Faces- Collection Photography by Hasan Falah

ناکۆتا و ڕوخسار


Loading

١. لە بەردەم «ئەویدی»دا

«مەرگ» لە فەلسەفەی لێڤیناسدا، کەیفکردنی سوژە پەکدەخات، وە خاوەندارێتی تێروتەسەل و بێکەمووکوڕی ئەو بەسەر جیهاندا، تەفروتونا دەکات . ڕووبەڕووبوونەوەی سوژە لەگەڵ مەرگ وەک غەیر[1] ، لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو لەگەڵ غەیرێکی شەخسیدا کە دەرکەوتەیەکی مرۆڤیانەی هەیە ، واتا ئەویدی[2] ، دەگاتە ئەوپەڕی خۆی . لەم چرکەساتە بەدواوە تێکرای پەرۆشییەکان و کەڵکەڵەکانی بیرکردنەوەی لێڤیناس بۆ وەسفکردنی باگراوەند و تایبەتمەندیەکان و کاریگەرییەکانی ئەم ڕووبەڕووبوونەوەی سوژە لەگەڵ ئەویدیدا تەرخاندەکرێت.سوژە لە میانەی ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ئەویدیدا ، بۆی دەردەکەوێت کە ئەو بەتەنیا خاوەنی جیهان نیە ، وە دەستهەڵات و سەرپشکێتی و مەعریفەی ئەو ، ئاست و سنورێکی دیاریکراوی هەیە . بە بڕوای لێڤیناس ، ئەویدی خۆسەرپشکێتی سوژە دەخاتە ژێر پرسیارەوە وە تووشی تەنگژەی دەکات ؛ وە ئەم دۆخە لە ڕوانگەی لێڤیناسەوە یانی ئەخلاق . کەوایە دەتوانین بڵێین ئەخڵاق لە تێڕوانینی لێڤیناسدا جۆرێکە لە ڕەخنەگرتن[3] ؛ ڕەخنەیەکە ، کە ئەو هەلە بۆ سوژە دەرەخسێنێت کە لە ڕوانگەی ئەویدیەوە سەیری خۆی بکات (علیا، 1388، ص 100). ئەم «ڕەخنە لێ گیرانە» ، بە هیچ شێوەیەک سەرپشکانە و ئازادانە و خۆداواکراوانە نیە ؛ بەچەشنێک کە ئەو نە دەتوانێ لە وەڵامدانەوە ڕابکات و نەچارەیەکیشی جگە لە وەڵامدانەوە هەیە . تەنانەت خۆتێنەگەیاندن و گوێنەدان بە ئەویدی  خۆی لە خۆیدا وەڵامدانەوەیەکە بە ئەویدی ، ئەویش بەو مانایەی کە دواجار دەبێ بە جۆرێک حیساب بۆ ئەویدی بکات و نسبەت و هاوپەیوەندی خۆی لەگەڵ ئەویدیدا ساغبکاتەوە . لێڤیناس جگە لە وەسفکردنی ڕەهەندە نێگەتیڤەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی سوژە لەگەڵ ئەویدیدا ، لایەنە پۆزەتیڤەکانیشی وەسف دەکا کە هەمان بەخێرهاتنکردنی ئەویدییە لە لایەن سوژەوە ، وە خۆتێگەیاندن و بایەخ پێدان و ڕێزگرتن لە ئەویدی و بەرەوپیرچوونی ئەوە(علیا، 1388، ص 100). لێڤیناس بە شێوەیەکی دەستنیشانکراو لە دوو لایەنەوە بەدواداچوون بۆ وەسفکردنی ڕەهەندە پۆزەتیڤەکانی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەویدیدا دەکات : یەکەمیان ئەویدی لە پێگەی «ناکۆتا» دا و دووهەمیشیان ئەویدی وەکو «ڕوخسار»ە .

٢.ناکۆتا

ناکۆتا[4] یەکێک لە زاراوە بنچینەییەکانی لێڤیناسە بۆ وەسفکردنی «ئەویدیی بوونێتی» ئەویدی و تەنانەت دەتوانین بڵێین کە لە چەمکە بنەڕەتیەکانی فەلسەفەی ئەو ئەژماردەکرێت. ئەوەش لەبەرئەوەیە کە سوژەی لێڤیناس لەمیانەی وێناکردنی ناکۆتادا بنیاد دەندرێت (دیویس، 1386،ص 80). لێڤیناس ئەم زاراوەیەی لە دێکارت و لە کتێبی «کۆمەڵێک تێڕامان لەسەر فەلسەفەی یەکەم» وە بەتایبەت لە تێڕامانی سێهەم بە قەرز وەرگرتووە.

ئامانجی بنەڕەتی دێکارت درووستکردنی فەلسەفەیەکی نوێ نەبوو، بەڵکوو لەهەوڵی دۆزینەوەی بنەما پتەوەکان دابوو بۆ فەلسەفە لەبەرامبەر گوماندارێتی[5] دا، وە سەرەتای دەستپێکی ئەم جموجوڵەی ئەو گومانکردنی[6] بە ئانقەست و زێدەڕۆیانە و میتۆدۆلۆجیک و ڕاسپاردراوانە بوو (زمانی، 1386، ص 23). مەعریفەی گومانبەدەر، لای دێکارت خاوەنی دوو ئاواڵناوی بنەڕەتی «ڕوونبوون» و «جیابوون»ە . یەکەمین شتێک کە دێکارت مەعریفەیەکی گومانبەدەر بە نسبەت ئەو پەیدادەکات ، بوونی خۆیەتی کە وەکو «کۆجیتۆ» باسی دەکات ؛ یانی سەبارەت بەوەیکە «من بیردەکەمەوە» ناتوانم  هیچ دوودڵی و دڕدۆنگییەکم هەبێت ، کەوایە بێ هیچ ڕاڕایی و گومانێکەوە دەتوانم بڵێم «کەوایە هەم» . بەڵام گومانی زێدەڕۆیانەی دێکارت بەرزترین ئاستی گومانکردن دەکاتە بە گریمانەی خۆی کە هەمان «ڕۆحی بەدفەڕ[7]»ە ، کە بەردەوام لە پڕۆسەی مەعریفە بەدەستهێناندا ، سوژە فریودەدات . ئەم گریمانەیە مەعریفەی ڕوون و جیای سوژە سەبارەت بە بوونی خۆی ، توشی تەنگژە دەکات ، کەوایە پێویستە دێکارت بوونی خوایەک کە بەدفەر و فریودەرنیە بسەلمێنێت ، ئەویش بەبێ گەڕانەوە بۆ جیهانی دەرەوە (کاپلستون، 1385، ص 129). بەبڕوای دێکارت لەم ساتەوەختەدا تەنیا چەمکی خوا دەمێنێتەوە کە تێڕامانی لەسەر بکرێت . ئەو لە تێڕامانی سێهەمدا دەڵێت : «مەبەستی من لە ناوی خواوەند، جەوهەرێکە ناکۆتا ، بەزات سەربەخۆ ، زانا و توانا کە خودی من و هەرشتێکی دیکە ، ئەگەر شتێکی دیکە جگە لەمن بوونی هەبێ ، لەلایەن ئەوەوە خوڵقاوین » (کاپلستون، 1385، ص 130). دێکارت بۆ سەڵماندنی هەبوونی ناکۆتا نایهەوێ پەنا بۆ جیهانی دەرەوەی سوژە ببات؛ هەربۆیە «وێنای ناکۆتا» لەنێو زەینی سوژەدا دەکاتە بە بنەمای بەڵگاندنی[8] خۆی . کەوایە مرۆڤ لەو ڕوویەوە کە جەوهەرێکی «کۆتاییدار[9]»ە ناتوانێت خاوەنی «وێناکردن»ی جەوهەری ناکۆتا بێت، مەگەر ئەم «وێناکردن»ە لەلایەن جەوهەرێکی ناکۆتاوە درابێتە بە ئەو . دێکات دەڵێت :«من وێنایەکم لە ناکۆتا لایە، وە ئەم وێنایە مومکین نیە کە لە خودی منەوە کە کۆتاییدارم سەرچاوەیگرتبێت ، لەبەرئەوەیکە مەحاڵە بەرهۆ[10] لەسەروی هۆکارەکەی خۆیدا بێت»(علیا، 1388، ص 117). دێکارت بەم دەلیل هێنانەوەیە، هەبوونی ڕاستەقینەی ناکۆتا بە پێی «وێناکردن»ی ئەو لەلایەن سوژەوە دەسەلمێنێت وە دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە ناکۆتا لەدەرەوەی سوژە هەڵکەوتوە وە خاوەنی تایبەتمەندی «لەدەرەوە بوونێتی ڕەها» یە ؛ یانی لەسەرەوەی دەستهەڵات و زاڵبوونێتی سوژە هەڵکەوتوە . لێڤیناس پێیوایە کە دێکارت بەم ئەرگۆمێنتە وەها نیشاندەدات کە «بیر» ناتوانێت شتێک سەروتر لە «بیر» درووستبکات کەوایە ئەم شتە دەبێ لە پێشدا بە ئەمانەت لەنێو ئێمەدا داندرابێت ؛ بەم شێوەیە دەبێ هەبوونی خوایەکی ناکۆتا قەبوڵبکرێت کە ئایدیای ئەمری ناکۆتای بە ئەمانەت بە ئێمەی بەخشیوە  (لویناس، 1387، ص 107). مەسعود عۆلیا ، پێیوایە کە لێڤیناس تێڕامانی سێهەمی دێکارت دەکاتە بە هەوێنی تێگەییشتنی خۆی لە ئەویدی ، بەجۆرێک کە «وێناکردنی ناکۆتا»ی دێکارت مۆدێلێکی فۆرمیانە دەخاتە بەردەست لێڤیناس  هەتاکوو ئەو ناوەڕۆکەی کە ئەو بەدڵێتی لەم «فۆرم»ەدا بیگونجێنێت (علیا، 1388ٍ ص 117). لێڤیناس لەم مۆدێلەدا لەباتی خوا ، «ئەویدی» وەکو ناکۆتا دادەنێت و پەیوەندی سوژە لەگەڵ وێنای ناکۆتا وەکو نموونەیەک بۆ پەیوەندی سوژە لەگەڵ ئەویدی بەرجەستەدەکاتەوە؛ چونکە ئەویدی بەنسبەت سوژەوە، بەردەوام تراسندێنتاڵ بوون و دەرەوەیەتیی بوونی خۆی دەپارێزێت؛ ئەم دەرەوەیەتی بوونە و تراسندێنتاڵ بوونەی ئەویدی تەنیا ڕەهەندێکی شوێنەکی نیە بەڵکوو لەوپەری جەغزی مەعریفە و دەسهەڵاتدارێتی سوژە هەڵکەوتوە . پرسیارێک کە لێرەدا خۆی زەقدەکاتەوە ئەوەیە کە ئەویدی وەک ناکۆتا چۆن چۆنی خۆی بۆ سوژە دەردەخات ؟ دێکارت لە ڕێگەی «وێناکردن»ی ناکۆتا  ، «هەبوون»ی ناکۆتای سەلماند ، لێڤیناسیش «ڕوو» یان «ڕوخسار» بەنیشانەی هەبوونی ئەویدی وەکو ناکۆتایی دەزانێت ؛ لەبەرئەوەیکە ناکۆتا لای لێڤیناس هیچ کات لە شێوەی ناوەڕۆکێک وەدەرناکەوێت . لێڤیناس لە وتووێژەکانیدا لەگەڵ فیلیپ نێمۆ ڕاشکاوانە دەڵێت: «بە بڕوای من ئەمری ناکۆتا لە چوارچێوەی دەلالەتگەری ڕوخسارەوە دەردەکەوێت ، ڕوخسار نیشانەیەکە بۆ ئەمری ناکۆتا» (لویناس، 1387، ص 119).

٣.ڕوخسار

لە بەناوبانگترین و لەهەمان کاتدا لە دژوارترین زاراوەکانی لێڤیناس لە وەسفکردنی ئەویدیدا زاراوەی «ڕوخسار[11]»ە . ڕوخسار، بەو دلالەتە فەلسەفیانەی کە لە لای لێڤیناس هەیەتی، لە مانا باو و ڕۆژانەکەی خۆی دەردەچێت و سەرتر هەڵدەکشێت . سوژە لە بەژنی «ڕوخسار»دا چاوی بە «ئەویدی» دەکەوێت . لەڕاستیدا ڕوخسار دەرکەوتنی «ئەویدی»یە بۆ سوژە . لێڤیناس لە وتوێژ لەگەڵ ڕامین جەهانبەگلوو دا، لەسەر ئەوە جەختدەکاتەوە کە : «ئەویدی ڕوخسارە و ڕوخسار مانای تایبەتی ئەویدیە . هەربەم هۆیەوە باشترین شێوازی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەویدیدا لەڕێگەی ڕوخسارەوەیە .[واتا] ئەویدی لە ڕووبەڕوووە چاولێکردن و ڕوخساری ئەویدی سەیرکردنە» (لویناس، 1373، ص 7).

ڕوخسار لە ڕەگەزی دەرکەوتنە ،وە نە ئۆبژەی درک پێکردنی هەستەکیانەیە وە نە ئۆبژەی تێگەیشتنی مەعریفی .ڕوخسار ئۆبژەی ئەزمونکراو بە مانا هەستەکی و ئێپیستمۆلۆجیانەکەی نیە، وە تەنانەت جۆرەیەک لە فینۆمینۆلۆجی ئەویدیش نیە . لێڤیناس لەم بارەوە دەڵێت :«پێموانیە کە بتواندرێ قسە لەسەر فینۆمینۆلۆجی ئەویدی بکردرێت؛ لەبەرئەوەیکە فینۆمینۆلۆجی ئەوشتەی کە خۆی دەنوێنێت وەسفدەکات . هەربەم شێوەیە ، پێموانیە کە بتواندرێ باسی ڕوانینی ڕوووەو ڕوخسار بکردرێت، چونکە لێڕوانین یانی مەعریفە و درک پێکردن . من پتر لەسەر ئەو بڕوایەم کە دەستپێڕاگەییشتن بە ڕوخسار، ڕاستەوخۆیانە ئەخلاقیە» (لویناس، 1387، ص 99). ڕوخسار لای لێڤیناس هەم دەلالەتە بۆ ڕوخساری مرۆڤە ڕاستەقینەکان وە هەمیش نا ! لێڤیناس لە وتووێژ لەگەڵ فیلیپ نێمۆدا دەڵێت : «کاتێک لووتێک ، چاوەکان ، ناوچاوانێک و چەناگەیەک دەبینن وە دەتوانن ئەوان وەسفبکەن ، ئاوڕدانەوە و لێڕوانینی ئێوە بەرەو ئەویدی هەروەک ئاوڕدانەوە لە ئۆبژەیەکە . باشترین ڕێگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەویدیدا ئەوەیە کە تەنانەت سەرنجمان نەچێتە سەر ڕەنگی چاوەکانی ئەویدیش ؛ کاتێک مرۆڤ ڕەنگی چاوەکان سەیردەکات ، ناکەوێتە نێو پەیوەندی کۆمەڵایەتی لەگەڵ ئەویدیدا»(لویناس، 1387، ص 100-99) . بەم شێوەیە ڕوخسار ئەوشتەیە کە بە بەرچاو ناکەوێت ، کەچی بەردەوام بە جۆرێک وەسفدەکرێ کە دەڵێی بیندراوە ؛ لەبەرئەوەیکە دەلالەت دەکاتە سەر ڕووبەڕووبوونەوەیەک کە لە ئاگامەندی و مەعریفەی سوژەدا ڕووینەداوە . لەئەنجامدا ڕوخسار ئەوشتەیە کە ناتواندرێ بکرێتە بە ناوەڕۆک ؛ ئەو ناوەڕۆکەی کە هزری سوژە، لەخۆی بگرێت. لە ڕاستیدا ڕوخسار نالەخۆگیرانە[12]یە ، وە سوژە بەرەو ئەوپەری ئەوشتەی کە خۆی هەیە دەبات ( لویناس، 1387، ص 101). بەم وەسفانەی کە کرا ، ڕوخسار لای لێڤیناس نەک دیاردە بەڵکوو بە جۆرەیەک لە «مەتەڵ» ئەژماردەکرێت ئەویش «مەتەڵێکی چارەسەری هەڵنەگر» (علیا، 1388، ص 124).

لێڤیناس پێیوایە کە ڕوخسار دوو هەستی دژ بەیەک لە سوژەدا درووستدەکات کە یەکەمیان هەستی زەبروزەنگە[کوشتنی ئەویدی] و دووهەمیشیان هەستی چاکەکردنە [نەکوشتنی ئەویدی] (جهانبگلو، 1373، ص 3). ئەویدی  بە ئامادەبوونی خۆی، خۆسەرپشکێتی سوژە دەخاتە ژێر پرسیارەوە و ناچاری دەکات کە وەڵامدەرەوە بێت . لە وەها ڕەوشێکدا کاردانەوەی ئۆنتۆلۆجیکانە و ئێپیستمۆلۆجیکانەی سوژە لە بەرامبەر ئەویدیدا، بە مەبەستی لەناوبردن و کوشتنی ئەویدیدا دەشکێتەوە. هەر بۆیە لێڤیناس وەبیرماندێنێتەوە کە :«مرۆڤکوژی ڕاستیەکی سوک و ساکارە، مرۆڤ دەتوانێ ئەویدی بکوژێت .[چونکە] زەروورەتی  ئەخلاقی، زەروورەتێکی ئۆنتۆلۆجیک نیە» (لویناس، 1387، ص 101). بەڵام کاتێک ئەویدی سەرتر لە ئۆنتۆلۆجی پێ دەنێتە جیهانی سوژەوە ، لە بەژنی ڕوخساردا بۆ ئەو دەردەکەوێت، وە ئەو ناچار بە وەڵامدانەوە دەکات، لەبەرئەوەیکە ڕوخسار دەربڕینی ڕەهایە. یەکەمین وتەی ڕوخسار «مەکوژە[13]»یە ؛ ئەم وتەیە  فەرمانپێدانە[14] (لویناس، 1387، ص 104). فەرمانێک کە ئەویدی لەگەڵ سوژە دەخاتە ناو پەیوەندیەکی ئەخلاقیەوە . بە بڕوای لێڤیناس فەرمان پێدانی «مەکوژە» هەتا ئەو ڕادەیەی بنەڕەتیە کە سەرجەم فەرمانە ئەخلاقیەکانی دیکە لە ئەوەوە سەرچاوە دەگرن . تەنانەت لێڤیناس مانای ڕوخسار لەم فەرمانەدا چڕدەکاتەوە (لویناس، 1387، ص 101). ڕەنگە هەربۆیەش لە حەقایەتەکانی دەربارەی جەنگدا هاتووە کە کەسێک کە ڕاستەوخۆ و زیت سەیری ئێوەدەکات، کوشتنی زۆر ئەستەم و دژوارە ؛ وە هەربەم هۆیەوە ڕوخسارڕەنگە بتواندرێت بانگهێشتی ڕوخسار بەم شێوەیە دەرببڕین کە :«دەتوانین بکوژین بەڵام “باشتر”ە کە نەکوژین ، ئەویش ڕێک بەو مانایەی کە ئەخلاق “باشتر”ە لە ئۆنتۆلۆجی» (مهرگان، 1383). ئەم بە باشتر زانینە ، مەعریفە هەڵنەگرە وە ناناسرێت مەگەر لە ڕێگەی کرانەوە بەرەوە دەرکەوتنی ڕوخساری ئەویدی کە همان «قسەکردن»ە.


سەرچاوەکان:

١- دیویس،کالین. (1386). در آمدی بر اندیشه لویناس. ترجمه مسعود علیا. تهران: موسسه پژوهشی حکمت و فلسفه ایران.

٢- زمانی ، مهدی. (1386). تاریخ فلسفه غرب 2. تهران: انتشارات دانشگاه پیام نور.

٣- کاپلستون، فردریک. (1385). تاریخ فلسفه – جلد چهارم: از دکارت تا لایب نیتس. ترجمه غلامرضا اعوانی. چ 2. تهران: انتشارات علمی و فرهنگی + سروش.

٤- علیا، مسعود. (1388). کشف دیگری همراه با لویناس. تهران: نشر نی

٥- لویناس ، امانوئل.(1387). اخلاق و نامتناهی. ترجمه مراد فرهاد پور و صالح نجفی. تهران: فرهنگ صبا.

٦- لویناس ، امانوئل. (1373) . «گفت و گو با امانوئل لویناس». مجله کیان. ش 22. صفحات 2 تا 9.

٧- جهانبگلو، رامین. (1373) . « گفت و گو با امانوئل لویناس». مجله کیان. ش 22. صفحات 2تا9.

٨- مهرگان ، امید. (1383). «چیزی بهتر از بودن؛ درباره فلسفه امانوئل لویناس». روزنامه شرق. 7/2/1383


[1] Autre

[2] autui

[3] critique

[4] infinity

[5] Skepticism

[6] Doubt

[7] Malign Spirit

[8] argument

[9] Finite

[10] معلول

[11] The face

[12] uncontainable

[13] Thou shalt not killتۆ نابێت کوشتن ئەنجام بدەی =

[14] order

 

 

بۆ كۆی دۆسیه‌كه‌ فه‌رموون:

http://cultureproject.org.uk/kurdish/category/فه%E2%80%8Cلسه%E2%80%8Cفی/سندوق/دۆسیەی-لێڤیناس/

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین