هاینریخ بول

به‌یادی هاینریخ بۆل


Loading

١

ھاینریخ بول Heinrich Böll لەساڵی ١٩١٧ لە شاری کۆلن Köln ی ئەڵمانی لەدایکبووە، لە١٩٧٢ دا خه‌ڵاتی نۆبڵی پێبەخشراوە، لە شانزەی یولی  ١٩٨٥ کۆچی دوایی کردووە…ھاینریخ بۆل نەوەی تراژیدیایەکانی دووجەنگی زۆر سامناکی ئەم دنیایەیە، جۆرێک لە تۆنی غەمبار و پڕنیگەرانی لەھەموو ڕۆمان وچیرۆکەکانیدا، تەنانەت لەنوسین و گوتارەکانیشیدا لەشێوەی ڕیالستێکی بێبەزیی خۆی پەخشانـئامێز دەکات. جەنگ شەقشەقەیکی ترسناکی ڕۆحی (ھاینریخ بۆل) بووە و لەگەڵیدا ژیاوە، بەدرێژایی ژیانی بەختەوەریەکانی کورتخایەن و تێپەڕ بوو بوون. (مارسێل ڕایخ ڕاینسکی) ڕەخنەگری ئەڵمانی دەربارەی ژیانی بوول دەڵێت؛ (بۆل لەساڵلنی دواییدا بەشێوەیەکی زۆر ترسناک جگەرەی دەکێشا و قاوەی دەخواردەوە، دەتوانم پێتان بڵێم کە قاوەو جگەرە بۆلی کوشت…)

Marcel Reich-Ranicki 2 June 1920 – 18 September 2013)

 ڕاینسکی؛ بۆڵ بەجگەرە کێشانی زۆر و قاوەی خواردنەوەی زۆر مرد ..

ئەمە دوا وێنەی بۆلە لە یادەوەری مارسێل ڕایخ ڕاینسکی ڕەخنەگردا، ھاینریخ بۆل بوو پیاوێک بە ھیچ خەڵات و بۆل به‌ ئاھەنگێڕان و بارانۆیایی نوسین و مەزنکردن دڵخۆش نەبوو، بۆل ئەو ڕۆماننوسە بوو کە لەبێبەزییەکانی جەنگ ڕایدەکرد، ڕاکردنێک تەنھا بە نوسینەوەی خەون وترس و نیگەرانیەکانی قوتار بوونێکی ڕۆحی دەدۆزیەوە. زۆری نەدەخایەند دیسانەوە ھەمان ھەست دادیدەگرتەوە و گەمارۆیدەدایەوە، ئەمە ُپڕۆسێسێکی ڕاکردنی خود بوو لەکارەسەتەکان کە زۆر قووڵ لەنێو تاریکایەکانی نەستیدا ڕۆنیشتبوون، بەسەر ھەڵدانیان لەنێو ھۆشمەندی زماندا دەقی بەرھەمدەھێنا، دەقێک بێبەزی ڕیاڵێکە کە نایەوێت خۆی لەبیربکات.

نووسین  بۆ (هانیریخ بۆل)  له‌پشوودانە ڕۆحییەکان بوو لەو دوو جەنگەی ڕۆحی ئەو و نەوەی ئەویان بۆ ئەبەد شێواندبوو. ھاینریخ بۆل لەو شەشقەی جەنگە ڕایدەکرد بەردەوام لەڕۆحیدا جێگیربوو بوو، نوسینی بۆل دەتوانرا ھەر ڕیالستی بێت ،ڕیاڵێک لە ترسناکییدا فانتازیەکی بێبەزییە.

لەوانەیە ئەم وێنە تراژیدیە زیاتر لەدەقی بۆل و بیۆگرافیای ئەومان نێزیکبخاتەوە، بیۆگرافیایەک تەواو لەڕۆمان وچیرۆکەکانیەوە نێزیکە، تەنانەت لە باسکردنی ژیانی خۆیدا ئەو ھێڵە دراماتیکیە لەگێڕانەوەیدا درێژ بونەوەیەکی سەیری ڕەگەکانێتی لەنێو یادەوەریدا ، بۆل لەساڵی ١٩٥٩ لە نوسنێکیدا دەربارەی خۆی ئاوەھا باس لەخۆی دەکات:

 

[ لەحەڤدەی دێسەمبەری ھەزارو نۆسەد وحەڤدە ١٩١٧ لەکۆلن لەدایکبووم، باوکم پاسەوانی پردێکی گەورەبوو، لەساڵانی برسێتی دوای جەنگی جیھانی یەکەم و دوای مردنی دوومنداڵ من ھەشتەمین منداڵی خێزانەکەم بووم، باوکم بەردەوام قەیسەری ئەڵەمانی و دەست ودایەرەکەی بە نەعلەتدەکرد، ڕۆژێکیان پەیکەری قەیسەری نیشاندام کەسواری ئەسپێکی برۆنزی بووە وبەرەو ڕۆژئاوا تاویدەدا، ئەو پەیکەرە تاوەکو ئێستاش ھەر لەشوێنی خۆی ماوە و بەردەوامە لە غاردان بەرەو ڕۆژئاوا! باوکم دەستی بۆ ڕاکێشا و گووتی؛ تەماشاکە چۆن ڕەشمەی ئەو باگیرەی گرتووەو بەرەو ڕۆژئاوا غار غارێن دەکات، بەمەرجێ ئێستا خۆی لەمەنفای ھۆڵەندی و لەبێئیشیدا لە(دۆرن) خەریکی داربڕینەوەیە*

باپیرانم کاتی خۆی لە زەمەنی ھاینریخی ھەشتەمدا لە دوورەگەکانی ئینگلستانەوە ھاتبوون، سەرەتا لەھۆڵەندا و پاشان بەرەوخوار بوونەتەوە بۆ ناوچەی سەر ڕووباری ڕاین، باپیرانم دروستکەری پاپۆڕ بوون بەڵام ساڵ لەدوای ساڵ و شوێن لەدوای شوێن لە دەریا و ئۆقیانووسەکان دووردەکەتنەوە. ئەوان ھەمیشە لەشارەکاندا دەژیان وەک لەوەی حەز لەژیانی لادێ بکەن، بەپێی کات و دوورکەتنەوەیان لەدەریا، باپیرانم  نەوەیەک دارتاشی شارەکانیان لێدەرچوو .

بەڵام باپیرانی دایکم جوتیاربوون و ھەندێکیشیان لە(بیرە) دروستکارە بەناوبانگەکان بوون، نەوەی دووەم وەکو ئەوان گوزرەران باش بوون، بەڵام نەوەکەی دیکە ھەژارتر بوون، ئیدی ووردە ووردە ھەژاری و دیسانەوە ھەڵسانەوە، شێوە ژیانی نەوەکانی بەرەی دایکم بوون. دوا لقی درەختی خێزانی دایکم ھەژاربوون، دوا خێزان بوون کەبەدایکم کۆتایی پێدھات، کۆمەڵبوونێکی سەیری قێزبوونەوە و بێزاری بوون لەجیھان ]٢

Heinrich Böll. Über mich selbst 1959

ئەم گێڕانەوە ڕیالستیە نێوان پێ ناساندنی خود-بیۆگرافی و ھونەری گێڕانەوە جوانترین مانا و شێوەبازکردنی جەوھەری ژیانی باپیرانی پێناسەدەکات، ڕیالستێکی ئاوەھا، کە لەبیۆگرافیای کەسی خۆیدا خۆی پێناگیرێ و گێڕانەوەی چیرۆکئامێزانە دەکاتە بەری ھەموو ئەو فاکتە مێژوویانەی بەشێکن لەچیرۆک و چیرۆکیش بەشێکن لەو.

ھاینریخ بۆل پێویستی بە فانتازیەک نەبووە بۆئەوەی خودی ونبووی فیگورەکانی خۆی پێھەڵسوڕێنێ، فانتازیای دەقی ھاینریخ بۆل لە خودی دنیای شتەکاندایە و ئەوەندە بەرجەستەن کەدەرگاکانی خەیاڵ بۆ نابەرجەستەیی ونەبینراوی ئەو دیوو دەقەکان دەکەنەوە. لەھەموو چیرۆک و ڕۆمانەکانیدا ئەو تۆنە ڕۆمانسیە غەمبارە ھێمنە مۆسیقای ھاوئاستی ھەڵبژاردنی وشەچنین وداڕشتنی ناوەڕۆکی ئینسانی چیرۆکانین. ھەموو شتێک لە دەقی ھاینریخ بۆلدا دەجوڵێ و ئەکتیڤە، قسان دەکەن و خەون دەبینن، سێکس دەکەن وتێکەڵی جیھانی ده‌ره‌وه‌ دەبن.

بۆ نمونە؛ لە چیرۆکی (شەوێکی ئاشقانە) دا ژوورەکە و ئەو پشتوێنەی لەسەری نوسراوە (خودا لەگەڵ ئێمەیە)  ئەو شوشە شەرابەی ڕۆشنایی کزی شەو و پاشان تیشکی شەفەقی پێدا تێپەڕدەبێت، تەنھا وەسفێکی فۆتۆگرافی نین کە لەچیرۆکی کلاسیکدا پێی ئاشناین، بەڵکو بەچەند وشەیەکی کورت وچڕ ئامادەبوونی سێکس وماتریالیزەبوونی مێینەی نێو باوەشی فیگوری سەرەکی چیرۆکەکە ئاشکرادەکات، تەنانەت لەھەمان وەسفی ڕیالستیەوە ھەموو ئەو تۆنە ناوەکیانەی پاڵەوانەکانی کەدوور لە مەنەلۆژ خۆی لەنێو سەرجەم وەسفکردنی ژوور   و مرۆکاندا ئامادە دەکات، ئەوتا بەدوودێڕ ئەو ڕۆتینە کوشندەیەی نێو ڕۆحی فیگوری سەرەکی چیرۆکەکەی وەسفدەکات ؛

(ئەو ھەمیشە بیری لەوە دەکردەوە کەدەبێت پیاو جارێک لەگەڵ یەکێک لەو ئافرەتانەدا قسەبکات، کەلەگەڵیاندا دەخه‌وێت، بەڵام ئەمیش قسەی نەدەکرد…)

مارسێل ڕایخ ڕاینسكی ؛ زیاتر له‌ شاعیرێك – ده‌رباره‌ی هاینریخ بۆل..

ئەم ئیستاتیکایەی دنیای ڕیاڵ، ئەو دنیایەی لەبەردەماندایەو پێویست ناکات لەدەقدا لێی ڕابکەین، ئێستاتیکایەکە لەجیھانبینیەکی قووڵ و پەروەردەبوو بەھەموو ڤیزیۆن ودووریەکانیەوە سەرچاوە ھەڵدەگرێت.   هاینریخ بۆل وه‌ك  ڕیالستی ئه‌ڵمانی،  پابەندە بە؛  یەکەی ڕووداو و زەمەنی گێڕانەوە و کاتی گێڕانەوەی ڕووداو،  هه‌روه‌هاھاوشانە لەگەڵ فیگوری بەرجەستە، قسەکار ، وتوێژکار  جوڵاو ئەکتیڤ لەھەموو تۆنێکی زیندووی نێو ڕووداوەکاندا. ئەمانە ھەموو ھاڕمۆنیەتێکن لەسەر حسابی نائامادەیی فانتازیا ڕوونادەن بەڵکو بەپێچەوانەوە تەواو بەندگیرین بەفانتازیایەک کە خوێنەری بۆ نێو جیھان وئەتمۆسفێرەیەک ڕاپێچدەکات کە فەنتازیای تاکڕەوی خوێنەر و ئیندیڤیدیۆمی، خودی فانتازیا بەرھەمبھێنێ، خۆی مەزندەی ھەڵسوکەوتەکان بکات، خۆی خەیاڵ ببەخشێ بەفیگور و ڕووداوەکان.

لەچیرۆکێکی کورتی دوو لاپەڕەیی وەک (شەوێکی ئاشقانە)دا دنیایەکی بەجێھڵراوی پڕ نشووستی و ئەشق ھەیە لەچەند دێڕێکی کورت و وەسفی چەند کارەکتەرێکی دەرەوەی ژوورەکە و پێکدادانی پەرداخەکان واتلێدەکات بڵێیت؛ ئای ئەم جیھانە چەندە غەمبار و بێئاوازە، لەشەوێکی جوانی ھاوینەوە بەجێھشتنێک ھەیە لەنێوان قسەکردن وکەڕبوونیدا…بەدێڕێک ئەو ڕیالستە بێبەزیە بە فیگوری چیرۆکەکەی دەڵێت. ئەمجارەیان بەڕاستی لەگەڵ ئافرەتدا بخەوە، ھەر وەک ئەوەی خەوتن لەگەڵ مێینەش بۆ ئەو جەھەنەمێک بێت لە جەھەنەمکانی نێو ڕۆحی، لەدنیایەک بێبەزییەو مرۆ تێدا ھەستدەکات لەلایەن خوداوەندیشەوە بەجێھێڵراوە. لەوانەیە ئەمە تەنھا خوێندنەوەیەکی خودی (منێکی خوێنەر) بێت بۆ چیرۆکێکی ڕیالستێکی وەک هاینریخ بۆل، بەڵام لەھەمانکاتیشدا ئەو خۆشبەختیە لەبیرناکەین کەلە لێکدانەوەی جیاوازی چیرۆکێکی ئاوەھادا دەرگای چەندەھا وتوێژی دیکەمان بەسەر کێشەکانی ژیان وبەختەوەری و ئەشق وجەستە و ماتریالیزەبوونی مرۆ و بەشتبووندا، لێدەکاتەوە.

 

 

 

-٢-                                                                                              

گەڕانەوەی ڕیالستی ئاوەھا بۆ نێو بیرکردنەوەی چیرۆکنوسانەی دەقی چیرۆکی ئێستای کوردی، گەڕانەوەیەکی سیماو مۆرک بەخشینە بەزەمەن و مێژوو بابەت، کەزەمەنێکی زۆرە چیرۆکنوسی کورد بەنێوی فانتازیایەوە لێی ڕادەکات، گەڕانەوەی ئەو جۆرە ڕیالستیە مانای گەڕانەوە نییە بۆ شێوە چیرۆکنوسینی حەفتاکان و نێوەڕاستی ھەشتاکانمان، کە بەگرێیی ئایدۆلۆژیاو نا-بابەتی بابەتەکانیانەوە دەیناڵاند. نه‌خێر، بەڵکو جۆرێک لەڕیاڵستی دنیای ھەبووی ڕیاڵ بکاتە گۆڕەپانێک بۆ ھەموو گێڕانەوەیەکی ڕەواخوازکراو لەنێو بەھایەکی ئەدەبیدا، بەھایەک لەهاینریخ بۆلەوە سروشبەخشی وەربگرێ بەوەی کەھێشتا ڕیالستی خاوەنی جوانیەکی تایبەتە.

پێدەچێت لە بێۆگرافیای بۆلەوە زۆر کێشەی دیکەی نێوان جیھان و گێڕانەوە و خود – سوبێکت سەردەربھێنن وبەرەو زۆر گفتوگۆی دیکە ڕاپێچمان بکەن، کەھەمیشە لەژیانی ھاینریخ بۆلداو ترادیسێۆنێکی سەیر بووە لەنێوان ھارووژاندنی جیھانی ئێستا بە چیرۆک گێڕانەوەیەکی کورت.

ھەمان ترادیسێۆنە کە چیرۆکنووسانی وەک (گونتەر گراس) و (مارتین ڤالسەر) بەئاگایی بێت یاوەکو لەو ھەستە قووڵە بێت بە ترادسیۆنی ھونەری گێڕانەوەی ئەڵمانی و چەند ھەنگاوێکیش تێکەڵ بەدنیایی کافکایی، کە تاوەکو ئێستا مومارەسەی دەکەن. مومارەسەی مانا لەسەر بنچنینەی گێڕانەوەی ڕیالستی و کردنی ڕیاڵ بەگێڕانەوەیەکی بێبەزەیی کەئیدی ھەموو تەفسیرەکان لەدەرەوەی ئەو دەقانە بھاروژێن و بەشەڕبێن، ھەر وەک چۆن دوانۆڤێلەی گراس ( پاشەکشێ) و دوا ڕۆمانی ڤالسەر ( مەرگی ڕەخنەگرێک)، کەلەیەکەمیاندا پرسیاری کێشە لەبیرکراوەکانی جەنگی جیھانی دووەم و بەرھەمھێنانەوەی نازیەتی نوێی لە مێژووی تازە وکۆندا ھاروژاند و لەڕۆمانەکەی ڤالسەریشدا مومارەسەی تۆڵەی جووەکانی لەنێو ڕاڕەوەکانی کولتوری ئەڵەمانیدا خستە سەرپشت. بەجۆرێك کەبۆ یەکەمجارە (مارسێل رایخ ڕاینسکی) نیگەران بێت و دوا لە دەزگای بڵاوکردنەوەی (سورکامپ) بکات ئەو ڕۆمانەی ڤالسه‌ر بڵاونەکاتەوە، پێدەچێ ڤالسەر ئەوەندە ڕیالست بووبێت کە فیگوری ئەو ڕەخنەگرەی نێو ڕۆمانەکەی کە جووە تەواو، لەسەدا ھەشتای کاراکتەری ڕاینسکی خۆی بێت کەئەویش بەڕەچەڵەک جووە وساڵانێکی دوورو درێژە وەک ڕەخنەگرێکی بێبەزەیی بەڵام بەتوانا مومارەسەی ڕەخنەو ھەڵسانگاندنی ڕۆمان دەکات.

ئەمانە ئەو نمونە گەرمانەی ئەمڕۆن، گرنگی ڕیالستی وبریقەی ڕیالستی بەشێوەیەکی دیکە دێننەوە سەر گۆڕەپان ، ڕیالستێک نایەڵێت ڕووداوەکان بەئاسانی تێپەڕێت ، مافی ڕیالستی خۆی دەداتێ ، فاکتی هەقیقی پێدەبەخشێ ، مێژووی ڕووداوی دەداتێ بەلإم لەھەمان کاتیشدا کار لەنێو ئەو ڕیاڵەدا دەکات ، جیھانی دووەمی ڕیاڵ لەسەر بنچینەی فاکتەکانی دیکە بینادەکاتەوە، یۆتۆبیایەکی دیکە بەرھەم دێنێ کە ڕیالستی گێڕانەوەیە نەک بەدیکۆمێنتارکردنی ڕیاڵە وەک خۆی، لەھەمانکاتیشدا قوتار بوونی خودە لەنێو گێڕانەوەیە ، قوتار بوونە لە وەھمەکانی مێژوو، لەشانازیە پلاستیکیەکان، لەھەموو گێڕانەوەیەکی سیاسیانە کە جیھانی شتەکان دەکاتە دەستەواژەی یاریــپـێـکراو.

 

هاینریج بۆل و سۆڵژێنیتسین – ١٩٧٤ – سۆڵژێنیتسین ڕۆماننوس ده‌توانێت له‌سۆڤیه‌ت ڕابكات. بۆل یه‌كه‌مین پشتیوانی ده‌بێت . وه‌ك چۆن كاتی خۆی پشتیوانی راینسكی كه‌وه‌ك پۆڵۆنیه‌كی به‌ڕه‌گه‌ز ئه‌لمانی جوله‌كه‌ ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌ڵمانیا بژی.

ئەو جۆرە ڕیالستیی گێڕانەوەیە لە چیرۆکێکی دیکەی ھاینریخ بۆلدا بەنێوی [ سەربازێکی نەناسراو]، جوانتر ھێڵەکانی تەکنیکی ڕیالستی خۆی بەدەردەخات، لەو چیرۆکەدا جیھانی دووەمی سەربازێک لەبەرەکانی شەڕدا دەخاتە ڕوو ، لەڕێگەی وەسفی ڕیالیستانەوە باس لەو ترسە گەورەیە دەکات کەجیاوازە لەو ترسەی خوێنەر چاوەڕوانی دەکات، بەڵکو ترسە لەوەی تۆزێکی دیکە دەچنە سنووری بەرە هەقیقەکانی شەڕەوە نەک ترس لەشەڕ خۆی، ترس لە سەرما، لەبیرکردنەوە لە ھاوڵەکانی کەنایناسێ، لەبیرکردنەوە لەباران، لەساردی وبێبەزیی ئەو ساتانە…و زۆر ھەستی تێکچڕژاوی ئەو ماوە کورتەی نێوان سەرباز و بەرەکانی شەڕ. لەنێوان ئەو وەسفە ڕیالستیەی شوێن و کەسەکاندا ، خودێکی ھیلاک و بێواز خەون دەبینێ، دنیایەکی دیکە لەگەڵ مژی جگەرەکەی پێکدێنی لەھەمان ساتیشدا لەنێو ساردی و ترسدا دادەڕمێ. ڕیالستی ئاوەھا ئەو بەردەیە کە گۆمی ڕاوەستاوی واقع دەشڵەقێنی و جارێکی دیکە لەنێوگێڕانەوەدا بینای دەکاتەوە، بۆ ھیچ نا ، تەنھا بۆ ئەوەی خود چەند ساتێکی تێپەڕ لەو جەھەنەمە قوتاری بێت کەپێی دەڵێن ڕیاڵ.

ئەو تەقلیدە ڕیالستیە بە ھاروژاندنی دونیای ڕیال بە ئامادەبوونی ڕیالستی گێڕانەوە خودی، بەبێ ونکردنی ھەموو سەربەستیەکی فانتازیا وجوانی، بەشێکی زۆری میراتی ھاینریخ بۆلە کە تاوەکو ئێستا ھەمووان بەئێمەی چیرۆکنووسی کوردەوە سوودی لێدەبینین، ئەو ڕیالیستێکی تەقلیدی پێویست و وپڕ لە ئیستاتیکای نێوان گێڕانەوە و جیھانە.

                                                                                      

-٣-

بەشێکی دیکەی سەرنجمان لەسەرھاینریخ بۆل ئەوەیە، کەئەو چیرۆکنوسێک بوو ھەرگیز لەگەڵ خودی خۆیدا نەدەگونجا، نەگونجانێک لەو بۆشاییەدا فەردانیەتێک جێی خۆی کردبۆوە، کەئەوی بەتەواوەتی نیگەراندەکرد، جۆرێک لەو ئندیڤیدیۆمەی (ئادۆرنۆ) وەسفیدەکات ( ئەو ئیندیڤیدوالە درەنگ وەختەی، ئەوەش ژەھراوی دەکات کە ھێشتا لەفەردانیتدا بوونی ھەیە..)

Theodor w. Adorno. Minma Moralia. Shurkamp1985, s25.

هاینریخ بۆڵ لەگەڵ فەیلەسوفی قوتابخانەی فرانکفۆرت تیۆدۆر ئادۆرنۆ ، لەفرانکفۆرت ١٩٦٤

ئەو فەردانیەتە ژەھراویە لەمنداڵیەوە درەنگوەختی و بەجێھشتنی خود لەنێو جیھان و جەنگدا دەدۆزێتەوە، بۆڵ لەیادشتەکانی دەنوسێت ودەڵێت :

[ یەکەم یادەوەریم ، دیمەنێک بوو لە ھیندێنبورگ Hindenburgs ، کاتێک بەتالیۆنێکی سەربازی بۆ نیشتشمان دەگەڕانەوە، ئەوان سواری ئەسپ بوو بوون یەک لەدوای یەک بەخۆیان و چەکەکانیانەوە زۆر خوڵەمێشی و بێنەواو ڕێک و بەدیسپلین دیاربوون، بەبەردەمی ماڵی ئێمەدا تێپەڕین ومنیش لە نێوان قۆڵی دایکمەوە سەیری ئەوشەقامەم دەکرد، کە ڕیز لەدوا ڕیزی پارادی سەربازی بێکۆتایی، بەدوای یەکدیدا دەھاتن …]

1959 Heinrich Boell. Ueber mich 

لەھەمان بیرەوەریدا خودی بۆل دەگەڕێتەوە بۆ جـێـپـەنـجەکانی شەڕی جیھانی یەکەم و برسێتی دوای جەنگ، پێکھاتەی ئەو خودەی لەنێوان دوودڵی وترس و نائارامیدا گه‌وره‌ بووه‌. ئیدی ووردە ووردە لەخۆی دوور دەکەوێتەوە و لە ساڵانی قوتابخانەیدا ھەستی بەو ناڕێکیەدەکرد لەنێوان خودی خۆی و جیھانێکی قورس بەبرسێتی و کارەسات، لەنێوان جیھانی ھەستمەندی ھونەرمەندی پڕ فانتازیەی کارکتەری سایکۆلۆژی خۆی و جیھانێکی دڵڕەقدا خۆی ڕاده‌كێشێت . لەو زۆرانبازیەوە ئەو شەقشەقەیە پێکدێت کە تائەبەد لە نێو ڕۆحیدا گەمەیدەکرد، شەقشەقەی نیگەرانی وپەستیەکی پەنھانی پێچەکانی ڕیالستی .

 

[ لەکاتی پشووی نێوان وانەکاندا ھاوەڵەکانی قوتابخانەم سواڵی پارچە نانیان لێدەکردم، باوکانیان بێ ئیش بوون، ئیدی مانگرتن، ئاژاوەی سەرجادەکان، ئاڵای سوور، بووە ئەو دیمەنانەی ڕۆژانە لەگەڵیاندا دەژیان. بەتایبەت لەو بەشەی شاری کۆلن کەلەو زەمەنەدا بەسواری پاسکیل بەنێو جادەو کۆڵانەکانیدا دەسوڕامەوە. بەڵام زۆری نەخایاند کار بۆ ئەو سوپا بێکارە دۆزرایەوە، لەو بێکارانە زۆریان بوون بەسەرباز، بەجەلاد، کرێکاری ماشێنەکانی جەنگ و ئەوانیدیکەش ڕاپێچی سەربازەگەکانی کار و ھۆلۆکۆست کران. من ھەمیشە ویستوومە بنوسم و زۆر زووش دەستمپێکرد، بەڵام وشەکانم لەدرەنگوەختیدا دۆزیەوە…]

1959 Heinrich Böll. Über mich

دۆزینەوەی وشەکان لەدرەنگوەختیدا و پابەندبوونە بەو ئەندێشەی نوسینەی زۆر زوو ھاینریخ بۆل ویستوویەتی دەستیپێبکات، ئەمانە ھاوئاستن لەگەڵ دۆزینەوەی خود- سوبێكتی  گێڕانەوە، کەناتوانێ ڕیالست نەبێت، ناتوانێت ڕووداو ئامێز نەبێت، ناتوانێت بارگاوی نەبێت بەو ھەموو سەرباز ودۆڕان و سەربازگە و ترس و لەناوبردنە. ناتوانێ شتێک نەبێت لەمێژوویەک کەنوسەرێکی وەک بۆل دەیەوێت جارێکی دیکە تەشکیلەسازی بکاتەوە، ھەڵیوەشێنتەوە و ڕوونماکانی لە دیوێکی دیکەوە نیشانی خۆر بدات. ئەو لە بیۆگرافیای خۆیدا بەھەمان شێوازی نوسین ، چڕو پڕمانا و ڕووداو و گرێچنی جوارو جۆر ژیاندەکاتەوە بەگێڕانەوە و گێڕانەوەش دەەکات بە ژیانێکی تایبەتی مرۆڤێکی جێھێڵراو .

بۆل لەنێو قەدەری دوو جەنگدا (خودێکی درەنگوەخت) دەدۆزێتەوە، خودێکیش وشەکان دەدۆزێتە، بەڵام بەدرەنگوەختی ، خودێک بەتەعبیری (ئادۆرنۆ)  ھەموو شتێک لەفەردانیەتدا ژەھراوی دەکات، تەنانەت ئەوەشی کەلەفەردانیەتدا ماوە.

     

-٤-                                                                        

من پێموایە فەردانیەتێکی دیکەی درەنگوەختی سەلبی ھەیە لە نێو بیرکردنەوەی چیرۆکنووسیدا، ئەویش کەسی تاکی یەکەمی نەعلەتیە کە زۆر لە چیرۆکنووسان لە پێویستی چیرۆک و ڕووداوەوە پەنای بۆ نابەن بەڵکو لەبەتاڵـییەکی سەیری نەخوێندنەوەی دووریە جیاجیاکانی دنیای خۆیان وده‌رەوەیاندا سەری ھەڵداوە.  ئاسانە ئەو مەنەلۆژەی پڕێتی لە جیھانە (بەنێو ئەفسوناویەکان)، بەڵام بۆ چ مەبەستێک ؟ لە نێو چـجۆرە ئیستاتیکایەکدا خۆی پەخشدەکاتەوە؟ مەبەستی چییە؟ بۆ چ ڕووداوێک ڕاپێچماندەکات؟ دەیەوێت لەچ گرفتێکی ئینسانی بدوێت؟ کامە مێژوو دەدوێنێت؟ کامە جیھان؟ کامە نەبینراو دەخاتە ئاستی بینراوەو کامە بینراویش دەکاتە نەبینراو؟ کامە کێشەی فەلسەفی دەھاروژێنێ وکامەش ڕەتدەکاتەوە؟ کامە فیگور (پاڵەوان) بەرجەستە دەکات وکامەش نابەرجەستە؟

ئەمە وزۆر پرسیاری دیکە لە چوارچێوەی ڕیالستیدا دەھاروژێنرێ و بەھەمان دووریەوە دەتوانرین لە سەخترین کێشەبەندی ( ئیشکالیە) ی چیرۆکی کوردی تێبگەین.

ئێمە زەمەنێکە، بەتایبەت، دوای ڕووخانی شێوەکانی ئیدۆلۆژیای مارکسی – لینینی لە ڕیالستی قێزدەکەینەوە، ھۆکارەکەی زیاتر سایکۆلۆژیە وەک لەوەی لۆژیکی بێت، سایکۆلۆژیە بەو پێیەی چیرۆکی کوردی لەحەفتاکانەوە تاوەکو نەوەدەکان بەشی زۆری لەژێر سێبەری ئەو واقعیەتە کاریکاتێریستیەدا نوسراوە، کە نێوی خۆی ناوە ڕیالستی شۆڕشگێڕانە بەتەعبیرێکی دیکە (ئەدەبی بەرگری) – تۆ بڵێی بەرگری چی بێت لەئەدەبدا؟! خۆ ئەگەر ھەر لەخودی ئەم دەستەواژەیە وردبینەوە دەبینین ھەڵگری بنەمایەکی دژ بەلۆجیکی ڕیاڵە، من پێموایە گەر ڕیاڵێک ھەبێت لەچیرۆکدا ئەوا ڕاستەقینەیی ڕووداو شوێن و بەڕووداوبونێتی لەگەڵ کێشەیەکی ئینسانی، چونکە ھیچ چیرۆکێک نییە دوور لەواقع بنووسرێت ، ئیدی بۆچی ڕیالەکانی دیکە ناشۆڕشگێڕ بن ؟!

 گەر شۆڕشگێڕی دۆزینەوەی تازە بێت لەھەناوی کۆندا وەکو چۆن دیالەکتیکی مارکسی باس لێوەدەکات ئەوا ھەموو ئەدەبێکی چاک و نوێ ڕیاڵێکی شوڕشگێڕانەیە، ئەی باشە من دەپرسم کامەیە واقعی شۆڕشگێڕانە؟ پاڵەوانی ئەو چیرۆکانەن کە نابێت بەخەمی یارەوە شەوانە خەونیان لێبکەوێت، بەڵکو بەخەمی سۆپەر-مرۆیی دیکەوە کەوەک پاڵەوانی مەیدان واقع دەگۆڕێت! بەداخەوە ئەمە بەچەندەھا نمونە لە ئەدەبی ئێمە وەک بەڵگە دەسلمێنرێت کەچەندە ئەم ئەدەبە وشەی ڕیالستی شێواندووە بۆ ئەو شێوازە سۆڤێتیەی مرۆڤی دەکردە شتێکی دیکە، کەھەموو شتێکە تەنھا مرۆڤ نەبێت.

ھەرسھێنانی ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە و پڕۆسەی بوونی پاڵەونەکانی واقیعیش بە پاڵەوانی کاریکاتێری وبیروکراتی، زیاتر لەدوای ڕاپەڕین گەشەی سەند، بەجۆرێک ئیدی ترس لەڕیالستی و قێزەوەر کردنی پابەند بوو بە ترس لەگەڕانەوەی شێوە ئیدۆلۆژیا و وەھمی دروشمەکان. ئیدی لەم گرێ سایکۆلۆژیە قورسەوە زۆر لە نوسەران پەنایان دەبردە بەر خود لەنێو خەیاڵـێک کە بەتۆبزی ناوی سیحریان لێنابوو ، ئیدی ڕیالستی وەک چەمک و وەک کارکردن لەنێو دەقدا ونبوونێکی دیکەی لەخۆ گرتبوو کەتەنانەت لە بنەماکانی چیرۆکی تەقلیدیشی دوور دەخستەوە، بەلإم بۆ کامە شێوازەی دیکەی گێڕانەوە؟ بۆ کامە سیحر؟ ئەمانە ھەمووی لەنێو وەھمی چیرۆکنووسیندا خولیان دەخوارد نەک لە فانتازیای چیرۆکنووسیندا.

ڕیالستێکی وەک بۆل ، گونتەر گراس ، سەلمان ڕوشدی، ئێزابێلائالندی ، مارێۆ فارگاس یۆسا، بۆرخێس ، گاربرێل گارسیا مارکێز ..یەشار کەمال، سەلیم بەرەکات، مونیف و زۆر لەنوسەرە خۆمان  وه‌ك حوسێن عارف، شێرزاد حه‌سه‌ن، به‌ختیار عه‌لی، كاروان كاكه‌سوور و فه‌رهاد پیرباڵ و  فاروق هۆمه‌ر و زۆریتریان کەڕۆمان و چیرۆکی باش دەنوسن، ئەمانە ھەمووی بەشێوەیەک لەشێوەکان ڕیاڵستن، ڕیاڵستن تاوەکو مۆخی ئێسقانیان، لەدوای وی دێن فانتازیا لەسەر ڕیاڵ بینادەکەن، ئەم ڕیالستیە زامنی ئەو یۆتۆبیایان بۆ دەکات کە دەیانەوێت پێشکەشی جیھانی بکەن.

لە هاینریخ بۆلەوە دەگەڕێنەوە نێو ئەو خودەی کە زۆر لەئێمەی چیرۆکنووسی کوردەوە نێزیکە، خودێک بە تەعبیری ھابرماس کەلەباسکردنی فەلسەفەی ئادۆرنۆدا باسی لێوەدەکات؛ خودێکە لەکێشەی پڕُنسیبی پێناسەدا دەژی و بەدووی گونجاندا دەگەڕێت، فەردانیەتێکە لەنێو گێڕانەوەدا ، بەڵام کامە گێڕانەوە پێناسەی ئەو خودە ، ئەو ئیندیڤیدومە دەکات؟ کامە گێڕانەوە لەنێو ئەم ھەرایەدا قوتارمان دەکات لەو وەھمەی نێوی سیحرە بێ بوونی ڕیالستێکی لەپشتەوە وەستاو؟! کامە گێڕانەوە لەنێوان خود و جیھاندا خۆی درێژ دەکاتەوە؟

ئەمانە وزۆر پرسیاری دیکە لەڕیالستی ھاینریخ بۆلەوە لە زۆر وەھم قوتارمان دەکات، وەھمێک بەنێوی چیرۆکەوە خۆی شێوەباز دەکات، کەلەڕاستیدا لەونبوونی بیرکردنەوەی ھەمەلایەن و چەند ڤیزیۆنیەوە پەنا بۆ مەنەلۆژی کەسی یەکەمی تاکی نابەرجەستە و فیگوری ونبووی بێ ھۆکارو ودنیای خەیاڵاتێک دەبەن، جگە لەوڕێنە و بڕگەی سەقەتی پەخشانی نەبێت ھیچی دیکە نین، ئەمانەئەو نوسراوانەی ئەمڕۆن کە بەداخەوە لەزۆر ڕۆژنامە و گۆڤارە ئەدەبیەکاندا نازناوی چیرۆک لە خۆیان دەنێن و نه‌وه‌ی نوێس كوێرانه‌ لاسایی ئه‌م فۆرمانه‌ ده‌كاته‌وه‌…لێره‌وه‌ من پێموایه‌ دەبێت ڕیالست بین بەڵام کامە ڕیالست ؟ کامە ڕیاڵ : کامە ڕووداو : کامە بەرجەستە بوون؟

 

                                                                                  

-٥-                                                                                

ھاینریخ بۆل بەو ڕیالستە بێبەزیە، بە تەنھا وەسف وجوڵە توانایەکی ئێجگار پەنگخواردووی ئەو ئیندیڤیدیۆمە ئاشکرا دەکات لەدوای جەنگەوە، یادەوەری و تێکشکان ڕۆژ بەڕۆژ تەنگی پێھەڵدەچنن..بەڵام  گرنگی ئەم پیاوە لەوەدایە کەبەھیچ شێوەیەک پەنا ناباتە بەر وەھمەکانی نێو نوسین ، دنیایەکی سیحری بەتاڵ بیناناکات، بۆشاییەکی پەخشانی نییە ئێمە تێدا ھەست بێوازی بکەین و  وشەیەک نییە زیادەتر لەوی دیکە، کە وامان لێبکات بڵێن؛ ئەم وڕێنەیە مانای چی؟

بەپێچەوانەوە، وشەکان خۆیان لەنێو سیحری یەکتردا دەژین  لەنێو ڕیاڵێکدا دەژین کە بیرکردنەوە دەھاروژێنێت. ئەو پرسیارەی لە (شه‌وێکی ئاشقانە)دا خۆی ئامادە دەکات،ئەوەیە بۆچی فیگورەکان قسەناکەن لەگەڵ یەکتریدا، لەگەڵ ئەوەی لەسەر یەک جێگادا و لەگەڵ یەکدیشدا دەخەون! گەر خودا لەگەڵ ئێمە بێت بۆچی شەوێکی ئاشقانە لەڕێگەی شوشە شەراب و دەنگی گسک و کورسی قڵپکردنەوە خۆی ڕادەکێشێت؟

لەم دیوو ئەو وەسفەوە جیھانێکی دیکە خۆی درێژ دەکاتەوە کەخۆی ناسەپێنێت، نە فیگوری چیرۆکە کە ئەوەندە قسە دەکات و نەگێڕەوەش ئەوەندە لووتی دەژەنێتە نێو جوڵەی  کاراکتەرەوە، ھەمووشتێک لە خودی خۆیەوە، لەڕێگەی دەرکەوتنیەوە ئامادەیی خۆی نیشان دەدات ..ئەم ڕیالستیەی بۆل ڕیالستێکی بێبەزەییانەیە کەزۆر وانەی چیرۆکی نوسین و زۆر ڤیزۆنی ژیانی لێوە فێر دەبین.

 

-٦-

ئیدی (خودی جێھڵراو )  ئەو تێزەی منە دەربارەی بۆڵ، ئەو خودەیە لەنێو دەقی هاینریخ بۆلدا بەچەندەھا ڤیزۆنەوە خۆی بەرھەمدێنێت، خۆی دووبارەدەکاتەوە بەپابەند بەو بیۆگرافیا سەختەی بۆڵ خۆی لەگەڵیدا ژیاوە. ئەنجام فیگوری ڕۆماننوس وچیرۆکنووسێکی ڕیالستێک پێگەیشتووە، کەزەمەن و ڕووداوەکان بەجوانی ڕاودەکات و لەبێدەنگی وەسفکردندا دنیایەک دەنگ ، لەڕاوەستاویدا جوڵە و لەھەموو نابیناکاندا بینایمان له‌لا ئاشکرادەکات.

لەپشت ئەم ھەموو دەقانەوە نوسەرێک ھەیە لە بێبەزەیی دونیای ڕیاڵدا ئەوەندە جگەرە دەکێشێت   تاوه‌كو سیەکانی نەخۆشدەکەون، (بێگومان لێره‌دا شێركۆ بێكه‌سی شاعیرمان بیردێته‌وه)‌،  ئەوەندە قاوە دەخواتەوە تاوەکو دڵی لاواز دەبێت، ئەوەندەش لەو ڕیالیستیەی خۆیدا جوانکاری دەکات تاوەکو بیۆگۆافی خۆی و گێڕانەوەی ئەدەبی سنوورەکانیان تێکەڵی یەکدی دەبن. تێکەڵبوونێک لە دواخوێندنەوەدا ھەست بەوەبکەین کەچەندە گرانە ژیان لەگەڵ ئەو فیگورەی پێدەڵێن؛ ڕۆماننوسی ڕیالست؟ چەندە گرانە ڕیالستێک بیت بەھەموو دووریەکانیەوە! چەندە گرانە بۆ ساتێکیش بێت وەک (ھاینریخ بۆل) ئەو ڕیاڵە ڕاوبکەی، چەندە گرانە ڕیالستێکی ئاوەھا پەلتبگرێت و پێت بڵێت؛  سەیرکە بەرگەگرتنی ژیان چەندە قورسە …

تەواو

 

نورنبێرگ -27.07.2002

 

 

پەراوێزەکان

 

* ئەم نوسینە لە ٢٠٠٢ دا نوسراوە

* بۆ خوێندنەوەی کلیک بکەرە سەر ئەم بەستەرە؛  (شەوێکی ئاشقانە)

 

Kaiser Wilhelm II. als deutscher Großadmiral (1905)

Friedrich Wilhelm Viktor Albert von Preußen (* 27. Januar 1859 in Berlin; † 4. Juni 1941in Doorn, Niederlande)

* ڤلھێلمی دووەم؛ دوا قەیسەری پڕۆیسی ئەڵەمان بوو، پیاوێک بوو نێرگزی بوو بەمانای وشە. زۆر تامەزرۆی وێنەی خۆی بوو کەبەسمێلێکی قینج و چاوێکی بزەوە لەتابلۆ و تەنانەت دوای داھێنانی کامێرای سندووقیش لەفۆتۆ ڕەش و سپیەکانی زەمەنی مۆدێرنەدا، ئەو کاتانەی ھەڵدەبژارد کەخۆر بەتاقی ئاسمانەوەیەو باران نییە. ئەم پیاوە ئاشقی وێنەی فۆتۆگرافی و پۆرترێتی خۆی بوو، دەستێکی سەقەت بوو بەڵام ھەرگیز ئەو سەقەتیەی پێوە دیارنەبوو.

کەشەڕی جیھانی یەکەم ھەڵگیرسا ئەو لەسەر پاپۆڕەگەشتیەکەی لە بەندەرەکانی نەرویج خەریکی ئاھەنگ گێڕان و سەفاو سەیران بوو، خه‌ڵكی ئەڵەمان ئەوسا نازناوی (قەیسەری گەشتکاریان) پێ بەخشیبوو..

بەگشتی ئەو ئاگای لە ھیچ میکانزمێکی گرنگی سوپاو حکومەتەکەی نەبوو تاوەکو ئەو کاتەی لەجەنگی جیھانی یەکەم دۆڕاو و بەپەلە بەشێکی زۆری زەوی ئەڵەمانیای پروسیایدا بە پۆڵۆنیا و خۆیشی ھەڵات بۆ شاری (دۆرن) ی ھۆڵەندی و لەکۆشکێدا ژیانی بەسەر برد.

لەوێش  له‌ (دۆڕن) ھەر وازی لە خووە سەیرەکانی نەدەھێنا و ھەموو ڕۆژێک چەند درەختێکی زەبەلاحی ئەو دارستانەی دەبڕیەوە کە چوار دەوری کۆشکەکەی خۆی تەنیبووبوو…بێگومان بەئامادەبوونی کامێرای ڕەش و سپی فلیمی جوڵاوی بێدەنگ کەھێشتا وەک دۆکۆمێنت لە ئەرشیفەکاندا ماوە.  داربڕینەوە لە ترادیسیۆنی کۆنی ئەڵەمانی ڕەمزێکی پیاوەتی بوو..

کەنازیەکان ھۆڵەندایان گرت ئەوە لە ژێر نەخۆشیدا دەیناڵاند، کەمردیش نازیەکان بەمارشێکی عەسکەری تەرمەکەیان ھێنایەوە بۆ ئەڵەمانیا، تەرمھێنانەوەی بە مەزندەی نازیەکان کۆتایی ھێنان بوو بەو برینە قوڵەی دۆڕاندنەی کەلەجەنگی جیھانی یەکەمەوە کەوتبووە جەستەی ناسیونالی ئەڵەمانی.

ڕاستە ڤلھێم قەیسەر بوو بەڵام لەگەڵ  ئەوەشدا ھەمیشە دەیویست وەک مرۆڤێکی تاک وئیندیڤیدوال چێژ لەژیان وەرگرێت.  من پێموایە ئەو پیاوە ھەرگیز حەزی لەو دەسەڵاتە نەبووە کەپێبەخشراوە. تاکە شت بۆ خۆقوتارکردن لەو قەدەرە پیسە، خۆ نقومکردنی بوو لە چێژە بچوکەکان؛ چێژی سەفەر و تابلۆ و فۆتۆگرافی و وێنەی خۆی کاتێک خۆر بەتاقی ئاسمانەوەیە.

ڤلھێم فیگورێکی دۆنکیشۆتی مێژووی ئەو قەیسەرانەیە لەقەدەری قەیسەریەت بێزارن..ھاینریخ بۆل چەند جارێک لەیاداشتەکانیدا ئاماژەی بۆ ڤیلێمی دووەم کردووە ..

 

 

سەرچاوەکان

 

1.Theodor w. Adorno. Minma Moralia. Shurkamp1981.

2. Heinrich Boell. Über mich selbst 1959-

 http://www.heinrich-boell.de/HeinrichBoellUebermich.htm

3. Theodor w. Adorno. Minma Moralia. Shurkamp1985,

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین