ململانێی داڕشتنەکان (١)

بڵند جاف

407

تۆپی پێ فرە ڕەهەندە، تێیدا وەرزشەکە کاریگەر دەبێت بە کۆمەلێك فاکتەری جیاواز. ئەم فاکتەرانە هەندێکیان دەرەکین و پەیوەندیان بە یاریزانەوە هەیە، وەک: توانای جەستەیی،مێنتاڵی و دەروونی یاریزان کە کاریگەریان هەیە بەسەر جۆری ئەو تۆپی پێیە کە پێشکەش دەکرێت. هاوکات هەندێک فاکتەری دیکە هەن کە ناوەکین، واتا لە ناوەوە یارییەکەدا دەگوزەرێن و پەیوەندیان بە سروشتی یارییەکەوە هەیە، لەوانە: لایەنی فیزیایی، درێژی و پانی یاریگا،یاسا و ڕێساکان کە یارییەکەی پێ بەڕێوەدەچێت و هەرەەها فاکتەری تاکتیک، کە لەم زنجیرە بابەتەتدا تیشکی زیاتر دەخەینە سەری.

تاکتیک کە لە پشتەوەی هەموو جوڵە و کردەیەکی یاریزان دەوەستێت لە نێوان یاریگادا و  بە فاکتەرێکی گرنگ دەدەنرێت کە بە درێژای گەشەکردنی یارییەکە، ئەمیش ڕۆڵ و کاریگەری خۆی گەورەتر و فراوانتر کردووە. بە جۆرێک لە ئەمڕۆی تۆپی پێدا، هەژموونی بەسەر هەموو فاکتەرەکانی دیکەدا هەیە. چوونکە لە ئەمڕۆدا زۆرێک لە یانەکان کە بە هۆی لاوازی کوالێتی و کەمی ئەزموونەوە، لە کێبڕكیی بردنەوەی نازناوەکان دووردەخرێنەوە لەلایەن هاندەرانەوە، کەچی دەبینین لەکۆتایدا دەبنە پاڵەوان، یاخود هەنگاوی باش دەنێن و لە کورسی یەکەمی پاڵەوانێتییەکە نزیک دەبنەوە. نموونەی زیندووی ئەم دیاردەیش دەکرێت لە: ئەتلەتیکۆمەدرید، لیستەرستی، ناپۆلی، چێڵسی…هتد بەرجەستە ببێت کە لە چەند ساڵی پێشوودا توانیویانە لە ڕێگای تاکتیکی بەهێزی باڵادەستەوە بگەنە پلەی بەرز لە نێوان پاڵەوانێتییە جیاوازەکاند، سەرەڕای ئەوەی لە ڕووی کوالێتی یاریزان و ئەزموونەوە بە چەند هەنگاوێک لە دواوەوەی یانە زلهێزەکانی دیکە بوونە.

دەکرێت بڵێین کە تاکتیک لە سادەترین شێوەی خۆیدا، بریتییە لە داڕشتنی جیاواز کە لەڕێگای ژمارەوە ئاماژەیان بۆ دەکرێت. ٤-٤-٢، ٣-٥-٢، ٤-٣-٣، ٣-٤-٣، ٥-٤-١..هتد نموونەی بنەڕەتی ئەو ژمارە زۆرە داڕشتنانە کە لە دنیای گەمەکەدا بەکاردەهێنرێت. هەموو ئەم داڕشتنە جیاوازانە کاریگەری خۆیان هەبووە بەسەر مێژووی بەرەوپێشچوونی تۆپی پێ، بەڵکوو هەر یەک لەم داڕشتنانە مێژوو و هۆکاری دەرکەوتنی خۆیان هەیە کە دەکرێت لە ڕێگای ئەم زنجیرە بابەتەوە بەشێوەیەکی پوخت بچێنەوە سەرییان، تاکوو لە نزیکەوە لەو هۆکارانە تێبگەین کە وا دەکات ٤-٣-٣ لە ٤-٤-٢ نەچێت، یاخوود ٣-٥-٢ بەرامبەر ٤-٣-٣ لاواز دەربکەوێت لە هەندێک حاڵەتدا و لە هەندێک حاڵەتیتریشدا بەهێز دەربکەوێت. یان بە دوای وەڵامی ئەوە بگەڕێن کە بۆچی ٤-٥-١ داڕشتنی  بەرگریکارانەیە و داڕشتنی ٣-٤-٣ هێرشبەرانەیە؟؟  یاخود چۆن یاریزانی هێڕشبەر جۆرە ئەرک و تایبەندمەندییەکی جیاوازی هەیە لە داڕشتنی ٤-٣-٣، بە بەراوارد بە هێرشبەری نێو داڕشتنی ٣-٥-٢ ؟؟؟

لێرەوە دەکرێت بڵێین کە زنجیرەی ململانێی داڕشتنەکان، بە شێوەیەکی کورت و پوخت تیشك دەخاتە سەر ئەو تایبەتمەندی، کەمووکورتی و  چۆنێتی کارکردنی بەشێک لەو داڕشتنانەی کە بە بناغە و بنەڕەتی داڕشتنە تاکتیکییەکانی نێو دنیای تۆپی پێ دادەنرێن. هاوکات هەوڵدەدەین چۆنێتی هەڵسوکەوت و مامەڵەی ئەم داڕشتنانە بزانین کاتێك دەکەونە بەرامبەر یەکتر. چوونکە کاتێک ئەم داڕشتنانە دەکەونە بەرامبەر یەکتر، خاڵی لاواز و بەهێزیان دەردەکەوێت و هاوکات قەبارەی کاریگەری و باڵادەستییان دەچیتە ژێر تاقیکردنەوەوە، بۆیە پێکدادانی داڕشتنەکان بە خاڵێکی جەوهەری دادەنرێن بۆ مەزندە کردنی توانا و هێزیان.442flat

سەرەتا لەگەڵ داڕشتنی ٤-٤-٢دا دەست پێدەکەین کە داڕشتنێکی بنەڕەتی تۆپی پێیە. داڕشتنی ٤-٤-٢ کاریگەری ڕاستەخۆی بەسەر تۆپی پێیەوە هەبووە، بەو پێیە بە درێژای ماوەی گەشەکردنی یاری تۆپی پێ، ئەمیش توانیوێتی خۆی بگونجێنێت و بەجۆرێک لە جۆرەکان هەمیشە خاڵی بەهێزی زیاتر و زۆرتری لە خۆیدا ئاشکرا کردووە، تاکوو ڕاهێنەرەکان ناچار بکات بەکاریبهێنن.

لە بنەڕەتدا، پلانی ٤-٤-٢ لە سێ هێڵی یاریکردن پێکدێت کە ئەوانیش لە دوو هێڵی چوار یاریزانی بەرگری و ناوەڕاست پێکدێن، لەگەڵ هێڵێکی دوو یاریزانی هێڕشبردن.

هێڵێ بەرگری ٤-٤-٢، دەکرێت بە دوو شێوە پێکبهێندرێت. دەکرێت بەشێوەی flat/تەخت بەکاربهێندرێت، واتا هەرچوار یاریزانەکە لەسەر یەک هێڵی یەکسان ڕادەوەستن و جوڵەیان بۆ پێشەوە و پاشەوە هاوکات و هاوهەنگاو دەبێت. هەروەها بەشێوەیەکی دیکەیش دەکرێت هێڵی بەرگری ڕێکبخرێت، ئەویش لە ڕیگای بەکارهێنانی یەکێک لە دڵەکانی بەرگری وەکوو سویپەر/لیبرۆ. ئەم یاریزانە ئەرکی ئەوەیە کە هەنگاوێک یان دوو هەنگاو(بەپێی توانای کاردانەوە و خێرای خۆی) لە دواوەی ئەو سێ یاریزانەکەی هێڵی بەرگری بمێنێتەوە تاکوو ناوچەکانی پشتەوەی ئەو سێ یاریزانە دابپۆشێت و لە ئەگەری دزە کردنی تۆپ لە نێوان ئەو سێ یاریزانەوە، ئەم سویپەرە ئامادە دەبێت تاکوو هێرشی تیپی بەرامبەر پوچەڵبکاتەوە.

لە هێڵی ناوەڕاستدا، داڕشتنەکە دوو یاریزانی لە چەقی ناوەڕاستدا یاریدەکەن و دوو یاریزانەکەی دیکەیش، وەکوو باڵەکانی ناوەڕاست یاری دەکەن. ئەرک و تایبەنمەندی دوو یاریزانەکەی چەقی ناوەڕاست گۆڕانی بەسەردا دێت، بەپێی بیرۆکەکانی ڕاهێنەر، بەڵام زۆرترین دووبارە بوونەوەی دووانەی چەقی ناوەڕاست، لەو شێوەدا بووە کە یەکێک لە یاریزانەکان توانای دروستکردنی یاری و دابەشکردنی تۆپ زۆر باش بووە، لەبەرامبەردا یاریزانی دووەمیان تایبەندمەندی بەرگریکارانەی باڵادەستتر بووە لە چاو هاوڕێکەیدا، بەمەش زیاتر سەرقاڵی بچڕاندنی تۆپ،پوچەڵکردنەوەی هێرشی بەرامبەر و یارمەتیدانی هێڵی بەرگری بووە.

لە ناوچەی باڵەکانی بەرگریدا، ئەم دوو یاریزانەی لای ڕاست و چەپ، بەپێ سەردەمەکانی تۆپی پێ گۆڕانیان بەسەردا هاتووە، بەڵام جۆری گۆڕانەکەیان دەکرێت سنوردار بکرێت لە نیوان مانەوە لە ناوچەکانی بەرگری، بەبێ بەشداریکردن لە قۆناغی هێرشبردن، یاخود بەشداریکردن لە هەردوو قۆناغی بەرگری و هێڕشبرندا. هەرچەندە لە چەند ساڵی رابردوودا یاریزانی باڵەکانی بەرگری، هەندێک تایبەندمەندی دیکەی بۆ زیادکرا، تاکوو بتوانێت بەشداری دروستکردنی یاریی بکاتەوە و زیاتر بسوڕێتەوە بۆ ناوەوەی یاریگا تاکوو وەکوو یاریزانێکی دیکەی هێڵی ناوەڕاست یاریبکات.

سەبارەت بە یاریزانەکانی باڵی ناوەڕاست، بە هەمان شێوە دەتوانین بڵێین، کە بە پێی گەشەکردنی تۆپی پێ، ئەم پلانە بە بەردەوامی خۆی لەگەڵ پێشهاتەکاندا گونجاندووە، بۆیە زۆرجار گۆڕانی گرنگی لە تایبەندمەندی بنکەکانی خۆی کردووە، تاکوو خۆی بگونجێنێت لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەی کە بەسەر یارییەکەدا هاتووە. یەکێک لەو بنکانەی کە زۆرترین گۆڕان و نوێگەری بەسەردا هاتووە، بنکەی باڵەکانی ناوەڕاست بووە.

بەگشتی یاریزانی باڵی ناوەڕاست لە قۆناغێکدا زیاتر ئەرکی داپۆشێن و بەرگریکردنی لەسەرشان بووە. واتا زیاتر وەکوو باڵی دووەمی بەرگری کاری کردووە لە هێڵی ناوەڕاستدا. دواتر ئەم بنکەیە گۆڕانی بەسەردا هاتووە و یاریزانی بنکەکە ئەرکی دروستکردنی یاری و بەشداریکردنی کاری هێڕشبردنی کەوتووەتە سەر شان، هاوکات لە ئەمڕۆی تۆپی پێدا، ئەم بنکەیەی بە یەکێک لە هەر ترسناکترین بنکەکانی تۆپی پێ دادەنرێت، بەو پێیە یاریزانانی ئەم بنکەیە لە ئێستادا گۆڵکاری تیپەکانی خۆیانن و بە بەردەوامی دەستی یەکلاکەرەوەیان هەیە لە بردنەوە و دۆڕاندنی یارییەکاندا.

لەسەر ئاستی هێڵی هێڕشبردن، دوو یاریزان تێیدا یاری دەکەن. ئەم دوو یاریزانە هەندێکجار هەردووکیان شانبەشانی یەکتر وەکوو هێرشبەری سەرە ڕم یاری دەکەن، هەندێک جار یەکێک لە یاریزانەکان وەکوو هێرشبەری دووەم یاری دەکات و ئەرکی سەرەکی ئەوەیە  کە ڕێگا خۆشبکات بۆ هێرشبەری سەرە ڕم تاکوو گۆڵ بکات، ئەمەش لە ڕێگای سەرقاڵکردنی یاریزانانی هێلی بەرگری تیپی بەرامبەرەوە، یاخود زۆرجار یارمەتی هێلی ناوەڕاست دەدات لە پرۆسەی کۆتای هێنان بەهێرش.

لەلایەکی دیکەوە، داڕشتنەکە بەشێوەیەکی گشتگیر، بە داڕشتنێکی میانڕەوانە دادەنرێت، واتا دۆخێکی هێڕشبەرانە یاخود بەرگریکارانە بەسەریدا زاڵ نیە، بەڵکوو هاوسەنگیەکی تەواوی تێیدا بەدیدەکرێت لەسەر ئاستی هێرشبردن و بەرگریکردن. لێرەوە هەموو شتێک دەگەڕێتەوە بۆ ئایدیا و بیرۆکەی ئەو ڕاهێنەری کە بەکاردەهێنێت. بە مانایەکتر ئەگەر ڕاهێنەرەکە بیرۆکەی هێڕشبردنی بەسەردا زاڵبێت ئەوا داڕشتنەکە کاریگەر و چیژبەخش دەبێت لەسەر ئاستی هێرشبردن، هاوکات ئەگەر هاتوو ڕاهێنەرەکە بیرۆکەی بەرگریکردنی بەسەردا زاڵ بێت، ئەوا دەکرێت ٤-٤-٢یەکی بەرگرییانەی توندوتیژ ببینین.

لەسەر ئاستی حاڵەتەکانی شیفتینگ و لامەرکەزییتەوە، پلانەکە کێشەی ئەوەیە هەیە کە چەقبەستووە و گۆڕانی بەردەوام و فراوان لە نێوان یاریزانەکانی بنکەکاندا نابینین. هەرئەمە وایکردووە کە داڕشتنەکە کەمتر توانای خۆڕاگرتنی هەبێت بەرامبەر ئەو پلانانەی کە نەرمترن لەسەر ئاستی ئاڵوگۆڕی بنکە و جێگەی یاریزانەکان. لەبەرامبەردا بوونی چوار یاریزان لە دوو هێڵی یاریکردندا، وادەکات کە داڕشتنەکە زۆرجار هاوسەنگی خۆی بپارێزێت و بە ئاسانی نەکەوێتە بندەستی داڕشتنەکانی دیکە…

***

ململانێ داڕشتنی ٤-٤-٢ لەگەڵ داڕشتنەکانیتر.

داڕشتنی ٤-٤-٢ کاتێك ڕووبەڕووی داڕشتنێكی دیکە دەبێتەوە، هەندێک جار تایبەندمەندی زیاتری تێیدا دەردەکەوێت و  باڵادەستی خۆی دەنەوێنێت، هاوکات لەبەرامبەر داڕشتنی دیکەدا دادەکەوێت و کێشە و گرفتەکانی دەردەکەوێت.
بۆنمونە کە باسی داڕشتنی ٤-٤-٢ دەکەین کاتێک ڕووبەڕووی خۆی دەبێتەوە. واتا کاتێک دوو تیپ دەکەونە بەرامبەر یەک و بەهەمان داڕشتن یاریی دەکەن. لەم جۆرە یارییانەدا، تیپی براوە، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەو تیپەیە کە ڕێکخستنی هێلەکانی باشترە و هاوکات لە ڕووی تەکنیکیەوە یاریزانی زۆر باشی هەیە. بەمانایەکی دیکە زۆر جار ئەم یارییە بە تەکنیکی تاکیی یاریزانەکان دەبردرێتەوە. چوونکە لە ڕووی تاکتیکیەوە، هەردوو تیپەکە ئاوێنەی یەکترن و لە ناوچەی باڵەکان و ناوەڕاستی یاریگا دوو جوت یاریزان بەرامبەر یەک دەبنەوە. لێرەدا بۆ ئەوەی باڵادەستی دروست ببێت. ڕەنگە تیپێکان زۆر یاریگا بکشێنێتەوە و لەناوچەی باڵەکان یاریی بکات، بۆ نمونە ١١-54یاریزانێکی هێلی ناوەڕاست هەمیشە یارمەتی باڵەکان دەدا بەمەش حاڵەتی 3vs2, 2vs1 ,3vs4 دروست دەبێت لە ناوچەی باڵەکان لە بەرژەوەندی ئەو تیپەی کە هێرش لەباڵەکانەوە دەبات. هاوکات زۆرجار بۆ وەڵامدانەوەی ئەم جوڵە، تیپی بەرامبەر یاریگا بچووک دەکاتەوە و هەوڵدەدات لە ناوەڕاستی یاریگاوە هێرش بکات، بەمەش سوود لە دەرچوونی ئەو یاریزانە هێلی ناوەڕاستی تیپی بەرامبەر وەردەگرن کە چووەتە ناوچەی باڵەکان تاکوو لە ناوەڕاستی یاریگا باڵادەستی وەربگرن. بەم شێوەیە دەبینین هەردوو تیپ لە ناوچەیەکی دیارکراوی یاریگادا بە بەردەوامی باڵادەست دەبن، هەربۆیە کوالێتی یاریزانەکان و ئەزموونیان ڕۆڵی یەکلاکەرەوە دەبینێت لە سەرکەوتنی تیپێکیان بەسەر ئەویتردا.

                                                                  ***
لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکیتردا کاتێك داڕشتنی ٤-٤-٢ بەرامبەر ٤-٣-٣ یاریدەکات، چوارەی هێلی بەرگری بە شێوەیەکی باڵادەست یاریی دەکات بەرامبەر ٣ یاریزانی هێرشبەری تیپی بەرامبەر. ئەمە وادەکات کە تیپەکە لە ناوچەکانی بەرگری باشتر بەرگری بکات و هاوکات لە یەکەم قۆناغی دروست کردنی یاریدا کە لە دڵی هێڵی بەرگرییەوە دەست پێدەکات، تیپەکە دەتوانێت بە ئاسانی یاری دروستبکات و بەسەر سێ گوشاری سێ هێرشبەرەکەی تیپی بەرامبەردا سەربکەوێت(بەتایبەتی ئەگەر هاتوو باڵەکانی بەرگری خێرا بن لەسەرکەوتن و گەڕانەوە و کردنەوەی یاریگا بەسەر پانی و درێژیدا).
لە هێلی ناوەڕاستدا تیپەکە، یان لە ناوەڕاستی یاریگا باڵادەست دەبێت یان لە ناوچەی باڵەکان. لە حالەتی یەکەمدا، تیپەکە لە ناوچەی باڵەکان باڵادەست دەبێت، ئەگەر هاتوو سێ یاریزانی هێلی ناوەڕاستی تیپی بەرامبەر لە قوڵایی یاریگا یارییان کرد. واتا لە ناوڕاستی یاریگا و بەشیوەیەکی تەسک یارییان کرد ئەوا ئەو تیپەی کە بە ٤-٤-٢ یاریی دەکات لە ناوەڕاستی یاریگا کێشەی زۆری بۆ دروست دەبێت و هەمیشە لە تووشی کەم بوونی ژمارە دەبێت لە ناوەڕاستی یاریگا. بەڵام لەبەرامبەردا لە ناوچەی باڵەکاندا ٤-٤-٢ باڵادەستە بەو پێیەی کە باڵی بەرگری و باڵی ناوەڕاست تەنها ڕووبەڕووی یەک یاریزانی هێڵی ناوەراستی ٤-٣-٣ دەبنەوە. وە بە پێچەوانەشەوە ڕاستە و حاڵەتی دووەم دروست دەبێت. واتا تیپەکە لە ناوەڕاستی یاریگا باڵادەست دەبێت ئەگەر هاتوو تیپی بەرامبەر لە باڵەکاندا یارییکرد.
بەرامبەر ٤-٣-٣ پێوستە تیپەکە هەمیشە پاڵەپەستۆ دروست بکات.ئەمەش لەبەر ئەوەی کە یەکێک لە کێشە بنەڕەتێکانی ٤-٤-٢ لە بۆشایی نێوان ناوچەی باڵی بەرگری و دڵی بەرگریدایە. بۆیە ئەگەر هاتوو تیپی بەرامبەر کە بە ٤-٣-٣ یاریی دەکات کاتی هەبوو بۆ ئاڵوگۆڕ کردنی تۆپ و جوڵانەوەی یاریزانەکان . ئەوا زۆر بە ئاسانی دەکرێت بە پاسێکی قوڵ لە یاریزانی دڵی هێلی ناوەڕاستەوە بۆ یاریزانی باڵی ناوەڕاست، دەکرێت زیانێكی  زۆر دروست بکات لە  بۆهێلی بەرگری ٤-٤-٢دا. بۆیە پێویستە ئەو تیپەی کە بە ٤-٤-٢ یاریی دەکات. هەمیشە پاڵپەستۆی بەرز دروست بکات بەسەر هێلی ناوەڕاستی تیپی بەرامبەر تاکوو ڕێگری لەو جۆرە پاسە مەترسیدرانە بگرێت.

١٢-23
لە هێڵی هێرشبردندا دوو هێرشبەرەکەمان ڕووبەڕووی ٤ یاریزانی تیپی بەرامبەر دەبنەوە. لێرەدا هەرچەندە تووشی کەمی ژمارەی یاریزان دەبینەوە بە 4vs٢، بەڵام دەکرێت بەشێوەکەی ژیرانە بۆ بەرگری کردن سوود لەم دوو هێرشبەرە ببینین لە کاتی پاڵپەستۆ دروست کردندا. بۆ نموونە ئەگەر ویستمان تیپی بەرامبەر تۆپەکە بباتە ناوچەی باڵەکان،ئەوا بە هەردوو هێرشبەرەکەوە پاڵپەستۆ دەخەینە سەر دڵی بەرگری تیپی بەرامبەر. وە ئەگەر ویستمان تیپی بەرامبەر لە ناوەڕاستی یاریگاوە یاریی دروست بکات. ئەوا بە هەردوو یاریزانەکەوە گوشار دەخینە سەر باڵەکان.
هەروەها لە کاتی هێرشبردندا. دەکرێت هێرشبەرەکان یارمەتی باڵەکانی هێڕشبردنی بدەن و ئۆڤەر لۆد دروست بکەن لە ناوچەی باڵەکان، یاخود یارمەتی یاریی دروستکەری تیپەکەی خۆیان بدان تاکوو حاڵەتی ٣vs٣ دروست بکەن لە ناوچەی تەوەری ناوەڕاستی تیپی بەرامبەر.

                                                         ***

٤-٤-٢ لەبەرامبەر ٣-٤-٣
کاتێک ٤-٤-٢ ڕووبەڕووی ٣-٤-٣ دەبێتەوە، ئەوا ٤-٤-٢ لە هێڵی بەرگری لەباڵادەستیدا بە ٤ بەرگریکار بەرامبەر سێ هێرشبەر، لەگەڵ ئەویشدا ئەم سێ هێرشبەرە کێشەی زۆر دروست دەکەن بۆ هێڵی بەرگری چونکە دەتوانن زۆر بە ئاسانی لەسەر ئاستی پانی و درێژی یاریگا دابەش ببن و یاریگا دابخەن لەپێش بەرگریکارەکان، چوونکە لە پشتەوەیان ٤ یاریزانی هێڵی ناوەڕاست هەموو کەلێنێک دادەپۆشێت کە دەکرێت لە میانەی جوڵانەوەیان بەجێیبهێلن. بۆیە دروستکردنی یاریی بەشێوەی ( لەسەر خۆی و وردە وردە وردە Elaborate build-up ) زۆر ئەستەمە. ئەمە وادەکات هێڵی بەرگری زیاتر پشت بە تۆپی بەرز و درێژ ببەستێت تاکوو تۆپەکە بباتە پێشەوەی یاریگا.

37

لە هێلی ناوەڕاستدا یەکسانی لە ڕووی ژمارەی یاریزانەوە دروست دەبێت بە ٤ب٤، بۆیە لێرەدا ئەو داڕشتنەی کە یاریزانی تاکنیکی خاوەن  جوڵەی خێرای هەیە،دەبێتە کۆنترۆڵکاری ئەم ناوچەیە، هەرچەندە هەر ڕاهێنەرێک داڕشتنی ٣-٤-٣ بەکاربهێنێت، مانای ئەوەیە کە یاریزانی خاوەن کوالێتی بەرزی لە هێڵی ناوەڕاستدا هەیە، چوونکە شەری داڕشتنی ٣-٤-٣ لە ناوەڕاستی یاریگادایە و ڕاهێنەر گرەو لەسەر توانای یاریزانەکانی ئەم هێڵە دەکات. لێرەوە ئەگەری سەرکەوتنی یاریزانانی هێلی ناوەڕاستی ٣-٤-٣ زیاترە و دەکرێت کێشەی گەورە بۆ ٤-٤-٢ دروست بکەن لەم ناوچەدا.

 لە هێڵی هێرشبردن، هەرچەندە حاڵەتی ٢ب٣  دروست دەبێت لە بەرژوەندی هێلی بەرگری پلانی ڕکابەر، بەڵام زۆر بە ئاسانی دەکرێت لە ڕێگەی دوو هێرشبەرەوە، ٤-٤-٢  کۆنترۆڵی بۆشایی و ماوە بکات، بەو پێیەی ٣ بەرگریکارەکە کات و ماوەی کەمیان لەبەردەستایە و ناتوانن بەرگەی گوشاری توند و بەردەوامی دوو هێڕشبەرەکە بگرن. ئەمە وادەکات، هێڵی بەرگری  ٣-٤-٣ بەهەمان شێوەی هێڵی بەرگری ٤-٤-٢ کێشەی بۆ دروست ببێت لەسەر ئاستی دروست کردنی یاریی بە شێوەیی ( لەسەر خۆی و وردە وردە وردە Elaborate build-up ). بەمەش هێڵی بەرگری ئەم پلانە، پشت بە تۆپی درێژ و بەرز دەبەستێت.

لە کۆتایدا دەتوانین بڵێین، ڕووبەڕووبوونەوەی ٤-٤-٢ بەرامبەر ٣-٤-٣ جێگای بایەخ و گرنگیپێدانی زیاترە بەو پێیە کەلێن بۆشایی لە نێوان هێلەکانی هەردوو داڕشتنەکەدا دروست دەبێت و یارییەکی توندوتیژی هێرشبەرانە دەبینین. 

                                                            ***

٤-٤-٢ vs ٣-٥-٢
لێرەدا لە هێلی بەرگریدا ٤-٤-٢ لە باڵادەستیدایە بە ٢ vs ٤، بەمەش هێڵی بەرگری دەتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر بەشداری بکات لە قۆناغی دروستکردنی یاریی و بردنە سەرەوەی تۆپەکە.

لە هێلی ناوەڕاست، ٤-٤-٢ لە ڕووی ژمارەی یاریزانەوە بن دەست دەبێت بەو پێیەی، بە ٤ب٥ یاریزان یاری دەکات. لێرەشەوە تیپی بەرامبەر هەموو کاتێك دەتوانێت سوود وەربگرێت لەو یاریزان زیادەی هێڵی ناوەڕاستی، تاکوو لە قۆناغی دروستکردنی یاری داڕشتنی ٤-٤-٢دا، ئەم یاریزانە سەربکەوێت بۆ سەرەوە و یارمەتی دوو هێڕشبەرەکەیتر بدات لە کاری پاڵپەستۆ دروستکردندا.

 لە هێلی هێرشبردندا ، هەرچەندە پلانی ٤-٤-٢ لە باڵادەستیدایە نیە، بەو پێیە حاڵەتی٢ب٣  دروست دەبێت ٣ vs ٢، بەڵام ئەرکی هێرشبەران ئاسانترە و دەتوانن کۆنترۆڵی سێ بەرگریکارەکە بکەن و نەهێڵن داڕشتنی ٣-٥-٢ بە ئاسانی یاری دروستبکات.

 بەگشتی، کاتێك ئەم دوو پلانە دەکەونە بەرامبەر یەکتر، کاری باڵەکان زۆر گرنگ و یەکلاکەرەوەیە، ئەگەر هاتوو باڵەکانی پلانی ٣-٥-٢ (کە لەیەک کاتدا بالێ بەرگری و هێڕشبردنیشن) لاواز و خاو بوو لە حاڵەتی ترانزەیشندا، ئەوا ٤-٤-٢ سەرکەوتنێکی ئێجگار گەورە بەدەست دەهێنێت، بەڵام ئەگەر هاتوو باڵەکانی پلانی ٣-٥-٢ بەهێز و گورجوگۆڵ بوون لە نێگەتیڤ و پۆزەتیڤ ترانزیشندا ، ئەوا ٤-٤-٢ هەمیشە تووشی کێشەی گەورە دەبێتەوە لە هێلی ناوەڕاست و بەرگریدا. بۆ ئەم مەبەستە ئەگەر  داڕشتنی ٤-٤-٢ بیەوێت هەر دوو باڵی ٣-٥-٢ لە کاربخات، ئەوا پێویستە باڵەکانی بەرگری داڕشتنی ٤-٤-٢،کاری قورس بکەن، تاکوو دڵی بەرگری و تەوەری ناوەڕاست هەرگیز بەتەنها نەبن لە بەرامبەر هێڕشەکانی داڕشتنی بەرامبەردا. بەمانایەکیتر بۆ ئەوەی توانای باڵەکانی ٣-٥-٢ کەم بکەینەوە پێویستە زۆر بە جوانی و لەسەرخۆی یاریی دروست بکەین و کۆنترۆڵی تۆپ بکەین تاکوو هەمیشە باڵەکانی ٣-٥-٢ لە حالەتی بەرگری کردندا بمێنەوە و نەجوڵێنەوە بۆ سەرەوەی یاریگا.3-45

***

٤-٤-٢ vs  ٣-٤-١-٢
لێرەدا گەورەترین کێشە کە تووشی ٤-٤-٢ دەبێت ئەو ژمارە یەکەیە کە وەکوو یاریزانی ناوەڕاستی هێرشبەر یاریی دەکات ATTACKING MIDFIELDER. چونکە ئەم یاریزانە بە بەردەوامی لە نێوان دڵی بەرگری و تەوەری ناوەڕاستدا یاریدەکات، ئەمەش وادەکات، بە هەردوو ئاراستەدا باڵادەستی دروست دەکات لە ڕووی ژمارەی یاریزانەوە. واتا لەسەر ئاستی هێڵی ناوەڕاست و هێڕشبردن هەمیشە لە بەژەوەندی ٣-٤-١-٢دا باڵادەستی دروست دەکات.

بۆ نمونە ئەگەر یارمەتی هێڵی ناوەڕاست بدات ئەوا لە ناوچەی چەقی ناوەڕاست حاڵەتی 3vs2 دروست دەکات لە بەژەوەندی تیپەکەی خۆی. وە ئەگەر یارمەتی هێڵی هێرشبردن بدات ئەوا لە ناوچەی دڵی بەرگریدا حاڵەتی ٢ ٣vs   دروست دەکات لە بەرژەوەندی تیپەکەی خۆی. نمونەی ئەم جۆرە یاریزانە وەکوو . باجیۆ و بێرکامب…هتد

TacticsManager_2016_20-36-53
لەبەرامبەردا باڵادەستی ٤-٤-٢ لە هێڵی هێرشبردندا بەهیزە چونکە حاڵەتی ٣ vs ٢ دروست دەبێت و ئەمەش وادەکات کە هێرشبەرەکان پاڵپەستۆی کاریگەرتر دروست بکەن و بەمەش هێڵێ بەرگری ٣-٤-١-٢ ناچار بکەن کە تۆپ بە خێرایی بگوازێتەوە بۆ سەرەوە کە دەرئەنجامی ئەمەش ، زۆر جار لە دەست دانی تۆپە لە بەرژەوەندی ٤-٤-٢.

لە کۆتایدا، دەتوانین پەی بەوە ببەین کە هەموو داڕشتنەکان، خالێ بەهێز و لاوازی خۆیان هەیە، بۆیە چۆنێتی سوود وەرگرتن لە خاڵە بەهێزەکان و داپۆشینی خاڵە لاوازەکان، بە هەنگاوێکی یەکلاکەرەوە دادەنرێت لە دیاریکردنی لایەنی براوە لە ململانێی نێوان داڕشتنەکاندا.

مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە! ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.
مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!
ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.

You might also like More from author

Comments are closed.

error: Content is protected !!