رەوتە ئەدەبییەیە. کەسایەتییەکانمان لە لا نزیک دەکا، لە کاتی خوێندنەوە وا هەست دەکەین، دەمێکە ئێمە مێلکییادیس و سەرهەنگ ئاورۆلیانۆ دەناسین.. هیچ لاپەڕەیەک نییە کە بە بێ موفاجەئە تەواو بێ، حەکایەت لە ناو حەکایەتە، وەکو گێڕانەوەکانی “هەزار و یەک شەوە” راستە، سەرەتا بە ئەستەم رۆ دەچینە نێو ئەم گێرانەوەیە، بەڵام تا زیاتر بخوێنیەوە، هەندە دڵگیرتر خۆی نیشان دەدا. لە کاتی وەرگێڕان، سەیری دەقە ئیسپانیی و فەڕەنسییەکەم دەکرد تاکو بە گوێرەی توانا وەرگێڕانەکەم ورد بێ، بەڵام گومانی تێدا نییە، هەموو بەرهەمێکیش بە بێ هەڵەوپەڵە نابێ.

پ: لە جیهانی ئارتور رێمبۆ و شارل بوودلێر چیتان هەڵگۆست کە شێلگیرانە کەوتنە وەرگێڕانیان؟گوڵی خراپە چی دەبەخشێ بە دونیای شیعریی ئێمە؟

ئه‌حمه‌دی مه‌لا: “گوڵی خراپە” شاکارێکی جیهانییە، ئەمڕۆ، ئەدەبدۆست نییە لە سەر گۆی زەمین گوێی لەم دەنگە ناوازەیە نەبووبێ کە لە سەدەی نۆزدەهەمی فەڕەنسیی سەریهەڵدا. بۆدلێر پشت لە رەتابەت3 ی رۆمانسییەت دەکات و باوش بۆ نوێ دەکاتەوە، نوێ، تەنانەت ئەگەر لەودیوی ژیانیش بووبێ. بۆدلێر دەنگی شارە، پاریسی نوێ، پاریسێک کە ئیدی پشت لە سەدەکانی ناوەند دەکات و شاشەقام و باڵاخانە و تەلارەکان موژدەی سەدەی بیستیان پێیە. بۆدلێر ئەو دەنگە عاسییەیە کە لە نێوان ئاسمانە بێگەردەکان و چڵپاوی ئەم سەر زەمینە بە هەڵواسراویی دەمینێتەوە. دەنگێکی شیعرییە بە ئیمتیاز کە دواتر رامبۆ بە یەکێک لە خوداوەندەکانی لەقەڵەم دەدا، ئەو رامبۆیەی کە بێزی لە هەموو ئەدەبیاتی پێش خۆی دەکرد، ئەگەر بێت و راسین و ئۆڤید بەهەند وەرنەگرین.
ڕامبۆ قارەمانێکی نوێیە…ئەو شیعر و شێوەکانی ژیان لەیەک مارە دەکات. سەفەری جوگرافیی و سەفەری شیعری بەیەکەوەن. یەمەن و حەرار و هۆڵەندا و جاڤا و ئەلمانیا ئاماژە بۆ ئەمە دەکەن، بە تایبەت لە سەدەی نۆزدەهەم کە سەفەرکردن وەکو ئەمڕۆ ئاسان نەبوو. رامبۆ زۆر زوو دەست دەکات بە شیعرنووسین و زۆر خێراش وازی لێدەهێنێ، ئەم نهێنییە دەچێتە دوو تۆی شیعرەکانی.

پ: خاڵە هەستیار و ئاڵۆزەکانی تێگەیشتن لە جیهانی شیعریی ئەم دوو شاعیرە و هەروەها وەرگێڕانی جیهانی شیعرییان بۆ سەر زمانی کوردی کامانەن؟

 

ئه‌حمه‌دی مه‌لا: بۆدلێر و رامبۆ، زۆر لە شاعیرانی ئێمە جودان. هەر بۆ نموونە، تێرمی “جوانیی” وەرگرین، بڕوا ناکەم لە تەواویی ئەدەبیاتی رۆژهەڵات بەو جۆرە سەیری جوانیی کرابێ. جوانیی لای بۆدلێر ئاڵۆزە، سەرنجڕاکێشە، کەچی پەلوپۆی مرۆڤ بۆ دۆزەخ رادەکێشێ. سەرچاوەی جوانیی ئاسمانیی نییە بە تەنها، بەڵکو عەرزیشە، تەنات لە نێو گەندەڵییشدا بەدی دەکرێ. کەچی هەمان تێرم لای رامبۆ، تەواو جودایە، لە شوێنێک دەڵێ “جوانییم لەسەر ئەژنۆم دانا، تاڵ بوو”. دنیای ئەم دوو شاعیرە بۆ من، جێی رامان بوو. وێنەی شیعریی سرکن، زۆرجار زەحمەتە هەمان مورادیف بە زمانی کوردیی بدۆزینەوە. هەر بۆ نموونە بۆدلێر باسی “ئۆرژی” دەکات لە شوێنێ، ئۆرژی بەو ئاهەنگ و جەژنانە دەوترا کە لە یۆنانی دێرین پیادە دەکرا، ژنان و پیاوان، پێکەوە بە بێ دەمامک و سانسۆری کۆمەڵایەتی ئاهەنگیان ساز دەکرد. ئەم تێرمە بە ئاسانی ناگاتە لای خوێنەری ئێمە ئەگەر ئاشناییەتی لەگەڵ کەلتووری ئەورووپی نەبێ. یا کاتێک رامبۆ دەڵێ “من یەکێکی دیکەیە” ئەم دەستەواژەیە بە ئاسانیی ناگاتە لای خوێنەری کورد.دەشێ ئاڵۆزییەکان بکرێتە لیستێک و ئیشی زۆری لەسەر بکرێ…هەروەها رەمزە ئاینییەکان، مەبەست لە ئایینیی مەسیحییە، ئەم لەکسیکەش بەربەست درووست دەکات. دەیان رەمز، تەنانەت زیاتریش دەقی ئەم دوو شاعیرەی ئاخنییە. دەبێ کەمێ شارەزاییمان لە ئاینیی مەسیحییەت هەبێ بۆ ئەوەی ئەم دەقانە دەخوێنینەوە.

پ:ئەدەبیاتی کوردی تا چەندە توانیویە خۆی لە ژێر ئایدیا ئایینی و شەریعەت تەوەرەکان و هەروەها ئایدۆلۆژیاکان(چەپ بەتایبەتی و هەروەها ناسیونالیزم) رزگار بکات؟مەبەست لە ئایین و ئایدۆلۆژیا هەموو ئەو تێڕوانینانەیە کە ئەدەب بە ئەحکام و باوەڕەکان ئاوس دەکەن.
و:ئێمە، ئێستا لە قۆناغی گواستنەوە داین، گواستنەوەی ئەقڵییەتێکی ئایینیی بۆ ئەقڵییەتێکی راسیۆنال. ئەم گواستنەوەیە دەمێکە دەستی پێکردووە، تەنانەت لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە، واتە دوای تێکشکانی ئێمپراتۆرییەتی عوسمانی، بەو پێیەی کە کورد گەرای هەستی نەتەوایەتیی تیا دەبزوێ. لە دوای جەنگی جیهانی دووەمیشە رێبازی چەپگەرا هەژموونی خۆی، بە تایبەت لە نێو توێژی خوێندکاران و چەپی سیاسیی دا زاڵ کرد، ئەمەش لە نێو کایە ئەدەبییەکاندا رەنگدانەوەی دەبێ. لەم سی ساڵەی دوایی، کرانەوەیەکی بەرچاو بەدی دەکرێ و رەخنەگرتن لە ئەقڵی ئاینیی و تەنانەت لە گوتاری ئاینیی برەو دەستێنێ. هاوتەریبیش، ئەدەبییاتی ئێمە کرانەوەی زیاتر بەخۆوە دەبینێ. تا رادیەک، بارستایی ئایدیۆلۆژیی ئاینیی و ناسیۆنالیست بە شێوەیەک لە شێوەیەکان بەرەو کاڵبوونەوەی زیاتر دەڕوا. بەڵام هێشتا رەمزی شیعریی هەن وابەستەی خەونی نەتەوایەتیین و ئەم خەون و ئاوات و ئومێدە لە نێو دەقەکانیان رەنگی داوەتەوە. بەڵام لە دوای راپەڕینەوە، نەوەیەکی نوێ، هەوڵی ئەوە دەدەن “من”ی خۆیان بنووسنەوە، بەڵام خود نووسینەوە هێشتا لە بەربەستە کۆمەڵایەتییەکان رزگاری نەبووە، چونکە شۆڕشی فیکر هاوتەریب لەگەڵ شۆڕشی کۆمەڵایەتی لە رەوتدا نییە. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە دەمێکە کۆمەڵگای کوردستانی لە نێو جوغزێکی داخراوە هەلومەرجی بەسەردا سەپێنرا بووە. هەروەها، هەلومەرجی ناوچەیی هێشتا لەبار نییە تاکو ئەم شۆڕشە لە کوردستاندا سەرهەڵبدا، چونکە هەژموونیی ئیسلامی سیاسیی برەوی زیاترە، دەوڵەتە ئیقلیمییەکان هێشتا، مۆدێلی حوکمی مەدەنییان تیا سەقامگیر نەبوو تاکو کاریگەریی ئەرێنی بەسەر کوردستاندا هەبێ.

پ:ئەدەبی کوردی لە ئاستی جیهان دا تا چەندە ناسراوە؟ئایا ئەو ئایدۆلۆژی زەدەگییە دوورودرێژە کە بەسەر ئەدەبیاتمان زاڵ بووە، رێگر نەبووە لەم پرۆسەیە دا؟

ئه‌حمه‌دی مه‌لا: ئەدەبی کورد هەر هەندەی خودی کورد ناسراوە. لە سەرەتای هەشتاکان، لە ئەرووپا، زۆر کەم بوون ئەوانەی کە کوردیان دەناسی، لە نێو خەڵکی ئاساییدا، رەنگە لە نێوان ١٠٠٠ کەس، یەکێک کوردی نەناسیبا. لە ١٩٨٨، دوای ئەوەی رژێمی سەدام، گازی کیمایی دژ بە دانیشتوانی هەڵەبجەی بەکارهێنا، ئیدی کورد لە میدیاکان و رۆژنامە و تەلەڤزیۆن زۆر باس کرا. دەشێ بڵێین، لەو کاتەوە کورد وەکو میللەتێکی ستەمدیدە لە رۆژئاوا ناسرا. من باسی، ئەو بازنە تەسکە ناکەم کە هەمیشە کوردیان ناسیوە، لە رێگای چەندین مەڵبەند و زانکۆ و سەنتەرگەلێک کە ئیشیان لەسەر مێژوو و ئەدەبییات و میدیا کردووە. چەندی کەسایەتی ناوداری کورد لەو مەیدانە هەبوون کە ئەم کارەیان ئەنجام داوە، وەکو کامەران بەدرخان، زازا، جەمال نەبەز و چەندینی دیکە. ئەدەب پشکێکی زۆر کەمی بەرکەتووە : هەوڵەکانی ژابا، جوێس بلۆ، کریس کۆچەرا، ئۆسکارمان و کەسانی دیکە لەم بوارەدا دیارن، دیسانەوە ئەم هەوڵانە بەس نەبوون بۆ ئەوەی ئەدەبییاتی ئێمە روخسارێکی یۆنیڤێرساڵی هەبێ، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێکی مێژوویی. کورد دەوڵەت نەبوو تاکو ببێتە خاوەن زمانێکی یەکگرتوو، وەکو ئێران و تورک و عەرەب. دەمێکە فیردەوسی و خەیام سیمایەکی جیهانیان وەرگرتووە، هەزار و یەک شەوەی عەرەبان، قورئان، زۆر زوو تەرجەمەی لاتینی فەڕەنسی کران. بە یونیڤێراسال بوون پرۆسەیەکی زۆر سستە بە نیسبەت ئەدەبییاتی ئێمەوە، چونکە کادیری وەرگێری بیانییمان نییە، ئەوەی هەیە، هەر خۆمان ئەنجامی دەدەین، بە واتایەکی دیکە، هەر خۆمانین دەق لە کوردییەوە دەکەینە ئەڵمانی و فەڕەنسی و ئینگلیزیی و دانیمارکی، هەر خۆشمانین ئەدەبیاتی بیانیی دەکەینە کوردیی. ئەمە هۆکارێکی گرنگە، چونکە کاتێک رۆژئاواییەکی کوردیزان، بەرهەمێک لە کوردییەوە دەکاتە ئینگلیزیی بۆ نموونە، پێشوازیی زیاتری لێدەکرێ تا کوردەکە خۆی. بەڵام لەم دە پانزە ساڵەی دوایی بەرهەمگەلێکی زیاتر دەبنیرێ کە تەرجەمەی زمانی بیانیی کراون. لە ئایندەدا، کاری زیاتر دەکرێ، من هەندەی گرەو لەسەر ئایندە دەکەم، هەندە گرەو لەسەر مێژوو وەکوو رابردوو ناکەم.

پ:ئێوە دیوانی مەحویتان کردووە بە فەرەنسی و 2001 چاپ بووە، هەرچەندە زۆر پرسیارە بۆم کە ئێمە لەرووی دەروونی و زەینی و رۆحییەوە چی ئەزموون دەکەین کاتێک شیعر یان بابەتێک بە زمانگەلی سەر بە لاتین بەتایبەتی ئاڵمانی و فەرەنسی وەردەگێڕین یان دەنووسین؟بەڵام ئەمەش پرسیارێکی زەقە بۆم کە مەحوی بۆ مرۆڤی ئەورووپی و بە تایبەتی فەرەنسی لە چ روویەکەوە دەشێت شتی پێ بێت؟کەلتووری فەرەنسی چەندە مەحوی خوێندەوە پاش ئەم وەرگێڕانە؟

ئه‌حمه‌دی مه‌لا:بەشێکی زۆری ئەو کارە ئەکادیمیانەی کە لەسەر کورد و ئەدەبییات و مێژووی کورد ئەنجام دەدرێت، وەکو سەرچاوەیەکی زانستیی، لە ئەرشیڤی زانکۆکاندا دەمێننەوە- تێزەکەی من لەسەر مەحوی دوو بەشی لەخۆ دەگرت، بەشی خودی تێزەکە، و بەشەکەی دیکەشی وەرگێڕانی هەموو شیعرە کوردییەکانی مەحوی بوو. دواجار بیرم لەوە کردەوە کە بە جیا دەقە شیعرییەکان چاپ بکەم. چاپکردن ئاسان نییە، کاری ئیداریی زۆری دەوێ، منیش یەکێکم لەو کەسانە زۆر دڵم بە کاری ئیداریی خۆش نییە. ئەو دەمەی وەڵامی فەرمییان دامەوە، من فەڕەنسام جێهێشتبوو و لە ئیسپانیا جێگیر بوو، داوەتنامەیەکم لە دەزگای ئارمەتانەوە بەدەست گەیشت بۆ ئەوەی رۆژێک تەرخان بکەن تاکو لەسەر مەحوی ئەدەبییاتی سۆفیگەریی قسە بکەم، من نەچووم. دواتریش زۆر دوای نەکەوتم. چاپ بوو و بڵاوبووەوە. هەروەها چەند ساڵێک پێشتریش، یەکەم دیوانی شیعرییم هەر لە هەمان دەزگا، ئیسماعیل دەروێش تەرجەمەی کردبوو، بڵابووەوە، وەکو بیستم خوێنەری هەبوو. بەڵام وەکو خۆت دەزانی، ئەوانەی مەحوی دەخوێننەوە، هەڵبەتە خوێنەری ئاسایی نیین، بەڵکو خوێنەری دانسقەن کە ئارەزووی ئەدەبییاتی سۆفیگەریی و رۆژهەڵات دەکەن. ئەمە بۆ بەشێکی زۆری ئەدەبییاتی رۆژهەڵاتیش راستە. ئایا تا چ رادەیەک فیردەوسیی و خەیام لە ناو فەڕەنسییەکان ناسراون_ ئەمە بۆ مەحویش ڕاستە.

پ:خاڵێکی گرینگ کە ئاماژەتان پێ داوە ئەمەیە کە مەحوی خوێنەری تایبەتی خۆی دەوێ، راستە مەحوی شیعری وای هەیە دەلالەتە لە هەڵوێستێکی ئایینی-سیاسی و زۆر حەیفە کە ئەو کارەی کردووە بەڵام لەهەمان کاتیشدا جیهانی مەحوی جیهانێکی فرەرەهەند و ئاڵۆزە و من هەندێ لە ناوەرۆک و تێمی کەلامی و فیکری(با بڵێم هەندێ کەڵکەڵەی وجوودی) کە لە جیهانی مەحوی دا دیتوومە لای زۆرێک لە شاعیرانی نوێی ئەمڕۆش نەمبینیوە و لە وتارێکی کورت بەناوی “جیهانی پارچەپارچە و فرەرەهەندی مەحوی” هەوڵم داوە ئەم باسە بخەمە روو، روانگەی ئەحمەدی مەلا وەکوو کەسێک کە هەم تێزەکەی لەسەر ئەم شاعیرە بووە و هەمیش تێڕوانینی تایبەتی بۆ شیعر هەیە چۆناوچۆنە؟

ئه‌حمه‌دی مه‌لا:تێزەکەی من لە سەر سێکوچکەی شەریعەت و حەقیقەت و تەریقەت دەکۆڵێتەوە، واتە شیعری مەحوی لە کوێی ئەم سێ کوچکەیەدایە. لە کاتی خوێندنەوەی دەقەکانی لەوە تێدەگەین کە مەحوی لە نێو بگرەوبەردەی نێوان ئیسلامی زاهیریی ( شەریعەت) و ئیسلامی باتینیی ( حەقیقەت)دایە. کاتێ لەو حەدیس و ئایەتانە ورد دەبینەوە کە مەحوی بۆ دروستکردنی فەزای شیعرەکانی کەڵکی لێ وەرگرتوون، گەلێک بارگاویین بە ئیسلامی زاهیریی. ئیسلامی زاهیریی سەرجەم ئەو یاسا و ئەحکامە دەگرێتەوە کە دەبێ موسڵمان پەیڕەویی بکا تاکو لە نێو ئوممە جێگای بێتەوە. هەروەها لە کاتی بەسەرکردنەوەی شیعرەکانی مەحوی، لە هەڵوێستی ئەو شاعیرە تێدەگەین سەبارەت بە یەکێکی وەکو حەلاج، یا هەڵوێستی سەبارەت بە چەمکی “وەحدەتی وجوود”. گرینگیی مەحوی لەوەدایە، کە بە کوردیی ناوەند، زمانی سۆفیگەریی دێنێتە ئاراوە، بەڵام ئەم هێنانەکایە، لە سەردەمێکدایە کە سیستەمی خەلافەت بەرەو ئاوابوون دەچێت و فیکری نەتەوایەتی خەریکی چەکەرە کردنە، بە تایبەتی لە ناو تورکان. لەم رووەوە، ئەگەر سەیری مەحوی بکەین، دەبینین کە شاعیر سەر بە وەچەیەکە دەمێک بوو باروبارگەی خۆیان لەو رۆژهەڵاتە پێچیببووەوە، ئەو بەو کەشتیوانە دەکات، کە بە سەوڵ لێدان خۆی دەگەیەنێتە کەنارەکانی وشکایی لە جیهان، بە تایبەت ئەو ناوچەیە لە گۆڕانکاریی قووڵ دایە. مەحوی ئاوڕ لە رابردوویەکی بێگەرد دەداتەوە، رابردوویەک ئیدی مەحاڵە بە دەستی یەکێکی وەکو عەبدولحەمیدی دووەمی عوسمانی، جارێکی دیکە ببوژێتەوە.

پ:سەرەڕای ئەم باسانە لەسەر جیهانی مەحوی، ئایا لەڕووی وجوودییەوە(لانیکەم باڵە ئایینییەکەی وجوودگەراکان) کەڵکەڵە و دڵەڕاوکێیەک لە مەحوی دا نابینن؟بۆ نموونە شیعری “لە ناکەس کارییا خاکم بەسەر رۆی بە با عومرم/خوایە بمژێنی تا لەبەرقاپی کەسێکا ئەمرم”…یان هەر بەیتێکیتری ئەم غەزەلەی کە دەڵێ: خەیاڵی پووچی دنیا وا دەماغ و دڵمی پێچاوە/ قیامەت، هەر مەگەر رۆژی قیامەت بێتەوە فکرم…ئەم دەربڕینانە ئایا تیشکێک لە دڵەڕاوکێیەکی وجوودی کە ململانێی بوونی خۆی دەکات لە ناو ئەو سێ کوچکەیەی کە ئێوە باستان کرد، ناخاتە ڕوو؟لە شوێنێک دا مەریوان وریا قانع باس لە نیهیلیزمی مەحوی دەکات لەم شیعرەی دا.

ئه‌حمه‌دی مه‌لا: زۆر ڕاستە، مەحوی لە دوا پێناسەدا، شاعیرێکی وجودییە، بەڵام نەک ئەو وجودییەتەی کە ژان پۆل سارتەر بانگەشەی بۆ دەکرد. بەڵکو لە رووی ئەنتۆلۆژییەوە، واتە بوونی مەحوی لە نێو بوونێکی گەورەتر دا دەبێ چۆن بێ. بوونی گەورە، وەکو بوونی بچووکی “مرۆڤ” بوونێکی کاتییە، فانیە، کورتخایەنە، بۆیە مرۆڤی کامیل ئەو کەسەیە کە پشت لەم جیهانەی دەکات کە زۆرجار بە سۆزانیی و بێ وەفا نێوزەد کراوە. بردنەوەی ئەم گرەوە ئاسان نییە، چونکە مەرجەکانی ئەم تەبایی بوونە، جودا بوونەوەیە، تەرک کردنی ئەم جیهانە بێ ناوەڕۆکەیە، ئەم جیهانەی کە هەموو بە ئاوی دەچوێنین کەچی جەوهەری ئەم بوونە، تراوێلکەیی و سەرابە. لەم دیدەوە، مەحوی دەچێتە خانەی رێبازی سۆفیگەریی کە جەوهەری بوون رەت دەکاتەوە و باوەش بە جەوهەری موتڵەق دەکا کە وێنەیەک وەکو لایتمپتئڤ4 هەمیشە دووبارە دەبێتەوە. ئەم وێنەیە لە شێوە ژنێکی رۆژهەڵاتییدایە، بێگومان کەرەسە ئەدەبییەکانی لە ئەدەبییاتی پێشخۆیەوە دەقۆزێتەوە. وێنەیەک، هەندەی روخسارە مانگییەکەی دەردەکەوێ، هەندە لەش و جەستەی ئەو “ژنە” دەرناکەوێ. روخسارێکی خڕ، وەکو مانگ خاوەن دەلالەتی زۆرە. تاکو ئێستا ناوی “مەنوچەری” لە ناو فارساندا، ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەو مانگە خڕەی کە شەوی رۆژهەڵات دەادەگیرسێنێ، هەڵبەتە بێ بەش نییە، لە بەهای پیرۆز. مەحوی روو لەو روخسارە دەکات و پشت لە دنیا دەکات. لەم رووەوە، مەحوی بوونی خۆی دیاریی دەکات، بوونێکە ئاوڕ لە رابردووی بێگەرد و ئایندەیەکی خەیاڵی دەداتەوە.

پ:دۆخی گشتی ئێستای شیعری کوردی لە باشوور و پاشان لە ڕۆژهەڵات چۆن دەبینن؟دەکرێ ئاماژە بە ئەزموونە سەرکەوتووەکان بدەن.

ئه‌حمه‌دی مه‌لا:شیعری کوردیی وەکو شیعری جیهانییە، ئیدی شتێک نییە بە ناوی “شاعیر” وەکو جاران ؛ بۆدلێر، رامبۆ، هۆڵدرلن، رینییە شار، ئەلان پۆ، ئەلیەت، گوتە، حافز، نالی، شاملو، موتەنەبی، هتد..ئەمڕۆ جێگا و پێگەی شاعیر لە کۆمەڵگەی مۆدێرندا، تەنها شیعر نووسین نییە، بەڵکو چالاکییەکی فراوانترە و بواری شیعر تێدەپەڕێنێ. شاعیر لە ناو شاردا چالاکە، نەک وەکو شاعیر بەڵکو وەکو هاونیشتیمانییەک کە هەست بە لێپراسراویی و ئەرک دەکا، ئەویش وەکو سیاسیی کار دەکا، بەڵام بە ئەدوات و کەرەسەی دیکە. بۆیە، بڕوا ناکەم، ئیدی شاعیر وەکو پێغەمبەر خاوەن دەزووە پەنهانەکانی پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و دەرەوە بێ، بەڵکو ئەویش وەکو مرۆڤێکی دیکە، بەشداریی لە کۆمەڵگە دەکا. شاعیر غەیببینیش بێ، غەیبیبینێکی مێتافیزیکیی نییە، بەڵکو لە ناو زماندا ئیش دەکا، لە نهێنییەکانی زمان ورد دەبێتەوە و رەهەندی دیکە دەبەخشێتە زمان، لێرەوە، جیهان بە شێوەیەکی دیکە دەردەکەوێ، ژیان بە جۆرێکی دیکە خۆی ئاشکرا دەکات. شاعیری زمانحاڵ کۆتایی هات، لە کوردستان، شێرکۆ بێکەس، دوا شاعیر بوو، وەکو شاعیری میللەت، شاعیری میللی، شاعیری دەنگی ئەوانی دی. ئەم هاوکێشەیە، بە بڕوای من کۆتایی هات، بە واتایەکی دیکە، شاعیر لە دوای دەنگی خۆی دەگەڕێ و نایەوێ دەنگی ئەو ببێتە دەنگی ئەوانی دی، واتە ئەرکە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئاینییەکانی لەسەر لا ئەچێ، شاعیر لەو رووەوە بار سووک دەبێ، بەڵام کارەکەی سەختتر دەبێ، واتە دەبێ بە شێوەیەکی شاقووڵی رۆ بچێتە نێو دەنگی خۆی و لەوێ نەوتراو بدۆزێتەوە. بۆیە کاتێک باسی شاعیرێک دەکەین، دەبێ لێی وردبینەوە و بزانین بۆچی و چۆن دەقە شیعرییەکانی خۆی رێکخستووە. لە رۆژهەڵات چەند دەنگێک هەیە بە بۆچوونی من لە نێو ئەزموونگەراییەکی جواندا دەنووسن. ساڵەح سووزەنی، سوریالیی ئامێزێکی تایبەتە، عەلی پوور، دەیەوێ گەمەکانی زمان تا دوا سنوورەکانی ببات..دوا سنوورە، ئەمە پرسیارێکە. لە باشوور، چەندین دەنگی جوان و بە پیت هەن. بەڵام هەندێجار هەست دەکرێ، دوای شێرکۆ بێکەس هەست بە هەتیوبوون دەکرێ، ئەمە نابێ وا بێ..چونکە شاعیر هەمیشە هەتیو بووە و هەتیوە- دلاوەر قەراداغی و هیوا قادر و هاشم سەراج و لە نێو لاوەکاندا، پێشەوا و بۆلی و چەندین دەنگی دیکە هەن..ئەمڕۆ شیعر نووسین تا بڵێی سەختە، چونکە بنمیچێک نییە شاعیر داڵدە بدا.

پ:رەخنە بە گشتی و رەخنەی ئەدەبی لە ئاستی جیهانی دا چ ماهییەت و پێگەیەکی هەیە؟و فەزای رەخنەی ئەدەبی کوردی چۆناوچۆنە؟

ئه‌حمه‌دی مه‌لا:هاوکێشەیەکی باو هەیە لە نێو کەلتووری کوردییدا، دەڵێ، لەبەر ئەوەی دەقی کۆک نییە، رەخنەشمان نییە، ئەم تێبینییە، هەڵەیە، چونکە سەرهەڵدانی شیعر وەکو دەق و سەرهەڵدانی رەخنە وەکو گوتارێکی جودا لەسەر دەقی شیعریی، دوو دەرکەوتەی جودان. ئەگەر گێلگامیش وەکو دەقێکی هونەری/ئەدەبی/شیعری/فەلسەفیی سەیر بکەین کە مێژووی دەگەڕێتەوە بۆ ٥ هەزار ساڵ، کەچی رەخنەی زانستی لە شوێنێکی دیکە، لە فەزایەکی کەلتووری دیکە سەرهەڵدەدا، ئەمە مانای وایە، کە دوو بواری زۆر جودان. ئێمە، بە گشتی، سەر بە کۆمەڵگەیەکی تەقلیدیین، رەنگە، ئەگەر وردتر بڵێین، ئێمە لە قۆناغی گواستنەوەداین کە هێشتا سنوورەکانی دیار نین. لە کۆمەڵگە سوننەتییەکان، رەخنەی زانستیی سەرهەڵنادا، بەڵکو وەسف و ستایش و زەم هەن، ئەم رەگەزانە پەیوەندییان بە گوتاری رەخنەی زانستییەوە نییە. ئێمە، بە شێوەیەکی گشتیی، خاوەنی ئەقڵییەتێکی راسیۆنال نین تاکو رەخنە بە مانا فراوانەکەی سەرهەڵبدا. لە رۆژئاوا، لە چەرخی راپەڕینەوە، رەخنە وەکو بەرهەمی ئەقڵی راسیۆنال چەکەرە دەکا، رەخنە لە دەقی پیرۆز دەگیرێ، نەک بۆ ئەوەی رەتی بداتەوە، بەڵکو بۆ ئەوەی لێیبکۆڵێتەوە ؛ کاتێکیش ئەم تەورە پەیدا دەبێ، دەچێتە بازنەیەکی فراوانتر : رەخنە لە کایەکانی کۆمەڵگە : ئایین، سیاسەت، هونەر، شیعر، ئەدەب، مێژوو هتد. گوتاری باوی ئێمە، رەخنەیی نییە، بەڵکو گەڕانە بە دوای سەرچاوەیەک کە شەرعییەتمان بدانێ، شوناسمان دیاریی بکات، خۆمان لە جیهاندا دیاریی بکەین. بۆیە هێشتا بە رای من پێگەیەک نییە، نەک بۆ رەخنەی ئەدەبی، تەنانەت بۆ رەخنە بە شێوەیەکی گشتیی، ئەمە لە کایەکانی سیاسەتدا زۆر بە جوانیی دەرکەوتووە، بە تایبەتی لە باشوور. رەخنە و جوێن دەبنە هاوتەریبی یەکتر. ئەمەش مانای ئەوە نییە کە خوێندنەوەی رەخنەئامێزمان نەبێ، لە حەفتاکان، لە ژێر کاریگەریی ئایدیۆلۆژیای مارکسی دەق دەخوێندرایەوە، دواجار هەندێ کار هەن لە دیدی دیاردەگەرایی، یا بنەماگەرایی کارەکانیان ئەنجام داوە. بەڵام، هێشتا ئێمە دوورین لە ئەقڵییەتێک کە لە ناوەڕۆک وجەوهەری کاری ڕەخنە تێبگات.

پ:ئەزموونی شیعری ئەحمەدی مەلا لە “زەردەک”ەوە تاکوو “سەرەتاکان” کە کۆی ئەو شیعرانەیە لە نێوان ساڵانی 1974بۆ 2006 نووسراون و بەختیار عەلی پێشەکی لەسەر نووسیوە تا گەڕانەوەی زەردەشتیش لە خۆگری چەند جومگەیە کە بەگشتی من ئاوای دەبینم. جومگەیەک کە بەردەوام خەونی تازەگەری و دابڕانی لە رەوتی خۆی دا هەڵگرتووە، جومگەیەک کە خەون و کەڵکەڵەی گەڕان و بوونی بەمانای تاکییەتی شاعیر پێکەوە گرێ داوە(بوون و هەبوونbee-become/) و جومگەیەکی ئازادی زمانی یان وەکوو بارت دەڵێ بێ زمانی کە لە فۆرمە زمانییەکانی شیعری ئێوە بە تایبەتی گەڕانەوەی زەردەشت بەدی دەکرێت، وەکوو دیارە هەموو ئەم جومگە سەیال و دینامیکانە ئەزموونی تۆیان تەنیوە، خۆت وەکوو خوێنەری ئەزموونی خۆت چۆن دێیتە گۆ لەسەری؟(هەر چەند روانینێکی تەقلیدی و باو هەبووە و هەیە کە دەڵێ شاعیر نابێ لەسەر دەقی خۆی قسە بکات بەڵام ئەمە روانینێکی تاک رەهەندە و ناتوانێت گریمانەی ئەوە بکات کە دانەر(مٶلف) تەنها روویەکی کەسایەتییەکەی شاعیرە و دواجار خۆشی یەکێکە لە خوێنەران).

ئه‌حمه‌دی مه‌لا: ئەگەر باسی شیعری خۆم بکەم، دەبێ بە قسەیەکی بەختیار عەلی دەست پێبکەم کە لە دوو توێی پێشەکییەکەدا هاتووە، دەڵێ ” شیعری من سەنتەری نییە” راستییەکەی تاکو ئێستا کەس وەکو ئەو، هەند بە وردیی باسی ئەو شیعرانەی نەکردووە، تەنانەت، خۆمیش، هەستم بەمە نەکردبوو، بەڵام کاتێک وردبوومەوە، هەست بەمە دەکرێ. نەبوونی سەنتەر مانای چییە؟ سەنتەر لە ناواخنی هزری ئاینییەوە پەیدا دەبێ، مێرسیا ئێلیاد لەم رووەوە زۆر قسەی کردووە. هەر نەبوونی ئەم سەنتەرەیە کە وایکردووە دەقی شیعریی من میتافیزیک نەبن، بەڵکو فیزیک بن. بە واتایەکی دیکە، دنیای هەستەکان ئامادەگییان هەیە، لەو هەستانەوە ئاودیوی دنیایەکی دیکە دەبین. کاتێک “زەردک” دەخوێنینەوە، هەست دەکەین ئێمە بەرامبەر بە تابلۆیەکین کە بە کۆلاژ دروستکراوە، پارچە پارچەی وێنەگەلێک کە پاشماوەی زاکیرەیەکن کە لە گەشەسەندن دایە. ئەمە زاکیرەی تاراوگە نشینە، زاکیرە شتێکی وەستاو نییە، بەڵکو گەشە دەکات و دنیای ناوەوەی خۆی رێکدەخات. “زەردک” وێنەگەلێکی دنیایەکی وێرانکراو بوو، هەوڵم دا لە رێگەی شیعرەوە دروستی بکەمەوە. ئەوەی یارمەتیی دام کە ئەم شیعرانە، لە چاو ئەو دەقانەی کە لە کوردستان دەنووسران، جودا بن، ئەوە بوو، ماوەیەک بوو هیچی ئەوێم نەدەخوێندەوە، هەروەها هەوڵم دا، شتێکی خۆم بلێم لە دەرەوەی ئەو کاریگەرییە ئەدەبییانەی ئەوێ. دەنگێکی ناوەکییە، دەنگی تاراوگەنشینیەکی تەواوە، چونکە ئەو دەم، سەرەتاکانی ١٩٨٠ وەکو ئێستا نەبوو، کاتێک دابڕاین لە کوردستان، دابڕانێکی کۆمپلێت بوو، دەبوو، خۆمان، بە تەنها ژینگەی خۆمان دروست بکەینەوە. هەر لەو دەقانە، خودا لە شیکلی جودا دا دەردەکەوێ، هەمان ئەو خودایە نییە کە قورئان باسی کردووە، هەر لەوێ سوودم لە چەند ئایەتێکی قورئان بینی، نەک وەکو کلاسیکەکان، بەڵکو بە شێوەیەکی دیکە، تێکهەڵکێشی شیعرەکانی بکەم. “زەردک” لە ٩ دەق پێکهاتووە ؛ بە “لەدایکبوون” دەست پێدەکات و بە “شەهوەتی رەفز” کۆتایی دێ. ئەم دوو ناونیشانە تێکرای ئەو پرۆژەیەمان بۆ روون دەکاتەوە. ئیدی لەو دەمەوە، حەز دەکەم خۆ دووبارە نەکەمەوە، نەنووسینم زۆر لە لا گرنگترە وەک لە خۆ دووبارە کردنەوە، چونکە شیعر نووسین پیشە نییە، بەڵکو خولیایەکە، خولیایەک نییە بۆ ئەوەی وەکو شاعیر بمێنینەوە، بەڵکو لەو هەودایە بگەڕێین کە ئێمە بە دنیادا گرێ دەدا. ئەم هەودایە لە گۆڕان دایە، چونکە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ دنیا شتێکی وەستاو نییە، گرنگە ئەم دنیا خوێندنەوەیە وەکو ئەزموون لە دەقدا رەنگ بداتەوە. ئەزموون و سەنتەر دوو شتی دژ بە یەکن، ئەوانەی سەنتەریان هەیە، زۆر بە کەمیی ئەزموونیان هەیە، چونکە سەنتەر لەگەڵ شیکلی جێگیر هاوتەبایە، با ئەو شیعرەش، شیعری سەربەست و ئازاد بێ، چونکە شیعری ئازاد، تەنها شیکلێک نییە کە ستوونی نەبێ، بەڵکو زۆر لەمە بزێو تر و عەجوول ترە. “گەڕانەوەی زەردەشت” دوا ئەزموونمە، هەوڵم داوە، سەرجەم بارستاییە ئاینیی و ئایدیۆلۆژیی و کۆمەڵایەتیی و هتد وەلاوە خەم، تەنانەت خودی وێنەی “زەردەشت” لە کەسایەتییە مێژووییەکە داماڵم و بیکەم بەو وێنەیەی کە خۆمی تیا دەبینم، بۆیە خوێندنەوەی ئەم دەقە نابێ لە دیدی زەردشتی مێژووییەوە بخوێندرێتەوە، چونکە لە دوا پێناسەدا، زەردەشت لەو دەقە تۆی مرۆڤی/تۆی یەزدانی.

پ:بەشێک لەکارەکانی ئێوە تایبەتە بە رۆمان و ئەدەبی چیرۆکی(چ وەکوو نووسین و چ وەکوو وەرگێڕان)، پێگەی رۆمان و گێڕانەوەی چیرۆکی لە ئێستای ئەدەبی جیهانی دا چۆنە و لای خۆمان(رۆژهەڵات و باشوور) لە چ فەزایەک دایە؟

ئه‌حمه‌دی مه‌لا:راستییەکەی زەحمەتە وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە، چونکە ئەمە پێویستیی بە لێکۆڵینەوەیە و هەروەها من ئاگاداریی هەموو بەرهەمەکان نیم. بەڵام رۆمانی کوردیی لەم بیست ساڵەی دوایی هەنگاوی جوان دەنێ، کوردیش بە نووسینی رۆمان ئاشنا دەبێ. لێرە جێگای ئاماژە پێکردنەوە کە ئێمە هەموو ئەم ژەنرانە(Genre) لە رۆژاوا وەردەگرین، تەنیا شیعر نەبێ کە هەڵقوڵاوی کەلتووری خۆمانە، بۆیە ئاساییە کاریگەریی هونەریی رۆمان بەسەر نووسەرانی ئێمەوە دیار بێ. نامەوێ شتی گشتی بڵێم.

پ:حەکایەت و راز(چیرۆکە کۆنەکان)ە کوردییەکان تا چەندە توانیویانە لەگەڵ ژانێرێکی هاوردە و دەرەکی وەکوو رۆمان بکەونە دیالیکتیک و دانوستانەوە، واتە ئەو رۆمانە کوردیانەی(ئەوانەی سەرنجی ئێوەی راکێشاوە و ئاگاداریان هەن) کە بەرهەم هاتوون تا چەندە لە ئاسەواری گێڕانەوەیی زمانی کوردی کەڵکیان وەرگرتووە؟

ئه‌حمه‌دی مه‌لا:کەلەپووری زارەکی ئێمە هی قۆناغی “دەرەبەگایەتی”یە، وەکو گۆرانی ژێستی فەڕەنسییان5، زۆر زەحمەتە بتوانین چەمکی فەلسەفی قووڵی لێهەڵهێنجین، مەگەر چیرۆکەکانی عەشق و فیداکاریی و جەوامێریی نەبێ. ئەورووپای هاوچەرخ، مەبەستم لە سەردەمی رێنسانسەوە، ئاوڕ لە کەلەپووری یۆنان و رۆمای دێرین دەداتەوە زیاتر وەکو لە قۆناغی دەرەبەگایەتی سەدەکانی ناوەند. ئەم خوێندنەوەیە تا ئەمڕۆ بەردەوامە. رەنگە ئێمە بتوانین لە ئەفسانەی کاوەی ئاسنگەر هەندێ رەمز هەڵهێنجێنین بۆ ئەوەی تێکهەڵکێشی بکەین لەگەڵ بۆچوونە نوێیەکانمان.کاتی خۆی بێکەس، شانۆنامەیەکی لەو رووەوە نووسی. بەڵام حەکایەتەکانی لاس و خەزال و شیرین و فەرهاد و زەمبیل فرۆش و هتد، نازانم تا چ رادەیەک دەشێ کاری هاوچەرخیان لەسەر بنیات بنرێ…یەشار کەمال لەو ڕووەوە، جێپەنجەی دیارە، بەڵام ئەو سوود لە حەکایەتەکانی داپیرەی وەرگرتووە وەکو بزانم. لە کۆتاییدا، هەموو شتێ دەشێ و دەگونجێ،ئەمەش پێویستیی بە سەلیقە هەیە، پێش سەلقیەش پێویستیی بە دنیابینیێکی نوێ هەیە، بۆ ئەوەی نەفەسێکی نوێ ببەخشێتە ئەو کەلەپوورە..کارێکی ئاسانە بۆ لێزان.

پ: وەکوو دوا وتەتان لەم وتووێژە چیتان هەیە بیڵێن؟

ئه‌حمه‌دی مه‌لا: سەرەتا سوپاس بۆ ئێوە، ئەمە یەکەمین جارە، پیاوێکی ئاگا، چاوپێکەوتنم لەگەڵ دەکا. هەڵبەتە سنووری زانیارییەکانی من زۆر لە پرسیارەکانی ئێوە بەرتەسکترە.
و: زۆر سوپاس بۆ لوتف و سینگفراوانی ئێوەش.

 

ته‌واو

 

پەراوێزەکان:

1- Etat-Nation فۆرمی خۆماڵی دەوڵەت- نەتەوە. واتە مەبەست لە شکڵێک لە دەوڵەتیی نەتەوەییە، دەوڵەتێک کە بۆ رەگەزی فارس و تورک و عەربە بە بێ گوێدانە رەگەز و زمان و کەلتووری دیکە کە لە ناو ئەو سنوورە دەژین.

2-frustrer لە رووی سایکلۆژییەوە مانای ئەوەیە کە سوبژێکتێک شتێکی لێ حەرام دەکرێ یا شتێک لە خۆی حەرام دەکات، بۆ نموونە کاتێک منداڵ دزیی دەکا، ئەمە نیشانەی ئەو حیرمانی خۆشەویستیەیە.
3- رەتابەت : monotonieواتە یەک رەنگ، شتێک بە شێوەیەکی بێزارکەرانە دووپات ببێتەوە. شتێک تامی خۆی لەدەست بدات، بۆ نموونە کاتێک دەگوترێ رۆژگارێکی بێ تامە مەبەست حاڵەتی رەتابەتە.
4- لایتمۆتیڤ؛تێمەیەک کە لە دەقێک دووبارە دەبێتەوە و بنەمای دەق دروست دەکات یا تێرمێکە دووبارە دەبێتەوە.
5-( گۆرانی ژێستی) chanson de geste داستانی جوامێریی و پاڵەوانێتی سەدەکانی ناوەندە، بە تایبەت هی سەردەمی شەڕی خاچپەرستان کە ستایشی سوارچاکەکانی دەکرد. وەکو بەیتی لای خۆمان. دەهۆنرانەوە و دەنگبێژەکانیان لە مەیدانی گشتی و لە بازاڕی هەفتانەو لە سەر ڕێگای حەج بۆ خەڵكییان دەگوت.