به‌شی یه‌كه‌م
چه‌ند ساڵێکه له دونیای هونه‌ری شێوه‌کاری له کوردستان بایه‌خ به هونه‌ری ئینسته‌له‌یشن ده‌درێت. له‌ماوه‌ی دوو ساڵی رابووردوودا کۆمه‌ڵێک به‌رهه‌می ئینسته‌له‌یشن له شاری سلێمانی پێشکه‌شکراون که هۆیه‌کی سه‌ره‌کی بوون بۆ نوسینی ئه‌م بابه‌ته. لێره‌دا من ناتوانم ده‌ستنیشانی مێژووی ئه‌م جۆره کارکردنه له کوردستان بکه‌م و ئه‌وه بخه‌مه‌ڕوو ئه‌م ڕێبازه که‌ی و له‌لایه‌ن کێوه، هونه‌رمه‌ندانی کورد له ده‌ره‌وه‌ی کوردستان یان هونه‌رمه‌ندانی کوردستان، هاتۆته‌کایه‌وه. ئه‌وه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ی بواری ئه‌وه‌م نه‌بووه بۆ ئه‌م نووسینه لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی مه‌یدانی بکه‌م له کوردستان. هه‌ربۆیه‌ش ته‌نها ده‌توانم ئاماژه به چه‌ند پێشانگایه‌ک بکه‌م که خۆم له سلێمانی بینیوومن و چه‌ند پێشانگایه‌کیش که له ڕێگای هه‌ندێک که‌ته‌لۆگه‌وه یان به‌شێوه‌ی تر زانیاریم ده‌رباره‌یان ده‌ستکه‌وتووه.
له مانگی ئۆکتۆبه‌ری ساڵی2004 دا له گه‌له‌ری ئارام له سلێمانی پێشانگایه‌کی ئینسته‌له‌یشن بۆ کۆمه‌ڵێک هونه‌رمه‌ندان سازکرا که بریتیبوون له: ڕۆژگار مه‌حموود، زانا ره‌سوڵ، شیروان فاتح، سۆران ره‌فعه‌ت، نه‌ورۆز مه‌حموود، نه‌رمین مسته‌فا، شێرکۆ عه‌باس، رێبین محه‌مه‌د، ئاڤان عومه‌ر و ڕه‌هێڵ عه‌بدولجه‌بار…ئه‌م هونه‌رمه‌ندانه توانیبویان به‌به‌کارهێنانی که‌ره‌سه و ماتڕیالی جیاواز، بۆ نمونه ئه‌و که‌لوپه‌لانه‌ی مرۆڤ له ژیانی ڕۆژانه‌یدا به‌کاریانده‌هێنێت، جۆرێک له به‌رهه‌می هونه‌ری شێوه‌کاری به‌ئه‌نجامبگه‌یه‌نن که تاڕاده‌یه‌کی زۆر له‌چوارچێوه‌ی وێنه‌کێشان و په‌یکه‌رسازی ده‌چێته ده‌ره‌وه. هه‌ریه‌ک له‌و کارانه‌ی له‌و پێشانگایه‌دا نیشاندرابوون کۆنسێپتی تایبه‌تی خۆی هه‌بوو، هه‌روه‌ک له که‌ته‌لۆگی پێشانگاکه‌دا ئاماژه‌ی بۆکراوه.
جگه له‌و پێشانگایه له مانگی حوزه‌یرانی 2005 دا سێ پێشانگای تریش بۆ به‌رهه‌می هونه‌ری ئینسته‌له‌یشن کرانه‌وه، دوو پێشانگایان له گه‌له‌ری ئه‌منه سوره‌که و هۆڵێکی تری مۆزه‌خانه‌ی ئه‌منه سوره‌که بوون بۆ هونه‌رمه‌ندان؛ زامۆا دارۆغا و نه‌ورۆز مه‌حمود و پێشانگای سێهه‌میان له گه‌له‌ری ئارام بۆ هونه‌رمه‌ند گۆران بابه‌عه‌لی…به‌هه‌مان شێوه ئه‌و ماتریاڵانه‌ی که ئه‌م سێ هونه‌مه‌نده به‌کاریانهێنابوو بریتیبوون له‌و که‌ره‌سانه‌ی مرۆڤ له‌ژیانی ڕۆژانه‌دا به‌کاریان ده‌هێنێت، جا بۆ هه‌ر مه‌به‌ستێک بێت، وه‌ک گه‌نم، لوغم، کاغه‌ز، مۆم، رۆن، بوتڵی غاز، په‌ڕۆ و غه‌را.
به‌گشتی ئه‌و که‌ره‌سانه‌ی بۆ دروستکردنی کاری هونه‌ری ئینسته‌له‌یشن به‌کارده‌هینرێن ڕۆڵێکی ئێستێیتیکی ئه‌وتۆ و وه‌زیفه‌یه‌کی گرنگیان نییه، جگه له‌وه‌ی وه‌سیله‌یه‌کن بۆ به‌رهه‌مهێنانی کاره هونه‌ریه‌که. ئه‌وه‌ی لێره‌دا زیاتر گرنگه کۆنسێپتی کاره هونه‌ریه‌که و ئه‌و بیرۆکه‌یه‌یه له‌پشت کاره هونه‌ریه‌که‌وه هه‌یه.
بۆنمونه هونه‌رمه‌ند زامۆا له‌ڕووبه‌رێكی گه‌وره‌دا له گه‌له‌ری ئه‌منه سووره‌که گه‌نمی ڕۆکردبوو، له‌ناو ئه‌م گه‌نمه‌دا چه‌نده‌ها لوغمی دانابوو. لێره‌دا هونه‌رمه‌ند ئه‌و دوو ماتڕیاڵه‌ی خستۆته ناو کۆنتێکستی هونه‌ره‌وه، که ئه‌مه‌ش خاسیه‌تێکی هونه‌ری ئینسته‌له‌یشنه به‌وه‌ی که ماتڕیالێک که له‌ژیانی ڕۆژانه‌دا وه‌زیفه‌یه‌کی دیاریکراوی هه‌یه، کاتێک له کارێکی هونه‌ریدا به‌کارده‌هێنرێت وه‌زیفه سه‌ره‌کیه‌که‌ی ونده‌کات و ده‌که‌وێته کۆنتێکستێکی هونه‌ریه‌وه و ده‌چێته ناو دونیای هونه‌ره‌وه. له‌لایه‌کی تره‌وه زامۆا ده‌یه‌وێت له‌ڕێگای کاره هونه‌ریه‌که‌یه‌وه شتێک به بینه‌ر بگه‌یه‌نێت. ئه‌و لێره‌دا دوو سرووشتی جیاواز ده‌خاته‌ڕوو که به جۆریک له جۆره‌کان پابه‌ندن به‌یه‌که‌وه. هه‌روه‌ک خۆی له چاوپێکه‌وتنێکدا ده‌ڵێت؛ گه‌نم بریتیه له‌سروشتی یه‌که‌م و مێژوویه‌کی کۆنی له‌گه‌ڵ مرۆڤدا هه‌یه و له‌کاتێکدا که له‌گه‌ڵ مین به‌کار‌هێنراوه سروشتێکی تر وه‌رده‌گرێت، سروشتی دووهه‌م. لێره‌دا گه‌نم سیمبۆڵێکه بۆ ژیان و مین بۆ مردن. مینه‌کانی ناو گه‌نمه‌که هه‌ڕه‌شه‌یه‌کن بۆ مرۆڤ و دایده‌بڕن له گه‌نمه‌که که سه‌رچاوه‌ی ژیانێتی.
له‌کارێکی تری‌دا زامۆا چه‌ند کتێبێکی به‌کراوه‌یی داناوه که باس له فه‌لسه‌فه ده‌که‌ن و هه‌موو ئه‌و نوسراوانه‌ی ده‌بوایه دیاربن ره‌شکراونه‌ته‌وه و پاشان مۆمی توا‌وه‌یان کراوه به‌سه‌ردا. لێره‌دا هونه‌رمه‌ند ده‌یه‌وێت له‌ڕێی به‌کارهێنانی ئه‌و کتێبانه‌ی له‌سه‌ر فه‌لسه‌فه نوسراون و مۆمیان کراوه به‌سه‌ردا، واته له‌ڕێگای لێکدانی ئه‌م دوو ماتڕیاڵه جیاوازه‌وه دژی ئه‌و بۆچوونه بوه‌ستێته‌وه که ده‌ڵێت؛ فه‌لسه‌فه مردووه و باوی نه‌ماوه.
هونه‌رمه‌ند (نه‌ورۆز مه‌حمود) که کۆمه‌ڵێک بوتڵه غازی له هۆڵێکی گه‌وره و چۆڵدا دانابوو و دوو دوو، سێ سێ یان چوار چوار له‌ڕێی بۆریه‌کی پلاستیکه‌وه به‌یه‌کتری گه‌یاندبوون. لێره‌دا نه‌ورۆز وویستویه‌تی له‌رێی کاره هونه‌ریه‌که‌یه‌وه په‌یوه‌ندیه‌کانی نێوان که‌سان بخاته‌ڕوو، ئیتر له‌ڕێی هه‌ر هۆكارێكه‌وه بێت گرنگ نییه. چ لای نه‌ورۆز و چ له لای زامۆئا و دواتر له‌لای گۆرانیش ئه‌وه ده‌بینینه‌وه که ڕه‌نگه ماتریالێکی تایبه‌تی هیچ جوانیه‌کی نه‌بێت و مانایاکی ئه‌تۆش نه‌به‌خشێت، به‌ڵام کاتێک ده‌بێته کارێکی هونه‌ری و هۆكاری گه‌یاندنی جۆره په‌یامێک به بینه‌ر مانا و ئێستێیتیکای خۆی وه‌رده‌گرێت. له‌لایه‌کی تریشه‌وه ئه‌و شێوه مامه‌ڵه‌کردنه له گه‌ڵ ماتڕیاڵدا پرسیار لای بینه‌ر درووستده‌کات و فضولی ده‌کات به‌رامبه‌ر کاره هونه‌ریه‌که. لێره‌شدا ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌و کۆنسێپته‌یه که له‌پشت کاره هونه‌ریه‌که‌وه ئاماده‌یه. ئه‌مه‌ش شتێکی نادیاره و وا له بینه‌ر ده‌کات خۆی هه‌وڵبدات به‌دوایدا بگه‌ڕێت و بیربکاته‌وه و ئه‌ویش به‌شداربێت له دۆزینه‌وه‌ی ماناکان و بیرۆکه‌کانی هونه‌رمه‌ند. هه‌رچه‌نده ده‌شێت بینه‌ر به‌شێوه‌یه‌کی تر کاره هونه‌ریه‌که لێکبداته‌وه که له‌وانه‌یه زۆر جیاواز بێت له‌وه‌ی هونه‌رمه‌ند خۆی مه‌به‌ستی بووه. لای زۆر له هونه‌رمه‌ندانی ئینسته‌له‌یشن ئه‌مه گرفت نییه، به‌ڵکو زۆر جاران یه‌کێکه له‌هه‌وڵه‌کانی هونه‌رمه‌ند، که وا‌بکات بینه‌ر به‌شداریه‌کی چالاکانه بکات له‌لێکدانه‌وه‌ی کاره هونه‌ریه‌که‌دا.
ئه‌مه‌ش له‌وه‌وه دێت، که هونه‌رمه‌ند هه‌وڵده‌دات له‌ڕێگای کاره هونه‌ریه‌که‌یه‌وه په‌یوه‌ندیه‌ک دروستبکات له‌نێوان ژیان و هونه‌ردا یان ده‌توانین بڵێین له‌نێوان هونه‌ر و جه‌ماوه‌ری هونه‌ردا، که ئه‌مه‌ش خاسیه‌تێکی گرنگی هونه‌ری ئینسته‌له‌یشنه.
ئه‌و ماتریالانه‌ی (گۆران بابه‌عه‌لی) له کاره هونه‌ریه‌که‌یدا له‌ژێر ناونیشانی (ژووریک له په‌ڕۆ) به‌کاریهێنابوون بریتیبوون له ته‌نها قوماشی سپی و غه‌را و ته‌لی عه‌مه‌لیات بۆ ڕاگیرکردنی فۆرمه‌کانی. گۆران به‌م ماتریاڵانه ژوورێکی له‌په‌ڕۆ دروستکردبوو ،تێدا زۆربه‌ی ئه‌و که‌لوپه‌لانه ده‌بینرانه‌وه که ده‌توانێت له هه‌موو ژوورێکدا یان ماڵێکدا هه‌بێت، وه‌ک ؛ کورسی، مێز، ته‌له‌فۆن، سیفۆنی ئاوده‌ست، ده‌ستشۆر، سه‌عاتی قه‌ددیوار و هتد. به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئۆبجێکته‌کان به ته‌لی عه‌مه‌لیات به بنمیچی گاله‌ریه‌که‌وه هه‌ڵواسرابوون، به‌هۆی هه‌واوه یان به‌رکه‌وتنی شانی بینه‌ره‌وه ده‌جوڵانه‌وه.
له‌م خاڵه‌دا ئه‌م کاره لایه‌نێکی (کینه‌یتیک ئارتیشی) تیادا به‌دیده‌کرا. گۆران له‌ڕێگای ئه‌م کاره‌یه‌وه هه‌وڵیدابوو ئه‌وه بخاته‌ڕوو کاتێک پاش ساڵانێک له به‌جێهێشتنی ئه‌و شاره‌ی لێی له‌دایکبووه و په‌روه‌رده بووه ده‌گه‌ڕێته‌وه، ته‌نها یاده‌وریه‌کانن جارێکی تر ده‌یبه‌ستنه‌وه به شوێنه‌کان و که‌سه‌کان و شته‌کانه‌وه. هه‌موو ئه‌و شتانه‌ش چیدی بوونێکی واقیعیان نه‌ماوه بۆی، به‌ڵکو له‌یاده‌وریدا جێگیربوون. به‌ڵام وه‌ک گۆران خۆی ده‌ڵێت؛ ئه‌و له‌بوونی راسته‌قینه‌ی ئه‌و شتانه دڵنیا نییه، نه‌ک هه‌ر شته‌کان به‌ڵکو په‌یوه‌ندیه کۆمه‌ڵایه‌تیکانیش دوای ئه‌و ساڵانه وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌په‌ڕۆیه‌کی ته‌نکی ناسک بن گه‌ر ده‌ستیان لێده‌یت هه‌ڵده‌وه‌رن. هه‌ربۆیه‌ش ئه‌و ژووره ژوورێکه ته‌نها له یاده‌وه‌ریدا بوونی هه‌یه، له یاده‌وه‌ری هونه‌رمه‌ند خۆیدا. به‌ڵام گۆران ئه‌و ژووره و شته‌کانی ناویمان به په‌ڕۆیه‌کی ناسک بۆ درووستده‌کاته‌وه و وه‌ک تارمایی پیشانمانده‌دات و کاتێک به‌ناویاندا ده‌سوڕێینه‌وه و شانمان به‌ر ته‌لی عه‌مه‌لیاته‌کان ده‌که‌وێت و شته‌کان ده‌جوڵینه‌وه، هه‌روه‌ک ئه‌وه‌ی بیه‌وێت ئاگادارمان بکاته‌وه که ره‌نگه هه‌موو شته‌کانی ناو واقیع له‌ڕاستیدا ته‌نها بوونیان له یاده‌وه‌ریماندا هه‌بێت. به‌ڵام ئه‌و ئه‌مه بۆ خودی بینه‌ر به‌جێده‌هێڵێت. ئۆبجێکته له‌په‌ڕۆ درووستکراوه‌کان، وه‌ک خۆی ده‌ڵێت، ته‌نها کۆپیه‌کی شته واقیعیه‌کانن که ئه‌وانیش بۆخۆیان ته‌نها کۆپی یاخود به‌رجه‌سته‌بوونی ئه‌و کۆنسێپته‌یه که له زه‌هنی هونه‌رمه‌ندایه…
(ماویه‌تی بۆ به‌شی دووهه‌م)