دلاوه‌ر ڕه‌حیمی

بۆنی ته‌نهایی، جومعه‌ی غه‌مگینی فه‌رهاد

Loading

ئەمڕۆ ئەم شارە بۆن و تامی ڕۆژانی جومعان و جەژنانی هەولێری هەبوو. تام و بۆنی تەنیایی و بێ کەسی. تامی چۆڵی و غەریبی. دەبوایە چۆن هەستی بۆنکردن و تامکردنم گەڕانەوە بۆ ئەو ڕۆژانە، هەستی بیستنیشم بگەڕێنمەوە ئەو ڕۆژانە. جومعە و جەژن بۆ من یانی تەنیایی و بێکەسییەکی ترسناک.

٭٭٭٭٭

لە سەر جادەکان ڕۆژت کردبێتەوە. بێ کار و بێ شۆێن بووبێتی. یان هەر شەوێ لە ماڵی هاوڕێیەکت بەسەر بردبێت و بە ناچاری بەیانیان زوو، بێ ئەوەی بزانی بۆ کوێ دەچی، هاتبیتە دەرەوە. یان لە چەقی شاردا، ماڵت، شوقەیەکی بێ ئاو و پیس و بێ هیچ خواردن و خواردنەوەیەک بووبێت. ئەو شارەش هەولێری پێش دووهەزار و سێ بووبێت. ڕۆژەکەش جومعە، یان یەکەم ڕۆژی جەژن بووبێت. ئینجا بێ ئەوەی بتەوێ دەزانی چەند بێ کەسی و تەنیایی ترسناکن.
دوای دووهەزار و چوار، کە گەشتیاری شارەکانی دیکەی عێراق ڕوویان لە هەولێر دەکرد، ساڵێک زیاتری ویست تا پارێزگا و شارەوانی توانیان هەندێ لە خاوەنی ڕێستۆرانت و خواردنگە و نانەواکانیان ڕازی بکەن، کە ڕۆژانی جومعەش ڕێستۆرانت و دوکانەکانیان بکەنەوە.

‌٭٭٭٭٭٭

لە تەنیایی و بێ کەسی نەترساوم، بەڵام لەو ساڵانە جومعان و جەژنان، وەها چمۆڵەیان پیاکێشاوم، ترسی تەنیایی و بێکەسی تا بەردەم مزگەوتەکانی بردووم.

٭٭٭٭٭

لە کتێبفرۆشییەکی شاری جەهرۆم بوو، کە بۆ یەکەمجار گۆرانییەکی فەرهادم بیست. ئەو عەسرە کتێبی دەجالی نیتچەم کڕی و کاتێ پارەی کتێبەکەم دەدا لە کتێبفرۆشەکەم پرسی ئەو گۆرانی بێژە کێیە؟ وتی فەرهادە. دەستی بۆ کتێبە دەستی دووەکان ڕاکێشا و وتی ئەو کتێبانە و ئەم چەند کاسیەتە هی براکەمن، دایناوە بۆی بفرۆشم، دەیەوێ بۆ ئیش بچێتە کوێت. منیش کتێبێکی ترم هەڵگرت کە نامیلکەیەکی سارتەر بوو، لەگەڵ کاسیەتەکەی فەرهاد.

٭٭٭٭٭٭

یەک دوو ساڵ لە شوقەیەکی بێ ئاوی لای ئەسواق سیروان دەژیام!!! زۆربەی جومعەکان کە مەلاکان خەریکی خوتبەدان بوون منیش ئەم گۆرانیەم لێدەدا. هەر چەند ئەم گۆرانییەی فەرهاد سیاسییە و پێوەندی بە ڕووداوە سیاسییەکانی ئێرانەوە هەیە. بەڵام بۆ من، ببووە خواردن و خواردنەوە.

٭٭٭٭

موزیک دەتوانێ هەمیشە تام و بۆنی برینەکانی ڕابردووت بکولێنێتەوە. ڕێک ئالێرەدا من کەسێکی مازۆخیم.

ته‌واو