ڕۆڵ و بەرپرسیارییەتی قوتابخانە وەرزشییەکان لە پێگەیاندی لاواندا

25

تۆپی پێ وەکوو هەموو بوارەکانی دیکەی ژیان پشت بە هێز و بازووی لاوان دەبەستێت لە گەشە و بەرەوپێشچووندا. لەم ڕووەوە، گرنگیدان و پەروەردەکردنی نەوجەوانان بە ئەرکێکی بنەڕەتی کایە جیاوازەکانی نێو دونیای تۆپی پێ دادەنرێت تاکوو گەشە بە ئەم بوارە بدەن لە ناوچەکانی خۆیاندا. هەربۆیە دابینکردنی پێداویستییەکانی یاریزانە نەوجەوانەکان، پڕکردنەوەی خواستە هەنووکەییەکانیان و هاوکات دروستکردنی ژینگەیەکی تەندروست بۆیان کە تێیدا هەر وەرزشەوانێکی نەوجەوان/لاو بتوانێت گوزارشت لە خۆی بکات و چێژ لە ئەزموونکردنی بوارەکە ببینێت، لە مەرجە سەرەکییەکانی چۆنییەتی بونیادنانی چالاکییەکەن.

ئاشکرایە یاری تۆپی پێ لە کوردستاندا بە درێژایی مێژووی خۆی لە پەراوێزی پرسە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی دیکەدا ژیاوە. ئەمەش وایکردووە چالاکییەکە بەهیچ شێوەیەک گەشە نەکات و  هەمیشە لە قۆناغە هەر سەرەتاییەکانی خۆیدا بمێنێتەوە، بەجۆرێک تەنانەت لەسەر ئاستی تیپی یەکەمی یانەکانیشدا تۆپی پێ بە قەیرانێکی فکری، هونەری، تەندروستی، کۆمەڵایەتی و ئابووریشدا تێدەپەڕیت.

لەگەڵ ئەوەشدا تۆپی پێی باشووری کوردستان  لە چەند ساڵی ڕابردوودا گۆڕانێکی ڕێژەیی بەخۆییەوە بینییوە و چەند هەنگاوێکی سەرەتایی بەرەوپێشچوونیناوە. ئەمەش لەڕێگای پەرەوەردەکردنی کادری وەرزشیی، کردنەوەی خولی ڕاهێنەرایەتی، هەروەها بە کردنەوەی چەندین قوتابخانەی وەرزشی لە ناوچە جیاوازەکانی باشووردا. بێگومان دواهەمین هەنگاو بە گرنگترین و سەرەکیترین هەنگاوەکان دادەنرێت بۆ گەشەکردنی تۆپی پێ لە هەر وڵاتێکدا، چوونکە ئەم قوتابخانانە لە هەمان کاتدا یاریزان و ڕاهێنەر و کادیری وەرزشی بەرهەم دەهێنێت، بەمانایەکیتر قوتابخانەکان تەنها فێرگەیەک نین بۆ لاوان، بەڵکوو فێرگەیەکن بۆ ئەو وەرزشەوانانەش کە سەرپەرشتیار، ڕاهێنەر و بەڕێوەبەری قوتابخانەکانن.

فێرگەی منداڵپارێزانی کوردستان
فێرگەی منداڵپارێزانی کوردستان

لێرەوە چۆنییەتی کارکردن و دانانی بناغەی قوتابخانە وەرزشییەکان بە کلیلی گەشەپێکردنی چالاکیی تۆپی پێ دادەنرێت لە یانەکاندا.  هەربۆیە بوونی بیرۆکەیەکی ڕوون، دانانی پلانێکی درێژخایەن سەبارەت بە ماهیەت و بوونی قوتابخانەکان و هاوکات بوونی فەلسەفەیەکی بنەڕەتی لە چۆنییەتی بەڕێوەبردن و دروستکردنی یاریزانی ئایندەییدا، گرنگە لەسەر ئەو زەمینەیە بێت کە قوتابخانەکان خۆیانی لەسەر دادەمەزرێنن. ئەمە جگە لەوەی پێویستە هەر یەک لەم قوتابخانانە ئەگەر سەر بە یانەکانیش نەبن، پەیوەندی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ یانەکانی ناوچەکانی خۆیاندا هەبێت، بۆئەوەی ئامانجی سەرەکی هەمیشەیی قوتابخانەکان بریتیی بێت لە پێگەیاندنی یاریزان بۆ تیپی یەکەمی ئەو یانانە، ئەگەرنا ماهەیتی ئەم قوتابخانانەن کەلێنیکی گەورەی تێدەکەوێت و لەکۆتایشدا پرۆژەکە هەرەس دەهێنێت.

ئاشکرایە هەموو کاتێک لەگەڵ کردنەوەی قوتابخانەیەکی نوێی تۆپی پێدا، چەند پرسیارێکی گرنگ دەربارەی دروست دەبێت، لەوانە؛ چۆنییەتی پەرەوەردەکردنی یاریزانی لاو لەڕووی جەستەیی، دەروونیی، مێنتاڵی و پاشانیش کۆمەڵایەتیییەوە. لێرەدا ئامانج لەم نوسینە ئەوەیە کە بەشێوەیەکی گشتی دەربارەی ئەم چوار بنەما سەرەکییە بدوێین و ڕوونکردنەوەیەکی سەرتایی لەسەر ئەرک و ماهیەتی هەریەک لەم بنەمایانە بدەین. بەهیوای ئەوەی لە ئایندەدا، تایبەتتر و وردتر هەریەک لەم بنەمایانە تاووتوێ بکەین.

بەو پێیەی جەستە سەرەکیترین کەرەستەی یاریزانە لە بواری تۆپی پێدا، دەبێت بە گرنگییەکی زۆرەوە تەماشابکرێت و راهێنەرانی تۆپی پێ بە وردی چاودێری توانستی جەستەیی لاوان بکەن و هەوڵی دەستنیشانکردنی خاڵە لاواز و بەهێزەکانی توانای لەشولاری هەر یاریزانێک بدەن، هاوکات پێویستە ئەوەش  بزانرێت کە یاریزانی لاو لە نیوان تەمەنی ١٢ بۆ ١٨ ساڵیدا، لە  گەشەکردنێکی خێرا و بەردەوامدایە، ئەمەش وادەکات هەمیشە گۆرانی گەورە بەسەر پێکهاتە و بوونیادی ماسولکە و ئێسکەکانیدا ڕووبدات، بۆیە پێویستە کە هەڵسەنگاندنی یاریزانەکان بەشێوەیەکی کاتیی بێت، بێئەوەی بڕیاری چارەنووسساز لەسەر توانای تەواوی یاریزانەکە بدرێت.

سەبارەت بە فۆرم و جۆری گەشەکردن لە یاریزانی نەوجەوان/لاوادا،  بەشێوەیەکی زانستی ئەم گەشەکردنە هەندێک جار لە فۆرمی جۆرێک لە ئازار و پێکاندا دەردەکەوێت، بەجۆرێک لەهەندێک قۆناغدا لاوەکە هەست بە ئازارێکی زۆر دەکات لە جێگەیەکی جەستەیدا، بەبێئەوەی هیج پێکانێکی ڕاستەقینەی هەبێت، هەربۆیە پێویستە لەسەر کادیرانی وەرزشی کە بە ئاگاییەکی زۆرەوە، جیاوازی لە نیوان پێکان و گەشەکردندا بکەن. هاوکات جۆرێکیتر لەو بارودۆخانەی کە تووشی یاریزان دێت، بەتایبەتی لە تەمەنی ١٣ بۆ ١٦ ساڵیدا، ئەوەیە کە لاوەکان دەکەونە ژێر کاریگەری گۆڕانی بەردەوام لە  درێژی و بەرزی و پانی ماسولکە و ئێسەکەکانیاندا، ئەمەش وادەکات کە هەمیشە گۆران بەسەر پێوانە و ڕەهەندەکانی بینین و جوڵەیاندا ڕووبدات. هەربۆیە یەکێک لەو پرۆسە هەرە ئاڵۆزانەی کە لاوان پێیدا تێپەڕدەبن لەم تەمەنەدا، پرۆسەی هەماهەنگی و کاردانەوەی نێوان ماسولکە و دەمارەکانە، چوونکە ئەم پرۆسانە لە قۆناغێکی زۆر سەرەتاییدایە و بە بەردەوامیش گۆڕانی بەسەردادێت، بەمەش  توانای لاوەکە لە  کار و  کاردانەوە، هاوکات لە بەجێهێنانی کردارەکاندا بە وردی و کارامەیی دووچاری زەحمەتێکی زۆر دەبێتەوە. هەربۆیە پێویستە هەڵسەنگاندنی کادیرانی وەرزشی لە قوتابخانەکاندا هەڵسەنگاندنێکی هەنووکەیی بێت و بە بەردەوامی پێداچوونەوەیان بۆبکرێت، تاکوو ڕەچاوی هەر گۆڕانێکی ئەرێنی و نەرێنی لە ڕەفتار و کرداری یاریزانەکاندا بکەن.

لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، ئەم گۆڕانکارییە جەستەیی، دەروونی و مێنتاڵییانە، وادەکەن پرسیارگەلێک دروست بکەن، وەک ئەوەی: چ ڕاهێنانێک بە لاوەکان بکەین؟ یاخود گرنگی بە چی لایەنێکی جەستەیی نەوجەوانەکان/لاوەکان بدەین؟ گرنگە ئەمانە بە پرسیاری سەرەکی ئەم قۆناغە دابنرێن و پێویستە قوتابخانەکان لە ڕێگای نەخشە و بەرنامەی مەشقی گونجاوەوە وەڵامیان بدەنەوە.

بەشێوەیەکی گشتی، ئەگەر پرسیارەکە ئەوەبێت ئاخۆ لەڕووی جەستەییەوە گرنگی بە گەشەپێدانی چی توانستێکی لاوان بدەین لەم تەمەنەدا، ئەوا دەکرێت وەڵامەکەی فرەلق بێت و دابەش ببێت بەسەر ناوچەیەکی بەربڵاودا. لەبەرئەوەی بەشێوەیەکی گشتی لەڕووی زانستی مەشق و ڕاهێنانەوە، هێز بە بناغەی هەموو ڕەگەزەکانیتر دادەنرێت. هاوکات ئەگەر بەشێوەیەکی تایبەت لە یاری تۆپی پێ بڕوانین، هێزی ڕاپەڕیو و هەروەها خێرایی بە هەموو شێوەکانییەوە، بە بەشێک لە بنەما جەستەییە سەرەکییەکانی یارییەکە دادەنرێن، ئەمە لە کاتێکدا وەکوو ئاماژەمانپیدا، بۆ یاریزانی لاو، توانای هەماهەنگی نێوان ماسولکە و دەمارەکان، توانای بەرگەگرتن،  ڕەشاقەت و مرونەت بە گرنگترین ئەو توانستانە دادەنرێن کە لەم قۆناغەدا پێویستیان بە گەشپێدان هەیە، بەو پێیە هەموو ئەم توانستانە لە قۆناغی سەرەتاییدان. ئەمە وادەکات ڕاهێنەران ناچاربن سەرنج بخەنە سەر هەموو ئەم لایەنە جەستەییانە و پرۆگرامی مەشق و ڕاهێنانەکانیان بەشێوەیەکی زۆر ورد دروست بکەن، تاکوو بتوانن هەموو ئەم لایەنانە دابپۆشن لە مەشقەکانیاندا.

بۆ ئەم مەبەستە پێویستە کادیرانی وەرزشی قوتابخانەکان بە بەردەوامی لاوەکانیان بخەنە ژێر چاودێری وردەوە، هەوڵبدەن شیکردنەوە بۆ کەموکوڕی و خاڵی بەهێزی یەکە بە یەکەی یاریزانەکان بکەن، دواتریش پرۆگرامەکانی خۆیان لەسەر بنەمای ئەو شیکردنەوانە دروستبکەن کە بۆ یاریزانەکان کردوویانە.

فێرگەی تۆپی پێی زەڕایەن
فێرگەی تۆپی پێی زەڕایەن

هەروەکچۆن پێویستە ئاگاداربن کە  کاری شیکردنەوە، ئەگەرچی پشت بە بنەما و تیۆری زانستی ببەستێت، دواجار کارێکی سوبێکتیڤە، واتا  لەسەر تێگەیشتن و بینینی تاکی شیکەرەوە وەستاوە. لەم ڕوانگەیەوە واباشترە کە کاری هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەی توانستی لاوەکان چەند جارێک پێداچوونەوەی بۆ بکرێت لەلایەن شارەزایانی دیکەی نێو قوتابخانەکەوە کە بەشیوەیەکی ڕاستەوخۆ ڕاهێنەری ئەو تیپە یاخود ئەو یاریزانانە نین کە شیکردنەوەیان بۆ کراوە. بەم شیوەیەش ڕاهێنەری بەرپرسیار لە تیپی شرۆڤە بۆکراو لە گۆشەنیگای دیکەوە دەتوانێت لە یاریزان/تیپەکەی بەردەستی بروانێت، بەمەش  بەشیوەیەکی بابەتییانەتر دەتوانێت لە توانستی ئەو یاریزانە/تیپە تێبگات، لە کۆتایشدا بابەتیانەتر دەتوانێت پرۆگرامی مەشق و راهێنانی گونجاو ئامادەبکات.

لەڕووی دەروونییەوە، بەشێوەیەکی گشتی لە تەمەنی نەوجەوانی و لاویدا یاریزانەکان دیسانەوە بە قۆناغێکی گواستنەوەییدا تێدەپەڕن، هەربۆیە لەپڕ گۆڕانی بەردەوام لە ئاکار و ڕەفتاریاندا دەردەکەوێت. بۆنموونە یاریزانێک ڕۆژێک دڵخۆش و شادومانە و ڕۆژی دواتر بێدەنگ و خەمبارە. یاخود ماوەیەک لە پەیوەندییەکی باشدایە لەگەڵ هاوڕێ یاریزانەکانیدا، کەچی دواتر بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لەگەڵ هیج یەکێک لە یاریزانەکاندا گفتوگۆ و مامەڵە ناکات. ئەمە جگە لەوەی کە ژینگە دەرەوەی، واتا ماڵەوە و قوتابخانە کاریگەری گەورەیان لەسەر لایەنی دەروونی یاریزانەکە هەیە. بۆنموونە کێشەی خێزانی و قورسی وانە و گوشاری مامۆستاکان ئاست و حەزی توانای یاریزانەکە دەخەنە ژێر بارێکی قورسەوە. لێرەوە دەتوانین درک بەوە بکەین کە لایەنی دەروونی یاریزانەکان کاریگەری گەورەی هەیە لەسەر ئاست و ئادایان لەناو یاریگادا. بەمەش پێویستە لەسەر راهێنەران و کادیرانی وەرزشی قوتابخانەکە، کە ڕەچاوی ئەم خاڵانە بکەن لە یاریزانەکاندا و هەمیشە ڕێکار و ڕەفتاری گونجاو بەکاربهێنن لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەدا کە بەسەر دەروونی لاوەکانیاندا دێت.

بۆئەوەی یاریزان لە ژێر گوشاری ئەو گرفتانە دەربکرێت، پێویستە ژینگەیەکی ئەرێنی دوور لە ڕەخنەگرتن، بنەمای سەرەکی قوتابخانەکان بێت. واتە پێویستە لەسەر قوتابخانەکان کە بەهیچ شیوەیەک کاریگەری  نەرێنی بارگاوی بە تانە و تەشەر، لەگەڵ یاریزانەکاندا بەکارنەهێن. بەڵكوو بە بەردەوامی تیشک بخرێتە سەر لایەنی ئەرێنی توانای یاریزانەکان و ئەو کردار و ڕەفتارە باشانەیان بەهەند وەربگیردێت کە ئەنجامیانداوە. بێگومان ئەمەش دەبێت لە شێوەی ستایشکردندا دەربکەوێت، بەوەی کە ببینن کاتێک یاریزانەکان ڕەفتارێکی باش ئەنجامدەدەن کە مانای هەرەوەزی و هاوکاری و یەکێتی تێیدایە، ئەو کات دەستخۆشی بکرێن.

هاوکات پێویستە بەشێوەیەکی هێمنتر و لەسەرخۆتر مامەڵە لەگەڵ ساتە نەرێنیەکانی لاوەکاندا بکرێت. بەشێویەک کە هەرگیز لە کاتی ئەنجامدانی ڕفتاری نەخوازراودا لێپێچینەوە لەگەڵ لاوەکاندا نەکرێت، بەڵکوو دواتر لە ژینگەیەکی هێمنی پڕ لە یەکترقبووڵکردندا دروستبکرێت و تێیدا سەرنج بخرێتە سەر ئەو ڕفتارە نەرێنیانەی کە لاوەکە کردوویەتی. هاوکات لەکاتی دووبارە بوونەوەی بارودۆخی نەخوازراودا پێویستە بەشێوەیەکی یاسایی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. ئەمەش مانای ئەوەیە کادیرانی وەرزشی پێویستە خۆیان دووربگرن لە پێکدادان لەگەڵ لاوەکاندا و هەمیشە لە ڕیگای ڕێکاری یاسایی گونجاوەوە بەر بە ڕەفتاری نەخوازراوی لاوەکان بگرن.

 بۆنموونە لە ئەگەری نەهاتنی یاریزانێک بۆ ٧٥٪ ڕاهێنانەکانی هەفتەی مەشق و چالاکییەکان، ئەوکات یاریزانەکە بانگهێشتی یاری داهاتوو ناکرێت. یاخود لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی ڕەفتاری ناشرین و تێکدانی تیپەکەدا، جۆرە ڕاهێنانێکی قورستر و ماندووکەرتری بۆ دروست بکرێت و بەشێویەکی جودا مەشقەکانی ئەنجامبدات … وە ئەگەر ڕەفتاری لاوەکە گۆڕانی بەسەردا نەهات، ئەوا گۆڕینی تیپەکەی ڕەنگە باشترین چارەسەر بێت.

لەسەر کادیرانی وەرزشی پێویستە کە ٩٠٪ سەرنجیان لەسەر ڕەفتارە ئەرێنییەکانی تیپەکە بێت و هەوڵبدەن لە ڕیگای زیاتر ستایشکردنی ئەو ڕەفتارانەوە چارەسەری ڕەفتارە نەرێنییەکان بکەن. دەبێت بزانرێت کە ڕاهێنەر دەتوانێت تەنها لە ڕێگای مەشق و ڕاهێنانەکانەوە کۆنترۆڵی تەواوی تیپەکەی بکات و بەرەو تۆکمەیی و هاریکاری و یەکێتی زیاتر بینبات.

لە ڕووی مێنتاڵییەوە، دەتوانین بڵێین هەموو لاوانی تەمەن ١٢ بۆ ١٩ ساڵان، بە ڕێژەی گۆڕاو لە ڕووی سەرنجدان\فوکووس، کاردانەوە، کارلێکردن و پەیوەندیکردن بە دونیای دەرەوەی خۆیان کەموکوڕی بەرچاویان هەیە. بۆنموونە لەناوەڕاستی ڕاهێناندا یاخود لە یارییەکاندا ئاگایان لە کردارەکانی خۆیان و هاوڕێ یاریزانەکانیان نامێنیت و بە ماوەی سڕبووندا تێپەڕدەبن، یاخود لە کاتی یاریکردندا بێدەنگ دەبن و پەیوەندی جەستەیی و زمانەوانی لەگەڵ هاوڕێکانیاندا ناکەن. هەربۆیە پێویستە پرۆگرامی مەشق و راهێنانەکان هەمیشە لایەنی مێنتاڵییان تێیدا ئامادەبێت. ئەمەش چی لەڕێگای دروستکردنی ڕاهێنانی تایبەت بە باشکردنی ئەم ڕووانەوە کە باسمانکرد، یاخود لەڕێگەی تێکەڵکردنی ئەم لایەنانەوە بێت بە ڕاهێنانی هونەری و تاکتیکییەکانی تر.

دەبێت ئەوە بزانرێت کە گرنگیدان بەم لایەنانە و دروستکردنی پرۆگرامی تایبەت بۆ گەشەپێکردنیان، کاریگەری قوولی لەسەر لایەنی کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژی یاریزانەکان هەیە و دەکرێت سیفاتی وەکوو پشتگیریکردن و یارمەتیدان و یەکگرتن و هاوکات دروستکردنی کەسایەتییەکی بەهێز لە یاریزانەکاندا لەڕێگایانەوە بەهێزتر بکرێت.

لەڕاستیدا، گرنگیدان بە لایەنی مێنتاڵی و دەروونی یاریزان بنەمایەکی زۆر گرنگە کە پێویستە قوتابخانەکان بەشێوەیەکی تایبەت لێیبڕوانن. چوونکە قۆناغی لاوی قۆناغێکی هەستیارە، پێویستە سیفاتی گرنگی مێنتاڵی و دەروونی لە نێو تیپ و یاریزانەکەدا دروستبکرێت تاکوو لە ئایندەدا یاریزانی هەرەوەز و تیپی یەکانگیر بەرهەم بهێنرێت.

 مەبەست ئەوەیە کە هەرچەندە یاریزان ئاستی هونەری و تەکتیکی بەهێز و بەرزبێت، بەڵام ئەگەر هەستی قوربانیدان و گیانی هەرەوەزی نەبێت، ناتوانێت لە کات و ساتی گونجاودا سوود لە توانا هونەریی و تاکتیکییەکانی وەربگیردێت. یاخود ئەگەرچی یاریزان خێرا و کارامە بێت بەڵام ترسی لە بڕیاردان و هەلگرتنی بەپرسیاریەتدا هەبێت، ئەوا ناتوانێت کاریگەری خۆی لە نێو یاریگادا پیشانبدات. لێرەوە نموونەی لێدانی سزا باشترینە بۆ ئەوەی ڕوونکردنەوە لەسەر ئەم حاڵەتە بدەین. چوونکە لێدانی سزا لە ڕووی هونەرییەوە کارێکە کە بە ٩٠٪ یاریزانەکان دەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو یاریزانێک ناتوانێت لێدانی سزا لێبدات ئەگەر کەسایەتی، توانای هەڵگرتنی بەرپرسیارییەتی تێیدا نەبێت.

 هەربۆیە پێویستە لەسەر قوتابخانەکان کە گرنگی زیاتر بە لایەنی مێنتاڵی و دەروونی بدەن و هەوڵبدەن ئامانجی سەرەکییان دروستکردنی کەسایەتییەکی بەهێز بێت لە یاریزانەکاندا. بێگومان بەشێوەیەک دەکرێت کە ڕاهێنەران هەستی ئازادی و سەربەخۆیی لە بڕیاردان و ئەنجامدانی کاری جۆراوجۆردا گەشەپێبدەن. بۆ نموونە پاسێکی ترسناک لە کۆتا خولەکدا، کە دەبێتە هۆی دۆڕاندنی تیپەکە، یاخود لە دەستدانی هەلێکی گۆڵکردن، چوونکە یاریزانەکە هەوڵی ئەنجامدانی کارێکی جیاواز و نوێی داوە، بە ئاسایی وەربگیردرێت و بکەری کردارەکە نەخرێتە ژێر رەهێڵەی ڕەخنە و تانە لێگرتنەوە.

بۆیە پێویستە دیسان جەخت لەسەر ئەوە بکەینەوە کە هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی ئاستی یاریزانەکان لە تەمەنی لاویدا پێویستە  لەسەر بنەمای ئەدا و شێوازی یاریکردنیان بێت، نەوەک لەسەر بنەمای ئەنجام و دەسکەوتەکان. بەمانایەکتر پێویستە ڕاهێنەران گرنگی بە چەندێتی سەرکەوتنی یاریزانەکان نەدەن لە کاتی یاریکردن و مەشقکردنیاندا، بەڵکوو پێویستە سەرنجی چۆنییەتی ئەنجامدانی مەشق و ڕاهێنانەکان بدەن، چوونکە دەبێت ئەوە بزانرێت کە لاوان لە پرۆسەی گەشەکردندان و هێشتا ڕێگایەکی درێژییان لە پێشدا ماوە بۆ ئەوەی بگەنە ترۆپکی ئاستی خۆیان.

لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە، بەهەمان شێوە پێویستە قوتابخانەکان هەموو هەوڵێکی خۆییان بدەن تاکوو ژینگەیەکی تەندروستی ئەرێنی بۆ لاوەکان بڕەخسێنن. چوونکە لەم ڕووەوە دەبێت ئامانجی سەرەکی قوتابخانەکان ئەوە بێت خۆشەویستی یارییەکە لەلای یاریزانەکە گەورەتربکەن، بەجۆرێک کە لاوەکان زیاتر و زیاتر تێکەڵ بەیارییەکە ببن و بیر لە دوورکەوتنەوە یاخود گۆڕینی وەرزشەکە نەکەنەوە. لێرەوە ئەو ژینگەیەی کە دروست دەکرێت بۆ لاوەکان، دەبێت دوور بێت لە بەراوردکاری و هەڵسەنگاندنی ئاستی یاریزانەکان لەسەر بنەمای ئاستی هاوڕێ یاریزانەکانیان. گرنگە کادیرانی وەرزشی درک بەوە بکەن کە هەموو یاریزانەکان بە جۆرێکی تایبەت بە خۆیان، ناوازە و شازن و هەموویان تەواوکەری یەکترن. واتە گرنگی بە جۆرێکی تایبەت لە یاریزان نەدەن و ئەوانیتر فەرامۆش بکەن، بەڵكوو هەموو یاریزانەکان بەیەک چاو تەماشابکرێن و خاڵی بەهێز و لاوازی هەموو یاریزانەکان وەکوو یەک دیاری بکرێت. بۆنموونە بەشێوەیەکی گشتی ئەگەر شیکردنەوە بۆ جۆرە باوەکانی یاریزانانی تۆپی پێ بکەین، ئەوا دەبینین کە  یاریزانی خێرا و فرە جوڵە یاریزانێکی کوورتە باڵایە کە ماسولکە و ئێسکی بچووکی هەیە، لەبەرامبەردا یاریزانی بەهێز و باڵابەرز، یاریزانی خاوەن توانای هونەری نزمن، بەهەمان شیوە یاریزانی جوڵە لەسەرخۆ، کە کاتی زۆرتری پێویستە بۆ بڕیاردان لەبنەڕەتدا، یاریزانی ژیر و خێران لە بیرکردنەوە و لێکدانەوەی بارودۆخەکانی دەوورووبەریاندا. بەم شێوەیە تێدەگەین کە هەر یاریزانێک کەموکوڕی و خاڵی بەهێزی تایبەت بەخۆی هەیە، بەمەش دەتوانین بڵێین هەر یاریزانێک بەشێوەی تایبەتی خۆی شاز و ناوازەیە. ئەمەش وادەکات کاری بەراوردکاری یاریزانەکان بەیەکتر و دیاریکردنی یاریزانی باشتر لە نێو گرووپەکەدا بە تەواوەتی لە مامەڵە و بەرنامەی کارەکانی قوتابخانەکەدا بسڕدرێتەوە و قەدەغەبکرێت.

فاکتەری کۆمەڵایەتی یەکێکە لە فاکتەرە گرنگەکانی پەروەردەکردنی لاوان، بەوپێیەی لەم قۆناغە هەستیارەی تەمەنیاندا دەکرێت فێری ڕێزگرتن، قوربانیدان، کاری هەرەوەزی ببن و پشتگیرکردنی یەکتر لە نێو یاریزانەکاندا گەشەپێبدرێت. هەربۆیە پێویستە لەسەر قوتابخانەکان کە پرۆگرامی مەشق و راهێنانەکانیان پڕبێت لە هەوایەکی تەندروست، تێیدا لاوان بتوانن بە ئاسانی و بێ ترس لە هەڵەکردن گوزارشت لە بیروبۆچوون و تێگەیشتنی خۆیان لەبارەی یارییەکەوە بکەن.

هاوکات ئاشکرایە لەم تەمەنەدا لاوان هەوڵی دروستکردنی کەسایەتی خۆیان دەدەن. ئەمەش وادەکات، هەر لاوێک بەشێوازی تایبەتی خۆی ناسنامەی خۆی دروست بکات و بیەوێت گوزارشت لەخۆی بکات. هەربۆیە پێویستە لەسەر قوتابخانەکان یارمەتی لاوانی خۆیان بدەن تاکوو بتوانن ئەو کەسایەتییە دروستبکەن کە خۆیان خوازیاریین.

پوختە

لاوان کرۆکی هەموو قوتابخانەیەکی وەرزشین، هەربۆیە پێویستە بناغەی کاری یانە و فێرگەکانیش بن. لێرەوە پێویستە هەموو قوتابخانەکان سەبارەت بە چۆنییەتی گەشەپێدان و گەورەکردنی نەوجەوانان پەیڕەوپرۆگرامی تایبەت بەخۆیان هەبێت، بەجۆرێک هەمیشە مۆرکی ئەرێنی خۆیان لەسەر کەسایەتی یاریزانەکان بەجێبهێڵن. بەرهەمهێنانی لاوی تەندروست و بەتوانا، لە ڕووی جەستەیی و دەروونی و مێنتاڵی و کۆمەڵایەتییەوە، بە ئەرکێکی پیرۆز و هەستیاری فێرگەکان دادەنرێت. بۆیە پێویستە هەر یەک لەم بنەمایانەی کە ئاماژەمان پێدان، جێگای بایەخی تەواوی قوتابخانەکان بێت لە پرنسیپ و کرداریاندا.

مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە! ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.
مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!
ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.

You might also like More from author

Comments are closed.