برینێکی شێرپەنجەییم ھەیە

فرانسیس به‌یكن - ١٩٥٢ فۆتۆگراف: John Deakin
313

کوا ژیان گرفتێکی ھەیە

ڕۆژەکان وەک یەکن

شەوەکان بە ھەمان شێوە

ئەوەی برینی زەوییە، مرۆڤە.

 ***

مرۆڤ تاعوونی زەوییە.

مرۆڤە کابووسە بۆ ژیان.

بۆ باخچە و، دارسنەوبەرەکان!

 ***

فرانسیس به‌یكن – ١٩٥٢
فۆتۆگراف: John Deakin

من زۆر ھیلاکم لە ڕووی جەستەوە نا،

لە ڕووی یەک ھۆکارەوە، ئەویش ئەوەیە مرۆڤم!

حەزم دەکرد بۆق بومایە

کیسەڵ، سیسارکە، مێروولە، یان ھەنگ بوومایە؛

خزمەتی زۆر شتم دەکرد.

کە مرۆڤم ناتوانم باش بژیم.

 ***

ھەڵبەتە ھۆکارەکە ئەوەیە برینم زۆرە.

سێ ساڵە تەنیام

شەش ساڵە ڕادەکەم و، ژیانی وەستاوی خۆم نەگۆڕە.

ئەگەر شەو ڕێگەی بدابام،

خوام بە نوکتە دڵخۆش دەکرد

مانگم دەھێنایە قاقا.

ئەستێرەکانم بە قاوەی عەرەبی دەھێشتەوە.

تا بەرگەی شەوە گرنگەکانی من بگرن.

تەنھا تیشکی سبەینانم نەدەویست!

ئەگەر برینەکانم خواستیان بە ڕۆشنایی نەدەبوو،

چیمدابوو لەم قەڵەباڵغیەی ڕۆژ،

لە مرۆڤ، لە چایخانەی شەعب،

لە باخی گشتی و، لە کتێبخانەکانی ناو شار.

لە بەتفەڕیان،

لە خووی ھەمیشەییان

تکایە بمبەنەوە بۆ ئێواران،

با لەگەڵ برینەکانمدا دەرمان بخۆم.

***

سێ كاره‌ – فرانسیس بیكه‌ن- ١٩٨٣

با لەگەڵ ڕۆژە لە دەستچووەکانمدا سیگار لە دوای سیگار بکێشم.

ڕازیم بەوەی ڕادەستی پاسدارێکم بکەن بە تاوانی کێشانی دەرمان،

بە تاوانی ڕەخنە لە دەسەڵات،

بە تاوانی ئەوەی تۆ بتەوێت چی بڵێیت،

بەس لەگەڵ ڕۆژدا ڕاممەھێنن؛

تکایە با مرۆڤی ڕۆژ بەرمنەکەوێت.

مرۆڤەکانی شەو ڕازگۆن،

چوونکە برینی ڕاستەقینەیان ھەیە.

لە شەودا ھیچ برینێک لە برینی ئەویدی ناچێت.

 ***

شەوان… ھەندێک برین ھەیە درەنگ دەگات،

ھەندێک برین ھەن، زوو دێن و درەنگ ساڕێژ دەبن.

برینەکان ساڕێژ نابن،

برینەکان تا دێن سپێدان زووتر جێت دەھێڵن.

برینەکان زۆر بە وەفان بۆ کولاندنەوە.

من برینێکی شێرپەنجەییم

تا ئازاری جەستە مابێت ساڕێژ نابێت.

***

ھەندێک ھاوڕێم ھەن،

ھەمان لە یەکچوونی برین ھاوبەشە لە نێوانماندا.

زۆرجار بەوە دڵ خۆشیان دەکەم و، دەڵێم:

لە فرۆشتنی جۆرە جیاوازەکانی دەرمان،

ھەر جۆرە و بە نرخێكی ھەرزان دەدەم بە ھاوڕێکانم،

بۆ نموونە:

ئەو ھاوڕیانەم کە برینیان زۆرە،

کراکم بە “٢٥” ھەزار تمەن دەدانێ!

ئەوانەیشی برینی سادە و ساکاریان ھەن،

شیشەم دەدانێ بە “١٠” ھەزار تمەن،

بۆ ئەوەی بەیانی زوو بەخەبەربێن.

ئەو جۆرەی کە وەک من برینی شێرپەنجەیان ھەیە:

ئەو جۆرە دەرمانەم دەدانێ…

کە جەستە وەک گەڵای پاییزان ھەڵدەوەرێنێت!.

2017

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین

You might also like More from author

Comments are closed.