مرۆڤە نیگەرانەکان

ڕانانی کتێب

فۆتۆ: لین ئولمان – ڕۆماننوسی ڕۆمانی (مرۆڤه‌ نیگه‌رانه‌كان).

لین ئولمان - ڕۆماننوسی ڕۆمانی (مرۆڤه‌ نیگه‌رانه‌كان).
103
Ingmar Bergman (1918–2007), Swedish stage and film director. Photo: Taken during the production of Wild Strawberries (Smultronstället) (1957). Svensk Filmindustri (SF) press photo. Source: Svenska filministitutet.

ئینگمار بێرگمان ١٩١٨-٢٠٠٧ داهێنەرێکی بێ وێنە بووە، فیلمەکانی، بەرهەمە شانۆییەکانی و هەروەها وەک نووسەرێکیش، کولتوورێکی دەوڵەمەندی لە دوای خۆی بۆ دونیا بەجێ هێشتوە؛ هەر خۆی سیناریۆی فیلمه‌کانی دەنووسی و هەژموونێکی گەورەی بەسەر سینەمای جیهانی و ریژیسۆرە گەورەکانەوە هەبووە. گەورە ریژیسۆرێکی وەک (کۆرۆساوا) باس لە کاریگەرییەکانی بێرگمان دەکات (تارکۆڤسکی) لە دیدی بێرگمانەوە گەشە دەکات و مێژووی سینەمای جیهانی بەشێکی گرینگە لە سینەمای بێرگمان.

بێرگمان وێنای مەرگ، کێشەی هاوسەرگیری، عەشقێکی پڕ لە لەرز و تا، مەسەلە خودگه‌راکانی مرۆڤ و گەردوونی لە کۆمیدیا و تراجیدیادا کردووە بە فیلم. لە فیلمی (چەند دیمەنێک لە هاوسەرگیری) بە شێوەیەکی چڕ و قووڵ، لەسەر بنەما سایکۆلۆژییەکانەوە، ژیانی هاوسەرگیری کۆمەلگە مۆدێرنەکەی باکووری ئەوروپا بەرجەستە دەکات. ئەم فیلمە لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، هەرایەکی گەورە دەنێتەوە، هه‌زاران خێزانی پەرتەوازە، ژن و مێردەکان و هەموو کۆمەڵگە بە بنەما ئاکاری و کۆمەڵایەتییەکانیاندا دەچنەوە و لەسەر بنەما و ستراکتورە هزری/دەروونی/هونەرییەکانی ئەم فیلمەوە، بە دیدێکی ترەوە لە ژیانی هاوسەرگیری خۆیان دەڕوانن. بێرگمان خۆی بۆ چەندان جار هاوسەرگیری کردووە، لەگەڵ پێکەوەنانی هەر خێزانێکی نوێشدا منداڵی بووە، هەمیشەیش پشتی کردۆتە ژن و منداڵەکانی و ئەوەی لە ژیاندا بۆ ئەو گرینگ بووە، بەرهەمە هونەری و ژیانە هونەرییەکەی بووە.

(مرۆڤە نیگەرانەکان) ڕۆمانێکە لە نووسینی (لین ئولمان) دوا کچی بێرگمان، لە ژنە نەرویژییەکەی، واته‌، “لیڤ ئولمان”، که‌ ئەکتەری سینەما و شانۆیە. ئولمان لەم ڕۆمانەیدا، باسی ژیانی خۆیی و باوکی (ئینگمار بێرگمان) و دایکی (لیڤ ئولمان) دەکات.  لین ئولمان ڕۆمانەکەی لەسەر یادەوەری و بیرەوەرییەکانی خۆیی و پێوەندی بە بێرگمانی باوک و ئولمانی دایکەوە ڕۆناوە، پاڵەوانە سەرەکییەکەی ڕۆمانەکەیش، کە کیژە بچووکەکەی ئەم خێزان و بنەماڵەییە، هیچ ناوێکی نییە، هەروەها دایک و باوکیش، کە لەگەڵ خۆی کارەکتەری سەرەکی ئەم ڕۆمان و یادەوەرییانەن، هیچ ناوێکیان نییە و تەنها وەک باوک و دایک ئاماژەیان بۆ دەکرێت، هەرسێکیشیان، واتە کچ، دایک و باوک، مرۆڤە دردۆنگ و نیگەرانەکانن، لە کاتێکدا هەموو کارەکتەرەکانی تر ناوی خۆیان هەیە. بەم شێوەیە، نووسەر جۆرە بوارێکی لەنێوان ئەوان و ئەو چیرۆکانەی دەیگێڕێتەوە، دروست کردووە.

ئەم کیژە ئەلبومی وێنەکان هەڵدەداتەوە، هیچ وێنەیەک نییە، کە ئەم کچە و دایک و باوکی پێکەوە کۆبکاتەوە، وێنەکان بە تەنها لەگەڵ باوکییەتی یان لەگەڵ دایکی (من منداڵی باوکم یان منداڵی دایکم بووم، بەڵام منداڵی ئەوان نەبووم، ئێمە هەرگیز هەرسێکمان پێکەوە نەبووین؛ کە سەیری وێنەکان دەکەم لەسەر مێزەکە که‌ڵه‌که‌ کراون، هیچ وێنەیەک نییە هەرسێکمان پێکەوە کۆبکاتەوە. دایکم و باوکم و من. ئەم جۆرە وێنانە بوونیان نییە. ل١٠) ئەم جۆرە وێنانەیش یان نەبوونی ئەو وێنانەی، هەموو خانەوادەیەک پێکەوە کۆبکاتەوە، چەندان پرسیار، بە تایبەتی لە کۆمەلگەکانی ئەوروپادا دەوروژێنێت: ئێمە بۆ یەکتری هەین؟ ئەی من چیم بۆ ئەوانی تر، لە کاتێکدا ئەوان نەیانەوێت من، پێکه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وان، ببینن؟ هاوکات نەبوونی ئەم جۆرە وێنانە هێماگەلێکیشن بۆ پەرتەوازەیی و تەنهاییەکی قووڵ.

ئەم کیژە، کە لە دایک دەبێت، باوک تەمەنی ٤٨ ساڵە و دایک ٢٧، باوک هەشت منداڵی تری لە چەند ژنێکی تر هەیە و هەست بە جیاوازییەکی گەورەی تەمەن لەنێوان خۆیی و کچە بچووکەکەیدا دەکات. بێرگمانی باوك نازانێت، کە هەموو هاوینێک کچەکەی بە خۆی و به‌ جانتاکەیەوە دێت بۆ دورگەکەی لە سوێد، باسی چی لەگەڵ بکات، هه‌میشه‌یش چۆن دەست دەکەن بە قسەکردن، هەروەهایش کۆتایی دێت و پەیڤەکانیان چوونیه‌کن، ڕۆتینێکی ڕۆژانەی دووبارە، ئەوەی دەیڵێن ناگاتە هیچ ئەنجامێک و هەرگیز هیچ ناڵێن.

کیژە بچووکەکە، بۆ ئەوەی ئەم رۆتینە بشکێنێت، دەکەوێتە تۆمارکردنی چەندان دیدار لەگەڵ باوکە بە تەمەنەکەی، تا لە کۆتایدا ئەو دیدارانە بکه‌ن بە بنەما و ستراکتورێک بۆ پرۆژەی ئەو کتێبەی دەیانەوێت پێکەوە بینووسن، کە هەرگیز ناینووسن. ئەوان دەیانەوێت، لەو کتێبە دۆکیومێنتارییەدا باسی پیربوون بکەن. کە دەست دەکەن بە تۆمارکردنی دیدارەکان، کات بەسەرچووە، پیرێتی بە تەواوی گەیشتۆتە دوا جومگەکانی جەستەی باوک: باوک هێندە پیر بووە، هیچ یەکێک لەو دیدارانە ئەنجامێکی نابێت. بێرگمان لەم ساتانەدا، لەسەر کورسی کەمئەندامان دادەنیشیت، شتی بیردەچێتەوە، وشەکانی بۆ گۆ ناکرێت، بیرەوەری و دیدگای شپرزە و پەرش و بڵاون. دیالۆگی نێوانیان شێوازی دیالۆگ لەخۆ ناگرێت، زیاتر گفتوگۆیەکی کۆمیدییە، باوک بە باشی گوێی لێ نییە، کچ پرسیارەکانی هەمیشە دووبارە دەکاتەوە و باوکیش شتێکی تر دەڵێت. لەگەڵ ئەوەیشدا دیدارەکان دەبنە بەشێکی گرینگی کتێبەکە، ڕووداوەکان پێکەوە دەبەستێتەوە و مەودا و مەدارێکی لۆژیکییان پێ دەبەخشێت. لەنێو بێدەنگییەکانی ئەم دیدارانەدا، پشوو، نەبوونی هێڵێکی گشتی پێوەندی و یەکەی بابەت، ریتم و مانایەکی شیعری دەدۆزێتەوە. هەر لەنێو ئەم دیدارانەدا، نووسەر بیرەوەرییەکانی دەگێڕێتەوە، وێنەیەکی تری بێرگمانمان پێشان دەدات؛ هونەرمەندێک ژیانی بەو رێسا و یاسایانە پابەند بووە، کە خۆی بەوپەڕی قووڵی و دڵرەقی و هەمەلایەنییەکەوە دایناون. بێرگمان تەنانەت ئامادەکاری بۆ مردن و شوێن و چۆنییەتی بەخاک سپاردن و جۆر و ڕەنگی ئەو گوڵانەیش، کە دەخرێنە سەر تەرمەکەی، کردوە. هەروەها دایکێک، کە بە خۆیی و بە ڕۆڵەکانی سەر شانۆ و ژیانە تایبەتییەکەی خۆیەوە سەرقاڵە. دوا دیداری نێوان ئەم باوک و کچە (بێرگمان و لین) دوو مانگ بەر لە کۆچی بێرگمان تۆمار کراوە.

 

 

  • لەوانەیە تۆ بینووسیت؟

  • کتێبەکە؟

  • ئا.

  • سەبارەت بە پیربوون؟

  • ئا.

  • وەکوو بڵێت… کتێبێک لە شێوەی دیداردا؟

  • ئەگەر تۆ بێشک دەتەوێت ناوێکی لێبنێت، ئا.

  • ئێمە پێویست ناکات هیچ ناوێکی لێ بنێینن.

  • لەوانەیە پێویست بکات، ئێمە ناوێکی لێ بنێین.

  • ئەمەیان دەتوانین دواتر بگه‌ڕێینه‌وه‌ سەری.

  • من ناونیشانێکی باشم هەیە.

  • چییە؟

  • گانی مردن لە دۆڵی ئێلددۆڕاڵد.

  • ئەها.

  • من هەمیشە ئارەزووی ئەوەم دەکرد یەکێک لە فیلمەکانم ناوبنێم گانی مردن لە دۆڵی ئێلددۆڕاڵد، بەڵام هەرگیز فلیمێکم نەکرد، لەگەڵ ئەو ناونیشانە بگونجێت. ل١٤٤

کە باوک دەمرێت، نووسەر لە پێشدا بە خاکی دەسپێرێت، دوای ئەوە خەمی لە دەستچوونی باوک هەڵدەگرێت، دوای ئەوە- کە هەندێک کاتیش دەڕوات- گوێ لە شریتە تۆمارکراوەکانی نێوانیان دەگرێت و پرۆسەی نووسینی ڕۆمانەکە دەست پێ دەکات. لین ئولمان-ی نووسەر، چ وەک منداڵ و چ وەک گەورە، هەرگیز ئەو ئامادەییەی تیانییە، لەگەڵ باوکی کێشە دروست بکات، بۆ نموونە کێشەی نەوەکان، یان کێشەی فەرزەندە و باوان، بەڵام لەگەڵ دایکی هەمیشە لە ململانێدایە، ئەو بە بەردەوامی لە ئۆسلۆ، لەگەڵ دایکی دەژی، دایکیشی هەمیشە لە گەشتە هونەرییەکانیدایە و ئەو لای کەنیزە و نه‌نکی و بەردەستەکانیدا بەجێ دەهێڵێت. لین تەنها لە پشووی هاویندا دێتە سوێد و لای باوکی دەژی، هەرگیز لە پایز یان زستان و هیچ وەرزێکی تری ساڵدا نەیدیووە، باوکێک هیچ تێگەیشتنێکی بۆ منداڵ و پێداویستییەکانی منداڵەکەی خۆی نەبووە، کە بە هاوینانیش لای بووە، کاتی بینینیان دیاریکراو بووە، لە ڕۆژژمێرەکەی باوکدا تۆمار کراوە کەی و لە کوێ دادەنیشن و قسە دەکەن.

 

ئەوەی لە چەقی گەشە و ژیانی ئەم کیژە بچووکەدایە، پیشە و کاری ئەم دایک و باوکەیە، دوو هونەرمەندی خۆویست و خودشەیدایی، کە پێویستیان بە سەربەستییەکی ڕەها هەیە بۆ خوڵقاندنی کارە هونەرییەکانیان، بەڵام هاوکات پێویستیشیان بە خێزان و خانەوادەیش هەیە، بۆ ئەوەی پێشانی دونیای دەرەوەی بدەن، کە ئەوان کەسانی کامەران و سەرکەوتوون. لین توانیویەتی وێنەیەکی ورد و ڕاستگۆی ژیانی ئاسایی و ڕۆژانەی کەسێکی داهێنەری وەک بێرگمان-مان بۆ بخاتە ڕوو، چۆن هاوسەنگی لەنێوان ژیانی خێزانی و کارە هونەرییەکانیدا ڕاگرتووە. ژیانی ئەم کچە و گەورەبوونی لەنێوان ئەم دایک و باوکەدا، کە ژیانە هونەرییەکەیان لە پێش هەموو شتێکی ترەوە بووە، ژینگە و ئەتمۆسفێرێکی نائارام و نیگەرانیان بۆ کچەکەیان دروست کردووە، لین دەیەوێت بە زووترین کات گەورە بێت، حەزی بەوە نەکردووە منداڵ بێت، کە هەمیشە لای کەسانی تر بەجێهێڵراوە. ناونیشانی ڕۆمانەکەیش (مرۆڤە نیگەرانەکان) ئاماژەیەکە بۆ ئەم دایک و باوکە و هەروەها نووسەر خۆیشی، کە چۆن هەستێکی نیگەرانئامێز ڕەوتی ژیانیان دەبات بەڕێوە. بێرگمان دەیتوانی ئەو هەستی نیگەرانییەی خۆی، بەهۆی هەستی پێویستی کۆنترۆڵکردنی هەموو شتێکی ژیانییەوە، چارەسەر بکات.

 

(مرۆڤە نیگەرانەکان) ڕۆمانێکە سەبارەت بە دایک و باوکێک، کە لە منداڵەکانیان منداڵترن. ئینگمار بێرگمان و لیڤ ئولمان چەندان فیلم و نەمایشی شانۆییان پێکەوە و بە جیا کردووە، هەردووکیشیان سەبارەت بە ژیانی خۆیان نووسیویانە، ئەوان ژیانی خۆیان هێناوە و سەرلەنوێ نووسیویانەتەوە، پرۆڤەیان لە ژیانی خۆیاندا کردووە تا لە بەرئەنجامێکی تردا ڕووبەرووی بیرەوەرییەکان، ڕاستی، درۆ و هونەریش ببنەوە. کچەکەیشیان، لین ئولمان، لەم ڕۆمانەدا هەمان ڕێگای گرتۆتەبەر، شوێن پێی ئەوان دەکەوێت، هەندێک شت دووبارە دەکاتەوە، پرۆسەی نووسینەکە دەکات بە جۆرە ڕووتبوونەوە و لێپێچانەوە و هاندانێکی رۆحیش، هاوکات ئەوەی ئەو نووسیویەتی ڕۆمانێکە، کە بەوپەڕی وردەکارییەوە بیری لێکراوەتەوە، بە زمانێک نووسراوە، ژیانی ڕۆژانە تێکەڵاوی شیعر دەکات، شیعر دەکات بە شتێکی تر و ئەو ژیانەی دەیگێڕێتەوە، ئەو سێکوچکەی کارەکتەرانە؛ کیژەکە، دایک و باوک دەبنە کەسایەتی زیندوو، لەنێو دێڕ و ڕووداوەکاندا، بە بەرچاوی خوێنەرەوە دەژین و ئەوەمان پێشان دەدات، کە چۆن ئەم خێزانە بە شێوەیەکی پڕ لە ئازار پێکەوە بەستراونەتەوە. هەندێک جار شوێن دایک دەکەوین، جاری وایش هەیە باوک دەستی کچەکەی گرتووە و دەیگەڕێنێت، یان لە دوا لاپەڕەکاندا، کە بێرگمانی ریژیسۆر و باوک مردووە و بەخاک دەسپێردرێت، کچە بچووکەکەی کچەکە پێدەکەنێت. ژیان بەردەوامە و لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر، لە پرۆسەیەکی ئاسایی گەشەی ژیاندا بەرجەستە دەبێت. گەورەبوون ئاسان نییە، منداڵیش سەخترە.

لین ئولمان لەم ڕۆمانەیدا، لە فۆرمێکی باڵادا، گەمە بە کات دەکات، لە دیدێکی دراماتۆرگی تەژی لە ڕووداوەکانەوە، دوێنێ و ئەمڕۆ لە ژیانی ئەم سێ کارەکتەرەدا تێکەڵاو دەکات؛ ڕووداوەکان لە قۆناخی منداڵییەوە دەست پێ دەکات، دوای ئەوە گەورەبوون لەگەڵ دایکی، کە هەمیشە نائامادەیە (هێندە بیری دایکم دەکرد، جەستەیەکی ترم پێویست بوو: جەستەیەک بۆ من، جەستەیەکیش بۆ بیرکردن. ل١٥٩) ئەم نائامادەییەیش درزێک دەخاتە بیرکردن و ئاڵودەییەکی زۆرەوە. دواتر ڕیزبەندی ڕووداوەکان تێک دەشکێنێت، دێن و دەڕۆن و زەمەنەکان تێکەڵاو دەکرێن.

ئەم کیژە بچووکە لە پێشبڕکێدایە لەگەڵ کات، ئەو دەیەوێت گەورە بێت، گەورە دەبێت و دایک و باوک هێدی هێدی بەرەو دوا وێستگەکانی ژیان، لە گەورەبوونی ئەودا، تێدەپەڕن. ئەم چیرۆکە ئەوەیشمان بۆ دەگێڕێتەوە، چۆن ئەم کیژە گەورەیە دەیەوێت لە باوکی بگات و لێی نزیک بێتەوە، لە کاتێکدا هەردووکیان دەزانن، کات بەرەو دوا چرکەساتەکانی دەڕوات. دەتوانین بڵێین ئەم ڕۆمانە، فەنتازیایەکی ئەفسوناوییە سەبارەت بە پێوەندییەکی نزیکی چڕی خێزانی، تامەزرۆبوون، ئازار، دوودڵی، گومان، بیرکردن، هەروەها خۆشەویستی. لین لەم کتێبەیدا دەڵێت: (ئەوەی ڕاستی بێت، من لەو بڕوایەدا بووم، کە لە هەموو ژیانمدا لە پرسە و خەمی دایک و باوکمدا بووم، ئەوان بە بەرچاوی منەوە گۆڕانکارییان بەسەردا هات، هەرچۆن منداڵەکانی خۆم بە بەرچاومەوە گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، هاوکات بەباشی نەمدەزانی من بۆ ئەوان کێم. ل ٦٥) هەمیشە ئاسان نییە مرۆڤ هۆشمەند بێت بەرامبەر بە ڕاستییەکان، زۆرجاریش کاتێکی زۆر دەخایەنێت، تا مرۆڤ دەگاتە ئەو ئاستەی، کە بە ڕاستی ڕاستییەکان دەزانێت.

ئەوەی لەم ڕۆمانەدا گرینگە، ئەوەیە چۆن منی نووسەر بە تەکنیک و شێوازێکی تایبەتمەند بە خۆی باسی خۆی و دایکی و باوکی دەکات، ئەو باوکەی دەیەها کتێبی لەسەر نووسراوە، شیکردنەوەی بۆ کراوە، دۆکیومێنتی لەسەر کراوە، لەگەڵ ئەوەیشدا، لە ڕوانگەی وێنە کۆنەکانی ئەلبومەکەی باوکییەوە ئەم ڕۆمانە دانسقەیە دەنووسێت. بۆ نموونە منی گێڕەرەوە، لەگەڵ منی کیژە بچووکی ڕۆمانەکەدا، منی نووسەر و منی کارەکتەر تێکەڵاو دەکات، دەیانکات بە یەک کەس، جیایان دەکاتەوە، ڕۆڵی جیاوازیان پێ دەبەخشێت و لەنێو کاتە جوداکاندا ئاڵوگۆڕیان پێ دەکات. ئەو باوکییەتی، ئەویش، وەک دایکی، دەیانەوێت و ئاواتەخوازی ئەوەن، هەمیشە هەر منداڵبن. (بۆ ئەوەی پێوەندییەکی خۆشەویستی سەرکەوتوو بێت، جارێک لە جاران باوک وای گوت، دەبێت مرۆڤ باش لەوە دڵنیابێت، گەورە و منداڵیش بێت. مرۆڤ ناکرێت هەمیشە هەر منداڵ بێت، هەرچەندە ئەوەیشمان بووێت.)

دوا سەردانی ئەم کچە بۆ دوورگەکەی باوکی، دوا هاوینی لەگەڵ باوکی و دوا دیدارەکانیان، دیداری مەرگ و سەرگوزشتەی مەرگ و یادەوەرییەکانی مەرگە، کە باوک بە درێژایی ژیانی هونەری خۆی لە فیلم و نەمایشە شانۆییەکانیدا کاری لەسەر کردووە. دوا هاوین هەموو شتێک سەبارەت بە مەرگە، دوا پرۆژە گەورەکەی ژیان، مەرگ خۆی به‌سه‌ر ژیاندا داوه‌، ژیان پاڵی بەسەر دیوارەکانی مەرگدا داوه‌. ئامادەیی مەرگ فیلم و دیمەنێکی ئەبستراکت نییە؛ ئەمرۆ مەرگ واقیعە. باوک بەیانییان لە خەو هەڵدەستێت، ئێواران خەوی لێدەکەوێتەوە، لەگەڵ ئەوەیشدا هەموو ڕۆژێک دەمرێت، دڵی باوک لێدەدات، بەڵام رۆح لەوێ نییە و باوک لە نائامادەییەکی خۆئامادەکردندا ژیاوە تا ئەو هاوینە کۆتایی بە هەموو شتێک هاتووە و بۆ دواجار مەرگ لە دەرگای داوە.

لین ئولمان لە ساڵی ١٩٦٦ لە ئۆسلۆ لە دایکبووە، یەکەم ڕۆمانی بە ناوی (بەرلەوەی تۆ خەوت لێ بکەوێت) لە ساڵی ١٩٨٨دا بڵاو دەکاتەوە، دوای ئەوە پێنج ڕۆمانی تر بڵاو دەکاتەوە و چەند پاداشتێکی ئەدەبی وەردەگرێت. ڕۆمانەکانی وەرگێڕدراونەتە سەر چەندا زمانی تر و ناوێکی گرینگی ئەدەبی بە دەست هێناوە.

سەرچاوە:

Linn Ullmann, De oroliga, roman. Albert Bonniers Förlag. 2016

 

You might also like More from author

Comments are closed.