مراوییە کێوییەکە و فێمێنیزم


Loading

ئەو پرسیارانەی هێنریک ئیبسن ١٨٢٨-١٩٠٦ لە هەزار و هەشت سەدەکاندا ورووژاندونی تا ئێستایش لە نێوەندەکانی گفتوگۆ و قسە لەسەرکردنی مەسەلە کۆمەڵایەتییەکاندا کۆن نەبوون و هەمیشە دەورووژێنەوە؛ پرسی ئافرەت، ڕاستگۆیی و درۆ لە ستراکتوری مەسەلەکانی خێزاندا، پایەی کۆمەڵایەتی و دووڕوویی و شەڕی ژن و پیاو، بەشێکن لەو پرسانە. بۆ نموونە لە شانۆنامەی (مراوییە کێوییەکە)دا، کە ئیبسن لە ساڵی ١٨٨٤دا، دوای هەردوو شانۆنامەی (ماڵی بووکەڵە) و (دوژمنی گەل) نووسیویەتی، باسی ڕاستی و درۆ لەدیدی دەسەڵاتی نەژادی مرۆڤەوە دەکات. هەر لەبەر ئەوە زۆربەی ئەوانەی بە شیکردنەوەی شانۆنامەکانی ئیبسنەوە خەریک بوون، ئیبسن بە نووسەرێکی فێمێنیزم ناوزەد دەکەن و دەقەکانی لەو بنەما فێمێنیزمیەوە دەخوێندنەوە. هەرچەندە ئیبسن هەر لە سەردەمی خۆیدا بە ڕوونی ئەوەی دووپات کردۆتەوە، کە مەسەلەکانی مرۆڤ زۆر گرینگترە لە پرسی ئافرەت. بۆ ئەو ئافرەت و پیاو هەردووکیان ڕەگەزی مرۆڤن و هەردووکیان وەک مرۆڤێکی یەکسان دەخاتە ڕوو.

مراوییە کێوییەکەیش لە دیدێکی تراجیدی/کۆمیدییەوە هەژموونی ڕابردووی کارەکتەرەکانی بەسەر ئێستایانەوە دەخاتە ڕوو، ئەم خستنە ڕووەیش بە تێکەڵکردنێکی ئێستا و رابردوو، لە فۆرمێکی ڕیالیزمی سایکۆلۆژی و لەهەمان کاتدا سمبۆلیدا بەرجەستە دەکات. (گرێگەرش ڤارلە) ئەوە بۆ (یەڵمار ئێکداڵ) ڕوون دەکاتەوە، کە (هێدڤیگ) کچی ئەو نییە، بەڵکو کچی (ڤارلەی بنکدارە)، کە باوکی گرێگەرشە. گرێگرش ڤارلەیش، کە هەر لەمنداڵییەوە باوکی سەرکۆنەی کردووە و بۆی بۆتە مایەی بێمتمانەیی، بۆتە هۆی نەهامەتی بۆ دایکی و هەروەها تێکدانی ژیانی هاوسەرگیری یەڵماز ئێکداڵیش: گرێگرش ڤارلە، یەڵماز ئێکداڵ، هێدڤیگ و گینای دایکی قوربانی پەروەردەیەکی خراپی خانەوادەی خۆپەرست و ناداتپەروەرن. کوڕەکان باوکییانن، ئەمەیش تراجیدیاکەیە!

هەر لەم دەروازەیەوە، مراوییە کێوییەکە، باسی کۆمەڵێک مرۆڤی بریندار و منداڵێکی بێگوناهی تەمەن چواردە ساڵان (هێدڤیگ) دەکات، کە چیتر ناتوانێت لەو دونیایەدا بژی، گەورەکان بۆیان خوڵقاندووە.

ئەم دەقە ئێستا لەسەر شانۆی پادشایەتی لە ستۆکهۆڵم بە شێوازێکی جودا و لە فۆرمێکی مۆدێرن و شانۆیەکی وێنەییدا پێشکەش دەکرێت. ریژیسۆرەکە لە هەوڵی ئەوەدایە لە بنەماکانی ڕیالیزمی سیکۆلۆژییەوە دووربکەوێتەوە و هەموو ستراکتورە ڕیالیزمییەکەی ئەو دەقە هەڵبووەشێنێتەوە، کە لە سەرەتاوە بۆ ئەو ڕێبازە نووسراوە. نەمایشەکە لە هەموو ڕوویەکەوە یاخیبوونە، هەڵگەڕانەوەیە لە بنەماکانی شانۆی ڕیالیزم و تەقەلایەکە بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی لەسەر بنەمایەکی تری فیزیکی و دژ بە ڕیالیزم و بنەماکانی واقیعیەتی ئیبسن. بۆ نموونە ئەم ریژیسۆرە دەقەکەی هەڵوەشاندۆتەوە و سەرلەنوێ پارچەکانی پێکەوە دەبەستێتەوە، هەر وەک ئەوەی لەگەڵ کارەکتەر و ئەکتەرەکانی گەمە بکات؛ ڤارلەی باوک تەنها لەسەر سکرین بە دەم و چاوێکی ئێجگار گەورەوە دەردەکەوێت، ئێکداڵی پیر دەبێتە بووکەڵەیەکی گەورەی بێ سەر، هەموو پیاوەکانی تر، ڕێلینگ، مۆڵڤیک و گررۆبارگ، وەک کۆرسی کۆمەڵگایەکی پیاوسالاری پێکەوەبەستراو و لەیەک جۆر جل و بەرگدا، بەشێوەیەکی کۆمیدی دەردەکەون. لەم نەمایشەدا، ئەکتەر هێندەی ڕۆڵەکان گرینگن، ئەو شتەی ئێستا و لێرە، لەنێوان ئەکتەر و ڕۆڵەکانییاندا روودەدات، جێگای سەرنجە، ئەمەیش شانۆیە. شانۆی ئەکتەرە.

دەقەکە بە تەواوی کورت کراوەتەوە، هەندێک لە کەسایەتییەکان لابراون یان لەسەر سکرین پێشان دەدرێن یان کراون بە بووکەڵە و بە دەستی کارەکتەرەکانی ترەوە هەڵدەسوڕین. بینەران لەبری ئەوەی سەیری نەمایشێکی چڕی ڕیالیزمی بکەن، نەمایشێکی کۆمیدی کە نزیکە لە سنوورەکانی تراجیدییەوە دەبینن. ستایلی گەمەی ئەکتەر و بەرجەستەکردنی رۆڵەکان فیزیکییە و جووڵەی جەستەی ئەکتەرەکان زیاتر لە بووکەڵە دەچن وەک لەمرۆڤ و ئەکتەر. جووڵەی ئەکتەرەکان دیاریکراوە و کرێکارانی شانۆ دێنە ژوورەوە و بە لەزگەی سپی جووڵەی ئەکتەرەکان لەنێو چوارگۆشەی بچووک و بچووکتردا سنووردار دەکەن. بەم شێوەیە و لە زۆر ڕووەوە مەسەلە تەکنیکییەکان ڕێچکەی نەمایشەکە دیاری دەکەن.

لە سوچێکی پێشەوەی پانتایی شانۆکەدا، مێزێک دانراوە و ئەو شتانەی لەسەرە، کە بۆ دروستکردنی ئەتمۆسفێری نەمایشەکە بەکاردەهێنرێن، دەنگی قاپوقاچاخ، فڕینی باڵندە، تەقینی فیشەکی دەمانچە… هتد. ئەو ئەکتەرە کچەی ڕۆڵی هێدڤیکی بچووکیش دەبینێت، بە جلەکانییەوە، کە گوزارشت لە شێوە جلوبەرگێکی تێکەڵی ساڵەکانی ١٨٨٤ و ٢٠١٥ دەکات، لەبەردەمی مێزەکەدا وەستاوە و لەبەرچاوی بینەرانەوە ئەم کاریگەرییە دەنگیانە بەرجەستە دەکات، لەکاتی پێویستدا دەچێتە سەر شانۆ و نێو ڕۆڵەکەیەوە، ڕۆڵەکەی دەبینێت و دەگەڕێتەوە سەر مێزەکە و کارەکانی تری جێ بەجێ دەکات و بەو شێوەیە. لە ناوەڕاستی شانۆکەیشدا دیوارێک بەرز بۆتەوە، کە دەبێتە شاشەی سینەما و هەندێک جار ڕۆڵی تریش دەگێڕێت: دەروازەی ماڵ و شوێنی هاتنەژوورەوە و چوونەدەرەوەی کارەکتەرەکان و هەر لەم شوێنەیشەوە، لەکاتی پێویستدا بارانێکی بەخوڕ دێتە خوارەوە.

ریژیسۆری نەمایشەکە لە دوو دیدی جیاوازەوە کار دەکات، دەق/نەمایش و مێتاشانۆیەکی گەمەئامێز، کە چەندە کار لەسەر دەقەکە، لەڕووە سیکۆلۆژییەکەیەوە دەکات، هێندەیش گەمە شانۆییەکە، بنەما فیزیکییە جەستەییەکە و خوێندنەوە تازەکەی بۆ کردنەوەی کۆدەکانی دەقەکە، دەبێتە دەروازەیەکی گرینگ بۆ خوێندنەوە و بینینی هەموو نەمایشەکە. بۆ نموونە، گەمەکردن بە ڕۆڵی پیاوەکان: دەیانکاتە گروپ، کۆرسی بێسەر و هەندێک جاریش لە خودی گەمەکە دەیانکاتە دەرەوە یان دوو هێندە زیادیان دەکات، لە ڕێگای بەکارهێنانی چەندین بووکەڵەوە، کە لەبارستەی مرۆڤدا، دەردەکەون. ئەم هەموو پیاوە بەتەمەنانە، بەسەر و بەبێ سەر، دێن و دەچن، جگەرە دەکێشن، بەریەک دەکەون، شوێنەکان قەرەباڵغ دەکەن و لە فۆرمێکی ئێکسپرۆشیونیزمدا وێنە خێراکانی نەمایشەکە بەرجەستە دەکەن و لە شێوازەکانی فیلمە ڕەش و سپییە بێدەنگە کۆنەکان نزیک دەبنەوە. هەندێک جار ئەم پیاوانە دەبنە کاریکاتیۆرێکی فرە مەودا و لە مەدارەکانی گرۆتیسکێکی شانۆیی و دیمەنە توندوتیژەکاندا، لە دیدی کۆمیدیایەکی ڕەشەوە گەمارۆی کارەکتەری ئافرەتەکان دەدەن. هەر بەشێوەیەکی کۆمیدی ئەوەمان بۆ دەخاتە ڕوو، کە چۆن یەڵماز ئێکداڵ خۆی بە بلیمەت و داهێنەر دەزانێت، بەبێ ئەوەی کەس بزانێت ئەم بلیمەتییە لەچی دایە، هەرچەندە ژنەکەی (گینا) کۆڵەکەکانی ماڵەکەی ڕاگرتووە. لەم کەش و ئەتمۆسفێرە گوزارشتئامێز و ئێکسپرۆشیونیزمییەدا، کە ئەکتەرەکان زیاتر کار لەسەر جەستە دەکەن، بەڵام هێدڤیگ جیاواز لەوان بەشێوەیەکی نەریتگەرایی دەجووڵێتەوە و نواندنەکەی بەپێی پرنسیپەکانی شانۆیەکی واقیعیەوە بەرجەستە دەکات.

مەسەلەکانی درۆی ژیان، بەتایبەتی هاوسەرگیرییەک، کە لەسەر درۆ بنیاتنراوە، کە ئیبسن بە چڕی کاری لەسەر کردووە، لەم نەمایشەدا دەبێتە شتێکی لاوەکی و دەکەوێتە پشت وێنە شانۆییەکانەوە. ئەوەی بۆ ئەم ریژیسۆرە گرینگە ڕۆڵی ئافرەتەکانە، بەتایبەتیش گینا و هێدڤیگ، کە لە دەقەکە بێزار دەبن و هەر وەک کارەکتەری (نورا) لە شانۆنامەی (ماڵی بووکەڵە)دا، دەیانەوێت بێنە دەرەوە و ماڵەکە بەجێ بهێڵن و دەرگاکەیش لە دوای خۆیاندا بەتوندی بدەن بەیەکا.

هەندێک لە ڕەخنەگر و پسپۆڕانی ئیبسن (مراوییە کێوییەکە) بە شالیری ئیبسن ناوزەد دەکەن، یەڵمار لیرێکی مۆدێرنی تراجیکۆمیدییە: کابرایەکی سەرقاڵە بەخۆیەوە، کە ناتوانێت خۆشەویستی کچەکەی ببینێت. هێدڤیگ وەک کۆردیلیا وایە: ئەو کچەی لە خۆشەویستی باوکی بێبەش دەکرێت و لە ئەنجامدا دەمرێت، هەر لەبەر ئەوەی ناتوانێت لە باوکی زیاتر کەسێکی تری خۆش بووێت.