من بارانم

جوڵای ٢٠١٦

باران
734

یەکەم جارە بە تایبەت و ڕاستەوخۆ دەربارەی خۆم دەنووسم. هەست دەکەم ئەم کارە لە هەموو جۆرە نووسینێکی دی سەختترە، بەڵام وەک هەمیشە، ئەو هاوەڵەی یەکڕاست دێتە خەیاڵم و بێگومانم دەکات لەوەی کە دەتوانێت قورساییەکانم لەگەڵدا بەش بکات، بووکە پەڕۆیینەکەمە. ئەو بووکەی زیاتر لە بیست و پێنج ساڵە هاوڕێمە و ئاگاداری هەموو ئەو ڕووداوانەیە کە پێویستە هەنووکە هەندێکیان لە یادەوەریمدا خەبەربکەمەوە.

بە منداڵی زۆر بووکی جۆراوجۆر و قەشەنگم هەبوو، بەڵام ئەوەی کە وایکرد ئەم بووکەشووشەیە تاسەر لەگەڵمدا بمێنێتەوە، نهێنییەکی پەنهانە و دروست پەیم پێی نەبردووە، لێ جیاواز لە هەموو بووکەکانی ترم، ئەم بووکەم کوڕە، کوڕێکی تایبەت. هێشتا نەچووبوومە قوتابخانە، دەبوو نەشتەرگەرییەک بۆ قاچم بکەم و ڕازی نەدەبووم. دایکم و باوکم بە مەبەستی قایلکردنم بەڵێنی زۆر یاری و کاڵای جوانیان پێدام و بێسوود بوو، ئاخر دەیانگووت ئازارت زۆر دەبێت و دەبێت بەرگە بگریت. من وەک شتێک ئازارم بە هیچ نرخێکەوە نەدەکڕی ئەگەر چاکبوونەوەی قاچیشمی لەگەڵ بووایە.

لە ماڵی باپیرەم بووکەشووشەیەک بۆ جوانی هەڵواسرابوو، بەردەوام سەرنجی من و تامەزرۆیی هەموو منداڵەکانی ماڵەکەی بۆ خۆی ڕادەکێشا. بووکەکە وەک پاڵەوانی سێرک هاتبووە دونیاوە، دەموچاوی وەها نەخشێنرابوو کە وا دیاربێت هەمیشە پێدەکەنێت. کڵاوێکی قوچەکی زەنگۆڵەداری لەسەردا بوو، بەدلەیەکی ڕەنگاوڕەنگی لەبەردا بوو. وەک ئەوەی ئەرکەکەی تەنها ئەوە بێت کە خەندە بخاتە سەر لێوی منداڵ، بەو جلوبەرگ و ماکیاژەوە کۆمیدی دەینواند، بەڵام من لە چاوەکانیدا حوزنێکم دەبینی پڕ بە خەیاڵی ئەو تەمەنەم، ئەمە وایکردبوو هەست بکەم لەگەڵ ئەم بووکەدا جگە لە شادیکردن، دەتوانم تێریش بگریم. لەو ناوەندەدا، نەنکم گووتی ئەگەر نەشتەرگەرییەکە بکەیت، ئەو بووکە دەدەم بە تۆ! من بێ یەک و دوو، یەکسەر ڕازی بووم. نەشتەرگەرییەکەیان بۆ کردم و سەرکەوتوو نەبوو، بەڵام ئەوە بۆ من گرنگ نەبوو، گرنگ ئەوەبوو ئیدی بووکەکە هی من بوو، وە من بۆ بەدەستهێنانی ئەو، تەحەدای ئازارم کردبوو.

یەکەم کتێب کە لە قۆناغی سەرەتاییدا چەند جارێک خوێندمەوە، ڕۆمانی (ئۆڵدوز و بووکەشووشەی قسەکەر)ی سەمەدی بیهرەنگی بوو. پاش خوێندنەوەی ئەو کتێبە، شەوانە بە زمانی ئۆڵدوزەوە بە بووکه‌کەمم دەگووت “بووکەشووشەکەم، قسان بکە دەنا دیق دەکەم.” دیارە بووکەکەی من هەرگیز وەک بووکەشووشەکەی ئۆڵدوز نەهاتە گۆ، بەڵام ئەو هەمیشە گوێگرێکی زیندوو بووە بۆم و نێوانمان پڕە لە نهێنی و خۆشبەختی و ئاستەنگییەکانی ژیان. پێکەوە چەندان شەو تا بەرەبەیان قسەمان کردووە و چەندان ڕۆژ بەدوای ویست و هیواکانماندا لە ڕاکردندا بووین.

من منداڵێکی ناساغ بووم، ڕاستتر بڵێم، جۆرە نەخۆشییەکی دەگمەنی لاوازیی ماسوولکەم هەبوو، كه‌ تا ئێستاش بێ دیاگنۆس ماوەتەوە. ئەوەی زانراوە ئەوەیە کە لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا، وردە وردە خانە ماسوولکەییەکانم کەم دەکەن و بەمەش ئەندامەکانی جەستەم بێهێزتر دەبن، بەڵام هۆکاری کەمبوونەوەی ئەو خانانە نەزانراوە، بۆیە دۆزینەوەی چارەسەر یاخود ڕێگرتن لێیان ئاستەمە.

کاتێک چوومە قوتابخانە، زۆر کەس و ناسیاو لۆمەی دایکمیان دەکرد، پێیانوابوو بە ناردنم بۆ خوێندن ماندووم دەکات و پێیاندەگووت بەنیازیت ئەم کچە ببێتە چی. هەڵبەت ئه‌و بەو شێوەیە منی نەدەبینی و چاوەڕوانی و ئومێدی پێم زۆر بوو. ڕۆژێک گووتم دایکە تۆ حەز دەکەیت من ببم بە چی؟ گووتی “نووسەرێکی گەورە” وەڵامەکەی تووشی سەرسووڕمانی کردم و هیچ پێمخۆش نەبوو، چوونکە لەو کاتەدا هەستمکرد بەدەر لە وشەی “گەورە” کە بۆ گەورەکردنی نووسەرێتی لە لای من و لەبەر من بەکاریدەهێنێت، کارێکی ئاسانی بۆ هەڵبژاردووم، کارێک کە پێویستی بە جوڵەی لەش نییە.

لە ماڵەوە کتێبخانەیەکی جوانمان هەبوو. دایکم خوێنەرێکی ورد و فەرمانبەری (کتێبخانەی ئه‌وقاف) بوو له‌ شه‌قامی سابونكه‌ران له‌ سلێمانی، خۆشمان له‌ شوقه‌كانی سه‌یدحه‌سه‌ن ده‌ژیاین كه‌ له‌سه‌ر بینای كتێبخانه‌كه‌ بوو. باوکم شیعری دەنووسی و کتێب و ڕۆژنامەی زۆر دەکڕی. ڕۆژێک باوکم بە گۆڤاری پەپوولەی منداڵانەوە هاتەوە و گووتی لەم بڵاوکراوەیەدا بەرهەمی منداڵان بڵاودەبێتەوە. گۆڤارەکەم برد، خوێندمەوە و چەند ڕۆژێک دواتر پەخشانێکم نووسی، دام بە باوکم و گووتم بیبە بۆ گۆڤاری پەپوولە. باوکم دڵخۆش بوو بە کاردانەوەکەم، دەستخۆشی لێکردم و بردی، بەڵام کە هاتەوە، گووتی بەداخەوە، پەخشانەکەیان قبووڵ نەکرد. گووتم بۆچی؟ گووتی دەڵێن لە نووسینی منداڵ ناچێت، یان گەورە بۆی چاککردووە. گووتم بەڵام خۆم نووسیومە، پێتبگووتنایە هەر خۆی نووسیویەتی، گووتی من دەزانم و پێمگووتوون بەڵام ئەوان گووتویانە با شتێکی تر بنووسێت، شتێک لەگەڵ ئاست و چۆنییەتی بابەتەکانی تری گۆڤارەکەدا بگونجێت! لە دوای ئەم ڕووداوەوە وەها دەستبەرداری نووسین بووم کە لەو باوەڕەدا نەبووم قەت بچمەوە سەری.

لە ڕاستیشدا من زیاتر حەزم بە بواری هونەر دەکرد، خەیاڵم بە زۆر جۆری هونەرەوە کرد و تامەزرۆیی زۆرم بۆیان هەبوو، بۆ وێنە؛ سەمای بالێ، نواندنی شانۆ، ژەنیاری کەمانچە یان پیانۆ … بەڵام نەخۆشییەکەم و کەمهێزی جەستەم بۆ هەموو ئەمانە ڕێگر بوو. دوای ئەم ڕوونبوونەوەیەش ساڵانێکی زۆری برد تا زانیم دروست دەمەوێت خەریکی چی بم.

لە قۆناغی ناوەندی بووم کاتێک لە کوردستان هاتینە دەرەوە و نیشتەجێی سوید بووین. لەگەڵ ئەوەشدا کە مەیلم زیاتر بە لای وانە زانستییەکاندا دەڕۆیشت و تیایاندا باشتر بووم، لە قۆناغی ئامادەییدا بەشی ئەدەبییم تەواو کرد. پاشان لە زانکۆی لینوس ساڵێک دیزاین و گرافیکم خوێند، بەڵام بەهۆی خراپبوونی باری تەندروستییمەوە بەردەوام نەبووم و لە خوێندن دابڕام.

چەند ساڵێک بەر لە زانکۆ، وەک ئەندامی گرووپی (زانستپەروەرانی کورد)، لە چەند پڕۆژەیەکی گرووپەکەدا بەشدار بووم، یەک لەو پڕۆژانە چێکردنی (فەرهەنگی زانیاری تەکنەلۆژی) بوو بە سه‌رهێڵ، کە پاشان بە کتێبیش چاپ بوو … لە ٢٠٠٣ دا، یەکەم چیرۆکمم نووسی بەناوی (چاوە گریاوەکان پێکەنین). ئەم دەقە چەند دەقێکی تری بەدوای خۆیدا هێنا و لە ساڵی ٢٠٠٦ دا، لە نامیلکەیەکدا بە ناوی (نامەیەک بۆ بەهەشت)، بە چاپ گەیشتن. ساڵێک بەر لەوەش کتێبێکی بچکۆلەی منداڵانم بە ناوی (ئانیکای ژیر) لە سویدییەوە بۆ کوردی وەرگێڕا. نووسین وردە وردە بۆ لای خۆی ڕایدەکێشام بەڵام وەک هاودەمێکی دڵشکاو، درەنگ درەنگ ڕووم دەدایە و خۆمم لێی نزیک نەدەگرت. لە ساڵی ٢٠١٢ دا دووەم کۆمەڵە چیرۆکم بە ناوی (ڕۆژێکی تۆزاوی) بڵاوبووەوە و ساڵی ٢٠١٣ کتێبێکم لە سویدییەوە کردە کوردی بە ناوی (بۆچی گیا گەشە دەکات؟)، کە بریتی بوو لە کۆمەڵێک سەرگوزشتە و بەسەرهاتی پەندئامێز. ساڵی ٢٠١٤ هەمان کتێبی (بۆچی گیا گەشە دەکات؟) کرایە کتێبی دەنگی بە CD.

لەم سەروەختانەدا، گەردوون ڕەنگێکی دیکەی خۆی پیشاندام، عەشق بووە وەڵامی پرسیارەکانی دڵی من و لەگەڵ ئەڤینەکەمدا بووینە هاوماڵ و هاوژین. خۆشبەختی لە ژیانی ئێمەدا تەنها پێکەوەبوونمان نییە، بەڵکوو ئەوەشە کە لە وجودی یەکتریدا لە ڕۆحی خۆمان نزیکترین و ویستمان ڕوونتر و توانامان زیاترە … بڕیارمدا بچمەوە زانکۆ. ئەمجار بە یەقینی ئەوەوە کە نووسین ئەو بوارەیە کە دەخوازم لەسەری بەردەوام بم، لە زانکۆی ستۆکهۆڵم دەستم بە خوێندنی ئەدەب و زانستی شانۆ کرد.

ئەو ڕۆژەی کە بۆ یەکەم جار لە هۆڵێکی گەورەی وانە گووتنەوەی زانکۆی ستۆکهۆڵمدا خۆم بینییەوە، هەموو قۆناغەکانی خوێندنم بە سەختی و ساکارییەوە هاتەوەیاد. ئەو دەنگانەم هاتەوە گوێ کە دەیانگووت ناتوانێت بگاتە هیچکوێ و ئەو چاوانەم لە بەرچاودا بوو کە باوەڕدار بوون پێم.. لە لەپی دەستمدا هەستم بە ئارەقی دەستی برا گەورەکەم کرد کە بە درێژایی چوار ساڵی یەکەمی قۆناغی سەرەتاییم، بە جانتاکەی پشتی خۆیەوە، بە دەستێکی جانتاکەی منیشی هەڵدەگرت و بە دەستەکەی تری تووند دەستی دەگرتم و لە ماڵی خۆمانەوە تا پۆلەکەمی دەبردم. خەیاڵ دەیبردمەوە گۆڕەپانی (قوتابخانەی مەحوی) و برا بچکۆلەکەم کێبڕکێی بەرزترین نمرەی لەگەڵدا دەکردم. دەگەڕامەوە ڕۆژانێک کە بۆ (دواناوەندی ژین) دەچووم، بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگیم، دەبوو دەستم لەسەر شانی خوشکە شیرینەکەم دابنێم. وەک ئەوەی یاده‌وه‌ری دونیا لە مندا پەنگی خواردبێتەوە، وەک ئەوەی وردترین ڕووداوم لەبیر نەچووبێتەوە، بە خێراییەکی بێوێنە و هەستیار، لە یەکەم ڕۆژی چوونە قوتابخانەمەوە تا ئەو ڕۆژەی کە لەگەڵ هاوژینەکەمدا فۆڕمی وەرگرتنی کۆلێژەکانم پڕکردەوە، تا ئەو ساتەی لەو هۆڵەدا پڕۆفیسۆرێکی نیوە سویدی و نیوە ئەڵمان وانەی پێمان دەگووتەوە، یەک یەک ڕووخساری گشت مامۆستا میهرەبان و دڵڕەقەکانم و هاوڕێ و هاوپۆلە یار و نەیارەکانم و شەوانی تاقیکردنەوە و کاتی ناساغی و خوێندن و خۆشی و هەموو هەموو ساڵانی ڕابردووم وەک میمۆری فیلمێک بیرکەوتەوە …

بە خوێندنی ئەدەب و زانستی شانۆ دڵخۆش بووم، چوون جگە لە توانا و ئارەزووی خۆم بۆ نووسین و خوێندنەوە، هەڵگرتنی ئەرک و گرنگیی بێدەنگ نەبوونیشم لە بوارەکەدا بینییەوە … ساڵی ٢٠١٥ کۆمەڵێک چیرۆکی نوێم لەگەڵ چەند دەقێکی کۆندا، لە کتێبێکدا بە ناوی (دەبێت شتێک بگێڕمەوە) چاپ کرا. پاشان ساڵی ٢٠١٦ هەستام بە وەرگێڕانی سەرجەم شانۆنامەکانی نووسەری بەریتانی (سارا کەین) و لە ڕۆژی جیهانیی شانۆدا، لە بۆکسێک و پێنج بەرگدا چاپ و بڵاوبووەوە. هەنووکە جگە لە هەبوونی چەند پڕۆژەیەکی تایبه‌ت بۆ داهاتوو، بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون و وەرگێڕان و گووتارنووسییه‌وه‌ خەریکم … ئەگەر داوای پڕۆژه‌ی كولتور و گۆڤاری (کولتور مەگەزین)ی ئازیز بۆ بەشداریکردنم له‌ پڕۆژه‌ی خودنووسینه‌وه‌دا نەبوایە، سەخت بوو لە ئێستادا بتوانم شتێك دەربارەی ژیانی خۆم بنووسم، لێ سوپاسگوزاری ئه‌و ده‌رفه‌ته‌م، چوون ئەم ڕۆچوونەم بە خۆمدا پێویست بوو.

وه‌كتر، تەندروستیم باشتر نییە لە جاران، به‌ڵكه‌ خراپتره‌، کەمهێزی ماسوولکەکانم گەیشتووەتە ئەوەی بە ئاستەم دەنگم ببیسترێت، به‌ درێژایی شەو و چه‌ند سه‌عاتێكیش له‌ ڕۆژدا، ده‌بێت ئامێری هەناسەدانم پێوه‌ بێت. کورسی چه‌رخدار بۆ ڕۆیشتن بەکارده‌هێنم و دەستم قەڵەم ناگرێت … به‌ڵام من باشم و هیوادارم هه‌موولایه‌ك به‌ ڕووناكی هزر و به‌ بێگه‌ردی ده‌روونه‌وه‌ باش بێت.

ئێستا کە خەریکی ئەم نووسینەم، بووکەکەم لە تەنیشتمەوەیە، دەبێت بڵێم ئەو چیتر وەک سێرککارێک نانوێنێت و جلوبەرگەکانی گۆڕیووە، لەجیاتی کڵاوە قوچەکەکەی، کاسکێتێکی لەسەردایە، لەبری بەدلە ڕەنگاوڕەنگە چین چینەکەی، بلووسێکی سوور و سپی و بەدلەیەکی کابۆی شیینی لەبەردایە. بەڵام ڕووخساری بووکەکەم، سەرباری کۆمەڵێک شوخت و ئاسەواری برینداری، سیمای جارانی هەر ماوە، خەندەکەی هەر لەسەر لێوە و چاوەکانی خەمێکی قووڵیان تێزاوە …

ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.

You might also like More from author

error: Content is protected !!