ڤایرۆسە ئابووریيەکانی پێش کۆرۆنا لە ئێستادا

بڵند فاتیح – بەشی وەرزش – کولتور مەگەزین

The football players
360

زۆر باسی ئەوە دەکرێت کۆرنا کاریگەری لەسەر سیاسەتی ئابووری بازاڕی گواستنەوەی یانەکان هەبووە. ڕەنگە تاڕادەیەک ئەم لێکدانەوەیە ڕاست بێت، بەڵام بەشێکیتری هۆکارەکانی سستی و دەستگرتنەوەی یانەکان لە بازاڕی گواستنەوە، بۆ سەردەمی کۆرنا ناگەڕێتەوە، بەڵکوو ڕیشەکانی زۆر قوڵترن و بۆ چەندین ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.

 

یەکێک لە هۆکارە دیارەکان دەکرێت بڵێین بۆ ئەو هەڵئاوسانە دەگەڕێتەوە کە لە ئابووری زۆرێک لە یانەکان درروست بوو، لە ئەنجامی خەرجکردنی پارەیەکی زۆر لەسەر کڕین و پێدانی موچەی بەرز بە یاریزانەکان لە ساڵانی پێش کۆڕنادا. هەڵبەتە یاساکانی وێفا بۆ (یاری دارایی خاوێن-FFP) کاریگەری خۆی هەبوو لەسەر قوڵتر کردنەوەی ئەم کێشەیە. بەو پێیەی هاوسەنگکردنی خەرجی و فرۆشتن بۆ کۆمەڵێک یانە کە لە ژێر باری کۆمەڵێک قەرزی گەورەدان وایکرد جوڵەیان لە بازاڕی گواستنەوە سنوردارتر بێت.

 

Top 10 biggest spending clubs

کێشە ستراتیجییە ئابوورییەکانی ئەم یانانە لەوێدا قوڵ دەبێتەوە کە یاریزانەکان لە ئێستا زیاتر لە هەموو شتێک لە یارییە بازرگانییەکە تێگەیشتوون. بەجۆرێک هەموو یاریزانێک جیاواز لە یاریزانانی سەردەمانی پێشوو، نرخ و بەهای خۆی لە بازاڕی گواستنەوەدا دەزانێت، بێگومان ئەمەش بە یارمەتی بەڕێوەبەری کارەکانیان کە لەسەردەمی نوێدا پسپۆرییەکی گرنگی دونیای وەرزشییە. ئەم بەڕێوەبەرانە بەهۆی پسپۆڕی و لێزانیان لە وردەکارییە ئابوورییەکانی دونیای تۆپی پێ، هاوکات هەبوونی تۆڕێکی سکاوتینی گەورە لە ژێر دەستیان کە وایکردووە ئاگاداری نرخ و ئاست و جۆری یاریزانان بن لەسەرانسەری جیهاندا، وایان لێدەکات یاریزانێکی گرنگی بواری کڕینی و فرۆشتن بن.

 

بگەڕێینەوە سەر درککردنی یاریزانان بە بەها ئابوورییەکانی خۆیان، دەتوانین بلێین ئەم هۆشیارییەی یاریزانانی سەردەمی نوێ وایکردووە باشتر لە یاری بازرگانی نێو دونیای پرۆفێشناڵی تۆپی پێ تێبگەن. تێگەیشتنیان لە بەهای خۆیان و چۆنێتی قازانجکردنی یانەکان لە ئاست و ئەدایان لە ناو یاریگادا لەڕووی ئابوورییەوە، وایکردووە زۆرێک لە یاریزانەکان بە بەردەوامی دوو مەرجی سەرەکیان هەبێت لە گفتووگۆکانی گواستنەوەیاندا. یەکەم مووچەیەکی بەرز، دووهەم گرێبەستێکی ماوە درێژ.

 

خاڵێکیتر کە کاریگەری هەیە لەسەر ئەم یارییە بازرگانیانە پەیوەندی بە سیستەمی بازرگانی جیهانییەوە هەیە لەسەردەمی نیولیبراڵیزمدا کە جەخت لەسەر بازاڕی ئازاد و کێبڕکێی ئابووری کراوە دەکات بێ دەستێوەردانی حکومەتەکان لە بازاڕەکەدا، بەپێچەوانەشەوە ئەرکی حکومەتەکانە بە بەردەوامی بازاڕی نوێ بۆ بازرگانان بکاتەوە. کاریگەری ئەم سیستەمە لە دونیای تۆپی پێدا لەوێوە دەردەکەوێت کە بەرزبوون و دابەزینی نرخی یاریزان هیچ بنەمایەکی کۆنکرێتی و جێگری نییە، بەڵکوو هەر وەکوو بازاڕەکانی دیکە نرخ و بەهاکان بە بەردەوامی لە یاریکردن و گۆڕانکاریدان. هاوکات هۆکارەکانی پشتەوەی ئەم بەرزبوون و دابەزینە لە ڕواڵەتدا سێ نیشانەی سەرەکییان هەیە لە دنیای تۆپی پێدا بریتین لە: ئاستی هەنووکەیی یاریزانەکە، ئاستی هەنووکەیی یانەکە و ئاستی هەنووکەیی بازاڕی فرۆشتن و کڕین کە پەیوەندی ڕاستەخۆی بە دۆخی ئابووری جیهانەوە هەیە لە دەرەوەی دنیای وەرزش.

 

ئەگەر تەماشا بکەین دەبینین ئەم نیشانانە یەک شت کۆیان دەکاتەوە، ئەویش هەنووکەیی بوونیانە. واتا ئاستی کاتییان چییە و چۆنە. واتا ئەگەر ئاستی یاریزان، یانەکە و بازاڕی گواستنەوە لە ئێستادا بەرز بێت، نرخی یاریزانەکەش بەرز دەبێت و دابەزین یان داکەوتنی هەریەک لەم نیشانانە کاریگەری ڕاستەوخۆ و دراماتیکی دەبێت لەسەر نرخی یاریزانەکە. لەبەرئەوەی بازاڕی کڕین و فرۆشتن ئازادە و یانەکان بە زەبری پارە دەتوانن هەر یاریزانێک لە هەر کاتێکدا بیانەوێت بیکڕن، یانەکان ناچاردەبن لەترسی لەدەستدانی بەهای ئابووری یاریزانەکانیان لە چرکە ساتی ئاست بەرزیان، خۆیان پەیوەست بکەن بە نرخی شکاندنی گرێبەستی زۆر بەرزەوە. لێرەوە تێدەگەین بۆچی لە میدیاکاندا نرخی شکاندنی گرێبەستی ٧٠٠ ملیۆنی و ١ ملیاریمان گوێ لێدەبێت.

 

ئەمە وایکردووە یانەکان بێ وەرگرتنی هیچ گەرەنتییەکی هونەری ماوە درێژ خۆیان پەیوەستی کۆمەڵێک گرێبەستی مەودا درێژی گرانبەها بکەن کە سەرکەوتن و دۆڕانی وەبەرهێنانە ئابوورییەکەیان پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ئەو زەمانەتە هونەری و جەستەیییەوە هەیە کە یاریزانەک دەیبەخشێت. ئەمەش خۆی لە خۆیدا جۆرە زەمانەتێکی زۆر لاواز و بێ بناغەیە، هەرگیز ناکرێت بەو پێیە ئاستی هونەری و جەستەیی یاریزانان بۆ ماوەیەکی مەودا درێژ گەرەنتی بکرێت. کەواتە پێدانی مووچەی بەرز، گرێبەستی ماوە درێژ و نرخی شکاندنی گرێبەستی ماوە درێژی بەرز وادەکات یانەکان وابەستە و پێوەندی یاریزانەکان ببن، بەجۆرێک سەردەمی نوێی تۆپی پێ ئەگەر سیمایەکی دیاریکراوی هەبێت ئەوا سیماکەی ئەوەیە یاریزانەکان خاوەن یانەکان دەبن، نەک بە پێچەوانەوە.

 

لە کۆتایدا دەتوانین بلێین هۆکاری سستی بازاڕی گواستنەوە و ترسی یانەکان لە جوڵانەوە تێیدا، تەنها بۆ هۆکاری گرفتە ئابوورییەکانی سەردەمی کۆڕۆنا ناگەڕێتەوە، بەڵکوو کێشە و گرفتەکان قوڵترن و ڕیشەیان زۆر کۆنترە. بەجۆرێک هەریەک لە سیاسەتی چەند سالەی یانەکان لە بەرزکردنەوە نرخی یاریزان و هۆشیاری یاریزانەکان بە بەهای ئابووری خۆیان و سیستەمی ئابووری نیولیبرالیزم و بازاڕی ئازاد هۆکاریی بنەڕەتین بۆ ئەو دۆخە ئابوورییە ناهەموارەی هەنووکە زۆربەی یانەکان بەدەستییەوە دەناڵێن.

 

ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.

 

You might also like More from author

error: Content is protected !!