“جاشک له‌قه‌ی لێداوه”
ئه‌و دێره‌م له‌بیره که ببووه مانشێتی ژیانم، دێرێکی ساده‌بوو،به‌ڵام بۆ من مانایه‌کی گه‌وره‌ی له پشته‌وه بوو:
تۆم دۆڕاند‌و
نوسین عه‌زابی دۆڕاندنت بوو
ده‌توانم ئێستا دێره‌که به‌شێوه‌یه‌کی تر بنووسمه‌وه:
تۆم دۆڕاند‌و
شێتی عه‌زابی دۆڕاندنت بوو
نووسین.
هه‌ستکردن به‌تاوان نه‌یهێشت بنووم،هه‌رخۆشم خه‌وم که‌مبوو. دوای پێنج ساڵ هه‌ڵهاتن له‌خۆم، دوای پێنج ساڵ هه‌ڵهاتن له‌نوسین ئه‌وه یه‌که‌مجاره پێنوسه‌که‌م به‌ده‌ستمه‌وه بگرم. نازانم تاچه‌ند سه‌رکه‌وتوو ده‌بم. گرنگ نییه به‌لامه‌وه، ئه‌وه‌ی ده‌یزانم ئه‌وه‌یه که ده‌بێ بنوسم. ئازاری ویژدان خه‌ریکه بمته‌قێنێته‌وه دیسانه‌وه سه‌ر ئێشه به‌رده‌وامه‌که که‌لـله‌ی کون کردوم. هه‌ست به‌ژاوه ژاوێکی زۆرده‌که‌م له‌ناوه‌وه‌م.خۆم نزیکده‌که‌مه‌وه لێی و له سیما ماندو و خه‌ماویه‌که‌ی ڕاده‌مێنم . ده‌ڵێی قیژه‌یه‌کی نوستووه. سه‌رم له‌سینگی نزیک کرده‌وه وه‌ک منداڵێک سه‌رم به‌سینگیه‌وه نا، گوێم بۆ هه‌ناسه قووڵه‌کانی ڕادێرا. ماندوێتیه‌کی سه‌یر به‌ڕیتمی هه‌ناسه‌کانیه‌وه دیاربوو. سه‌رم که‌وته سه‌ر نه‌رمایی مه‌مکه‌کانی چاوی هه‌ڵێنا به‌نه‌رمه‌یه‌که‌وه گوتی: په‌شیمانی؟ گوتم: ببوره. هه‌ستم به‌کوڵانی هه‌ناوم کرد. هه‌ناسه‌یه‌کی هه‌ڵکێشا گوتی: بخه‌وه و که‌وته‌وه خه‌وێکی قوڵه‌وه.چه‌ندی کردم نه‌متوانی بخه‌وم.
-جل و به‌رگه‌کانم تاڕاده‌یه‌ک ڕێکوپێک و خاوێن بوون. دڵم زۆر خۆش بوو هه‌ستم به‌بارسوکیه‌کی له‌ڕاده‌به‌ده‌رده‌کرد. ده‌سته‌کانم له‌گیرفانم ڕاکردبوو به‌هه‌نگاوی خێرا به‌ره‌و ماڵ بوومه‌وه.چاوم به‌کۆمه‌ڵێک منداڵ که‌وت له‌وسه‌ری کۆڵانه‌که یاریان ده‌کرد هه‌ناسه‌م سواربوو دڵم خه‌ریک بوو له‌سینگم بێته ده‌دره‌وه، ته‌په‌ته‌پی زیادی کرد. وره‌م دایه به‌رخۆم و به‌رده‌وام بووم له‌ڕۆیشتن. تاوەکو نزیکتر ده‌بوومه‌وه زیاتر ده‌شڵه‌ژام. گه‌یشتمه ڕاستی منداڵه‌کان ڕووی خۆم سوڕاند و خۆم سه‌رقاڵکرد. یه‌کێک له‌منداڵه‌کان که‌لایه‌که‌ی له‌سه‌ر زه‌ویه‌که هه‌ڵگرته‌وه‌و ڕووی به‌ره‌و من وه‌رگێڕا، هه‌ستم کرد لێم وورد ده‌بێته‌وه زیاتر ڕووی خۆم سوڕاندو خۆم به‌سه‌یرکردنی داره‌کانی ماڵه‌کانی ئه‌وبه‌ره‌وه خه‌ریک کرد‌و هه‌نگاوه‌کانم خێراتر کرد. تاده‌هات لێدانی دڵم زیادی ده‌کردو ڕیتمی هه‌ناسه‌م زیاتر تێکده‌چوو. منداڵه‌که هاوارێکی خۆشحاڵی لێ به‌رز بۆوه ئه‌وه (خالیده شێته) سینگم گوشرا هه‌نگاوه‌کانم خێراتر کرد. چه‌ند منداڵێک په‌لاماری به‌ردیان دا‌و هاواریان کرد؛ خالیده شێت تڕی کرد هه‌ولێری بۆگه‌نی کرد…به‌ردێک به‌لاقه‌برغه‌م که‌وت له‌جێگایه‌که‌ی ئازارێکی تێژ بڵاو بۆوه. ئاوڕم دایه‌وه ویستم هاوسه‌نگی خۆم له‌ده‌ست نه‌ده‌م به‌نه‌رمیه‌که‌مه‌وه گوتم؛ چاک بوومه‌ته‌وه…بڕوابکه‌ن ئێستا شێت نیم. وشه‌کان له‌گه‌رومدا پچڕ پچڕ ده‌بوون.
یه‌کێکی قوته‌ی سه‌ر گڤ هاواری کرد شێێته قون به‌کلێته. هه‌موو به‌کۆڕس هاواریان کرد شێێته قون به‌کلێته. خالیده شێت تڕی کرد هه‌ولێری بۆگه‌نی کرد.شێێته ..شێێته ..
له‌گه‌ڵ هاوار هاواریان وه‌خت بوو سه‌قفی سه‌رم هه‌ڵگرن. ژانه‌سه‌ره‌که دایگرتمه‌وه خه‌ریک بوو سه‌رم بته‌قێ. له‌ڕاده‌به‌ده‌ر شڵه‌ژام ویستم به‌رده‌وام بم له‌قسه‌کانم و ئارامی خۆم له‌ده‌ست نه‌ده‌م، هه‌رچه‌ندی کۆشام نه‌متوانی. به‌بێ ئیراده‌ی خۆم پێیه‌کانم ڕوویان سوڕاندم و به‌هه‌موو هێزم غارمدا. شێێێێته شێێێێته. قون به‌کلێته.. به‌رده‌کان گیڤه‌یان ده‌هه‌ت به‌ملاو لامدا تێده‌په‌ڕین هه‌ندێکیان به‌رمده‌که‌وت. سه‌رم وه‌خته بوو بته‌قێ سه‌رباری ئه‌وه‌ش به‌ردێک هات و به‌پشته‌سه‌رم که‌وت به‌رچاوم تاریک بوو سه‌راوسه‌ر ڕۆیشتم به زۆری خۆم گرته‌وه. ئاگام له‌خۆم نه‌ما په‌لاماری چه‌ند به‌ردێکم دا‌و به‌ره‌و ڕوویان سوڕام و به‌هه‌موو هێزی خۆم هاوارم کرد؛ هه‌ی خوشک و داکتان بگێم، عه‌رز حیزینه قاحپه‌داکینه… به‌هه‌موو هێزی خۆم به‌رده‌کانم ئاڕاسته‌کردن. له‌ماوه‌ی چه‌ند خوله‌کێکدا یه‌ک منداڵم به‌ده‌وره‌وه نه‌ما. زۆر شه‌که‌ت و ماندوو بووم. قاچه‌کانم هێزیان تێدا نه‌مابوو ویستم به‌رده‌وام بم که‌وتمه سه‌ر چۆکه‌کانم.
له‌ناو ئاپۆڕای بازاڕدا هاوارم ده‌کرد شه‌فه شێته‌ی ناوماران به‌بیرت دێ قه‌برستان. شه‌فه شێته‌ی…
هه‌ر ئه‌و دێرانم ده‌گووت و به‌دوای شه‌فه شێتدا ڕامده‌کرد. شه‌فه‌ش ده‌ستی به‌گوێیه‌کانیه‌وه گرتبوو ڕایده‌کرد. به‌درێژایی قه‌یسه‌ریه‌که خه‌ڵکه‌که هاواریان ده‌کرد به‌بیرت دێ قه‌برستان.. به بیرت دێ قه‌برستان..
گوێم له ده‌نگێک بوو ده‌یگوت: وه‌یش که گوناحه. نایناسی؟ ئه‌وه خالیده شێته. ئه‌وه یه‌کێک بوو له‌شاعیره ناسراوه‌کان له‌خه‌فه‌تی خۆشه‌ویسته‌که‌ی شێت بوو. سه‌یری بکه وا له‌ناوه‌ڕاست ئه‌و کۆڵانه‌ی که‌وتۆته سه‌ر چۆک و ده‌گیریا. ئای به‌سته‌زمان! ئه‌وه‌که‌ی تر زۆر بێ مروه‌تانه‌و خه‌مساردانه گوتی: کوره شاعیری چی ئه‌وه بێ عه‌قڵه . توخوا ئافره‌ت ئه‌وه دێنێ خۆتێ لۆ شێت که‌ی. ئه‌وجا ئافره‌تیش چی؟ پێت ڕازی نه‌بێت! کوره به‌خوای ئه‌وه عاشقاتی نیه‌و جاشکاتیه.کاکه ئه‌تو نازانی به‌س با عاشق له‌که‌له‌ت بدا ئه‌وجا لێێ تێده‌گه‌ی.
هاهاها عاشق له‌که‌له‌یدایه، یان جاشک له‌قه‌ی لێدایه.ها ها..
وامده‌زانی ئه‌و قاقایه‌ی چه‌کوشه‌و به‌ر سه‌رم ده‌که‌وێت. سه‌رم ده‌سوڕاو به‌ر چاوم تاریک داده‌هات.زۆرم له‌خۆم کرد خۆم گه‌یانده پاڵ دیواره‌که . پشتم به‌دیواره‌که‌وه‌دا.قاقاکه به‌لامدا تێپه‌ڕی سوره‌یه‌کی خڕکه‌لانه بوو، له‌ژێر چاوی چه‌په‌ی شوێنه‌وارێ برینێکی کۆنی پێوه‌بوو.له‌به‌ر خۆمه‌وه ده‌مگوت: ئااای شه‌فه قه‌برستانی به‌دبه‌خت ئێستا له ئازارت تێده‌گه‌م به‌ڵام تازه له‌وه دێر تره که بتوانم به‌شێک نه‌بم له ئازارده‌ره‌کانت.ئه‌و خه‌ڵکه کاتێک هه‌ڵه‌یه‌کت لئ ده‌بینن به‌سیکۆتین به‌نێوچاوته‌وه ده‌نووسێنن و تا هه‌تایه ده‌بێ به‌و ئازاره‌وه بتلێیه‌وه.ئاخر بۆ قبوڵیان نیه من چاکبوومه‌ته‌وه؟! ئه‌ی دکتۆره‌که پێی نه‌گوتم ده‌توانی بڕۆی به‌ڵام ناوه ناوه سه‌رمان لێبده‌و ئه‌و حه‌بانه‌ش به‌کار بێنه. ده‌ستێکم له‌گیرفانم ڕاکردا حه‌به‌کانم ده‌رهێنا؛ Olanzapen,Qutapin
ژانه‌سه‌ر تینی بۆ هێنام حه‌بێکیانم ده‌رهێنا ویستم بیخۆم قسه‌ی دکتۆرم به‌بیرهاته‌وه: ده‌بێ له‌کاتی خۆی بیان خۆی وه‌گه‌رنا خراپتر ده‌بی و ده‌تهێننه‌وه بۆ ئێره. (عوسه‌دۆرمه) به‌و ده‌نگه‌ناسازه‌یه‌وه به‌هه‌موو تینی خۆی هاواری ده‌کردوو گۆرانی ده‌گوت: عه‌مری خه‌سوم نه‌مینێ، چه‌ندم شان و پیل دێشی چه‌ندم شان وپیل دێشی. سه‌ت مه‌نجه‌ره دۆرمه‌که‌ت به‌قوربان بی عوسه دۆرمه.
قه‌مبه‌ر قه‌یتان هاواری ده‌کرد ده‌تکوژم ده‌تکوژم. ڕه‌جۆ حه‌یران: حه‌یران ده‌رێ هایه هایه هایه. له‌وانه‌یه تائێستاش هه‌ر بڵێ هایه‌و نه‌گه‌یشتبێته سه‌ری ئه‌وسه‌ری.حه‌به‌کانم به‌هه‌مو هێزی خۆم فڕێ‌دا . ژانه سه‌ره‌که وازی لێنه‌ده‌هێنام به‌ره‌به‌ره پێش چاوم تاریک ده‌بوو گوێم له‌هه‌مان هه‌نسک بۆوه.
-بفه‌رموو کێشه‌ت چیه؟
– ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ ماوه‌یه‌که…له‌ناکاو دڵگوشرانێکی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر ده‌مگرێ. هه‌ناسه‌م ته‌نگ ده‌بێ، له هه‌ردوو لای سه‌رمه‌وه ژانێکی تێژ بڵاو ده‌بێته‌وه‌و بۆ ناوه‌وه‌ی مێشکم ته‌شه‌نه‌ده‌کات وه‌خته تۆقی سه‌رم هه‌ڵگرێ.جاری وایه له‌ناو هۆڵی وانه‌وتنه‌وه دانیشتووم و مامۆستا خه‌ریکی وانه وتنه‌وه‌یه لێدانی دڵم خێراده‌بێت و وه‌ک ئه‌وه‌ی دووده‌ست سه‌ر سینگم بگرێت و بیگوشێت. به‌بێئه‌وه‌ی بیرم بۆ هیچ بچێت هه‌ستی زوڵم لێکراوی دامده‌گرێت چاوم پڕ له‌فرمێسک ده‌بێت. ڕوخسه‌ت له مامۆستا وه‌رده‌گرم ده‌چمه‌ده‌ره‌وه له‌ده‌ستشۆریه‌که ده‌یده‌مه پڕمه‌ی گریان . دوای ئه‌وه‌ی به‌دڵی خۆم ده‌گریه‌م ده‌موچاوم ده‌شۆم . تۆزێک ئارام ده‌بمه‌وه تۆزێک پیاسه‌ده‌که‌م و ده‌چمه‌وه ژوورێ. ئه‌و سینگ گوشران و دڵتوندیه کات و ناکاتی بۆ نییه.له‌به‌شی ناوخۆیی ژووره‌که‌م له قاتی پێنجه‌مه زۆر جار ده‌چمه سه‌ر په‌نجه‌ره‌که‌و هه‌ستێک پاڵمده‌دا خۆم فڕێده‌مه خوارێ هیچ ترسم له‌مردن نییه. و خۆزگه‌ی پێ ده‌خوازم. کاتێک ژانه‌سه‌ره‌که تینم بۆ دێنێت خۆم بۆ ناگیرێت زۆر جاران له‌تاو ئازار سه‌رم به‌دیواره‌که‌دا کێشاوه‌و له‌هۆش خۆم چووم.
دکتۆره‌که پرسی گوێت له‌ده‌نگ ده‌بێ؟ هیچ شتی نامۆ دێته پێش چاوت؟
-زۆر سه‌یرم پێ هات ئه‌و دکتۆره یه‌کێک بوو له داکۆکی که‌ره سه‌رسه‌خته‌کانی بیردۆزی داروین و فڕۆید. ته‌نانه‌ت چه‌ند جار له‌کۆڕه‌کانی دانیشتووم ئه‌وه‌نده به‌رگری له‌فڕۆید کردوه گه‌یاندویه‌ته ئاستی پێغه‌مبه‌ران، بگره زیاتریش. هه‌رده‌جولایه‌وه ده‌یگوت فڕۆید ده‌فه‌رموێ. سه‌یرم پێ هات ئه‌وه‌چیه ده‌بێ مه‌به‌ستی جن و شتی وابێت، باسی ئه‌و ده‌نگ و وێنه نامۆیانه ده‌کات؟! گوتم: نه‌خێر هه‌رگیز شتی وام نه‌بینیوه. گوتی زۆرباشه.
وه‌ره ئێره چوار مه‌شقی دانیشه و چاوه‌کانت دابخه هه‌ناسه‌یه‌کی قوڵ له‌ڕێگای لوتته‌وه هه‌ڵمژه سکت پڕکه له‌هه‌وا، نانا سینگ نا سک. تۆزێک هه‌واکه ڕاگره ورده ورده هه‌وایه‌که به‌ده‌مت بده‌وه هه‌وڵبده به‌چه‌ند یه‌که وه‌رتگرت به‌زیاتر بیده‌وه.هیندیه‌کان باوه‌ڕیان وایه ئه‌وه وزه‌ی ژیانه هه‌ڵیده‌مژین ده‌توانین به کۆنتڕۆڵکردنی ئه‌و وزه‌ی ژیانه له زۆر ده‌رد به‌دوور بکه‌وینه‌وه. ماسولکه‌کانت خاوبکه‌وه ده‌ستی له‌چۆکه‌کانم دا قاچی ڕاستت ده‌حه‌سێته‌وه‌و ئازاریان تێدا نامێنێت.قاچی چه‌پت خاوده‌بێته‌وه‌و… ته‌نانه‌ت پێڵوی چاوه‌کانیشمی له‌بیرنه‌چوو.
دواتر گووتی: چه‌ند هه‌ناسه‌یه‌ک هه‌ڵمژه و بیده‌وه. ورده ورده چاوه‌کانت بکه‌وه. هه‌ست به‌چی ده‌که‌ی؟
-هه‌ست به حه‌سانه‌وه ده‌که‌م.
-هه‌وڵبده ڕۆژانه کاتێک بۆ غاردانه ته‌رخان بکه‌ی. دواتر ده‌ستت به دیواره‌وه بنێ و غارده وه‌ک ئه‌وه‌ی بته‌وێ پاڵی پێوه‌نێی تا ئاره‌قه‌یه‌کی باش ده‌که‌ی دواتر خۆت بشۆ. هه‌رجارێک هه‌ستت به‌دڵ توندیه‌که کرد درێژبه‌و ئه‌و خاوبونه‌وه‌یه‌ی بۆم کردی له‌ڕێگای ته‌لقینه‌وه بۆخۆتێ بکه به‌هه‌ناسه‌کانه‌وه. به‌ڵام هه‌ر وه‌ک خۆشت ده‌زانی من دکتۆری ده‌مار نیم و ده‌بێ دکتۆرێکی مێشک و ده‌ماریش بتبینێت و تیشکێکی ( MRI) یش بگره‌و نیشانی دکتۆره‌که‌ی بده…
ده‌نگێکی ناسک ده‌یگوت: مامه مامه …هه‌ستم به‌نه‌رمایی په‌نجه بچوکه‌کانی کرد. ده‌نگه‌که له‌وه نه‌ده‌چوو نیه‌تی خراپ بێت، به‌ڵام من به‌زه‌لیلیه‌که‌وه گوتم؛ وازم لێبێنن من شێت نیم ، تکایه. گه‌رمای خۆره‌که سه‌رتاپای جه‌سته‌می کردبوه ئاره‌قه. سه‌رم بڵیند کرد له‌نێوان په‌نجه‌کانمه‌وه که به‌چاومه‌وه گرتبوو شێوه‌ی کچێکی سێ چوار ساڵم كه‌وته به‌رچاوی له‌به‌ر تینی خۆره‌که ته‌نها وه‌ک سێبه‌رێکی تاریک بینیم له‌دواوه‌ی ئافره‌تێک وه‌ستابوو. به‌ره‌به‌ره وێنه‌که ڕوون ده‌بۆوه. گوێم له‌ده‌نگی ئافره‌تێکی ئاشنا بوو. به‌شێوه‌یه‌ک ئاشنا بوو هه‌ستم کرد به‌ڕوحمدا تێپه‌ڕی. به‌ده‌نگێکی ناسکی تێکه‌ڵ به‌به‌زه‌ییه‌وه زۆر خۆمانانه گوتی:خالید ئه‌وه تۆی؟! …هه‌ستم کرد وشه‌کانی به هه‌نسکێک کۆتایی هات. ده‌نگه‌که‌م ناسیه‌وه چاوم به‌ته‌واوی ڕوون نه‌ببوه‌وه هه‌سم به‌سه‌ره‌سوڕه‌یه‌ک کرد. هیچی ترم بیرنه‌ماوه. نازانم چۆن گه‌یه‌ندرامه نه‌خۆشخانه.
– نازانم چۆن دڵم چووه سه‌ر که‌سێکی ئاوا له‌خۆبایی و هه‌رزه.زمانم ڵاڵ بۆمن هه‌موو دنیایه . به‌هه‌موو شتێکی ڕازیم.به‌که‌موکوڕیه‌کانیشیه‌وه. نازانم چۆن بوو ئاوا به‌ته‌واوی وجودم خۆم ڕاده‌ستی که‌سێکی وادا؟ نازانم چۆن تێیبگه‌یه‌نم. چیتر به‌رگه‌ی ئه‌و ئازاره ناگرم. تاکه‌ی به‌ترسه‌وه هه‌رخه‌ریکی سوتان و شیعرنووسین بم. چه‌پڵه‌ی ئه‌و خه‌ڵکه به‌من چی؟ من چی له‌ناوبانگ بکه‌م.تاکه‌ی ئه‌وه‌ی من بۆی ده‌نووسم پێ نه‌زانێ.ده‌بێ شه‌ڕی خۆم بکه‌م له‌پێناوی به‌ده‌ستهێنانی.تۆ حه‌کیمی به‌ڵام بریندار نی و له‌ئازاری من تێناگه‌ی هاوڕێی من. سه‌یرکه وا له‌دووری سێ مێز له‌لای ڕاسته‌وه دانیشتوه . چی ده‌ڵێی؟ که‌سێکی له‌خۆباییه؟ ده‌شێ جوانیه‌که‌ی منی یه‌خسیر کردبێت و چاو و دڵی به‌ستبم به‌ڵام تازه ئه‌وه قه‌ده‌ری منه‌و له‌پێناویدا ده‌جه‌نگم.چیرۆکی ئازاره‌کانی خۆمم بۆی نووسیوه‌ته‌وه به‌هه‌موو توانای خۆم وام نووسیوه به‌ردبکات به‌ئاو. دڵنیام له‌کاتی خوێندنه‌وه‌یدا زیڕه‌ی لێ هه‌ڵساوه‌و له‌پڕمه‌ی گریانی داوه بۆمن. بۆ مه‌گه‌ر ئه‌ویش مرۆڤ نییه؟! به‌ڕوخسه‌ت چیتر خۆم پێ ناگیرێ واده‌چمه لای.
-سڵاو ڕوخسه‌ت هه‌یه دانیشم؟ به‌ساردیه‌که‌وه گوتی: فه‌رموو… یه‌کسه‌ر دڵه خورپه‌م زیادی کرد به‌ڵام ڕێگام نه‌داو زاڵبووم به‌سه‌رخۆمدا خۆم به‌مۆبایله‌که‌مه‌وه خافڵاند و پرسیم: ئازاره‌کانمت خوێنده‌وه؟ ڕووی تێ‌کردم به‌ڵام هه‌ستم کرد له‌جێی ئه‌وه‌ی سه‌یری من بکات سه‌رنجی له‌شتێکی ترداوه له پشتی منه‌وه، گوتی چیرۆکه‌که‌م خوێنده‌وه. هه‌ناسه‌یه‌کم هه‌ڵکێشا : ئه‌وه چیرۆک نه‌بوو. ئه‌وه چیرۆکی ئازاره‌کانی من بوو بۆ تۆ. هه‌ناسه‌م گیرا، هیچ قسه‌یه‌کی ترم بۆ نه‌گوتراو سه‌ری خۆم داگرت و سه‌یری سه‌ر مێزه‌که‌م کرد. په‌نجه بچووک و خرپنه‌کانیم دیت یاریان به که‌وچکه چایه‌که ده‌کرد. وێنه‌یه‌کی چه‌نده سه‌رنج ڕاکێش بوو. به‌ڵام ساتێکی زۆر سامناک بوو.گوێم کردبوه‌وه و نوقه‌م له‌خۆم بڕیبوو. مردن زۆر خۆشتر بوو له‌و چه‌ند ساته کورته‌ی چاوه‌ڕوانی. گریمانه نه‌رێیه‌کان مێشکیان ته‌واو جه‌نجاڵ كردبووم.نه‌یهێشت چاوه‌ڕوانیه‌که درێژه‌بکێشێ به‌ساردیه‌که‌وه گوتی: هه‌مووم خوێنده‌وه چیرۆکێکی بێ مانا‌و بێ بناغه‌بوو… ده‌ستی له گیرفانی جانتاکه‌ی ڕاکردوو په‌ڕه‌کانی ده‌رهێناو له‌پێش چاوم پارچه پارچه‌ی کرد. ئازاره‌کانمی له‌پێشچاوم پارچه‌پارچه کرد. ویستم بڵێم نه‌که‌ی.
نه‌یهێشت قسان بکه‌م و به‌رده‌وام بوو: خه‌یاڵێکی بێ مانایه‌و ته‌واو. ئێمه چیمان له‌یه‌که‌وه نزیکه؟! تۆ چیت له‌من ده‌چێت؟ ویستم بڵێم عاشق ئه‌وه‌نازانێت نوتقم گیرا. تۆ خۆت به‌چی ده‌زانی؟ !خۆت پێ ده‌ژیا؟ سه‌راوبنت که‌م ده دینارت لێ به‌رنابێته‌وه. سبه‌ی چۆن ده‌مژیه‌نی؟
ویستم بڵێم ئه‌گه‌ر کرێکاریم کردبێت ناهێلم چاوت له‌ده‌ستی که‌س بێت، نه‌متوانی. ده‌ته‌وێت تاعومرم ماوه وه‌کو سواڵکه‌رێک بژیم؟! قسه‌ی زل سک تێرناکات. بروسکه‌ی ئازاره تیژه‌که له‌سه‌ریدامه‌وه‌و سینگم گوشرایه‌وه‌و هیچم نه‌گووت. به‌بێئه‌وه‌ی یه‌ک وشه‌ی تر بڵێم پارچه‌ی ئازاره‌کانم هه‌ڵگرته‌وه‌و چومه‌وه به‌شی ناوخۆیی.له‌گوێمدا ده‌زرینگایه‌وه: قسه‌ی زل سک تێرناکات…
هه‌رچی نووسراوم هه‌بوو کۆم کرده‌وه‌و له‌ئاگرم خستن.تا وشه‌کان زیاتر ده‌سوتان فرمێسکم زیاتر ده‌هاته خواره‌وه‌و ئازاری سه‌رم تاقه‌ت پڕوکێنتر ده‌بوو.
وشه‌م دۆڕاند‌و
شێتی عه‌زابی دۆڕاندنت بوو،
نوسین.
گوێم له‌ده‌نگی هه‌نسکێک بوو. ده‌نگی ئه‌و هه‌نسکه کات و ناکاتی بۆ نه‌بوو. ئه‌وه‌نده ده‌زرینگایه‌وه تا هاوارم لێ هه‌ڵده‌ستا. له‌شیرنی خه‌وێدا به‌ده‌نگی ئه‌و هه‌نسکانه به‌خه‌به‌ر ده‌هاتم و هاوارم ده‌کرد. له‌بازاڕدا هه‌مان هه‌نسک هاواریان لێ هه‌ڵده‌ستاندم. گوێم له هاوڕێ و نزیکه‌کانم بوو ده‌یانگووت؛ شێت بووه فه‌قیره‌ی. ده‌مه‌ویست بڵێم؛ شێت نه‌بوو گوێتان له‌و هه‌نسکه ترسناکه نییه! به‌ڵام وام نه‌ده‌گوت و له‌داخاندا پێده‌که‌نیم؛ هی هی هی، شێت بووه…خۆشه‌ویستانم نه‌یانتوانی له‌ئازارم تێبگه‌ن و منیان برد بۆ نه‌خۆشخانه‌ی ده‌روونی.
تاوه‌كو نه‌چوبوومه ئه‌وێ نه‌مده‌زانی چه‌نده ئازاری له‌هی من گه‌وره‌تر هه‌یه له‌م ژیانه‌دا. نزیکه‌ی پێنج ساڵ له‌خۆم هه‌ڵاتم و له‌نێوان ماڵ و نه‌خۆشخانه له‌ڕێگادابووم.هیچ هاوڕێیه‌کم نه‌ما. هه‌موو زگیان پێمده‌سوتا و لێشم هه‌ڵده‌هاتن.به‌ڵێ ده‌نگی هه‌مان هه‌نسک بوو له‌پشتی کچه بچووکه‌که‌وه ده‌یگووت خالید ئه‌وه‌تۆی؟باوه‌ڕم نه‌کرد وامزانی دیسان شێت بوومه‌ته‌وه نه‌مده‌ویست بچمه‌وه نه‌خۆشخانه.چاوم ڕوونتر ده‌بۆوه‌و ده‌نگه‌که‌ش دووباره‌ی ده‌کرده‌وه. سه‌رم به‌گێژه‌وه هات و ئاگام له‌خۆم نه‌ما. له‌نه‌خۆشخانه‌ش به‌ده‌نگی هه‌مان هه‌نسک به‌خه‌به‌ر هاتم به‌ڵێ خۆی بوو له‌ژوور سه‌رم ده‌گریا. مه‌گه‌ر ئه‌و ئێستا مێردی نییه؟ بۆچی بۆمن ده‌گریا؟! دڕاندنی ئازاره‌کانمم به‌بیرهاته‌وه…
گووتی؛ بێمروه‌تانه ئازاره‌کانی تۆم ونجڕ به ونجڕ کرد، ژیانم ونجڕ به ونجڕ کرا. هه‌نسکه یه‌ک له‌سه‌ر یه‌که‌کانی هه‌مان هه‌نسکی ناو ژیانی من بوو به‌ڵێ هه‌و بوو. ده‌گریاو باسی پارچه پارچه بوونی ژیانی خۆی ده‌کرد: به‌ڵێ پاره‌م به‌ده‌ست هێنا، به‌ڵام گرینگیدانم له‌ده‌ستدا. مێردم به پیاوێکی سه‌رمایه‌دار کرد چیم بویستایه نه‌یده‌گوت نا . داوای یه‌کم بکردبایه ده حازر بوو. به‌ڵام هه‌تا بڵێی سارد‌و سڕبوو له‌گه‌ڵم هه‌موو ئه‌و شاره خۆشانه‌ی دنیا گه‌ڕام که خه‌ونی بینینیانم هه‌بوو به‌ڵام بۆساتێکیش چیه به‌خته‌وه‌ر نه‌بووم.ئه‌و مادده‌ی پێ به‌خشیم به‌ڵام خۆی نه‌دامێ. چێژه‌کانی ده‌هێنایه به‌رده‌ستم به‌ڵام نه‌مده‌توانی چێژیان لێ ببینم. په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ چه‌ندان ئافره‌تی تردا هه‌بوو.ساردیه‌که‌ی له‌گه‌ڵم تاسه‌ر ئێسقان ئازاری ده‌دام. .هه‌موو شه‌وێ یان به‌سه‌ر خۆشی خۆی به‌ماڵه‌وه‌داده‌کرد یان ده‌چوه‌لای یه‌کێک له‌و ئافره‌تانه‌ی ده‌ستی له‌گه‌ڵیان تێکه‌ڵکردبوو وه له‌لایان ده‌مایه‌وه‌و به‌یانی وێنه‌که‌ی نیشانی من ده‌دا بۆ ئازاردانم. ماوه‌ی سێ ساڵ له‌گه‌ڵی بووم بۆ خوله‌کێک نه‌یتوانی به‌خته‌وه‌رم بکات…به‌یانیه‌کی زوو به زه‌نگی مۆبایله‌که‌م به‌خه‌به‌ر هاتم : به‌ڵێ. که‌ی؟ له‌کوێ؟ خۆم گه‌یانده پزیشکی دادوه‌ری گولـله‌یه‌ک به‌سه‌ریه‌وه نرابوو له‌سه‌ر پشتی هێلکاریه‌ک هه‌ڵکۆڵرابوو ئاڕاسته‌یه‌ک کرابوو ڕووی له کۆمی بوو نووسرابوو؛ کۆتاییه‌کی قێزه‌ون! خوێنه‌که به‌پشتیدا بڵاو بۆوه.دواتر بۆمده‌رکه‌وت یه‌کێک له‌هاوڕێکانی، دوای ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ژنه‌که‌ی له‌جێگادا ده‌یگرێ به‌و ده‌رده‌ی ده‌با…له‌وکاته‌وه‌ی هاوسه‌رگیریم له‌گه‌ڵیکرد ئه‌و هه‌نسک و گریانه به‌رینه‌داوم تا ئێستا…
ده‌یگووت؛ ئه‌وه له‌سزای دڕاندنی ئازاره‌کانی تۆ بوو ئاوام لێ به‌سه‌ر هات.هه‌رچه‌ندی گووتم؛ من به‌که‌ڵکی ژن ومێردایه‌تی نایه‌م من نه‌خۆشم به‌ڵام ئه‌و هه‌ر ملی نه‌داو شوی پێکردم. ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێت هه‌ر نه‌حه‌ساوه‌ته‌وه. من به‌م دۆخه‌مه‌وه ناتوانم به‌خته‌وه‌ری بکه‌م. وا ئێستا خه‌ریکم ده‌نوسم و ده‌گریه‌م ده‌نوسم و ده‌گریه‌م. مادام توانیم جارێکی تر بنوسم ئومێدێکم هه‌یه بۆ هه‌ڵسانه‌وه. به‌نوسین له شێتێ ڕامکرد و به‌ڵکو بتوانم دووباره لێی ڕابکه‌مه‌وه. ده‌نگی گریانه‌که‌م زیاد ده‌کاو ناتوانم کۆنتڕۆڵی خۆم بکه‌م کچه بچوکه‌که‌م هه‌ڵساوه و ده‌ڵێ بابه چیته؟ئه‌ویش وا لێم نزیک ده‌بێته‌وه‌و ده‌ڵێ ئارام به. وا سه‌یری نوسینه‌که ده‌کاو به‌سه‌ر سوڕمانه‌وه قاقایه‌ک لێده‌داو ده‌ڵێت؛ ئه‌وه ده‌توانی بنووسی؟! ئه‌وه نوسیوته…
دوای خوێندنه‌وه‌ی نووسینه‌که‌م توند له‌باوه‌شی گرتم و گوتی قوربانی ئازاره‌کانیشت بم …دواتر گووتی؛ پێش ئه‌وه‌ی تۆ ببینمه‌وه له‌ڕێگادا،سوره‌یه‌کی خڕکه‌لانه بوو، له‌ژێر چاوی چه‌په‌ی شوێنه‌واری برینێکی کۆنی پێوه‌بوو چاوی له‌سه‌ر لانه‌ده‌دام. له‌و کاته‌وه وازم لێ ناهێنێ و ڕێگام پێ ده‌گرێت.
منیش قاقایه‌کم لێداو گوتم: ده‌ترسم جاشک له‌قه‌ی لێدابێ…
ته‌واو
mania: مانای خه‌ڵه‌فان