هەناسەکانی گەوادێک


Loading

گووتم پێم بڵێ حیز، گووتی ئاخر تۆ حیز نیت . گوتم دەزانم من حیز نیم، بەس پێم بڵێ حیز . چی دەبێ پێم بڵێی حیز . وای دابنێ من حیزم، خۆ دونیا خراپ نابێ . ئەو بە ڕوخسارێکی واقوڕماوییەوە لێیدەڕوانیم و هەردوو چاوی پڕی بوون لە حەپەسان . گووتم پێمبڵی دایک قەحبە، گووتی ئاخر تۆ دایک قەحبە نیت . گووتم دەزانم من دایک قەحبە نیم . تۆ وای دابنێ دایکم قەحبەیە و بەس پێم بڵێ . دەی پێم بڵێ . چ دەبێ گەر وام پێ بڵێی . ئەوە من لێرەدا لە پێش دەمت دەوەستم و هەرچی جنێوی ناشرینی دونیا هەیە پێمی بڵێ . با تف بە دەمتا بێتە خوارێ و چاوت پڕ بێ لە توڕەیی و غەزەبی خودا و پێم بڵێ حیز، پێم بڵێ دایک قەحبە . دەی هاوڕێی ئازیز پێم بڵێ . تفێک لە ڕوخسارم بکە . من چۆن تف لە ڕوخساری تۆ بکەم . بیکە . وای بهێنە پێشچاوی خۆت من خوێڕییەکم و تۆم هەراسان کردووە . ئاخر ئەگەر وای نەهێنیتە پێشچاو بۆت ناکرێ تفێکم لێ بکەی . ئەو پێدەکەنێ، پێکەنینێک پڕی لە شەرم، پڕی لە نازکی و جوانی . دەنوشتایەوە و دەستێکی دەکێشا بەسەر ئەژنۆکانیا و پێکەنینێکی سپی لەسەر لێوەکانی وەک گوڵ دەگەشایەوە . ئای خودایە تۆ بمکوژە و پێکەنینەکانی ئەوم یادمەهێنەوە . ئەو برینە با جارێکی دی لەناو سنگما نەتەنێتەوە . ئەو ئازارەم لە کۆڵ بکەرەوە خودایە . ئازاری ئەو ڕۆحە سپییەم مەهێنەوە یاد .

من دەمگووت دەست بکە بە قنگما و بەر شەقم بدە . هەزار شەقم تێهەڵبدە . دەی بجوڵێ و شتێ بکە . من قسە ناکەم و هیچ ناکەم، هەر هیچ نەبێت کەمێک ئازایەتیت هەبێ و شەقێکم تێهەڵدە . شەپازللەیەک لە پەنا گوێچکەم بسرەوێنە . هاوڕێم تۆ گرفتی ئەوەت هەیە ناتوانی بە گاڵتەشەوە جنێوێک بدەی . تۆ لە دونیایەکدا دەژی سیخناخە لە بۆگەنی و ناشرینی و هەرچی چاکە و خێرە لێی بەدی ناکەیت . تۆش بەو بەستەزمانییەی خۆتەوە بەرگەی ناگریت . ناو دڵت پڕە لەخۆشەویستی و گەر وا بڕوات لێرە ڕۆح دەرنابەی و هەلاهەلات دەکەن، زۆر ئاسان هەلاهەلات دەکەن. ئەگەر وا بڕوات لەم وڵاتەدا وەکو مریشکێکی ئاوەڕووتکراو فڕێت دەدەنە سەر جادە . ڕۆژانە لەم شارەی کە تۆی لێدەژیت، کەسێک شێت دەبێت، نەک بە خۆی شێت دەبێت، زۆر سادە شێتی دەکەن . تۆ نابینیت ڕۆژانە هەر لەناو خێزانەکانەوە شێتە و بەدەم هاوارەوە دێتە دەرێ، بەدەم ئازارەوە بە پێش دەمی من و تۆدا تێدەپەڕێ . ئەم دونیایەی ئێمە بازارێکی گەورەیە، ئەمە شار نییە بازارە، لە قوتابخانەکانەوە، لە نەخۆشخانەکانەوە، لە چایخانەکانەوە، لە کونوقوژبنی ئەم شارەوە هەر شێتە و فڕێ دەدرێتە دەرەوە، ئێرە باشترین شوێنێکە بۆ بەرهەمهێنانی شێتی .

من و ئەو دوو هاوڕێی گیانی بە گیانی بووین، ئەو پیاوێکی تا سەر ئێسقان خاوێن و نورانی و منیش پیاوێکی خوێڕی و لەسەر جادە پەروەردەکراو . من دەمزانی گەر لەم ووڵاتەدا خوێڕی نەبیت کارت ناڕوات . من دەمزانی گەر چەقۆ وەشێن و شەلاتی نەبیت، هەمیشە شەق تێهەڵدراو و فڕێدراو دەبیت . ئەگەر دەتەوێ ببی بە هونەرمەندێکی باش دەبێ فێری جنێو بیت و بەناو هەموو بۆگەنییەکانی دونیادا شۆڕبیتەوە . شۆڕبیتەوە و ڕۆحی پاکیزەییشت بپارێزی . لێرە لەم شارەی من و تۆی لێ دەژین، ئەدەب فشەیە. لێرە هونەر فشەیە، ئەوەی هەیە و نییە سێبەری ئەدەب و هونەرە.

هونه‌رمەند و ئەدیبەکان سەرسەریترین ئینسانەکانی ئێمەن و ڕۆحیان بۆنی مشکی تۆپیوی لێ دێت ، هەموو گیانیان درۆ و دووڕویی و نیفاقە . ئەو دەیگووت؛ هەموویان وا نین . منیش ناڵێم هەموویان، بەڵام کەمێکیان هەڵاوێردەن. لە یادی ڕۆژی لە دایکبوونی سەدام حوسێن، پەلی هاوڕێکەم گرت و لەگەڵ خۆم برد . لەسەر شانۆیەکی ڕازاوە لەنزیک باڵەخانەی حەسیب ساڵح، تیپێکی مۆسیک، ئاوازیان دەژەنی و دونیان پڕ کردبوو لە ئاهەنگ. من گووتم، ئەوەی لە پێشی مۆسیکژەنەکانەوە وێستاوە کێیە ؟ ئەو گووتی، ئەنوەر قەرەداخی !تۆ دەزانی ساڵی هەفتاکانیش ئەو پیاوە ئاوازی بۆ مستەفا بارزانی دەژەند ! ئەگەر بەیانیش سوپای عێراق ببەزێ و ئێرانییەکان ئەم وڵاتە داگیربکەن ئەو کابرایە ئامادەیە بە جلوبەرگی مەلاییەوە کەمانچە بژەنێ !

ئاخر ئەگەر موزیک بۆ ئەوان نەژەنێ، دەیکوژن !

بۆ نەیکوژن ؟ با بە سەربەرزی بمرێ !

چی لەو هەموو منداڵە بەدبەخت و هەژارانە کەمترە، بە شاخ و کێوی کوردستانەوە قەل و داڵ لاشەیان دەخوات !  

ئەو هەردوو چاوی لەناو سەرسامییا دەدرەوشایەوە . گووتی؛ بۆچی هونەرمەندی ئێمە وان ؟ من نازانم بۆچی هونەرمەندی ئێمە وان، بەڵام دەزانم ئەو کابرایە مۆسیک لە ڕۆحیا ناژی . گەر ئەو کەمانچەیەی لەژێر گەردنی داناوە، پارچەیەک بوایە لەڕۆحی، هەر دە پەنجەیان ببڕایایەتەوە یەک هەوای بۆ بەعس نەدەژەنی .

image003من بە ڕێکەوت ئەوم لەناوڕاستی هەشتاکان، لەناو گەرمەی جەنگ و ئاگربارینا لە تیپێکی شانۆیی دا ناسی . هەمیشە کتێبێکی بە دەستەوە بوو . گەنجێکی ڕەشتاڵەی دڵ سپی، لە خێزانێکی دڵ سپی هاتبووە دەر . بەردەوام دەیخوێندەوە و باسی لە سینەما و شانۆ دەکرد . نازانم لە کوێوە عەشقی سینەما پەڕیبووە ناو سه‌ری، بەڵام سینەمای جوان ناسی بوو . بەو شێوەیەی کە دەروازەیەک بێ بۆ ئینسان ناسی . لە ژیانیا بەدووی خۆشەویستیا دەگەڕا و لە هیچ شوێنێکیش چنگی نەدەکەوت . لەبەر باری تەندروستی لە سەربازی دەریانکردبوو . ئەو دڵێکی سست و پلاستیک لەناو سنگیا بوو . بەردەوام جگەرەی دەکێشا . لە هەر کوێیەک ماندوو دەبوو دەنووست . کاتێک دەنووست، لەناو ئارەقەدا مەلەی دەکرد . هەر کاتێکیش لە خەو ڕادەبوو، وەکو ئەوە بوو بۆ یەکەمینجار هاتبێتە دونیا و بۆ یەکەمینجار ئەو جیهانەی دی بێت . هەمیشە کراس و جلەکانی ئاسەواری ئارەق و بۆنی ئارەقی گرتبوو . بەردەوامیش چاوەڕوانی ئەوە بوو کیژۆڵەیێک لە خۆڕا پەیدا ببێ و لە پشتەوە دەست بخاتە سەر شانی و پێیبڵێ، من تۆم خۆشدەوێ . کیژۆڵەیێک قۆڵ بکات بە قۆڵیا و بۆ سەرچناری بەرێ و لەڕێگە دەستە ناسکەکانی بنێتە سەر سنگی و بەدەمیەوە پێبکەنێت . بەچرپە بە گوێی دا بسرپێنێ، من تۆم خۆشدەوێت، بەڵام بە خەونیش بۆی نەدەکرا لە کیژۆلەیێک نزیک بکەوێتەوە . بەخەیاڵیش کیژەکانی ڕووت نەدەکردنەوە و ماچی نەدەکردن . ئەو لە شتێک دەترسا من بۆم نەدەکرا پەی پێبەرم، ئەو پێیوابوو ئینسان دەبێ وەکو فریشتە خاوێن بێت، ئەو بۆ خۆی فریشتەیێک بوو و من شەڕم لەگەڵ ئەوە دەکرد بیکەم بە ئینسان . فریشتە لەم دونیایەی ئێمەدا هەڵناکات ، وام پێدەگووت، تۆ ئیستا کیژۆلەیێکی نازدار بەقەڵادۆشکان دەبەیتەوە ماڵێ . ئەو پێدەکەنی و خۆشی لەو قسانەم دەهات . ماڵەوەتان کەسی لێ نییە و دەرگای ماڵ دەکەیتەوە و کیژۆڵە دەبەیتە ناو گەرماو و پاک پاک دەیشۆیت . بە شامپۆ قژی دەشۆیت . دواتر مەمکەکانی . دواتر، ئەو دەیگووت لەوێ دا ڕاوەستە و دواتر مەڵێ، لەناو خەونیشا شەرمی دەکرد و دەتاسا. کە دەهاتە سەر ئەو شوێنەی دەست لە مەمکیانەوە بدات دەوەستا ، کە دەچووە سەر ئەو شوێنەی دەستی لەسەر سکیان بخزێنێ و بەرەو خوارتر شۆربێتەوە، سوور هەڵدەگەڕا و هەناسەی سوار دەبوو، لەناو خەیاڵی خۆشیا دەوەستا و بیری لێنەکردەوە . من دەمگووت؛ ماچی بکە، ماچی بکە تا کیژۆڵە سوور هەڵدەگەڕێ . ماچی بکە و لێوەکانی بلێسەرەوە تا ئەو کاتەی لێوەکانی دەقرتێنی . ئەو دەیگووت ناتوانم، ئاخر چۆن ماچی بکەم . من دەمگووت؛ بە لێوەکانت ماچی بکە . تۆ کیژۆڵە ڕووتدەکەیتەوە . ده‌یگووت؛  ئاخر چۆن ڕووتی بکەمەوە!. من ده‌مگووت؛ بەدەستەکانت ڕووتی بکەرەوە، تۆ جار جار وێنە دەکێشیت، چۆن وێنەی کیژۆڵەیێک دەکێشیت، ئەگەر کیژۆڵەیێک ڕووت نەکەیتەوە . چۆن دوو مەمکی ناسک و دوو چاوی پڕ ئەفسوون و سنگێکی بەرز دەنەخشێنی . چۆن دوو سمتی تەڕ و درەوشاوە و قوزێکی بێ موو دەبینی . تۆ دەبێ جوگرافیای ژن بناسیت، وەکو چۆن جەستەی ئەسپ و هەڵەمووتی شاخ دەکێشیت . قوز مووی لێ دێت . ئێ خۆ قوز قرژاڵ نییە ڕووت و قووت بێ . مووی لێ دێ و دەتاشرێ . تا ئەو دەمەش ژن لە پیرۆزی خۆی دانەماڵی ناکرێ مێشکت ئازاد بێ . ژنان پیرۆز نین، سروستی ئەوان بۆ ئەشق و ڕووتی خوڵقاون . ئێمە ئەو کاتە بە هەقیقی دەژین و مانایەک دەدەین بە ژیان، ژنان داپۆشراو نەبن . لەم شەقامانە سنگ و مەمکیان ڕووت بێ و قاچ و قولیان ئازاد بێ . ئینسان دەبێ وەک ماسی ڕووت بێ . وەکو ئاو ڕۆشن بێ . تۆ لە خەیاڵیشا ڕووت نابیتەوە و بە ئەندێشەش ناتوانی لەگەڵ ژنێکا بنوویت . مایکڵ ئەنجیلۆ کاتێک پەیکەری ژنێک دەکێشێت، ئەگەر سەدانجار لەگەڵ ژن نەنوستبێت و تێر تێر و بەئارەزووی خۆی دەستی لە جەستەی ژنەوە نەدابێت لەجێی ژن تەنیا جلوبەرگەکانی دەکێشێت .

ڕۆژێک هات و گووتی،؛ من تۆ دەبینم شەرم لە ژن ناکەیت . لەبەرانبەریان دەوەستی و بەبێ ئەوەی قاچەکانت بلەرزێ قسەیان لەگەڵ دەکەیت . من حەز دەکەم وەکو تۆ ئازابم . وەکو تۆ لەگەڵیان پێبکەنم و بۆ گەڕانێک لەسەر شەقامەکان لە پاڵیانەوە بڕۆم . ئەگەر هیچیشیان لەگەڵ نەکەم، تەنیا لە پاڵیانەوە بڕۆم .

 

گووتم؛ ژن قەحبەیە . ئەو گووتی؛ ژن قەحبە نییە . گووتم؛ دەزانم ژن قەحبە نییە . ئەگەر بۆ گاڵتەش بووە بیڵێ . جارێک بڵێ ژن قەحبەیە . بیڵێ بۆ ئەوەی ئەو شەرمە حیزەی هەناسەتی سوارکردووە بێتە دەرێ و بڕوا . هەر هیچ نەبێ وای دابنێ تۆ لەسەر شانۆ ڕۆڵی جاشێکی کوردی خوێڕی دەبینی و ژنەکەی بۆ سەرهەنگێکی عەرەب دەبات. سەرهەنگی عەرەب ڕوو دەکاتە جاشە کوردەکە و پێیدەڵێ؛ ئەو ژنە قەحبەیە کێیە بۆت هێناوم . جاشەکەش دەمی پاندەکاتەوە و تۆزێکیش قاچی دەلەرزێ . دەستێک بە سمێڵیا دەهێنێ و پێیدەڵێ؛ گەورەم ئیدی هەر کەسێ بێ . ژنە و قەحبەیە، ئەوە پرسیاری دەوێ .  

ناڵیم ژن قەحبەیە . دەباشە بڵێ جاش قەحبەیە .

 

ئەو چاویلەکەی چاوی دادەکەنێ و کەمێک دەوەستێ و کەمێک ڕادەمێنی . بڕوا بکات یاخود نەکات، دەپرسێت؛ بۆ کورد هەیە ژنی خۆی بۆ عەرەب بەرێ؟  منیش دەڵێم؛ بۆ کورد چییە!  کوردیش وەکو هەموو خەڵکانی تری دونیا گەواد و خوێری و نیشتیمان فرۆشی تیایە . تۆ ئەوەت لە بیرە کوردێکی خوێری کەللەی سەری شوانێکی ئێرانی بڕی و بۆ چنگێ پارە بردی بۆ کۆشکی کۆماری و بە پاسداری دابووە قەڵەم . کورد چییە ؟ بڵێ کورد خوێڕییە !

ئاخر ناتوانم بڵێم کورد خوێڕێیە . کورد خوێری نییە . بیڵێ هەر بۆ گاڵتە بیڵێ، خۆ ئێمە دونیایەک کوردی خوێڕیمان هەن. هەر هیچ نەبێ بەوانەی بڵێ کە دوێنێ شەو هەڤدە کوڕی بەدبەختی کوردیان لە قڕگە شەهید کرد . چییە ناتەوێ جوێنێکیش بە خوێرییەک بدەیت .

من ژنێکی هاوڕێم هەبوو، جارێک داوام لێکرد لە شوێنێکی چۆڵ و هۆڵ بۆ ماوەیێک پێکەوە دابنیشن . دوای ئەوەی ژنەکەی هاوڕێم هاتەوە گووتی. لەگەڵی دانیشتم و قسەمان کرد . ئەو ڕووی بەلایێکی دی دا وەرگێڕابوو و نەیدەتوانی لێم بڕوانێ . من هەرچیم کرد و ئەو بۆ جارێکیش تەماشای نەکردم . سنگم کەمێک بۆ ڕووت کرد و تەنورەکەشم تۆزێک بۆ هەڵبڕی بوو . دەستێکم خستە سەر شانی و جار جارەش یاریم بە تاڵەکانی قژی دەکرد. ئەو پیاوە دەڵێی بەردە . بڕوا دەکەم خۆشمم لەبەردەمدا بۆ ڕووت بکردایەتەوە تەماشای نەدەکردم و بۆی نەدەکرا ڕوو بەڕوو لێم بڕوانێ . من باسی تێکەڵکبوونی ژن و پیاوم بۆ دەکرد . من ئەوەم بۆ ڕووندەکردەوە، کە جووتبوونی ژن و پیاو ئەشق و خۆشەویستیە و سروشتی ئینسانە . هەوڵمدا ماچم بکات و ماچی نەکردم . هەوڵمدا دەست لە قژمەوە بدات و دەستی لە قژمەوە نەدا . کە ڕۆیشتم لە نیگای دا چ ئەفسونێکی سەیر دەڕژا . پڕ بە دڵ پێمخۆش بوو ئاسوودەی بکەم و ئاسوودە نەدەبوو . پڕ بە دڵ حەزمدەکرد لە ژێری ڕاکشێم و ئەو ڕام نەدەبوو .

 

ڕۆژێک هاوڕێکەم لە دوای ڕووخانی بەعس و هاتنەوەی پیاوانی شاخ بۆ ناو شارەکان، ژووانی لەگەڵ کیژیێک دانابوو . وەکو خۆی دەیگووت کەمێک ئازایەتی پەیدا کردبوو و جا نازانم ڕاستی دەکرد یان هەر لە ئەندێشەی خۆی دا کیژێکی خزمی خۆیانی ناسی بوو . من بڕوام بەوە نەدەکرد . لەوەی دەکرد کیژۆڵەکە گاڵتەی پێکرد بێت یاوەخوود لەکۆڵ خۆی کردبێتەوە . ئەو لە چایخانەیەک لەبەرانبەر مەکتەب سیاسی حیزبێک دا چاییەک دەخواتەوە و بەدەم چاوەڕوانی هاتن و نەهاتنی کیژۆڵەوە وێنە دەکێشیت. ئەو لەو دونیادا نەبوو و بە ئەندێشە لە دونیایەکی دی بوو . لە بەهەشتێک لەگەڵ یارەکەی خۆی . پیاوێکی دەرگەوانی ئەو مەکتەبەش کە دوور نییە ڕۆژێک لە ڕۆژان، دەرگەوانی سەرۆک جاشێکیش بووبێت، یاوەخوود گەنجێکی بەدبەختی باش پەروەردەنەکراو بووبێت . لەوێوەوە تێدەپەڕێت و هاوڕێ بەدبەختەکەی من دەبینێ وێنەدەکێشێ و بەئەندێشەی خۆی وا تێدەگات ئەوە لەوێدا جاسوس بێ و سەرقاڵی نەخشەکێشانی مەکتەب سیاسییەکەی ئەوان بێت . دەرگەوان یه‌خەی هاوڕێکەی من دەگرێ و زللەیەکی لێدەدات . هاوڕێکەی منیش کە هەموو تەمەنی خۆمم لەگەڵ ئەوەدا بردبووە سەر جوێنێک بدات و نەیدا، لەو کاتەدا بۆ یەکەمجار جوێنێک دەدات. من ئاسودەبووم کە ئەو بۆ دوایینجار فێری جوێن بوو، بەڵام لە کاتێکی هەڵەدا جوێنی دا. ئەو کاتەی کە چووم بۆ نەخۆشخانە بۆ سەردانی، لێم پرسی؛ جوێنی چیت پێدا . گووتی؛ پێمگووت، سەگباب. دەرگەوانیش کە هەموو ژیانی سەگی بەردەرگای خەڵکانێک بووە و بەردەوام وەڕیوە و تا ئەو دەمە بەسه‌گبوونی خۆی نەزانیوە، شێتگیر دەبێ و دەکەوێتە لێدانی . ئەو ڕەوانەی زیندان دەکرێ و دواتر بۆ نەخۆشخانە . ئەو کاتەی کە لە نەخۆشخانە دیم هەموو گیانی خراپ شکێنرابوو و شوێنێکی جەستەی بە ساخی دەربازی نەبوو بوو. دواجار ئەو بەو زامەوە مرد. مرد و لە ژیانیا تەنیا یەک جوێنی دا. یەک جوێنی دا و ژیانی خۆشی لەسەر ئەو جوێنە دانا . من لە ووڵاتێک هەڵاتم کە مرۆڤ لەسەر جوێن دەکوژرێن . لەسەر ووشە زیندانی دەکرێن . ئەو هێشتا نەمردبوو و من ئەودەم لەشام لە باخێک جوتیاربووم . نامەیه‌کی ئەوم پێگەیشت . ئەو بۆی نوسیبووم؛ تۆ ڕۆیشتی و بەڵێنت پێدام کیژۆڵەیێکم بۆ پەیدا بکەیت و پەیمانی خۆت نەبردە سەر. ئەو کە ئیستا مردووە بەوەی نەدەزانی کە لە ژیانیا گانی پێناکرێت . من توڕەنیم لەتۆ هاوڕی کە من بە گەوادێک تێگەیشتوویت . دڵم پڕە لە قەهری ئەوەی کە تۆ مردوویت و بۆت نەکرا جارێ کیژۆڵەیەک بە کامی دڵی خۆت لە ئامێز بگریت .

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.