وتاری فادیمە شاهینداڵ لە پارلەمانی سوید رۆژی ٢٠/١١/٢٠٠١
ڕۆژتان باش!
من ناوم فادیمه‌یه‌و ته‌مه‌نم 25 ساڵه. ئه‌مرۆ من بانگهێشتکراوم بۆئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌زموونه‌کانی خۆم و له‌وه بدوێم که ژیانی ئافره‌تێکی بێگانه له‌سویددا به یاساکان و فه‌رهه‌نگ و نه‌ریته‌کانییه‌وه چۆنه. چه‌نده دژواره راگرتنی باڵانس له‌نێوان داخوازی و چاوه‌روانییه‌کانی بنه‌ماڵه له‌لایه‌ک و کۆمه‌ڵگای سوید له‌لایه‌کیتره‌وه که به‌ته‌واوی دنیایه‌کی دیکه و رواننینێکی دیکەی به‌سه‌ردا زاڵه.
من ئه‌مه‌وێت ئه‌زموونی خۆم له‌گه‌ڵ ئێوه باسبکه‌م و هیوادارم له‌م رێگایه‌وە تێگه‌یشتن و زانیاریتان ده‌ستبکه‌وێت سه‌باره‌ت به چۆنیه‌تی باری ئه‌و ئافره‌ته بێگانانه‌ی که‌وتوونه‌ته به‌ر پلاری بارودۆخه‌که. ئامانجی من ئه‌وه نییه بهسهرکهسێکیدا بێنم به‌ڵکوو ئه‌مه‌وێت یارمهتیتانبدهم تێبگه‌ن که له روانگه‌ی من و بنه‌ماڵه‌که‌مه‌وه چلۆن و له به‌رچی ئه‌و چه‌شنه ململانێیانه دروست ده‌بن.به‌ڵام پێمخۆشه به‌وه دهستیپێبکهم و جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه بکه‌م که سته‌مکردن له ژنان هه‌ر به‌ته‌نها کچانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ناگرێته‌وه به‌ڵکوو ئه‌م دیارده‌یه له ناو زۆر بنه‌ماڵه‌ی دیکه‌دا له به‌شه‌کانی دیکه‌ی دنیاش رووده‌دات.
من له گوندێکی بچووک له نزیکی شاری ئه‌لبستان له کوردستانی به‌شی تورکیا له‌دایکبووم. دایک‌وباوکم خاوه‌ن زه‌وی بوون و به کاری کشتوکاڵ و به ئاژه‌ڵداری ژیانیان به‌ڕێوه‌ده‌برد و له‌مه‌شدا هه‌موومان له بنه‌ماڵه‌که‌دا شانبه‌شانی یه‌ک کاری هاوبه‌شمان ده‌کرد. ئێمه بنه‌ماڵه‌یه‌کی گه‌وره‌و به‌خته‌وه‌ر بووین‌و رۆڵ‌و ئه‌رکی روونیشمان هه‌بوو. هه‌ڵبه‌ت له‌باری ماددییه‌وه شتیزیاد له خۆمان نه‌بوو به‌ڵام ژیانێکی هاوبه‌شی گه‌رممان هه‌بوو.
من حه‌وت ساڵان بووم که به‌هۆی ئابوورییه‌وه هاتینه سوید. سه‌ره‌تا هه‌موو شتێک به باشی و خۆشییه‌وه ده‌چووه پێش به‌ڵام هه‌تا ته‌مه‌نم زیاترده‌بوو دایک‌وباوکم زیاتر سنووریان بۆدادهنام که چیبکه‌م وچینهکهم. یه‌که‌م نیشانه‌کان ئه‌و کاته بۆم ده‌رکه‌وتن که ئیتر بۆم نه‌بوو له‌گه‌ڵ هاورێ سویدیهکانمدا یاریبکه‌م و یان ئه‌وه‌ی له چالاکییه‌کانی خوێندنگه‌که‌مدا به‌شداربم. من ده‌بوو راسته‌وراست بچمه‌وه ماڵه‌وه و یارمه‌تی دایکم بده‌م له کاری ناوماڵ و وه‌کوو کچێکی باش پەروەرد بکرێم.
له روانگه‌ی دایکوباوکمهوه ئه‌وه باشبوو که من بتوانم فێری خوێندن و نووسین بم له‌به‌رئه‌وه‌ی بتوانم ببمه په‌یوه‌ندێک له‌نێوان ئه‌وان و کۆمه‌ڵگای سویددا چونکوو خۆیان نه‌خوێنده‌واربوون. به‌ڵام له‌لای ئه‌وان له‌وه باڵاتر پێویستم به خوێندن نه‌بوو. ئاخه‌ر بۆ ئاگالێبوونی مێرد و منداڵ، په‌روه‌رده‌کردنێک پێویست نه‌بوو.
کاتێک گه‌یشتمه ته‌مه‌نی گه‌نجیه‌تی دایک‌وباوکم ویستیان بچمه‌وه بۆ تورکیا و ببمه هاوسەری یه‌کێک له ئامۆزاکانم، ڕێک هه‌ر وه‌کوو خوشکهگهورهکانم وایانکردبوو. من ئاماده نه‌بووم بچمه ژێر ئه‌و باره. من پێموابوو زۆر لەوە گه‌نجتر و کاڵتر بووم کە بتوانم وه‌ها بڕیارێکی گه‌وره بده‌م. جگه له‌وه‌ش من ئه‌مه‌ویست خۆم بریاربده‌م له‌گه‌ڵ کامه پیاو ژیانی هاوبه‌شم پێکهوهبنێم.
به بۆچوونی دایک‌وباوکم ده‌بوو بنه‌ماڵه و خزمان گرینگی زۆریان پێبدرێت، هه‌ربۆیه منیش ده‌بوو بیرله به‌رژه‌وه‌ندی بنه‌ماڵه‌که‌م بکه‌مه‌وه پێش ئه‌وه‌ی ژیانی خۆشی خۆمم له به‌رچاو بێت. باشتر ئه‌وه‌یه تاکه‌که‌سێک ئازاربکێشێت هه‌تا ئه‌وه‌ی ته‌واوی بنه‌ماڵه‌که تووشی ئازار ببێت. به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی دایک‌وباوکم من له کۆمه‌ڵگای سویددا ئه‌ژیام و به‌شێک بووم له‌و کۆمه‌ڵگایه. من هه‌موو ڕۆژێک ده‌چوومه خوێندنگه‌ی سویدی، خواردنی سویدیم ئه‌خوارد، هاورێی سویدیم هه‌بوو و سه‌یری ته‌له‌ڤیزیۆنی سویدیم ده‌کرد. ئاشکرایه که ئه‌و به‌ها و بۆچوونانه‌ی که له‌وێدا هه‌بوون کاریگه‌ریان له‌سه‌رمن داده‌نا. هه‌ربۆیه منیش ده‌ستمکرد به‌وه‌ی که سنووره‌کان دوورتر‌و دوورتر بکه‌مه‌وه. به‌رده‌وام هاورێ سویدیهکانم ئه‌بینی، له چایخانه له‌گه‌ڵیان داده‌نیشتم و دره‌نگتر له‌و کاته‌ی بۆیان داده‌نام ده‌چوومه ماڵه‌وه.
ئاخه‌ر منیش له‌ژیانمدا چاوه‌رێی خه‌ونه‌کان و ئامانجه‌کانی خۆم بووم. ده‌مهه‌ویست شه‌رت و مه‌رجه‌کانی خۆم بۆ ژیانم دابنێم، هه‌ڵه‌کانی خۆم بکەم و ده‌رسیان لێوه‌ربگرم. ده‌مه‌ویست له‌سه‌ر پێی خۆم راوه‌ستم و به‌رپرسی کرده‌وه‌کانی خۆم بم. نه‌ک ئه‌وه‌ی ڕێگابده‌م که‌سێکی دیکه بڕیاربدات که من چۆن بیربکه‌مه‌وه، چیم خۆشبوێت و چۆن هه‌ڵسوکه‌وت بکه‌م. جگه له‌وه‌ش وه‌کوو تاکه‌که‌س زۆر به‌لامه‌وه گرینگبوو که بخوێنم و گه‌شه‌بکه‌م. بێگومان ئه‌مه بۆ ئێوه هیچ شتێکی سه‌یر نیه، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌مه به‌شێکه له شێوه ژیانی سویدی، به‌ڵام بۆ بنه‌ماڵه‌که‌ی من ئه‌مه شته‌یه‌کی زۆرتۆقێنهر بوو.
تێگه‌یشتنی ئه‌وان له سویدییەکان و شێوه‌ژیانی سویدی ئه‌وه‌بوو که ههرچیوپهرچین و نه فه‌رهه‌نگیان هه‌یه، نه بایه‌خی ره‌وشت و ئه‌خلاقیان له‌لایه. تاقه شتێک ده‌یکه‌ن خواردنه‌وه، ده‌ره‌وه‌چوون، سه‌ماکردن و کرده‌وه‌ی سێکسی ئازادانه‌یه. جگه له‌وه پیانوابوو که سویدیه‌کان هیچ چه‌شنه رێزێکیان بۆ ژیانی بنه‌ماڵه نییه چونکوو به‌راست و به‌چه‌پ لێک جیائه‌بنه‌وه.
ئه‌وان ئه‌م چه‌شنه بۆچوونانه‌یان له‌ڕووی هێندێک لێکدانه‌وه‌ی له‌پێشدا بڕیارله‌سه‌ردراو بۆ دروستببوو. ئاخه‌ر خۆ هیچ سویدییه‌کیان نه‌ده‌ناسی و نه‌شیانده‌ویست له‌گه‌ڵیان هاتوچۆ بکه‌ن. سه‌ره‌تا من باڵانسێکم له نێوان دابونه‌ریتی کوردی و ئه‌وه‌ی له ده‌ره‌وه کۆمه‌ڵگای سوید ده‌یخواست راگرتبوو. من به‌ته‌واوی گێژووڕ و دابهشکراوبووم و ناچاربووم له‌وه‌ی که دوو جۆره ژیانم هه‌بێت، بۆئه‌وه‌ی بتوانم هه‌ردوو فه‌رهه‌نگه‌که رازیبکهم و له ئاستی ئه‌و داخوازیانه‌دا بم که له به‌رده‌می مندا وه‌کوو ژنێکی گه‌نج دایانده‌نا.
به‌ڵام ئەوەبوو رۆژێک شتێک روویدا که نه‌ده‌بوو رووبدات؛ من له‌گه‌ڵ کابرایه‌کی سویدی ئاشنا بووم. ناوی پاتریک بوو. من و پاتریک یه‌کترمان خۆشده‌ویست. سه‌ره‌تا له رۆحی خۆم ده‌ترسام له‌وه‌ی که داخوا ئه‌مه ده‌بێ چ ئاکامێکی بۆمن هه‌بێت. هه‌ربۆیه هه‌لومه‌رجی پێکه‌وه‌بوونه‌که‌مانم بۆ پاتریک باسکرد. دایک‌وباوکم به هیچ له‌ونێک نه‌ده‌بوو سه‌باره‌ت به ئێمه هیچ شتێک بزانن.
سه‌ره‌ڕای مه‌ترسییه‌کان ئێمه بڕیارماندا درێژه‌بده‌ین به په‌یوه‌ندیه‌کانمان ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ریش به‌رده‌وام له‌نێوان چواردیواردا یه‌کتر ببینین و له‌وه بترسین که ئاشکرا ببین. پاش ساڵێک په‌یوه‌ندی ماندووبووین له‌وه‌ی که‌هه‌ر له ناوماڵدا یه‌کترببینین و به دزییه‌وه ئه‌وینداری بکه‌ین، هه‌ربۆیه هه‌رچی‌زیاتر ده‌ستمانکرد به‌وه‌ی چیدی خۆپارێزنهبین.
ورده ورده پێکه‌وه دهچووینهدهر به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌و شوێنانه‌ی پێمانوانه‌بوو که‌سێکی ناسراو یان که‌سی بنه‌ماڵه‌که‌مان ده‌مانبینێت. ئه‌م خۆنه‌پارێزییه‌ی ئێمه رۆژێکیان وایکرد که باوکم چاویپێمانکهوت و هه‌ڵبه‌ت دیاره ته‌قییه‌وه له تووڕیهیدا و ده‌ستیکرد به لێدانی من و پاتریک.
من له کاردانه‌وه‌ی باوکم به‌ته‌واوی تێده‌گه‌یشتم. وه‌کوو باوک و گه‌وره‌ی بنه‌ماڵه‌که‌ی ئه‌وه ئه‌رکی سه‌رشانی ئه‌وبوو که چاوه‌دێری نامووسی بنه‌ماڵه‌که‌ی بکات. ده‌بوو وشیاربێت و پارێزگاریبکات له هه‌ڵسوکه‌وتی سێکسی ژنه‌کانی خزم وکه‌س و وریابێت کچێنی کچه‌کانی هه‌تا کاتی به‌شوودانیان دهستلێنهدراو مابێته‌وه. ئه‌گه‌ر بێتوو ئه‌و پیاوانه‌ی تازە ده‌بنە هاوسەری کچەکانی، شه‌وی زه‌ماوه‌نده‌که‌یان بۆیان ده‌رکه‌وێت که کچێنیان نه‌ماوه، ئه‌وا یه‌کسه‌ر داوای جیابوونه‌وه ده‌که‌ن.
هه‌تا ئێستاش په‌ڕۆ خوێناویه‌که ده‌درێته خهسوویبووک بۆئه‌وه‌ی نیشانی ده‌ورووبه‌ری خۆی بدات که ژنێکی خاوێن و شه‌ره‌فمه‌ندی بۆهاتووه. له به‌رئه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌که‌مان تێگه‌یشتن که ئێمه پێکه‌وه‌ین ده‌ستبه‌جێ ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌یان وه‌رگرت که من کچێنیه‌که‌م نه‌ماوه. ئه‌مه بۆ ئه‌وان مانای ئه‌وه‌بوو که من هه‌رگیز نه‌مده‌توانی . . . که ئه‌وان هه‌رگیز نه‌یانده‌توانی کچه‌که‌یان به شێوه‌یه‌کی نه‌ریتی بده‌ن به‌شوو به پیاوێکی کورد. ئه‌مه‌ش له‌گوێن ئه‌وان هه‌موو مانای ژیانی من بوو. من شه‌رمم هێنابوو به‌سه‌ر بنه‌ماڵه‌دا و له لای ده‌ور و به‌ره‌که‌یان هه‌ڕه‌شه‌م کردبوو له بارودۆخی ئه‌وان. من کارێکی وامکردبوو که بۆ لێبوردن نه‌ده‌بوو، کارێکی وه‌ها که هه‌رگیز پێشتر له ناوخزمانی مندا نه‌کرابوو.
ئه‌مه دنیای ئه‌وانی هه‌ژاندبوو و له ترسان له‌وانه‌بوو گیانیان ده‌رچێت. له‌چاو ئه‌وانه‌وه من له کچێکی خنچیلانه‌ی کورده‌وه ببوم به قه‌حبه‌یه‌کی ده‌مهه‌راش که پێی وابوو هه‌ر چونکوو وا له سوید ئیتر گوایه بووه به شتێکی گرینگ. ئه‌وان ناعیلاجبوون به ده‌ور و به‌ریان نیشانبده‌ن که ده‌توانن نامووسه‌که‌یان بپارێزن و خۆیان ده‌ره‌قه‌تی ئه‌م کێشه‌یه دێن. ره‌فتارێکی وه‌ک ئه‌وه‌ی من ده‌بوو سزابدرێت و باجەکهشی ده‌بوو به خوێن بدرێت.
تاق و ته‌نیا و دهستداشۆردراو له بنه‌ماڵه‌که‌م ناچاربووم به‌په‌له شاری ئووپسالا به‌جێبێڵم له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌مزانی ئه‌گه‌ر ده‌ستیان پێمڕابگات ده‌مکوژن. گواستمه‌وه بەرەو ژوور بۆ شاری سوندسڤاڵ. دایک‌وباوکم زۆر زوو شوێنیان هه‌ڵگرتم و خێرا زانییان له‌کوێ ده‌ژیم.
پیاوانی خزم ده‌ستیانکرد به تهلهفونکردن و هه‌ڕه‌شه. ده‌یانگوت هه‌رگیز ده‌رباز نابیت له‌م وه‌زعه. برا چکۆله‌که‌م ئه‌رکی ئه‌وه‌ی پێ‌سپێردرا که بمکوژێت. ئاسایی بوو بۆچی له‌م ناوه‌دا ئه‌ویان دانا، له به‌رئه‌وه‌ی منداڵبوو هه‌ربۆیه‌ش سزایه‌کی زۆریان نه‌ده‌دا. جگه له‌وه‌ش ئه‌و تاقه کوڕی بنه‌ماڵه‌که بوو، ئه‌وه‌ش ئه‌رکی سه‌رشانی ئه‌و بوو که ئاگای له خوشکه‌که‌ی بێت که له‌چوارچێوه‌ی فه‌رهه‌نگه‌که‌دا ده‌رنه‌چێت.
هه‌تا ده‌هات هه‌ڕه‌شه‌کان توندتر ده‌بوون، هه‌تا زیاتر من راده‌وه‌ستام و نه‌مده‌ویست ژێرچهپۆکهبم، وه‌زعه‌که خراپتر ده‌بوو. سه‌ره‌نجام له‌وه زیاتر خۆم پێڕانه‌گیرا و بڕیارمدا بچمه لای پۆلیس و داوای پاراستنیان لێبکه‌م و له‌سه‌ر بارودۆخی خۆم زانیاری‌یان پێبده‌م با ئه‌گه‌ر هات و شتێکم لێهات ئه‌وان ئاگاداربن.
هه‌ڵوێستی پۆلیس زۆر تۆقێنه‌ربوو، باوه‌ڕیان به‌قسه‌کانم نه‌کرد و پێیانوابوو ئه‌م به‌سه‌رهاته‌م دروستکردووه. تاقه ئامۆژگاری ئه‌وان ئه‌وه‌بوو که بچمه‌وه لای بنه‌ماڵه‌که‌م و پێیانبڵێم نابێت هه‌ڕه‌شه‌م لێبکه‌ن و پێویسته ڕێز له یاسا و نه‌ریتی سوید بگرن. به‌م چه‌شنه پۆلیس له جیددی‌بوونی باره‌که‌ی من نه‌گه‌یشت و ئه‌م تێنه‌گه‌یشتنه‌ی ئه‌وان به‌باوه‌ڕی من ره‌فتارێکی دوورله ڕێز و هه‌روه‌ها سووکایهتیکردنبوو.
“چیت لێماندهوێت؟ خۆ ناتوانین پاسەوانت بۆدابنێین شه‌و و ڕۆژ له لات بێت”، ئه‌مه‌بوو وه‌ڵامی پۆلیس بۆ من. به دڵێکی گرانه‌وه و به‌بێئه‌وه‌ی یارمه‌تییه‌کم درابێت له لایپۆلیس گه‌ڕامه‌وه. ئه‌مجاره‌یان ناچاربووم هه‌رخۆم یارمه‌تی خۆم بده‌م به باشترین شێوەیەک بۆم بگونجێت.
وه‌کوو دوایین ڕێگا بۆ ده‌ربازبوون، روومکرده ده‌زگاکانی راگه‌یاندن و ئه‌وانیش به باشترین شێوه که‌وتنه پاراستنم. من بیرم له‌وه کردبووه‌وه که بیروڕا هه‌ڵخڕێنم له‌سه‌ر ئه‌م کێشه‌یه وهه‌ر لێره‌شه‌وه تیشکی زۆر بخه‌مه سه‌ر بنه‌ماڵه‌که‌م. به‌م شێوه‌یه ده‌مه‌ویست پاشه‌کشه‌یان پێبکه‌م. ئه‌م باره‌ی من سه‌رنجێکی ئێجگار زۆری بۆلای خۆی راکێشا له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ر له‌وکاته‌دا بوو که له‌سه‌ر چه‌ندین حاڵه‌تی توندوتیژی گرێ‌دراو به نامووسه‌وه شت نووسرابوو.
له سه‌ر سارا ئه‌و کچه‌ی که له شاری ئوومیۆ کوژرا قسه‌ی زۆر ده‌کرا. ئه‌ویش وه‌کوو من کچێکی خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست بوو. ئامۆزاکانی به‌تاوانی ئه‌وه‌ی ده‌یهه‌ویست خۆی شێوه‌ی ژیانی خۆی هه‌ڵبژێرێت کوشتیان. هه‌ر به‌و هۆیه‌شه‌وه ژنێک له ستۆکهۆلم له لایه‌ن خزمه‌کانییه‌وه درایه به‌ر چه‌قۆ. من بۆیه ئه‌و ڕێگایه‌م هه‌ڵبژارد که زۆر ڕاشکاوانە له‌و بارودۆخه بدوێم که له سوید کچانی بێگانه‌ی ناچار کردووه تێیدا بژین. من بووم به ده‌نگێک و سیمایه‌ک بۆ ئه‌وکچانه‌ی که له ژێر چه‌وسانه‌وه‌دا بوون و له‌وانه‌بوو به‌رکه‌ون و بکوژرێن ئه‌گه‌ر نه‌چنه ژێرباری خواست و شێوه ژیانی بنه‌ماڵه‌که‌یان.
له هه‌وڵدانێکی تازه‌دا بۆ په‌یوه‌ندیگرتن له‌گه‌ڵ پۆلیس به‌ختم هه‌بوو پۆلیسێکم ناسی که ئه‌زموونی کارکردنی هه‌بوو له‌گه‌ڵ ژنانی بێگانه‌ی که مێرده‌کانیان هه‌ڕه‌شه‌یان لێکردبوون و یان لێیاندابوون. ئه‌و ده‌ستبه‌جێ له جیددی‌بوونی باره‌که‌ی من تێگه‌یشت و سه‌باره‌ت به مافه‌کانی من وه‌کوو که‌سێکی به‌رکه‌وتوو زانیاریی پێدام. به‌ڵام به‌داخه‌وه پۆلیس نه‌یتوانی یارمه‌تییه‌کی به‌رده‌وامم بداتێ و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باره‌که‌ی من له هه‌ڕه‌شه‌ی نایاسایی به‌ولاتره‌وه نه‌چبوو، ته‌نها ناوه‌که‌م و ناونیشانه‌که‌میان ده‌گۆڕی و ده‌یانکرده نهێنی و هه‌روه‌ها هێندێک یارمه‌تی فریاگوزارییان دەدامێ.
من یارمه‌تی فریاگوزارییهکهم وه‌رگرت به‌ڵام نه‌مویست ناوه‌که‌م بگۆڕم و خۆم بشارمه‌وه. باشه تاوانی من چی‌بوو؟ بۆ ده‌بوو من خۆم بشارمه‌وه؟ ده‌زگاکانی راگه‌یاندن له‌و په‌ڕی چالاکی خۆیاندابوون. له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌کی زۆر له رۆژنامه‌وانانی رادیۆ و رۆژنامه‌کانی سویده‌وه به‌ته‌واوی بۆمباران کرابووم. من له به‌رنامه‌یه‌کی به‌ڵگه‌نامه‌یی بۆ ته‌له‌ڤیزیۆنی سوید که به مه‌به‌ستی په‌روه‌رده له‌لایه‌ن ئه‌نستیتۆی ته‌ندروستی گه‌له‌وه ئاماده‌کرا، به‌شداریمکرد.
سکاڵاکه‌م له باوکم و له براکه‌م سه‌ره‌نجام کێشایه دادگا. باوکم به تاوانی هه‌ڕه‌شه‌ی نایاسایی و براکه‌م به تاوانی لێدان‌و هه‌ڕه‌شه‌ی نایاسایی حوکمدران. پاش دادگاکه به دڵێکی شکاوه‌وه یه‌کراست گه‌رامه‌وه به‌ره‌و شاری سوندسڤاڵ. بیری ئه‌وه‌ی که چیدی نه‌مده‌توانی په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌که‌مدا هه‌بێت، وه‌کوو ژانێک به له‌شمدا ده‌گه‌ڕا. ئێجگار زۆر تاسه‌ی دایکمم کردبوو. هیچ ئاره‌زوویه‌کی له‌وه‌زیاترم نه‌بوو که‌بتوانم دیسانەوە له باوه‌شی دایکمدابم به‌ڵام ده‌مزانی ئه‌مه مه‌حاڵبوو. له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌رکی سه‌رشانی ئه‌و وه‌کوو دایکێک ئه‌وه‌بوو که من به‌چه‌شنێک به‌خێوبکات که ببمه کچێکی گوێڕایه‌ڵ و خنچیلانه و ئه‌ویش له‌وه‌دا سه‌رنه‌که‌وتبوو، جا ئه‌و تاوانه‌شی له‌سه‌ربوو.
له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه دایکم نه‌یده‌توانی لایه‌نی من بگرێت چونکوو ئه‌گه‌ر وایکردبایه باره‌که بۆئه‌و به‌ره‌و خراپتریش ده‌چوو. ئه‌و خۆی به تاوانبار ده‌زانی. ئێستا من له شاری ئۆیستێرشووند ده‌ژیم و خه‌ریکی خوێندنم. من لە بەشی کۆمەڵایەتی ده‌خوێنم با بتوانم کاره‌که‌م، واته یارمه‌تیدانی ئه‌و کچانه درێژهپێبدهم که له‌و کێشه‌یان هه‌یه وا من هه‌مبووه‌و پێیدا تێپه‌ڕیوم. هه‌روه‌ها ئێستا خۆم به سەقامگیر و به‌هێز ده‌بینم به‌ڵام به‌راستی ماوه‌یه‌کی ئێجگار زۆری پێچووه هه‌تا به‌وه‌ی ئێستا گه‌یشتووم.
من ناچارکراوم ده‌ست له‌هه‌موو رابردووم هه‌ڵگرم و ده‌ستپێبکه‌م که سه‌رله‌نوێ خۆم و ناسنامه‌ی خۆم دروست بکه‌مه‌وه. من له پێکهێنانی سه‌کۆیه‌کدا که بتوانم به هه‌ردوو پێی خۆم له‌سه‌ری راوه‌ستم سه‌رکه‌وتنم به‌ده‌ستهێناوه. من بۆگه‌یشتن به‌و جێگایه خه‌باتێکی قورسم کردووه‌و نرخێکی زۆرگرانیشم داوه. ئاسووده‌یی خۆم له لای دۆسته تازه‌کانم دۆزیوه‌ته‌وه که بوونه‌ته بنه‌ماڵه تازه‌که‌ی من. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که نرخێکی ئه‌وه‌نده زۆریشم داوه پهشیماننیم له‌وه‌ی که بڕیاری خۆممدا و بهسهربهستیهوه ملی ڕێگامگرت.
هه‌ڵبه‌ت دیاره زۆر په‌رۆشم له‌وه‌ی به‌سه‌رم هاتووه و ئه‌وه‌ی لهدهستمچووه، به‌ڵام من نه تووڕەم و نهبیرلهوه ده‌که‌مه‌وه وابم له‌به‌رئه‌وه‌ی وام به‌سه‌رهاتووه، چونکوو ئه‌گه‌ر وابێت ئه‌وا هه‌موو ئه‌وه‌ی روویداوه بێفایدهبووه. بنه‌ماڵه‌که‌م نامووسه‌که‌یان و کچێک‌یان له‌ده‌ستداوه، منیش هه‌موو ئه‌وانه‌م له‌ده‌ستداوه که له ده‌وروبه‌رم بوون و خۆشم ویستوون.
ئێستا و به‌م ئه‌زموونه‌ی له‌به‌رده‌ستم دایه پێموایه پێویست نه‌بوو کاری من بگاته ئێره. ئه‌گه‌ر بنه‌ماڵه‌که‌ی من یارمه‌تی و پشتیوانیان له رێکخراوه سهرتاسهریهکانهوه، بۆ نموونه کۆمه‌ڵه‌ی کورده‌کان پێگه‌یشتبایه، ئه‌وا پێویست نه‌بوو بێره بگه‌ین.
ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵگا به‌رپرسانه بجووڵایه‌وه و یارمه‌تی دایک‌وباوکی منیان دابایه که زیاتر به‌شداربن له کۆمه‌ڵگای سویددا له‌وانه‌بوو پێشیان به‌م وه‌زعه بگرتایه. ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر مندا هاتووه تازه هیچی بۆ ناکرێت، به‌ڵام پێموایه ئه‌مه گرینگه که شتێکی لێوه فێربین و بۆ داهاتوو چاره‌یه‌ک ببینینه‌وه با له‌م چه‌شنه حاڵەتانه دووپات نه‌بنه‌وه.
من ویستم ئه‌مرۆ لێره به‌سه‌رهاتی خۆم بۆ ئێوه بگێڕمه‌وه به‌و هیوایه‌ی که یارمه‌تیده‌ربێت بۆ کچه بێگانه‌کانی دیکه با پێویست نه‌کا که‌سانیتر به‌و رێگایه‌دا بچن که به‌سه‌ر مندا هاتووه. ئه‌گه‌ر هه‌رکه‌س به‌پێی توانای خۆی هاوکاریبکات، شتی وا پێویست نییه رووبداته‌وه. ده‌بێت ئه‌مه روون و ئاشکرابێت که هه‌ر ژنێکی گه‌نج به‌هه‌ر پاشخانێکی فه‌رهه‌نگییه‌وه که هه‌یبێت، بتوانێت هه‌م بنه‌ماڵه‌که‌ی رابگرێت و هه‌م ئه‌وه‌ی ئه‌و ژیانه هه‌ڵبژێرێت که خۆی ده‌یخوازێت.
به‌ڵام به‌داخه‌وه بۆ زۆر له کچان ئه‌مه روون و ئاشکرا نیه. من هیوام وایه که ئێوه پشتیان تێنه‌که‌ن، که ئێوه چاویان لێنهقونجێنن.
سپاس بۆ ئه‌وه‌ی گوێتان بۆڕاگرتم.
وەرگێڕان لە سویدییەوە:
ئەحمەد ئەسکەندەری
Fadimes tal i riksdagen den 20 november 2001
Översatt från svenska av: Ahmad Eskandari
کولتور مەگەزین؛ فاتیمە شاهیندال لەدوای ئەم گوتارەاتیمە شاهیندال کەلە ٢١ یانواری ٢٠٠٢ بەدەستی باوکی لەستۆکهۆڵم کوژرا. بەداخەوە تەنانەت حکومەتی سویدی نەیانتوانی گیانی لەکوشتنی ناموسی بیاپرێزن!