هیرۆنیمۆس بوش Christ Before Pilate, ca. 1520,

خوا وەک زیندانەوان


Loading

 

نه‌به‌ز سه‌مه‌د

کۆستیکا براداتان

لە ئینگلیزییەوە: نەبەز سەمەد

 

زۆرینەی کات ڕوانگەی مۆر لە دیالۆگی ئاسوودەییدا ئیسکاتۆلۆگییە، بەڵام نەک هەموو کات. هەندێ کات مۆری ئیسکاتۆلۆگ ڕێگە بە مۆری فەیلەسوف دەدا، بە گۆڕانێکی لەناکاوی تۆن و شێواز، تەنانەت لە نووسینی دەقیشدا، هەروەها زیادکردنی تەوسبێژی، گاڵتە و گەپ، کە مۆری پێ دەناسرێتەوە. یەکێک لەو ساتانە لە بەشی سێیەمدا هەیە، کاتێک مۆر هزرۆکەی ”جیهان وەک زیندان” دەناسێنێ. بەجەختییەوە ئەزموونی خۆی لە تاوەرەکەدا، مۆر نابزوێنێ بۆ ئەو هزرۆکەیە کە بۆ ماوەیەکی زۆر لەگەڵ مۆردا بووە. پتر لە دەیەیەک پێشتر، کاتێک مۆر ئیشی لەسەر کتێبی دوا چوار شتەکان دەکرد، مۆر پێشتر یاری لەگەڵ دەکرد: ”لەبارەی ئەو شتەوە کە ئێمە لەبارەییەوە زۆر جەختین، پیر و گەنجە، ژن و پیاوە، دەوڵەمەند و هەژارە، شازادە و گەدایە، هەموو ئەو کاتەی ئێمە لەم جیهانەدا دەژین، ئێمە تەنیا زیندانیکراوین، بێگومان لەنێو زیندانێکداین، کە هیچ مرۆڤێک توانای لێ دەربازبوونی نییە” (More 1931: I، 447). تەنانەت زووتریش، ئەو جیهانەی کە لە کتێبی یۆتۆپیا (١٥١٦)دا وێنای کردووە، زۆر بەڕوونی سزای داگیرکردن بیری خوێنەر دەهێنێتەوە. لە سیستەم و ڕێکخستنەکانی شارە ئیدیالەکەوە بۆ ژیانی قورس ڕێکخراوی هاوڵاتییەکانی، تا لەبەرکردنی یەکپۆشاکی و پێویستبوونی هەڵگرتنی مۆڵەتپێدان کاتێک گەشت دەکەن، هەتاکو نەبوونی خۆمەندێتی و ژیانی تایبەتمەند و چاودێریکردن لە هەموو شوێنێک، بۆ کەمی پەیوەندی بە جیهانی دەرەوە و سزادان بۆ هەر هەوڵێکی ڕاکردن_ هەموو شتێك لەنێو یۆتۆپیادا وێنەی زیندانێکی گەورە دێنێتە هۆشەوە. هەرچەندە، خودی هزرۆکەکە بەتەواوی هی مۆر نییە. ئەم هزرۆکەیە بەبەردەوامی لەنێو مێژووی فەلسەفەی خۆرئاوادا لایەنی کەم لەکاتی پلاتۆنەوە لێرە و لەوێ خۆی دیارهێناوە. لە وێناندنی فەلسەفەی پلاتۆنیدا مێتافۆرەکە _لە شێوەی زیندانێکی تەواو، ئەشکەوت، یان تابووت_ ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێ. بۆ پلاتۆن و پەیڕەوانی ژیانی ئێمە لەسەر زەوی هیچیدی نییە جگەلە زیندانیبوون، هەروەها بۆ گنۆستیکەکانیش. تەنانەت لە کتێبی دڵنەواییی فەلسەفەدا بۆسیەس لە هەندێ پنتدا لەبارەی ”زیندانی زەمینی” ڕۆحەوە دەئاخڤێ (Boethius 2012: 59). هەرچەندە، لە کتێبی دیالۆگی ئاسوودەییدا، مۆر بیرۆکەکە بە توندترین شێوەی خۆی دەگەیەنێ. ئەنجامەکەی دووبارە چێکردنەوەی مێتافۆرە کۆنەکەیە، هەروەها تێگەیشتن لەوە کە هیچیدی تەنیا ڕەوانبێژییەکی ڕووت نییە، بەڵکو دیارهێنەرەوەیە، ئەگەر خراپیش بێ، وەک ڕوانگەیەکی فەلسەفەیی بۆ خودی دۆخی مرۆڤ.

دەسپێکردنی مۆر بەم بابەتە لەوە دەچێ کاریگەری ئازادبوونی لەسەر ئەو هەبووبێ: ئێمە زیاد لە جارێك، تێدەگەین، کە مۆر هیچیدی زیندانیکراوێکی ترساو نییە، بەڵکو فەیلەسوفێکە لەسەر ئیش. وەکو هەر فەیلەسوفێکی باش و بە توانا بۆ ئەفراندن، یەکەم کاردانەوەی مۆر بۆ ئەوەی دەیبینێ لە دەوروبەریدا کردارێکی توندی ڕاڤەکردنەوەیە: ئەم جیهانە ئەوە نییە، کە بۆ ئێمە دەردەکەوێ. پاشان، دووەم کرداری مۆر جیهان_چێکردنە: با ئەم جیهانە بکەین بە زیندان. ئەوجا لێرەوە مۆر هەموو شتەکان بونیاددەنێ. سەرەڕای ئەو گۆڕانکارییانەی پێشوو، مۆر بابەتەکە بە پێکهاتەیەکی دی ترش و خوێ دەکا: خوا زیندانەوانی_بەرپرسیار، ئەو یەکەی جەخت دەکاتەوە شوێنەکە بەنەرمی بەڕێوەدەچێ و لە هەموو کاتێکدا سیستەم پارێزراوە. لە دیالۆگی ئاسوودەییدا خوا لەژێر چەند ناوێکدا دەردەکەوێ: وەک پزیشک، باوکە خۆشەویست، تەنانەت لە پنتێکدا وەکو سەرەمر (مریشکە داکانە)ی بەمشور دەردەکەوێ، بەڵام ئەم بەڵگە کۆنکرێتییە زۆر دیار و سەرنجڕاکێشە. کاتێک تۆ ئەم لاپەڕانە دەخوێنیتەوە، ئەوا تۆ ناتوانی یارمەتی بیستن بدەی، لە شوێنێک لە باکگراونددا، پێکەنینێکی گاڵتەجاڕانە و بەئاستەم کۆنتڕۆڵکراوی نووسەری یۆتۆپیا دەبیستی. مۆر لێرەدا دووبارە، یەکێکە لە تەوسبێژە گەورەکانی سەردەمی خۆی. لەوە دەچێ مۆر تاکو ئێستا ”ئاسوودە بووبێ” کە ڕێگەی بەخۆی داوە جار جار کرداری دادی هۆنەرییانە بنوێنێ، وەکو خستنە زیندانی خودی هێنری هەشتەم. ئەو دەبێژێ، هێنری تەنانەت ”گەورەترین پاشا نییە لەسەر زەوی،” ئەو دەتوانرێ ئازادبکرێ و زۆری لێ بکرێ ”لەلایەن یاساکانی خواوە” بۆ بەسەربردنی سزاکەی لە زیندانی ئەو جیهانەدا، ”کە هیچ مرۆڤێک ناتوانێ خۆی لێ دەربازبکا” (More 1965: 200).

لەکاتی زیندانییەکەی خودی مۆردا کە بەدەگمەن فۆرمێکی سزادان بوو. بەڵکو بەشێوەیەکی سەرەکی شوێنێک بوو کە تێیدا خەڵک دەستبەسەر دەکران، بۆ ماوەیەکی کەم یان زۆر، پێش دادگاییکردن یان لەکاتی چاوەڕوانی سزاکەیدا، کە بەزۆری سزای مەرگ بوو، تەنانەت بۆ تاوانە ناگرنگەکانیش. گەرەکە ئەوە لە هۆشماندا بێ کاتێک لە هزرۆکەی مۆر ”جیهان وەک زیندان” ڕادەمێنین. داخۆ ئەو بەڕاستی مەبەستی لەو هزرۆکەیە چییە؟ بەهۆی تاوانە یەکەمینەکەمانەوە، لە هەرە سەرەتای هاتنە جیهانمانەوە، ئێمە ئۆتۆماتیکی بە مەرگ سزادراوین. خوا سزاکەی دەرکردووە (لەوانەیە، خواکەی مۆر بەڵێنێکی سیانەکی هەبێ: دادیار، زیندانەوان، و هەڵواسەر): مرۆڤ لەتەک هاتنە جیهانیەوە ”جیهانی دەرەوەی منداڵدانی دایک” خوا ”ئەوانی بە مەرگ سزاداوە، بەهۆی سزادان و بڕیاردانی خواوە لەبارەی یەکەمین تاوان کە مرۆڤان لەتەک خۆیاندا هەڵیان گرتووە، کە تاوانەکە دەگەڕێتەوە بۆ گەندەڵبوونی ئادەم، باوکی یەکەمینی مرۆڤایەتی.” بۆ هەستیارێتی مۆدێرن ئەو چەشنە ڕوانینە لە دۆخی مرۆڤ وەکو ستەمکاری دەردەکەوێ، ئەگەر بەڕوونی سادیستیک/ئەویدی ئازاردەر نەبێ، بەڵام لە وێناندنی فەلسەفەیی و تیۆلۆگیی پێناسەی مۆر بۆ جیهان، هیچ شتێکی نائاسایی تێدا نییە.

لە پشتی زمانی یەکەم تاوان و نەفرەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، لەم تێکستەدا تێگەیشتنێکی گرنگ و نەمر بوونی هەیە: ئێمە بۆ مردن زایێندراوین. ئەمڕۆ ئێمە دەبێژین ”سەرجەم مرۆڤان بمرن،” ئەمە بەتایبەتی وەک ستەمکاری کاریگەری لەسەر ئێمە نانوێنێ، بەڵکو ئەوە تەنیا ڕێگەیەکی دیکەی دەربڕینە لەگەڵ مۆر دەبێژین مرۆڤ لە ”یەکەم هاتنە نێو بوونەوە، مەرگ وەک نادۆستێک دەردەکەوێ و ڕووەو مرۆڤ دەڕوانێ و چاوەڕێی قەرزدانەوەکەی دەکا” (More 1965: 199–201). گرنگ نییە چۆنی لێ دەڕوانی، بوون بە مرۆڤ واتا چوونە ژێر باری سزای مەرگ، جا زوو یان درەنگ.

ڕەنگە تۆ بڵێی ”باشە، بەڵام بۆچی ئێمە پێویستمان بە زیندانەوان هەیە؟ داخۆ زیندان خۆی تەواو خراپ نییە، لێگەڕێ بە تەنیا سزای مەرگ بدرێین؟” مۆر وەها وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە، زیندانەوان تەنیا بۆ یارمەتی لێرەیە. ئاخر زیندانەوان دەتوانێ یارمەتیمان بدا و ئاسوودەییمان پێببەخشێ بەدرێژایی ڕێگەکە، هەروەها چاوەڕوانییەکەمان پتر لێبوردە بکا. خوا ئەو یەکەیە کە ”بەرپرسیارە”_ بۆ مۆر هیچ شتێک ناشێ لەوە خراپتر بێ جیهانێک تێیدا هیچ یەکێک بەرپرسیار نەبێ. لەم شوێنە خراپ و ناخۆشەدا، کە ناتوانین پشت بە هیچ شتێک ببەستین و متمانە بە هیچ یەکێک بکەین، مۆر پێشنیازی ئەوە دەکا، تەنیا زیندانەوانی بەرپرسیار هەیە کە ئێمە هەمیشە دەتوانین هانای بۆ بەرین. ئاخر خوا، ”زیندانەوانی بەرپرسیار، وەکو گۆتم، لەم زیندانە فراوانەی جیهاندا، نە ستەمکارە و نە چاوچنۆک.” ئەمە گرنگە، چونکە کاتێک سزاکە جێبەجێدەکرێ، و زیندانەوان ئیشی هەڵواسەر دەکا، ئەوا ئێمە دەتوانین هیوای مەرگێکی ئاسان بخوازین.

لێرەدا شتێکی سەیر لەئارادایە، ترسانێکی جوان لەبارەی ”زیندانە گەورەکەی سەرجەم ئەو زەویە،” کە تێیدا ”زیندانەوانی بەرپرسیار … خوایە” (More 1965: 201–4). مێتافۆرەکەی مۆر بەهێزە، و ڕوانگەکەی مۆر، گەرەکە ئێمە ڕێگەی بدەین، دلێر و لەبیرنەکراوە. سەرەڕای ئەمەش، لەناکاو جیهانێکی تووڕەی هاوشێوە بەبەردەوامی سەیری ئێمە دەکا، کاتێک ئێمە بۆ ماوەیەکی زۆر بیر لە تابلۆکانی یەکێک لە هاوسەردەمەکانی مۆر دەکەینەوە: هێرۆنیموس بۆش (١٤٥٠_١٥١٦). هەروەکو بۆش، مۆر دیارییەکی هەیە_ئەگەر دیاری بێ_ ڕوانین لە ڕیالێتی لەنێو سەرجەم ستەمکارییەکەیدا. ئەو بە شتێکی تازەوە نەهاتووە، بەڵکو تەنیا نیشانەکردنەوەی ئەو شتە کە پێشتر لێرەبوونی هەبووە: بەڕێی هەڵبژاردنی یەک باس لێرە و زۆر جەختکردنەوە لەسەر یەکێکی دی لەوێ_هەروەها بەگشتی نزمنرخاندنی هەموو جدیەتیەکەی_ تۆماس مۆر جیهان وەک نواندنگەی ئەبسۆرد ئاشکرا دەکا. (هاوسەردەمانی مۆر بەزۆری تێبینی ئەوەیان کردبوو کە مۆر ژیانی خۆی بەشێوەیەک دەژیێنێ وەکو ئەوەی لە نواندنگە بێ). مۆر شۆکمان دەکا وەک مەبەستیەتی: نە زیندانی بوونەکەی و نە سزای مەرگەکەی گۆڕان بەو نادەن. ئەو مکووڕە لەسەر ئەوەی کە بە پێکەنینەوە جیهان بەجێبهێڵێ.

سەرەڕای ئەوەش ئەمە هەموو یارییە ڕەوانبێژییەکان نییە. کاتێک شۆکەکە گەیشت، مۆر بەوردی باسی ڕوانگەی خۆی کرد، کە پەرەدەسەنێتە نێو ئاڵۆزییەوە. ئەو زیندانەی کە ئێمە تێیدا دەژین، لە ڕاستیدا لە دەرەوەی جیهان نییە: زیندانەکە سروشتی مرۆڤ خۆیەتی. ئەوەی ئێمە بە زیندانیکراوی دەهێڵێتەوە ئەوەیە کە ئەو ڕۆژانە ڕەنگە ئێمە پێی بڵێین ”کۆتایییەکەمان.” دیوارەکانی زیندانەکە دیار نین، دیواری جیهانی، بەڵکو نوقسانی فیزیکی، بیۆلۆگی، و ئۆنتۆلۆگییەکانی خۆمانن. خوا بەڕاستی پاسەوانی ”زیندان”ەکە نییە، چەک لەناو دەست، یەکپۆش، بەڵکو ئەو تەنیا جیهانی بەو شێوەیە ڕێکخستووە کە خۆی کردوویەتی، هەروەها خودی پاسەوانەکانی زیندانەکەش، وەکو لەوێدا:

 

 ئەم زیندانە هەروەها زۆر جەختە و زۆر بە ناڕوونی بونیادنراوە، هەرچەندە دەروازەکانی بە هەموو لایەکدا دەکرێنەوە بەبێ بوونی هیچ دیوارێک لەنێو ئەو جیهانەدا، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە هەرگیز هێندە دوور نەبووینە لەنێو ئەو جیهانەدا، ئێمە هەرگیز ڕێگەی دەربازبوون و چوونە دەرەوەمان نەدۆزییەوە. لەبەر ئەوە خوا پێویستی بەوە نییە ئێمە ببەستێتەوە و نەهێڵێ بڕۆین، نە پێویستی بەوەیە ترسی هەڵاتنمان لێ بنیشێ. (More 1965: 204).

 

توخمێکی ڕوونی گاڵتەجاری گەردوون بوونی هەیە (لێرەدا ئێمە لە هەموو شوێنێک زیاتر بەبەرزی گوێمان لە پێکەنینە بێڕێزییەکەی مۆر دەبێ) لەو ڕوانینەی مرۆڤ وەک سزادراوی داگیرکراوێکی گەردوونی. داخراو لە ناوەوە، ئێمە بچوکترین زانینمان لەبارەی چیەتی دۆخی ڕاستەقینەی خۆمانەوە نییە. ئێمە نەک تەنیا ناحەزین، هەروەها لە ئاست ناحەزییەکەماندا کوێریشین. لەبری پرۆتێستکردن یان یاخیبوون، لە ئاهەنگەکاندا سەما و گۆرانی دەڵێین. مۆر دەبێژێ ”لەسەرووی ئەو زیندانەوە کە بونیادمان ناوە”، ئێمە زیندانەکەمان ”بە زێڕ ڕووپۆش دەکەین و جوانی دەکەین.” لەم ”زیندانەدا، ئەوان کڕین و فرۆشتن دەکەن؛ لەم زیندانەدا ئەوان بۆڵەبۆڵ و لۆمەی یەکدی دەکەن؛ لەم زیندانەدا، پێکەوە شەڕ دەکەن و یەکدی کۆنتڕۆڵ دەکەن، لەم زیندانەدا، زار هەڵدەدەن؛ لەم زیندانەدا یاری کاغەز دەکەن؛ لەم زیندانەدا، پایپ دەکێشن و چێژوەردەگرن؛ لەم زیندانەدا، سەمادەکەن و گۆرانی دەڵێن” (More 1965: 204). هەندێ جار تێکستەکەی مۆڕ وەکو دەستنووسی تابلۆکانی بۆش (Bosch) دەخوێندرێتەوە.

ته‌واو