شەوی یەڵدا


Loading

شانۆنامەنووسی ئەڵمانی (ڕۆڵاند شیملفێنگ) لە دایک بووی ساڵی ١٩٦٧ بە درێژکراوەیەکی بەهێزی برێشت دادەنرێت و لە بنەمای تەکنیکەکانی برێشتەوە، شانۆیەکی سیاسیی نوێ و زمانێکی تایبەت بەخۆی، هەروەها دیدێکی جیهانی بۆ ئەو شانۆیەی کاری لەسەر دەکات، ڕۆناوە. ئەم نووسەرە هەمیشە ڕەوش و بارودوخێکی سیاسیی وا دەخوڵقێنێت، کە هەموو کەسێک بەئاسانی تێی دەگات، بەڵام لەلای ئەم لە دەرەوەی بنەما سیاسییە سەردەمییەکانەوە، دەبێتە کۆمیدیایەکی سیاسیی. هەروەها پرسەکانی دەسەڵاتی سەرەوە بۆ خوارەوە، گوناه و توندوتیژی لە دونیایەکی تەنزئامێز و لە تۆنێکی ساکار و ئاساندا دەخاتە ڕوو.

یەکێک لە تازەترین بەرهەمەکانیشی (شەوی یەڵدا) یان (چلەی زستان) لەسەر شانۆی پادشایەتی لە ستۆکهۆڵم پێشکەش دەکرێت. شەوی یەڵدا تاریکترین و درێژترین شەوەکانی ساڵە و لەم دەقەدا، دەبێتە ستراکتوری درامایەکی سیاسیی و خێزانی و دیدێکی هونەری بۆ کلتورێکی شانۆیی دووهەزار ساڵە. لەم شەوەدا پانتاییەکانی تاریکی و ڕووناکی لە کێشەیەکی ئەبەدیی دان. خێزانێک خەریکی خۆئامادەکردنن بۆ جەژنی لەدایکبوونی مەسیح، ئەلبێرت و بێتینە و کچەکەیان، خەسووی ئەلبێرت و هاوڕێیەکی هونەرمەندی ئەم خێزانەیش پێکەوە کۆدەبنەوە. لە پڕ لە دەرگا دەدرێت، لەودیوو دەرگاکەوە، کەسێکی نەناسراو، بێگانەیەک وەستاوە و دەیەوێت بێتە ژوورەوە. ئەم بێگانەیە، کە هاوڕێی دایکی بێتینەیە و هەر ئەویش بانگهێشتی کردووە بۆ ماڵی کچەکەی، شارەزای ڤاگنەرە و لە هەموو شتێک دەزانێت، بە دەنگێکی بەرز باسی پەیام و دیدی هونەر دەکات، هەر زوو دەست دەگرێت بەسەر ڕەوشەکەدا و هەموویان دەخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. ئەم کەسە کێیە؟ دەیەوێت چی بڵێت؟ نوێنەری چ دید و ئیدیالێکە؟

10965654_10205087007308322_1980648463_nشیملفێنگ شانۆنامەنووسێکە، کە لە بارودۆخ و ڕەوشەکانەوە، بنەما دراماتیکییەکانی دادەڕێژێت، ڕووداوەکان بەشێوەیەکی سەیر قووڵ دەکاتەوە، پاشوپێشیان دەخات و جۆرە ئەفسانەیەکی ئەبسوورد، بۆ ئەوەی ڕووداوەکانی ئەم کاتە و ئێمەیش، کە لەم زەمەنەدا دەژین، بگێڕێتەوە، دەخوڵقێنێت.

چیرۆک و ڕووداوەکانی ئەم شەوی یەڵدایە، چ بۆ ئەدەبی درامی و چ بۆ شانۆی جیهانی، شتێکی نوێ نییە: درامایەکی ڕەشی پەیوەندیی خێزانی و کێشەی نەوەکانە. خێزانێکی برژوازی بچووک، شەوێک بەر لە جەژنی لەدایکبوونی مەسیح، ڕووبەرووی کێشەیەک دەبنەوە. لەم کێشە و شەڕەدا گەمە بەکات دەکرێت، مۆسیقا دەبێتە ئامڕازێکی شانۆیی، چەند دەنگێکی تۆمارکراو دەبنە حیکایەتخوان و ئەو حەوسەد دیمەنەی دەقەکەی پێک هێناوە، بەرجەستە دەکەن. دەنگەکان ژیانی کارەکتەرەکان، بەبەرچاوی خۆیانەوە دادەڕێژنەوە. بوونی کارەکتەرەکان لەنێو گەمەیەکی خودگەرایی و شەڕێکی سیکۆلۆژیدا، رووبەرووی کارەساتێکیان دەکاتەوە، کە ناتوانن لێی دەربازبن. دەقەکەیش لە دوو ئاستدا دەخرێتە ڕوو، هەموو جوڵە و سینارێوی دەقەکە، بە تۆمارکراوی دەخوێندرێتەوە، بەم شێوەیە ڕووداوەکان لە دەرەوە و لە ناوەوەیش دەبینین. ئەمەیش لە پرۆسەیەکی تەکنیکی نامۆبووندا، بینەران ناچار دەکات بە دوو شێوە و لە دوو ئاڕاستەوە، نەمایشەکە ببینن.

رۆدۆڵفی بێگانە، کەسێکی پڕ لە ڕاز و نیازە، ئەلبێرت نووسەرە و خەریکیی کتێبێکە دەربارەی هەڵۆکۆستی جوولەکەکان و دەیەوێت بەنێو ڕارەوە تاریکەکانی ئەو کارەساتە گەورەیەی جەنگی جیهانی دووەمدا بچێتە خوارەوە. (رۆدۆلف)ی میوان هێدی هێدی گەمارۆی هەست و نەستی ئەلبێرت دەدات و پەلاماری دەروون و ناوەوەی دەدات و دەبێتە بوونەوەرێکی قێزەوەن و ترسناک. ئەلبێرت لەنێو گفتوگۆکانی هونەر و بەها و ڕۆڵی هونەردا، سێبەری شتێک دەبینێت، کە هەژموونێکی پێچەوانە و کارەساتئاسای بەسەرییەوە دەبێت ، بۆیە سڵ لە ڕۆدۆڵف دەکاتەوە و چاوەڕوانی شتێکی نەکردە و نەشیاو دەکات. یەکێک لە گرفتەکانی ئەلبێرت ئەوەیە، کە ئەوەی ئەو لە رۆدۆڵفدا دەیبینێت و هەستی پێ دەکات، کارەکتەرەکانی تر وا نایبینن و هەستی پێ ناکەن، ئەمەیش بۆ ئەلبێرت بە کارەسات دەشکێتەوە.

شیملفێنگ بەم شێوەیە پێناسەی ڕووداوەکانی دەقەکەی دەکات: ڕابردوو هیچ شتێکمان فێر ناکات، بەڵکو دوامان دەکەوێت. شانۆنامەکەیش دەبێتە گێڕانەوە و پێناسەکردنێکی چڕ و شاراوەی نەوە نامۆ و ئیفلیجبووەکانی نازییەکان. مرۆڤەکان دەیانەوێت بەهەر شێوەیەک بووە بۆشاییەک پڕ بکەنەوە؛ ئەلبێرت خیانەت لە هاوسەرەکەی دەکات، بێتینەیش شتێکی شاراوەی لەگەڵ هونەرمەندەکەی هاوڕێیاندا هەیە، دایکیشی لەنێو ڕابردووییەکی شاراوە و ئێستایەکی بزردا پەنا بۆ رۆدۆڵف دەبات.

شەوی یەڵدا درامایەکە سەبارەت بە هەژموونەکانی مێژوو بەسەر ڕەوتی ژیانی مرۆڤەوە، مێژوو چۆن لە ئەمڕۆدا و لە ژیانی تاکەکانی کۆمەڵدا ڕەنگ دەداتەوە؛ دەقەکە ئاماژەیەکە بۆ چاڵە تاریک و نووتەکەکانی خود، بۆ ئەوەی چۆن ڕابردوو ئەمرۆ دروست دەکات. ئەم دەقە ئاهەنگێکە لەنێو مەستییدا دەتەقێتەوە، لەگەڵ ئەوەیشدا درامایەکی خێزانی ستراکتور کۆنە، کە کارەکتەری واقیعی و کێشە تەقلیدییەکان لە خۆدەگرێت. بەڵام نووسەر گەمە بەم شتانە دەکات. بۆ نموونە لە دراما تەقلیدییەکاندا هەموو شتێک لە ڕوانگەی دیالۆگەکانەوە دەخرێنە ڕوو، ئەمەیش تەنها شتەکان وەک خۆیان دەخاتە ڕوو یان هەر زۆر بەخێرایی تێدەپەڕن. ئەم نووسەرە و لەم دەقەیدا، جۆرە وێنەیەکی نزیک، ڕەوشێکی گەورەکراو بە شێوەیەکی نامۆ بەرجەستە دەکات و گەمە بە واقیع و بە کات دەدات.

پانتایی شانۆکە بۆتە ژوورێکی سپی گەورەی بە پرۆجێکتەر ئامادەکراو، لەم ژوورەدا ڕەوشەکانی ژیانی ڕۆژانە، بەتایبەتی لە هەندێک لە هەلومەرجە ناسکەکاندا، وەک ئامڕازێکی نوێی شانۆیی و گوزارشتئامێز دەبێتە گەلەرییەکی هونەری. ئێستاتیکای ئەم ژوورە بەوپەڕی دیقەتەوە جێبەجێکراوە و لەکاتی پێویستدا، ئەو کەل و پەلانەی پێویستن لە ڕێگای پرۆجێکتەر و فانۆسیی ئەفسووناوییەوە، بە گەورەیی لەسەر دیوارە سپییەکان دەردەکەون. نووسەر کات وەک ڕیتم و فۆرمیش بەکاردەهێنێت، هەرچەندە رووداوەکان لەیەک ڕۆژدا روودەدەن، بەڵام هەندێک جار لەنێو شەو و ڕۆژێکدا کات لەنێو ڕووداوەکاندا ئاڵوگۆرییان پێ دەکرێت، دەچێتە پێشەوە یان دەگەڕیتەوە دواوە و هەندێک جاریش دەوەستێت.

لەبری دەنگێکی گێڕەرەوە یان حیکایەتخوانێک، ریژیسۆری نەمایشەکە پەنجا و یەک دەنگی کەسانی ناسراو، ئەکتەر، سیاسەتمەدار، کەسانی بواری میدیا و تەلەفیزیۆن، کە بینەران بە دەنگیاندا دەیانناسنەوە، بەکاردەهێنێت. ئەم دەنگانە دەبنە شێوەیەک لە شێوەکانی کۆرس، دەنگێکی فەرمی و ئاماژەیەکی بەهێزی تۆمارکراو بۆ رووداوەکان و بۆ پێوەدانگە درامییەکەی دەقەکە و مەودایەکیش لەنێوان بینەران و ڕووداوەکاندا دروست دەکات.

کارەکتەرەکان لەنێو ئەم ژوورەدا دەسوڕێنەوە، لەنێو پەیوەندییەکانیاندا تووشی هەرەسێکی دەروونی دەبن، بەڵام دەتوانن بەسەریدا زاڵ بن؛ ئەلبێرت رووبەرووی شەڕی نێو دەروونی خۆی دەبێتەوە، هونەرمەندەکە دەیەوێت گوزارشت لەو چەمکە بکات، کە دەڵێت هونەر دەبێت خودی خۆی بێت.

شەوی یەڵدا بۆ نووسەر دەقێکی ورد و شاراوە و نادیارە، لەگەڵ ئەوەیشدا ئەوە دووپات دەکاتەوە، کە شەر بوونی هەیە، میراتییەکە و بۆمان ماوەتەوە. هاوکات دەقەکە/نەمایشەکە دەبێتە گفتوگۆیەکی قووڵی ئێستاتیکی سەبارەت بەو تاریکییەی، کە لە دەروونی هەموو یەکێک لە ئێمەدا هەیە.

شیملفێنگ لە شەوی یەڵدادا بە دوو زمان دەدوێت، زمانێک لە ئیپسنەوە سەرچاوەی وەرگرتووە و سەر بەو داب و نەریتە زمانەوانییەیە، زمانەکەی تریشیان زمانێکی شاراوەی نووسەرە، کە لە دیالۆگەکاندا بە شێوەیەکی نادیار دەجوڵێتەوە. هەر لەم رووەوە دەقەکە گەمە بە دوو جۆر دینامیکییەت دەکات: یەکێکیان هەڵسوکەوتێکی شەڕخوازانەی بەهێزە، کە بەشێکی درێژی دەقەکە پێک دەهێنیت، ئەویتریان ڕەوش و بارودۆخەکە بەجێدەهێڵێت و لەبری ئەوە پێناسەی شتەکان دەکات و وردەکارییەکان دەگێڕێتەوە. کە ئەم دوو ئاستەیش بەریەک دەکەون یان گفتوگۆ دەکەن و ڕووداوەکان پاشوپێش دەخەن، بینەران دەخەنە بارێکی نامۆ و ناڕەحەتییەوە.


سه‌رچاوه: http://danamarouf.com

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌