١
هاوڕێكه‌م، ئەشقم، پێیگووتم؛ تۆ خواری، تۆ خوار هەڵکەوتوویت…ئەمە یەکمجار بوو هەست بکەم شتێک هەیە لەهێڵکاری مندا خوارە. هەموو یەکێک پێش ئەوەی لەدایک بێت هێڵکاریەکە لەنێو لینجایەکدا، پاشان دەبێت بەچەند هێڵێک بەنێو یەکتریدا دەچن. لینجایی، نەرمی و خواربوونەوە بۆ‌نێو یەکتری، سەرەتای خەڵقبوونە لەنێوان هێلکە و سپێرمدا خۆی ڕادەکێشێت.
منیش گووتم ؛ بەڵام هەموو نێرینەیەک خوارە…
ئەمە دۆزینەوەی ئەو هەقیقەتەیە که ژنه ئەشقه‌كه‌م، ئەوەی شەوانی بەئاڵۆشمان لەسەر جێگەکانی حەز بەسەر دەبرد، ئه‌و شه‌وه‌دا دوایی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ماكردن هیلاكردن بووین و هاتین بۆ ئه‌م هۆتێله هه‌رزانه، پێیگووتم: به‌ڵێ ئەوە هەقیقەتێکی تاڵە.
منیش گووتم: بەهیچ کلۆجێک تاڵ نییە، بەڵکو دۆزینەوەی خودی نێرینه‌یە لەنێو خۆیدا…
٢
من بیرم لەوەکردەوە کەده‌شێت ڕووناکی دارتێلەکەی سەرشەقامەکە، کەبەوەحشیەتەوە خۆی دەکرد بەتاریکایی ژووری ئوتێلە هەرزانەکەی پشت وێستگەی شەمەندەفەری باشووری ئه‌م شاره، ئەو خواریەی لەهێڵکاری مندا دروستکردووە!
من گووتم؛ ئەگینا من ڕێکم، تەواو ڕێکم وەک هەموو شتێکی ڕێک لەم دنیا بەرینەدا.
خانمه‌كه‌ی هاوڕێم مژێكی له‌جگه‌ره‌كه‌ی دا‌و و به‌مه‌كره‌وه گووتی؛ هێی…ڕووناکی شتەکان دەکات بەدووکەرتەوە، بەڵام خواریان ناکات!
منیش گووتم؛ ڕووناکی ڕەنگەکان لەشێوەی دەرکەوتنیاندا دەگۆڕێت، لەبینینی ئێمەدا، نەک لەجەوهەری خۆیدا!
ئەمەش حونجەتێکی لاوازی خۆم بوو بۆ داپۆشینی خواری خۆم…
هاوڕێكه‌م پێکەنی و گووتی: لەم ئوتێلە هەرزانەی ناوی ژیانە هەموو شتێک خوارە ئازیزم.
٣
منیش بەکێرێکی شۆڕەوە لەبەرامبەر ئاوێنە ژەنگبردووەکە ڕاوەستابووم، نیوەی لەشە ڕووتەکەم ڕۆشن بوو بەڕووناکی گڵۆپە زەردەکەی دارتێلی بەر پەنجەرەی ئەم ژوورە تەنیایەی سێکسکردنی هەرزانی ئاشقانی ته‌نیا له‌گه‌ڵ خۆیان، یاخود باڵنده‌كانی نیوه‌شه‌و.ئه‌م ژووره سیخناخ بوو به‌بۆن چڕووکی میزی به‌په‌له، ئاره‌قه‌ی وشكبۆوه‌ی جه‌سته برسیه‌كانی نیوه‌ڕۆیانی چێژ، چەرچەفی زەردبوو بەدڵۆپه‌میز و شاوەتی وشکبووەی ژن و پیاوە تەنیاکانی پێش خۆمان. ئاوەها نیوەی لەشە ڕووتەکەم، بەو گڵۆپە زەردە ڕووناک بوو . هەستمکرد لەشم نیوەی خوارە!
ئەمەم به‌خانمه‌كه‌ی هاوڕێم گووت، کەئەمشەو هه‌ردووكمان له‌دوای سه‌ما و سه‌رخۆشی ، ناوگەڵ و مەمکەکانی بۆ واڵاکردبوومەوە، خۆی گووتەنی میهرەبانی خۆی بۆ پیاوێکی خوار واڵاکردووە..
دووبارە بێزاربووم لەتیله‌ی چاوی، له‌چۆنێتی لێڕوانینی، له‌پێکەنینە نەرمەکەی. جەختم لەوە کردەوە ڕووناکی لەشی منی وەک شەڕکەرێک ، جه‌نگاوه‌رێكی زه‌مه‌نی پاڵه‌وانبازیه‌كان لەتکردووە. لەوانەیە ئەوە لەخوراسان ڕوویدا بێت ، یان ده‌شێت له‌دارستانه‌كانی ساگسن له شمشێری وەها هەبووبێت کەبەخواری مرۆڤەکان دەکات بەدوولەتەوە، نەک لەجەنگی دژی ڕۆمانیه‌كان، چونکە ڕۆم شمشێریان ڕێکە و بەڕێکیش، بەدەمی شمشێری تیژ، جەستە دەبێته لاشەیەکی دووکەرتبوو….ئه‌شقه‌كه‌م خێرا گووتی: ئه‌ی تۆ بەڕێکی لەنێو ئەم جەنگەدا کەرت نەبوویت؟!
من دەمزانی لەپشتەوە سەیری سمته ڕووتەکەی دەکردم، کەزۆر جار بەسمتی پاکیزەیەکەی نێو دێرێکی کاسیولیکی دەچوواند، نەک سمتی خەپانی پیاوێک كه‌شانازی بەنێرایەتی خۆیەوە بکات. زانیم ئێستا بیر لەسمتم دەکاتەوە، لەهەمانکاتیشدا بیر لەکەرتبوونی من دەکاتەوە بەشمشێرێکی ڕۆژهەڵاتی…کەچی ئەو لەپشتەوە گووتی: بەشمشێری ڕووناکی دووکەرت بویت ئازیزم، لەپشتەوە ئاوەها تۆ دەبینم وەک نیوەی مرۆڤێک کەبڕیاری داوە ببێت بەهێڵکاریەک لەسەر ڕووبەرێکی سپی…
ئەم زۆر گووتنەی بێزاری کردم، چونکە من نەهاتبووم بۆ ئەوەی گوێ لەوە بگرم کەمن هێڵێکی خوارم لەسەر ڕووبەڕێکی سپی، من نەهاتبووم بۆ ئەوەی کەرتبوونی خۆم لەم ئوتێلە هەرزانە بەبۆن شاوەتی وشکبۆوە و ناڵەی ژوورەکانی تەنیشتمەوە بدۆزمەوە. من نه‌هاتبووم بۆ ئه‌وه‌ی کێشە ئەنتۆلۆژیەکان لەنێو هێڵکاری فۆرم و ڕووناکیدا ڕاڤه بكه‌م. نەهاتبووم بۆ ئەوەی ڕووناکی بمکات بەدووکەرتی خوار وخێچ…
٤
لەخەیاڵی ئه‌ودا من ئەو هێڵە خوارەم کەلەسەر ڕووبەرێکی سپی، كه‌زیاتر هەموو شتێک لەنێو سپێدیدا بینراو دەکەم، وه‌ك له‌و سپیاتیه‌ی شت له‌نێو خۆیدا هه‌ڵیگرتووه. وەک ئەوەی ئەم هێڵە خوارە منی لەشێوەی پیاوێکی بێباک و لامسەلا و بێگوێ و بێهودە فۆرم کردبێت، ئاوه‌ها من زیاتر ڕه‌شبوونه‌وه‌ی سپیمه له‌و دیوو سنووری خۆیه‌وه.چاکتر وایە بڵێم؛ کاتێک لەسپیاتی خۆیەوە، سنوورەکانی خۆی ده‌به‌زێنێ بۆ نێو زەمەنێک کەدەیەوێت دیاربێت، ئه‌وسا ڕه‌شێتی خۆی ده‌دۆزێته‌و…
منیش ئاوەها وەک پیاوێکی خوار لەبەرامبەر ئاوێنەکەدا کەرتبووم ، وەک شاعیرێک كه‌رتبووم. کەگووتم؛ وەک شاعیرێک! بەڕووتی هەستایە بەرپەنجەرەکە و ڕووناکی گڵۆپە زەردەکەی داپۆشی، کەچی من هەر لەئاوێنەکەدا خواربووم، خواربوونێک لەنێو تاریکایی ژوورێکی هەرزان. ئاوڕمدایەوە و ئەشقەکەم بینی وەک مێینەیەکی ئەبەدی مەمکەکانی هەڵدەگڵۆفی و گووتی: هێی واز لەم هەموو بیرۆکە ووردانە بێنە، ونبوونی نێر لەم هێڵە چەماوانەی نێوان ڕان و مەمک و بن باڵ و سمت و خەتی نێوان سمت و ڕانی تورتدا بەقەدەری ئێوەوە نوساوە…
ئەمەی گووت و پاڵکەوتەوە و دەستی بۆ نێو هێڵە چەماوەکانی برد، بیرم لەوە کردەوە مێینە تێکچرژانی چەندەها هێڵی خوارە لەنێو یەکتریدا. ئەوە جادووی جەستە و ئاڵۆشیە، بەڵام من وەک نێرنیەک، بەبوونم بەهێڵێکی خوار لەسەر ڕووبەرێکی سپی بەنەعلەتکراوم…
وازم لەهەموو ئەمانە هێناو ویستم دوای دۆزینەوەی خواریم، وەک هێڵێکی خواری بەنەعلەتکراو لەسەر ڕووبەرێکی سپی، لەنێو هێڵەکانی جەستەی ئه‌شقه‌كه‌م ونبم. ئاخر ئەو ئیمشەو بەقەرز لەم ئوتێڵە هەرزانەی ئەو دیوو وێستگەی شەمەندەفەر ئه‌م ژووره‌مان گرتووه بۆ له‌بیركردنی دونیای هه‌بوو، ئەمجارەیان تێكه‌ڵبووینه‌وه ، به‌ڵام من وەک پیاوێک، بەسەر خوارێتی خۆیدا کەوتبێت…
نورنبێرگ \ ئا‌پریل ٢٠٠٧
تێبینی: ئه‌م چیرۆكه بۆ یه‌كه‌مجاره بڵاوبێته‌وه، هێڵكاریه‌كان كاری هاوڕێم هونه‌رمه‌ندی شێوه‌كاری (به‌هادین) كه‌چیرۆكه‌كه‌ی خوێنده‌وه ئه‌م هێڵكاریانه‌ی بۆ نه‌خشاند. هێڵكاریه‌كان ته‌واوی ده‌ربڕنه له‌كۆی هێڵه‌كان .
تایبه‌ت به كو‌لتور مه‌گه‌زین
مافی بڵاوكردنه‌وه بۆ نوسه‌ر و كو‌لتور مه‌گه‌زین پارێزراوه