کەموکوورتییەکانی داڕشتنی 4_3_3

بڵند جاف

451

ئاشکرایە یەکێک لە داڕشتنە هەرە بەناوبانگ و مێژووییەکانی تۆپی پێ, داڕشتنی ٤ـ٣ـ٣ یە. داڕشتنێک کە سەرەتاکانی دەگەڕیتەوە بۆ چلەکانی سەدەی ڕابردوو، بەڵام بەهۆی ئەو نوێگەرییانەی کە تێیدا کراوە، لەگەڵ کاتدا, پێ بە پێی یارییەکە گەیشتووەتە ڕۆژگاری ئەمڕۆ. ٤ـ٣ـ٣ لەگەڵ هۆڵەندییەکاندا گەیشتووەتە لوتکە و دواتریش ئسپانییەکان هەندێک ڕەهەندی دیکەیان پێداوە، هەر وەکوو چۆن لەسەر ئاستی پاڵپەستۆ توانیویانە گڕووتینێکی زیاتری پێببەخشن، بەمەش لە ئەمڕۆدا بە داڕشتنی ئەهلی پایە و دەسەڵاتدارن، دادەنرێت لە دنیای تۆپی پێدا.

وەلی ئەمە ڕیگر نەبووە لەوەی داڕشتنەکە بە ڕەنگ و شکڵی جیاواز لە نێو گەلانی دیکەی سەرداری تۆپی پێدا دەربکەویت.

بۆ نموونە: لە ئیتاڵیا ٤ـ٣ـ٣، لە دۆخێکی ڕەقدا دەژێت و فۆرمێکی بەرگرییانەی وەرگرتووە ، بەو پێیە سیانەی هێڵی ناوەڕاست، وەکوو تەوەری ناوەڕاست تەماشا دەکرێن و هەمیشە ئەرکی سەرەکییان داپۆشینی ئەو ناوچانەیە کە باڵەکانی بەرگری وهێڕشبەرەکان فەرامۆشی دەکەن. ئەمە لە کاتێکدا، لە ئیسپانیا سیانەی هێڵی ناوڕاست، تەنها یەکێکیان وەکوو تەوەری ناوەڕاست دەبینرێت و دوو یاریزانەکەی دیکە بەرگێكی هێرشبەرانە دەپۆشن و بیریان لای دروستکردنی یاری و یارمەتیدانی پێشەڕەوی کردنی تۆپە. کەچی لە هۆڵەندا ئەم داڕشتنە ، ڕەهەندە دینامیکێکەی زۆر زەق و بەرچاوگرە، بەمەش چ سیانەی هێڵی ناوەڕاست بێت یاخود سیانەی هێڵی هێرشبردن بێت یاخود یاریزانی باڵەکانی بەرگری بێت، هەمیشە رۆڵ و ئەرکەکانی نێو داڕشتنەکەدا لە نێوان یەکتردا ئاڵوگۆڕ پێدەکەن. بە مانایەکیتر، هیچ یاریزانێک پەیوەست نیە بە ئەرکێک یان بەرپرسیارێتییەکی دیاریکراو، ئەمەش وادەکات جۆرێک لە فەوزی خەلاق لە نێو یاریگادا دروست ببێت و هەمیشە لە دەوری تۆپەکە یاریزانی نێو داڕشتنی ٤ـ٣ـ٣ باڵادەست بێت..

لەگەڵ ئەوەشدا، ٤ـ٣ـ٣، هەرچەندە لە ژێر دەستی داهێنەرترین نەتەوەکانی دنیای تۆپی پێدا ژیانی بەسەربردووە، نەتەوەی وەکوو هۆڵەندا و ئیسپانیا،  کەچی هێشتا هەندێک گرفت و کەموکورتی جەوهەری تێدا ماوەتەوە. ئەمەش وایکردووە تاکوو ئێستا ئەو کەموکوورتیانە ڕێگربن لە گەیشتنی داڕشتنەکە بە پلەی کەمال.

سەرەتا پێویستە باسی چەند خاڵێکی گشتگیر بکەین، پێش ئەوەی بچینە نێو قوڵایی بابەتەکەمانەوە.لە نێو هەموو داڕشتنەکانی تۆپی پێدا چەند حاڵەتێكی تاکتیکی هەیە کە پێویستە دەستنیشانیان بکەین تاکوو دواتر ئاسان لە خودی کێشە و گرفتەکانی پلانەکە تێبگەین. حاڵەتی وەکوو:-

Shifting/شیفتینگ: بۆ نمونە: یاریزانی باڵی بەرگری بە تەنها دەمێنێتەوە بەرامبەر هێرشبەرێک و یاریزانی هاوڕێی کە لە باڵی هێڵێ ناوەڕاستە، دەگەڕێتە دواوە یارمەتی دەدات تاکوو پێکەوە بەسەر ئەو یاریزانە سەربکەون، یاخود کە تۆپ لەلای ڕاستەوە دەجوڵیتەوە بۆ لای چەپ یاریزانەکان بە ئاراستەی تۆپەکە دەجوڵینەوە. بەم کردە تاکتیکیانە دەوترێت شیفتینگ.

 double-up/دەبڵ_ئەپ: بۆ نموونە : یاریزانی باڵی بەرگری لەلایەن هێڕشبەرێکەوە تێدەپەڕێندرێت و یاریزانی دڵی بەرگری ناچار دەجوڵیتەوە بۆ ناوچەی یاریزانی باڵەکە،

یاخود overlapp/ئۆڤەرلاپ: بۆ نموونە: یاریزانی باڵی هێڕشبردن دەجوڵێتەوە بۆ ناوەوە یاریگا و باڵی بەرگری سەردەکەوێت بۆ جێگاکەی.

 یەکتربڕین: بۆ نموونە: دەرچوونی یاریزانی دڵی هێڕشبردن بۆ جێگای باڵی هێڕشبردن و لە هەمانکاتدا باڵی هێرشبردن دەجوڵیتەوە بۆ جێگای دڵی هێرشبردن.

بۆ زیاتر تێگەیشتن لەم حاڵەتانە تەماشای وێنەی خوارەوە بکە…

٤٣٣

بەهەمان شێوەی ئەم حاڵەت و تێمانە، حاڵەت و تێمای دیکە زۆرن کە دەکرێت وەکوو نموونە بیانهێنیەوە، بەڵام لەم نووسینەدا جێگای نابێتەوە و ئەم چەند دانەیەمان بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی مەبەست خستە بەرچاوو.

گرنگ بۆ ئێمە، ئەوەیە بزانین کە لە هەندێک داڕشتندا ئەم حاڵەتانە بە شێوەیەکی سووک و ئاسان دروستدەبن و لە هەندێكی دیکەیشدا قورس و زەحمەت دروستدەبن. هۆکاری ئەم جیاوازییە، دەگەڕێتەوە بۆ خاسیەت و تایبەندمەندی داڕشتنەکان، خاسیەتی وەکوو نزیکی نێوان هێڵەکانی داڕشتنەکان، جۆر و توانای ئەو یاریزانانەی کە داڕشتنەکان دەکرێت بیانگرێتە خۆی، ئاسانی جوڵانەوە لە نێوان هێلەکان…هتد

کاتێک دێینە سەر ٤ـ٣ـ٣، وە بە تایبەتی کاتێك باسی ئەم دڕاشتنە دەکەین لە ژێر دەستی سیستەمی یارکردنی هۆڵەندیی یاخود ئیسپانی، ئەوا بێگومان دەکەوینە بەردەم کۆمەلێک مەرج و کوالێتی تایبەت، کە پێویستە یاریزانی نێو ئەم سیستەمانە پڕی بکەنەوە.

لە تۆپی پێی ئەم دوو نەتەوەیەدا، کاتێك ٤ـ٣ـ٣ بەکاردەهێنیت، پێویستە یاریزانەکان، توانایەکی دینامیکی کامڵێان هەبێت، چونکە مەودای نێوان هێڵەکان، هەروەها ژمارەی هێلەکانی ٤ـ٣ـ٣ وادەکەن کە پلانەکە چەقبەستوو بێت. بۆ نموونە: لەو کاتەی دڕاشتنی ٤ـ٣ـ٣ تەنها لە سێ هێڵی یاریکردن پێکدێت، دەبینین پلانەکانی دیکەی وەکوو ٤ـ٢ـ٣ـ١،٤ـ٤ـ٢، ٤ــ٤ــ٢...هتد لە چوار هێڵ پێکدێن. هەروەها لەو کاتەی پلانی ٤ـ٣ـ٣ تەنها دەتوانیت لە شکڵ و فۆرمی خۆیدا دەربکەوێت و هیچ شکڵ و فۆرمێکی دیکە قبوڵ ناکات، دەبینین پلانێكی وەکوو ٣ـ٥ـ٢ دەتوانێت لە ماوەی یارکردندا  و بەبێ دەرکردن و هێنانە ناوەوە هیچ یاریزانێک، شکڵ و فۆرمی خۆی بگۆڕێت بۆ ٥ـ٣ـ٢، ـ٤ـ٣ـ١ـ٢،ـ٣ـ١ـ٣ـ١ـ. بەهەمان شێوە داڕشتنی ٣ـ٤ـ٣، دەتوانێت خۆی بگۆڕێت و بچێتەوە سەر داڕشتەکانی دیکەی یاریکردن. لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت ئەو هەمەجۆرییەی کە لە داڕشتنەکانی دیکەدا هەیە، لە ٤ـ٣ـ٣دا نیە، بەڵكوو لە بنەڕەتدا ٤ـ٣ـ٣ لە حاڵەتێكی چەقبەستووی تەواودا دەژێت.

هۆکارەکانی چەقبەستووی ٤ـ٣ـ٣ بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە بۆ هەر بنکەیەکی یاریکردن.دەبێت یاریزانێکی ئۆرگیناڵ بەکاربهێنرێت، واتا یاریزانێک کە لە بنەڕەتدا باڵی بەرگرییە، دەبێت باڵی بەرگری بێت، دڵی بەرگری، دڵی بەرگری بێت، باڵی هێرشبردن،  باڵی هێڕشبردن بێت..تاد.(لەم ڕووەوە هەندێک یاریزان کە دەتوانین بە تەواوەتی خەسڵەتی هەندێک، یان چەند بنکەیەی یارکردن پڕبکاتەوە و لە پلانی ٤ــ٣ـ٣ یاری بکات، بە نەشاز دەدانرێن، نەوەک خودی یاساکە.) کەچی ٣ـ٥ـ٢ بە وڵاتی پەناهەندەکان دادەنرێت، بەو پێیە یاریزان بە خاسیەتی جیاوازەوە ، دەتوانێت یاری تێدا بکات و چەند بنکەیەکی نێو پلانەکە پڕبکاتەوە بەبێ ئێوەی کێشەی ئەوەی هەبێت، کە ئاخۆ ئەمە بنکەیە، بنکەی ڕەسەنی خۆیەتی یاخود بنکەیەکی هاوشێوەی بنکە ڕەسەنەکەیەتی.  دەتوانین بڵێین بۆ نموونە: باڵی بەرگری کە توانای یاریکردنی هەیە لە دڵی بەرگری، یاخود باڵی هێڵی ناوەڕاست، دەتوانێت لەم پلانەدا جێگای ببێتەوە و لە یەکێك لەو دوو بنکەیەی دیکەدا یاری بکات، هەمان شت بۆ دڵی هێرشبردن ڕاستە کە دەکرێت وەکوو باڵی هێرشبردن یاری بکات، یاخود بگەڕێتە دواوە بۆ ناوچەی یاری دروستکەر، وە نموونەی دیکەی لەم شێوەیە زۆرە.

بەمانایەکتر و بۆ سادەکردنەوەی مەبەست، دەکرێت بڵێن، کە لە ٤ـ٣ـ٣دا یاریزان دەتوانێت تەنها بە نێو بنکەیەکی جیاوازدا گوزەر بکات، ئەگینا بۆی نیە یاخود بەشێوەیەکی سروشتی ناتوانیت بمێنێتەوە، واتا دەکرێت ئاڵوگۆڕی بنکەی تێیدا بکرێت نەک دەوار هەڵدان تێیدا. لەبەرامبەر لە ٣ـ٥ـ٢دا، یاریزانی باڵ دەتوانیت وەکوو دلی بەرگری دەست بکات بە یاری و تا کۆتایی تێیدا بمێنێتەوە، یاخود یاری دروستکەر وەکوو هێرشبەر یاری بکات تاکوو کۆتایی یارییەکە.

لێرەوە دەگەینەوە سەر گرفتەکانی داڕشتنی٤ـ٣ـ٣. بۆ داپۆشینی گرفتی قورسی ئاڵوگۆڕکردنی جێگا و یاریکردنی یاریزان لە بنکەی جیاوازی یاریکردن، ٤ـ٣ـ٣ پێویستی بەوەیە کە دینامیکەتی زیاتر بکات تاکو بەسەر هەژاری ناهەمەجۆرییەتییەکەیدا سەربکەوێت. دینامیکەیەت کە حاڵەتێکی جەستەیی و ئەقڵیە لەم چوارچێوەدا، دەکەوێت ژێر حوکمی هەموو ئەو هەلومەرجانەی کە جەستەی یاریزان پێیدا تێپەڕدەبێت. بۆ نموونە: ماندووبوون، تەرکیز لەدەستدان، چالاکبوون، خێرای، ئاگایی..هتد. 

چوونکە کاتێک یاریزانەکان لە بەرزترین دۆخی جەستەی و ئەقڵی خۆیاندان، دەتوانن ئاڵوگۆڕی جێگا بکەن، دەتوانن خێرا بە نێو هێلەکاندا تێپەڕببن، دەتوانن بۆ پێشەوە و پاشەوە بە خێرای بجوڵینەوە. نەک هەر ئەوەندە، بەڵکوو دەتوانن بە شێوەیەکی کاتی هێڵی دیکەی یاریکردن دروست بەمەش لە بری سێ هێڵی یاریکردن، دەکرێت ژمارەی هێلەکانی داڕشتنەکە ببێتە ٤ یان ٥. جگە لەوەیە پەیوەندی نێوانیان خێراتر دەبێت و بۆشایش کەمتر دەبێتەوە و لە کۆتایدا وەکوو یەک جەستە یاری دەکەن.

لەبەرانبەردا، هەرچی کاتێک ئەم داڕشتنە توانای دینامیکی خۆیان لە دەستدا، بەمانایەکیتر کاتێک یاریزانەکان ماندوو دەبن و توانای ئەقڵی و جەستەییان دادەبەزیت، ئەوکات داڕشتەنەکە کەمووکوورتییەکانی دەردەکەوێت. واتا چیتر کاری ئاڵوگۆڕکردن جێگا و خێرا پڕکردنەوەی بۆشاییەکان و زیادکردنی هێلەکانی یاریگا بوونی نامێنێت. بۆ نموونە: کە یاریزان سست و لاواز بوو، چیتر ئەگەر  دڵی بەرگری بێت و بکەوێتە جێگای یاریزانی تەوەری ناوەڕاست، یاخود کە تەوەری ناوەڕاست بوو  بکەوێتە جێگای یاری دروستکەرەوە ئیدی ناتوانێت کارەکانی ئەو بنکەیە بە تەواوی جێبەجێ بکات. لە ئەنجامدا داڕشتنەکە بەسەرخۆیدا دادەڕوخێت و هەموو هێز و توانایەکی لە دەست دەدات.

کێشەی نەبوونی هەمەجۆرێ لە داڕشتنەکەدا درێژە دەکێشێت، باڵ دەگرێت بەسەر سیستەمی یاریکردنیشدا، بە تایبەتی لەسەر ئاستی قۆناغی هێرشبردن. بە جۆرێک زۆرجار ئەو تیپانەی کە ٤ـ٣ـ٣ بەکاردەهێنن، تووشی هەژاری دەبن لە ڕووی چۆنێتی تەواوکردنی هێڕش. بەمانایەکتر سیناریۆی کۆتایهێنان بەهێرش لەو سیستەمانەی کە پەیڕەوی داڕشتنی ٤ـ٣ـ٣ دەکەن، زۆر سنوردارە. چوونکە کاتێک یاریزانەکان بە ئەستەم دەستیان دەگاتە یەکتر و ناتوانن بە خێرای ئاڵوگۆڕی جێگا بکەن، ئەوا ناچار ڕاهێنەرەکان دەست نابەن بۆ بەکارهێنانی دیزاینی جیاواز و فرە شکڵ بۆ کۆتایهێنان بە هێڕش، یاخود دروست کردنی یاری. هاوکات بوونی هەر یاریزانێک لە بنکەی ڕەسەنی خۆی وادەکات بنکەکان پەیوەستدار ببن بە توانا و بەهرەکانی ئەو یاریزانە سەرەکییەوە. بەمەش هەموو تیما و کاری ڕاهێنەرەکە پەیوەست دەبێت بە خودی ئەو کوالێتییانەی کە ئەو تاکە یاریزانە هەیەتی. لەم خاڵەدا ، داڕشتنەکە هێندە ڕاهێنەر سنوردار دەکاتەوە کە نەتوانێت یاریزانێکی دیکەی ڕەسەنی هەمان بنکەی سەر کورسی یەدەگ بەکاربهێنێت لە کاتی دابەزینی ئاستی یاریزانی سەرەکییدا، چوونکە هەموو دیزاین و پیلان و پلانەکان بۆ خودی ئەو یاریزانە سەرەکییە دروستکراوە کە ئەو بنکەیەی پڕکردووەتەوە.

لە کۆتایدا هەر ئەم ناوازەیی و مەرجدارێتیەی ٤ـ٣ـ٣یە  وادەکات، ببێتە یەکێک لەو داڕشتنانەی کە زۆر قورسە بەکاربهێندریت. بەمەش زۆر دەگمەنە تیپێک بتوانێت هەموو مەرجەکانی ئەم داڕشتنە پڕبکاتەوە، لێ، لە ئەگەری پڕکردنەوەی مەرجەکانی دڕاشتنەکە و دابینکردنی ئەو هەلومەرجانەی کە دەکرێت تێیدا کەمووکورتیەکانی دابپۆشێرێت، ئەوا بێگومان تیپەکە لە ڕێگای پلانەکەوە دەگاتە ئاستێكی بەرز و تۆپی پێیەکی قەشەنگ نمایش دەکات.

مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە! ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.
مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!
ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.

You might also like More from author

Leave A Reply

Your email address will not be published.

error: Content is protected !!