كاریكاتێر؛ هێی پیته‌ر ده‌تبه‌ین بۆ باخچه‌ی ئاژه‌ڵه‌مرۆییه‌كانت …سلۆته‌ردایك؛ ترامپ قژی منی كۆپی كردووه‌!

ئێمە لە کوێین، کە بیر دەکەینەوە؟


Loading

ئێمە لە کوێین؟ بۆ لێرەین و بۆ کوێ دەڕۆین؟ ئێمە لە کوێن، کە لەناو ئازارە قووڵەکانماندا تەنیا بیرکردنەوە لە تاریکیی خۆ-کوشتن ئارامیمان پێ دەبەخشێت؟ ئەی ئێمە لە کوێین، کە لە فڕینمان بۆ خۆشبەختیدا خەریکە تا ئاستی ئاسمان دەفڕین؟ ئایا دەکرێت لە هەردوو دۆخە تاریک و ڕووناکەکاندا، ئێمە لە یەک شوێن و لە یەک کات بین؟ دەکرێت ئێمە لە یەک کاتدا لە چەند شوێنێک بین؟ ئایا دەکرێت لە یەک شوێندا، لە چەندین کاتی ونبوو، بەردەست و نەبوودا بین؟ وەڵامەکە ئاسانە، بەڵام ئاسانیی وەڵام مانای وانییە ژیان ئاسانە، جوانە و خۆشە، لە کاتێکدا ژیانیش کارەساتێکی تری بیرکردنەوەیە. ئەوەی لەبەر دەستمان دایە ئەوەیە، کە ژیان دەرکەوتەیەکە لە بوونمان؛ وەک چۆن مردنیشمان مردنمان نییە، بە هەمان شێوەیش ژیانیشمان ئەو ژیانە نییە، کە هەمانە، مادام ئێمە دەتوانین لە شوێن و کاتی تر بین، لە هەمان شوێن و لە هەمان کاتیشدا.

كاریكاتێر؛ هێی پیته‌ر ده‌تبه‌ین بۆ باخچه‌ی ئاژه‌ڵه‌مرۆییه‌كانت …سلۆته‌ردایك؛ ترامپ قژی منی كۆپی كردووه‌!

(پیتەر سلۆتەردایک)ی فەیلەسووفی ئێستای ئەڵمانی، لە کتێبی (هونەری فەلسەفە)دا، پرسیارێکی گرنگ و فەلسەفیی (هانا ئارێن) لە کتێبی (ژیانی هۆش) دەروژێنێت، کە لە بابەتی (ئێمە لە کوێین، کە بیر دەکەینەوە؟) دەیکات. هەر (ئارێنت) وەڵامی پرسیارەکەمان دەداتەوە و دەڵێت (لە هیچ کوێیەک – nowhere). (ئارێنت) لە گوتارەکەیدا، (سۆکرات) وەکو نموونە دەهێنێتەوە، کە لە کاتێکدا بیرۆکەیەکی بۆ دەهات، کات بۆ کات، لە هەر شوێنێک بوایە، دەچەقی، دەچەقی و بیری دەکردەوە. دەوروبەری (سۆکرات) نەیاندەزانی ئایا (سۆکرات) لای ئەوانە یان نا. ئایا ئامادەیی جەستەیی (سۆکرات) بە تەنیا بەسە بۆ ئەوەی وابزانین، کە (سۆکرات) لێرەیە، یان ئەوەتا ئەو فەیلەسووفە لە شوێنی دییە و ئێمە نازانین و دەستمان پێی ناگات؟ (سلۆتەردایک) ئاماژە بە ئەگەری وەڵامی هاوکاتەکانی دەدات و دەڵێت: “ئاسایی دەردەکەوێت ئەگەر هەندێک لە هاوکاتەکانمان پێیان وابێت، کە بیرۆکەکانی فەیلەسووف لە مێشکی دان و فەیلەسووفەکەیش خۆی لە ژووری وانەوتنەوەیە، ژووری وانەوتنەوە لە زانکۆ دایە، زانکۆ لە شار و تا کۆتا، تا دەگات بە شوێنێکی گەورەتر و لە خۆگری هەموو شتەکان، کە گەردوونە. (ل 30-31)” بەڵام (سلۆتەردایک) وەڵامێکی تر دەخاتە شوێنی ئەو بۆچوونانە و دەڵێت: “وەڵامە ڕاستەکە کورتە و ئەو خاڵەیە؛ ئەوان لە شوێنێکن، شوێنێکی دی (Elsewhere)، کە لە ئێستادا هیچ جۆرە زانیارییەکی وردمان لە بارەیەوە لەبەر دەستدا نییە. (هەمان سەرچاوە).”

مادام (سلۆتەردایک) زانیارییە وردەکانی لەبەر دەستدا نییە، پێویست دەکات ئەو کێشە فەلسەفییە، کە کێشەیەکی زۆر پێوەندیدارە بە ژیانمانەوە، بخەینە بەر باس. ئەو خستنەبەرباسە بۆ ئەوە نییە وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە، بەڵکو دەشێت بۆ ئەوە بێت ڕووناکی بخەینەر سەر دیوە ناڕۆشنەکانی. چونکە ئێمە سات لە دوای سات و ڕۆژانە بیر دەکەینەوە، پێویستە دەکات ئەو کاتەی بیر دەکەینەوە، بزانین لە کوێین و بۆ کوێ دەچین. بیرکردنەوە دەمانبات، بۆ شوێن و سەرزەمین و کاتی دی، کە لە واقیعدا دەشێت هەبن و دەشێت نەبن، بەڵام لە دوای پرۆسێسی بیرکردنەوە، شوێن، کات و شتە نەبووەکانیش دێنە بوون، تەنانەت کەسەکانیش بە هۆی شەپۆلەکانی بیرکردنەوە خۆیان فڕێدەدەنە ناو بوونەوە. مەبەستمان لە بیرکردنەوە لە خۆگرتنی ژیانێکە، کە ئێمە پێیەوە دەژیێن. ئێمە ڕۆژانە دەژیێن، هەناسە دەدەین، بیر دەکەینەوە، دڵتەنگ دەبین، بێ وزەیی دامان دەگرێت و خۆشبەختی دەمانفڕێنێت. ئایا دەکرێت هەموو ئەو دۆخە جیاواز و دژ بە یەکانە لە یەک شوێن و لە یەک کاتی فیزیکیدا ڕوو بدەن؟ ئایا دەکرێت ئەو ماڵەی تێیدا بیرۆکەکان تا خۆکوشتن دەمان بەن، هەمان ئەو ماڵەی زمان بێت، کە تێیدا خۆشبەختی تا بڕینی ئاسمان دەمانفڕێنێت؟ وا دەردەکەوێت ئەو دۆخە نەکردە (improbable) و نەگونجاو (impossible) بێت.

کاتێک دەڵێن ماڵی ناو زمان، ئەوا مەبەستمان بوونمانە، چونکە هەر زوو (مارتن هایدیگەر) ماڵی بوونی دۆزیەوە، کە زمانە، هەر وەک خۆی لە بابەتی (نامەیەک لەسەر مرۆڤایەتی/هیومانیسم) دەڵێت: “زمان ماڵی بوونە. لەو ماڵی بوونەدا، مرۆڤەکان دەژیێن. ئەوانەی بیر دەکەنەوە و ئەوانەیشی بە وشە دروستی دەکەن، پاسەوانەکانی ئەو ماڵەن.” بەو نزیکبوونەوەیەی (هایدیگەر)، بۆمان دەردەکەوێت ئێمە بە بیرکردنەوە و ئەو وشانەی بە کاری دەهێنین، ماڵی بوونمان دروست دەکەین. بەڵام ئایا ئەو بیرکردنەوە و وشانە هەمان ئەو دووانە نین، کە دەتوانین ماڵی بوونی پێ بڕوخێنینەوە؟ لێرەدا کێشەی بیرکردنەوە و زمان کێشەیەکی لێکدانەبڕاون. بیرکردنەوە بە بێ زمان خۆی مانیفێست ناکات و زمانیش بە بێ بیرکردنەوە دەرناکەوێت. هەر هەمان نزیکبوونەوە، وا لە (فیتگینیستاین) دەکات، سەرتاپێی کێشەی فەلسەفە، بە کێشەی زمان ببەستێتەوە. بەڵام لای (هایدیگەر) زمان نەک بە تەنیا کێشەیەکی فەلسەفییە، بەڵکو کێشەی بوونە، چونکە بوونیش خۆی کێشەیە. هەر لەو چوارچێوەیەدا، ئاماژە بە گرنگیی بیرکردنەوە دەدات، کە گرنگیەکەی لەوەدا نییە، چ ئەنجامێک بەرهەم دەهێنێت و چ دەستکەوتێکی هەیە، بەڵکو خودی بیرکردنەوە کردار و ناوەڕۆکی بیرکردنەوە خۆیەتی. هەر ئەو کردارە سادەترین و باڵاترینە، چونکە ڕەچاوی پێوەندیی نێوان بوون بە مرۆڤ-ەوە دەکات. بە هەمان شێوە لە دیدی ئەودا، تێرمی بابەت (object) و خۆ (subject) تێرمی نادروستی مێتافیزیکین، کە تێگەیشتن بۆ بوون نادەن بە دەستەوە. هەر بۆیەشە دەگاتە ئەو ئەنجامەی، کە بڵێت “مێژووی بوون هیچ کاتێک ڕابردوو نییە، بەڵکو لە پێشماندا وەستاوە و بەردەوامە و هەمیشە لێکدانەوەی هەموو دۆخەکانی بوون دەکات.”

(هایدیگەر) دەروازەیەکی گرنگتری فەلسەفەمان بە ڕوودا دەکاتەوە، کە کێشەی ڕابردووە. تێگەیشتنی باو و ڕووکەش بۆ ڕابردوو ئەوەیە، کە ڕابردوو تێپەڕیوە. بە ددانان بەوەی، کە ڕابردوو تێپەڕیوە، کەسێک دەتوانێت لە وەهم و چەپاندنی فیکریدا بژیێت بە هیوای چێژوەرگرتن لە ساتی ئێستا و دەستخستنی ئامانجەکانی ژیان لە داهاتوودا. ئەوە ئەگەر لەسەر ئاستی ژیانی ڕووکەش و مێگەلیدا باوە، ئەوا لە مێژووی بووندا، وەکو (هایدیگەر) ئاماژەی پێ دەدات، خۆ-دزینەوەیە لە گەیشتن بە ڕاستیی بوون. لەژێر ئەو ڕۆشناییەدا، دەپرسین، کاتێک ئێمە بیر لە ڕابردوو دەکەینەوە، کە سەرچاوەیەکی گرنگی بیرکردنەوەمانە، ئایا مانای وایە ئێمە لە ئێستا و داهاتووماندا دابڕاوین، یان مانای وایە ئێمە لە مەودا و ئاتمۆسفێرێکی تێگەیشتنی ترین بۆ بوونمان؟ ئایا ئێمە لە ڕابردوودا دەژیێن، یان ئەوەتا بوونمان ڕابردووە؟ بۆ هەمان کێشە، (هایدیگەر) تێگەیشتنی باو بۆ کات، کە خۆی لە دابەشبوونی (ڕابردوو)، (ئێستا) و (داهاتوو)دا مانیفێست دەکات، تێک دەشکێنێت و سەرتاپێی بوون بە کات و کات بە بوون دادەنێت.

هایدگەر لەگەڵ هاوسەرەکەی لە کۆڵیتەکەی خۆی لەدارستەکان ڕەشەکانی ئەڵمانیا

یەکەم شت (هایدیگەر) لەو گوتارەیدا هەوڵی بۆی دەدات گەڕانەوەیە بۆ ڕاستەقینەیی ڕۆڵی بیرکردنەوە. ئەو گەڕانەوەیە بۆ دۆزینەوە و گەیشتنە بە سەرزەمینی ڕاستیی بوون. بە بێ گەڕانەوە بۆ بیرکردنەوە، ئێمە نە دەتوانین بە ڕاستیی بوونی خۆمان بگەین، نە هیچ ڕێگایەکی تر هەیە بۆ ئەوەی لە بوونمان تێ بگەین. ئێمە، کە فڕیدراوین بۆ ناو دنیا، ئەگەر لە هیچ تێنەگەین، پێویستە لەوە تێبگەین بۆ لێرەین و دەتوانین چی بکەن. ئێمە تازە لە دنیا و ژیان داین و ئەو لەگەڵ بوونەیش هاوکاتە بە بوونی ئەوانی تر، کە ئەوانیش وەکو ئێمە فڕێدراونەتە ناو بوون. گەشتی ئەم هەوڵە بۆ تێگەیشتن لە بیرکردنەوەوە سەرچاوە دەگرێت، بەڵام بیرکردنەوەیەکی ڕاستەقینانە، نەک تەکنیکانە.

لەژێر ئەو ڕۆشنایەدایە، ئەوەی کە بیر دەکاتەوە لەسەریەتی بزانێت ئایا لە ڕاستیدا لەناو پرۆسێسی ڕاستەقینەی بیرکردنەوە دایە، یان ئەوەتا لەژێر هەژموونی بیرکردنەوەی ئەوانی ترە، چونکە ئەوەی بیر دەکاتەوە، بە وەڵامەکەی (سلۆتەردایک) بێت، لە شوێنێکی دیکەیە. بیرکردنەوە گواستنەوە ئێمەیە بۆ شوێنێک، کە خۆمان لە ڕێگەی بیرکردنەوە دروستی دەکەین، یان بۆی دەچین. ئەوەی لەژێر هەژموونی ئەوانی تردا بیر دەکاتەوە، لەو شوێنە نییە، کە خۆی دەبێت لێی بێت، بەڵکو لە بیرکردنەوەیشدا لەو شوێنەیە، کە ئەوانی تر دروستیان کردووە. ئازادبوون (liberation) لەو کاتەدا دەست پێ ناکات، کە ئەوانی تر لە ژیانماندا نین و ئەو سنوورانە تێک دەشکێنین، کە ئەوانی تر بۆیان دروست کردووین، بەڵکو لە بیرکردنەوەی ئازادانە دەست پێ دەکات، واتە کەسێک لە بیرکردنەوەیدا ناچێت بۆ ئەو شوێنەی تر، کە ئەوانی دیکە تێیدا بیر دەکەنەوە، بەڵکو شەپۆلەکانی بیرکردنەوەی هێزی دروستکردن و دۆزینەوەی شوێن و زەمینەی دی بۆ ئازادبوون پێی دەبەخشن.

دەگەڕێینەوە بۆ دەستەواژەی بیرکردنەوەی تەکنیکانە، کە (هایدیگەر) بە کاری دەهێنێت، کە بە تەنیا پێمان ناڵێت بیرکردنەوەی تەکنیکانە چییە، بەڵکو ئەوەشمان پێ ڕادەگەیەنێت، کە بیرکردنەوە لە خۆیدا دەتوانێت بگۆڕێت و لە ڕۆڵ و ئەرکە ڕاستەقینەکەی خۆی، کە ناسین و دۆزینەوەی ڕاستیی بوونە، دوور بکەوێتەوە. هەر لە بەر ئەوەیە کۆمەڵێك بیرۆکەی ڕێکنەخراو لەناو هۆشێکی ناجێگیر و بێ ئاڕاستە ئاماژەی ئەوە نین، کە ئێمە بیر دەکەینەوە، یان ڕاستتر بڵێین لە پرۆسێسە ڕاستەقینەکەی بیرکردنەوە داین.

یەکێک لەو تێگەیشتنە گرنگانە لەو نووسینەی (هادیگەر)دا دەستمان دەکەوێت، گۆڕان یان وەرگێرانی ڕەسەنیەتی بیرکردنەوەیە. پێویست دەکات ئەو خاڵە فەلسەفییە ڕۆشنایی بخرێتە سەر و لێی تێبگەین، چونکە ترسناکیی بیرکردنەوەیش لەو خەسڵەتەیەوە سەر هەڵدەدات، کە دەتوانێت ببێت بە شتێک لە دەرەوەی خۆیدا. ئەوە لێکدانەوەیەکی فینۆمینۆلۆجیانە نییە، هێندەی مامەڵەکردنە لەگەڵ ئەو دەرکەوتانەی بە هۆی دوورکەوتنەوەی بیرکردنەوە لە خۆی دروست دەبن و دێنە بوون.

هێنانەوەی (هایدیگەر) ئەگەر بۆ خۆشکردنی زەمینەی گرنگیی بیرکردنەوەیە لە بووندا، ئەوا بۆ ناسینی خودی پڕۆسێسەکانی بیرکردنەوە و وەرگێڕان و گواستنەوەی بوونە بە هۆی بیرکردنەوەوە. ئەگەر بیرکردنەوە بۆ فۆڕم و ناوەڕۆکی تر بگۆڕدرێت و بگوازرێتەوە، ئەوا مانای وایە بوونی ئێمە بۆ فۆڕمی جیاوازتر لە ڕەسەنیەتی خۆی دەگۆڕدرێت و دەگوازرێتەوە. ئەو بیرکردنەوەیە ماڵی بوونمان بۆ دروست دەکات و هەمان ئەو بیرکردنەوەیشە ماڵی بوون، کە زمانە، تێک دەشکێنێت.

دەشێت کەسێک لە کاتی بیرکردنەوە لەو پرسیارانەدا، ڕووبەڕووی سەرلێشێوایی فەلسەفیی ببێتەوە، بەوەی، کە بیرکردنەوە، بە تایبەت لە زمانی ئێمەدا پێناس و ناسینی زۆر سنوورداری پێ بەخشراوە. بەشێکی ئەو دیاردەیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، کە لە زمانی ئێمەدا هێشتا بیرکردنەوەی مێتافیزیکیانە زاڵە. لەم ڕووەوە، ڕۆشنبیران و نووسەرانی ڕووکەش، خزمەتێکی گەورەیان بۆ زاڵبوونی نەریتی مێتافیزیکی کردووە. پابەندبوون بە بیرکردنەوەی ئەقڵانی و دوور کەوتنەوە لە کەوتنەژێر کاریگەریی سۆز و هەستەکانمان، لە زاڵترین دیاردە مێتافیزیکیەکانی بیرکردنەوەی ئێمەن. دیارە ئەو جۆرە زاڵبوونە لە تێگەیشتنی قووڵ لە فەلسەفەی مێتافیزیکا نەهاتووە، هێندەی لە بڕیاردانی پێشوەختەوە و حوکمی خێرا سەرچاوەی گرتووە، هەر بۆیە بە ئاسانی سەرلێشێواویی ئەوان لە بەرانبەر کێشەگەلی فەلسەفیی پێوەندیدار بە بیرکردنەوەی فەلسەفیانە دەبینین.

 

هەر (هایدیگەر) ئەو نەریتە مێتافیزکیایە تێک دەشکێنێت، ئەویش بە بەرزکردنەوەی پرسیاری بوون لە ئاست گرنگی و سێنتڕاڵیی دیاردە (phenomenon) و هەبووەکانی (entity) تر. ئەو هەوڵانەی (هایدیگەر) لە کتێبی (بوون و کات)دا دەست پێ دەکەن و لە نووسین و وانەکانی تریدا بەردەوام دەبن. ئێمە بوونمان هەیە، ئەو بوونەیش سێنتڕاڵی هەموو دیاردە، هەبووە و کێشەکانی ترە. بەبێ بوون، هەوڵدان بۆ ناسینی بوون، نەکردەیە. ئێمە کاتێکیش بوون دەناسین، کە بیرکردنەوە بۆ ڕۆڵە ڕاستەقینەکەی خۆی بگەڕێتەوە، کە ناسینی بوونە و لەگەڵ وشەکاندا پاسەوانی لە ماڵی بوون بکەن، کە زمانە.

 

ئەگەر نزیکبوونەوە (approach)ی (هایدیگەر) لەو ئاڕاستەیەدا خۆی دەبینێتەوە، ئەوا لای (نیتچە) لە جیاوازی و بەیەکدادانی نێوان (دیۆنیسوس- Dionysus)، کە بە خوای هۆژی، خەمۆکی، دڵخۆشی و ئاڵۆزی ناسراوە، لەگەڵ (ئەپۆلۆ – Apollo)، کە بە خوای ڕووناکی، هاڕمۆنی، لۆگیک و گەشەسەندن ناسراوە، خۆی دەردەخات. لێرەدا ئێمە ڕووبەڕووی ئەقڵ و هەست دەبینەوە. لە بیرکردنەوەی مێتافیزیکیدا بەشێک لە فەیلەسووفەکان لایەنگری خۆیان بۆ ئەقڵ و بەشەکەی تر بۆ هەست و سۆزداری دووپات دەکەنەوە. بەڵام (نیتچە) هاڕمۆنی لەنێوان جیاوازیی ئەو دوو خوایە یان هێزە دەبینێتەوە، هەر بۆیە ئاگایی ئێمە دەخاتە سەر ئەو جیاوازیانە. هەر ئەو دەڵێت، کە ئەو دوو خوایە جیاوازیی یەکجار گەورەیان لە قووڵایی و بەرزایی ئامانجەکانیاندا هەیە. (ئەپۆلۆ) بۆ (نیتچە) سەرچاوەی پرەنسیپی جیاوازییە (the principle of individuation). (نیتچە) ئەو کۆنسێپتە بۆ ڕووتکردنەوە و داماڵینی تاک لە هەر خەسڵەتێکی سرووشتی، غەریزە، ئەو کۆمەڵەیەیە تێدا گەورە بووە و هەموو بەربەست و سنوورە کۆمەڵایەتیانەی هەیەتی، بە کار دەهێنێت، بۆ ئەوەی جارێکی تر هۆشی و هۆکاری کۆمەڵە وەک خۆی بەردەوامی بە خۆی بدات. بە پێچەوانەوە، (دینۆنیسۆس) سەرچاوەی پرەنسیپی ناجیاوازییە، ئاماژەیە بۆ هەموو ئەو ئارەزووانەی، کە ئێمە لە هەست و سۆزماندا بە دوایاندا دەکەوین. ئەم بەدواکەوتنە ئەنجامەکەی یان لە خۆشبەختی تا ئاسمان، یان ئەوەتا لە دڵتەنگییەکی قووڵ تا مەرگ خۆی بەرجەستە دەکات. (نیتچە) ڕۆڵی ئەو دووانە بە یەکەوە دەبەستێتەوە، چونکە کەلتووری (گریک) بەرهەمی بەیەکدادان و پێوەندیی نێوان ئەو دووانەیە. وەکو تر، نیشانە و خەسڵەتەکانی ئەو دوو خوایە جیاوازە لە مرۆڤدا هەن و ژیانی مرۆڤ بەرهەمی بەیەکدادانی ئەو دوو ئاڕاستە جیاواز و دژ بە یەکەن. لێرەدا دژەکان یەکتر لەناو نابەن، بەڵکو گوزارشت لە یەکانگیرییەکی باڵاتر دەکەن. هەر لەوێدا جیاوازیی نێوان موزیک لەگەڵ وێنە و بیرۆکە دەکات، بەوەی موزیک خەسڵەتی ڕاستەوخۆی لە بەریەکخستنی ئێمە بە ناوەڕۆکەوە هەیە، لە کاتێکدا وێنە و بیرۆکەکان خاوەن هێزی ناسینی ڕووی دەرەوەی بابەتمان پێ دەبەخشن. هەر وەک خۆی دەڵێت: “وەکو ئەوەی (شۆپنهاوەر) فێرمان دەکات، ئێمە لەوە تێدەگەین، کە موزیک وەک زمانی ڕاستەوخۆی ویست و هەست، ئەندێشەکانمان تێکەڵ دەکات بۆ ئەوەی هۆشی ئەو جیهانە خۆی بگرێت، کە بە شێوەیەکی نادیار بۆمان دەدوێت و لەگەڵ ئەو جووڵە زیندووەدا خۆیمان بە ڕۆشناییە جیاوازەکانیەوە بۆ بەرجەستە و دەردەخات. هەرچی وێنە و بیرۆکەیە لەژێر کاریگەریی ڕاست و ڕەوانی موزیکدا دەگاتە ئاستی مانا بەرزەکان و مسۆگەریان دەکات. ل57.”

هۆگۆ بال – دادایزم؛ له‌ ڤۆلتێر كلوب شیعری دادایی ده‌خوێنته‌وه‌ ١٩١٦

پێوەندیی نێوان موزیک لەگەڵ وێنە و بیرۆکە بە تەنیا باسکردن نییە لە پێوەندیی ئەو سێیانە، بەڵکو ئاماژەدانە بەو هاڕمۆنییەی، بە هۆی بەیەکدادان و کارلێکردنی ئەو دوو هێزە جیاوازە ڕوو دەدات. ئەو هاڕمۆنییە دەروونی و فیکری یان هزرییە بەبێ یەکتر ناتوانن ڕوو بدەن. ئەگەر هەر یەکێک لەو دووانە و بە تەنیا لە ناوەوەی تاک یان مرۆڤدا کار بکەن، ئەوا مرۆڤ لە ئاستی دەروونی و هزریشدا تووشی نامۆیی بە خۆی و جیهان دەبێتەوە. ئێمە نە بەبێ هەستەکانمان دەتوانین ئاشتیمان لەگەڵ بوونی خۆمان هەبێت، نە بەبێ بیرۆکە و وێنە هۆشەکییەکانیشمان. هاڕمۆنیی ژیان و ئاشتیی دەروونی و هزری لەو کاتەوە دەست بە گەشتی خۆی لەناو ژیانی تاکدا دەکەن، کە هەردوو هێزی سۆزی و هزری ئازادانە بەیەکەوە بەرەو خواروو و بەرەو سەروو بەرز ببنەوە و داببەزن. لێرەوەیە، خوێندنەوەی (سلۆتەردایک) لە کتێبی (تۆ دەبێت ژیانت بگۆڕیت) بۆ (نیتچە) ئەوەیە، کە (نیتچە) نەک بە تەنیا فێرمان دەکات بۆ پێشەوە (forward) گەشە بکەین، بەڵکو دەبێت گەشەکردن لەسەر ئاستی ئاسۆیی (horizontal) و ستوونیدا (vertical) بێت. هەر لە هەمان کتێبدا، ئاماژە بە ئاستەنگ و چەقبەستنی ستوونی (vertical tension) دەدات، کە دەبێت بە بەربەستی گەشەکردن، بەڵام بە گەشەکردنی هاولایەنانە بۆ پێشەوە (forward) و بۆ سەروو (upward) بە هێزی قووڵبوونەوە و کەوتنە ناو قووڵاییەکانی خوارەوەی خۆمان (inward)، ئێمە دەتوانین بەسەر بەربەستەکاندا زاڵ بین. ئەو زاڵبوونە، یان خۆ-زاڵبوون (self-overcoming) لە بنچینەترین و گرنگترین ئەو کۆنسێپتانەیە، کە (نیتچە) لە سەرتاپێی کارە فەلسەفییەکانیدا پەیڕەوی کردووە. بەبێ ئەو زاڵبوونە، تاک یان مرۆڤ توانای تێکشکاندنی بەربەستەکانی نابێت و بەم هۆیەشەوە، دەرفەتی گەشەکردنی سەروو و بۆ پێشەوە بە هۆی هێزی خوارەوە لە دەست دەدات. ئەوەی، کە دەیەوێت گەشە بکات و بەردەوام زاڵ بێت، پێویست دەکات هێندەی خەون بە بەرزاییەکان گەیشتن بە ئامانجەکانی دەبینێت، هێندەیش ئامادەیی گوێگرتن و کەوتنەخوارەوە لە ئازار و دڵتەنگییە قوڕسەکانی بێت، هەر وەکو لە کتێبی (زانستی هۆژی)دا دەڵێت: “ئایا ئەو کەسەی دەیەوێت هەتا ئاستی ئاسمان فێری ئاسوودەیی بێت، دەبێت ئامادەیش بێت تاکو ئاستی مەرگ دڵتەنگ بێت؟ وا پێدەچێت ئەو هەمان ئەو شێوەیە بێت، کە هەیە. (ل38) “. دڵتەنگبوون تا ئاستی مردن یان مەرگ لە قوڕسترین دۆخەکانی ژیانمانن. ئایا ئێمە لە دڵتەنگیەکاندا چ هێزێکە وامان لێ دەکات بەردەوامیی بە ژیان بدەین؟ ئەگەر هەر بۆ (نیتچە) بگەڕێینەوە، ئەوا دەڵێن هەمان ویستی چێژە، کە لە ئازاری و دڵتەنگیشدا غەرقمان دەکەن. لێرەدا ویستی هێز ڕۆڵی گەورەی خۆی دەگەڕێت، کە هێزیش بۆ گەشەکردن و زاڵبوونی بەردەوامە. مەگەر ئێمە ئەوە نەکەین، ئەگەرنا لە چارەنووسی ناکۆتای گەڕانەوەی هەمیشەیی (eternal recurrence) ڕزگارمان نابێت. مەبەست لە گەڕانەوەی هەمیشەیی گەڕانەوەی بەردەوام و لەژمارنەهاتووی ئێمەیە بۆ ژیان، بۆ هەمان ئاست و هەمان ڕووداو و هەمان دۆخەکان. هۆکاری ئەو گەڕانەوەیەش لە وزە ناکۆتاکەی گەردوونەوە هاتووە. ئەوەی گەشە نەکات و نەتوانێت بەردەوام بەرەو سەروو بە گوێگرتن لە دڵتەنگییەکانی خوارووی هەڵکشێت، بەردەوام لە چارەنووسە بەدەکەی گەڕانەوەی هەمیشەیی لە قووڵایی ئازارچەشتنەکانیدا دەمێنێتەوە. بۆیە ئەوەیشی پێی وایە مردن کۆتایی و ڕزگاربوونمانە لە ژیانە، ئەوا زۆر هەرزانانە لە بوون و ژیانی ڕوانیوە و نرخەیەکیشی زۆر ئاسان دەست کەوتووە و هەر بەو نرخە کەمەیشەوە ژیان و بوون دەبەخشێتەوە. ئێمە، کە لەناو وزەیەکی ناکۆتا و بێپێوانەدا دەژیێن، ئەگەر بە هیوای بەخشینی ژیان بە مردنەوە کات و ساتەکانمان ڕەوانە دەکەین و بەسەر دەبەین، ئەوا لە چ ئاست و دۆخێکدا دەتوانین هێزی ئەو گەڕانەوە هەمیشەییە، کە لە لای (بوودا) و ئاینی (هیندۆیوزم) بە دۆناودۆن (reincarnation) گوزارشتی لێ کراوە، تێبپەڕێنین؟ سەرەڕای جیاوازییەکانیان، نەریتی فەلسەفیی (گریک)، کە خاوەن کۆنسێپتی گەڕانەوەی هەمیشەییە، لەگەڵ نەریتی هیندۆیوزم و بوودیزم، کە خاوەن و گەشەپێدەری کۆنسێپتی دۆناودۆنن، لەو شوێنەدا هەردووکیان یەک دەگرنەوە، کە چ دۆناودۆن و چ گەڕانەوەی هەمیشەیی ئاماژەن بە بازنەی ئازارچەشتن (circle of suffering). ئەوە مانای وایە ئێمە، کە لە ژیانین، ئەوا لە کارەساتێکی گەورە تێکئاڵاوین و تاکە دەرچوونیشمان ڕۆشەنگەری (enlightenment) لای بوودییەکان و خۆ-زاڵبوون (self-overcoming)ە لای (نیتچە).

دەشێت وەڵامی پرسیارەکە، کە (سلۆتەردایک) زانیاری وردتری ترمان پێ نادات، ئەو بێت کاتێک ئێمە، کە بیر دەکەینەوە، لە شوێنێکی ترین، بەڵام ئەو شوێنە هەر یەک شوێن نییە، چونکە ئەوانی تریش، کە بیر دەکەنەوە لە شوێنگەلی ترن. ئەو شوێنەی بیرکردنەوەی کەسێکی ڕۆشنگەر، یان بەسەر خۆزاڵبوو و پڕ لە ویستی ‌هێز هەیەتی، جیاوازە لەو شوێنەی، بە پێی پێناس و ناساندنەکەی (نیتچە) بێت، مێگەل و حەشامەت تێیدان. لەو ژیان و بیرکردنەوەی مێگەلەدا، هەمووان لە یەک شوێنی بیرکردنەوەن. ئێمە ئەگەر بە جیاکردنەوەی ڕێگاکەمان لە ئەوانی تر ڕووبەڕووی تەنیایی و ئازار دەبینەوە، ئەوا لەبەر ئەوەیە، کە ئێمە لەگەڵ ئەواندا دەژیێن، لەگەڵ ئەواندا هەناسە دەدەین و لەگەڵ یەک جیهان، بە پێی بۆچوونەکەی (هایدیگەر) بێت، کەوتووینەتە ناو بوونە و لەگەڵ یەکتریش هاوبەشی پێ دەکەین، بەڵام کە بیر دەکەینەوە، لەو شوێنە نین، کە ئەوانی لێن. ئەگەر هەر لەو شوێنە بین، هێزی بیرکردنەوەی تاکانەی ئێمە لە کوێ دایە و بۆچیش، هەر وەک لە بابەتی (ئایا ئێمە بوونەوەری بیرکەرەوەین) ئاماژەم پێی داوە، شتێک بکەین، کە نازانین چییە، کە مەبەستم لە بیرکردنەوەیە مادام ئەوانی تر لە جیاتی ئێمە دەیکەن و کردوویانە؟!

تێبینی:

ئەم بابەتە بەشێکە لە زنجیرەی باسێکی هزری کتێبی (هێزی گۆڕینی ژیان).

 

 

سەرچاوە ئاماژە پێدراو و وەرگێڕانەکان:

 

Heidegger, Martin. ‘A Letter on Humanism’. Translated by Frank A. Capuzzi. First Edition, 1949.

http://pacificinstitute.org/pdf/Letter_on_%20Humanism.pdf

Heidegger, Martin. ‘Being and Time’. Translated by John Macquarrie and Edward Robinson. Black Well Publication. Last Edition 2001.

Nietzsche, Friedrich. ‘The Birth of Tragedy; Out of the Spirit of Music’. Translated by Lan Johnston. Vancouver Islan University, Nanaimo, British Columbia Canada.

http://www.holybooks.com/wp-content/uploads/Nietzsche-The-Birth-of-Tragedy.pdf

Nietzsche, Friedrich. ‘The Gay Science’. Translated by Josefine Nauckhoff. Edited by Bernard Williams. Cambridge University Press. First Publication 2001.

Sloterdijk, Peter. ‘The Art of Philosophy; Wisdom as a Practice’. Translated by Karen Margolis. Published by Colombia University Press- New York 2012.

Sloterdijk, Peter. ‘You Must Change Your Life’. Translated by Wieland Hoban. Polity Publication, 2014.

‘The Tibetan Book of the Dead’. Discovered by Karma Lingpa. Translated by Robert A. F. Thurman. Bantam Books Publication 2000.

Wittgenstein, Ludwig. ‘The Philosophical Investigations’. Translated by G. E. M. Anscombe. Basil Blackwell Publication.

http://static1.squarespace.com/static/54889e73e4b0a2c1f9891289/t/564b61a4e4b04eca59c4d232/1447780772744/Ludwig.Wittgenstein.-.Philosophical.Investigations.pdf

مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە! ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.
مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!
ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.