پووڵ وەرگرتنی گوو

((وەختی ئێوارەی درەنگ، سواری پاس بووم و چوومە گەشت، لە ڕێ بیرم لەوە دەکردەوە، ئەو هەموو خەڵکە چۆن دەژی، لەسەر زەوی؛ چووزانم لە ڕێ، بە دەم ئەو پرسیارانە و، مینگەمینگی خۆمەوە، باری ناو سکم قورس دەبێت و، بەم وەختە درەنگە، کاتژمێر یازده‌ی  شەو، تینم بۆ دێت و دەبێت لە شوێنێک لا بدەم و، وەکوو گەڵابە، ئەم چەو و خیزە ڕۆکەم))

– هەر بەمشەوە، ئا کاکی لێخوڕ، دەتوانی لادەیت لە شوێنێک.

-ئاغای موسافیر بۆچیتە؟ بریستە؟ تینووتە؟ خەویشت کە دێت، بخەوە. یان چاوەڕێ بکە تا دەگەینە ئەو شوێنەی کە خۆمان لێی لادەدەین و پشوویەک دەدەین.

-جا قوربان لە کوێ لا دەدەیت؛ ئەوەی من لە هەموویان گرنگترە، خەوی چیی و تینووی چی و برسیی چی؟ خەریکە بە خۆیدا بکەم، گەر لا نەدەیت، یەک تێڕ گوو دە کوشنی پاسەکەت دەکەم. ئەوکات هەر یەکە و پرسیارێک دەکات، مێشکی سەرت دەبەن؛ یەکێ دەڵێ ئەم بۆنە چییە، یەکێ دەڵێ کاکی لێخوڕ، بێزەحمەت پێمان بڵێ کێ خۆی پیس کردووە، یان بە پێچەوانەوە، بۆن تۆ قڕ دەکات و، تۆ دەپرسیت ئەوە چییە، کاکە خۆ ئاودەست نییە، ئەو بۆنە چییە، کەس قسە نەکات و، ژنێکیش لە تەنیشت منەوە دانیشتووە و، بۆ وەی تەریق نەبمەوە و خەجاڵەت ڕووم زەرد نەکات، دەڵێت: ئەو منداڵە بە خۆیدا کردووە، کەسەکانی نێو پاسەکە بێدەنگ بکات و، بۆخۆشت لەبەر لێوتەوە بڵێیت، وەڵایی دایبییەکی عادییە، بە خۆڕایی نییە، ژنەکەم لە ماڵەوە، زوو زوو باسی ئەو دایبیە دەکات، دەڵێت پیاوەکە دایبییەکی ئەستوور بێنەوە.

یان کاکی لێخوڕ، بڵێیت: ئەرێ تخودا دادە، ئەو دایبییە دروستکراوی چ شوێنێکە، وەها بۆنی دێت؟

-وەڵایی نازانم سەیری بکەم، نا نا بەقوربان با بۆن زیاتر بڵاو نەبێتەوە.

هەر کاکی لێخوڕ: کاکە باشە ئێستاکە لە شوێنێک لا دەدەین، زۆر نزیکە ١٥ خولەک چاوەڕێ بکە دەگەینێ.

-نا کاکە زۆرە.

-ئاخر کاکە لەوەیە هەر تۆ نەبیت، هەیە شەرم دەکات و، گشتیان کاریان هەیە، هەیە چۆڕێک میز دەکات، هەیە نوێژ دەکات، هەیە وەک تۆ گووی دەکات، ئەوە سێ چوارێکیش لە پشتەوە، وەڵایی کاکە ڕاست دەکەیت، وا دەزانێت هەر ئەو قوونی هەیە.

بە دەم پرسیار و ڕۆیشتنەوە، کاتژمێر: ١١:٣٠ی شەو، گەیشتنینە شوێنێک و دابەزین.

کاک لێخوڕ: نیو کاتژمێرتان مۆڵەتە، کاتژمێر: ١٢ وە رێ دەکەوینەوە. خێرا ڕامکردە ئاودەست و باری سکم خاڵی کردەوە…

هاتمە دەر لە ئاودەست و، دۆخینەکەم لە دەرەوە گرێ دەدایەوە، یەکێك سەلەیەکی تەماتە فرۆشی لە دەرەوە دانابوو، وامزانی بەتاڵە، کە نیزیک بوومە و سەیرم کرد، نێوەکەی کەمێک پووڵی تێدا بوو، نەفەرێکیش بەدیارییەوە دانیشتبوو، دۆخینەکەم هەر دەمهێنا و دەمبرد، تا گرێفچکەی لێ بدەم، گووتم: کاکە ئەوە چییە بێزحمەت؟

گووتی: ئەوە سەلەیە بۆ پووڵ وەرگرتنی گوویە!

منیش: بۆچی؟ ئێ لە خزمەتی قوون. ئەها دەبا دەستم بشۆمەوە، ئێستا دەگەڕێمەوە لات..

-سڵاو… پێشەکی ئەوکاتەتان باش و دونیابینینتان باش. دەمەوێت، شتێک لە ئێوە لە دونیابینین و عیلم و ئەدەبدا فێربم؛ ڕەنگە ئێوە زیاتر لە قووڵایی شەو  ووردبووبێتنەوە، جوانتر ئەستێرە بناسن، باشتر لە ڕاخزانی نێزەک تێبگەن. قووڵتر لە گومانی مانگ و، نەرمتر لە باران بڕوانن.

-ئەرێ کاکی موسافیر، کام دونیابینینە، بەوشەوە هاتوویت کاتەکانی خۆت بە من پڕکەیتەوە؟ دونیابینینی من، ئەوەیە چاوم لە دەرگای ئاودەستەکان بێت، یەکێ کە تارەتی کرد، گوێم لە شڵپوهوڕی ئاو بێت، تاکوو بزانم کەی تەواو دەبێت، بێتە دەر و پووڵی لێ وەرگرم. دونیابینینی من، ئەوەیە، نەهێڵم کەس دەرچێت، هێندێك بە ڕەوای نازانن، کە من لە خزمەت قوونیان هەشت کاژمێر دەوەستم، تاکوو بەخۆیدا نەکەن، پێنجسەد تمەن وەرگرم. کەچی مل شۆڕ دەکەن و، پارە نادەن و لێی دەردەچن. گەر پوولی ئێوە خزمەت بە من بکات، وەستانی ئێمەش خزمەت بە قوونتان دەکات؛ ئەگینا کێ لەو دەشتانە دەبێت قوونتان بە گەڵا بسڕنەوە، بەرد لە قوونتان بخشێنن، لەولاشەوە بە گومان و ترسەوە، گوو دەکەن و نەوەکوو کەسێک چاوتانی پێکەوێت و وێنەیکی قوونتان بگرێت، یان ترۆمبێل تێپەڕن و هۆڕنەتان بۆ لێدات و نەهێڵن چێژ لە گووکردنەکە بکەیت. گووگردنیش چێژی خۆی هەیە ئەزیزی من. ئەزیزم دونیابینینی من ئەوەیە: کە یەکێ زۆر دەمێنێتەوە، بیر لە کەسی دوای ئەو دەکەمەوە بە خۆیدا نەکات، لە خۆی نەمیزێت.

-دەباشە کاکە لەشت سا‌غ بێت، کارێکت نییە؟

-نا، ڕاوەستێ پوولەکەت بدە، ئینجا بڕۆ.

-پووڵی چی؟

-پوولی گووەکەت…

پێشباس

سەرەتا، دەمەوێت ئەوەتان پێ ڕابگەیەنم، کە دەبێت هەمیشە ڕۆح وەک ستوونی سەیر بکرێت و، پیرۆزیی لە وجودی “مرۆڤ”دا بهێڵێتەوە، لەو شوێنەی کە بەجەستەیدا کراوە. نەك کۆی مرۆڤەکە بە پیرۆزیی سەیر بکرێت و، ئەقڵ و ڕامان و هەست و نەستی هەموو کاتێک جێی پیرۆز بێت. نەخێر، خۆ ئەگەر گشتی جێی پیرۆزیی بووایە، شتێک نەدەمایەوە بۆ ململانێ، شتێک نەدەبوو بە ناتەبا، دژیەک لەدایک نەدەبوو، زمان لە جووڵە دەکەوت و، جەستە لە تەمەڵی خۆیدا دەمایەوە. ڕۆح، هەروەک چۆن پێیدا دەکرێت، لێش دەسێندرێتەوە. کەوایە مرۆڤ، دەبێت ئەوە لە بەرچاو بگرێت، لە کایە ئاسۆییەکەیدا. وەک هەر ڕۆحلەبەرێکی دی، پیرۆزیی و ناپیرۆزییشی هەیە. کاتێك، مرۆڤێک بە پیرۆزیی سەیر بکرێت و، بچێتە نێو ئاودەستەوە، ئەم “با”یەی کە لێی دێتە دەر، تەنیا “با” نییە، خاڵیبوونەوەی پیرۆزییە. پیرۆزیی، هیچ کاتێک لە ئاسۆییدا نامێنێتەوە بۆ ئەبەدی، پیرۆزیی تەنیا لە ستوونیدایە. بۆ وەی سەرتان نەهێشێنم و، لە خزمەتتاندا قسەگەلێک هەڵدەڕێژم، کە ڕەنگە جێی پێکەنین بێت؛ بەس دیوەکەی دی ببینن، ڕەنگە پێچەوانەش بێت.

لە ئەندیمەشک:

پاسەکە لە ئەندیمەشک لایدا، چووینە پارکی لالە، پیاوێکی خوولەی چوارشانەی قوڵەڕەش، کە ئەهوازی بوو، نێوی: ئەحمەد نەجاڕی بوو، لە نێو پارکەکەدا: حوکوومەت، ئاودەستخانەیەکی دانابوو، ئەوساڵە بۆ نەجاڕی دەرچووبوو، لەسەدا بیستی داهاتی گووەکەی، دەگەڕایەوە خەزێنەی دەوڵەت. نەجاڕێ، بە ڕاستی لێزان و شارەزاییەکی باشی لەسەر مۆسیقا هەبوو، ئەسعەدی مەلیکیانی هاوڕێم، بەشی مۆسیقای خوێندبوو، لەگەڵیدا کەوتبووە گفتوگۆ؛ نەجاڕی، پێچەوانەی ئەو، دیدێکی کۆنتر و، لە مێژینەیی دیکەی هەبوو بۆ خوڵقانی ئاواز. هەرچی مەلیکیانی بوو، دەیگوت: یەکەم جار، کە ئاواز لەدایک بوو، لە قامیشەوە بوو، “با” ژەنی. واتە: قامیش زا، بەمپێیەش: “با” نێرە. نەجاڕیش دەیگوت: تۆ لە دیدی مرۆڤایەتیی وردنەبوویتەوە و، تائێستا مەعلوم نییە، ئایا مرۆڤ، پێش قامیش بووە، یان قامیش پێش مرۆڤ؛ ئینجا بۆ “با” لەگەڵتدا هاوڕام، بەس ئەویش جۆری هەیە، هەیە شێدارە، هەیە وشکە، جۆری دیکەی زۆرن… سەبارەت بەم با شێدارە، ئەوەیە کە لە ناوەوە هەڵدەکات، پێچەوانەی ئەو “با”یەی لە دەرەوە هەڵدەکات و، خۆی بە کوونی قامیشدا دەکات. نەجاڕی، دەیگوت: تۆ مرۆڤناس نیت، یەکەم جار مرۆڤ، گوێ لە شتەکانی خۆی دەبێت، ئەوسا دەوربەری، یەکەم جار کەشفی خۆی دەکات، دوا جار دەوروبەری. بۆیە مرۆڤ، کە لەدایک بوو، لە نێو قامیشەڵانەکاندا نەبوو، بەدیار تەنیاییەوە، شارەزاییەکی باشی لەسەر خۆی پەیدا کردووە، زۆر جار لە ترسان، لە خۆی ڕیوە؛ یەکەم جار، مرۆڤ خۆی ئامێری مۆسیقا بووە، یەکەم ئاوازیش تڕ بووە، دواتر شێوازی مەقامی وەرگرتووە و بووەتە تس، نەك یەکەم جار قامیش ئامێر بووبێت. نەجاڕی، خۆی مۆسیقار بوو، زۆر خەڵک دەچوو بۆ لای، شێوازی سوننەتیی و پۆپ و هەتا ڕاپیشی فێر دەکردن.

لە نووراباد، قسەخۆشەکانی ژیلا خاجەیی و سەمەدی زادە:

ژیلا خاجەیی، یەکێک بوو لە سەرنشینەکان، بۆ سبەی گەیشتینە نووراباد، وەختێک چووە ئاودەست، پیاوێکی کز و لەڕ، لە نێوان هەردوو شوێنی ژنان و پیاوان، وەستابوو، سینییەکی خڕ، لە پێش خۆیدا دانابوو، ژیلا خاجەیی، هاتە دەر، پیاوی کز و لەڕ، بە حاڵ چاوی بۆ هەڵدەهات، بێزەحمەت دادە، پووڵەکەت بدە، پووڵی چی؟ چووزانم خۆ بە خاتری چاوی خۆم لێرە نیم، دەبەر شەپەی قووزێت مرم.

جا خۆ قابیلە، تێڕێکم نەکردووە، چۆڕێکم میز کردووە، ها هەر ئەو چوار بیست و پێنج تمەنەم پێیە، هەڵیدایە سەر سینییەکە و، خل بوونەوە، کابرای کز و لەڕی داماو، گوتی: خوشکی حوکوومەت بگیێم، ناچار نەبم گوێ لەو چرکەمیزەیەت دەگرم.

سەمەدی زادە، لەو خۆشتر، کاکە بێزەحمەت، من دوو تڕ و فسێکم کردووە، بە خودا لەوەندە زیاتر یەک تمەنیش نادەم.

ئەویش، کاکە خۆ نەهاتووم، با بێم قیاسی قوونت بکەم. دەنا پووڵەکەی بدە ئەگینا پۆلیس ئاگادار دەکەمەوە.

پیاوە گووناسەکە:

دوای چەند شەوێک، لە یەکێک لە پارکەکانی یاسووج، بەهادین نوورانی، یەکێکی دی بوو، لە پووڵ وەرگرەکانی گوو، بەس بەڕاستی ئەو شایستەی زۆر شت بوو، قوونناس بوو، دەیگوت قەنناسی پێیە؛ قوونی هەمووانی دەناسی چەند سلەگووی تێدایە. یەکێک خێرا خۆی کرد بە ئاودەستێکدا، نوورانی گوتی: تۆ سەیری ئەو قوون تەندوورە ناکەی، ئێستا بێتە دەرەوە قوون بە گێچەڵە، دەموەڕی لەسەر دوو تمەنی من دەکات کە بەدیارییەوە دانیشتووم. یەکێکی دیکە دوای ئەو چوو و هاتە دەرەوە و ئاوڕی نەدایەوە؛ ئەوەش نوورانی، تۆ سەیری ئەو قوون دەهۆڵە بکە، وا دیارە قوون لێ کەوتووە، وەک هەر “با”شی نەیەت، کە بانگی دەکەم.  ئینجا باسی گووناسی دەکرد، دەیگوت: من شەش ساڵە ئەمە کارمە، ڕۆژانە دەگەمە بیردۆزی سەیر سەیر، گووی شل شل، ڕەق ڕەق، وەک کەرەسەکە گڵ، سەلکەگوو، گووی ئەستوور، ڕۆژانە جۆری گوو کەشف دەکەم، کە ڕەچەڵەکی هێندێکیان لە قوونی مرۆڤ ناچێت. خەریکە دەبمە پزیشک، هەیە سکچووی لێیە، لایەکی سیفۆنەکە پیس دەکات، وەک ئەوەی لەم ژیانە بێزار بووبێت و بە نیازبووە بە ڕووی ژیاندا خۆی بتەقێنێتەوە.

نوورانی، تەواو گووناس بوو، کاتێک گووکەرەکان دەهاتنە دەرەوە، پێکەنینی دەهات، دەیگوت جا وەرە ئەوانە ڕاوێژکاری سیاسیی بن، پێشبینی ڕووداوە نەخوازراوەکان بکەن و، بزانن چ ڕوو دەدا و کەی ئەمریکا شوێنی داعشەکان دەپێکێ، یەکێک ناشارەزا بێت، دەڵێت بەخوا ئەمانە زۆر لێهاتوو و کارامەن، کەچی کە سەیری قوونیان بکات بە پێی سلەگووەکانیان، تێدەگەن، هێستا ناتوانن لە دووری بیست سانتیمەترەوە، ئامانج بپێکن.

پیاوە لووتگیراوەکە:

موختار بابەکی، یەکێ بوو لە پووڵ وەرگرەکانی گوو، گووناسێکی باش بوو، بە پیاوەلووتگیراوەکە ناسرابوو، شەوانە تاکاتژمێر: ١٢ دەمایەوە، بەدیار ئاودەستەکان، بەدیار پووڵەوە، بەدیار خزمەتی قوونەوە. بابەکی، دەیگوت: ئەم کارەی من، هەم بژێوییە و هەم چالاکی کۆمەڵگەی مەدەنییە. دڵنەوایی خۆی دەدایەوە جا جار، ئاخر هێندە لووتی گیرابوو بە بۆن تڕ و فس و، خاوێنکردنەوەی کوونی سیفۆنی ئاودەستەکان، شتێک نەمابوو تامی ژیان بکات، هیوایەک نەمابوو لەو شوێنە دەرچێت، تەنانەت لەو شوێنەدا هەندێك هاوڕێی بۆ دروست بوون، حەزیان دەکرد بچنە لای ئەو بۆ گووکردن. شەوانە دەچۆوە ماڵەوە، ژنەکە لە دوورەوە بۆن تڕی لێ دەکرد، هەرچەند ژنەکە زۆر میهرەبان بوو بۆ وەی بابەکیی هەست بە برینی ژیانی نەکات، شەوانە عەتری پێدا دەکرد بۆ کاری سەرجێ، کەچی پیاوەکە لە ناواخنیدا هەست بە شکانێکی گەورەی دەکرد، لووتی گیرابوو، جۆری ڕۆیاڵ و سپۆرت و نێرگزی بە لای لووتیدا نەدەڕۆیشت، منداڵێکی هەبوو بە کوڕی گووناس ناسرابوو، مامۆستاکەی ڕۆژێکیان، لە کوڕەکەی پرسی بوو، کوڕی کێی، باوکت چ کارەیە، ئەویش لە وەڵامدا باوکم گووناسە و ئاودەستەکان پاک دەکاتەوە، هاوپۆلەکانی پێی پێکەنیبوون و هەست بە شکانی خۆی کردبوو. ئیدی لەو ڕۆژەوە، باوکی شکانی خۆی بۆ چاک نەدەبۆوە، بەس کارێکی دی نەبوو.

دادایزم

عاریف و گووناسێك:

پیاوێکی جوان، عاریف، بۆ کاری سەرئاو لایدا، دواتر کە هاتە دەرەوە، گووناسی بەر دەرگا، جەنابی مامۆستای عاریف، پووڵەکەت بدە، کاکە پووڵی چی، خۆت دەزانی ئەوە دەتوانی لە خۆت بپرسی، کە بۆچی مەلایەکان شەو مزگەوت دادەخەن، بۆ وەی تەنانەت پووڵی عاریفێکی وەک تۆش بگەڕێتەوە خەزێنەی دەوڵەت. تۆ چەندە پەیوەندیت، لەگەڵ خودادا هەیە، منیش ئاوها ئاشنایەتییم لەگەڵ گوودا هەیە. گەر من سوپاسی تۆ بکەم، کە قسە لەگەڵ نوورانییەکی وەک تۆدا دەکەم، دەبێت تۆش سوپاسم بکەیت، کە من بەو شەوە لێرە نەبم و ئەو ئاودەستە نەبێت، تۆ بە خۆتدا دەکرد و، بۆ ماوەیەک لەگەڵ خودادا پەیوەندیت دەپچڕا.

مەحموود بەندەری، بە دەر لە پیشە:

بەندەری، دوای پووڵ وەرگرتن، جوێنێکی بە ڕێ دەکرد، بۆ ئاخووندەکان. ئاخر ڕەوا نییە، هەزار و سێسەد کەس گووناس هەبێت لەم وڵاتەدا، لەسەر ئەم ڕایانەی، ڕۆژێک بانگهێشت کرا، بە تۆمەتی جوێن بە ئاخووندەکان، ڕەوانەی دادگا کرا و، حوکمی لە سیدارەدانی بۆ دەرچوو؛ کە لە سێدارە درا: ئەو ڕۆژە لە سەرتاسەری وڵات، گووناسەکان ماتەمینیان ڕاگەیاند و لافیتەیان هەڵواسی و دەرگای ئاودەستەکانیان داخست. بەم هۆیەوە، لەو ڕۆژەدا: زیاتر لە سێزدە هەزار کەس، هەنێکیان خۆیان پیس کرد و، هەندێکیشیان لە خۆیان میزت.

دروود بۆ گووناسەکان.

کۆتایی.

نیسانی ٢٠١٧

هاوپۆلی بابه‌ت
error: Content is protected !!