بەڵگەنامەکان پیلانە نهێنێکانی یانە گەورەکان ئاشکرا دەکەن, بۆ دروستکردنی خولێکی باڵا

بەدواداچوونێکی ڕۆژنامەوانی لەلایەن ستافی دیر شپیگلەوە

Foto: Benedikt Rugar/ DER SPIEGEL
192

هاوپەیمانییەک کە بایرن میونخی تێدایە، چەندەها مانگ لە پشتەوەی ڕێکخراوەکانی تۆپی پێ و یانەکانی دیکەوە کاریان کردووە بۆ دروستکردنی خولێکی تایبەت بە یانە باڵاکان.

ئەو نامە ئەلکترۆنییەی کە دەکرێت ببێتە هۆی گەورەترین شۆڕش لە مێژووی تۆپی پێدا، بە دێڕێکی سادە دەست پێدەکات: “سڵاو ڕۆمانۆ، کارێکی گرنگی دیکەمان هەیە، دەمانەوێت لەڕووی یاساییەوە پێتانی بسپێرین.” نامەکە لەلایەن (مایکل گێرلینگەر)ەوە لە بەرواری ٣ی فێبرواری ٢٠١٦ نێرداروە. وەرگری نامەکە کۆمپانیای یاسایی نێودەوڵەتی (کلێری گۆتێلیب)ە.

گێرلینگەری ٤٥ ساڵ، سەرۆکی ژووری یاسایى یانەی بایرن میونخە و بە ئەندازیاری پێشتەوەی پڕۆژە نهێنییەکە دادەنرێت. ئەو لە بۆنە گشتییەکاندا بە کەمی دەردەکەوێت، بەڵام (کارل هاینز ڕۆمینگە) لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا هیچ بڕیارێکی گرنگی نەداوە بێ گەڕانەوە بۆ ئەو.

ئاشکرایە نامە ئەلکترۆنییەکەی گێرلینگەر، پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ئایندەی تۆپی پێی ئەورووپییەوە هەیە. لە نامەکەدا گێرلینگەر کۆمپانیا یاساییەکە ڕادەسپێرێت بە پشکنینێك لەبارەی چۆنێتی دەرچوونی بایرن موینخ لە بۆندسلیگا بێ ئەوەی ڕووبەڕووی هیچ لێپێچینەوە و سزایەکی یاسایی ببێتەوە. هەروەها دەربارەی ئەوەی ئایا یانەکە دەتوانێت ڕێگە بە یاریزانەکانی بدات بەشداری یارییە نێودەوڵەتییەکان بکەن لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانیدا؟

Bayern Munich CEO Karl-Heinz Rummenigge Foto: REUTERS/ New Pool/ Benedikt Rugar/ DER SPIEGEL

بۆندسلیگا بەبێ بایرن میونخ؟ هەڵبژاردەی نیشتمانی بەبێ ماتیاس هۆمێڵز، جۆشوا کیمیچ یان مانوێل نۆیەر؟ هێنانە پێشچاوی شتێکی وەها بێگومان کارێکی ئاستەمە.

بەڵام لە ساڵی ٢٠١٦دا لەوە دەچوو هیچ شتێک ئاستەم نەبێت. ئەو ساڵە وەکوو خاڵی وەرچەرخان وابوو لە ئاستی سەرەوەی تۆپی پێی نێودەوڵەتیدا. پێدەچوو (FIFA) ڕێکخراوی تۆپی پێی جیهانی، بێ سەرکردە بێت پاش شەپۆلێک لە هەڵکوتانە سەری و دەستگیرکردنی کەسایەتییە ناودارەکانی. (UEFA) ڕێکخراوی تۆپی پێی ئەوروپی، سەرۆکەکەی خۆی (میشێل پلاتینی) لەدەرەوەی نوسینگەکەی دۆزییەوە، دوای تێوەگلانی لە وەرگرتنی چەندەها ملیۆن یۆرۆ لە سەرۆکی ئەوکاتەی FIFA (جۆزێف پلاتەر).

هەر لەو سەروبەندەدا دووبارە مافی پەخشکردنی یارییەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا و خولی ئەوروپی دابەشدەکرایەوە. داهاتی هەردوو پاڵەوانێتێکە لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٧ بۆ ٢٠١٧ سێ هێندە بەرزبووەوە و لە کۆتایی ٢٠١٧دا گەیشتە ٢،٢ ملیار یۆرۆ.

ئەو جەنگەی کە لە دوای نامەکەی گێرلینگەر بەرپا بوو لەسەر داهاتی هەموو خولە ئەوروپییەکان و هێزی یانە باڵادەستەکان، دەکرێت ببێتە دەقی زنجیرە درامای (House of the cards)، بەهۆی داتاکانی فیکەلێدەری سایتی (فوتبۆل لیکس)ەوە کە پێشکەشی ڕۆژنامەی (دیر شپیگل)ی کرد، توانرا هەموو ئەو لەخشتەبردن و جموجۆڵە فریودەرانەی کە لە ژووری گفتووگۆکان و لە پشتی پەردەوە ئەنجامدرا، بە هاوکاری تۆڕی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی ئەورووپی، ئاشکرا بکرێت.

بەڵگەنامەکان ئاشکرای دەکەن کێ خاوەنی ڕاستەقینەی بڕیارە، لەسەر ئاستی بازرگانی تۆپی پێ. کاتێک دەبینین برسێتی و تەماحکاریان بۆ وەدەستهێنانی پارەی زیاتر چۆن وایان لێدەکات هەموو کارێک ئەنجام بدەن، پەردە لەسەر بێشەرمی و بێ چاووڕووییان هەڵدەدرێتەوە.

 هەروەها ئەو هۆکارە دەردەخەن کە بۆچی ئەنجامی یاری پاڵەوانێتییە ناوخۆییەکان و لەم دواییەیشدا پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکان هێندە پێشبینیکراو و چاوەڕوانکراوە. بۆچی خولەکانی (چامیپۆنزلیگ) و (بۆندسلیگا) و (سیریا ئەی)، بەشێوەیەکی بەردەوام هەمان یانە دەبێتەوە بە پاڵەوانی.

ئەمە یەکێکیترە لەو هۆکارانەی وایکرد لە ٢٠١٦دا تۆپی پێ پێویستی بەوە هەبێ دووبارە پێگەی خۆی ڕێکبخاتەوە. ڕێکخستنەوەیەک لە پێناو ئەوەدا نا کە چێژی زیاتر پێشکەش بە هاندەر بکرێت، بەڵکوو ڕێکخستنەوەیەک بۆ زیاتر بەرهەمهێنانی پارە و داهات بۆ بازرگانانی یارییەکە. بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، وا دیاربوو  کۆمەڵێک یانە ئامادەی ئەوە بوون ناپاکی بکەن لە ڕێکخراو و دام و دەزگا بەڕێوەبەرە کۆنەکانی خول و پاڵەوانێتییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان. (حەوت گەورەترین یانەی جیهان)  بە شێوەیەکی نهێنی هێزیان یەکخست و تەنها یەک بیرۆکە لە خەیاڵیاندا هەبوو، بریتی بوو لەوەی: وەڕسبوون ڕۆحی هەموو نمایشێک دەکوژێت و تاکە ڕێگا بۆ بەرەنگاربوونەوەی وەڕسبوون، پێشکەشکردنی نمایشێکی گەورەتر و دروەشاوەتری وەک مەزنترین پاڵەوانێتی تۆپی پێیە لە جیهاندا.  بیرۆکەی دروستکردنی (خولی سوپەری ئەوروپی)، خولێکی باڵا بۆ گەورەترین یانەکانی ئەوروپا کە بەشێوەیەکی تایبەت تەنها بۆ یانە نوخبەکانی ئەوروپایە و بیرۆکەی خولێک کە  هەموو یارییەک تێیدا یارییەکی گەورەیە، پلانی تاقمە نهێنییەکە بوون.

ئەمڕۆ کە لە نۆڤەمبەری ٢٠١٨ین، پێدەچێت خولی سوپەری ئەوروپی هەناسەیەکی نوێی بەبەردا هاتبێت. بە گوێرەی ئەو پلانە سەرەتاییەی کە یانەی ڕیاڵ مەدرید چەن ڕۆژێک پێش ئێستا لە کۆمپانیا یاساییەکەوە وەریگرتووە، ١٦ یانەی گەورە ئیمزا لەسەر کردنەوەی خولێکی لەو شێوەیە دەکەن. بە پێی بەڵگەنامەکان خولەکە لە وەرزی ٢٠٢١ دا دەست پێدەکات. یەکێک لەو یانانەی کە ناوی هاتووە لە بەڵگەنامەکاندا یانەی بایرن میونخە.

 

تەماحە گەورەکە

(چارلی ستالیتانۆ) خاوەن سیڤییەکی دوورودرێژە، کاتێک خولی تۆپی پێی ئەمریکی لە ساڵی ١٩٩٠ دامەزرا، چارلی وەکوو بەڕێوەبەری گشتی یانەی (نیۆرک جێرسی میتۆر ستار) ئیمزای کردووە. پاشان دەستی هەبووە لە کۆمەڵێک گرێبەستی گەورەدا و لەو کاتەوە سەرنجی خۆی خستۆتە سەر یارییە نێودەوڵەتییەکان. ساڵی ٢٠١٤ یارییەکی دۆستانەی لەنێوان (مانچستەریۆنایتد و ڕیاڵ مەدرید)دا لە یاریگای (میشیگن) ڕێکخست و ١٠٩ هەزار بینەر ئامادەی بوون، ئەم ژمارەیە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆ ڕیکۆردێکە بۆ تۆپی پێی ئەمریکی.

پیاوێکی کەچەڵی زل بە چاویلکەیەکی باریکەوە، (ستالیتانۆ) زۆرجار لە ژووری (VIP)ی یانە بەهێزە گەورەکانی ئەوروپادا دەبینرێت. (جۆزێ مۆرینیۆ) ڕاهێنەری مانچستەریۆنایتد، هەمیشە بە ڕێزەوە بە “مستەر بێ هەڵە” ناوی دەبات.

بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی (فوتبۆڵ لیکس)، ستالیتانۆ ١٧ی دیسەمبەری٢٠١٧ نامەیەکی ئەلکترۆنی بۆ بەڕێوەبەری گشتی ڕیاڵ مەدرید (ئەنخێڵ سانشێز) و تیمی مارکتینگی یانەکە ناردووە و گووتوێتی: “ئایا دەکرێت بۆ پێشکەشکردنی ئەم بابەتە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا، لاپتۆپەکەی خۆت بەکاربهێنیت؟” سوپاس، چارلی.

Charlie Stillitano, co-founder and chairman of Relevent Sports Foto: Getty Images/ Benedikt Rugar/ DER SPIEGEL

ڕەشنووسەکەی چارلی کە لەسەری نوسرابوو (زۆر تایبەت و نهێنی)، تێیدا چەند پێشنیارێکی پێشکەشی یانەی ڕیاڵ مەدرید کردبوو:

– ١٧ لە خاوەن گەورەترین مافی پەخشکردنی یارییەکان لە ئیسپانیا، ئینگلتەرا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا لە خولێکی ئەوروپی هەمیشەییدا کێبرکێ دەکەن.

– یانە بەشداربووەکانی بۆندسلیگا بریتین لە بایرن میونخ، بروسیا دۆرتمۆند، شالکە.

– تیپی هەژدەیەم تیپێک دەبێت لە ڕووسیا، پورتوگال، هۆڵەندا یان تورکیا.

– خولەکە لە ماوەی ٣٤ هەفتەدا بەڕێوە دەچێت و یارییەکانی لە ڕۆژانی سێشەمە، چوارشەمە، شەممەدا ئەنجام دەدرێت. لە کۆتایی خولەکەدا یارییەکان بە سیستەمی دەرچوون و مانەوە کۆتاییان پێدێت.

بیرۆکەی دروستکردنی خولی سوپەری ئەوروپی، نزیکەی ٣٠ ساڵە قسەی لەسەر دەکرێت، هەروەها هەوڵی جدی هەبووە بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی تۆپی پێی ئەوروپی و دروستکردنی خولێک بۆ باشترینەکانی ئەوروپا. بە پاڵپشتی سەرۆکی پێشووی یانەی ئەی سی میلان (سێڵڤیۆ بیرلسکۆنی) و سەرۆکی یانەی ڕیاڵ مەدرید (فلۆرێنتینۆ پیرێز) پڕۆژەی ئاڵۆز لەژێر ناوی وەک (گاندال) دروستکرا کە بە تەواوی باوەڕیان بەوە هەبوو بیرۆکەیەکی  ئایندەییەی لە دونیای تۆپی پێی ئەوروپایدا. بەڵام هیچ کام لەم پڕۆژانە بەقەد پڕۆژەکەی ستالیتانۆ نزیک نەبوون لە واقعەوە. ستالتیانۆ لە پڕۆژەکەیدا هەژماری ئەوەی کردبوو کە هەر یانەیەک لە یانەکان لە خولێکی لەو جۆرەدا ٥٠٠ملیۆن یۆرۆ داهاتیان دەبێت. بە بەراوردکردنێکی خێرا، دەبینین ڕیاڵ مەدرید پاڵەوانی خولی یانە پالەوانەکانی ئەوروپا لە ساڵی ٢٠١٦دا تەنها ٨٦ ملیۆن یۆرۆ داهاتی بووە لە یاریکردن و بردنەوەی پاڵەوانێتییەکە. بە مانایەکیتر پڕۆژەکەی ستالیتانۆ چەندەها قات قازانج بۆ یانەکان دەستبەر دەکات.

 

گەیاندنی زانیاری هەڵە بە شێوەیەکی پلان بۆ داڕێژراو

چەند مانگێک دواتر و لە ئەگۆستی ٢٠١٦ دا، لە کۆبوونەوەی هاوبەشی سەندیکای یانەکانی ئەوروپادا (ECA)  لێدوانێکی هەستیاری دا. دیارە ECA گەورەترین و بەهێزترین لیژنەی یانەکانە لە جیهاندا و نوێنەرایەتی بەرژەوەندی ٢٢٠یانەی ئەوروپی دەکات، (کارل هاینز ڕۆمینگە)ش لەو کاتەدا سەرۆکی لیژنەکە بوو. بەپێی زانیارییەکان، چەند خولەکێکی نێو کۆبوونەکە ڕۆمینگە گووتوویەتی: “یانەکان لەبارەی دروستکردنی خولێکی سوپەری ئەوروپییەوە ئۆفەری گەورەیان پێدەگات، وێفایش بۆ پاراستنی یەکێتی یانەکانی ئەوروپا، داوای کۆبوونەوەی کردووە لەگەڵ نوێنەرانی هەندێک لە یانە گەورەکاندا بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە ئەم بابەتە.”

لە کۆبوونەوەکەدا پەیامی یانەکان بۆ وێفا ڕوونبووە: ئەگەر یانە گەورەکان داهاتی زۆرتر و دەسەڵاتی زیاتریان پێنەدرێت لەلایەن وێفاوە، ئەوا یانەکان خولێکی تایبەت بەخۆیان دروست دەکەن. وەکتر سەبارەت بە یانە بچووک و ئاست مامناوەندەکان کە پێویستە (ECA) پارێزگاریان لێبکات، سیناریۆیەکی لەو شێوەیە کارەساتبارە. دابەشکاری داهاتی خولەکانی چامپیۆنزلیگ و یۆرۆپالیگ لەلایەن وێفاوە بەشێوەیەکە کە یانە بچووک و ئاست مامناوەندەکانیش پشکێکی دادپەروەرانە وەربگرن، بەڵام ئەگەر بێتو یانە گەورەکان پشت لە خولەکانی ژێر چەتری وێفا بکەن، ئەم یانە بچووک و مامناوەندانە بە ملیۆنەها یۆرۆ خەسار دەکەن، تەنانەت هەنگاوێکی لەو شێوەیە مەترسی دروست دەکات لەسەر مانەوەی هەندێک لەو یانانە.

لە ساڵی ٢٠١٦ دا یانە گەورەکان خۆیان لە دۆخێکی زۆر لەباردا بینییەوە کە دەیانتوانی هەموو داواکارییەکانیان زیاتر پاڵپێوە بنێن، بەڵام چۆن توانیان بەم ئاستە بگەن؟؟

 

کۆمەڵگە نهێنییەکە

ڕێکەوتی ٣٠ جانیوەری ٢٠١٦ بەڕێوەبەری گشتی ڕیاڵ مەدرید (سانچێز)، نامەیەکی ئەلکترۆنی نارد بۆ یەکێک لە یاریدەدەرەکانی ستالیتانۆ بۆ کاروبارەکانی خولی سوپەری ئەوروپی، تیایدا گووتی: “ئەم بەڵگەنامانە پێویستیان بە ڕوونکردنەوەی زیاترە.” پاشان ڕیاڵ مەدرید لە دونیای لوتبەرزی یانە گەورەکانی جیهانی تۆپی پێدا ڕێگەیەکی دژەباوی هەڵبژارد، کاتێک لەگەڵ ٦ یانەی دیکەدا هێزێکی هاوبەشی دروست کرد بۆ بەدواداچوونی ئەو دەرچانەی کە دەکرێت لەڕێگایانەوە خولی سوپەری ئەوروپی دروست بکەن. لە مانگەکانی داهاتوودا ڕیاڵ مەدرید، بایرن میونخ، یوڤانتووس، بەرشەلۆنا، مانچستەریۆنایتد، ئەرسناڵ و ئەی سی میلان لە پشت یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپی و یانەکانی دیکەوە کاردەکەن بۆ جێهێشتنی خولە ناوخۆییەکانی خۆیان بە شێوەیەکی یەکجاری. لێرەوە ٧ ڕکابەر بە شێوەی ڕێکخراوێکی مافیایی کۆدەبنەوە بۆ سڕینەوەی کۆمەڵێک خولی کۆنی ناوخۆیی و دروستکردنی خولێکی تەواو نوێ.

مایکل گێرلینگەر بەڕێوەبەری یاسایی بایرن میونخ، نوێنەرایەتی ئەم کۆمەڵگا نهێنییەی دەکرد کاتێک لە فەبریوەری ٢٠١٦دا نامەکەی بۆ کۆمپانیا یاساییەکە نارد. هەر ئەوکات دوای ١٨ خولەک لەلایەن یەکێک لە پارێزەکانی کۆمپانیاکەوە وەڵامی پێگەیشت و داوای لێکرا لەڕێگای تەلەفۆنەوە پەیوەندیان پێوە بکات. دوای چەند سەعاتێک گێرلینگەر نامەیەکی دیکەی نارد بۆ پارێزەرەکە، ئەمجارەیان ئەرکێکی دیاریکراوی پێ سپارد: “وەک دەبینین سێ هەڵبژاردنی دیاریکراومان هەیە بۆ دەرچوون لە پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکان و خولە ناوخۆییەکان.” لێرەدا گێرلینگەر دواین هەڵبژاردنی دابەشکرد بەسەر دوو سیناریۆی جیاوازدا لە دوو ڕوانگەی جیاوازەوە.

بەشەکانیتری نامەکە تەرخان بوون بۆ پرسیارکردن لەبارەی وەرگرتنی ڕاوێژی یاسایی لەبارەی لێکەوتەکانی دەرچوونێکی لەو شێوەیەوە. هەروەها پرسیارگەلێک لەبارەی لێکەوتە ئابوورییەکانی ئەو دەرچوونە کە ڕووبەڕووی بەهای پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکان دەبێتەوە:

– ئایا یانەکان پێویستە قەرەبووی زیانە داراییەکانی وێفا بکەنەوە لە ئەگەری دەرچوونیاندا؟

– ئایا یانەکان ناچاردەبن ڕێگە بە یاریزانەکانیان بدەن لە پاڵەوانێتێیەکانی وێفادا یاری بکەن، لە ئەگەری دەرچوونیاندا؟

– ئایا ڕێکخراوە ناوخۆییەکانی خولەکان دەتوانن سزای یاریزانانی ئەو یانانە بدەن کە بەشداری خولی سوپەری ئەوروپی دەکەن؟

– ئایا یاریزانەکان گرێبەستەکانیان هەڵدەوەشێتەوە ئەگەر لە خولێکی تایبەتی وەکوو خولی سوپەری ئەوروپیدا بەشداری بکەن؟

 

دوای ٦ ڕۆژ لە نامە ئەلکترۆنییەکەی گێرلینگەر، کۆبوونەوەیەکیتری (ECA) هاتە ئەنجامدان، تێیدا نوێنەری ١٤٦ لە گەورەترین یانەکانی ئەوروپا کۆبوونەوە بۆ وتووێژ کردن لەسەر وێفا و فیفا و ئەگەرەکانی ڕیفۆرمکردن لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا. بەگوێرەی بەڵگەنامە دزەپێکراوەکانی کۆبوونەوەکە، سەرکردەی ئەو کاتەی (ECA) کارل هاینز ڕۆمینگە یانەکان ئاگادار دەکاتەوە کە “وێفا و (ECA سەندیکای یانەکانی ئەوروپا) کار دەکەن بۆ گەشەدان بە پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکان.” هەروەها ئاماژە بەوە درا کە “گۆڕینەوەی بیروڕا لەچەند ئاستێکی جیاوازدا هەیە.” هاوکات “چەند لایەنێکی فەرمی ڕاسپێردراون بۆ وردبوونەوە لە کارەکان.”

پێدەچێت ڕۆمینگە لە سادەکردنەوە و بێ نرخکردنی زانیارییە گرنگەکاندا کارامە بێت. هەروەها کاتێک تەماشای چۆنێتی چاڵهەڵکەندنی دەکەین بۆ پاڵەوانێتییە جیهانییەکان، دەبینین ئاستێکی بەرزی هەیە لە دووڕوویی و مرونەتی ئەخلاقیدا کاتێک دەڵێت: “پێویستە فیفا دووربینییەکی دیموکراتی، ڕوون و کاریگەری هەبێت لە بارەی ئایندەوە و گرنگە چەتری ڕێکخراوەکانی نێو فیفا گرەنتی ئاکارەکانی تۆپی پێ و یاری خاوێن و جیدیەت بکەن.”

 

ڕوونی، دیموکراتی، یاری خاوێن، جدییەت

لەوکاتەدا کە ڕۆمینیگە ڕەوانبێژیی خۆی دەپرژاند بەسەر ئامادەبووانی کۆبوونەوەکەدا، کۆمپانیا یاساییە نێودەوڵەتییەکە بە ڕاسپاردەی گێرلینگەری سەرۆکی بەشی یاسایی بایرن میونخ، هەوڵی دەدا ڕێگەچارەیەک بۆ پوچەڵکردنەوەی هەموو ئەو ڕیفۆرمانە بدۆزێتەوە کە لە کۆبوونەوەی سەندیکای یانەکانی ئەوروپادا باس دەکرا.

پارێزەرانی دەزگاکە پێویستیان بە مانگێک هەبوو تاکوو شیکردنەوە بنەڕەتییەکەی خۆیان گەڵاڵە بکەن. لە ١ی مارسی ٢٠١٦ بایرن میونخ یاداشتنامەیەکی نهێنی پێگەیشت کە بەڵگەیە بۆ توانا لێنەبڕاوەکانی پارێزەرانی نێو دونیای مۆدێرنی تۆپی پێ لە دۆزینەوەی بچووکترین دەرچە یاساییەکاندا.

لە بەڵگەنامە ٢٣ پەڕەییەکەیاندا ئەو بەربەستانەیان ژمارد کە ڕووبەرووی دروستبوونی خولی سوپەری ئەوروپی دەبێتەوە. تێبینی ئەوەیانکرد کە فیفا و وێفا ناتوانن سزای یانەکان بدەن لە ئەگەری دەرچوونیان لە پاڵەوانێتییەکاندا، چونکە ئەوە دەبێتە هۆی پێشێلکارییەکی بنەڕەتی یاساکانی کێبڕکێی ئەوروپا. پاشان دەزگا یاساییەکە دەچێتە سەر باسکردنی (ڕێکەوتننامەی لێکتێگەیشتن MOU) کە (ECA سەندیکای یانەکانی ئەوروپا) لەگەڵ وێفادا لە ساڵی ٢٠١٥ ئیمزای کردووە. دەرکەوتووە ئەم ڕێکەوتننامەیە وابەستەیی نییە چوونکە ڕێکەوتننامەی ئەو یانانەی کە بەهۆی MOUەوە خۆیان پابەندی پاڵەوانێتییەکانی وێفا کردووە، لەلایەن ئەندامانی یانەکانەوە ئیمزا نەکراوە، بەڵکوو لەلایەن (سەندیکای یانەکانی ئەوروپا ECA)وە ئیمزاکراوە.

ڕاستی ئەوەی کە گێرلینگەر خۆی سەرکردایەتی گفتوگۆکانی ڕێکەوتننامەی (MOU)ی کردووە لەگەڵ وێفادا و بەو هۆیە ٢٥هەزار یۆرۆی وەکوو خەڵات وەرگرتووە، وا دەکات ڕێکەوتننامەکە دوو هێندە جێگای گومان بێت.

 

هەڵسەنگاندنەکانی کۆمپانیا یاساییە نێودەوڵەتییەکە، چەند سەرنجێک دەبەخشێت بە یانە گەورەکان بۆئەوەی خۆیان و یاریزانەکانیان بپارێزن لە ئەگەری تۆمارکردنی داوایەکی یاسایی لەسەریان، لەلایەن ڕێکخراوە ناوخۆییەکان و یانە کێبڕکێکارەکان و ڕێکخراوەکانی وێفاوە. هاوکات دەزگاکە کۆمەڵێک کێشەی دیکەی خستووەتە ڕوو لە ئەگەری دەرچوون لە خولە ناوخۆییەکاندا: لەلایەکەوە یانەکان ناچارن ڕێگە بە یاریزانەکانیان بدەن بەشداری پاڵەوانێتی هەڵبژاردەکان بکەن کە لەلایەن وێفا و فیفاوە ڕێکدەخرێت، چوون ئەو پاڵەوانێتیانە نرخ و داهاتی یاریزانەکان بەرز دەکاتەوە و  قەدەغکردنی ئەو مافە لە یاریزانەکان، دەبێتە هۆی تۆماکردنی داوایەکی یاسایی سەرکەوتوو بەشێوەیەکی خێرا.

لەلایەکی دیکەوە، بایرن میونخ بەتایبەت ڕووبەڕووی کێشەیەکی گەورە دەبێتەوە، لە ئەگەری دەرچوونی لە خولی تۆپی پێی ئەڵمانی، چوونکە گرێبەستی یاریزانان لە ئەڵمانیا ناچاریان دەکات بەشێوەیەکی بژارەکراو لە خولی تۆپی پێی ئەڵمانیادا یاری بکەن. بە جۆرێک ئەگەر بێتو بایرن میونخ لە بۆندسلیگا دەربچێت، یاریزانەکانی تاکڕەوانە دەتوانن بۆندەکانی خۆیان هەڵبوەشێننەوە و ڕوو بکەنە یانەکانیتری ئەڵمانیا بێ ئەوەی بایرن میونخ هیچ دەسکەوتێکی ماددی چنگ بکەوێت. ئەمەش سیناریۆیەکە کە دەبێتە هۆی لەدەستدانی سەدەها ملیۆن یۆرۆ لەلایەن تیپەکەی میونخەوە.

وەلێ پێدەچێت بایرن میونخ سڵی لەو سیناریۆیە نەکردبێتەوە، بەو پێیەی لە مانگەکانی داواتردا بەهاوکاری هاوڕێ پیلانگێڕەکانیان، دەزگا یاساییەکە و کۆمەڵێک وەبەرهێنەری گەورە کار بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئەم کێشەیە دەکەن …

Foto: PA/ Benedikt Rugar/ DER SPIEGEL

فیکەلێدەرەکە

(جۆن) پرسی “کاتێک ئەم بەڵگەنامانە دەخوێنیتەوە، تێبینی چی دەکەیت؟”.

مانگی هەشتە، ئەو لەسەر کورسییەکی پلاستیکی بە شۆرتێکی ڕەشەوە لە ئەپارتمانتێکی بچووکی ڕۆژئاوای ئەوروپا دانشتووە. لە بنمیچەکەدا پەڵەیەکی ئاو ماوەتەوە و یەکێک لە پەنجەرەکانی ژوورەکە چیدی داناخرێت. جۆن چاوی بڕیوەتە لاپتۆپەکەی کاتێک چەندەها بەڵگەنامەی هاککراو بەسەر شاشەکەدا دێت و دەچێت. “یانەکان بە بەردەوامی باسی خولی سوپەری ئەوروپی دەکەن و مشتومڕی ئەوەیانە چۆن بتوانن پارەی زیاتر لەو شتە نەفرەتییە پەیدا بکەن” لەکاتێکدا هیچ باسی خەڵک و ئەو هاندەرانە ناکەن کە ئەم یارییەیان کرد بە شتێکی مەزن.  خولێکی لەم جۆرە کە لەسەرانسەری جیهان لەڕێگای تەلەفزیۆنەکانەوە پەخشدەکرێت، چی بەسەر هاندەراندا دەهێنێت؟

(جۆن) کە لە منداڵییەوە کەوتۆتە داوی خۆشەویستی تۆپی پێوە، ئێستا نیگەرانی گۆڕانی تۆپی پێیە بۆ پرۆژەیەکی چێژبەخشی بازرگانی. ئەو بێز دەکاتەوە لەوەی پارە چی بەسەر تۆپی پێدا هێناوە، لەڕێگای گەندەڵی و ڕاکردن لە باج و ڕێکەوتننامەی قێزەونی ژێربەژێرەوە.

پێش سێ ساڵ، (جۆن) کە ناوی ڕاستەقینەی خۆی نییە، تەرازوی سەبری سەریکرد. کوڕە لاوەکە پلاتفۆرمی (فوتبۆڵ لیک)ی دامەزراند. ئەو پلاتفۆرمەی کە وەکوو پەیجێکی سادەی سەر ئینتەرنێت دەستیپێکرد و تێیدا بەڵگەنامەی دزەپێکراوی گرێبەستی یاریزانان و ڕێکەوتننامەی سپۆنسەرکردن و زۆر لەو بابەتانەی تێدا بڵاودەکرایەوە، ئەمڕۆ مەترسیدارترین هەڕەشەیە بۆ سەر لایەنە تاریکەکەی تۆپی پێ. لە مانگی ٢ی ٢٠١٦، جۆن بڕیاریدا بەشێکی زۆری ئەو بەڵگەنامانە ڕادەستی (دیر شپیگل) بکات. بە هاوکاری تۆڕی لێکۆڵینەوەی (EIC)  دیرشپیگل بەشێکی گەورەی ئەو بەڵگەنامانەی هەڵسەنگاند و کردنی بە چەندەها چیرۆکی ڕۆژنامەوانی. کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ و کۆمەڵێک یاریزانی ئاست باڵای دیکەیش، ناچاربوون چەندەها ملیۆن یۆرۆی باج بدەن، لەئەنجامی ئاشکرابوونی ئەم دیکۆمێنتانەوە و  هەندێکیتریش نزیکبوون لە وەرگرتنی سزای زیندانیکردنەوە، بەهۆی خۆدزینەوەیان لە پێدانی باج. لە ئێستایشدا لە هەموو ئەوروپادا کۆمەڵێک لێکۆڵینەوە بەڕێوەدەچێت لە دژی هەندێک یاریزان، بریکار، ڕاوێژکاری باج، پارێزەر و بەڕێوەبەر، لەبارەی تاوانی گەندەڵی و خۆدزینەوە لەباج و وەرگرتنی بەرتیل و تەنانەت ئەتکردن و دەستدرێژیکردنی سێکسییەوە. بەڵام هەموو ئەمانە هێشتا جۆنی هێور نەکردەوە، هەربۆیە فیکەلێدەرەکە لە سەرەتای ئەمساڵدا کۆمەڵێک بەڵگەنامەی دیکەی ڕادەستی دیرشپیگل کردووە.

جۆن دەڵێت: “هەموو ئەمانە پێویستە ڕووناکی ببینن، ئەو خەڵکەی کە تۆپی پێیان خۆشدەوێت و بە بەردەوامی پارە دەدەن لە پێناویدا، مافی خۆیانە ئاگاداری چۆنێتی بەڕێوەبردنی دونیاکەی بن. جڵەوی یارییەکە بەتەواوەتی لەدەرەوەی کۆنترۆڵی لایەنە فەرمێکاندایە. پیلانەکانی دروستکردنی خولی سوپەری ئەوروپی دەریدەخەن کێ خاوەن گووتەی کۆتاییە لە دونیای تۆپی پێدا. هەندێک وەبەرهێنەری گەورە و یانە دەوڵەمەندەکان گەلەکۆمەیانکردووەتە سەر هەموو ئەوانیتر.”

 

تۆپی پێ ڕووبەڕووی پرسیارێکی گرنگ و بنەڕەتی دەبێتەوە: کێ خاوەنی ڕاستەقینەی تۆپی پێیە؟ هاندەران کە مەزنییان پێبەخشی؟  یانەکان کە بەردەوامیان پێدا؟ یان ڕێکخراوەکان کە دەبوو سەرپەرشتی بکەن؟

جۆن دەلێت: “بەڕاستی بۆ من گرنگ نییە ئایا خولی سوپەری ئەوروپی دروست دەبێت یان نا، ئەوەی توڕەم دەکات ئەو جۆرە ڕێکەوتنە ژێربەژێرانەیە کە یانەکان ئەنجامی دەدەن لە تاریکیدا، بێ پێدانی هیچ ڕوونکردنەوەیەک لەبارەیانەوە کە ئەمەش زەمینەیەکی لەبارە بۆ دروستبوونی تاوانی گەورەتر.“

لەسەر لاپتۆپەکەی فایلێک دەکاتەوە کە لەسەری نوسراوە (زۆر نهێنی)، بەڵگەنامەکە لەنێوان ئەندامانی کۆمەڵگە نهێنییەکەدا دەستاودەستی پێکراوە، تێیدا لە لیستێکدا باس لەوە دەکرێت کە لە ساڵی ٢٠١٦دا، لە پەخشکردنی یارییەکان لەڕێگای تەلەفزیۆنەوە، تۆپی پێ ١٦ ملیار یۆرۆ داهاتی هەبووە.  دوو هێندەی تۆپی پێی ئەمریکی کە لە ڕیزبەندی دووەمی لیستەکەدایە. جۆن دەڵێت: “هاندەران و یەکێتییەکانی تۆپی پێ پێویستە تێبگەن لەوەی چی بەسەر ئەو هەموو پارەیەدا دێت؟ نەک عاف بکرێن و لەبەرامبەردا تەنها چەند لایەنێک پشکی شێر بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن.” جۆن پۆستێکی ئەلکترۆنی (مایکل گێرلینگەر) دەکاتەوە و تەماشای ڕاپۆرتەکەی (ECA سەندیکای یانەکانی ئەوروپا) دەکات کە لەلایەن ڕۆمینیگەوە ئامادەکراوە و پاشان تەماشای گرێبەستەکانی وێفا دەکات. ئاخۆ لەکوێ  ئەم هەموو زانیاریانە چی پەیدا دەکات؟

لە ماوەی پێشوودا کۆمەڵێک ڕاپۆرت باسی ئەگەرەکانی هاککردنی داتاکانی هەندێک لە یانەکانی تۆپی پێ  و ڕێکخراو و کۆمپانیا یاساییەکانیان دەکرد. هەروەها باس لەوە دەکرا کە پێدەچێت یەکێک لەنێو فوتبۆڵ لیکەوە زانیاری وردی بەدەست کەوتبێت لەڕێگای هاککردنی ئیمێلی ئەو لایەنانەوە.

لە وڵاتی دایکی (پورتوگال) میدیا بۆ ماوەی چەند مانگێک باسی دزەپێکردنی کۆمەڵێک زانیاری گرنگی دەکرد لەنێو یانەی (بێنفیکا)دا کە یەکێکە لە یانە بەناوبانگەکانی وڵاتەکە.  زانیارییەکان لەبارەی بەرتیل پێدان، گەندەڵی و ئاراستەکردنی ئەنجامی یارییەکان لەپێناوی بردنەوەی یاری قوماردا بوون. هەندێک لە دەزگا میدیاییەکانی وڵاتەکە دزەپێکردن و ئاشکراکردنی ئەو زانیارییانەیان خستە پاڵ (فوتبۆڵ لیک). لەمبارەیەوە جۆن دەڵێت هیچ لێدوانێکی نییە لەسەر “هەموو ئەو تڕوهاتەی کە لە میدیادا بڵاودەکرێتەوە.” هەروەها بە بەردەوامی دووپاتی دەکاتەوە کە نە خۆی و نە هاوڕێ شۆڕشگێرەکانی هاککەرن. جۆن دەڵێت: “ کۆمەڵێک سەرچاوەی زۆر چاک و تۆڕێکی بەهێزمان هەیە کە بە بەردەوامی زانیاری وردمان پێدەبەخشن. ”

 

باوەڕ بە قسەکانی جۆن بکەیت یان نەیکەیت، شتێک کە ڕاستە ئەوەیە: تاکوو ئێستا هەموو بەڵگەنامەکانی ڕاستەقینەن. ئەو چیرۆکانەی کە لە زانیارییەکانی هاتوونەتە بەرهەم، کۆمەڵێک تیرن لە ژیانی ڕاستەقینەدا پێکەوەیان دەبەستێت و بوونەتە هۆی ئاشکرابوونی چەندەها زنجیرە تاوان. هاوکات فیکەلێدەرەکە هەرگیز هەوڵی نەداوە لێکۆڵینەوە و بابەتەکان بۆ جێگەیەکی دیاریکراو ئاراستە بکات. “ئێمە چاوپۆشی لە هیچ کەسێک ناکەین، لەگەڵ هیچ دەزگایەکی هەواڵگیریدا کار ناکەین، هاوکات هیچ بریکار، یاریزان و لایەنێکی دیاریکراو پاڵپشتی دارایمان ناکات.” هەروەک چۆن لە سەروبەندی نووسینی لێکۆڵینەوەکەماندا (جۆن) نایویستووە ناوی هیچ کەسێک ئاشکرا بکات کە هاوکاری دەکات لە کارەکانیدا.

ئەو دەزانێت کە لەچەندین وڵات لێکۆڵینەوە لەبارەی (فوتبۆڵ لیک)ەوە دەستی پێکردووە و چەندین یانە، یاریزان و بریکاری وەرزشی، لێکۆڵەری تایبەتیان گرتووە بۆ ئەوەی بەدوایدا بگەڕێن.  جۆن دەڵێت: “ژیانی فیکەلێدەر پڕ کێشەیە، بەڵام هەر وەکوو (چێلسی مانینگ)، (ئیدوارد سنەودین) و (جولیان ئاسانج) باوەڕمان بە کارەکەی خۆمان هەیە و پێمان وایە ئەم جۆرە لە ئاشکراکردنی بابەتەکان بۆ کۆمەلگە پێویستە. فایلێکی دیکە دەکاتەوە لەسەری نوسراوە: “سیناریۆکانی خولی سوپەر بۆ یانە باڵاکانی تۆپی پێی ئەوروپی.”  جۆن دەڵێت: “سەرنجێکی وردتر بخە سەر ئەم بابەتە، لە ٢٠١٦ ڕێکخراو و یەکێتییەکان بەتەواوەتی جڵەوی دەسەلاتیان بەسەر یانە بەشداربووەکانی نێو گفتوگۆی دروستکردنی خولی سوپەری ئەوروپی لە دەستدا. خەڵکی هەست بە لێکەوتەکانی ئەم هەنگاوە ناکەن، بەڵام گۆڕانی خاوەن هێز و دەسەڵات کاریگەری ماڵوێرانکەری دەبێت لەسەر تۆپی پێ.”

 

ئۆپەڕاسیۆنەکە

(چارڵی ستالیتانۆ) کەسێکی کۆڵنەدەرە، لە ٢٠١٦ دوای کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ یانەی ڕیاڵ مەدرید، چاویکەوت بە پێنج یانەی گەورەی ئینگلتەرە: مانچستەریۆنایتد، لیڤەرپوول، چێڵسی، مانچستەرسیتی و ئارسناڵ. کۆبوونەوەکە لە هۆتێلێکی ناوازەی لەندەن بەڕێوەچوو.

پاش کەمێک لە کۆبوونەوەکە، وێنەگرەکانی (پاپاڕازی) وێنەی بەرپرسەکانیان لەکاتی دەرچوونیان لە کۆبوونەوەکە گرت، هەروەها ڕۆژنامەی ئێوارانی (سەن) گووتارێکی لەسەر پەڕەی یەکەمی ڕۆژنامەکە بڵاوکردەوە بە ناونیشانی: (لیژنەی باڵای خولی سوپەری ئەوروپی ئاشکرا کرا). بابەتەکە جگە لە ئاماژەدان بە زانیاری کۆبوونەوەکەی ستالیتانۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئەو یانانە بۆ گفتوگۆ کردن لە بارەی پاڵەوانێتییەکەوە، هیچ شتێکی گرنگتری ئاشکرا نەکرد. لەگەڵ ئەوەشدا یانە گەورەکانی ئینگلتەرا دوای ئاشکرابوونی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ ستالیتانۆ، تووشی شڵەژان و دڵەڕاوکێ بوون. گووتەبێژی یانەکان یەک لێدوانی گشتگیریان پێشکەشکرد بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە. وەک لە بەڵگەنامەکانی (فوتبۆڵ لیک)دا هاتووە، یەکێک لە ڕاوێژکارەکانی وەبەرهێنەرە عەرەبەکانی خاوەن یانەی مانچستەرستیش لە بابەتەکەوە تێوەگلاوە. لە ئەنجامدا ڕاوێژکارەکە نامەیەک دەنێرێت بۆ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یانەی مانچستەرستی (فێڕان سۆریانۆ) و دەڵێت: “دەبێت زۆر بە وریایی بجوڵێینەوە و ڕێگە نەدەین وەکوو تاقمێکی مافیاکار وێنا بکرێین.” سۆریانۆ لە وەڵامدا دەڵێت: ” پێویستە لە ئایندەدا جێگەی کۆبوونەوەمان بە وردی دەستنیشان بکەین.”

سەرەڕای هەموو ئەمانە، ستالیتانۆ بەردەوامیی بە کۆبوونەوەکانیدا. لە مانگی ٣ی٢٠١٦ گەشت دەکات بۆ میونخ و بیرۆکەکەی خۆی پێشکەش بە (مایکل گێرلینگەر) دەکات. ستالیتانۆ کە کۆمەڵگە نهێنییەکە بە (حەوت گەورەکە) ناودەبات، پێشنیارەکانی خۆی بۆ چۆنێتی دەرچوونی (حەوت گەورەکە) لە خولە ناوخۆیی و پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکاندا دەخاتە ڕوو. گێرلینگەر دواتر داوا لە ستالیتانۆ دەکات پلانەکەی بە نامەیەکی ئەلکترۆنی بۆ بنێرێت. لە ڕێکەوتی ٣١/٣/٢٠١٦دا بڕیاربوو کۆبوونەوەیەکی (حەوت گەورەکە) ئەنجامبدرێت، تێیدا گێرلینگەر دەیویست بیرۆکەکەی ستالیتانۆ پێشکەش بە یانەکان بکات.

ئەمجارەیان جیاواز لە هاوڕێ ئینگلیزەکانیان، یانەکان هۆشیارتربوون لە چۆنێتی هەڵبژاردنی جێگەی کۆبوونەوەکەیان. حەوت گەورەکە هۆتێلکی تایبەت بە کۆبوونەوەیان لە (زیورخ) هەڵبژارد، لەوێ هۆڵی کۆبوونەوەکەیان لەژێر ناوی کۆمپانیایەکی گەشتوگوزاری نەناسراودا گرت. ناونیشانی بابەتی کۆبوونەوەکە (سیناریۆی خولی سوپەری ئەوروپی بۆ یانە باڵاکانی ئەوروپا) بوو، هەمان ئەو ناونیشانەی کە کاریگەری گەورەی لەسەر (جۆن)ی فیکەلێدەر هەبوو، ئێستا پێشکەش بە یانە پەیوەندیدارەکان دەکرێت. ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بابەتێکی هەستیاری وروژاند، ئەویش ئەوە بوو: ئایا یانەکان خولە ناوخۆییەکان بە تەواوەتی بەجێبهێلن یان تەنها پشت لە پاڵەوانێتییەکانی (وێفا) بکەن؟ ئایا وێفا چی بە یانەکان دەبەخشێت تاکوو ڕێگری لە دەرچوونیان بکات.

 

بەڕێوەبەرە باڵاکانی یانەکان پرسیاریان لەبارەی ئەوەوە کرد  ئاخو خولی سوپەری ئەوروپی، کراوە، نیمچە کراوە، یاخود داخراو بێت؟ بە مانەیەکیتر، ئایا تیپی دیکە سەربکەون بۆ ئەم خولە یان خولەکە بەشێوەیەکی داخراو بێت بەبێ سەرکەوتن و دابەزین؟ هەروەها باسی ئەوەیان کرد کە یانە گەورەکان سەدەها ملیۆن یۆرۆ زیانیان بەردەکەوێت لە ئەنجامی هەلومەرجەکانی دابەشکردنی داهات لەلایەن وێفاوە کە وادەکات زۆرێک لە یانە بچووکەکان پشکیان لە داهاتی پاڵەوانێتییەکانی وێفا چنگ بکەوێت.

لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا دوو بژاردە گەڵاڵە بوون (گەشەپێدان) یاخود (گۆڕان). لە ئەگەری (گۆڕان)دا پێویستە کۆڵەکەکانی چۆنێتی جیابوونەوە و کاتی جیابوونەوە لە فیدڕاسیۆن و خولەکان دیاری بکرێن. هەروەها دەبێت پلانێکی تایبەت بە بەشی پەیوەندییەکان دروست بکرێت و هاوکات پلانێکی ستراتیجی بۆ بازاڕدۆزی خولەکە دروستبکرێت، ئەمە جگە لە دامەزراندنی کۆمپانیایەکی سەربەخۆ. لەبەرامبەردا لە ئەگەری (گەشەپێدان)دا مانەوە لە خولە ناوخۆییەکان و پاڵەوانێتییەکانی وێفا، پێویستی بە “هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەی زیاتر دەبێت.”

گێرلینگەر لەگەڵ بەڕێوەبەری بارسیلۆنا (ڕائول سانلیهی) و (ستیفانۆ بێرتۆلا) لە یوڤانتووس گووتووێژ لەگەڵ وێفا دەکەن لەبارەی پلانەکانی گەشەپێدانی پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکان، بەڵام هێشتا کۆمەڵێک بەربەست لە پێش یانەکاندا ماون کە پێویستە پێش کۆبوونەوەی داهاتووی ئەندامە باڵاکانی ڕێکخراوەکانی وێفا لە مانگی ٥ی٢٠١٦دا بەسەریدا سەربکەون.

پێش هەموو شتێک، گێرلینگەر و هاوڕێ پیلانگێڕەکانی ڕوویانکردە کۆبوونەوەی (ECA) لە ئەمستردام. هەندێک لە یانە بچووکەکان داوایانکرد لە پاڵەوانێتییەکانی وێفادا ڕیفۆرم بکرێت. لەو چوارچێوەیەدا و بەگوێرەی زانیارییە دزەپێکراوەکانی کۆبوونەوەکە، ڕائول سانلێهی ئاماژە بە ویستی وێفا بۆ دروستکردنی پاڵەوانێتییەکی دیکە  دەکات لەسەرەوەی (چامپیۆنزلیگ)، کە وەک بزوێنەرێکی دیکەی داهات دادەنێرێت بۆ یانە بەشداربووەکان. لەو بارەیەوە ڕۆمینگە دەڵێت: “یانە گەورەکان بیرۆکەیەکی تایبەتیان لەسەر سیستەمی دروستکردنی ئەو پاڵەوانێتییە هەیە.”

لەو کۆبوونەوەیەدا لەبارەی پیلانەکانی جێهێشتنی خولە ناوخۆییەکانەوە، تاکە وشەیەک نەدرکێنراهەروەکچۆن ئاماژە بە ئۆپەراسیۆنەکانی یانە گەورەکانیش نەکرا لەبارەی کردنەوەی خولێکی تایبەت بەخۆیانەوە. نەک هەر ئەوەندە بەڵکوو هەواڵێکی وایان بڵاوکردەوە کە خودی وێفا دەیەوێت پاڵەوانێتییەکی تایبەت بۆ یانە باڵاکان بکاتەوە. وادیاربوو کۆبوونەوەکەی (ئەمستەردام)ی (ECA) تەنها بۆ غافڵکردنی یانە بچووک و مامناوەندەکان بوو تاکوو لە ژێر کۆنترۆڵی یانە گەورەکاندا بمێننەوە.

Foto: DER SPIEGEL

 

هەلومەرجەکانی مانەوە

شەش ڕۆژ دوای کۆبوونەوەکە، گێرلینگەر نامەیەکی دیکە دەنێرێت بۆ نوێنەرانی یانەکانی نێو کۆمەڵگە نهێنییەکە. یەکەمین خاڵی نامەکە باس لە (دروستکردنی کۆمپانیایەکی سویسری) دەکات.

گێرلینگەر ڕوونکردنەوە لەبارەی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەوە دەدات کە لەگەڵ کۆمپانیا یاساییەکەدا هەیبووە و تێیدا باسی دامەزراندی کۆمپانیایەکی سەربەخۆ کراوە بۆ بەڕێوەبردنی مافە ئابوورییەکانی خولی سوپەری ئەوروپی. ئەم کۆمپانیایە دەبێتە هۆی دروستبوونی گوشاری زیاتر لەسەر یەکێتی و ڕێکخراوەکانی تۆپی پێی ناوخۆی وڵاتە ئەوروپییەکان و وێفا. لە نامەکەیدا باس لەوە دەکات کە وێفا لە ئێستادا ترسی لە کارەکانی بازاڕدۆزی-مارکتینگی  یانەکان هەیە. گێرلینگەر دەنووسێت: دروستکردنی کۆمپانیایەک لە وڵاتێکدا کە هەریەک لە وێفا، فیفا و (ECA) بنکەی سەرەکیان تێیدا هەیە، دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشەیەکی بنەرەتی. چوونکە دروستکردنی کۆمپانیایەکی سویسری پێویستی بە دروستکردنی هەژمارێکی بانکیش هەیە لە سویسرا. گێرلینگەر ئاماژە بەوەش دەکات کە: بەگوێرەی نوێترین یاساکانی وڵاتەکە، کردنەوەی هەژمارێکی بانکی سویسری پێویستی بەوەیە نوسینگەیەک بۆ کۆمپانیاکە لە سویسرادا بکرێتەوە و کۆمەڵێک کارمەند و بەرپرسی بە ناسنامە سویسری کە دانشتووی وڵاتەکەن، کارەکانی بەڕێوەببەن. ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی خەرجییەکانی کۆمپانیاکە. هەربۆیە داواکراوە لە کۆمپانیا یاساییەکە کە بەدوای وڵاتێکی دیکەدا بگەڕێت، تاکوو کۆمپانیاکەی تێدا دابمەزرێنن.

پێدەچێت لەم قۆناغەدا بەڕێوەبەرە جێبەجێکارەکانی پڕۆژەکە هەستیان بەوە کردبێت دەرچوونی یەکجارەکی لە خول و پاڵەوانێتییەکان و دروستکردنی خولێکی تایبەت بەخۆیان کات و پلاندانانی زیاتری دەوێت.

لەم سەروبەندەدا ئەندامانی کۆمەڵگە نهێنییەکە، گفتوگۆکانی خۆیان لەگەڵ وێفادا چڕتر کرد. وە لەبەرئەوەی ئەندامانی (حەوت گەورەکە) بە تەواوەتی مەست بووبوون بەو هەموو بیرۆکە پڕ داهاتانەی کە پێشکەشیانکرابوو لەبارەی خولی سوپەری ئەوروپییەوە و هەروەها بەهۆی ئەوەوە کە وێفا بە تەواوەتی غافڵگیرکرابوو لە پڕۆسەی بەڕێوەچوونی کارەکانی دروستکردنی ئەو خولە، وادیاربوو ئەو ئاگرە مەزنەی کە خولەکە لەگەڵ خۆیدا دەیهێنا بۆ سووتاندنی وێفا چیتر بە هیچ شێوەیەک ڕێگری لێ نەکرێت.

لە مانگی پێنجدا ئەندامانی حەوت گەورەکە ڕوویانکردە (بودابێست) بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئەندامە باڵاکانی وێفا. چوار ڕۆژی دواتر ڕۆمینگیە و (ئەنێلی سەرۆکی یانەی یوڤانتووس) نامەیەکی هاوبەشیان نووسی سەبارەت بە کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ شاندی وێفادا و گووتیان: هیچ لە داواکارییەکانمان قبوڵ نەکران. بەگوێرەی قسەکانیان وێفا ناتوانێت چارەسەرێکی بنەڕەتی کێشەکان بکات. ئەنێلی و ڕۆمینگە باسیان لەوە کردووە کە دروستکردن و بەرەو پێشبردنی کارەکانی خولی سوپەری ئەوروپی لە ئێستادا هەڵبژاردن نییە بەڵکوو پێویستییە.

 

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەی بۆدابست، یانەکان و وێفا لەسەر مانەوەی یانەکان لە خولی پاڵەوانەکانی ئەوروپا ڕێککەوتن بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەم گۆڕانکاریانەوە:

– خولەکە لە ئایندەدا، تەنها ٢٤ یانە لەخۆبگرێت.

– پێویستە جێگەیەکی تایبەتبدرێت بە ئەو یانانەی کە بە شێوەیەکی بەرچاو لە خولەکەدا سەرکەوتوو بوون.

– هەندێک لە یارییەکان لە پشووی هەفتەدا پەخشبکرێت و بەشێوەیەکی گشتی کاتی پەخشکردنی یارییەکان گونجاوتر بکرێت بۆ بازاڕی پەخشی جیهانی.

– هەروەها یانەکان دەسەڵاتیان پێبدرێت لەگەڵ وێفادا بە هاوبەشی پاڵەوانێتییەکە بەڕێوەببەن.

ئەوەی کە ئەنێلی و ڕۆمینگە داوایان دەکرد هیچ نەبوو جگە لە گۆڕینێکی بەرفراوانی دەسەڵات و دەستکەوتی ماددی لە بەرژەوەندی یانە گەورەکان. هاوکات خیانەتێکی گەورە بوو لەو ٢٠٠ یانە بچووک و مامناوەندانەی کە کارل هاینز ڕۆمینگە نوێنەرایەتی دەکردن لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ وێفا.

بەشێوەیەکی چاوەڕوانکراو وێفا تووشی شۆک بوو لە داواکارییەکان و لە کۆبوونەوەکە. وێفا لە نامەیەکدا بۆ ئەنێلی و ڕۆمینگە دەنووسێت: کۆبوونەوەکە تەنها بە (دانیشتێنێکی سەرەتایی) بێ هەبوونی هیچ (بابەتێکی دیاریکراو) دادەنرێت و باس لەوە دەکات کە لە ئایندەدا هیچ جۆرە گفتوگۆییەک بەڕێوەناچێت لەژێر ئەم هەلومەرجانەدا. هاوکات وێفا بە ئەنێلی و ڕۆمینگیە دەڵێت: ئەگەر ناوی ئەو یانانەمان پێبدەن کە لەم وتووێژانەدا نوێنەرایەتیان دەکەن سوپاستان دەکەین! پاشان وێفا چۆنێتی کاری یەکێتییەکە بۆ هەردوو نوێنەرەکە ڕووندەکاتەوە و باس لەوە دەکات کە ئەم جۆرە بڕیارانە بە پڕۆسەیەکی دیموکراتی دەدرێت و تێیدا پێویستە ڕەزامەندی چەندین لیژنەی ناوەکی وێفا وەربگیرێت. ئەم نامەیە دواین هەوڵی وێفا دەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی پڕۆژەکە.

لە هەفتەکانی دواتردا پیلانەکانی کۆمەڵگە نهێنییەکە بۆ دەرچوون لە پاڵەوانێتییەکانی وێفا بە تەواوەتی قاڵبێکی کۆنکرێتی وەردەگرێت. یانەکان بیریان لە برۆسل یان لەندەن دەکردەوە بۆ ئەوەی بیکەن بە بنکەی کۆمپانیاکەیان. بەڕێوەبەرە جێبەجێکارەکانی یانەکان سیستەمی چۆنێتی بەڕێوەبردنی خولەکەیان دیاریکرد و هاوکات پلانێکی تایبەتیان دروستکرد بۆ چۆنێتی دابەشکردنی داهاتی خولەکە بەسەر یانەکاندا.

لەبەرامبەردا وێفا هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات بۆ تووندکردنی پەیوەندییەکانی بە سەرکردەکانی کۆمەڵگە نهێنییەکەی پشتەوەی خولی سوپەری ئەوروپییەوە. لە نێوان نوێنەرانی وێفا و چەند ئەندامێکی گرنگی نێو حەوت گەورەکە چەند کۆبوونەوەیەکی نافەرمی ئەنجامدرا.  گێرلینگەر و چەند ئەندامێکی دیکە ڕوویانکردە بنکەی سەرەکی یەکێتییەکە لە (نیۆن – سویسرا)، لەم کۆبوونەوەیەدا وێفا چەندین چارەسەری پێشکەشکرد کە لەگەڵ ویستی یانە گەورەکاندا دەگونجا و لێرەوە گۆڕانی ڕاستەقینە بەڕێوە بوو.

 

لە ٢٥/٨/٢٠١٦، ڕۆمینگە پلانەکەی یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپی لە کۆبوونەوەیەکی (ECA) لە مۆناکۆ پێشکەشکرد. ئەو گووتی کە ڕێکەوتنێک لەگەڵ وێفادا کراوە سەبارەت بە ٣٢ یانە بەشداربووەکەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا. لە کۆبوونەوەکەدا ڕۆمینگە دانی بەوەدا نا کە: پەیوەندی و گەیاندنی زانیارییەکان لە نێو (ECA)دا بەشێوەیەکی گونجاو نەبووە، بەڵام ئەمە گوناهی وێفایە کە ویستوویەتی کۆبوونەوەکان بە تەواوەتی نهێنی بێت.

هاوکات ڕۆمینگە دەڵێت: وێفا داوای لە یانە گەورەکان کردووە هاوکاری وێفا بکەن لە بەڕێوەبردن و دابەشکردنی مافەکانی پاڵەوانێتییەکانیدا. هەروەها لە ساڵی ٢٠١٧وە وێفا بەڵێنی ڕیفۆرمی جدی داوە لە تۆپی پێی ئەوروپیدا کە لەگەڵ دابەشکاریی مافەکاندا، لە ساڵی ٢٠٢١وە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەگەر بە وردی تەماشای گووتەکانی ڕۆمینگە لە کۆبوونەکەی مۆناکۆدا بکەین، دەتوانین لەوە تێبگەین کە چیرۆکی قوڵتر لە پشت بابەتی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ وێفادا هەبووە.

چارەسەرە نوێکانی وێفا تەنها خزمەت بە بەرژەوەندی یانە گەورەکان دەکات. بە گوێرەی بڕیارگەلە نوێکان، یانە گەورەکان پارەی زیاتر وەردەگرن، یەکێک لە مەرجە نوێکان مافی وەرگرتنی داهاتی زیاتر دەبەخشێت بە ئەو یانانەی کە لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا زۆرترین سەرکەوتن و دەستکەوتیان هەبووە لە چامپیۆنزلیگ و یۆرۆپالیگدا.  بۆنموونە ئەمە وادەکات لە وەرزی ٢٠١٨/٢٠١٩ یانەی بایرن میونخ ٣٠ ملیۆن وەربگرێت، ئەمە پێش ئەوەی تەنانەت دەست بە یاریکردن بکات لەو وەرزەی چامپیۆنزلیگدا. هاوکات داهاتی زیاتر دەدرێت بە ئەو یانانەی کە براوەی یارییەکانی چامپیۆنزلیگ دەبن. ئەمەش دیسان خزمەتی زیاتر بە یانە گەورەکان دەکات، چوونکە بەو شێوەیە پارەی کەمتر بە براوەی یارییەکانی یۆروپالیگ دەدرێت کە زۆربەیان یانەی ئاست مامناوەند و بچووکن. ئەمەش وادەکات بۆشایی نێوان یانە گەورەکان و یانە بچووکەکان زیاتر بێت. کاریگەری ئەم گۆڕانکارییانە لەسەر خولی ناوخۆیی وڵاتەکان گەورەتر دەبێت، بەو پێیەی کێبرکێکردن بەتەواوەتی ئاستەم دەبێت بە هەبوونی بۆشاییەکی دارایی گەورەی لەو شێوەیەوە لە نێوان یانە گەورە و بچووکەکاندا.

بەڵام لە ئایندەدا، ڕەنگە هەموو ئەم گۆڕانکارییانە هیچ سوودێکی نەبێت، چوونکە یانە گەورەکان دەسەڵاتێکی دیکەیشیان دەستدەکەوێت. نوێنەرەکانیان چوار کورسی بەڕێوەبەرایەتییان لە نێو وێفادا بەردەکەوێت. بەمانایەکیتر گێرلینگەر، سانلێهی و بێرتۆلا دەبن بە بەشێک لە بەڕێوەبەرەکانی فرۆشیاری وێفا. ئەمەش وادەکات لە ماوەی سێ ساڵی داهاتوودا هەموو بەڵگەنامەکانی فرۆشتن، سپۆنسەرکردن، داهات و خەرجی پاڵەوانێتییەکانی وێفا و بابەتەکانی دیکەی دامەزراندن و ڕێکخستنی خولەکانی وێفا بە تێروتەسەلی بپشکنن. بە کورتی لەبارەی چۆنێتی دروستکردن و بەڕێوەبردنی خولێکی تایبەت بە خۆیان هەموو شتێک فێردەبن.

 کرسیتەر ئۆلسۆنی سویدی سەرۆکی خولەکانی تۆپی پێی ئەوروپی (EPFL) دوای ڕۆژێک لە کۆبوونەوەکەی (ECA) گووتی: ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە لەلایەن وێفاوە و ئێمە دژی دەوەستین. ڕێکخراوەکەی ئۆڵسۆن بەرپرسیارە لە پاراستی بەرژەوەندی ٣٥ خولی ناوخۆیی لە ئەوروپادا. بەگوێرەی ئۆڵسۆن هاریکاری بەڕێوەبردن لەنێوان وێفا و (ECA)دا یەکەم هەنگاوە بۆ دروستکردنی خولێکی تایبەت بە یانە گەورەکان. هاوکات کریستیان سایفەرتی سەرۆکی بۆندسلیگا بە هەمان شێوە تووشی سەرسوڕمان بوو، لە کاتی بیستنی هەواڵەکەدا و ئاماژەی بەوەدا کە یەکەمینجارە پلانێکی لەو شێوەیە ببینێت.

دوای چەند ڕۆژێک، سکرتێری سەرۆکی (EPFL) یاداشتنامەیەکی ١٠ پەڕەیی دەرکرد لە ژێر ناونیشانی: (چاوخشانێک بە دۆخە یاسایی و سیاسییە هەنووکەییەکانی وێفادا)، لە یاداشتنامەکەدا تێڕوانینی EPFL  زۆر مەترسیدارتربوو لەوەی کە پێشتر ئۆڵسۆن باسی کردبوو. لە یاداشتنامەکەدا هاتووە کە (گۆڕانکارییە یاساییەکان، لە ئەنجامی ئەو گوشار و هەڕەشانە هاتە بەرهەم کە یانە گەورەکان بە هاوکاری هەندێک دەستی ناوەکی، خستیانە سەر وێفا٫ ئەمەش بەهۆی هەبوونی بۆشایی دەسەڵات لەنێو یەکێتییەکەدا.)

 

یازدە دامەزرێنەرەکە

سەرەتای مانگی دەیە، مایکل گێرلینگەر سەرۆکی بەشی یاسایی بایرن موینخ لە نوسینگەکەی خۆی لە بنکەی سەرەکی یانەکە لە میونخ دانیشتووە. سەر مێزەکەی و تاقەکەی پشتەوەی پڕە لە بەڵگەنامە و فایلی گرنگ.  گێرلینگەر دەلێت بەدرێژایی دانوستانەکان، تەنها بیری لە (سەربەخۆیی) یانەکان کردووەتەوە و هاوکات لەوەی کە وەرگرتنی چەند کورسیەکی بەڕێوەبردن  بۆ یانەکان لە نێو وێفادا کارێکی ناوازەیە.

لەبارەی بیرۆکەی جێهێشتنی بۆندسلیگاوە دەڵێت: ئەوە تەنها بیرۆکەیەک بوو، دەبوو هەموو هەڵبژاردنەکانی خۆمان بەجوانی هەژماربکردایە، بەڵام هیچ کەسێک بە ڕاستی بیری لەو هەنگاوە نەکردبووەوە. گێرلینگەری پارێزەر لە بەردەوامی قسەکردنیدا دەڵێت: بەڵام (بیرۆکەی خولی سوپەری ئەوروپی بە تەواوەتی جیاوازە)،  چوونکە (کۆمەڵێک یانەی گەورە بەرامبەر یەکتر یاری دەکەن، ئەمە وادەکات بازرگانیی تۆپی پێ بچێتە قۆناغێکی تەواو جیاوازی ئاست بەرزەوە.) یانەی بایرن میونخیش دەبێت بەشێک بێت لەو پاڵەوانێتییە. گێرلینگەر بەردەوام دەبێت و دەڵێت: (بەڵام کارل هاینز ڕۆمینیگە پڕۆژەی خولێکی تایبەتی لەو شێوەیەی بەدڵ نەبوو، هەمیشە پێداگیری دەکرد لەسەر چارەسەکردن و ڕێککەوتن لەگەڵ وێفادا.)

ئایا خولی سوپەری ئەوروپی بە تەواوەتی مرد؟ گێرلینگەر دەڵێت: (هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی لە خولی سوپەری ئەوروپی بترسیت، دەکرێت خولی سوپەری ئەوروپی لە ئێستادا لە هەموو کاتێک زیاتر دووربێت لە ژیانەوە.) لە ئێستادا گوووتووبێژ لەگەڵ وێفادا بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی شێوازێکی نوێی بەڕێوەبردنی پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکان لە ساڵی ٢٠٢٤وە.

لەبەرامبەردا لە ئیسپانیا چەند لایەنێک، بۆچوونی جیاوازیان لەوبارەیەوە هەیه. شەوی ٢٢/١٠ ڕیاڵ مەدرید پۆستێکی ئەلکترۆنی بە ناونیشانی (پێشنیاری سەرەتایی بۆ ڕێککەوتننامەی شازدەکە) پێدەگات. نامەکە لەلایەن یەکێک لە سپۆنسەر و هاوبازرگانە گەورەکانی یانەکەوە نێردراوە بۆ سەرۆکی یانەکە (فلۆرێنتینۆ پێرێز) و پێشنیار دەکات  یانەکە کار لەسەر پڕۆژەیەکی گەورە بکەن.

پۆستە ئەلکترۆنییەکە فایلێکی ١٣ پەڕەیی لەگەڵدا نێردراوە (فایلی مەرجەکانی پڕۆژە)ی دروستکردنی خولی سوپەری ئەوروپی لەلایەن ١١ یانەی گەورەوە. ئەگەر هەموو کارەکان بەگوێرەی مەرجەکانی نێو فایلەکە بەڕێوەبچێت، چامپیۆنزلیگ لە وەرزی ٢٠٢١دا بەتەواوەتی لەناودەچێت و ١١ گەورەترین یانەکەی ئەوروپا جیادەبنەوە و خولێکی تایبەت بەخۆیان دروست دەکەن. ١١ یانەکە ڕووبەڕووی دابەزین نابنەوە لە خولەکەوە، بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ کورسی پارێزراویان دەبێت لە خولەکەدا. ٥ یانەی دیکە وەکوو (میوان) بەشدار دەبن لە خولەکەدا،  بەمانەیەکیتر خولەکە لە ١٦ یانە پێکدێت.

Foto: Benedikt Rugar/ DER SPIEGEL

بەڵگەنامەکانی پڕۆژەکە بە تەواوەتی دەبێت بە نهێنی بپارێزرێت. وادەی ئیمزاکردنی پڕۆژەکە بۆ مانگی ١١ی٢٠١٨  دیاریکراوە، بەلام ڕۆژەکە هێشتا نەنوسراوە.

١١ یانەی دامەزرێنەری خولەکە کە هەرگیز ڕووبەڕووی دابەزین نابنەوە بریتین لە: ڕیاڵ مەدرید، بەرسێلۆنا، بایرن موینخ، مانچستەریۆنایتد، ئەی سی میلان، یوڤانتووس، پاریس سانت جێرمان، مانچستەرستی، لیڤەرپوول، چێڵسی و ئارسناڵ.  حەوت گەورەکە لێرەیشدا ئامادەن. پێنج یانە میوانەکە بەگوێرەی بەڵگەنامەکان بریتین لە: ئەتلەتیکۆ مەدرید، ئۆلۆمپیک مارسیلیا، بروسیا دۆرتمۆند، ئینتەرمیلانۆ و ئەی سی ڕۆما.

 

١١ یانەکە کۆمپانیایەک لە ئیسپانیا ناونووس دەکەن بۆ دامەزراندن و بەڕێوەبردنی خولی سوپەری ئەوروپی. پاڵەوانێتییەکە بە دوو قۆناغدا تێپەڕدەبێت، قۆناغی کۆمەڵەکان و قۆناغی دەرچوون و مانەوە.  خولێکی دیکەیش لە ژێرەوەی خولی سوپەری ئەوروپی ئەگەری دروستکردنی دەبێت. لە خولەکەی دیکەدا لە کۆتای وەرزدا دەکرێت باشترین یانەکانی ئەو خولە لەبەرامبەر یانە میوانەکانی خولی سوپەری ئەوروپی یاری بۆ بردنەوە و سەرکەوتن بکەن بۆ خولی سوپەری ئەوروپی لە وەرزی داهاتوودا. بیرۆکەی پڕۆژەکە بەتەواوەتی لە خولی باسکەی ئەوروپاوە وەرگیراوە، بە هەندێک دەستکارییەوە بۆ ئەوەی یاساکانی کێبڕکێی ئەوروپی نەشکێنن.

بەڵگەنامەکان ناوی ئەو ئەندامانەش دیاری دەکات کە دەبنە خاوەنی پشک لە خولەکەدا. ڕیاڵ مەدرید دەبێتە هەڵگری ١٨،٧٧ لە پشکەکان، بارسێڵۆنا ١٧،٦١ مانچستەریۆنایتد ١٢،٥٨ و بایرن موینخ دەبێتە خاوەن چوارم گەورەترین پشکی خولەکە بە ٨،٢٩ لە سەدا. لە تەواوی بەڵگەنامەکانی پڕۆژەکەدا یەکجار ناوی وێفا نەهێنراوە.

کاتێک پەیوەندیمان بە کۆمپانیای خاوەن بیرۆکەی پڕۆژەکەوە کرد و دواتریش دەربارەی هەمان پڕۆژە پرسیارمان لە سەرۆکی یانەی بروسیا دۆرتمۆند (یۆاکیم ڤاتزکە) کرد، هیچ لایەنێکیان ئامادەی قسەکردن نەبوون لەبارەی ئەو بەڵگەنامانەوە، بەڵام ڤاتزکە گووتی: قسەکردن لەسەر خولی سوپەری ئەوروپی لە ئێستادا بەردەوامی هەیە و هەندێک یانەی گەورە کار لەسەر پڕۆژەکە دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا پلانەکان هێشتا بەگوێرەی پێویست پڕاکتیکی نین و تەنها بیرۆکەن، چوونکە هێشتا پرسیارێکی هەستیار وەڵامنەدراوەتەوە کە ئایا خولی سوپەری ئەوروپی (لەگەڵ) یان (لەبری) خولی بۆندسلیگا و خولە ناوخۆییە باڵاکانیتر ئەنجام بدرێت؟ جگە لەمە،  پێویستە “بروسیا دۆرتمۆند هەموو هەڵبژاردەکانی خۆی بە کراوەیی بەجێبهێڵێت و لە ئەگەری دروستبوونی خولێکی لەو شێوەیە، دۆرتمۆند پێویستە بەشداری تێدا بکات.”

لەبەرامبەردا مایکل گێرلینگەر و کال هانز ڕۆمینگە داوایان لە ژووری ڕاگەیاندنی یانەکە کردبوو بە نامەیەک وەڵامی پرسیارەکانمان بدەنەوە، لەبارەی خولی سوپەری ئەوروپی و ڕێککەوتننامەکانی کۆمەڵگا نهێنییەکەوە:(یانەکە بە هیچ شێوەیەک ئاگاداری فایل و ناوەڕۆکی پڕۆژەی یازدە یانەکە نییە. هاوکات لە پەیڕەوی بایرن میونخدا نییە دەربارەی کۆمەڵێک گفتوگۆی نهێنی قسە بۆ ڕاگەیاندن بکات…)

 

سەرچاوە

هەفتەنامەی دێر شپیگل

2018

Documents Show Secret Plans for Elite League of Top Clubs – By DER SPIEGEL Staff

ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.
هاوپۆلی بابه‌ت
error: Content is protected !!