ئیلکا بێکەر؛ جێندەر و ڕەخنەی پێشاندان

کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە – لێکسیکۆنی تێگەکانی هونەری هاوچەرخ – به‌شی یه‌كه‌م

Zoe Leonard, The Fae Richards Photo Archive, 1993-1996
109

تیۆریڤانی ئەمەریکیی فیلم تیڕیزە دی لۆڕێتیس ناوەڕاستی هەشتاکان (تێگەی جێندەر) ی هێنایە نێو ئەو دانوستاندنەوە کە لەبارەی “نێرینەیی” و “مێیینەیی” بەرخرابوو. دی لۆڕێتیس هاوکات بەو کارە ڕەخنەی گرت لە هزری فێمینیزم ی حەفتاکان کە جەختی لە جوودایی ڕەگەزەکان دەکرد. “جێندەر” واتای ڕەگەزی سۆسیال دەگەیەنێت و جەخت لەوە دەکات کە تێگە ڕەگەزییەکان سۆسیۆکولتوورییانە بونیادنراون، ئەوەش بە پێچەوانەی “سێکس”ەوە (جنسەوە)، واتا بە پێچەوانەی ڕەگەزی بیۆلۆگییەوە. لێ ئەو فێمینیزمە کە جەختی لە جوودایی دەکرد، بە دیدی دی لۆڕێتیس کەسان بەند دەکات بە شوناسێکی نێرینەیی یان مێیینەییەوە، لێرەشدا دەبێژێت، کە ئەم شوناسانە دراوی سروشتین و چواندنی گشتییان (یونیڤێرسالیان) هەیە. گومانی تێدا نییە ئامانجی فێمینیزم لەم هەڵوێستەیدا گرتنی ڕەخنەی فێمینیستی بوو لە پەیوەندییەکانی دەسەڵات، لێ سەرەڕای ئەو ڕەخنانە وا دەردەکەوت، بەدەگمەن دەست برابێت بۆ ئەو پێشترییە کە درابوو بە “هێتەرۆسێکسوالێتیی ناچارەکی” (ئەیدرییەن ڕیچ) و دووڕەگەزێتی. جگە لەوە شێوازی دیکەی ژیان کە لە دیدی هێتەرۆسێکوالێتی و دووڕەگەزێتی لایان دەدا، بە شارراوەیی دەهێڵرانەوە، هەروەها تا ڕادەیەکی زۆر ڕەچاوی ئەوەش نەکرابوو کە تێڕوانینە بنەڕەتییەکانی مێیینەیی و نێرینەیی هەمەلایەنێتییەکی کولتووریانە لە خۆ دەگرن. فەیلەسوفی ئەمەریکی جودیس بەتلەر لە نەوەدەکاندا ڕەخنەی گرت لە جیاوازیکردنی نێوان “جێندەر” و “سێکس/ڕەگەز”، هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە دا کە تێگە بیۆلۆگییەکان دەرئەنجامی هزرینی لۆگیکییانەن. کۆنسێپتەکەی بەتلەر گوڕی دایەوە بە وەرگرتنی (ڕێسەپسیۆنی) فێمینیزم لە کۆنتێکستی هونەردا.

بەرهەمهێنان و وەرگرتنی هونەر هەروەها ئەم لایەنانە لە خۆ دەگرن: پێکهاتەی زانین-دەسەڵات، ئاڕاستەدانی ڕەگەزی سۆسیال (جێندەر) و پێشاندانی (Repräsentation) ئەو ڕەگەزە، ئەویش لەو شێوەیەدا کە چۆن پێشاندانەکان لە چێکردنی کۆمەڵایەتییانەی جێندەردا بەشداری دەکەن. لە ڕووی پێوارەوە (نۆرمەوە)، هەروەها لە ڕووی نەریتەکانی وەرگرتنی هونەرەوە، وێنە کەمتر پێشاندەرە (ڕێپرێزەنتاتیڤە)، بەڵکو پتر بەرهەمخەرەوەیە (پرۆدوکتیڤە). ئەمە زانینێکە لەمەڕ کارایی وێنە کە لە دروستکردنی ڕەگەزەکاندا هەیەتی، ئەم زانینەش لە حەفتاکان بەدوواوە لە هونەردا چۆتە نێو ئەو ستراتیژییانەی ڕەخنەگرتنەوە لە پێشاندان، کە خۆیان بەم پرسیارەوە خەریک دەکەن: ئایا نەریتە هونەرییەکانی وێنە، هەروەها نەریتەکانی وێنە لە میدیا جەماوەرییەکاندا، چە سەرەنجامێکی (بەرهەمێکی) سیاسی-ڕەگەزییان هەیە؟ کاتێک مرۆ لێرەدا لە ڕەگەزەکان دەتوێژێتەوە، ئەوا لێرەدا وەک سەرەنجامی پێشاندانە میدیاییەکان وەریاندەگرێت، سەرەنجامەکانیش فرەچەشنن، وەک: داڕشتن، میدیا (واتا “ژن-وەک-وێنە”)، سەرەنجامەکان هەروەها وەک وەرگری رۆڵی نوێنەرایەتیکردن دەردەکەون. بۆیە ئاشکرایە کە بۆچی مۆنیکا شپڕیوت و ڕۆزێماری تڕۆکل بە گۆڤارەکەیان (Eau de Cologne (1993-1983)) دەرفەتیان بۆ هونەری ژنان ڕەخساند کە پتر لە نێوەندی هونەرگێڕیدا (Kunstbetrieb) ئامادەیی هەبێت. هەروەها ‘Künstlerhaus Stuttgart’ (خانەی هونەرمەندان لە شتوتگارت) ساڵی 1992 “خزمەتگوزاریی ئینفۆرماسیۆن” (Informationsdienst) ی وەک ئەڕشیڤێکی دۆکومێنتکردنی هونەری هاوچەرخی ژنان دامەزراند، ئەوەش بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لەدژی بەشداریپێکردنی کەمی ژنان لە ‘دۆکومێنتا ی 9’دا. جگە لەوە بەرهەمهێنانی هونەر لە لایەن ژنانەوە هاوشانی نمایشکردنی نەبوو لە پێشانگەکاندا، ئەم ناهاوتاییەش وای کرد کە گرووپی گێریلا گوێڕلس (Guerrilla Girls) ساڵی 1989 لە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا چالاکییەکی پلاکاتی ئەنجام بدات. گرووپەکە لەو چالاکییەدا دەپرسێت: “Do women have to be naked to get into the Met. Museum?” (“ئایا دەبێت ژنان ڕووت بن بۆ ئەوەی بتوانن بێنە نێو مۆزەخانەی مێترۆپۆلیتانەوە؟”). ئەوجا لە نەوەدەکاندا پێنج ژنە بەرهەمهێنەری کولتوور هەروەزییەکیان بە ناوی ‘V-Girls’ پێکهێنا: ژنەکان لە چالاکیی جیاوازی سیاسیدا بەشدارییان کرد، ئەوان هەروەها نووسەر و ڕێکخەری پێشانگە بوون، جگە لەوە ستراتیژیانە ژیانی کۆمەڵایەتی و تایبەتیان پێکەوە گرێ دا تاکو گەرەنتی بە دەرکەوتوویی کولتووریانەی ژنان بدەن و جێ بۆ دانوستاندنی فێمینیستی واڵا بکەن.

 

بۆ ئەو دەستپێکانە کە خۆیان ڕەخنەییانە بە کێشەی پێشاندانەوە خەریک دەکرد، هەمیشە پرسیارێکی نێوەندی لەگۆڕێ بوو کە ئاڕاستەی ئەم کێشەیە دەبۆوە: شێوازەکانی کارکردنی هونەری ڕەخنە لە نموزەجەکانی  پێشاندان دەگرن، لێ ڕەخنەکەیان لە لایەنی خۆیەوە پێوارە (نۆرم) چێدەکات. لێرەدا پرسیارە کرۆکییەکەی ئەو دەستپێکە ڕەخنەییانەی پێشاندان بریتییە لە: ئایا چۆن شێوازەکانی کارکردنی هونەری بەرەنگاری ئەنجامە نۆرمچێکەرەکانی خودی ڕەخنەکەیان دەبنەوە؟ ئاخر ڕەخنە ئەو ڕەهەندەشی هەیە، کە کاتێک ئەو دژی پێوارەیەک دەوەستێتەوە، ئەوا دەبێت پێوارەکە دەرببڕێت، بەمەش بەرجەستەی بکات. گەر لەم ڕووەوە بڕوانین، ئەوا شێوازی جیای کارکردنی هونەری دەبینین کە خۆیان سەربەخۆ لە یەکدی بە کایەی ڕەخنەی پێشاندانەوە خەریک دەکەن و تەنانەت مێژووییانە شیاوی یەکخستن نین. ئەم کێشەیە بە نموونەی فۆتۆگرافییە سورڕیالیستییەکانی ژنە هونەرمەند کلوود کا (Claude Cahun) ڕوودەبێتەوە کە لە هەشتاکاندا سەرلەنوێ ئاشکراکرانەوە. کا لە پرسی ڕەخنەی پێشانداندا لە پێش سەردەمەکەی خۆیەوە بوو. ئەو لە بیستەکان و سییەکاندا چەند خۆنمایشکردنێکی لە شێوەی خۆگۆڕین/تەنەکور (Maskerade) و پۆزلێداندا تۆمار کرد و داڕشتنەکان تەمسیلی ناوەرۆکەکانی پیاوەتی دەکەن. کارەکەی کا بە شێوەیەکی تایبەتی ئەدگارەکانی سەبژێکتبوونێک پێشان دەدات کە هونەریانە نمایشکراوە، یان وەک لۆڕا کۆتینگهام دەبێژێت، کا ئەم ئەدگارانەی سەبژێکتبوونی هونەری “نمایش ناکات وەک هەوڵێکی ئاگامەند بۆ ئەوەی وەک پیاو مامەڵەی لەتەکدا بکرێت، بەڵکو دەیخاتە بەرهەڵستییەوە لەدژی هێما باوەکانی شێوازی دەرکەوتنی مێیینەیی”.

 

Felix Gonzalez-Torres, Untitled, 1991

 

ساڵی 1974 دیالۆگێکی هونەری لە نێوان ڕۆبێرت مۆڕیس و لیندا بێنگلیسدا ڕوونی کردەوە کە تا چەند دەشێت ناوەرۆکەکانی “پیاوەتی” بگۆڕ بن. مۆڕیس هەوڵ دەدات لە گالەرییەکانی لیۆ کاستێلی و ئیلینا زۆنئابند لە نیویۆرک پێشانگەیەک بکاتەوە، ئەوجا پێشانگەکە بە پۆستەرێکی خۆی ڕادەگەیەنێت: مۆڕیس پۆزی شانازی پیاوانە لێدەدات و ئاماژە بۆ هێماکانی سادۆمازۆخیزم دەدات، ئەوەش بە خوددەی سەربازی و ملوانکە و زنجیر و چاویلکەی تیشکگرەوە دەکات، کە پێکڕا نەک تەنیا “نێرینەیی باڵا / هیوپەرماسکولینێتی” (ئامیلییا جۆنس) دەردەبڕن، بەڵکو هەروەها هۆمۆسێکسوالێتیش. لێ لیندا بێنگلیس وەک ڕەتدانەوەیەک لەسەر ئەم تەنەکورە نێرینەییەی مۆڕیس پێگەیەکی دیکە وەردەگرێت: ئەم بە شێوەیەکی گاڵتەئامێزی هێرشبەر نەریتە فۆتۆگرافییەکانی پێشاندان پێچەوانە دەکاتەوە، ئەویش بەم شێوەیە: بێنگلیس لە شێوەی “ڕێکلام”ێکدا کە ساڵی 1974 لە گۆڤاری ‘ئاڕتفۆروم’ (Artforum)دا بڵاوکرایەوە، لەشی خۆی بە ڕووتی و پۆزلێدانی پیاوگەرییەوە، هەروەها بە لەشێکی چەورکراوی فێتیشیستی (ئارەزووبزوێن) و کێرێکی دەستکردی گەورەوە نمایش کرد. بێنگلیس بەم نمایشە نەک تەنیا داڕشتنە سێکسیستییەکانی مێیینەیی ناچالاکی خستە ژێر پرسیارەوە، بەڵکو هەروەها پێگەی وێنەی پەیوەند بەو کۆنتێکستەوە کرد بە بابەت کە وێنە خۆی تێدا دەبینێتەوە. مێژووناسی هونەر زیگرید شادە ڕوودەکاتە ئەم جۆرە تێڕوانینە بۆ پێشاندانی ڕەگەزەکان و دەپرسێت: “ئایا لە کۆمەڵگەیەکدا چە وێنەیەکی مێیینەیی وەک دەرخستەی (عەرزی) شوناس بەرهەمدەهێنرێت؟”، ئەوجا وەڵام دەداتەوە: “مەسەلەکە ئەوەیە کە پێشاندانی ڕەگەزەکان میدیاییانە دیاریکراوە. ئەمە بۆ نموونە ئەو واتایە دەگەنێت کە مێیینەیی لە وێنەی ئیدیالی (نائاسایی) ‘تایبەتی’دا پێناسە ناکرێت، بەڵکو پێگەی مێیینەیی تەنیا وێنە-بوون-ە (Bild-Sein)، لێرەشدا مێیینە وێنەیە بۆ دیدێکی غائیب، واتا ڕووبەرێکە کە وێنەی لەسەر دەدرێتەوە”.

 

هەندێك دەستپێکی ڕەخنەیی پێشاندان کە لە هەشتاکان و نەوەدەکاندا هاتنەئاراوە، لایەنێکی هاوبەشیان هەیە: هەموویان بەتەواوەتی لەوە دەتوێژنەوە کە داخۆ چۆن تێگەی وێنە و جێندەر پێکەوە گرێ بدرێن. ڤیکتۆر بیورگن وای دەبینێت کە فۆتۆگرافی پراکسیسێکی واتاچێکەرە و بە کولتووری نووسینەوە تێوەگلاوە. بیورگن بە یاریدەی فۆتۆگرافی لەوە دەتوێژێتەوە کە داخۆ چە پەیوەندییەک لە نێوان دەسەڵات و سێکسوالێتیدا هەبێت. لەم پەیوەندییەدا مێژووناسی هونەر کەیت لینکەر دەبێژێت: ئەو کارە ڕەخنەییانە کە بیورگن لە وێنەکانی ڕێکلام و مۆدەدا کردوونی، ئاشکرای دەکەن کە فۆتۆگرافی و بەکارهێنانی کۆمەڵایەتیانەی تەنیا “ئامرازێکی ئیدیۆلۆگیانە ی هێتەرۆسێکسیستی”ن. جگە لەوە باڕباڕا کریوگەر لە پلاکات و لەوحەپلاکاتە (Billboard) دروشمئاساکانیدا چالاکیی نووسین و لەتکردنی وێنە پێکەوە گرێدەدات. ئەو بە لەتکردنی وێنە دەیەوێت ئاستەنگ لە بەردەم ئەو وەهمەدا چێبکات کە گۆیا ژن سەرجەمییانە شیاوی پێشاندانە. لەتکردنی وێنە لای کریوگەر هەروەها ئەو تێزە بەهەند وەردەگرێت کە لاورا مەڵڤای ناوی دەنێت “دیدی پیاوانە”ی دروستکەری بابەتی پەرستن (فێتیش)، ئەمەش دیدێکە کە لەنێو دەرککردنی کولتووریانەماندا چەسپیوە. بۆ نموونە لەسەر یەکێک لە پلاکاتەکانی کریوگەر نووسراوە: “Your gaze hits the side of my face” (“دیدی تۆ ڕوخسارم دەهەنگێوێت / لە ڕوخسارم دەدات”). ئێمە هەروەها پێویستە سیندی شیڕمان وەک یەکێکی سەر بە نەوەی هەشتاکانی ڕەخنەگرانی پێشاندان دابنێین. شیڕمان زنجیرەیەک کار بە ناوی ‘History Portraits’ ئەنجام دەدات. شیڕمان زنجیرە کارەکەی بە مەمکی دەستکرد و پێڕوکە و تەنەکوری پڕموبالەغە دەهێنێتە گۆڕێ و تێیدا گاڵتەجاڕانە لاسایی ئەو نموزەجانەی نیگارسازیی (Malerei) مێژوویی دەکاتەوە کە تایبەتن بە پێشاندانی ڕەگەزیی.

 

ئێمە دەتوانین لەپاڵ “وێنە-بوون”دا واتایەکی دی بە “لەنێو-وێنە-بوون” بدەین و بکەین بە یەکێک لە ستراتیژییەکان دژی وەدەرنانی مێیینە، یان بیکەین بە یەکێک لە پراکسیسەکانی بنیاتنان و دەرخستن کە ژنان خۆیان وەک دیدتێگیراو/نەزرەکراو (Blickträger) ئەنجامی دەدەن. کارەکانی زۆوی لێنارد دژی ستاندارتە ئێتنۆسەنتری و هێتەرۆسێکسیستییەکانی مێژووی کولتووری خۆرئاوا دەوەستنەوە و دەبێژن کە گەرەکە پێداویستی بۆ وێنەی “دیکە” هەبێت. ئەم هونەرمەندە لە ساڵی 1993 تا 1996 گەشەی دا بە زنجیرە فۆتۆی ‘The Fae Richards Photo Archive’. ئەو لەم زنجیرەیەدا ژیاننامەی ئەندێشەیی ژنە ئەکتەرێکی ڕەشپێستی هۆلیوود بەدیدەهێنێت کە لێسپیان (مێباز) بوو. لێ لێنارد بۆ کاری ‘The 1998 Bearded Lady Calender’ بە پێچەوانەوە فۆتۆی ژنە هەڤاڵێکی خۆی گرت بە ڕیشەوە کە هاوکات لە پۆزلێدانی کلاسیکییانەی پین-ئەپ-دا (Pin-Up) هەڵوێستی وەرگرتبوو. زۆوی لێنارد لێرەدا هەڵوێستێکی جیاوازی لە ئانا مێندیتا هەیە کە بۆ کارەکەی بە ناوی ‘Facial Hair Transplant’ (1972) ڕیشی تاشراوی پیاوێکی هەڤاڵی بە ڕوخساری خۆیەوە لکاند تاکو وەک پیاو دیاربدات. ئاخر لێنارد تەنانەت نێرەمووکێتیی بیۆلۆگییانە کە بە “سروشتی” دایدەنرێت، وەک وەهم دەبینێت. لێ فێلیکس گۆنزالێز-تۆڕێس لەم پرسەدا هەڵوێستێکی پێچەوانە وەردەگرێت: ئەم وای دەبینێت، کە ئاماژەدان بۆ کەسانی لێرەنەبوو (غائیب) تاکە شیمانەیەکی گونجاوە بۆ پێشاندان، چونکە لە سەرەتاوە ڕەگەزییانە دیاری نەکراوە و ڕێ دەدات پێداویستیی پەخشێنراو (projiziertes Bedürfnis) بۆ سێکسوالێتیی فرەچەشن (مەڵتیپل) سەرهەڵبدات. بۆ نموونە: گۆنزالێز-تۆڕێس ساڵی 1991 لە فەزای دەرەکیی نێو شاری نیویۆرکدا پلاکاتێکی نمایش کرد کە بریتی بوو لە فۆتۆگرافیی پێخەفێکی چۆڵ و تێیدا ئەسەری دوو لەش دیاربوو.

 

گومانی تێدا نییە کە خۆنمایشکردنە هونەرییەکانی پیاوان لە سەرەتای حەفتاکانەوە گۆڕانیان بەسەردا هاتووە. بۆ نموونە پۆزلێدانی فێمینیستی لای یورگن کلاوکە و ئورز لیوتی دەبینین، یان لای ڤیتۆ ئاکۆنچی و پێتەر لاند دەبینین کە چۆن ئەوان کار لە ترس و وەهمی پیاوانەدا دەکەن. لێ هێشتا هەر ئەو خۆنمایشکردنە هونەرییانەی پیاوان ناتوانن کێشەیەک بشارنەوە و ئەوەیە، کە جارێک ئاندی وارهاڵ پرسیارکەرانە بەم شێوەیە دەریبڕی: “Art, isn’t that a man’s name?” (“هونەر! ئایا ئەمە ناوێکی پیاوانە نییە؟”). لە لایەک ژنانی مێژووناسی فێمینیستی ی هونەر، وەک لیندا نۆچلن و گریزێڵدا پۆلۆک، دەریانخست، کە مەرجێکی پێویست بۆ هەژموونی رێبازە سەروەرەکەی مێژووی هونەر بریتی بووە لە بەدەرکردنی هونەرمەندانی ژن لەو مێژووە، لێ لە لایەکی دی ‘توێژینەوەکان لە پیاوان’ (Male Studies) کە لە هەشتاکان بەدوواوە دەرکەوتوون، وای دادەنێن کە سیاسەتی دژ بە سێکسگەریی و ناباوکسالارییانەی پیاوان زەروورەیەکی کۆمەڵایەتییە، لێرەشدا توێژینەوەکان ئەو جۆرە سیاسەتەیان هێناوەتە نێو دیسکورزەکانی زانستی هونەرەوە. سەرەڕای ئەوە، هاوشێوەی دانوستاندنە فێمینیستییە هەمەلایەنییەکان کە لەبارەی پێگەی ژن ئەنجام دەدرێن، لێرەش سەرجەمێتییە وەهمییەکەی “پیاو” وەک پڕکێشە دەردەکەوێت. ئاخر وەک تیۆریڤان ئیڤ کۆسۆفسکی سەجویک ڕوونی کردەوە، ناشێت نێرینەبوون هەمیشە بە تایبەتمەندیی پیاوان دابنرێت. جگە لەوە وەک گیۆرگ تیلنەر و زیگفرید کاڵتنئێکەر دەبێژن، لەبەر ئەوەی مرۆ نەک تەنیا لە ڕوانگەی هێتەرۆسێکسوێلییەوە، بەڵکو هەروەها لە ڕوانگەی هۆمۆسێکسوێلییەوە لە پیاوان دەتوێژێتەوە، ئەوا توێژینەوەکان لەژێر گرنگیدانی جیاوازی مەئریفەیی و کۆنتێکستی جیاواز (ی سیاسی)دان.

 

ئێمە دەتوانین پەیوەند بەو ڕەخنانەوە کە لە پیاوەتی دەگیرێن، تێڕوانینی هاوشێوە لە پراکسیسی هونەریشدا ببینین. لایڵە ئاشتن هاڕیس چەند خۆنمایشکردنێکی فۆتۆگرافییانەی هەیە کە پۆزەکانیان لە ڕووی سێکسوێلی و نەژادییەوە نوێنراون و هاوکات ناڕسیستییانە دەربڕراون. ئاشتن هاڕیس لەم خۆنمایشکردنانەدا ئەدگارە خۆییەکانی پیاوەتی لە ڕیشە سپی-پێستەکەیان دادەبڕێت کە ڕیشەیەکی دەسەڵاتنوێنە، لێ هاوکات، وەک کۆبینا مێرسەر دەبێژێت، خۆنمایشکردنەکان “تەنەکوری مێیینەیی وەک وروژاندن دەبینن” و سیاسەتی خۆزگەدەربڕینی نێربازانە (شڤول) دەهێننە نێوانەوە. بێگومان ئەو هەوڵانەش کە لە ڕوانگەیەکی هێتەرۆسێکسوێلییەوە لە پرسی “نێرینەیی” نزیک دەکەونەوە، پێویستە لەنێو کۆنتێکستەکەیاندا لێبتوێژرێنەوە، لێ ئەمە هێشتا نەکراوە، بەڵکو هەوڵەکان هێشتا هەر لەو هەڵوێستە پێشتریپێدراوەوە دێنە دەربڕین کە مۆرکی سەبژێکتی پیاوانەی هێتەرۆسێکسوێلییە. گومانی تێدا نییە کە لەم پەیوەندییەدا گۆڕانکاری لە پیاوەتیدا دەبینین و ئەوەش ئەدگاری هەندێک کاری مایک کێلی و پۆول مێک-کارسییە. ئەم گۆڕانکارییە لای ئەوان لە ڕوانگەیەکی دەروونشرۆڤەییەوە (پسیکۆئانالیزەوە) ئەنجام دراوە و تێیدا سنوورەکانی نێوان کارکردن لە تراومادا، هەروەها پێڕابواردن و ڕەخنە دەسڕرێنەوە. ئەمە بۆ نموونە لەو پێرفۆرمانسە ڤیدیۆییەدا بە ناونیشانی ‘هایدی’ (Heidi/1992) دەردەکەوێت کە پێکەوە ئەنجامیان دا: ئەوان ژیانی هارمۆنیانەی گوند کە لە چیرۆکی هایدیدا داڕێژراوە، وەردەگۆڕن بۆ ژینگەیەکی ترسناک (رعب)ی شیزۆفرێن کە تێیدا سێکسوالێتی باڵادەستە. جگە لەوە پێتەر لاند کە ئەویش خۆی بە ڤیتۆ ئاکۆنچی و کێلی و مێک-کارسییەوە گرێ دەدات، لە پێرفۆرمانسە ڤیدیۆییەکەیدا بە ناونیشانی ‘Peter Land, 5. Mai 1994’، ستریپتیسێک بە لەشی گرژ و بزووتنی ناشییانە ئەنجام دەدات. لاند لەم کارەیدا لە پرسی جیاواز دەتوێژێتەوە، وەک: مەرجە بنەڕەتییەکانی خۆبینینی هێتەرۆ-پیاوەتی، پەخشکردنەوەی ئەو خۆبینینە بۆ سەر ژنان، ئەوجا ئیدیالەکانی جوانی کە وەک ڕێنوما لە وێنەکانی ڕێکلامدا سەپێنراون. خۆخەریککردنی هێتەرۆسێکسوێلییانە بە پیاوەتیی قەیراناوییەوە، بۆ نموونە لەو شێوەیەدا کە ساڵی 1994 لە ژمارە تایبەتییەکەی “Masculinity” ی گۆڤاری “ئاڕتفۆروم / Artforum”ی ئەمەریکیدا ڕووی دا، وایان کرد کە لە لایەنی فێمینیستیدا ترس بێتە ئاراوە: ترس لەوە کە گۆیا ئەو جۆرە خۆخەریککردنە هێتەرۆسێکسوێلییانە زۆر جار لە پێناوی بنیاتنانەوەی پیاوەتیی بەگشتی چواندوودا (نۆرماتیڤدا) ئەنجام دەدرێن، نەک جەخت لەوە بکەن کە پێویستە کار بۆ ستراتیژیی دەسەڵاتبەردانی پیاوان یان دابەشاندنی دەسەڵات بکرێت. سەرەڕای ئەوە نابێت مەسەلەیەکمان لەیاد بچێت: دەربڕینی هونەریی جیاواز کە لە کرۆکەوە شێوێنەرانە بنیاتنراون، دەتوانن ڕێخۆشکەربن بۆ ئەوەی پیاوەتیی بەگشتی چواندوو “لەنێو نادیارییە دیسکورزی”یەکەیەوە (ئابیگێل سۆلۆمۆن-گۆدوو) دیار بدات. ئەو کارە هونەرییانە کە پیاوەتیی هێتەرۆسێکسوێلیانەی ناسەقامگیر یان شکاو دادەڕێژن، هاوکات لە ڕووی سۆسیۆکولتوورییەوە وەک بەبەرهەم دەردەکەون، هەروەها کارەکان دەریدەخەن کە پێویستە جەخت لە پرسێکی دی بکرێت: “هەڵوەشاندنەوەی تێگەی شوناسچێکەری پیاوەتی کە هاوکات ڕێکخەری کۆمەڵگەیە” (گیۆرگ تیلنەر و زیگفرید کاڵتنئێکەر)، نابێت تەنیا بە ئەرکی کەسانی نا-هێتەرۆ-پیاویی دابنرێت.

 

فەرهەنگۆک

دەروونشرۆڤە: (پسیکۆئانالیز) ئەو ئاڕاستەیەی پسیکۆلۆگییە کە زیگموند فرۆید گۆڕانی پێدا.

ئێتنۆسەنتریزم: شێوەیەکی توندڕەوی ناسیۆنالیزمە کە گەلی خۆ وەک نێوەند دەبینێت و دەیخاتە سەرووی گەلانی دیکەوە.

دووڕەگەزێتی: جێندەر “پیاوەتی / پیاوبوون” و “ژنێتی / ژنبوون” بە وەهم دادەنێت و دووڕەگەزێتی (نێر و مێ) وەک پێوارەی (نۆرمی) کۆمەڵگە هەڵدەشێنێتەوە. جێندەر هەموو خواستێکی سێکسییانە وەک ئاسایی دادەنێت.

فەزای دەرەکی: هەر فەزایەک کە هاوشێوەی فەزای گوزەران یان داخراوی نێو ماڵ نییە، بەڵکو بە کراوەیی لە بەردەم هەر جۆرێکی کەشی لەبار و نالەباردا لەگۆڕێیە.

هێتەرۆسێکسوالێتیی ناچارەکی: ئەم تێگەیە هۆزانڤان و ڕەخنەگری ئەمەریکی ئەیدریەن ڕیچ گۆڕانی پێدا. مەبەستی تێگەگە ئەوەیە کە هێتەرۆسێکسوالێتی، واتا سێکسوالێتیی دووڕەگەزیی (نێر و مێ) ناچارکەرانە وەک پێوارەی کۆمەڵگە دادەنرێت و ڕەوایەتیی پێدەدرێت.

هێتەرۆسێکسیزم: بریتیە لە سیستەمێکی هزرین و ڕەفتار کە کۆمەڵایەتییانە وەک دامەزراوە زیتکراوەتەوە و سێکسوالێتیی دووڕەگەزیی (نێر و مێ) وەک پێوارە دەسەپێنێت، هاوکات هەموو شێوەیەکی دیکەی خواستی سێکسوێلی (هۆمۆسێکسوالێتی، بی-سێکسوالێتی) وەک نزم دادەنێت و ڕەتدەکاتەوە.

پێداویستیی پەخشێنراو: تێگەیەکی پسیکۆلۆگییە. لێرەدا مرۆڤ ئەوداڵی ئەوەیە کە خۆزگەکانی خۆی لە یەکێکی دیکەدا ببینێتەوە. بۆ نموونە ژنێک وا هەست دەکات کە گۆیا پیاوێکی هاوکاری لە دائیرە خواستی سێکسیی بۆ ئەو هەیە، جا گەرچی پیاوەکە دوورەپەرێزە و پەیوەندیی ناخوازێت. لێرەدا دەشێت وا ببینرێت، کە ژنەکە ئەزرەتمەندییەکەی خۆی بۆ نێو پیاوەکە پەخشاندووە. بڕوانە ڤیکیپێدیا، تێگەی “Projektion”.

پێوارە: نۆرم. رێسایەک کە بەگشتی ناسێنراوە و مرۆڤ گەرەکە بەگوێرەی ئەو ڕفتار بنوێنێت.

پین-ئەپ: “پێداهەڵواسین”. فۆتۆیەکە کە ژنێک لە پۆزی ئێرۆتیکیدا پێشان دەدات و بە دیواردا هەڵدەواسرێت.

سۆسیۆکولتووری: لە سۆسیۆکولتووردا کۆمەڵگە و کولتوور بەچڕی پێکەوە گرێدراون، بەڵام لێرەدا مەبەست لە کولتووری کۆمەڵگە نییە، بەڵکو بریتییە لە کۆی سەرجەم گرنگیدان و پێداویستییە کولتووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی کۆمەڵگەیەک. لەم ڕوانگەیەوە کولتوور، واتا سەرجەمی بەرهەمە هۆشەکی و هونەرییەکانی کۆمەڵگەیەک، رۆڵێکی نێوەندیی لە شێوەداندا بە کەسان و ڕەفتاری ئەوان هەیە.

ستریپتیس: سەمای ئێرۆتیکیی نمایشکراو بۆ نموونە لە مەلها و شانۆکاندا.

شیزۆفرێنی: دەروونی یان کەسێتیی دووبەشبوو.

 

 

 

سەرچاوەکان

Gender Killer. Texte zu Feminismus und Politik, hg. v. Cornelia Eichhorn und Sabine Grimm, Berlin 1994.

– Abigail Solomon-Godeau: Irritierte Männlichkeit: Repräsentation in der Krise, in: Privileg Blick. Kritik der visuellen Kultur, hg. v. Christian Kravagna, Berlin 1997.

Blick-Wechsel. Konstruktionen von Männlichkeit und Weiblichkeit in Kunst und Kunstgeschichte, hg. v. Ines Lindner u. a., Berlin 1989.

Texte zur Kunst (Köln). Nr. 11. 3. Jg., September 1993 („Feminismus§); Nr. 17, 5. Jg., Februar 1995 („Männer“); Nr. 22, 6. jg., Mai 1996 („Sexuelle Politik“); Nr. 42, 11. Jg., Jumi 2001 („Sie kam und blieb“).

– Griselda Pollock: Differencing the Canon. Feminism Desaire and the Writing of Art‘s Histories, London und New York 1999.

October, Nr. 71, winter 1995 (“feminist issues”).

وەرگێڕراوە لە:

Begriffslexikon zur zeitgenössischen Kunst. Herausgegeben von Hubertus Butin. Köln 2006.

تێبینی:

ئەم کتێبە کە لەژێر ناونیشانی “لێکسیکۆنی تێگەکانی هونەری هاوچەرخ”دا بۆ کوردی وەرمگێڕاوە، ‘هیوا فوندەیشن’ سپۆنسەری کردووە. بابەتەکانی لێکسیکۆنەکە، کە لە ‘کولتورمەگەزین’دا بڵاودەکرێنەوە، سەرلەنوێ دەستکاری کراونەتەوە و تەواو جیاوازن لەو نموونەیە کە دراوە بە فوندەیشنی ناوبراو و هەندێک کەس.

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین

 

You might also like More from author

Comments are closed.