چارەنووسی پریمەرلیگ دوای برێکست

بڵند جاف

233

ڕەنگە یەکێک لە گرنگترین ڕووداوەکانی چەند ساڵی دوایی ئەورووپا، دەرچوونی بەریتانیا بێت لە یەکێتییەکەی، بەو پێیەی ئەم هەنگاوەی بەریتانییەکان، گومان لەسەر گرنگی و ڕۆڵی یەکێتی ئەورووپا دروست دەکات و پرسیارێکی وەها دێنێتە ئاراوە کە ئاخۆ لەم قۆناغە هەستیارەدا کە کیشوەرەکە پێیدا تێپەڕ دەبێت، یەکێتی ئەورووپا تا چەند دەتوانێت ناوماڵی ئەورووپییەکان کۆبکاتەوە و تەبایی بخاتە نێوانیانەوە؟؟

لەلایەکیترەوە لە دونیای وەرزشدا و بەتایبەتی تۆپی پێ، بێگومان جیابوونەوەی بەریتانیا کاریگەری گەورەی لەسەر خولی تۆپی پێی ئینگلیزی دەبێت. پریمەرلیگ کە بە یەکێك لە بەهێزترین خولەکانی دونیا دادەنرێت، لە ئێستادا لە سەر ئاستی کڕینی یاریزان و  گواستنەوەیان، خۆی لە پێش گۆڕانکاری گەورەدا دەبینێتەوە. دەتوانین بلێین چەند ساڵێکە خولی ئینگلیزی خاوەن زۆرترین یاریزانی بیانییە  بە بەراوارد بە خولەکانی دیکەی تۆپی پێی جیهان، بەو پێیە لە ئێستادا، زیاتر لە ٣٠٠ یاریزانی بیانی لە خولی وڵاتەکەدا یارییان دەکات.  ئەمە وایکردووە خولەکە ببێتە جێگای سەرنج و گرنگیپێدانێکی گەورەی جەماوەری لە سەرانسەری دونیادا. چوونکە  زۆربەی هەرە زۆری ئەستێرە ناودارەکانی تۆپی پێ لەم خولەدا یاری  دەکەن. جگە لەمەش پریمەرلیگ بەوە بە ناوبانگە کە ساڵانە بە شیوەیەکی خێرا، ژمارەیەکی زۆر لە یاریزانی لاوی بەهرەداری بیانی  لە وڵاتانی دیکەی ئەوروویییەوە دەکڕێت و لە خولی وڵاتەکەدا جێگەیان دەکاتەوە.

دەکرێت بلێین کە هۆکاری ئەوەی کە پریمەرلیگ توانای ڕاکێشانی سەرنجی یاریزانی ئەستێرە و لاوی بەهرەداری هەیە دەگەڕێتەوە بۆ دوو خالی سەرەکی.

یەکەم: ئەو بناغە ئابوورییە بەهێزەی کە هەموو یانەکانی پریمەرلیگ هەیانە کە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ یەکسان دابەشکردنی داهاتی گواستنەوەی یارییەکان. بە شێوەیەک کە هەموو یانەکان بەبێ ڕەچاوکردنی مێژوو و نازناو و دەستکەوتەکانیان پشکی شێریان بەردەکەوێت لە داهاتی تەلەفیزیۆنی یاخود سپۆنەسەر و ڕیکلامی خولەکەدا.

دووەم: خالی دووەم ئەو ئاسانکارییانەیە کە یەکێتی تۆپی پێی ئینگلیزی بۆ یانەکانی کردووە لەسەر ئاستی گواستنەوەی یاریزان. لە بڕگەی ١٩ی یاسای  یەکێتی تۆپی پێی جیهانیدا، ڕێگەی بە یانەکانی ئەورووپا دراوە کە بتوانن گرێبەست ئەنجامبدەن  لەگەڵ یاریزانی نێو یەکێتی ئەوروپا و EEA(ناوچەی ئابووری ئەورووپا) لە تەمەنی ١٦+ ساڵیدا، ئەمە لە کاتێکدا لە وڵاتانی دیکەی وەکوو ئیتاڵیا و ئیسپانیا..هتد، بەپێی یاسای ناوخۆی تۆپی پێی وڵاتەکە یانەکان بۆیان نییە گرێبەست لەگەڵ یاریزانی خوار تەمەن ١٨ساڵدا بکەن. لێرەوە تێدەگەین لە هۆکاری هاتنی هەموو ئەو یاریزانە لاوە بەهرەدارانەی وەکوو کۆسۆلینی،فابریگاس،کریستیانۆ و لەم دواییەشدا، کۆنتێ دیمتری پاێیت..هتد بۆ خولی ئینگلیزی. هاوکات کاری وەرگرتنی مۆڵەتی کارکردن بۆ یاریزانانی نێو یەکێتی ئەورووپا بەشیوەیەکی زۆر خێرا و ئاسان ئەنجامدەدرێت، بەشێوەیەک کە دەکرێت یانەکان، ڕۆژی هەینی لەگەڵ یاریزانێکی ئەرووپیدا گرێبەست بکەن و ڕۆژی شەمە لە گەڕی داهاتووی خولەکەدا بەشداری بە یاریزانەکە بکەن. کەچی دوای جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەورووپا، بەشیوەیەک لە شیوەکان دەکرێت خولی پریمەرلیگ هەموو ئەم تایبەندمەندییانەی خۆی لەدەست بدات. 

گۆڕانەکانی دوای برێکست.

دوای جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەورووپا، خولی پریمەرلیگ لە نێوان شەو و ڕۆژێکدا بە کۆمەڵیک گۆڕانکاری گەورە و خێرادا تێپەڕبوو. ئەم گۆڕنکارییانەش دەکرێت لە سێ ڕووەوە لێکدانەوەی بۆ بکرێت.

لەڕووی ئابوورییەوە

بێگومان، کاریگەری لایەنی ئابووری بەسەر هەموو بەریتانیادا بەشێوەیەکی ئاشکرا دەردەکەوێت بەو پێیەی نرخی پاوند بە ڕێژەی ١٠٪ بەرامبەر یۆرۆ دابەزی. ئەمە وادەکات نرخی هەموو ئەو یاریزانانەی کە دەبوو پەیوەندی بکەن بە یانە ئینگلیزییەکانەوە بە شیوەیەکی بەرچاو بەرز ببێتەوە. ئەمە جگە لەوەی کە موچەی یاریزانەکانیش بەڕێژەیەکی بەرچاوو هەلكشانی بەخۆیەوە بینییەوە. بۆ نموونە، ئەگەر بێتو پێش چەند ڕۆژێک نرخی یاریزانێک ٣١ملیۆن پاوند بێت، ئەمڕۆ بەبێ هیچ گفتوگۆ و سەوداگەرییەک لە نێوان کڕیاری ئینگلیزی و فرۆشیاری بیانیدا، نرخی یاریزانەکە بەرز بووەتەوە بۆ ٣٤ ملیۆن پاوند. هاوکات لەسەر ئاستی مووچەی یاریزانەکانیش، ئەگەر بێتو یاریزان جاران یەک ملیۆن پاوند موچەکەی بووبێت ئەمڕۆ بەبێ ئەوەی گفتوگۆی زیادکردنی موچە بکات لەگەڵ یانەکەیدا موچەکەی بەرز بووەتەوە بۆ نزیکەی ملیۆن و نیوێک پاوند.                                                      لەگەڵ ئەوەشدا، چاودێران پێشبینی ئەوە دەکەن کە یانەکانی پریمەرلیگ بە ئاسانی مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە نوێیەدا دەکەن، بەو پێیەی یانەکان زەمینەیەکی ئابووری بەهێزیان هەیە کە یارمەتیدەریان دەبێت لەڕووی کڕین و فرۆشتنی یاریزانەوە. جگە لەوەی کە بەپێی ڕای هەندێک لە چاودێرە ئابوورییەکان، یانەکانی پریمەرلیگ دەتوانن یاریزانەکان بە یۆرۆ بکڕن لەبری پاوند، بەمەش خۆیان لە بەرزبوونەوەی نرخی یۆرۆ قوتاربکەن. هەر بۆیە دەکرێت بوترێت کە  لەڕووی کڕین و فرۆشتنی یاریزانانەوە، جێپێی یانەکانی پریمەرلیگ توندوتۆڵ بێت و بە ئاسانی رەشەبای ئەم جیابوونەوەیه کارییان تێنەکات.

گواستنەوەی یاریزان

356131E300000578-3658105-image-a-2_1466762845840
پاێیت و مارشیال، دوو ئەستێرەی لاوی پریمەرلیگ

وەکوو پێشتر ئاماژەم پێدا، یاساکانی یەکێتی تۆپی پێی جیهانی ئاسانکاری زۆری بۆ یانەکان کردووە، تاکوو لەگەڵ یاریزانی لاوی بەهرەداردا گرێبەست بکەن، لێ ئەم یاسایانە تەنها ڕێگەخۆشکەربوون بۆ یاریزانانی نێو یەکێتی ئەورووپا و EEA(ناوچەی ئابووری ئەورووپا). لەبەرامبەردا گەر هاتوو یاریزانەکان لە دەرەوەی ئەم دوو ناوچەیەدا بن، ئەوا بە یاریزانی نائەورووپی دادەنرێن. ئەمە وادەکات، یاساکانی تۆپی پێ ئینگلیزی تووشی پێکدادان ببێت لەگەڵ ئەم دۆخە نوێیەی کە خولی وڵاتەکە خۆی تێیدایە. چوونکە لە بڕگەیەکی یاساکانی تۆپی پێ ئینگلیزی بۆ گواستنەوەی یاریزانی نائەورووپی، هاتووە کە: “یاریزانی لاوی نائەورووپی بە پێی ڕیزبەندی وڵاتەکەی لەسەر ئاستی جیهان کە لە نێوان یەک بۆ دە دایە،  دەبێت لە ماوەی دوو ساڵدا، بەشداری ٣٠٪ یاریییەکانی هەلبژاردەی نیشتمانی کردبێت. لێرەوە دەبینین ئەم بڕگەیە ڕێگری دەکات لە گواستنەوەی یاریزانی وەکوو هیکتۆر بێلێرین، کۆنتێ، دیمتری پاێیت، مارشیال…هتد بۆ خولی ئینگلیزی. چوونکە ئەم یاریزانە لاوانە بە هیچ شێوەیەک لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بەشداریان لە ٣٠٪ یاری هەڵبژاردەکانیاندا نەکردووە.

هاوکات یانەکانی پریمەرلیگ گرێبەستی گواستنەوە و کڕینی یاریزانی لاویان لەگەڵ زۆربەی خولە بچووکەکانی دیکەی ئەورووپا و جیهاندا هەیە. بۆ نموونە یانەکانی خولی بەلجیکی گرێبەستیان لەگەڵ یانەکانی پریمەرلیگدا هەیە، بەجۆرێک کە یانەکانی بەلجیکا یاریزانە لاو و بەهرەدارەکانی خۆیان بە بەردەوامی بفرۆشنە یانە ئینگلیزییەکان، لێ دوای جیابوونەوەی بەریتانیا هەموو ئەم گرێبەستانە دەکەونە ژێر مەترسی هەڵوەشانەوەوە.

لێرەوە دانیشتنی یەکێتی تۆپی پێی وڵاتەکە لەگەڵ یانەکان و هاوکات لەگەڵ حکومەتی ئینگلیزیدا، هەڵگری گرنگییەکی زۆرە. چوونکە لەم دانیشتنانەدا  چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت کە گۆڕانکاری لە یاسا و ڕێساکاندا بکرێت، بۆ ئەوەی ئاسانکاری بۆ یانەکان بکرێت، تاکوو  لە کڕینی لاوە بەهرمەندەکان بەردەوامبن بەبێ هیچ ڕێگرییەک.

هاوکات مۆڵەتی کارکردن، گرفتێکی دیکەیە  کە دەکرێت تەگەرە بخاتە ڕێگای گواستنەوەی یاریزان، بەو پێیەی مۆڵەتی کارکردن بۆ خەڵکی نا ئەورووپی زۆر قورس و پڕ کێشمەکێشە لە وڵاتی سێ شێرەکە. لێرەوە گرێبەستی ڕۆیبڕیتۆ لێڤاندۆڤسکی پۆڵەندی و چەندین یاریزانی دیکە، دەکرێت ڕووبەڕووی مەترسی تێکچوون و هەڵوەشاندنەوە ببێتەوە بەهۆی ئەم ڕیگرە یاساییەوە. لەم ڕووەوە، چاودێران، پێیان وانییە کە ئاسانکارییەک بۆ مۆڵەتی کارکردنی یاریزانە نائەورووپییەکان دەکرێت، بۆیه گۆڕین یان دەستکاریکردنی ئەم یاسایە کاریگەری لەسەر بوارەکانی دیکەی کارکردن دەبێت لە وڵاتەکەدا.

گرنگی یاریزانی بەریتانی دوای برێکست

لە ڕاستیدا یەکێک لە پرسە گەورە و مشتومڕئامێزەکانی پێش جیابوونەوەی بەریتانیا، پرسی یاریزانی لاو و بەهرەداری ناوخۆی بەریتانیا بوو. چوونکە زۆرێک لە خەمخۆرانی تۆپی پێی نیشمانی وەکوو گاری نێڤڵ و جێمی کارەگەر…هتد هەمیشە گلەیی و گازندەی ئەوەیان دەکرد یانەکانی خولی پریمەرلیگ گرنگی بە یاریزانی خۆماڵی نادەن، بەجۆرێک هەموو یاریزانە لاوەکانی وڵاتەکە دەخرێنە پەراوێزی یاریزانی لاوی ئەورووپاوە. ئەمە دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی یاریزانی خۆماڵی کە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی لاوازبوونی هەلبژاردەی نیشتمانی وڵاتەکە. هەر بۆیە ئەم کۆمەڵە هەمیشە داوای ئەوەیان دەکرد، کە یانەکانی پریمەرلیگ زیاتر گرنگی بە یاریزانی لاوی ئینگتەرا بدەن، لێ ڕاهێنەر و کاربەدەستانی یانەکان بەهۆی هۆکاری جیاوازەوە زۆرجار بەدەم ئەم داواکارییەوە نەدەهاتن. چوونکە ڕاهێنەرەکان لە ژێر گوشاری جەماوەر و کارگێڕی یانەکاندا بەهۆی چاوچنۆکی و تەماحی پارە پەیداکردنەوە، یاریزانە بیانییە بەتواناکانییان هەڵدەبژارد.

images
هاری کین و جیمی ڤاردی، دوو لاوی بەهرەداری ئینگلیزی کە لە ئاسمانی گەمەکەدا دەدروشێنەوە

هەربۆیە، دەتوانین بڵێین کە جیابوونەوەی بەریتانیا، سوودێکی گەورە بە لاوانی ئینگلتەرا بەتایبەتی و بەریتانیا بەگشتی دەگەیەنێت. چوونکە لە ئەگەری کەمبوونەوە هاوردەکردنی یاریزانی لاوی بیانی، یانەکان ناچاردەبن پشت بە لاوە بەهرەدارەکانی نێو بەریتانیان ببەستن، ئەمەش وادەکات ئەزموونی یاریزانی لاوی بەریتانی فراوانتر ببێت کە ئەمەش بە سوودی هەڵبژاردەی نیشتمانی دەکەوێتەوە. لەهەمان کاتدا ئەم هەنگاوە وا دەکات کە نرخی یاریزانی بەریتانی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز ببێتەوە، بەو پێیە داواکاری زیاتریان لەسەر دەبێت لەلایەن یانەکانی پریمەرلیگەوە.                                                                                                                          هەربۆیە دەکرێت جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەورووپا، بە هەنگاوێکی زۆر گرنگ دابنرێت لە مێژووی تۆپی پێی وڵاتەکەدا و ببێتە هۆکارێک بۆ گەڕانەوەی ئینگلتەرایەکی بەهێز بۆ نێو کێبڕكێ جیهانییەکان.

دواجار، دەرکەوتەکانی جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەورووپا، هەڵگری لێکدانەوەی قوڵترن، هاوکات کاریگەرییەکانی ئەم جیابوونەوەیە لە نێوان ڕۆژ و شەوێکدا چاو ناکرێت، بەڵکوو پێویستی بە تێپەڕبوونی ماوەیەکی زۆرە تاکوو بە تەواوەتی لە چۆنێتی و چەندێتی کاریگەرییەکانی تێبگەین. هەر وەکوو گۆڤاری The Economist بەریتانی ئاماژەی پێدا “ جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەورووپا لە پرۆسەی جیابوونەوەی ژن و مێردێک دەچێت کە داواکاری جیابوونەوەکە لەلایەن یەکێکیانەوە کرابێت، بۆیە دەبینین، ئەو جۆرە جیابوونەوانە بە شیوەیەکی هارمۆنی و خێرا جێبەجێناکرێت” لێرەوە تێدەگەین کە پرۆسەی جیابوونەوەی بەریتانیش بەهەمان شێوە تولانی و پڕ کێشمەکێشی و نادیار دەبێت، کە دەکرێت پریمەرلیگ بباتە سەر ئایندەی جیاوازی چاوەڕوانەکراوە.

 

سەرچاوەکان:

http://www.economist.com/news/briefing/21693568-david-cameron-will-struggle-win-referendum-britains-eu-membership-if-he-loses

مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە! ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.
مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!
ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.

You might also like More from author

Comments are closed.