سایکۆلۆژییەتی هاندان، هاندەر وەک مەخلوقێکی هەستەکی

بڵند فاتیح – بەشی وەرزش

Football Fans
325

تیشێرتە نوێکەی یانەکەت لەبەردەکەیت و بە دەم پیاسەوە دەچیتە کافێکەی تەنیشت ماڵتان. لەوێ بڕیارە لەگەڵ هاوڕێکانتدا کۆببنەوە بۆ تەماشاکردنی یاری یانەکەت. لێدانی دڵت هەندێک سەر دەکات و  نێو لەپی دەستت گەرم دەبێت، وەکوو هاندرێکی بە ئەزموون دەزانیت ئەمانە تەنها نیشانە سەرەتاییەکانی پەتایەکە کە هەموو وەرزێک لەم بۆنە و سەروەختەدا تووشت دەبێت. پەتای یارییەکی قورس و چارەنووسسازە کە دەکرێت تیپەکەت بە نمایشێکی جوان و چەند گۆڵێک ڕکابەرە مێژووییەکەی کە تاسەر ئێسقان بە هۆکارێکی نادیار ڕقت لێیەتی تووشی دۆڕانێکی ئابڕوومەندانە بکات،  یان لەوە ئەچێت ئەو یانەیەی لە منداڵییەوە بێ هیچ هۆکارێکی لۆژیکی شێتی ڕەنگی تیشێرت و سەوزایی یاریگاکەی بوویت، باری لار ببێت و شکستێکی لەبیرنەکراوی تووش ببێت. تۆ لەوە گەڕێ بەڵام لە دۆخ و ڕووداوێکیتردا بوایە، تۆ هەرگیز ئامادە نەبووی پارە و کاتی خۆت ببەخشیت بە بۆنەیەک کە  ١٠٠%  دڵنیا نەبیت لەوەی تا ئەوپەڕی دڵخۆشت دەکات. لێ هەنووکە تەنانەت هەڵبژاردنی ئەو قاوەخانەیەی کە تەماشای یارییەکەی تێدا دەکەیت، لەسەر بنەمای پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری هەڵتبژاردووە، بێباک لەوەی ئەگەری زۆرە یانەکەت تووشی ئەزموون و هەستێکی وەها نەخوازراوت بکات کە تاهەتایە وەکوو یادەورییەکی تاڵ لە هۆشتدا بمێنێتەوە و شوێنەکەش بەجۆرێک ببێتە مایەی بیرخەرەوەی ئازار بۆت. بەڵێ هیچ لەمانە ناکەونە نێو لێکدانەوە ماددیییەکانتەوە. بۆ چەند چرکەیەک ئەمەت پێ سەیرە بەڵام دووبارە لێدانی دڵت قەفەسەی سنگت دێنێتە ئێش، بۆ ئەوەی جوانی ڕێکردن نەشێوێ و سەرنجی دەورووبەرت ڕانەکێشیت، ناتەوێت دەستبگریت بە دڵتەوە و بەدەم ڕێکردنەوە پشوو بدەیت.

Football Fans

دەگەیتە کافێکە و یارییەکە دەست پێدەکات. یاریزانانی تیپەکەت بە نمایشی سەرنج ڕاکێش و جوڵەی دڵگیر مەستت دەکەن. هێدی هێدی  خۆت لە ڕێسا و نەریتەکانی مامەڵەکردنە کۆمەڵایەتییە باوەکان دادەماڵیت و هەڵدەستیتە سەرپێ،  بە دەنگی بەرز هاوارد دەکەیت، جاروباریش چەپڵە و وردە ماچ بەرەو ڕووی شاشەی تەلەفزیۆنەکە هەڵدەدەیت.  بە کۆمەڵێک ڕەفتار هەڵدەستیت کە لە هیچ جێگە و دۆخێکی دیکەی کۆمەڵایەتیدا ئەنجامی نادەیت، چوونکە  بەحسابی خۆت ڕەفتارگەلی لەو شێوەیە زۆر ناشارستانییە و لەگەڵ سروشتی ئاکارژیری مرۆڤدا یەکناگرێتەوە. لەگەڵ کەش و هەوای یارییەکەدا ڕۆدەچیت، لەگەڵ هاوڕێکانتدا دەکەویتە مشتوومڕ. لەو نێوەندەدا کۆمەڵێک  ئەرگومێنتی لۆژیکیانەی هەڵقوڵاو لە  کۆمەڵێک هەست و نەستی نالۆژیکی بەکاردەهێنیت بۆ شیکردنەوەی ئەو شاکارەی کە یانەکەت پێشکەشی دەکات. لە قسەکانتدا وادیارە جێناوی کەسی یەکەمی کۆ بەشێوەیەکی بەرچاو بەکاردەهێنیت بۆ پاڵپشتیکردنی تیپەکەت، هاوار دەکەیت و دەلێیت “ئێمە زۆر باش یاری دەکەین چوونکە ئەم وەرزە کۆمەڵێک یاریزانی باشمان هێناوە”  یاخود ”بەڕاستی کاپتنەکەی ئێمە لە چاودێریکردنی هێرشبەرە نەفرەتییەکەیاندا ژیر و دانایە” یاخود “فڵانە یاریزان هاتووەتە لای ئێمە بۆیە ئاستی بەو شێوەیە پێشکەوتووە”

 

گێمی یەکەم تەواو دەبێت و لە نێوان گێمەکاندا شەربەتێکی کاڵەک دەخۆیتەوە و لەبەردەم خۆتەوە دەڵێیت “بەڕاستی نەمدەزانی کاڵەک هێندە خۆشە.” تەماشای شێوەی هاوڕێی منداڵیت دەکەیت، وەک ئەوەی پێشتر نەتبینیبێت، پێتوایە شتێکی سەرنج ڕاکێشە کە بەو شێوەیە لوت درێژ و دەم بچووکە. گێمی دووەم دەست پێدەکاتەوە و یانەکەت خێرا تۆپ لەدەست دەدات و یاریزانەکانتان لەنێو پانتایی چیمەنە سەوزەکە و ژاوەژاوی هاندەراندا ون دەبن. وا دوژمنە سەرسەختەکەتان جڵەوی چیرۆکی یارییەکە دەگرێتە دەست و گۆڵ لەدوای گۆڵ تیپەکەت سەرگەردان دەکات و لەگەڵیدا ناخی تۆش. هەستدەکەیت جێگەی دانشیتنەکەت تەنگە و تامی کاڵەکەکە تاڵە لە دەمتدا، خێرا ئارەقە دەکەیت و توڕە دەبیت، بە دەنگی بەرز جنیۆ دەدەیت و بەدەست ئاماژە بۆ تەلەفزیۆنەکە دەکەیت وەکوو ئەوەی هات و هاواری تۆ شتێک لە ئەنجامی یارییەکە بگۆڕێت. لە خەزێنەی هەستی نالۆژیکیتدا بەدوای لێکدانەوەی لۆژیکیدا دەگەڕێیت بۆ ڕووداوەکان. زمانی قسەکردنت دەگۆڕێت و لەبری جێناوی یەکەمی کۆ، جێناوی سێیەمی تاک و کۆ بەکاردەهێنیت “ئەوانە گەمژەن، یاریزان نین”  “ئەوە هیچ لە ڕاهێنەرایەتی نازانێت” “من کەسێکی نەفامم کە دڵم بەوانە خۆش دەکەم”  لەپڕ داوەر فیکەی کۆتایی لێدەدات و یەکێک لە ناخۆشترین ساتەکانی ژیانت تۆماردەبێت، بەڵام هەفتەی داهاتوو، مانگی داهاتوو، وەرزی داهاتوو تۆ لەهەمان جێگە ئامادە دەبیت بۆ بینینەوەی هەمان ڕووبەڕووبوونەوە کە ئەگەری زۆرە بەهەمان ئەنجام تەواو ببێت.

 

لە ڕووی سایکۆلۆژییەوە، وەرزش بەگشتی پێناسەیەکی بەرفراوانتر لە ناوەکەی خۆی هەڵدەگرێت، تۆپی پێش وێنەیەکی گەورەتری دیاردە کۆمەڵایەتییەکانە و تیپەکەتیش درێژکراوەی خودی کەسی خۆتە. ئەمە وادەکات کەسێکی بێلایەنی وەرزشی کە هەرگیز لەبەر لەدەستدانی هەلێکی گۆڵکردن لەلایەن یاریزانێکەوە شاشەی مۆبایل یان تەلەفزیونێکی نەشکاندووە یاخود تەنانەت خوانەکردە جنێوێکی ناشرینیشی نەداوە، پرسیارێکی ساکار بکات لەبارەی ئەوەوە کە بۆچی هاندەرانی تۆپی پێ لە دوای بردنەوە یان دۆڕاندنی یارییەک بەو شێوەیە هاوار دەکەن و دەیکەنە ژاوەژاو؟

 بەگوێرەی لێکۆلینەوە سایکۆلۆژییەکان هەموو ڕەفتار و گوفتارێکی هاندەر بەرهەمی توڕەبوون، دڵخۆشبوون، هەڵچوون و داچوونە. بەمانایەکیتر پاڵنەری هەستەکی ڕێنوێنی ڕەفتار و گوفتاری هاندەر دەکات لەکاتی تەماشاکردنی یارییەکاندا. (د.ئیدوارد هیرت)  پرۆفیسۆر لە زانکۆی ئیندیانە لەم بارەیەوە دەلێت: ئەم هۆکارە هەستەکیانە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە ناسنامەی هاندەرەوە هەیە لەژیانی تایبەتی خۆیدا. بە گوێرەی بۆچوونی د.هیرت  ”پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەنێوان ناسنامەی تیپەکان و ناسنامەی هاندەراندا هەیە، بەشێوەیەک هاندەران هەوڵدەدەن ناسنامەی تیپەکەیان ببەستنەوە بە تایبەندمەندییەکانی خۆیانەوە لەڕووی چینایەتی، ڕەگەز، ناسنامەی نەتەوایەتی و تەنانەت بنەچەییشەوە.” لەژێر ڕۆشنایی لێکدانەوەکەی د.هیرتدا دەتوانین تێگەیشتنێک گەڵاڵە بکەین لەبارەی ئەوەوەوە کە بۆچی تاکوو ئێستایش هاندەرانی ئەی سی میلان بەگاڵتەجارییەوە باسی بێگانەیی یانەی ئینتەرمیلان دەکەن و خۆیان بە یانەیەکی ئیتاڵی ڕەسەن ئەژماردەکەن. چوون دەسکەوتی زۆری ئینتەرمیلانۆ لەگەڵ یاریزان و ڕاهێنەری بیانیدا بووە و دەسکەوتەکانی ئەی سی میلان بە سەرکردایەتی کۆمەڵێک وەرزشوانی بە ڕەچەڵەک ئیتاڵی هاتووەتە بەرهەم. هەر لە هەمان چوارچێوەدا دەبینین کێبڕکێی نێوان هاندەرانی مانچستەریۆنایتد و لیڤەرپوول جۆرێکە لە ڕکابەرایەتی ئابووری، بەو پێیەی لە پێش  ساڵی ١٨٩٤ شاری لیڤەرپوول بەندەرێکی گەورەی کەشتیوانی بووە کە زۆرێک لە کەشتییە بازرگانییەکان لە کەناری ئەو شارەدا لەنگەریان گرتووە بۆ خاڵیکردنەوەی بارەکانیان، هەربۆیە ئاستی ئابووری شارەکە لە پلەیەکی باڵادا بوو، بەڵام دوای ساڵی ١٨٩٤ کەناڵی کەشتیوانی شاری مانچستەر دەکرێتەوە و ئەمەش زەرەرێکی گەورەی ئابووری لە شاری لیڤەرپوول دەدات و ئیدی ئەو کەناڵەی دی کەشتییە بازرگانییەکانی جیهان بەرەو خۆی ڕادەکێشێت و شاری لیڤەرپوول لەڕووی ستراتیجیەوە ئەو گرنگییەی نامێنێت. هەربۆیە لەو مێژووەوە ڕکابەری ئابووری نێوان هەردوو شارەکە، دەچێتە نێو یاریگای تۆپی پێوە و هاندەرانی هەردوو یانە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیان دەبەستنەوە بە یارییەکەوە و لەوێوە شەڕی نێوان شەیتانە سوورەکان و پیاوانی ئەنفێلد دەست پێدەکات.

 

لەلایەکیترەوە پێکەوەلکانی ناسنامەی کەسی بە ناسنامەی هاندانەوە ڕەهەندێکی دیکەی هەیە. لەم پەیوەندییەدا هاندەران سەرکەوتنی تیپەکانیان دەبەستنەوە بە تایبەندمەندییە کەسی و توانا کۆمەڵایەتی و پیشەییەکانیانەوە. لەم چوارچێوەدا ساڵی ١٩٩١ لە ڕۆژنامەی(The Journal of Personality and Social Psychology) هیرت و هاوڕێکانی ڵێکۆڵینەوەیەکیان بڵاوکردەوە لەبارەی پەیوەندی نێوان وەفاداری بۆ  یانەیەک لەگەڵ باوەڕبەخۆبوونی هاندەر بە توانا تاکییەکانی خۆی. لە لێکۆڵینەوەکەدا کۆمەڵێک هاندەری وەفاداری تیپێکیان هێنایە تاقیگە و یارییەکی یانەکەیان پیشاندان  کە تێیدا براوە بوون یان دۆڕاو بوون. پاشان کۆمەڵێک پرسیاریان پێشکەشکردن لەبارەی توانا تاکییەکانی خۆیان. بۆنموونە بۆچوونیان لەبارەی بەهرەی ئەقڵی، جەستەیی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان. ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە بەشێوەیەک بوو کە ئەوانەی تەماشای بردنەوەی تیپەکەیان کردبوو بۆچوونێکی پۆزەتیڤیان هەبوو لەبارەی توانا تاکتییکەکانی خۆیان، لەبەرامبەردا ئەوانەی تەماشای دۆڕانی تیپەکەیان کردبوو، بۆچوونێکی خراپیان هەبوو لەسەر توانا تاکتییەکانی خۆیان. لێرەدا وتەیەکی (گواردیۆلا) دێتەوە یادمان کاتێک دەلێت: خۆشترین کات بۆ من ئەو کاتەیە کە لە کۆتای یاری هەفتەکەدا دەچمە سەر شەقامەکان و هاندەری وەفادار دەبینم پێم دەڵێن ”سوپاس بۆ تۆ چوونکە بەهۆی بردنەوەکەمانەوە، ئەم هەفتەیە کاتێکی خۆش بەسەردەبەم لەسەر کارەکەم. ”

 

لەگەڵ ئەوەشدا وەفاداری هاندەر بۆ تیپەکەی هەمیشە لە پەیوەندییەکی ئەرێنیدا نییە، بەڵکوو هاندەر هەرچەندە  ناسنامەی خۆی بە تیپەکەیەوە دەبەستێتەوە بەڵام لەهەمان کاتدا بێبەریبوونی خۆی و ڕەتکردنەوەی ناسنامەی تیپەکەی بەیان دەکات لەکاتی دۆڕان و شکشت هێنان لە یاری و پاڵەوانێتییە چارەنووس؟سازەکاندا. دەرووناسی کۆمەڵایەتی تێبینی دوو شێوەی کاردانەوەی لە هاندەران کردووە لەکاتی بردنەوە و دۆڕاندا. یەکەم کاردانەوە بریتییە لە (خۆبەستنەوە بە شکۆمەندییەوە) واتا هاندەر خۆی دەبەستێتەوە بە سەرکەوتنەکانی تیپەکەیەوە و دەستکەوتەکانی بە دەستکەوتی تاکی خۆی دادەنێت، لەهەمان کاتدا بە جێناوی یەکەمی کۆ(ئێمە) گوزارشت لە تیپەکەی دەکات بۆ دووپاتکردنەوەی هاوبەشی بوونی لە دەستکەوتی بەدەست هاتوودا. دووهەمیان بریتییە لە (خۆداماڵین لە شکست) واتا هاندەر لەکاتی دۆڕاندن و شکشتی یانەکەیدا خۆی دادەبڕێت لە تیپەکەی و بە جێناوی سێیەمی کۆ (ئەوان) ناوی تیپەکەی دێنێت و خۆی بێبەری دەکات لە ناسنامەی تیپەکە.

 

ئاشکرایە وەرزش کاریگەری ئەرێنی هەیە لەسەر دەروونی هاندەر لەڕووی هەستکردنی بە ڕەزامەندی لە ژیانی تایبەتی خۆیدا. بەمەش ئاستی هەستکردن بە بێگانەیی و غەریبی کەم دەکات و هەستی بەشداربوون و بوونی بە بەشێک لە شتێکی گەورەتر بەرزدەبێتەوە. ئەم هەستە وەکوو باسکرا لە ئەنجامی بەستنەوەی ناسنامەی تاکەوەیە بە ناسنامەی تیپەوە لەڕووی کۆمەڵایەتی، ئابووری، نەتەوایەتی و ڕەگەزەوە.

 

ئەم تایبەندمەندی و خاسیەتە تاکییانەی کە هاندەر لە خەیاڵی خۆیدا دەیبەستێتەوە بە ناسنامەی تیپەکەیەوە وادەکات لەگەڵ  کۆمەڵێک خەڵکی دیکەدا کۆیبکاتەوە کە هەمان خەیاڵ و لێکدانەوە بۆ ناسنامەی تیپەکە دەکەن. ئەم دابەشکرایە وادەکات چەندەها گرووپی جیاواز درووست ببێت لە نێو کۆمەڵگەدا کە ئەمەش یەکێکیترە لە دیاردە کۆمەڵایەتییە وەرزشییەکان. واتە هەرچەندە هاندەر پەیوەست دەبێت بە گروپێکی کۆمەڵایەتی تایبەتەوە بەڵام لەهەمان کاتدا جیا دەبێتەوە لە گروپێک یان چەند گرووپێکی کۆمەڵایەتی دیکە کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا وادەکات پرسیار دروستی ئەو دروشمە بکەین کە دەلێت ”وەرزش کۆمان دەکاتەوە”.

 

Football Fans

یەکێک لەو حاڵەتە باوانەی کە لە نێو یاریگادا دەبینرێت، ئەوەیە کە لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکاندا هاندەرانی هەردوو تیپ بەهەموو شێوەیەک پاڵپشتی و ستایش و سەرزەنشتی خۆیان دەپرژێنن بەسەر کاراکتەرەکانی نێو یاریگاکەدا، بەلام لە کۆتایی یارییەکەدا ئەگەر لەبارەی ڕەفتار و گوفتاری هاندەرانی تیپی ڕکابەرەوە، لە هەر هاندەرێکی نێو یاریگا بپرسی ئەوا بێگومان پێی وایە هاندەرانی تیپەکەی خۆی زۆر شارستانیتر بوون و نموونەیەکی جوانیان پێشکەشکردووە، لەبەرامبەردا پێیانوایە هاندەرانی تیپی ڕکابەر ڕەفتاری وەحشیگەرانە و نامرۆڤانەیان ئەنجام داوە. ‌‌‌(سوزان وێتبۆرن) پرۆفیسۆری دەرووناسی لە زانکۆی ماسچیوست، دەڵێت ئاشکرایە ئەم دابەشکارییە وادەکات جۆرێک لە دابڕان و جیاکاری لە نێوان کۆمەڵگە و گرووپەکاندا دروست ببێت کە  لە غیابی دەسەلاتە بەڕێوەبەرەکان و نەبوونی کولتوری یەکترقبوڵکردن لەنێو کۆمەڵگادا، ببنە هۆی لێکەوتنەوەی چەندین ڕووداوی توندتوتیژی نەخوازراو.

 

لە کۆتاییدا لێکۆڵینەوە سایکۆلۆژیی و کۆمەڵایەتییەکان دەریدەخەن کە فاکتەری سەرەکی پشتەوەی کاردانەوە و ڕەفتاری هاندەران لایەنی هەستەکییە. ئەم لایەنەی کە زۆرجار ناکەوێتە ژێر ڕێسا لۆژیکی و ئەقڵییەکانەوو و وادەکات هاندەر کۆمەڵێک ڕەفتاری نامۆ لەمیانەی بەڕێوەچوونی یارییەکاندا ئەنجام بدات کە تەنانەت لەگەڵ کەسایەتی ئاسایی خۆی یەکناگرێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەندییەکی قووڵ لە نێوان کەسایەتی هاندەر و کەسایەتی تاکی هەر مرۆڤێکدا هەیە کە خولیای وەرزشی هەبێت، هەربۆیە زۆرجار ئەنجام و ئەدای تیپەکان کاریگەری گەورەیان لەسەر ڕەفتار و گوفتاری هاندەران هەیە لە دەرەوەی سنووری یاریگاکاندا. ئەمە وادەکات پێداچوونە و شیکردنەوەی زیاتر لەبارەی چۆنێتی ئەم پەیوەندیانەوە پێویست بێت، تاکوو تێگەیشتنێکی ڕوونتر لەبارەی سروشتی هاندەر و پاڵنەرەکانی هاندان دروست ببێت.

 

سەرچاوە

Psychologytoday: The Psychology of Sports Fans. Are you a fair weather fan? – Susan Krauss Whitbourne Ph.D
Frontiersin: Football Fans’ Emotions: Uncertainty Against Brand Perception – Elena Shakina, Thadeu Gasparetto and Angel Barajas
Psychologicalscience: Sports Complex: The Science Behind Fanatic Behavior – Shirley Wang

 

ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.

 

هاوپۆلی بابه‌ت
error: Content is protected !!