میشێل فوکۆ میکرۆفیزیکی دەسەڵات

432

نووسینی: کلێمانت لوفرانك
وەرگێڕانی لە فەڕەنسییەوە: هەڵگورد سەمەد

لە ئێستەدا دەسەڵات لە رێگەی زانینەوە و بە هۆی دامەزراوەکانی وەکو (قوتابخانە، کارگە، بەندیخانە…) خۆی دەسەپێنێت. بەهۆی ئەم وردە دەسەڵاتانەوە(micopouvoir) دەسەڵات وردبۆتەوە بۆ ناو هەموو دامەزراوەکان و کۆمەڵگە کۆنتڕۆڵ دەکات. ئەمە یەکەمین تێزی فوکۆیە لە بەشێکی تایبەتدا لەژێر ناوونیشانی(خەمی خود) لە کتێبی(مێژووی سێکسواڵێتێ)دا باسی دەکات.
میشێل فوکۆ(1926-1984)، یەكێکە لە رووخسارە هەرە گرینگ و دیارەکانی سەر شانۆی فیکر و فەلسەفە لە جیهاندا. لە نێوان ساڵانی 1970 تا 1984 لە کۆلێژەی فەڕەنسی مامۆستا بووە و وانەیەکی تایبەتی وتۆتەوە بەناوی(مێژووی سیستمەکانی هزر)
بۆ فوکۆ پرسی دەسەڵات یەکێکە لە بابەتە گرینگەکان، بە جۆرێک کە لە زۆربەی بەرهەمەکانیدا راڤەی دەکات. بۆچوونەکانی ئەو دەربارەی دەسەلات لە هەموو تیۆر و بۆچوونەکانی پێش خۆی جیایە.
میشێل فوکۆ خوێندنەوەیەکی تر بۆ دەسەڵات پێشنیاز دەکات بەو شێوەیەی کە پەیوەندییە لە نێوان هێزی هەمەجۆردا. ئەم هێزانە لە ئەندازەی وردەکۆمەڵگەدان(microciologique) کە چالاکییەکانی مرۆڤ لە کۆمەڵگەدا رێك دەخەن. بەشێوەیەکی تر دەتوانین بڵێین کە دەسەلات لە تەنیا شوێنێکدا قەتیس نەبووە لەوانە لە (ئەنجوومەنی نیشتمانی، دەستەی کارگێڕی* ، کۆمپانیا گەورەکان…)، بە پێچەوانەوە بە فرەئامادەبوونەکەی، کە ئامادەبوونێکی بەربڵاوی لە هەموو شوێنێك هەیە، خۆی پێناسە دەکات. وەکو تەوژمێکی تێپەڕە کە هەموو ئەندامەکانی لەشی کۆمەڵگە پێکەوە دەبەستێتەوە. تێزەکەی بە شێوەیەکی وردتر بەرەورووی ئەو شیکارە دەبێتەوە کە دەسەڵات دەبەستێتەوە بەو فۆرمە دەرەکییانەی زاڵبوونەوە. لەلای فوکۆ دەسەڵات لە سەرەوەڕا زاڵ نییە، بەڵکو لە ژێرەوەی کۆمەڵگەدا کار دەکات. لە بەرامبەر یاسادانەراندا، ئەو پێی وایە کە ناکرێت دەسەڵات ببەسترێتەوە بە کۆمەڵێك ئامرازی یاساییەوە کە ئامانجیان ئەوە بێت هاووڵاتییان ملکەچی کۆمەڵێك رێسا بکەن کە دەوڵەت بڕیاری لەسەر داون. لە بەرامبەر دەرونشیکاراندا، دەسەڵات تەنیا لە گۆشەنیگای ڕووخساری هێمائامێزاکانی باوک، سەرۆك، یاسا… پێناسە ناکات. لە بەرامبەر مارکسیستەکاندا، فوکۆ دەسەڵات و سیستمی گشتگیری زاڵبوون(domination) جیا دەکاتەوە، کە لە رێی دامەزراوە داپڵۆسێنەرەکانەوە پیادە دەکرێت. ئەو دەزگایانەی کە لوی ئاڵتۆسێر(Louis Althusser) بە دەزگاکانی ئایدۆلۆژی دەوڵەت ناویان دەبات وەك قوتابخانە و دادگا. دواجار فوکۆ بەوە خۆی لە دەستەبژێری تیۆریستەکان جودا دەکاتەوە (ڤیلفرێدۆ پارێتۆ، شارڵ و میڵس) کە پێیان وایە دەسەڵات ئامرازێکی دەگمەنە کە کەوتە دەستت دەتوانی دەستەبژێر و خەڵك پێی ڕووبەڕووی یەکتر بکەیتەوە. تێڕوانینی بۆ دەسەڵات ئەوەیە کە دەسەڵات وەك تەوژمێکی کارەبایی وایە کە ناتوانێت لەناو دامەزراوەکاندا خۆی چڕ بکاتەوە، بۆیە ئەمە وا دەکات کە لە شوێنێکی تردا بۆ راڤەکردنی دەسەڵات بگەڕێین. لە راستیدا لای فۆکۆ دەسەڵات راستەوخۆ لەسەر لەش کار دەکات. لەناو دڵی کارگە، خێزان و سەربازگەدا، لە ڕێگەی رێوڕەسم، دیسیپلین و فەرمانەکانەوە لەش وا ڕادەهێنن کە ببێتە کانزایەکی ئامادە بۆ کارکردن. بۆ نموونە مەبەست ئەوەیە، لە سەرمایەداریی نوێدا ئەو وزە سەرکەشەی کە مرۆڤەکان هەیانە لە قاڵب بدرێت، بە ئامانجی رام کردن و گۆڕینی بۆ هێزی کار. لە کتێبەکەیدا(ویستی زانین-La Volonté de savoir – 1976) فوکۆ روانینی خۆی بەوە ڕوون دەکاتەوە کە چوار تایبەتمەندی بۆ دەسەڵات دیاری دەکات: – دەسەڵات خۆی لە خۆیدایە (لە خودی شتەکان دایە): نەبەستراوەتەوە بە سەرەوە، بەڵکو بنکەی لۆکاڵی هەیە وەك(پەیوەندی نێوان تۆبەکار و قەشە، کرێکار و خاوەنکار، منداڵ و پەروەردەکار….) -دەسەڵات بە بەردەوامی لە گۆڕاندایە: پەیوەندی هێزەکان بەشێوەیەکی بەردەوام لە گۆڕاندان لە نێوان منداڵ و پەروەردەکاردا، لە نێوان کرێکار و خاوەن کاردا، کە راڤەکاری نەریتییانەی باو بۆ دامەزراوەکان ناتوانێت ئەوە روون بکاتەوە. -دەسەڵات لە دوو مەرجایەتیدا(conditionnement) خۆی دەبینێتەوە: سەرەڕای تایبەتمەندییە میکرۆفیزیکەی، دەسەڵات ملکەچی لۆژیکێکی گشتگرە کە یارمەتیدەرە بۆئەوەی کۆمەڵگەیەك شی بکەینەوە لە سەردەمێکی دیاریکراودا. -دەسەڵات لە زانین دانابڕێندرێت: هەموو پنتێکی بەکاربردنی دەسەڵات لە کۆمەڵگەیەکی مۆدێرندا بەهەمان شێوە شوێنێکە بۆ فێربوونی زانین. ( لەبارەی زیندەوەرەوە، لەبارەی شێتییەوە، لەبارەی سێکسەوە، هەروەها لە بارەی سەرەتای منداڵییەوە و هونەری بەرهەمهێنانەوە…) بە شێوەیەکی ئەندازەیی هەموو زانینێکی جێگیرکراو لە توانایدایە کە گەرەنتی بەکاربردنی دەسەڵات بکات. واتە زانین دەسەڵاتت پێ دەبەخشێت. بۆ نموونە ئەو زانینانەی کە بە دەزگایی کراون و ئەو زانیارییانەی کە دامەزراوەکان بەرهەمی دەهێنن(دیمۆگرافی، تاوانناسی…) شێوازێکە لە ناسینی هاووڵاتیان بۆ باشتر بەڕێوەبردن و کۆنترۆڵکردنیان.
سەرهەڵدانی کۆمەڵگەی دیسیپلین کراو فوکۆ بەمشێوەیە لە پەرتووکەکەیدا (چاودێری کردن و سزادان 1975) ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن لە هەموو ئەوروپادا لە سەرەتای سەدەی 19ەوە ئەشکەنجەدان نامێنێت، لەجێی ئەوەدا نەخشەکێشانێکی زیرەکانە و بە ئاگایانە بۆ سزادان جێی دەگرێتەوە. ئەو لە کتێبەکیدا دەڵێت: “ئەوە لە ڕێی جەستەیەکی ئەشکەنجە دراوەوە نییە، بەڵکو لە رێی جەستەیەکی ملکەچەوەیە کە ئێمە دەتوانین دەست بەسەر ویستی کەسەکاندا بگرین.” لێرەوەیە دەسەڵاتێکی دیسیپلینی راستەقینە لەدایك دەبێت، کە لەهەمان کاتدا گیانەکانیش و جەستەکانیش ملکەچ دەکات کە ئایا لە زینداندا بێت، لە خەستەخانەدا بێت، لە سەربازگەدا بێت، لە قوتابخانەدا بێت یان لە شوێنی کاردا بێت. خشتەی گوزەران** کاریگەرییان بەسەر لەشەوە هەیە لە یەك بەیەکی جوڵەکانیدا. رێساکان جوڵەکانی هەموو چالاکییەك دەستنیشان دەکەن، شێوەی دانیشتنی خوێندکار لەکاتی نووسین، جوڵەی سەربازیی، رەزمی لەش بۆئەوەی هاوشانی رەزمی ئامێرەکان بڕۆات لە کارخانەدا… وەك پرۆسەیەکی ئەرێنی کار و ملکەچکار مەبەست لە تاقیکردنەوە چەسپاندنێکی زانستیانە دەدات بە تایبەتمەندییە جیاوازییەکانی کەسەکان (هەر کەسە و لە بوارێكدا لە قاڵب دەدات). ئەم پرۆسەیە خوێندکار، نەخۆش و شێتیش دەگرێتەوە. لەبەرئەمەیە کە فوکۆ پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە کۆمەڵگەی دیسیپلینی زانستە مرۆییەکانی بەرهەم هێناوە (دەرونناسی، دەروونشیکاری، تاوانناسی …) هەروەها “دەسەڵاتی گەردوونی بەهاوشیوە کردن” واتە هەموومان هاوشێوە دەکات. لە رێی کارمەندەکانییەوە کە مامۆستاکان، پەروەردەکارەکان، پزیشکەکان و پۆلیسەکانن کە هەڵدەستن بە کاری دەستنیشان کردن و جیاکردنەوەی ریزپەڕەکان (لادەرەکان لە رێساکان). فوکۆ بەم جۆرە دەستنیشانکارییەی(diagnostic) مۆدێرنیتێمان و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی پرسی دەسەلات، بناخەی باوەڕە باو و جێگیرەکانمان هەڵدەتەکێنێت، ئەو باوەڕە باوانەی کە لە فەلسەفەی رۆشنگەراییەوە جێگیر بووبوون. ئەو زۆر بە روونی پێشانی دەدات چۆن پێویستە ژێرزەمینی کۆمەڵگەی دیسیپلینیمان بکێڵین.
کۆنسێپتەکان: بیۆپۆلەتیك: ئەم دەستەواژەیە باس لەو گۆڕانکارییە دەکات کە بەپێی میشێل فوکۆ لە کۆتاییەکانی سەدەی 18 و سەرەتاکانی سەدەی 19دا هاتە کایەوە: دەسەڵات لەوکاتەوە تەنیا هەوڵی بەڕێوەبردنی تاکەکان نادات، بەڵکو هەوڵی ئاراستەکردنی کۆمەڵەکان دەدات لە رێی نەخشەدانان بۆ تەندروستی و پاکوخاوێنی و سێکوالیتێ و وەچەخستنەوە. بەڕێوەبردنی “ژیان” بووە بە ئامرازێکی رامیاری وەك لەو رێنماییانەدا دەردەکەوێت لەژێر ناوی”تەندروستییی گشتی” دان.
خەمی خود؛ ئەم چەمکە درەنگ لای فوکۆ دەرکەوت، مەبەست لێی ئەو رێوشوێنانەیە کە تاك دەیانگرێتەبەر و بەکاریان دەهێنێت بۆ بونیادانانی خۆی و گۆڕینی خۆی. بە پشت بەستن بە فەیلەسووفە دێرینەکان، فوکۆ پێمان دەڵێت دوور لە خۆبینین(خۆ سەرنجدان) و ئایدۆلۆژیای”گۆڕینی کەسایەتی” ئەم خەمەی خود لە قووڵاییدا سیاسییە.. مەبەست لەوەیە کە لە رێی روخساری وەستایەکی رێپیشاندەر ژیانی خۆت بدەیتە دەست ئەو پرەنسیپانەی کە خۆت بۆ خۆتی دەستنیشان دەکەیت. فوکۆ ئەم چەمکە وەك شێوازێکی دەسەڵات پێناسە دەکات، دوو لە هەموو خۆپەرستییەك.. خۆ بەڕێوەبردن ئەوەیە کە خۆت بخەیتە دۆخێکەوە کە بتوانیت ئەوانیتر بەڕێوەبەریت.

 

پەراوێز:
*دەستەی کارگێڕی(Le conseil d’administration -CA) دەستەیەکە پێکدێت لە کۆمەڵێك کەس کە دامەزراوەیەك بەڕێوە دەبەن. بۆ نموونە (رێکخراوێك، کۆمپانیایەك یان فەرمانگەیەکی گشتیی) کە پێکدێت لە سەرۆك و چەند ئەندامێك هەندێك جار بە هەڵبژاردن و هەندێ جاریش بە دیاریکردن(تعین) دادەنرێن. **خشتەی گوزەران(Les emplois du temps): دابەشکردنی کاتەکانی کارکردن، پشوو و گەشت و …هتد.


 

سەرچاوە: گۆڤاری وەرزیی زانستە مرۆییەکان(des sciences humaines) ژمارە 30ی ئایاری 2013.


بابه‌تی: گۆڤاری مه‌ده‌نیه‌ت ژماره ٣٢

You might also like More from author

Leave A Reply

Your email address will not be published.

error: Content is protected !!