چەوساوەکانی تۆپی پێ

بڵند جاف

532

“ئێمە وەک مریشکی کێلگەین، جووڵەکانمان لە ژێر سیستەمێکی تووندوتیژدا چاودێریکراوە. پێویستە بەبەردەوامی کۆمەڵێک ڕەفتاری نەگۆڕ دووبارە بکەینەوە.” 

پۆل گاسکوین, یاریزانی ئەفسانەیی ئینگلتەرا 

لە سەردەمی کۆندا، خەڵکی دەچوون بۆ تەماشاکردنی (گارینشا) تاکوو دڵنیاببنەوە لەوەی ئەو مەسخە پشت کۆمەی کە بە پێیەکانی ڕكابەر مەدهۆش دەکات، کوڕی ئەهرەمینەکان نییە. وە ساڵی ١٩٢١ کە بەرازیل بەشداری جامی ئەمریکای لاتینی کرد، (ئەرتۆرۆ فریدرێنیچ) کە خاوەن زۆرترین گۆڵە لە مێژووی تۆپی پێدا، بەشداریکردنی پاڵەوانێتییەکەی لێ قەدەغە کرابوو، چوونکە سەرۆکی بەرازیل پێیوابوو بەشداریکردنی ڕەشپێستێکی وەها ناوبانگی بەرازیل لەکەدار دەکات. هاوکات (کارلۆس

1_125 ئەلبیرتۆ) هەرچەندە ڕۆڵی باڵای هەبوو لە بردنەوەی مۆندیالی١٩٧٠ بۆ بەرازیل، بەڵام تاکوو ماوەیەکی زۆر دەبوو پێش یارییەکان نیوکاتژمیر لە ژووری خۆگۆڕیندا دەموچاوی خۆی بە برنجی هاڕاو سپی بکات، بۆئەوەی هاندەران بە پێستە رەشەکەی قەڵس نەبن. وەک دیارە، حاڵی یاریزانەکان لە کۆندا، بە گشتی ئەگەر لە هەنووکە خراپتر نەبووبێت، باشتر نەبووە.

ئەمڕۆ، یاریزانانی تۆپی پێ دەچنە ناو یاریگاوە تاکوو بەرزونزمی و قەبارەی ماسولکەکانیان پیشانی هاندەرانیان بدەن. کاتێکیش گۆل دەکەن ئاماژە بە ماسولەکەکانیان دەدەن و ستایشی دەکەن. لە دنیای ئەمڕۆی تۆپی پێدا، ستایلی نوێی جل، ئۆتۆمبێل و خانوو و ڤیلای گەورە بەشێکن لەو یاریگایەی کە یاریزانان ئاستی خۆیانی تێیدا پیشان دەدەن. بۆ نموونە (گاریس بەیل) هەر بەدابەزینی لە فڕۆکەکە، جلی پیس و قژی ئاڵوسکاوی کۆڵانەکانی لەندەنی فڕێدا و بەرگی شاهانەی کۆشکەکانی مەدریدی پۆشی. ئاخر ئەمڕۆ یاریزان تەنها پێیەکانی موڵکی یانەکەی نییە، بەڵکە پێکەنین و جوڵەی دەست و قاچ، ڕەنگی پێست و شیوەی هەناسەدان و هەموو شتێک نرخی خۆی هەیە بۆ یانەکان. بۆ نموونە، دەکرێت یاریزان سزای ماددی و مەعنەوی بدرێت ئەگەر بێتوو خوانەخواستە، جۆرە خواردنێک بخوات یان خواردنەوەیەک بخواتەوە  یاخود مارکەی جلێک لەبەر بکات کە سپۆنسەری یانەی ڕکابەر دەکات. هەربۆیە، یاریزان دەبێت هەمیشە وریا بێت،  تاکوو لە ڕێگای کارێکی لەم جۆرە، زیان لە  قازانجی ماددی یانەکەی نەدات.
لێرە و لەوێ، دواجار لە هەموو سەردەمێک، یاریزان و  تۆپی پێ، هەمیشە بەندەی ژێر دەستی کۆمەڵیک یاساوڕێسا بوونە. هەندێک لەو یاسایانە کۆمەڵایەتین و بەشێكی زۆریشیان ئابووریین و لە بەرژەوەندی سەرمایەدارە تەماحکارەکانی یارییەکەن. بۆ نموونە سیلڤیۆ بیرلسکۆنی سەرۆکی یانەی ئەی سی میلان و سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئیتاڵیا، کاتێك ویستی بچیتە نێو دنیای سیاسەتەوە، پارتێکی دروستکرد، بەناوی (فۆرزا ئیتاڵیا)، کە دروشمێکی وەرزشییە و هاندەری ئیتاڵی بۆ پشتگیریکردنی تیپەکەی بەکاری دەهێنێت. بیرلسکۆنی ئەمەی بۆ هەڵخەڵەتاندن و خۆڵکردنە چاوی جەماوەری ئیتاڵی کرد، وە لەم کارەدا بەڕاستی سەرکەوتنێکی گەورەی mussolini-berlusconiبە دەستهێنا. چوونکە بیرلسکۆنی لە ڕیگای پارتی (فۆرزا ئیتاڵیا)وە بۆ ماوەی ٩ ساڵ حکومڕانی ئیتاڵیای کرد. بیرلسکۆنی لەمەدا، هیچ داهێنانێکی نەکرد، بەڵکو تەنها ڕێچکەی هاوپیشەی پێشووی، مۆسلینی دیکتاتۆری گرتەبەر کە تۆپی پێ وەکوو ئامرازێک بەکارهێنا بۆ بەرزکردنەوەی ناو و ناوبانگی فایشیەتی ئیتاڵی لە هەموو جیهاندا. 

تۆپی خڕ و یاریزانی چارەنووس ڕەش، لەوەتەی هەن قوربانیی دەستی چینە دەوڵەمەند و ئەرستوکراتێکانی کۆمەڵگەن. ساڵی١٣١٤ز کاتێک تۆپەکە لەپێی ڕۆمانییە کۆنەکانەوە گلۆربووەوە یاریگاکانی ئینگلتەرا، ئیدواردی دووەم، پاشای بەریتانیا، بە مۆرێکی شاهانە بڕیاری لەسەر چارەنووسی رەشی یارییەکە دا و وتی: “ئەم پێکدادانانەی کە لەسەر ئەم تۆپە، گەورە دەکرێت، ئازار و دڕندەیی لێدەکەوێتەوە، بۆیە خودا قبووڵی ناکات”.  کەچی دواتر، کاتێک چینە شاهانەییەکانی کۆمەڵگا ستایشی یاریزانیان کرد، لەبەر عەشق و خولیای یارییە جوانەکە نەیانکرد. بەڵكوو بۆ ئەوە کردیان سۆز و خۆشەویستی خەڵکی چەوساوە بەدەستبهێننەوە، بەو پێیە یاریزان هەمیشە خۆشەویستی چینە چەوساوەکانی کۆمەڵگا بووە.

لەگەڵ ئەوەشدا، چینی شاهانەی بریتانیا، ڕۆحیەتی یارییەکە و کاراکتەرەکانی نێو یارییەکەی وەکوو خۆیان قبوڵ نەکرد، بەڵکوو یاریزانانی وەک (ستانلی ماسیۆز، مات بوسبی و بۆبی چارلتۆن) لەلایەن بنەماڵەی شاهانەی بریتانیاوە، تەنها ئەو کاتە پلەوپایەیان بەرز دەبووەوە کە نازناوی (سێر)یان پێدەبەخشرا. وەک ئەوەی بیانەوێت بە خەڵكی عەوام بڵێن: مرۆڤەکان تەنها ئەو کاتە بەهایان هەیە کە نازناوێکی شاهانەی وەکوو سێریان پێدەبەخشرێت. تۆپەکەش تەنها ئەوکاتە دەبێتە جێگای ستایشی بنەماڵەی شاهانە، کە کەسە شاهانەییەکان یاریی پێبکەن.

تۆپ و یاریزانەکان، تەنانەت لە جەوری چەپڕەوەکانیش قورتاریان نەبووە. ئەو چەپڕەوانەی کە داوای مافی هەموو چەوساوەکانیان دەکرد، بیریان نەبوو کە یاریزانی تۆپی پێش هاوچارەنووسیانە. چەپرەوەکان دەیانوت: “ئەگەر دین ئەفیونی گەلان بێت، ئەوا تۆپی پێ هیچی لەو کەمتر نییە، چوونکە تۆپی پێ مرۆڤەکان لە چالاکی شۆڕشگێرانە دوادەخات.” سوپاس بۆ بلۆکی سەرمایەداری، ئەگینا ئیستاکە هەموومان لە بیابانەکانی (سیبیریا) رەق بووبووینەوە!لەگەڵ ئەویشدا، چارەنووسی یاریزانان لە ژێر دەستی بلۆکی سەرمایەداریدا باشتر نەبوو. ئەگەر جاران گەمژە و ڕۆح ئەهریمەنی بوون، ئەوا لە دونیای نوێدا و لەگەڵ سیستەمی کاپیتاڵیزمدا لە دیوار و ستوونی ڕیکلامکردن زیاتر، هیچیتر نەبوون. چەوساندنەوەی یاریزانان و بەکارهێنانیان وەکوو کەرەستەیەک بۆ زیادکردنی سەرمایە، بەدرێژایی مێژووی گەمەکە هەر بەردەوام بووە.

Bf6l-qLCcAE5XUb
سوکرات لەگەڵ تۆپەکە، مارادۆنا و فاڵکاو لە کاتی پێکداداندا.

لە مۆندیالی ١٩٨٦ یاریزانەکان داوایانکرد کاتی یاریکردنەکان بگۆڕدرێت، چوون گەرمای نیوەڕوانی مەکسیک ناسروشتی بوو. بەجۆرێک یاریزانەکان هەستیان دەکرد لە ناو مەنجەڵێکی چێشتلێناندا یاری دەکەن. لە وەڵامی ئەم داوکارییەی (مارادۆنا) و هاوڕێکانیدا، سەرۆکی فیفا (جواو هافیلانگ) زۆر بە سادەیی فەرمانیدا و وتی: “با دەمیان دابخەن و یاری بکەن”. ئاخر میستەر (هافیلانگ) زۆر پەرۆشی ئەوە بوو کاتی یارییەکان لەگەڵ کاتی پشووی وڵاتانی ئەوروپادا بگونجێت. تاکوو خەڵكی بە دیار تەلەفزیۆنەکانیانەوە دابنیشن و سەیری ڕیکڵامی نێوان گێمەکان بکەن. بەهەمان شێوەی (هافیلانگ)، کاتێک یەکێتی تۆپی پێی ئینگلتەرا ویستی یاری یارییەکە بکات بە چوار گێمەوە و هەر گێمیک ٢٥ خولەک بێت، ئەم پێشنیارەی لەبەر خاتری ماسولکە ماندووەکانی یاریزان نەکرد. بەڵکوو پێی وابوو بەو شێوەیە داهاتی یارییەکان زۆر زیاتر دەبێت، بەو پێیە ژمارەی ناوبڕەکان زیاد دەکات تاکوو تێیدا ڕیکلام ئەنجام بدرێت. وە کاتێک لە تۆپی پێدا، جیفارای وەکوو مارادۆنا، سوکرات، هتد پەیدا بوون و داوای کردنەوەی سەندیکای یاریزانانیان کرد. پێیان وابوو دەبێت یاریزان مافی خۆی هەبێت لە دیاریکردنی کاتی ڕاهێنان و یارییەکاندا، یاخود بەشداربن لەو بڕیارانەدا کە لەسەر پاڵەوانێتییەکان دەدرێت. ئەنجامەکەی ئەوە بوو کە سوکرات شاربەدەرکرا و مارادۆنا وەکوو کوڕی شەیتان بە هاندەران ناسێندرا.

تۆپ و یاریزانان، چەوەساوترین کارەکتەری نێو شانۆی یارییەکانن. ئەوان ئەو موهەریجەن کە هاندەران دەخەنە پێکەنین و دەوڵەمەندەکان زەنگینتر دەکەن و لە کۆتاییدا دەبنە قوربانی جنێو و تێهەڵدان. وە لە خراپترین حاڵەتدا دەبنە قوربانی گوللەیەکی مافیا و ئۆڵتراسی یارییەکە. یاریزانان هەموو ئەم جەور و ستەمە قبووڵ دەکەن بە هۆکاری جیاوازەوە بەڵام هۆیەکی هاوبەش لە نێوان هەموو یاریزانەکاندا ئەوەیە کە بژێوی ژیانی خۆیان دابین بکەن لە ڕێگای بڕە پارەیەکەوە، کە دواین ماف و کەمترین پاداشتە یاریزان وەریدەگرێت. چوون، ئەو سامان و دەسەڵاتەی، سەرمایەدارانی گەمەکە لە پێی یاریزانەکانەوە خڕی دەکەنەوە، زۆر زیاترە لەوەی کە بە یاریزانەکانی دەبەخشن.

مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە! ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.
مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!
ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.

You might also like More from author

Leave A Reply

Your email address will not be published.

error: Content is protected !!