زۆرن لەو هونەرمەندە ژنانەی بە گرنگی یەکی زۆرەوە ڕێچکەی کارکردنی خۆیان لە هونەردا گەشە پێداوە، تەنها لەشێوازە دەقاو دەق کلاسیکییەکاندا پرسیارەکانیان کۆتایی پێنەهاتووە، هەوڵی گەورەیان داوە لە شکاندنی سنوور لە دەربرین و نمایشی کاری هونەریدا. شکاندنی ئەو سنوورەی كهتەنها خۆی لە گێرانەوە و ڕەنگاورەنگکردنی تابلۆیەکدا نابینێتهوه.
ڕۆژهەڵاتی ناوەراست لەجیهانی هونەری نوێ و هاوچەرخدا لە دەرەوەی ئەو هەوڵانە دا نییە، کە دراوە بۆ لێکۆلینەوەی درێژخایەنتر و بە ئاگایی لە تێما و چەمکە تازەکانی هونەر. بەتایبەتیش هونەری هاوچەرخ لە لایەن ژنانی هونەرمەند. لایەنی سەرکەشی و ئازایەتی و چەندەها ڕووی گرنگی کایەکانی کۆمەڵگە ی نیشانداوە و لە کارەکانیاندا دایانرشتۆتەوەو بەکاریانهێناوەتەوە. گرنگترین ئەو چەمکانەی هونەری ڕۆژهەڵاتی ناوەراستی پێدەناسرێتەوە بە پێی چەندەها لێکۆڵینەوە و ڕەخنەی هونەری، بەشێوەیەکی گشتی، پێکهاتەی بابەت و کەرەستەکانیان خۆیان دەدەن لەبابەتی جەنگ، ئاڵۆزی، سیاسەت، ترس، جێندەر و ماف، ئاین ،شوێن، نەتەوە وناسنامە.
یەکێک لە و هونەرمەندە ژنانەی هەر لەسەرەتای کارکردنی یەوە پرسی زۆر گەورە دەچێتە کارەکانییەوە،؛بوونی خۆی وەک جەستەو کەسایەتیەکی ون لە شوێنی نیشتەجێ و وڵاتی خۆیدا… ئهم دوو پرسه کاردانەوەی گەورە دروستكردووه لەژیانی تایبەتی و هونەریدا و ناو ناوبانگێکی جیهانی نێونەتەوەیی بە دوای ئەزمونی کارکردنی خۆیدا هێناوه.
مونا هەتوم هونەرمەندێکی بە ڕەگەز فەلەستینیەو لە شاری لوبنان لە خێزانێکی فەلەستینی دایک بووە. ژیانی هونەری و ئاسایی لە نێوان شاری لەندەن و بەرلین دابەشبووە. ململانێی حەتوم لەگەڵ بزوتنەوەی سوریالیزم، مینیمالیزم و ڤیدیۆئارتدایە. هەروەها سەرەتای کارکردنی بەچەند ئەزموونێکی پێرفۆرمانس دهستپێدهكات، بهتایبهت كاتێك (مونا) لە قوتابخانەی (سلەید ) بۆ هونەر لە وڵاتی بەریتانیا دەخوێنێت، ئهو لهكاره هونهرییهكانیدا كار لهسهر ههردوو تێمای جەنگ و کایە لێکدژەکان دهكات. لەهەمان کاتدا بە درێژایی کارکردن و خوێندنی هونەر بیرۆکەی کارکردن دەربارەی جێندەر و ڕەگەز پەرە پێدەدات. لەکۆتایی ساڵی ١٩٨٠کاندا حەتوم دەستدەکات بەدروستکردنی کاری پەیکەرو ئینستلەیشن لە ڕێگەی زۆرترین کەرەستەی هەمەجۆرەوە ئەمە ئەنجام دەدات و تاقی دەکاتەوە.
زۆرکات ئەو کەرەستەو شێوانەی بەکاردەهێنێت کە گوزارشتن لە سیستەمی کۆنترۆڵ لەناو کۆمەڵگەدا. شێوەی جۆراوجۆری وەک، شێوەی جیۆمەتری و ڕنە، زۆرتر کەرەستە و پێویستیەکانی ناو ماڵ، یاخود ئەو کەرەستانەی لەناوماڵ و چێشتخانەدا بەکاردێن. مونا ئەم کەرەستانەی دووبارە دروستدەکردنەوە بە قەبارەی جیاواز، هەندێک کات گەورەتر لە قەبارەی ئاسایی بە ووردی دروستی دەکردنەوە. زۆربەی کات شێوەکانی ئاشنان پێمان بەڵام لە ڕووی ماناو قەبارەوە نامۆ ن ومامەڵەی سپەیس دەکات زیاتر لەوەی کەرەستەیەکی گونجاو بن بۆ بەکارهێنان .
مونا هەتوم خۆی لە گفتوگۆکانیدا سەبارەت بە پشتخانی کولتوری و رەچەلەکی خۆی دەڵێت: من لە لوبنان لەدایکبووم و ڕەچەڵەکم فەلەستینیە، هەروەک ئەمە نامۆ نییە لای زۆربەی فەلەستینیەکان کە لەدوای ١٩٤٨ وڵاتیان جێهێشت بەرەو لوبنان.
ئەم کاریگەریانە لە نێوان لوبنان و فەلەستیندا، نائارامی و نەبوونی شوێن بۆ مونا هەتومی هونەرمەند کاریگەری ڕاستەخۆی دروستکرد لە بەرجەستەکردنی کارەکانیداکرد، لە بە ناوبانگترین و دیارترین کارە هونەریەکانی:
لهم کارەیدا موناهەتوم پێماندەڵێت؛ شوێنێک نییە بۆ سەلامەتی لەسەر زەوی. زەوی پڕە لە جەنگ و نائارامی بە ڕووناکی سوور و بەهێڵێک بە کەرەستەی نیۆن، سنووری هەموو ئەو وڵاتانەی کێشاوە بەو فۆرمەش ئاماژە بە بوونی هەموو گڵۆبۆس دەکات بەجەنگ وناسەلامەتی..
ئەم کارەی مونا بۆ دواجار لە گەلەری مۆزەخانەی هونەر لە پاریس نمایشکرا، بەهاوبەشی گەلەری (تەیت) ی شاری لەندەن، لەڕێگەی پێشانگەیەکی تایبەتی.
لەساڵی ١٩٨٣ وە، مونا کاری هونەری ئەنجامدەدات لە ڕێگەی میدیای جیاوازی وەک ڤیدیۆ ئارت ،ئینستلەیشن، کاری پێرفۆرمانس بەشێوەیەکی ئینتەرناشناڵ و لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا.
کارەکانی مونا حەتوم ڕەخنەو خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت ، ئەو لە رێگەی هونەری هاوچەرخەوە دەیەوێت چەند ڕوویەکی نەبینراوی جەستەو بابەتی جیاواز ئاماژە پێبکات و ئاشکرا بکات.
گوزارشتی جەستەو سیاسەت و زمانی لێکدژەکان ، هەروەها دەربارەی جێندەر و جیاوازییەکان، کارەکانی دەتوانرێت لە ڕووی چەمکی شوێن و سپهیسهوه قسەی لەسەر بکرێت هەروەک چۆن کاری پەیکەرو ئینستلەیشنەکانی بە پێی گۆشە بینین وئارەزووی وەستانی بینەر گۆڕانکاری بەسەردێت . کاردانەوە و جووڵە فیزیکیەکانی مونا حەتوم کە ویستویەتی و ئەنجامیداوە بە مەبەستی بەرهەمهێنان وکاردانەوە و هەڵچوونی دەروونی ، جیاوازی بینینی تاکی بە رهەمهێناوە.
سەبارەت بەو کەسانەی وەک رەخنەگرو نوسەر گوتارو خوێندنهوەیان بۆ کارەکانی حەتوم ئهنجامداوه ، بێگومان وهك هونەرمەندێکی هاوچەرخی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەراست. ههروهها خوێندنهوهیان بۆ کەسایەتی ئەو کردووە، لە یەکێک لە ژمارە نوێکانی ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا ئەدریان سیرڵ دەنوسێت: مونا حەتوم ئەو هونەرمەندەی هەمیشە هەوڵەکانی بۆ بونیادنانی کاری هونەری جیاوازه…هەروەها لەلایەکی ترەوە (رێبێکافیولیلۆڤ) لە نوسینێکیدا بەمشێوەیە باسی مونا دەکات:
(هێزو گرنگی کارەکانی مونا حەتوم لە وەدا خۆی دەبینێتەوەکە بابەتی لۆکاڵ و خۆماڵی ،لەپاڵ بابەتە کەسیهكاندا لە چوارچێوەیەکی جیهانیدا دادەڕێژێت و پیشان دەدات لە کارەکانیدا، هەرلەبەرئەوەشە بە یەکێک لەگرنگترین هونەرمەندەکانی سەردەمی خۆی ئەژماردەکرێت)
هەروەها رۆژنامەی (ئیڤنین ستاندارت) لە ژمارەیەکی ساڵی ٢٠١٦دا دەنوسێت: ( حەتوم ئەچێتە چوارچێوەی کۆتا ڕۆژەکانی بزوتنەوەی سوریالیست. جۆرە ئاشنایەتی یەک لەگەڵ تاریکی و مانای نامۆ و سەیر )
سەرەتای کارکردنی هونەرمەند بۆ ئەزموونە هاوچەرخەکانی کارکردن بووە لەکاری ڤیدیۆ و پێرفۆمانسدا، بابەتەکانی چربونەتەوە لەبارەی ئامادەیی جەستە و پیشاندانی دژواری و سەختی کۆچ و نەبوونی شوێنی نیشتەجێبوونی جێگیر بۆ خەڵکانێک هەمیشە لە کۆچ و بە جێهێشتنی وڵات دا بوون.
بۆ ئەم جۆرە کارانەشی کاری Measures of Distance 1988 : وێنەی دایکی هونەرمەند نیشاندەدات لەوڵاتی بەیروت،لەگەڵ ئەوەشدا نامەیەک بە نوسینی عەرەبی لەسەر سکرینەکەیە، نامەی دایکی مونایە بۆ مونا لەبەیروتەوە بۆ شاری لەندەن. دەنگی موناو دایکی لەناو ڤیدیۆکەدایە لە گفتوگۆیەکهدا، هونەرمەند هاوشانی گفتوگۆکە نامەکە دەخوێنێتەوە بە وەرگێرراوی بۆ زمانی ئینگلیزی، لەو کارەیدا بەشێک لە گفتوگۆکان پەیوەندی بەناجێگیری و ئاوارەبوونەوە هەیە، هەروەها پەیوەندی بە کارەساتی دابڕان و دوورکەوتنەوە لە نێوان خێزانەکاندا لە ئەنجامی جەنگ و وێرانکاری یەوە.
مونا حەتوم لە چاوپێکەتنێکیدا لە گەڵ ڕۆژنامەی (گاردیان) بەریتانی، لە وەڵامی پرسیارێکدا؛ کەئایا هەرگیز هەستی بە ئاگایی خود کردووە لە دەربرینی کارەکانی و نمایشی پێرفۆرمانسەکانیدا؟ ئەو بە ڕاشکاوی باسی دەنگی خۆی دەکات، کەزۆر قورس بووە بۆی بەکاری بهێنێت. لە کارێکیدا، بۆ یەکەمجار بیری لەوە کردۆتەوە، كهبۆچی ئەم جوڵانە ئەنجامدەدات لەم کارەیدا؟ گرنگی ئەم پێرفۆرمانسە چییە؟ ئەمانەپێکەوە کاتێک ڕوویدا کە تەنها ماوەیەکی کورتی مابوو بۆ نمایشی کارەکەی! مونا درێژە بە وەڵامەکەی دەدات و باسی خودی خۆی دەکات لە کارەکەدا :
(من هەموو ئەو جوڵە و کارانەم کرد ،کەپێویست بوو ئەنجامیبدەم و بروام وابوو ، خودی خۆمم ئەم کارە هونەرییە ئەنجامدەدەم،ههر بۆیە ئەنجاممدا. ئەمەش گرنگترین چەمکە بۆ هونەرمەند، کە بڕوای بەو ئاکشنە یان کردارە ئەبێت، كه لە کارە هونەریەکەیدابەرهەمیدەهێنێت…)
مونا ڕێچکەیەکی دروستکرد لە هونەری هاوچەرخ کەبەشێکی ستریۆتایپی هونەری هاوچەرخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. هاوشانی کارەکانی بەهێزیکی زۆرەوە دەردەکەوێت، ههربۆیە بە فیگەرێکی گرنگی هونەری هاوچەرخ لە جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەژماردەکرێت.