مێسی لە نیوان بوون و نەبووندا

بڵند جاف

321

یەکی مایۆی ٢٠٠٥، کامپنۆ، یاری نێوان بارسێلۆنا و ئەلباسێتی لەخۆ دەگەرێت. لە خولەکی ٨٦ی یارییەکەدا، یاریزانێکی لاوی پڕچ درێژی بچووک لە جێگای سامیۆل ئیتۆی ئەستێرەی ئەو کاتەی بارسێلۆنا دێتە ناو یاریگاوە. دانیشتوانی بارسێلۆنا دەمێکە دەربارەی ئەم ناوە دەبیستن، ئەمە ئەو یاریزانەیە کە کارلیس ڕیکساچی یاریزان و ڕاهێنەری پێشووی بارسێلۆنا کاتێک دەیبینێت، لە ترسی ڕفاندنی لەلایەن یانە گەورەکانی دیکەوە، خێرا لە نێو ڕێستۆرانێکد لەسەر پارچە دەسڕێک گرێبەستی لەگەڵدا دەنووسێت. یاریزانەکە لەگەڵ تیپی یەکەمدا، پێشتر دوو یاری کردووە و ئەمە سێهەم یارییەتی لەگەڵیان. لە سەرەتادا کە تەماشای جوڵەی دەکەیت، تووشی سەرسوڕمان دەبیت وەختێک دەبینیت بۆ زیادکردنی خێرایی خۆی، تاکوو ئێستاش کەللەسەری لەبری بازووەکانی بەکاردەهێنێت، هەر بۆیە ڕەنگە زۆرێک لە ئامادەبووانی ئەو شەوەی کامپنۆ، لە بەردەم خۆیانەوە وتبێتیان ” ئەمە چ جۆرە یاریزانێکی تۆپی پێیە، کە تاکوو ئێستاش نازانێت بەشێوەیەکی دروست ڕابکات؟!”، لێ وەڵامی لاوە بزۆزە بچووکەکە، خێرابوو، دوای چەند خولەکێک، ڕۆناڵدینهۆی داهێنەر، بە یەکێک لە پاسە ئاسییەکانی خۆی، تۆپەکە دەخاتە بەرپێی لیۆنێل مێسی. یەکەمین کاردانەوەی یاریزانەکە لە کاتی بەرکەوتنی لەگەڵ تۆپەکە، زۆر شت دەربارەی کوالێتییەکەی دەڵێت. ئەمە یاریزانێکە کە کاردانەوەی زۆر خێراترە لە دۆخی ئاسایی، هەر بۆیە چەند جارێک خێراتر لە یاریزانەکانی دەوروبەری دەتوانێت وێنای جوڵەی داهاتوو بکات، ئەمەش وا دەکات بێدەنگ و  لەسەرخۆ دەربکەوێت لە بەردەم تۆپەکەدا. بۆ وەرگرتنی پاسەکەی ڕۆناڵدینهۆ، بە یەک بەرکەوتن، تۆپەکە هێور دەکاتەوە و دواتر چاوەڕێی تەپەی هەڵبەزینەوەی دەکات، لە کاتی دووبارە بەرزبوونەوەی تۆپەکەدا، بە لاپێی دەیخاتە لای چەپی گۆڵپارێزی بێ پەلوپۆوە. لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەمە یەکەمین گۆڵە کە بۆ بارسای دەکات، کەچی هێمنتر لە هەمووان تەماشای ناوبژیوان دەکات، هەر وەک ئەوەی هێرشبەرێک بێت کە خاوەنی ٢٠٠ گۆڵ بێت و سەدەها جار خۆی لە حاڵەتێكی وەهادا بینیبێتەوە، بە بێدەنگی چاوەڕێی بڕیاری ناوبژیوان دەکات. بە بیانووی ئۆفساید، ناوبژیوان گۆڵەکە ڕەتدەکاتەوە، بەڵام دوای یەک خولەک، لاوە بزۆزەکە گۆڵەکە بە هەمان شێواز دووبارە دەکاتەوە، ئەمجارە جیاواز لە جاری پێشوو، مێسی پێش هەمووان ئاهەنگ دەگێڕێت… دیارە هەر بەڕاستی یاریزانەکە ڕوداووی زیاتر دەبینێت بە بەراورد بە هاوڕێکانی.

بۆ زۆرینەی هاندەرانی تۆپی پێ، ئەمە سەرەتای دەستپێکردنی سەردەمی مێسی و گۆڕانی مێژووی تۆپی پێ بوو. هاوکات بۆ هاندەرانی بارسێلۆنا چرکەساتی پاسەکەی ڕۆناڵدینهۆ و گۆڵەکەی مێسی، بە چرکەساتی دەستاودەستکردنی حکومڕانی دادەنرێت لە مێژووی بارسێلۆنادا. لێرەوە بارسێلۆنا بۆ ماوەی زیاتر لە دەیەیەک بوو بە ڕابەری جیهانی تۆپی پێ.

2E4561AB00000578-0-image-m-58_1447073634446
چرکە ساتی دەستاودەستکردنی حکومرانێتی کامپنۆ لە نیوان مێسی و ڕۆنیدا دوای گۆڵی یەکەمی لیونێل لەگەڵ بارسادا.

پێش هاتنی مێسی بۆ بارسێلۆنا، کاتێک یاریزانی ئەمریکای لاتین دەهاتە ئەورووپا، کێشەی بەریەککەوتنی هەبوو لەگەڵ کولتوری ئەورووپیدا. لە ئەورووپا یاریزان لە ڕووی ئەقڵییەوە دەتوانێت ئازاد بێت، لێ لەڕووی هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ جەستەی خۆیدا دەبێت لە ژێر چاودێرییەکی توندووتیژی کۆمەڵیک ڕاهێنەر و پسپۆڕی بوارەکەدا بێت. ئەم دۆخە بۆ زۆرێک لە یاریزانە لاتینییەکان جێگای قبوڵکردن نییە. یاریزانێکی لاتینی کە هەموو تەمەنی وەرزشی خۆی لە سەر شەقام و کەناری دەریاکان بەسەربردبێت، ناتوانێت قبوڵی سیستەمی سەربارزیانەی مامەڵەکردنی یانەکانی ئەورووپا بکات. ئەمە وا دەکات، زۆرێک لە یاریزانە لاتینییەکان کاروانێکی وەرزشی کوورتیان لە ئەورووپادا هەبێت و هەر زوو بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان.

بۆ مێسی دۆخەکە جیاواز بوو، بەو پێیەی لە تەمەنی  ١٣ ساڵییەوە، لەژێر ئەو سیستەمە ڕۆبۆتییەی ئەورووپادا گەورە بووە و بە جۆرێک لە جۆرەکان بووەتە کوڕی سیستەمەکە. هەر بۆیە جۆرێک لە لێکتێگەیشتن و یەکترقبوڵکردن لە نێوان مێسی و ئەو کولتورە ئەورووپییەدا دروست بووە.  لەگەڵ ئەوەشدا، مێسیش بە هەمان شیوەی برا لاتینییەکانی، بەدەر نییە لە  کێشەی بەریەککەوتن  و هەندێک جار پێکدادانیش لەگەڵ کولتوری ئەورووپیدا. ئەم بەریەککەوتنە پێش ئەوەی بەریەککەوتنی نەریتی کۆمەڵگاکان و شێوازی ژیان بێت، بەریەککەوتنی کولتوری یاریکردنی لاتینی و یاریکردنی ئەورووپییە، یاخود تایبەتتر، بەریەککەوتنی کولتوری یاریکردنی لاماسیایە لەگەڵ کولتوری یاریکردنی ئەرژەنتینیدا. چوونکە میسی هەرچەندە لە تەمەنی لاویدا ئەرژەنتین بەجێدەهێڵیت، لێ کاریگەری شیوازی ئەگرەسیڤی خێرا و  هێرشبەرانەی ئەرژەنتینی لەسەر دەمێنێتەوە. هەر بۆیە دەبینین لە هەموو یاریزانێکی دیکەی بەرشەلۆنا زیاتر خەسڵەتی هێرشبردن و یاری ڕاستەوخۆی  تێیدا بەدەردەکەوێت. بۆ نموونە لە کاتێکدا چاڤی و بۆسکی و ئینێستا شێوازی پاسدان و یاریکردنی ناڕاستەخۆی هەنگاو بە هەنگاویان بەسەردا زاڵە، مێسی ئەو یاریزانەیە کە زۆرجار بەرپرسی ئەوەیە کە هێرشەکە خیڕا بکاتەوە و پەلاماری گۆڵی بەرامبەر بدات، خودی ئەم سیفەتی پەلاماردان و هێرشبردنە، لە کولتووری لاماسیادا بوونی نییە، بەڵکوو مێسی لە کولتوری شێوازی یاریکردنی لاتینییەوە وەریگرتووە. لە هەمان کاتدا مێسی هاوشێوەی زڕبرا کەتەلۆنییەکانی خەسڵەتی یاریکردنی لەسەرخۆ و هەنگاو بە هەنگاوی تێیدایە و دەزانێت کە یاری هێمنانە و پاسی کوورت و خێرا بدات. هەربۆیە  دەتوانین بڵێین کە جۆرێک لە هەماهەنگی نێوان هەردوو کولتورەکە لە ناوەوەی مێسیدا دروستبووە.

لەگەڵ ئەوەشدا، دەبێت ئاماژە بەوە بدەین کە  جیاوازی نێوان شێوازی یاریکردنی لاماسیا و ئەرژەنتین لە بارسێلۆنادا دەرناکەوێت، بەو پێیەی لەگەڵ دەستپێکردنی ئەو شۆڕشە فکرییەی کە  پێپ گواردیولا  لە تۆپی پێی ئیسپانیدا ئەنجامیدا، گواردیولا زۆرێک لە خاسییەتەکانی شێوازی یارکردنی ئەمریکای لاتین دەگوازێتەوە بۆ نێو شێوازی یاریکردنی بارسێلۆنا. ئەمەش یارمەتیدەرێکی زۆر باشی ئەوە بوو کە مێسی لە بارسێلۆنادا هەستی ماڵیبوون پەیدا بکات و  بتوانێت لە نێو شێوازی یاریکردنی لاماسیادا مومارەسەی کولتور و نەریتە ئەرژەنتینییەکەی بکات.

لەبەرامبەردا، کاتێك مێسی دەگەڕیتەوە بۆ ئەرژەنتین کێشەی پێکدادانی نێوان شێوازەکانی یاریکردن لە ناوەوەی میسی بە قوڵی دەردەکەوێت. چوونکە  جیاوازی کولتوری یاریکردنی ئەرژەنتینی و لاماسیایی زەقتر دەبێتەوە. ئەمەش وا دەکات کە بەریەککەوتنەکە گەشە بکات و ببێتە پێکدادانی کولتوری. چوونکە بە پێچەوانەی بارسێلۆناوە، لە ئەرژەنتین کولتوری یاریکردنی بارسێلۆنایی جێگای خۆی نەگرتووە، هەر بۆیە مێسی لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانیی ئەرژەنتیندا ناتوانێت مومارەسەی کولتوری یاریکردنی بارسێلۆنایی بکات. لێرەوە کاتێک مێسی بۆ هەڵبژاردەی ئەرژەنتین یاری دەکات، کەلێنێک لە یاریکردنی مێسیدا دروست دەبێت. بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی مەبەست، دەتوانین بڵێین کە  هۆکاری ئەم پێکدادانە کولتورییە بۆ ئەوە دەگەڕیتەوە کە هەر یەک لە گۆشەی پاسدان، شێوازی جوڵە، بیرۆکە پشتەوەی بەرگریکردن و هێرشبردن، چۆنێتی وەستان و چۆنێتی بیناکردنی هێرش لە شێوازی یاریکردنی ئەرژەنتینیدا، بە تەواوەتی جیاوازە و پێچەوانەی کولتوری یاریکردنی لاماسیاییە. ئەمەش وا دەکات بەشە لاماسیاییەکەی مێسی خۆی لە نێو بەشە ئەرژەنتینیەکەیدا نەدۆزێتەوە و لە ئەنجامدا مێسی ناتوانێت بە تەواوەتی گوزارشت لە توانا ڕاستەقینەکانی خۆی بکات.

Messi-ESPN-contract
وێنەی ڕیکساچ لەگەڵ ئەو دەسڕەی کە یەکەم گرێبەستی مێسی و بارسێلۆنای لەسەر نووسرا.

لەگەڵ ئەوەشدا،  دۆخی مێسی، لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتیمانیدا، بە تێپەڕینی کات باشتر بووە، بەو پێیەی کۆمەلێک یاریزانی ئەرژەنتینی دیکەی وەکوو ئەگوێرۆ، هیگواین، دیماریا و هتد… ئەزموونی یاریکردنیان لە ئەورووپا پەیداکرد و لە شێوازی یاریکردنی باوی ئەورووپی شارەزا بوون. ئەمە جگە لەوەی  کە مێسی لە ڕووی کارەکتەرەوە گەشەی بەرچاوی بەخۆییەوە بینی لەسەر ئاستی سەرکردایەتیکردن و هەڵگرتنی بەرپرسیارییەتی. هاوکات، بەشێوەیەک لە شێوەکان مێسی توانی کۆنترۆڵی ئەو شەڕی کولتورە بکات کە لە ناوەوەی خۆیدا بەرپا دەبوو لە نێوان هەردوو کولتورە ئەرژەنتینی و لاماساییەکەدا کاتێک دەگەڕایەوە بۆ ئەرژەنتین. نەک هەرئەوەندە، بەڵكوو توانیویەتی هەندێک خاڵی هاوبەش بدۆزێتەوە  لە نێوان شیوازی یاریکردنەکەدا تاکوو بە هارمۆنیەتێکی زیاترەوە یاری بکات بۆ ئەرژەنتین. بێگومان خودی ئەم گۆڕانە ئەرێنییەی کە بەسەر مێسیدا هاتووە، وایکردووە یاریزانەکە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا، ئاستێكی باشتر بۆ هەڵبژاردەی ئەرژەنتین پێشکەش بکات و بتوانێت لە دواین چوار پاڵەوانێتیدا بگاتە کۆتا یاری پاڵەوانێتییەکان.

ئەرژەنتین و هەنگاوەکانی کۆتایی …

وەک ئاماژەمان پێدا، لەماوەی سالانی ڕابردوودا مێسی بە تایبەتی و ئەرژەنتین بەگشتی ئاستی بەرەو باشتر ڕۆیشتووە و گەیشتە یاری کۆتایی ئەو چوار پاڵەوانێتییەی کە بەشداری تێدا کردووە، لێ هەموو جارێک لە هەنگاوی کۆتاییدا پێ ئەسپەکەی دەخزێت و لە پلەی دووەمدا کێبڕكێکەی تەواو دەکات. دوور لە تاکتیک و کولتوری یاریکردن، دۆخی هەڵبژاردەی نیشتمانیی ئەرژەنتین لە ماوەی چوار پاڵەوانێتییەکەدا لەسەر ئاستی بینای تیپی براوە، گرفت و کەموکوڕی زۆری هەبووە. واتا ئەرژەنتین لە ماوەی ئەم چوار پاڵەوانێتییەدا نەیتوانیوە، تیپێکی پاڵەوانی هەرەوەزکار دروستبکات.

ڕاهێنەری ئەفسانەیی هۆڵەندا  و ئەژاکس ئەمستردام، ڕینۆس میتچێلز، لە کتێبی “دروستکردنی تیپ: ڕێگای سەرکەوتن- team building: the road to success”دا ئاماژە بە چوار ڕەگەزی گرنگ دەدات لە دروستکردنی تیپی تۆپی پێدا. ئەوانیش بریتین لە: (لایەنی دەروونی پرۆسەی دروستکردنی تیپ، لایەنی تاکتیکی پرۆسەی دروستکردنی تیپ، لایەنی ڕێکخستنی تیپ، ستراتیجییەتی دروستکردنی تیپ و تاکتیکی دروستکردنی تیپ). ڕینۆس لە باسی لایەنی دەروونی پرۆسەی دروستکردنی تیپدا دەڵێت ”لە تۆپی پێدا، هەر یەک لە یاریزانەکان خوازیاری جۆرە مامەڵەیەکی تایبەتن لە نێو تیپەکەدا. بەشێوەیەکی غەریزی، هەر یاریزانێک، پاڵپشتی جۆرە تاکتیکێکی تایبەت دەبێت کە ڕێگە بە درەوشانەوەی خۆی دەدات. هەمووان حەز دەکەن یاری بکەن، بەڵام هەر یەک لە ئەوان ئامادەگی جیاوازیان هەیە بۆ دوور ڕۆیشتن لە پێناو بردنەوەدا. هەر بۆیە، پێویستە ئەم میرنشینە بچووکانە بتوێندرێنەوە بۆ ناو یەک تیپ.”

ئەگەر لە ڕوانگەی ئەم لێکدانەوەیەوە تەماشای هەیکەلی دروستکردنی هەڵبژاردی ئەرژەنتین بکەین، ئەوا بە بەڵگەی ڕوونەوە، دەتوانین بڵێین کە هەڵبژاردەی نیشتمانی ئەرژەنتین لە ڕووی دەروونی و مێنتاڵییەوە تیپێکی تەندروستی تۆپی پێ نییە و مەرجەکانی ڕینۆس میتچێڵزی تێیدا نادۆزرێتەوە. چوونکە دەبینین هەر دوای دۆڕانی نازناوی کۆپا ئەمریکای٢٠١٦، زۆرێک لە یاریزانەکانی هەڵبژاردەکە وازهێنانی خۆیان لە یاریکردن ڕاگەیاند. ئەم پەرچەکردارەی یاریزانەکان، پرسیارێکی گەورە لەسەر لایەنی مێنتاڵی و دەروونی تیپەکە دروست دەکات، چوونکە تیپێکی تەندروست لە ڕووی مێنتاڵی و دەروونییەوە، تیپێکە کە بە شێوەیەکی هەرەوەزی یاری دەکات و لە کاتە دژوارەکاندا قوربانی زیاتر دەدات، هەروەها پەیوەندی نێوان یاریزانەکانی تیپەکە توندوتۆڵتر دەبێت لە دۆخێکی وەهادا، ئەمەش  تاکوو پێکەوە لەو دۆخە دژوارە دەربچن. هەربۆیە وازهێنانی یاریزانەکانی ئەرژەنتین، ئەگەر بەڵگە بێت بۆ شتێک، ئەوە بەڵگەیە بۆ ئەوەی کە تیپەکە هەرگیز ناتوانێت ببێتە پاڵەوان، چوونکە لە بنەڕەتدا تۆوی پاڵەوانێتی تێیدا نەچێنراوە.

بەم شێوەیە، ئاشکرایە کە گرفتی ئەرژەنتین لە ساڵانی دواییدا، گرفتێكی زیاتر مێنتاڵی و دەروونیی بووە، نەوەک گرفتێکی تاکتیکی. لەم ڕووەوە دەبێت بوترێت کە  ئەرکی ڕاهێنەرە، تۆوی ڕۆحی هەرەوەزی و یارمەتیدانی یەکتر و بەرپرسیارییەتی هەڵگرتن لە نێوان یەک بە یەکی یاریزانەکاندا دروست بکات. لەسەر ڕاهێنەرە کە تیپەکەی بۆ هەموو ئەو بارودۆخە ناچاوەڕوانکراوانە ئامادە بکات کە دەکرێت تووشیان ببێت. چوونکە نەبوونی مێنتاڵێتییەکی بەهێز و ڕۆحی هەرەوەزی کارکردن، وا دەکات کە لە ناو یاریگادا یاریزانەکان بەرپرسیارێتییەکان بخەنە ئەستۆی یەکتر و خۆیان لە ئەنجامدانی بڕیاری گرنگ و یەکلاکەرەوە بدزنەوە.
خودی ئەم دۆخەش لەگەڵ ئەرژەنتیندا بە بەردەوامی دووبارە دەبێتەوە و دەبینین هەموو کاتێك تیپەکە پشت بە تواناکانی مێسی دەبەستێت لە بردنەوەی یارییەکاندا، ئەمە لە کاتێکدا کە تیپەکە خاوەن یاریزانی بەهرەمەند و بە توانای وەکوو هیگواین و ئەگوێرۆ و زۆری ترە، کە دەتوانن خۆیان بە تەنها تیپێک بەرزبکەنەوە بکەنەوە بۆ لوتکەی هەر پاڵەوانێتییەک کە بەشداری تێیدا دەکەن. هەربۆیە شکستی ئەرژەنتین هەرگیز تاوانی تاکە یاریزانێک نەبووە، جا ئەم یاریزانە چ هیگواین، ئەگوێرۆ و مێسی، یان هەر یاریزانێکیتر بێت. بەڵكوو تاوانی سەرەکی ئەو ڕاهێنەر و دەستەی کارگێڕییەیە کە سەرپەرشتی هەڵبژاردەی وڵاتەکە دەکەن. 

کارەکتەر و مێنتاڵێتی مێسی وەرزشەوان

لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، ژیانی وەرزشی یاریزانی تۆپی پێ، هاوشیوەی وەرزشەکانی تر، ژیانێکی کۆمەڵایەتی پڕ لە چالاکی و تێکەڵبوونە لەگەڵ ئەوانیتردا. یاریزانی تۆپی پێ بە درێژایی ژیانی خۆی خواردن، خەوتن، خۆشووشتن، گەڕان و سەفەرەکانی خۆی لەگەڵ کۆمەڵێک یاریزانی دیکەدا دابەش دەکات. لێرەوە یاریزانی تۆپی پێ دەبێتە یەکێک لە هەرە کۆمەڵایەتیترین کەسەکانی ناو کۆمەڵگا.

ئەگەر لەم ڕوانگەیەوە تەماشای مێسی بکەین، ئەوا مێسی بە تەواوەتی بە پێچەوانەی ئەم کولتور و نەریتە سروشتیانەی یاریزانەوە دەژی. چوونکە  کارەکتەری مێسی زیاتر لە کارەکتەری هونەرمەندێک یاخود نووسەرێک دەچیت، نەوەک یاریزانێکی تۆپی پێ. بۆ نموونە، ماوەی چەند ساڵێکە ( تاکوو پێش هاتنی لویس سوارێز)، مێسی هیچ پەیوەندییەکی قووڵی لەگەڵ یاریزانەکانی هاوڕێیدا نەبووە، بەڵکوو بە شێوەیەک لە شیوەکان گۆشەگیر و تەنها بووە. زۆرجار ڕاپۆرتە هەواڵییەکان دووپاتی ئەوەیان دەکردەوە، کە ژیانی ڕۆژانەی خۆی لەنێوان بەکارهێنانی یاری ئەلیکترۆنی و مەشق و راهێناندا بەسەردەبات. هاوکات مێسی لە پەیوەندییەکی توندتۆڵدایە لەگەڵ خێزانەکەی خۆیدا و گەڕان و دەرچوونی زۆر کەمە. ئەمە لە کاتێکدا یاریزانەکانی تر نەک تەنها حەزێکی زۆریان بە دەرچوون و گەڕان هەیە، بەڵکوو یەکێک لە کێشە باوەکانی یاریزانانی تۆپی پێ ئەوەیە کە ناتوانن کۆنترۆڵی دەرچوون و خواردنەوە و گەڕانەکانی خۆیان بکەن، بە جۆرێک ئەم ڕەفتارانەیان دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستیان و لەئەنجامدا بەخێرای لە دەرگا بچووکەکەی ئاستە بەرزەکانی تۆپی پێ دەکرێنە دەرەوە. 

لێرەوە تێدەگەین، کە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر لیۆنێل مێسی نییە. بەڵکوو بە پێچەوانەوە، مێسی گرنگی بەو بەها کۆمەڵایەتییانە نادات کە وا دەکات یاریزان زیاتر خۆشەویست ببێت لەلایەن هاندەرانەوە، بەجۆرێک زۆر جار کەمی دەرکەوتنی، کاریگەری خراپی لەسەر ناو و نازناوی یاریزانەکە هەبووە کە ئەمەش وایکردووە هاندەران بە تەواوەتی لە کارەکتەری مێسی تێنەگەن، یاخود هاندەران نەیانتوانیووە لە پەیوەندی ڕاستەخۆدابن لەگەڵیدا و هەستێکی هاوسۆزی لەگەڵ دروستبکەن. سەڕەرای هەموو ئەم کاریگەرییە نێگەتیڤانەی کە کاراکتەری  مێسی دروستی کردووە، دەبینین یاریزانە  گرنگییەکی زۆری بەم گرفتانە نەداوە  و خۆی ناچاری دەرکەوتن و مامەڵەکردنی ئیعلامیانە نەکردەوە لەگەڵ ئەوانیتردا. هەربۆیە بڕیاری وازهێنانی لەیاریکردنی نێوەدەوڵەتی، بەهیچ شێوەیەک بۆ کەمکردنەوە پاڵەپستۆ و گوشار نەبووە، بەڵکوو هەندێک هۆکاری دیکە لە پشتی ئەم بڕیارەوەیە کە ئێستا دێینە سەر باسکردنی.

CJG-OLuWgAE5zDi
مێسی و نازناوەکان، لە دوا هەنگاودا، بەیەک ناگەن.

 بەشێوەیەکی مشتومڕئامێز، ڕەنگە مێسی باشترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێ بێت، وەلێ وەکوو وەرزشەوان، لە ڕووی مێنتاڵییەوە، دەکرێت مێسی، تەنانەت بە یەکێک لە باشترین وەرزشەوانەکانیش دانەنرێت. لەڕووی مێنتاڵییەوە وەرزشەوانی بەهێز ئەوەیە کە هەمیشە شەڕ بۆ ئەوە بکات کە شتێک بهێنێتە بوون کە بوونی نییە. بۆ نموونە وەرزشەوانێک کە ١٠٠م بە ١٠ چرکە دەبرێت. ئەگەر وەرزشەوانی راستەقینە بێت جەنگی ئەوە دەکات کە هەمان ١٠٠م بە ٩ چرکە ببڕێت، ئەگەرچی بشزانێت کردنی کارێکی وەها مەحاڵە. بە مانایەکی تر وەرزشەوانی ڕاستەقینە هەمیشە شەڕی ئەوە دەکات کە مەحاڵە. کەواتە باشترین وەرزشەوانەکانی مێژوو، ئەوانەن کە هەموو بوونیان لە نەبوونەوە دێننە دی. وە خراپترین وەرزشەوانەکان ئەوانەن کە خاوەن بەهرەیەکی سروشتین و پێویستیان بە بەدیهێنانی مەحاڵ نییە تاکوو ببنە باشتر.

ئاشکرایە کە  مێسی شانبەشانی چەند یاریزانێکی تر، خاوەن کامڵترین بەهرەیە لە  مێژووی تۆپی پێدا.  ئەمە وایکردووە کە  هەر لە سەرەتای تەمەنی وەرزشی خۆیەوە، هەر شتێک کە بۆ ئەوانی تر مەحاڵ بێت، ئەم بە ئاسانی ئەنجامی بدات. هەر وەکوو ئەوەی کە مێسی پێویستی بە کردنی مەحاڵ نەبێت تاکوو ١٠٠م بە ٩چرکە ببڕێت، چوونکە لە بنەڕەتدا مێسی دەکرێت بتوانێت١٠٠م بە ٩چرکە ببڕیت. ئەمە وایکردووە مێسی هەرگیز پێویستی بە بەرەنگاربوونەوە و شەڕکردن لەسەر هێنانە بوونی شتێکی نەبوو نەبێت. چوونکە مێسی هەموو ئەو شتانەی کە کردوویەتی، شتگەلێک بوونە کە خۆی دەتوانێت بە شێوەیەکی سروشتی  ئەنجامیان بدات. ئەم حاڵەتە سروشتییە وایکردووە کە  مێسی ئەزموونی بەرەنگاربوونەوە نەکات. خودی ئەزموون نەکردنی بەرەنگاربوونەوەش وایلێکردووە هەرگیز نەتوانێت شتێکی نەبوو بهێنێتە بوون. لە ئەنجامی ئەم حاڵەتەدا، مێسی  لە دۆخی بەرەنگاربوونەوەدا، حەزی تەسلیم بوونی تێیدا دروست دەبێت. 

لێرەوە دەتوانین بلێین کە  پرسی بردنەوەی نازناوێک لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانی ئەرژەنتیندا ئەو مەحاڵەیە کە دەبێت مێسی بیهێنیتە بوون. بەم شێوەیە  تێدەگەین، کە بڕیاری وازهێنانی مێسی لە یاری نێودەوڵەتیدا، بڕیارێکی تەواو هەستەکی نییە، بەڵکوو بەشێکی زۆری ئەو بڕیارە، قبووڵکردنی دۆخێکە کە پێیوایە ناکرێت سەربکەوێت بەسەریدا. ئەمە وا دەکات گەڕانەوەی مێسی و سەرکەوتنی پەیوەست بێت بە تێگەیشتنی مێسی لەو حاڵەتەی کە پێیدا تێپەڕدەبێت. چوونکە لە ئەگەری گەڕانەوەیدا، پێویستە مێسی درک بەوە بکات لە ڕووبەڕووبوونەوەی مەحاڵدا تەسلیم بوون، بوونی نییە. هاوکات پێویستە مێسی بە تەواوەتی ئامادەی ئەوە بێت کە ئەزموونێکی تەواو جیاواز بکات لە ژیانیدا، کە ئەویش ئەزموونی بەدیهێنانی مەحاڵە. سەختی ئەم کارە لەوەدایە کە میسی ئامانج و مەبەستەکانی پشت ئەم جەنگەی لەبیربچێتەوە، یاخود بەهەڵە لێیتێبگات. چوونکە گەڕانی مێسی بە دوای نازناوێک لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرژەنتیندا. گەڕانی یاریزانێک نییە بە دوای شكۆمەندیدا. هەروەها گەڕان نییە بەدوای ڕازیکردنی هاندەراندا. گەڕانی مێسی بە دوای نازناوەکەدا گەڕانی میسییە بە دوای بەشێکیتر لەخۆی. گەڕانی یاریزانێکە بەدوای ئەوەی کە باوەڕی نەدەکرد بیکات. گەڕانی مرۆڤێکە بەدوای بەدیهێنانی ئەوەدا کە پێیوابووە مەحاڵە. لەم ڕێگەیەدا، بردنەوە و دۆڕاندن، دەستکەوت و نازناو جگە لە کەرەستەیەک زیاتر هیچیترنین. چوونکە ئەگەربێتوو مێسی بگات بە نازناوەکان، ئەوا دەبێت بەشیک لەخۆی بکات بە قوربانی، تاکوو شتێكی چاوەڕواننەکراو لە خۆیدا بهێنێتە بوون. 

پوختە: دەکرێت بڵێین کە بەهرە و ڕێرەوی ژیانی مێسی وەکوو یاریزان دیارییەکی سروشت بووە بۆ لاوە ئەرژەنتینییەکە. خودی ئەوەی کە بە بەهرەیەکی وەها مەزنەوە گەورەببیت، دیارییە. خودی ئەوەی لە تەمەنی منداڵییەوە لە نێو قوتابخانەیەکی وەکوو لاماسیادا مومارەسەی تۆپی پێی کردبێت، دیارییە، لێ هەموو دیاریەک، یاخود هەموو بەهرەیەک بە تەنها نایەت و گرفت و کەموکوڕی لەگەڵ خۆیدا دێنێت. ئەم کەموکوڕیانە هیچ نین جگە لە یارمەتیدەر بۆ زیاتر دەرخستنی ئەو لایەنانەی کە دەکرێت ئاشکرا ببن. واتە کەموکوڕییەکان بەشێکن لە بەهرەی یاریزانەکە کە پێویستە وەکوو کەرەستەیەک بەکاریانبهێنێت تاکوو ئەو بوونە بهێنێتە بوون کە هێشتان نەیبووە.

مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە! ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.
مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!
ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.

You might also like More from author

Comments are closed.