ڕاهێنەری تۆپی پێ و بەرپرسیارێتییە هونەرییەکانی

بڵند جاف

536

لە جیهانی ڕاهێنەرایەتی تۆپی پیدا، هاوشێوەی  زۆربەی ڕێکخراو و کۆمپانیاکان سیستەمی دابەشکردنی دەسەڵاتەکان بەشێوەی هەڕەمییە. واتا دەسەڵاتەکان بەپێی پلەی کەسەکە  لە نێو ئەو سیستەمەدا دەگۆڕێت و تاکو لە هەڕەمی سیستەمەکە بەرزتر بینەوە دەسەڵاتی بەرپرسەکان زیاتر و گەورەتر و هەستیارتر دەبێت.

لەم چوارچێوەدا، بەپێی ئەو کولتوور و نەریتە باوانەی کە لە وڵاتەکاندا هەیە، ئەرکی ڕاهێنەریش گۆڕانی بەسەردا دێت. بە مانایەکیتر، سنوری بەرپرسیارێتی و ئەرکەکانی ڕاهێنەر بچووک و گەورە دەبێتەوە بە گوێرەی ئەو کولتوری وڵاتەکان. واتا، دەسەڵاتی ڕاهێنەرێک کە  لە ئینگلتەرا کار دەکات، وەکوو دەسەڵاتی ڕاهێنەرێک نیە کە لە ئیتاڵیا، یاخود لە ئسپانیا کار دەکات…

 هۆکاری بەکارهێنانی ئەو وڵاتانە وەکوو نموونەیەک لە درێژەی ئەم بابەتەدا ، بۆ ئەوە دەگەڕیتەوە کە ئەم وڵاتانە لە ئێستادا, بە سەردار و ڕابەر دادەنرێن لە دنیای تۆپی پێدا. هەربۆیە پێویستە لە گۆشەیەکی نزیکەوە تەماشای کولتور و نەرێتی ڕاهێنەرایەتی بکەین لەم وڵاتانە، تاکوو بیرۆکەیەکی نمونەیمان هەبێت لەسەر وەزیفەی ڕاهێنەر لە بەرزترین ئاستەکاندا.

article-2612293-1D51EA9600000578-880_636x382

 لە ئینگلتەرا، ڕاهێنەر سەرپەرشتیاریی هەموو لایەنێکی هونەری و تەکنیکی یانەکە دەکات. مەبەست لەمە، ئەوەیە کە ڕاهێنەر بەرپرسە لە هەمو وردودرشتێکی یانەکە.  هەر لە فەلسەفەی یاریی کردن و دانانی راهێنەر بۆ تیپە تەمەنێکانی دیکەی یانەکە و کڕینی یاریزان و فرۆشتنی یاریزان و دەستنیشانکردنی دەستەی کارکردن لەڕووی هونەری و جەستەیی و تەندروستییەوە. لێرەوە تێدەگەین کە لە ئینگلتەرا ڕاهێنەری تیپی یەکەم ، شانبەشانی ئەرکە هونەرییەکانی خۆی، هاوکات بەرپرسی یەکەمە لە هەموو وردەکارییەکی دیکەی  یانەکە کە دەچێتە خانەی کارگێڕی وەرزشییەوە. ئەمە وادەکات ڕاهێنەری خولی ئینگلیزی، پەیوەست بێت بەوەی کە تێگەیشتن و ئەزموونی کارگێڕی هەبێت،تاکوو بتوانێت وەکوو بەڕێوەبەرێکی وەرزشی، مامەڵە لەگەڵ ئەو بەرپرسیارێتییانە بکات کە بەشێوەیەکی سروشتی ناچنە خانەی کاری ڕاهێنەرەوە.

لەگەڵ ئەمەشدا، لە هەندێک یانەی ئینگلیزیدا، خودی بەڕێوەبەری وەرزشی، چالاک و خاوەن دەسەڵاتە، بەمەش ئەرک و بەرپرسیارێتییە کارگێڕییەکانی یانەکە دەگرێتە ئەستۆ، بەڵام بە گشتی ئەم مۆدێلە، واتا مۆدێلی کارکردنی بەڕیوبەری وەرزشی بە شێوەیەکی چالاک، شتێکی دەگمەن و ناوازەیە لە وڵاتی ئینگلتەرا.

لەبەرامبەردا، لە ئسپانیا ڕاهێنەر بەپێی کلتوری یانەکان ئەرکی جیاوازی هەیە، بەمەش دەتوانین بڵێن کە نۆرمێکی گشتگیر نییە بۆ دیارکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی ڕاهێنەر لە ئیسپانیا، بەڵکوو حاڵەتێک لە فرەڕەنگی لە وڵاتەکەدا چاو دەکرێت…

بۆ نموونە لە یانەی بەرشەلۆنا، بە پێچەوانەی ئەو کولتورەی لە ئینگلتەرا هەیە،  ڕاهێنەر ناتوانێت خاوەنی هەموو ئەو بەرپرسیارێتیانەی بێت،  بەڵكو دەبێت بە تەواوەتی شانبەشانی بەڕێوەبەری وەرزشی یانەکە کاربکات و پێکەوە ڕاوێژ بکەن. تەنانەت بە شێوەیەک لە شێوەکان ڕاهێنەری تیپەکە، جگە لە لایەنی هونەری نەبێت، ئیدی لە هەموو بڕیار و  هەڵبژاردنێکی دیکەدا، دەبێت بگەڕێتەوە لای بەڕێوەبەرە وەرزشییەکە و لەگەڵیدا بڕیار لەسەر ئەو پێشنیارە بدەن کە خراوەتە بەرباس. خۆ ئەگەر هاتوو، پێشنیارەکە لە بەڕێوەبەری وەرزشییەکەوە هات، ئەوا هەمان ڕێوشوێن دەگیردرێتەبەر.

لە یانەی ڕیاڵ مەدرید بە پێچەوانەی بارسێلۆنا، هەرچەندە  کورسی بەڕیوبەری وەرزشی هەبووە ،بەڵام  هەموو کات ڕۆڵی سەرەکی نەبینووە لە وتووێژکردن و ڕواێژکردن بە راهێنەری یانەکە، بەڵکوو، زۆرجار لەسەر سەنگی ناوی ئەو کەسە کەوتووە کە ئەو بەرپرسیارێتییە وەرگرتووە. بۆ نموونە لە ماوەیەکدا کە یاریزانی پێشووی یانەکە، ئیملیۆ پۆترێگینۆ بەڕێوەبەری وەرزشی یانەکە بوو، دەمانبینی پۆترێگینیۆ چالاک و کارا بوو لە هەموو ورد و درشتێکی یانەکەدا، کەچی لە ئێستادا پرێدراگ میاتۆڤیچی بەڕێوەبەر، هیچ شوێن دەستێكی لە یانەکەدا بە دیار ناکەوێت. لەبری ئەمە، لە ڕیاڵ مەدریدا سەرۆکی یانەکە، ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە بەڕیوەبردنی ئەرکی بەڕیوبەری وەرزشی یانەکە. واتا لەبەری بەڕێوەبەری وەرزشی، ڕاهێنەر زۆرجار دەگەڕێتەوە بۆلای سەرۆکی یانەکە و توێژی لەگەڵ دەکات لەمەڕ پرسە هەنووکییەکانی یانەکە. 

 هەر لە ئیسپانیا، نمونەی ڕاهێنەرمان هەیە کە لە یانەکانیاندا ڕۆڵی گرنگ دەبینن  هاوشیوەی راهێنەرەکانی ئینگلتەرا. بۆنمونە یانەی ڤالانسیا یەکێکە لەو یانانەی کە گرنگی زۆر دەدات بە بڕیاری ڕاهێنەر و زۆرجار هەموو شت تەنها لە دەستی راهینەردایە. هاوکات یانەی وەکو سیڤیا و ڤیاریال نمونەی ئەو یانان کە تێیدا بەڕیوەبەری وەرزشی ناوچەی کارەکانی فراوانتر دەبێتەوە و زۆرجار دەستی لە لایەنی هونەری یانەکەدا هەیە کە لە بنەڕەتدا لایەنی هونەری دەچێتە خانەی ئەرکی سروشتی ڕاهێنەرەوە.

لە جێگەیەکی دیکەی ئسپانیا، یانەی ئەتلەتیکۆمەدرید نموونەیەکی دیکەی ئەو فرەڕەنگیەیە کە لە ئسپانیا بەدی دەکرێت. بۆنموونە، خودی ئەوەی کە یانەکە  لە ژێر کاریگەری دەسەڵات و پاڵپشتی سەرمایەداری دەرەکییە، ناچار سەرۆکی و ڕاهێنەری یانەکە لە  بڕیاری گرنگ و یەکلاکەرەوەدا دەگەڕینەوە بۆلای ئەو سەرمایەدارانە. ئەمەش بۆ ئەوە دەگڕێتەوە کە زۆربەی گڕێبەستە گرانبەهاکانی یانەکە(دیگۆ کۆستا، فالکاو، گریزمان..هتد) لە ڕیگای پارە و پاڵشتی ئەو سەرمایەدرانەوە دەکرێت، بۆیە یانەکە ناچارە بڕیاری کۆتایی زۆربەی پرسە گرنگەکان بدات بە دەستی ئەو سەرمایەدرانەوە. 

وەکوو دەبینین لەڕووی بەڕیوەبردنەوە، ئسپانیا کلتورێکی هەمەڕەنگ و تیکەڵاویی هەیە. ئەمەش وایکردووە وڵاتەکە هەمیشە پێشەنگی وڵاتانی ئەوروپا بێت و خاوەن مۆدێڵی جیاوازی کارکردن بێت.

لە ئیتاڵیا، ناتوانین شتێكی زۆر بڵێین،  بەو پێیەی جگە لە یانەی یوڤانتووس، ئەوا لە زۆربەی یانەکانی دیکەدا سیستەمێکی دیکتاتۆری پەیڕەو دەکرێت لە بەڕیوەبەردندا،  واتا لە زۆربەی یانەکاندا تەنها سەرۆک خاوەن بڕیارە. بەڵکوو، ئەگەر بە شێوەیەکی گشتگیر قسەبکەین، ئەوا ڕاهێنەر لە وڵاتی ئیتاڵیا، تەنانەت ئازادانە، پێکهاتەی یارییەکانیش هەڵنابژێرێت. ڕاستێکەی لە ئیتاڵیا، ژینگەکە بە شێوەیەکی تەنز ئامێز  دواکەوتوو و سەرەتاییە. بۆیە هەندێک جار تەنانەت سەرۆکی یانەکەش بە زۆر هەڵبژیردراوە یاخود بە میراتی لە باوکییەوە سەرۆکایەتێکەی بۆ ماوەتەوە. هەر بۆیە وەکوو دەبیندرێت، ئەرکی ڕاهێنەر زۆر سنوردارە و بەشێوەیەکی تەواو بچووکراوەتەوە لە مەشقکردن بە کۆمەلێک یاریزان…

بەرپرسیارێتییە هونەرییەکانی ڕاهێنەر

بەشێوەیەکی گشگیر بەپێێ ئەم دابەشکارییانەی کە کردمان، ئەرکی راهێنەرایەتی لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێكی دیکە دەگۆڕێت و لە هیچ دوو جێگایەک وەکوو یەکتر نیە. لێ ئەرکی تایبەتی ڕاهێنەر لە پەیوەندی لەگەڵ خودی تیپەکەیدا باس و خواسێکی دیکەیە. چونکە پەیوەندی راهێنەر بە پلەی یەکەم لەگەڵ ئەو تیپەدایە کە لەژێر دەستیدایە. بۆیە کۆمەڵیک مەرج و ئەرک و وەزیفەی دیکە هەیە، ئەمەش وادەکات لە چوارچێوەی ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتیانەدا، پێناسەیەکی تەواو جیاواز بکەین بۆ چەمکی ڕاهێنەر و ڕاهێنەرایەتی. 

دوای ئەوەی بەشێوەیەکی گشتگیر، باسی ڕاهینەری وەرزشیمان کرد لەدەرەوەی یاریگا، ئێستا دێینە سەر ئەرکی ڕاهێنەر لە نێو یاریگادا و  لەگەڵ خودی ئەو تیپەی کە لەژێر دەستیدایە. واتا پەیوەندی ڕاستەوخۆی نێوان راهێنەرەکان و تیپەکە. لێرەدا بە کۆ ئاماژە بۆ بەرپرسیارێتی کاری ڕاهێنەرایەتی دەکەم، چوونکە کاتێک بە وردی دەڕوانینە ئەم لایەنە، ناتوانین بەشێوەیەکی هەڕەمەکی باس لە یەک راهێنەر بکەین و بڵێن ئەم کەسە هەموو ئەرکی ڕاهێنەرایەتی کردنی تیپەکە دەگرێتە ئەستۆ. چوونکە لە بنەڕەتدا کاری ڕاهێنەرایەتی ئاماژە دەکات بە ڕاهێنان کردن بە کۆمەلێک یاریزان لە ڕوووی جەستەیی،زهنی،دەروونی،تاکتیکی،تاکنیکی، ڕفتاریی، یاساییەوە. لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە هەموو ئەم لایەنانە پیویستی بە ڕاهێنەرە، هەر بۆیە ئەستەمە تەنها ڕاهێنەرێک هەموو ئەم ئەرک و بەرپرسیارێتییانە هەڵسوڕێنێت.

tumblr_mhefnsRXwo1rmxfeao1_1280
بیلی شانکلی لە ناوەڕاستی وێنەکەدا. ڕاهێنانەکانی یانەی هودیس فێڵ تاون

گەرەکە بوترێت کە چەمکی ڕاهێنەر گۆڕانی گەورە بەسەر مانایی و پانتایەکەیدا هاتووە، بۆیە تاکوو بە تەواوەتی تێبگەین، پێویستە ئێمە، بەگەڕێنەوە بنەچە و سەرەتای دەرکەوتنی ڕاهێنەر لە جیهانی تۆپی پێدا.

لە سەرەتایی سەرەتاکانەوە کە تۆپی پێ وەکوو یارییەکی مۆدرێن لە دنیادا ناسرا، راهێنەری تیپ زۆرجار ئەو کەسە بوو کە خودی یانەکەی دادەمەزراند. واتا بۆ ئەوەی ببیت بە ڕاهێنەر پێویستی بەوە نەدەکرد لە هیج زانستێکی ڕاهێنەرایەتی سەردەمیانە  شارەزا بیت، بەڵكو هێندە بەسبوو یانەیەکی تۆپی پێ دابمەزرێنیت. هاوکات خودی ئەرکی راهێنەرەکەیش دەکرێت لە ئەرکی کاپتنێکی ئێستا تۆپی پێدا کورت بکرێتەوە. واتا تەنها کۆمەلێک یاریزانی کۆ دەکردەوە و جێگاکانی لەناو یاریگادا دیاری دەکرد… هەر بۆیە وەکوو دەبینین، ئەرکی ڕاهێنەر زۆر سادە و ساکار بووە لەو زەمانەدا.

 دواتر لەگەڵ بەرەوپێشچوونی کات، دوای ئەوەی یاریزانەکان دەچوونە تەمەنەوە و توانای یاریکردنیان نەدەما،  بۆ ئەوەی لەگەڵ یارییەکەدا بەردوام بن، چیتر لە دەرەوە یاریگاوە مومارەسەی تۆپی پێیان دەکرد، ئەمەش لە ڕێگای ڕاهێنانکردن و گواستنەوەی ئەزموونەکانی خۆیان بۆ یاریزانە نوێکان. لێرەوە  چەمکی ڕاهێنەر گۆرانی بەسەردا هات، بەو پێیەی ڕاهێنەر چیتر بەشێک نەبوو لەو یاریزانانەی کە یارییان دەکرد، بەڵکو کەسێکی جیاواز بوون کە تەنها بیریان لەوە دەکردەوە چۆن یاری تۆپی پێ بکات. بە مانایەکتر یاری تۆپی پێ ئەندازەیەکی نوێی بۆ خۆی پەیداکرد، کە ئەویش لایەنی تیۆری بوو. مەبەست لەمە ئەوەیە کە ڕاهێنەر بیری لەوە دەکردەوە چۆن باشترین شیواز بۆ کردنی یاری تۆپی پێ دروست بکات؟؟، ئەم قۆناغە هاوزەمان بوو لەگەڵ پەیدابوونی یاساکانی تۆپی پێ. ئیدی لەو دەمەوە تۆپی پی سترکتوری وەرگرت، هەر بۆیە داڕشتنی جیاوازی وەکوو  ٢ ٢-٣-٣-٢، ٣-٥-٢، ٤-٢-٤..هتد لە تۆپی پێدا پەیدا بوو کە هەموو ئەمانە گوزارشتیان لەو پێشکەوتنە تیۆرییە دەکرد کە تۆپی پێ تێیدا دەژیا. 

 قۆناغی دوای ئەمە رەنگە هەندێک دواکەوتبێت، بەو پێیە، بۆ  ماوەیەکی درێژ گەشەکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتی ڕاهێنەر لە قۆناغی دروست کردنی سترکتور، شیوازی یاریی کردن و دۆزینەوە داڕشتنی جیاواز بۆ یاریی کردن مایەوە.

689516116-helenio-herrera-football-jersey-inter-milan-fysical-activity
هیلینۆ هێرێرا لە ڕاهێنانەکانی ئینتەرمیلانۆدا.

لێ، ئەمە تا سەر نەبوو، چوونکە لە کۆتاییدا هیلینۆ هێرێرا پەیدا بوو… هیلێنۆ هێرێرای ڕاهێنەری  گراندی ئینتەر و بەرشەلۆنا، لەسەر ئاستی ئامادەکاری بۆ یاری و چۆنێتی یاریکردن، کۆمەڵیک بیرۆکەی یاخییانەی هێنایە نێو دنیای تۆپی پێیوە. بەشێوەیەک لە شێوەکان، لەگەڵ هێرێرادا بە تەواوەتی چەمکی دەرووناسی و مینتاڵی متوربەی چەمکی ڕاهێنەرایەتی کرا. ئیدی لەگەڵ ئەودا، گرنگییەکی زیاتر درا بە لایەنی دەروونی و مێنتاڵی یاریزان. پێش هێرێرا، لایەنی دەروونی و ئامادەکاری پێشوەخت بۆ یاری و گرنگیدا بە لایەنی مێنتاڵی بوونی نەبوو، بەڵکوو تەنها گرنگییەکی لاواز بە لایەنی جەستەیی یاریزان دەدرا. بەڵام هێریرا هەموو ئەم ڕەهەندانەی بۆ تۆپی پێ زیادکرد. بۆ نموونە پێش یارییە گرنگەکان هێرێرا کامپێكی ڕاهێنانی داخراوی دروستدەکرد، تاکوو پەیوەندی یاریزانەکان لەگەڵ دنیای دەرەوە ببچڕێنێت و بە تەواوەتی بیروهۆشیان ئاراستەی یارییەکە بکات، یان داوای دەکرد لە یاریزانەکانی کە هەرگیز لە لێدوانەکانیاندا نەڵێن : ” دەچین بۆ یاریکردن لە فڵان شار” بەڵکوو دەبوو بڵێن :” دەچین بۆ بردنەوە لە فڵان شار”. هاوکات هێرێرا گرنگییەکی زۆری دەدا، بە لایەنی جەستەیی. بە پێی گێڕانەوەی یاریزانەکانی ژێر دەستی، مەشقە جەستەیەکانی هێرێرا، بە تەواوەتی تاقەت پڕوکێن بوون و زیاتر لە مەشقێکی سەربازی دەچوون.

لەگەڵ دەست پێکردنی ئەم قۆناغەدا،  وردە وردە تاکوو دەگاتە ئەمڕۆی تۆپی پێ، چەمکی ڕاهێنەرایەتی فراوانتر بووەوە. بە ڕادەیەک کە بە تاکە ڕاهێنەرێک، نەدەکرا هەموو ڕەهەندەکانی ئەم چەمکە پڕ بکرێتەوە. چوونکە چەمکی راهێنەر چیتر لەخۆیدا مانای زۆری هەڵدەگرت. دەبوو  ڕاهێنەر لە یەکاتدا، مامۆستا ، بەخێوکەر، ڕێنیشاندەر و لە کۆتایشدا خودی راهێنەر بێت. هاوکات جگە لەلایەنی تاکتیکی و تاکنیکی هەروەها، وەکوو وتمان لایەنی دەرونی و مێنتاڵی زیادیان کرد بۆ یارییەکە. وەلەبەر ئەوەی کاری ڕاهێنەر لە بنەڕەتدا و  بەشێوەکی سروشتی دوورە لەم بوارانەوە، ئەوا پێویستی دەکرد کەسی پسپۆڕ لەو بوارانەدا سەرپەرشتیاری ئەم لایەنانە بکەن. لێرەوە دەتوانین لەوە تێبگەین بۆچی چیتر تاکە کەسێک نەیدەتوانی ئەرکی ڕاهێنەرایەتی بەڕیوەببات، بەڵکوو پێویستەی بە  ستافێكی گەورە بوو تاکوو  بەرپرسیارێتی کارەکەکانی لەگەڵدا بگرنە ئەستۆ.. هەربۆیە لەم قۆناغەوە کۆمەڵێک ڕاهێنەر یارمەتی ڕاهێنەری یەکەمیان دەدا و پێیان دەوترا یاریدەدەری ڕاهێنەر.

دەتوانین بڵێین، لەگەڵ پەیدابوونی ستافی ڕاهێنەرەکان، یاخود پەیدا بوونی یاریدەدەرەکانی ڕاهێنەر، ئیدی هەنگاو بە هەنگاو و تا دەگاتە ئەمڕۆی تۆپی پێ،  خودی ڕاهێنەریش دەستیکرد بە دوورکەوتنەوە لە ئەو مانانەی کە بۆی دروستکرا بوو. واتا وردە وردە ڕاهێنەر زیاتر دووردەکەوتە لەوەی کە ڕێنیشاندەر و مامۆستا و فێرکار و ڕاهێنەر بێت. چوونکە دروست بوونی ستافێک لە ڕاهێنەر وایکرد کە ڕاهێنەر خۆی لە قۆناغی ڕاهێنەرایەتییەوە بگوازێتەوە بۆ قۆناغی بەڕێوەبەر.  لە دنیای ئەمڕۆی تۆپی پێدا،  راهێنەری یەکەم، دەیەوێت یاریزانەکانی هەمیشە لە  ئامادەباشییدا بن. لە  ئێستای تۆپی پێدا ڕاهێنەری یەکەم دەیەوێت یاریزان  پێکانی نەبێت یاخود هیچ بارودۆخێکی دیکەی نەبێت کە رێگر بێت لەوەی کە یاریزان بێت. جگە لەوەی لە ئێستادا ڕاهێنەری یەکەمی تۆپی پێ وەکوو ئەستێرەیەک مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت بەشێوەیەک زۆرجار سەرنج و چاوەکانی میدیا و هاندەران لە یاریزانەکان دەدزێت و دەیخاتە سەر خۆی. خودی ئەمەش بە تەواوەتی یەک ناگرێتەوە لەگەڵ ئەو مانا پیرۆزەی کە ڕاهێنەر هەڵگرێتی کە ئەویش ئەوەیە قوربانیدەر بێت، لە پشتەوەی پەردە بمێنێتەوە و تەنها چێژ لە سەرکەوتنی یاریزانەکانی وەربگرێت، هەموو هێز و توانایەکی خۆی بخاتە گڕ تاکوو باشترین ئاست لە یاریزانەکانی دەربهێنێت و خزمەتیان بکات.

54b1e58ffefbddf477ecd887f1689bcf
ماکالێلی و مۆرینهۆ لەو کاتەی لە چێڵسی پێکەوەبوون.

کلۆد ماکالێلێ یاریزانی پێشووی فەرەنسا و چێڵسی لە بایۆگرافێکەی خۆیدا  باسی مۆرینهۆ دەکات و دەلێت:”راهێنەرێکی ژیرە ، ڕاهێنەرێکە ، دەزانێت چۆن باشترین ئاست لە یاریزاندا دەربخات، بەڵام دەشزانێت چۆن یاریزان بڕوخێنێت. مۆرینهۆ ڕاهێنەرێک نیە کە یاریزان دروست بکاتەوە یان یارمەتی یاریزان بداتەوە بۆ ئەوەی هەستێتە سەر پێی. ئەو یاریزانی ئامادەکراوی دەوێت. ئەگەر ئامادە نیت،  مۆرینهۆ زۆر بەسادەیی دەتخاتە سەر کورسی یەدەگ” ماکالێلێ درێژەی پێدەدات و دەلێت: ” مۆرینهۆ هیچ ئەستێرەیەکی ناوێت لە تیپەکەیدا. هەر کە هەستی کرد یاریزانێک لە خۆی زیاتر گرنگی پێدەدەرێت لەلایەن میدیا و هاندەرانەوە، یەکڕاست دژایەتی دەکات و دەیەوێت دووری بخاتەوە لە چاوی
میدیا.”

لە ڕاستیدا،  ئەم پێناسەی ماکالێلی تەنها بۆ مۆرینهۆ دروست نیە، بەڵکوو بۆ زۆربەری هەرە زۆری راهێنەرەکانی دیکەی ئەم سەردەمە دروستە. بۆ نموونە  ڕاهێنەری سوپەرستاری هاوشێوەی کلۆپ، سیمیۆنی، ئیمێری، مانشینی و  مۆرینهۆ، کە لەگەڵ یاریزانی نەناسرا و ئاست مامناوەندا کاریان کردووە و ئەنجامیان بەدەست هێناوە، لە کۆتایدا خۆیان بوونەتە پاڵەوانی یەکەمی داستانەکان و یاریزانەکانی ژێر دەستیان نیو هێندە ستایش نەکراون، بەڵکوو زۆرجار ئەو یاریزانانەی کە قوربانیانداوە بۆ بە دەستهێنانی ئەو نازناوانە، تەنانەت گرێبەستێکی شیاویان پێشکەش نەکراوە..

ئەرک و بەرپرسیارێتی ستافی یاریدەدەری ڕاهێنەری یەکەم

لە ئەنجامی  ئەم گۆڕانە کارەساتبارەی کە هاتووەتە سەر چەمکی راهێنەری یەکەمدا، لە ئێستادا پێویستە کەسێکی دیکە یاخود کۆمەڵە کەسێكی دیکە پیشەی ڕاهێنەرایەتی بگرنە ئەستۆ. بۆ ئەم مەبەستە، پێویستە هەندێک بگەڕینە داوەوە و ئەوە بەبیری خۆمان بهێننیەوە کە ستافێک لە یاریدەدەری راهێنەر یارمەتی ڕاهێنەری یەکەم دەدەن. ئەرک و کاری ئەم ستافە، بەپێی بیربۆچوونی ڕاهێنەری یەکەمی تیپەکە دەگۆڕێت. هەندێک ڕاهێنەر ئازادییەکی زۆر دەدات بە ستافەکەی خۆی و هەندێک راهێنەر ستافەکەی دەخاتە ژێر چاودێرییەکی توندەوە. هاوکات هەندێک راهێنەر،  لەبنەڕەتدا هەر لەگەڵ ستافەکەی خۆیدا پلە بە پلە هەنگاوی ناوە لەنێو دنیای تۆپی پێدا، هەر بۆیە زیاتر لە پەیوەندیەکی هاوڕێتیدان و گفتوگۆ و وتووێژ لەسەر هەموو لایەنێكی هونەری تیپەکە پێکەوە دەکەن. بەگشتی خاڵی هاوبەش لە نێوان هەموو ڕاهێنەر و یاریدەدەرەکانیدا،  وتوێژ و گفتوگۆکردن و ڕێکخستنی یاریگاکەیە بۆ مەشقی جۆراوجۆر. هەروەها، زۆرجار یاریدەدەر/یاریدەدەرەکانی ڕاهێنەر کار لەگەڵ ئەو یاریزانانە دەکەن کە ڕاهێنەری سەرەکی سەرنجێکی کەمتریان دەخاتە سەر لە ماوەی مەشقەکاندا.

مۆرینهۆ کە یاریدەدەری هەریەک لە بۆبی رۆبسۆن و لویس ڤانگال بوو لە بەرشەلۆنا،  دەربارەی ماوەی کارکردنی  وەکوو یاریدەدەری ڕاهێنەر لەگەڵ ئەو دوو ڕاهێنەردا دەلێت: ” لەگەڵ ڕۆبسۆندا هەموو شتێک خۆم ڕێکمدەخست. ئەو دەهات بۆ ڕاهێنەرەکان و دەیوت خۆزێ ئەمڕۆ چی بکەین؟، منیش دەمگوت سەرۆک ئەمە دەکەین و ئەوە دەکەین، بابچین چێژ وەربگرین. لەبەرامبەردا ڤانگال بە تەواوەتی پێچەوانە بوو. ڤـانگال دوو کاژمێر پێش ڕاهێنانەکان دەهات و هەموو شتێكی بە وردی ڕێکدەخست. لەگەڵ ڤانگالدا من ڕاهێنانەکانم نەدەوتەوە بەڵکو تەنها تەماشاکەرێک بووم.” لەڕێگای قسەکانی مۆرینهۆوە بە جوانی تێدەگەین لە رۆڵ و کاری یاریدەدەری ڕاهێنەر لە دنیای تۆپی پێدا. چونکە بە شێوەیەکی گشتی راهێنەرەکان بەم دوو شێوەیە مامەڵە دەکەن لەگە یاریدەدەرەکانیاندا..

weloba-luis-enrique-staff-barca
لویس ئەنریکی و ستافی یاریدەدەرەکانی

لە ئەمڕۆی تۆپی پێ، ستافی یاریدەدەری ڕاهێنەر، لە ئیستادا گۆڕانی گەورەی بەسەردا هاتووە، لەسەر ئاستی ئەرک و بەرپرسیارێتی و کوالێتێکانی. ئەمڕۆ وەکوو یاریدەدەری ڕاهێنەر، دەبێت پسپۆڕ بیت لە شێوازی یارکردن و فەلسەفەی ڕاهێنەری یەکەم. هەروەها زۆرجار ستافی یاریدەدەری ڕاهێنەر دەستیان هەیە لە دیزاین کردنی راهێنانەکان و دواتریش داڕشتن و رێکخستنی یاریگا و چۆنێتی بەئەنجام گەیاندنی ڕاهێنانەکان. ستافی یاریدەدەری ڕاهێنەر لە ئێستادا ژمارەیان زۆر زیاتر بووە، بەجۆرێک لە سەرووی ١٠ یاریدەدەرن. بۆنمونە یەکێکیان یان دووانیان بەرپرسن لە شیکردنەوەی یارییەکانی تیپی بەرامبەر بە ڤیدیۆ. هەروەها لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکاندا، لە سەرەوەی یاریگاوە تەماشایی یارییەکە دەکەن و  لێکدانەوەی خۆیان بۆ حاڵەتە تاکتیکییەکان ئەنجام دەدەن و دواتر لە نێوان هەردوو گێمەکەدا بۆ راهێنەری دەنێرن، تاکوو
سودیان لیوەربگرێت. هەر لە نێو ئەو کارانەی کە دەکەوێتە سەرشانی ستافی یاریدەرانی ڕاهێنەر، ڕۆیشتنە بۆ تەماشاکردنی یاری تیپەکانی دیکەی هێنانەوەی راپۆرتی پوختە دەربارەی ئەو یانانە بۆ ڕاهێنەری یەکەم.

پوختە

لە کۆتایدا، وەکوو دەبینین، بەشێکی دیکە لەو هۆکارانەی وادەکات ڕاهێنەری مۆدرێن، ناوی بگۆڕیت بۆ بەڕێوەبەری تۆپی پێ ، بۆ ئەو داواکارییانە دەگەڕیتەوە کە زۆر زیادی کردووە لە جیهانی یارییەکەدا. چوونکە زۆربوونی ڕێژەی ئەو کار و بەرپرسیارێتیانەی کە کەووتووەتە سەر شانی ڕاهێنەر، وایکردووە خودی چەمکەکە هێندە فراون بێتەوە کە بە تاکە کەسێک پڕنەکرێتەوە. هاوکات، دەبێت بوترێت کە  جیهانی راهێنەرایەتی زۆر قوڵ و چڕە . بەجۆرێک مۆرینهۆ دەلێت: ”یاریی تۆپی پێی لە ژووری کۆنگرەی ڕۆژنامەوانییەوە دەست پێدەکات و لەوێش تەواو دەبێت” مەبەست لێرەدا، ئەوەیە کە ئەرک و کاری راهێنەر هێندە زۆرە کە دەبێت ئامادەکاریی بۆ کۆنگرە ڕۆژنامەوانێکانیش بەو وردی بکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا ، وەکوو دەبینین، ئەرک و کارەکانی راهێنەر، لە وڵات بۆ وڵات، لە کلتور بۆ کلتور دەگۆڕێت. هاوکات بەهۆی گۆڕانی دنیای تۆپی پی و فراوان بوونی چەمکی ڕاهێنەرایەتی، هەرچەندە هەموو ستایش، یاخود تانە و ڕخنەیەک بۆ راهێنەری یەکەم دەڕوات، بەڵام لە کۆتایدا کۆمەڵە کەسانێک بەرپرسن لە ئەو بەرهەمەی کە پێشکەش دەکرێت. لێ، گرنگترین خاڵ ئەوەیە گۆڕانێکی ناشرین لە گرنگترین مانای ڕاهێنەرایەتیدا ڕوویداوە، ئەویش گۆڕانی سیفەتی یارمەتیدان و پێگەیاندنە لە ڕاهێنەردا و لە بری ئەوە سیفەتی بەکارهێنەر و  و سود وەرگر لە تواناکانی یاریزان جێگەی گرتووەتەوە.

مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە! ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.
مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!
ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.

You might also like More from author

Leave A Reply

Your email address will not be published.

error: Content is protected !!