Emmanuel Levinas[1][2] (French: [emanɥɛl ləvinas];[3] 12 January 1906 – 25 December 1995

«کەسی سێیەم»: لە ئەخلاقەوە بەرەو دادپەروەری


Loading

بەشی دەیەم

١. لە فەلسەفەی ئیمانوێل لێڤیناسدا، «ئەویدی» لەمیانەی ڕووخسارەوە بۆ سوبێکت دەردەکەوێت و دواتر لەڕێگەی «وتن»ـەوە، بانگهێشتی دەکات بۆ تووندووتیژی نەکردن یان هەمان فەرمانی «مەکوژە». ئەم بانگهێشتنکردنە، بانگهێشتکردنە لە سوبێکت، هەتا «بەرپرسیاریەتی» ئەویدی قەبوڵبکات. بەبڕوای لێڤیناس، ئەخلاق هیچ شتێک نیە جگە لە، لەپەیوەندیدابوون لەگەڵ ئەویدیدا؛ کە ئەم پەیوەستبوون بە ئەویدییەوە، تەنها وەکو بەرپرسیاریەتی لە بەرامبەر ئەویدیدا پێکدێت (لویناس، 1387، ص111). لەڕووی «یاسایی»یەوە، بەرپرسیاریەتی هەمیشە دوای «وەئەستۆگرتن»ی ئەرکێکی دیاریکراو دێتە کایەوە؛ هەروەها بەگوێرەی «ئەخلاقی باو»یش، بەرپرسیاریەتی بە تەنها کردەوەکانی کەسی «بەرپرس» لەخۆدەگرێت. بەڵام لای لێڤیناس، بەرپرسیاریەتی گرێدراوی قەبوڵکردن یان ڕەتکردنەوەی سوبێکت نیە. بەبێ گوێدان بە، ئاگاداربوون یان ئاگادارنەبوون لە شێوەی قەبوڵکردنی بەرپرسیاریەتی و هەروەها بەبێ سەرنجدان بە توانابوون یان ناتوانابوون لە ئەنجامدانی کارێکی دەستنیشانکراودا، سوبێکت لە بەرامبەر ئەویدیدا بەرپرسە (لویناس، 1387، 112-111).

سوبێکت، ئەگەر بۆ بەرپرسیاریەتی خۆی سنوورێک لەبەرچاو بگرێت، ئەوە لە پانتایی ئەخلاق دەرچووە. بەمشێوەیە دەبێ بڵێین؛ لای لێڤیناس سوبێکت لە بەرامبەر ئەویدیدا خاوەن بەرپرسیاریەتییەکی بێ سنوور و بێ ڕادەیە، کە ئەو ناوی لێدەنێت «بەرپرسیاریەتی ناکۆتا» (علیا، 1388، ص 157). ئەم جۆرە بەرپرسیاریەتییە، بەو مانایە دێت کە سوبێکت تەنانەت لە بەرامبەر ئەو شتەی کە «کردە»ی ئەویش نیە و لای ئەویش «گرنگ» نییە، بەرپرسە. «بەرپرسیاریەتی ناکۆتا»، بەرپرسیاریەتییەکی دێرین و کۆنی سەر شانی سوبێکتە، بە جۆرێک کە تەنانەت ڕەگ و ڕیشەکانی لەپێش ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەویدیدا، داکوتاوە.

ئەم بەرپرسیاریەتییە جەوهەرییە و ئەم خزمەتکردنە بێ پاداشت و بێ منەتە، دروستکەری «منێتی»ـی منە؛ منێتی بەمانای بێ توانابوون لەڕاکردن لە بەرپرسیاریەتییە (علیا، 1388، ص 158). بەزمانێکی بێ گرێوگۆڵ لای لێڤیناس، سوبێکت لە بەرامبەر ئەویدیدا بەرپرس نییە، بەڵکو «سوبێکتبوون» هیچ شتێک جگە لە بەرپرسیاریەتی نییە! ئەویش بەرپرسیاریەتییەکی ناکۆتا.

ڕێک هەر لەم مانایە دایە کە لێڤیناس لەمیانەی چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت: «بەرپرسیاریەتی من هەمیشە زۆرترە لە بەرپرسیاریەتی هەموو ئەوانی دیکە؛ هەر بەو شێوەیەی کە دۆستۆیڤسکی لە “برایانی کارامازۆف”دا دەڵێت: ئێمە هەموومان لە بەرامبەر هەموواندا بەرپرسی هەموو شتێک و هەموو کەسێکین و من پتر لە ئەوانی دیکە» (لویناس، 1373، ص 7).

ئەم بەرپرسیاریەتییەی کە «لە بەرامبەر هەموو کەسدا و پتر لە ئەوانی دیکە» یە، هەتا ئەو شوێنە دەڕواتە پێشەوە کە من بە ئارەزووی خۆم گوناحەکان و هەڵەکانی ئەوانی دیکەش لەسەر خۆم دەنووسم، ئەویش بەبێ هیچ چاوەڕوانییەک. ئەمە ڕێک هەمان ئەو دۆخەیە کە لێڤیناس لەژێر ناوی «بارمتەی ئەویدیبوون»دا شرۆڤەی دەکات. لێڤیناس جەخت دەکاتەوە کە سوبێکت خۆی لە خۆیدا هەر لەسەرەتاوە «بارمتە»یە، بە جۆرێک کە تا ئاستی کەفارە دانەوە، وەڵامدەرەوەی ئەوانیدیکە یە (لویناس، 1387، ص 115).  بەڵام لە بەرامبەر بەرپرسیاریەتی ناکۆتای سوبێکتدا، بەرپرسیاریەتی «ئەویدی» لە بەرامبەر سوبێکتدا چیە؟ وەڵامەکەی لێڤیناس کورت و پوختە: «ئەمە کێشەی خۆیەتی» (لویناس، 1387، ص 113). واتا ئەویدی تەواو سەرپشکە، لە وەڵامدانەوە و وەڵامنەدانەوە بە، بەرپرسیاریەتی ناکۆتای سوبێکت بەرامبەر بە خۆی! چونکە بەبڕوای لێڤیناس پەیوەندی ئەخلاقی بەگوێرەی «پێدان و لێوەرگرتن» نیە و هیچ چەشنە مامەڵە و هاوسەنگییەک لەنێوان سوبێکت و ئەویدیدا بوونی نیە. ئەمە بەو مانایە دێت کە، من لە بەرامبەر ئەویدیدا بەبێ هیچ چاوەڕوانییەک بەرپرسم.

دوابەدوای ئەوەی کە دەرکەوت فەلسەفەی ئەخلاقی لێڤیناس، لەسەر بنەمای بەرپرسیاریەتی «ناکۆتا» و «نادوولایەنە»ی نێوان سوبێکت و ئەویدی دامەزراوە، کەوابوو ئایا دەبێت «سوبێکت» دەست لە دواڕۆژی خۆی بشواتەوە و لە جێبەجێکرانی  «دادپەروەری» تەواو ساردبێتەوە؟ بەزمانێکی ڕاشکاوانە، ئایا لێڤیناس لەپێناو ئەویدیدا، سوبێکت دەکاتە بە «قوربانی»ی، بەجۆرێک کە هەر لای لێ ناکاتەوە و تەنیا و بێکەس بەجێی دێڵێت تا ئەو جێیەی کە دواجار تێیا دەچێت و لەئارادا نامێنێت؟

ژیژاك باس له‌ سیفۆنی ئاوده‌ست و هۆسمه‌ندی كۆله‌كتیڤی میلله‌تانی خۆرئاوا ده‌كات

٢. یەکێک لەو نوکتە تفتانەی کە «سلاڤۆی ژیژەک» دەیانکاتە  بە ترش و خوێی نووسینە ڕەخنەییەکانی خۆی، بەسەرهاتی دوو سپی پێستی گۆیا لیبراڵە، کە لە جەرگەی چۆلگە و بیابانێکدا، لەپڕ چاویان بە شێرێکی برسی دەکەوێت، کە خەریکە لێیان نزیک دەبێتەوە. هەر لەو دەمەیدا کە یەکێکیان لە ترسان زراوی چووە، ئەوی دیکەیان زۆر لەسەرەخۆیانە دەستدەکات بە لەپێکردنی پێلاوەکانی بۆ ڕاکردن. کەسی تۆقیو لە کەسی دووەم و لەسەرەخۆ دەپرسێت: «ئەوە خەریکە چ دەکەی؟ مەگەر نازانی شێر لە هەموو مرۆڤێک خێراتر ڕادەکات؟» کەسی دووەم وەڵام دەداتەوە: «خۆ من بەتەما نیم خێراتر لە شێر ڕابکەم، تەنیا دەمەوێت خێراتر لە تۆ ڕابکەم!» (ژیژەک، ١٣٨٩، ص ٣٦٩ ). فەلسەفەی ئەخلاقی لێڤیناس، بۆ ئەم ساتەوەختە تەنگەتاوەی کە ئەم دوو کەسە تێیکەوەتوون، چی بۆ وتن پێیە؟ ئایا لێڤیناس بەنیازە تەنها هەر لەڕێگەی «سەروبنکردنەوە»ـی کۆتایی ئەم بەسەرهاتەوە، دۆخە «نا-ئینسانی»یەکە بەرەو ئاقارێکی ئەخلاقییدا ببات!؟ واتا لێڤیناس تەنیا، لە کەسی دووەم داوادەکات کە لەجیاتی ئەوەی ڕابکات و بۆی دەرچێت، بوەستێت و خۆی بکاتە بە قەڵغان و دوجار خۆی «فیدا»ی هاوڕێکەی بکات؟ یان خود لێڤیناس بەتەمای «تێکدان»ی کۆی بونیادی ئەم جۆرە لە پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکانە؟ ئەگەر لێرەدا بتوانین «چرکەساتی هێرشی شێرەکە» وێڕای «کرۆکی فەلسەفەی ئەخلاقی لێڤیناس» بێنینە بەرچاومان، ئەوە دەبینین کە «لێڤیناس» ڕوودەکاتە کەسی دووەم و پێیدەڵێت: «ڕامەکە»! ڕاستە ڕاکردن شتێکی سانا و ساکارە، مرۆڤ دەتوانێت ڕابکات و لەپێناو خۆ ڕزگارکردندا، ئەویدی بەجێ بێڵێت! بەڵام تۆ ڕامەکە!

لێرەدا مەبەست لە «ڕامەکە» هەمان فەرمانی «مەکوژە»یە، کە بەگوێرەی ئەم هەلومەرجە ئەخلاقییە دیاریکراوە، وەرگێڕانی چەمکیانەی بۆکراوە. نابێت لەبیرمان بچێتەوە کە «ڕامەکە»  دواجار فەرمانێکی ئەخلاقییە و بارگاوییە بە «دەبێ» و چەشنێک لە ناچارکردنی ئەخلاقیی، واتا بە وتەیەکی ڕوونتر «دەبێ»ـی ئەخلاقی هەرگیز هەڵگری جۆرێک لە زەروورەتی ئۆنتۆلۆجیانە نیە و هەربۆیەش فەرمانی ڕامەکە، هەرگیز ناتوانێت خودی کردەوەی «ڕاکردن» مەحاڵ بکات. کەوایە دروستر ئەوەیە، ئاوا گوزارشت لە مەبەستی لێڤیناس بکەین و بڵێین، ڕوودەکاتە کەسی دووەم و پێیدەڵێت: «دەکرێت ڕابکەی بەڵام «باشتر»ـە ڕانەکەی! ئەوەیش تەنیا لەبەر ئەوەی، کە ئەخلاق باشترە لە ئۆنتۆلۆجی!». چونکە لەڕاستیدا فەلسەفەی لێڤیناس، هەوڵدانە لەپێناو ئەم ئایدیایە کە ئەخلاق نەک بەهێزتر یان ڕاستەقینەتر یان بنەڕەتیتر، بەڵکوو «باشترە» لە ئۆنتۆلۆجی. ئەم باشتربوونە، نە ڕێگەمان دەدات کە چەمکاندنی بۆ بکەین و نە ئەوەیکە  تەنانەت دەتوانیین لە «دەبێ»ـی فەلسەفەی ئەخلاقی کانتیش موتوربەی بکەین. ئەم «باشتر»ـە تەنیا لەمیانەی کرانەوە بەرەو ڕووی دەرکەوتەی ڕووخساری ئەویدی و هەروەها وەڵامدانەوە بە ئەو، بۆ سوبێکت قابیلی هەستپێکردن و درکپێکردن دەبێت.

ئا لێرە بەدواوە، سەرەی هارووژاندنی نیگەرانی لەمەر ئایندەی «سوبێک» لە فەلسەفەی لێڤیناسە و تەواو لە جێی خۆیەتی ڕاشکاوانە بپرسین: ئایا ئەم «باشتربوون»ـەی ئەخلاق، لەسەر حیسابی تەفرووتونابوون و لەناوچوونی سوبێکت دێتە کایەوە؟ ئەگەر لێڤیناس، لەپێناو ڕزگارکردنی ئەویدی لە دۆخی ئەخلاقی باودا، تەنیا بەنیاز نیە کە جێگۆڕکێ بە ڕۆڵە ئەخلاقییەکان بکات و دواجار «سوبێکت» لەسەر شانۆکە ڕاماڵێت، کەوایە چۆن بە هانایەوە دەچێت و هاوکات ئەویش ڕزگار دەکات؟ هەر بۆیە باشتر واتە، پەرۆشبوون سەبارەت بە چارەنووسی سوبێک، ڕادیکاڵتر و تۆکمەتر بکرێتەوە و بکرێتە بە هەوڵدان لەپێناو بەدواداچوون سەبارەت بە چەمکی «دادپەروەری» لە فەلسەفەی لێڤیناسدا و ئەو پرسیارە تۆخبکرێتەوە کە، چارەنووسی کۆمەڵێک چەمکی وەک کۆمەڵگا و دادپەروەری و سیاست چی بەسەر دێت؟ ئایا دەبێ وای دانێین کە بنەڕەتترین چەمکەکانی ئەخلاق لەلایەن ئەخلاقخوازترین فەیلەسوفی مێژوو، پشتگوێخراون و لە بەرچاو نەگیراون؟ ئەوەی ڕاست بێت لە فەلسەفەی لێڤیناسدا، چونکە شوناسی سوبێکت لەسەر بناغەی کاردانەوە و وەڵامدانەوە بە ئەویدی دروست دەبێت، هەر ئەمە بۆخۆی دەرخەری ئەوەیە کە ئەخلاق و کۆمەڵگا لەم فەلسەفەیەدا تەواو تێکەڵکێشی یەکتر بوون. بۆیە دەتوانین بڵێین؛ لەڕاستیدا ئەوەندەی کە دەبێت لێڤیناسمان پێ فەیلەسوفێکی ئەخلاق بێت، دەبێت وەکو بیرمەندێکی سیاسیش قسەی لەسەر بکەین، چونکە لە فەلسەفەی ئەودا پەیوەندییەکی تووندووتۆڵ لەنێوان ئەخلاق و سیاسەتدا بەدیدەکرێت (علیا ، 1388، ص 185). تەنانەت لە فەلسەفەی ئەخلاقی لێڤیناسدا، ئەخلاق بەرەو سیاسەت و سیاسەت بەرەو کۆمەڵگایەکی دادپەروەر هەڵدەکشێت. هەربۆیە لێڤیناس بە هێنانە کایەی «کەسی سێیەم»[The third person] بۆ نێو پانتایی پەیوەندی ئەخلاقی، بوار بۆ تێپەرین لە ئەخلاقەوە بەرەو سیاسەت و دادپەروەری خۆشدەکات. ئەزموونی ئەخلاقی سوبێکت لەگەڵ ئەیدیدا، باس لەوە دەکات کە ئەم پەیوەندییە ناتوانێت لە بۆشاییدا ڕووبدات، بەڵکوو دەبێت لەنێو خەڵک و کۆمەڵدا بقەومێت. کەوایە هەمیشە کەسێکی سێیەم، پێشوەختە لە تەنیشت ئەویدیدا ئامادەیە و لەڕاستیدا بەچاوی (ئەویدیبوون) سەیری من دەکات (علیا، 1388، ص 186).  کەسی سێیەم نەک لە چرکەساتی ڕووبەڕووبوونەوەی من لەگەڵ ئەویدیدا، بەڵکوو هاوکات  لەگەڵ ئەویدی، لەبەردەم من دەردەکەوێت. بە زمانێکی ڕوونتر، کەسی سێیەم لە نزیک ئەویدیدا گیرساوەتەوە و کوالێتی نادوولایەنەبوونی پەیوەندی ئەخلاقی هەمواردەکاتەوە. لەڕاستیدا کەسی سێیەم بواری ئەوە بە لێڤیناس دەبەخشیت کە «نادوولایەنەبوون» و «یەکسانی»ـی، وێرای یەک لەنێو پەیوەندی کۆمەڵایەتیدا ئاوێتەی یەکتر بکات (دیویس ، 1386، ص 106). لەڕاستیدا هەر لەگەڵ ئامادەبوونی «کەسی سێیەم»ـەوەیە، کە دادپەروەری یان سیاسەت دەستپێدەکرێت و هەروەها ڕێگر دەبێت لەوەیکە پەیوەندی سوبێکت لەگەڵ ئەویدیدا ببێتە بە پەیوەندییەکی تاکەکەسی و تایبەت و داخراو. بوونی «ئەویدی»، ناڕاستەوخۆ دەلالەتێکە بۆ بوونی «ئەوانیدی»، بەشێوەیەک کە سوبێکت بەناچاری لەوە تێدەگات کە «ئەویدی» تەنیا لەبەر ئەو، بوونی نیە و سوبێکتش بۆ ئەوان هەر وەک «ئەویدی»یەک ئەژمار دەکرێت. «کەسی سێیەم» هەم پێش گریمانەی بوونی کۆمەڵە و هەمیش بنیادنەری ئەوە؛ واتا لە ڕوانگەی لێڤیناسدا، کۆمەڵگا نەک بریتی نیە لە یەکێتی نێوان جۆری مرۆڤ، بەڵکوو لەسەر بناغەی فرەیەتی ئەوانیدییەوە پێکهاتوە. بەم شێوەیە لای لێڤیناس، دادپەروەری بە واتای جێبەجێکردنی یاسا لەپێشدا دیاریکراوەکان، نییە بەڵکوو کۆمەڵگا کۆبوونەوەیەک لە ئەوانیدی یە، کە لەوێدا هەر کەسێک بەرپرسی هەمووانە(دیویس ، 1386، ص 166).

دادپەروەری تەنیا لەو حاڵەتەدا بەدیدێت کە من خۆ-سەنتەربوون، وەلاوەبنێم و لە «بوون» سەرتر هەڵکشێم و هەمیشە لە پەیوەندی لەگەڵ ئەویدیدا- کە هەرگیز شێوەی سەودا و مامەڵەی بەخۆیەوە ناگرێت- بەرپرسی ئەو بم، جا ئەوسا  «من»یش هەمیشە لە پێگەی «ئەویدی»یەکدا بەسەردەبەم، کە «ئەوانیدی» بە تەنگمەوە دێن؛ چونکە لەڕاستیدا کۆمەڵگا نەک لە سوبێکت یان ئەویدی بەڵکو لە «ئەوانیدی»یەوە پێکهاتووە.

سەرچاوەکان:

١- لویناس ، امانوئل. (1387). اخلاق و نامتناهی. ترجمه مراد فرهاد پور و صالح نجفی.

٢. علیا، مسعود.(1388). کشف دیگری همراه با لویناس. تهران: نشر نی

٣- لویناس ، امانوئل. (1373) . «گفت و گو با امانوئل لویناس». مجله کیان. ش 22. صفحات 2 تا 9.

٤. ژیژک، اسلاوی. (١٣٨٩). اسلاوی ژیژک، گزیدە مقالات: نظریە، سیاست،دین. مترجمان: مراد فرهادپور، مازیار اسلامی، امید مهرگان. تهران: گام نو

٥. دیویس،کالین. (1386). در آمدی بر اندیشه لویناس. ترجمه مسعود علیا. تهران: موسسه پژوهشی حکمت و فلسفه ایران.