ڕەهەندەکانی ماڕادۆنایزم

بڵند فاتیح – بەشی وەرزش

دێگۆ ماڕادۆنا
1,203

وڵاتێکی بێ نەتەوە، نەتەوەیەکی بێ ناسنامە  

ماڕادۆنای لاو و خەونی جامی جیهانی

لە ٩ی٦ی١٨١٦ ئەرژەنتین سەربەخۆی خۆی ڕاگەیاند پاش شەڕێکی شەش ساڵەی خوێناوی لە دژی دەسەڵاتی پاشایی ئیسپانیا. لە نێو ئاڵاکەیاندا وێنەی خۆرێکیان نەخشاند وەکوو سیمبولێک بۆ ئەو شۆڕشەی کە لە مانگی مایۆدا بەرپایانکرد، بەڵام هەڵهاتنی خۆری وڵاتەکە هێشتا زۆری مابوو، چونکە  سەربەخۆییەکی ئابووری و کلتووریان وەرنەگەرتبوو، بەو پێیەی تاکوو کۆتایی جەنگی جیهانی یەکەم و پاش سەدەیەک لە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی، بەشێکی گەورەی نەتەوەکە لە بنەڕەتدا خۆیان یان باوانیان لە وڵاتەکە لە دایک نەبووبوون، بەڵکە ٨٠% دانیشتووانەکەی خەڵکی کۆچکردووی وڵاتانی ئەوروپا و ناوچەکانی دیکە بوون. بەمانایەکیتر بۆشاییەکی کولتوری گەورە لە وڵاتەکەدا ئامادەگی هەبوو. هەربۆیە کاتێک یەکەم جامی جیهانی ساڵی ١٩٣٠ لە ئۆرگوای دەستیپێکرد، ئەوەی هەموو ئەرژەنتیینەکانی کۆدەکردەوە، هەڵبژاردەی نیشتیمانی بوو. لە مۆندیالی١٩٣٠ گرنگ نەبوو باوباپیرانت لە ئیسپانیاوە یان لە ئیتاڵیاوە هاتوون، گرنگ ئەوە بوو هەمووان پاڵپشتی ئەو تیپە بکەن کە بەرگی شین و سپیان پۆشیوە.  

 

بەم شێوەیە تۆپی پێ دەبێتە هەوێنی نەتەوەیەک کە لە بنەڕەتدا لە ئەنجامی پەڕاگەندەیی و کۆچکردن و جەنگی چەند ساڵەی نێوان زلهێزەکانی ئەوروپا پەیدابووە. لێرەوە گەلێک بەدرێژایی چەندین ساڵ هەمیشە بەدووی ڕزگارکەر و سەرکردەیەکدا دەگەڕێت کە هەمووان لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە. ئەم گەڕانە هەمیشە بە نسکۆی گەورە و بێئومێدبوونی جەماوەری کۆتایی پێدەهات، بەشێوەیەک کە ساڵانی ١٩٣٠ تا ١٩٧٥ بە زنجیرەیەک لە گۆڕانکاری سیاسی گەورە و داڕمانی ئابووری قوڵ و لەنێویشیاندا چەند کودەتایەک کە بەسەر سیستەمی حوکومڕانی و شەڕی دەسەڵاتی نێوان سەرکردە سەربازییەکان کۆتایی هات. ئەمە وایکرد کودەتاکەی ساڵی ١٩٧٥ لەلایەن ئەنجومەنی سەربازییەوە کۆتایی بە خەونی ئەرژەنتینییەکان بهێنێت لەڕووی دروستکردنی وڵاتێکی دیموکرات و ئازادیخواز. ئەنجامدانی مۆندیالی ١٩٧٨ لە ئەرژەنتین ڕەهەندێکی تەواو سیاسی و کولتوری هەبوو. چوونکە لەلایەکەوە بۆ گەلی ئەرژەنتین پاش ئەو هەموو شکست و نسکۆیە لە دروستکردنی تەباییەکی نەتەوایەتی لە نێوان بەرە جیاوازەکاندا، جۆرێک بوو لە دوایین هەل بۆ کۆکردنەوەی نەتەوەیەکی دابڕاو و لێکترازاو، لە لایەکیتریشەوە دەرفەتێک بوو تا لایەنە ئۆپۆسزیۆنەکانی ناوخۆ پەیامی نهێنی خۆیان بە جیهان بگەیەنن. هاوکات هەلێکی گەورە بوو بۆ ڕژێمی دەسەڵاتداری وڵاتەکە لە جوانکردنی وێنەی خۆی بەرامبەر دنیای دەرەوە. 

 

 

مۆندیالێکی سیاسی، (مێنۆتی) پاڵەوانی حیکایەتەکە 

سیزار مینوتی ڕاهێنەری ئەرژەنتین

ژیانی ماڕادۆنا هاوشێوەی تابلۆ بەناوبانگەکەی (پیتر پروخێل – نێزەرلاندیش پروڤێربس) پڕە لە حیکایەتی دژیەک. ئەو پەنهانترین ڕازی نێو دونیای تۆپی پێیە و مەتەڵێکی هەڵنەهێنراوە بۆ زۆرێک. پیبی دی ئۆرۆ هەر لە منداڵییەوە، تەنانەت پێش ئەوەی بتوانێت بە ڕێکی قەیتانی پێڵاوەکانی ببەستێت، بە هونەری نێو پێیەکانی، هاندەر ئالوودەی ئەفسوونی خۆی دەکات و لە تەواوی وڵاتدا دەبێتە قسە و باسی ڕۆژنامەکان. هەربۆیە سەروەختی مۆندیالی ١٩٧٨، دێگۆ وەکوو پەتایەکی وەرزی تووشی ئەرژەنتینییەکان دێت و دەبێتە وێردی سەر زاری هەموویان، بەڵام (سیزار مێنۆتی) ڕاهێنەر بانگهێشتی یاریزانەکە ناکات و دووری دەخاتەوە لە پێکهاتەی تیپەکەی.

 

هۆکاری بانگهێشتنەکردنی بە ڕووکەش بەهۆی تەمەنی بچووکی یاریزانەکەوە بوو، وەکتر بۆ سیزار مێنوتی کە لیبڕاڵێکی ئازادیخواز بوو، مۆندیالەکە سەکۆی ئەو شانۆیە بوو کە لە ڕێگایەوە دەیتوانی پەیامەکانی خۆی لە دژی سیستەمی دیکتاتۆری خونتا بڵاوبکاتەوە. ئەمەوایکرد بەهیچ شێوەیەک نەیەوێت بە بانگهێشتکردنی ماڕادۆنا چاوی میدیا و هاندەران لەسەر پەیامەکەی لابچێت و ئامانجە سیاسییەکەی بکەوێتە ژێر سێبەرەوە، کە بە ستایلە بوهیمییەکەی،  بە پرچی درێژ و پانتۆڵی جینزی پانوپۆڕەوە گوزارشتی لێدەکرد. مینۆتی کە هەمیشە دەیگووت: “ئاساییە یاری بدۆڕێنیت، ئەوەی ئاسایی نییە بیدۆڕێنیت، کەرامەتە.” توانی نازناوی پاڵەوانێتییەکە بۆ ئەرژەنتین بەدەست بهێنێت و وەکوو دوایین ئاکتی سیاسی خۆی لە یاری کۆتاییدا، بەرامبەر هۆڵەندا، کاتێک پێش یارییەکە داوا لە مێنۆتی و یاریزانەکانی کرا لەکاتی خوێندنەوەی سروودی نیشتمانی سڵاو لە جێنڕاڵ ڤێدیلا سەرۆکی ئەنجوومەنی سەربازی ئەرژەنتین بکەن، مێنۆتی و پیاوەکانی ڕوویانکردە جەماوەر و سڵاویان لە هاندەرانی ئەرژەنتین کرد. دواتریش لەکاتی وەرگرتنی مەدالیاکاندا زۆرێک لە یاریزانەکان ڕەتیانکردەوە تەوقە لەگەڵ سەرکردە سەربازییەکانی ئەرژەنتین بکەن کە ئامادەی یارییەکە بوون. ئەمانە کۆمەڵێک ئاکتی بچووک بوون، وەلێ کاریگەری گەورەیان لەسەر مۆراڵ و هەستی نەتەواویەتی گەلی ئەرژەنتین هەبوو.

 

پیبی دی ئۆرۆ و سەرابی سەرکەوتن  

مۆندیالی ١٩٨٢ لە کاتێکی دژواردا لە دەرگای ئەرژەنتینییەکانیدا. ژەنەڕاڵ (لیۆپۆلدۆ گالدێری) یەکێک لە ئەندامانی ڕژێمی دیکتاتۆری ئەرژەنتین و سەرۆکی ئەرژەنتین لە نێوان ساڵانی ١٩٨١-٨٢، وڵاتی تووشی قەیرانێکی ئابووری گەورە کردبوو بەهۆی هەڵگیرساندنی جەنگی فاڵکلاندس دژی بەریتانیا، بۆ گرتنەوەی ناوچەی لاس مالڤیناس لە دورگەی فالکلاند. ئەو وەخت گاڵدێری بە پشت بەستن بە بڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵە و چەواشەکردن، مژدەی سەرکەوتن و دەرکردنی بەریتانییەکانی بە گەلەکەی بەخشی. ئەمە وایکرد لە ناوخۆدا پشتگیرییەکی گەورە بکرێت و هەستی نەتەوایەتی هاوڵاتیان بگاتە لوتکە. هەربۆیە کۆدەنگیەکی جەماوەری و سیاسی دروست بوو لەسەر ئەوەی (دێگۆ ئەرماندۆ ماڕادۆنا) بە سەرکردەی وەرزشی و نوێنەری گەلی ئەرژەنتین ئەژمار بکرێ لە دەرەوی وڵات، لەکاتی پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکاندا. بەمانەیەکیتر ئەرکی بەرزکردنەوەی مۆراڵی کوڕوکاڵی وڵات و دابینیکردنی داهاتی ئابووری بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانی و یانەی بۆکاجۆنیۆرز دەکەوتە سەر شانی (پیبی دی ئۆرۆ). هەربۆیە لەگەڵ هاتنی مۆندیالی ١٩٨٢ی ئیسپانیا، بارودۆخی جەستەیی ماڕادۆنا لە خراپترین ئاست دابوو بەهۆی ئەنجامدانی کۆمەڵێک یاری زۆر و کەڵەکە بوونی پێکانی بچووکی هاوشێوەی کشان و بچرانی ماسۆلکەکان، بەڵام دۆخی هەڵبژاردەکە بە تەواوەتی تێکچوو چونکە لەگەڵ گەیشتنیان بە ئیسپانیا، هەڵبژاردەی نیشتمانی تووشی شڵەقانێکی دەروونی و مۆراڵی هات کاتێک ئەو ڕاستییەیان بۆ ڕوون بووەوە کە هەرچەندە ئەرژەنتین لە ڕووی سیاسییەوە سەرکەوتوو بووە و توانیوێتی دەسەڵات بەسەر ناوچەکەدا بگرێتەوە، بەڵام سوپای ئەرژەنتین تێکشکاوە و هەموو پەیمانەکانی ژەنەڕاڵ گالدێری لەبارەی سەرکەوتنێکی بێ زیانی ماددی و جەستەیی، چ نەبوون جگە لە درۆیەکی گەورە بۆ پاراستنی دەسەڵاتی ڕژێمە دیکتاتۆرییەکەی. ئەم هۆکارانە شانبەشانی هۆکارە هونەرییەکان وادەکەن تیپەکەی (سێزار مێنۆتی) بەخێرای لە قۆناغی کۆمەڵەکانەوە ماڵئاوایی لە خولەکە بکات. 

 

سیزار مینۆتی بە نیگایەکی تیژەوە تەماشای ژەنەڕاڵ ڤێدیلا دەکات

 

ماڕادۆنایزم و ڕەهەندەکانی  

لەدوای کارەساتی نیشتمانی لەسەر ئاستی سیاسی و ئابووری و وەرزشی، وەرچەرخانێکی گەورە بەسەر کاراکتەری ماڕادۆنادا دێت. ئەو بە بەهرەیەکی سروشتییەوە، لە بۆشاییەکی کولتوری و نەبوونی ناسنامەیەکی نەتەوایەتیدا، هەروەها لەگەڵ گۆڕانە تراژیدییە یەک لەدوایەکە سیاسییەکانی ناوخۆی ئەرژەنتین و وابەستەبوونی گەلی ئەرژەنتین بە تۆپی پێوە، وەک هیوایەک بۆ ڕزگاربوون و هەڵاتن لە هەموو شکست و نسکۆکانیان، ماڕادۆنا لە شێوەی مەسیحێکی چەپڕەوی دژە دەسەلاتی یاخی، وەک سەکردەی هەژاران دووبارە لەدایک دەبێتەوە. لێرەوە ئیدی ماڕادۆنا دەبێتە ئەکتێکی کۆمەڵایەتی و دونیابینییەکی سیاسی و ڕۆحی بۆ گەل و چینە ژێردەستەکان. لەڕێگای شێوەی ژیان و هەڵبژاردنەکانی لەسەر ئاستی وەرزشی، ماڕادۆنا خۆی وەکوو سەرکردەی هەژار و زوڵملێکراوان بەیان دەکات و چەندەها نەتەوە و کۆمەڵگە وەکوو نموونەی باڵای خۆیان تەماشای دەکەن. هەر لەدوای تەواوبوونی مۆندیالی ١٩٨٢، سەرەڕای هەموو گاڵتەجاڕی و سوکایەتیپێکردنێک لەلایەن ڕۆژنامە و میدیای ئیسپانییەوە، (پیبی دی ئۆرۆ) ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە یانەی بارسێڵۆناوە دەکات لە هەرێمی کەتەلۆنیا. پاش حەوت ساڵ لە مردنی ژەنەڕاڵ فرانکۆ سەرکردەی ڕژێمی دیکتاتۆری ئیسپانیا، (ماڕادۆنا) دەبێتە سیمبولی بەرەنگاربوونەوە و دژایەتیکردنی دەسەڵاتی ئیسپانیا بۆ گەلی کەتەلۆنیا. لەبەرامبەردا هەڵبژاردنی بارسێلۆنا بۆ ماڕادۆنا جۆرێک بوو لە دژایەتیکردنی سیستەمی دەسەڵات و ناردنی پەیامێک بۆ ئیسپانییەکان کە لەبەرەی گەلی کاتەلۆنیایە، نەک بۆ نازناو و دەسکەوت بەڵکوو بۆ سەرخستنی گەلێکی چەوساوە، کەتەلۆنیا لەبری مەدرید هەڵدەبژێرێت. لێرەوە وەرزش وەکوو ئەکتێکی سیاسی بەکاردەهێنرێت و جیهان بەگشتی و کوڕوکاڵی وەرزشوان بەتایبەتی لە یاری تۆپی پێدا جۆرە تێگەیشتنێکی دیکە پەیدادەکەن لەبارەی هێزی تۆپی پێ و دوای خۆی نموونەی یاریزانی تری وەک: ئێریک کانتۆنا، پۆڵ گاسگوین، خۆرخێ ڤاڵدانۆ و چەندانیتر پەیدادەبن کە تۆپی پێ وەک ئەکتێکی سیاسی و کولتوری بەکاردەهێنن. سەردەمی ماڕادۆنا لەگەڵ بارسێلۆنادا تیژڕەو، توندوتیژ، سەرکێش و بێدەربەستانەیە و دواجار بە یەکێک لە ڕووداوە هەرە بەناوبانگەکانی مێژووی تۆپی پێ کۆتایی دێت، کاتێک لە یاری کۆتایی جامی شای ئیسپانیا ١٩٨٤ دا بە ئامادەبوونی شای ئیسپانیا (خوان کارلۆس)، ماڕادۆنا لە ناوەڕاستی یاریگادا بەبەر چاوی شاوە شەڕێکی خوێناوی لەگەڵ (گۆیکۆتیا) بەرپا دەکات. لەو کاتەدا، ئەمە بە بێڕێزییەکی گەورە بەرامبەر بە شای ئیسپانیا و سیستەمی دەسەڵاتداری دادەنرێت و گەلی ئیسپانیا بۆ چەندین ساڵ بەردەوام دەبن لە دژایەتیکردنی. 

 

ڕەهەندەکانی ماڕادۆنایزم

دوای ئەوەی دۆخی کۆمەڵایەتی و ژینگەی بارسێلۆنا بە تەواوەتی ئازادی سنووردار دەکەن، دەنگۆی دەرچوونی ماڕادۆنا بۆ یەکێک لە یانەکانی ئیتاڵیا دەکەوێتە سەر زار. چاوەکان تەماشای یەکێک لە یانەکانی باکووری ئیتاڵیا دەکەن بۆ ئەوەی ماڕادۆنا باوەشیان بۆ بکاتەوە. ئەی سی میلان، ئینتەرمیلانۆ و یوڤانتووس سێ لە گەورەترین و دەوڵەمەندترین یانەکانی باکوری ئیتاڵیان و گیرفانیان کراوەیە بۆ وەدەستخستنی گەوهەرە ئەرژەنتینییەکە. بەڵام ماڕادۆنای سەرکردە و یاخی (یانەی ناپۆلی) لە باشووری ئیتاڵیا هەڵدەبژێرێت. فڕین بەسەر ناوناوبانگ و جوانی شارانی وەک میلانۆ و تۆرینۆ و دابەزین لە کوچە و کۆڵانە پەڕاوێزخراو و پیسەکانی ناپۆلی، وایکرد لەسەر شانۆی تۆپی پێی جیهانی (ناپۆلی) وەک یانەیەکی گەورە دەربکەوێت، دەرکەوتنیێک کە لە هی سواڵکەرێکی چڵکن دەچوو، کاتێک لە کۆبوونەوەی کۆمەڵێک سەرمایەداری ئەرستۆکراتیدا دێتە بەرچاوان و ئابڕوویان دەبات. باشووری ئیتاڵیا بەتایبەت، هەمیشە وەک منداڵێکی هەتیوکراو بێبەش بووە لە نازی وڵاتی دایک. هەبوونی جیاوازی ئابووری و کۆمەڵایەتی گەورە بە بەراورد لەگەڵ شارەکانی دیکەی ئیتاڵیدا، جۆرێک لەدابڕانی کولتوری و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی دروستکردووە لەنێوان باشوور و ناوچەکانیتردا. کاتێک شارەکە بەدەست هەژاری و گرووپە مافیاییەکان و ماددەی هۆشبەرەوە دەیناڵاند، بەستنی گرانبەهاترین گرێبەستی کڕینی یاریزان لەسەر ئاستی جیهان، دەکرا وەک کارێکی گەمژانە تەماشا بکرێت، بەڵام (پیبی دی ئۆرۆ) شتێکی گەورەتری بە خەڵکی شارەکە دەبەخشی، ئەویش شانازی و ڕێز و پلەیەکی کۆمەڵایەتی بەهێزتر بوو لە ئیتاڵیدا. ئەم هەستە ئەوکات بەهێزتر و قووڵتر بووەوە کە یانەکە بە هاوکاری ماڕادۆنا توانی دوو نازناوی خولی ئیتاڵی بباتەوە و ناپۆلی وەکوو یەکێک لە زلهێزەکانی ئیتاڵیا و ئەوروپا ناوبانگی دەرکرد. لێرەوە مارادۆنایی بوون و پەیڕەوکردن لە شێوازی ژیان و دنیابینی دەبێتە بەشێک لە کەسایەتی ناپۆلیتانۆ و لە نێو شارەکە و دەرەوەیدا ڕەنگدانەوەی دەبێت. لەبەرامبەردا هەڵبژاردنی یانەیەکی پەڕاوێز و هەژاری ئیتاڵیا، بۆ ماڕادۆنا، دەکرێت وەک درێژکراوەی ئاکتی بەرەنگاری و بەربەرەکانیکردن دابنرێت لەبەرامبەر سیستەمی کۆمەڵایەتی و سیاسی دونیای تۆپی پێ و دەرەوەیدا. بەشێوەیەکی گشتی، ماڕادۆنا، بەشێوەیەکی خوازراو و نەخوازراو، بە ئاگای و نائاگاییەوە، کاریگەری گەورەی لەسەر ژیانی کۆمەلایەتی و سیاسی ئەو کۆمەڵگانە هەبووە کە بەرکەوتنی هەبووە لەگەڵیاندا.

 

وێنەیەکی (مارادۆنا) بە دیوارێکی چڵکنی یەکێک لە کوچەکانی شاری (ناپۆلی)یەوە

 

ماڕادۆنای سوپەرستار، کەوتنە خوارەوەی سەربەست  

کاتێک مۆندیالی مەکسیک ساڵی ١٩٨٦ لەدەرگایدا، ماڕادۆنا لە لوتکەی ناوبانگ و هێزدا بوو. لە باشووری ئیتاڵیا و ئەرژەنتین ئەو ئیدی تەنها یاریزانێک نەبوو، بەڵکوو فیگورێکی درەوشاوەی سیاسی، کۆمەڵایەتی و تەنانەت ڕۆحیش بوو. بۆنموونە کاتێک سەرۆکی ئەرژەنتین ڕائول ئەلفۆنسین ویستی (کارلۆس بیلاردۆ) لەڕاهێنەرایەتی هەڵبژاردەی نیشتمانی دەربکات، پێش هەموو شتێک پەیوەندی بە ماڕادۆناوە دەکات و داوای ڕەزامەندی لێدەکات. ماڕادۆنا لەوەڵامدا دەڵێت: “بیلاردۆ دەربکرێت، منیش دەردەچم، بەکوورتی دوو کەس بەیەکجار لەدەست دەدەیت.” ناچار ئەلفۆنسین لە بڕیارەکەی پاشگەز دەبێتەوە و ماڕادۆنا بەڕێدەکەوێت بۆ پێشکەشکردنی پاڵەوانێتییەک کە باسکردنی لە گێڕانەوەی ئەفسانەکانی گریک دەچێت و دواجار نازناوەکە بۆ ئەرژەنتینا بەدەست دەهێنێت. کاراکتەری ماڕادۆنا لە دوای مۆندیالی ١٩٨٦ و ساڵانی دوایی، وەکوو ئەوەیە پاڵەوانی فیلمێکی سێرجیۆ لیۆنی بەشداری فلیمێکی ئەلفرێد هیچکۆکی کردبێت. پەیوەندیکردنی بە گرووپی مافیای کامۆر و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و ئاهەنگگێران تا دەرەنگانی شەو، هاوکات کێشەکانی لەگەڵ جەماوەری ناپۆلی، پاش دەربڕینی شادی لە یاری پێش کۆتایی مۆندیالی ١٩٩٠ بەرامبەر ئیتاڵیا، کاتێک بە لێدانی یەکلاکەرەوە ئەرژەنتین یارییەکە دەباتەوە، پەیوەندی خۆشەویستی ڕۆحی نێوان ماڕادۆنا و خەڵکی ناپۆلی دەشکێنێت و ساڵی ١٩٩١ ناپۆلی جێدەهێڵێت. کەوتنە خوارەوەی سەربەستی ماڕادۆنا لە لوتکەی هێز و دەسەڵات بەخێراییەکی تیژڕەو تا مۆندیالی ١٩٩٤ بەردەوام دەبێت.

 

ماڕادۆنا لە یەکێک لەو یارییانەدا کە بۆ تیپێکی میللی شاری ناپۆلی یاری دەکات. ئەمە ڕەفتارێکی باوی دێگۆ بوو بۆ پاڵپشتی تیپە هەژارەکانی شارەکە، سەرەڕای ئەوەی یانەکە قەدەغەی ئەو جۆرە چالاکییانەی لێ کردبوو

کاتێک لە قۆناغی پاڵاوتنەکاندا، ئەرژەنتین مەترسی نەگەیشتنی بە مۆندیالی ئەمریکا دەکەوێتە سەر، ماڕادۆنا بۆ دواین جار وەکوو ڕزگاکەری نیشتمان دێتەوە، دووبارە هەڵبژاردەی ئەرژەنتین بەرز دەکاتەوە و دەیگەیەنێت بە مۆندیالەکە. لە مۆندیالی ١٩٩٤ لە یەکێک لە یارییەکانی ئەرژەنتیندا، دوای تۆمارکردنی گۆلێک، ماڕادۆنا بەدەم هاوارەوە بەدەموچاوێکی تۆقێنەرەوە بەرەوڕووی کامێرەکە ڕادەکات وەکوو پەیامی دووبارە گەڕانەوە، ئەم شێوە ئاهەنگێڕانە دیسان جیهان دەخاتەوە سەر نوکی پەنجە و چاوەڕێی حیکایەتێکی دیکەی گریکی لە پیبی دی ئۆرۆ دەکەن، بەڵام دواتر پشکنینە پزیشکێکان دەریدەخەن کە (دێگۆ) ماددەی وزەبەخشی بەکارهێناوە و لە پاڵەوانێتییەکە دەردەکرێت. بەمەش کۆتایی بە ئەفسانەی ماڕادۆنا و پاڵەوانێتییەکانی جامی جیهان دێت. بەشێوەیەکی گشتی لە ناوەڕاستی ساڵانی ١٩٨٠وە، گۆڕانێکی جەوهەری لە ماڕادۆنادا دروست دەبێت، گۆڕانێک کە لە کاراکتەری سەرکردەی دووردەکاتەوە و بەرەو کاراکتەری ئەستێرەیەکی سینەما و مۆسیقای دەبات. ئیدی لە پشتیوانی گەل و چینە چەوسەوەکانی کۆمەڵگاوە، دەبێتە مشەخۆرێک کە لەسەر شانی خۆشەویست و ئەشقی دواکەوتووانی دەژی و بوونی خۆی لە هەموو شتێکی دیکە لا پیرۆزتر دەبێت. هەر ئەمەش وادەکات ماڕادۆنای سەرکردە ون ببێت و لەبری مارادۆنای سوپەر ستار دەربکەوێت. 

 

 

ئێل دیۆس  

لە دونیای تۆپی پێدا، ئەلفرێدۆ دیستیفانۆ بە سەرەتای کاراکتەری کاریزمایی دادەنرێت. دیستیفانۆ ئەو ڕەهەندەی تۆپی پێ دەخاتە بەر ڕۆشنایی کە یاریزانانی تۆپی پێ تەنها تێهەڵدەری تۆپ نین و یاری تۆپی پێ تەنها زۆرانبازی نێوان کۆمەڵێک دڕندەی کێوی نییە. (پێلێ) یەکەم یاریزانی تۆپی پێ بوو کە ڕەهەندی هونەریی تۆپی پێی بە جیهان ناساند. گەوهەرە ڕەشەکە چاوی هاندەری بەسەر دونیایەک لە چێژی هونەریدا کردەوە کە بە وردەکاری جوڵە و سەماکردنی بە تۆپ پیشانی دەدا. لەگەڵ (یۆهان کرۆیڤ)دا هەردوو کاراکتەرەکە لە مرۆڤێکدا کۆبوونەوە، سەرکردەیەک کە دەیتوانی هونەرێکی باڵا پێشکەش بکات، هونەرمەندێیک کە دەیتوانی سەرکردەی گۆڕانکارییەکان بێت. ئەو ڕەهەندی فەلسەفی و زانستی بۆ تۆپی پێ زیادکرد و گووتی: تۆپی پێ تەنها وەرزش نییە، بەڵکوو هونەر و فیزیا و بیرکاریشە. بەڵام (دێگۆ ئەرماندۆ ماڕادۆنا) بەهێزترین و پەنهانترین ڕەهەندی تۆپی پێی بە گەلی چەوساوە و چینە هەژارەکان ناساند، ئەویش ڕەهەندی کۆمەڵایەتی و کولتوری و سیاسی تۆپی پێیە.

 

ماڕادۆنا لە کۆمەڵێک وێستگەی گرنگی کاروانی وەرزشیدا

دێگۆ بە چۆنییەتی کاراکتەر و هەڵسەوکەوتی وەرزشی و کەسی خۆی، هێزی تۆپی پێی خستە بەردەستی هاندەر و پێی گووتن ئێوەش وەکوو سەرمایەدار و دەسەڵاتدارەکان دەتوانن بەشێک بن لە یارییەکە.  ئەو پیاوی یەکەمی نمایشەکانی سەر شانۆی تۆپی پێ و سەرکردەی یەکەمی گۆڕانکارییەکان بوو، ئەرژەنتنییەکان وەکوو سیمبولێک لەپای ئەو کاریگەرییانەیدا کە لە ژیانیاندا لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسی هەیبوو، نازناوی (خوداوەند-ئیل دیۆس)یان پێبەخشی و پێیان گووت: گرنگ نیە تۆ چیت لە ژیانی خۆت کرد، گرنگ ئەوەیە چیت بە ژیانی ئێمە کرد. لێرە و لەوێ مارادۆنا بۆ هەمیشە ئایدیا و شێواز و ئەکتێکی کۆمەڵایەتی،سیاسی،هونەرییە کە بۆ هەمیشە لای زۆرێک وەکوو ڕازێکی پەنهان دەمێنێتەوە.

 

بێگومان ژیانی (دێگۆ ماڕادۆنا ١٩٦٠ – ٢٠٢٠) پەنجەرەی زۆری تێدایە تا لێیەوە تەماشای ناوەوە و دەرەوەی بکەین. لەسەر ئاستی وەرزشی، لەڕووی لایەنی هونەری یاری و تاکتیکییەوە دەکرێت چەندان پەڕە و مەلەفی تایبەت سەبارەت بەو گۆڕانکارییانە بنووسین کە یاریزانەکە پێشکەشی ڕاهێنەر و یاریزانانی کرد. لە ڕووی کەسیشەوە ماڕادۆنا دونیابینی تایبەت بەخۆی هەبوو کە لە لێدوانە سیاسییەکانیدا بە تەواوەتی دەردەکەوت. پشتگیریکردنی لە بلۆکی چەپی کۆمۆنیست، ڕەخنەگرتنی لە دەسەڵاتی کەنیسە و پاپای ڤاتیکان، دژایەتیکردنی شەڕی ئەمریکا بەرامبەر عێراق و پاڵپشتیکردنی فەڵەستینییەکان بەرامبەر ئیسرائیل … هەموو ئەمانە دیوێکیتری ژیانی ماڕادۆنان کە کاریگەربوونی ماڕادۆنا بە دونیای دەرەوە دەردەخەن و دەکرێت لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی بەرفراوان و هەمەلایەنیان بۆ بکرێت، لێ ئەمانە بابەتی نووسینەکەمان نین، ئەوەی لێرەدا ئەمانەوێ سەرنجی بخەینە سەر؛ لێکدانەوەی کاریگەریبوونی دونیای دەرەوەیە بە ماڕادۆنا و ئەوەی کە جیهانی دەرەوەی ماڕادۆنا چۆن تەماشای ئەو دەکات، کە ئەمەش بە ڕای ئێمە گرنگترین و مێژووییترین پەڕەکانی ژیانی پیبی دی ئۆرۆیە …

 

سەرچاوە

Angels With Dirty Faces: The Footballing History of Argentina, jonathan wilson, 2015

Inverting the pyramid, jonathan wilson, 2008

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌
هاوپۆلی بابه‌ت
error: Content is protected !!