كه‌ره‌سته‌ی گونجاو، بۆ دروستكردنی په‌یوه‌ندی ته‌ندروست له‌نێوان یاری و یاریزاندا

158

كاتێك دوو تیپ له‌ژێر ڕێنمایی دوو سیسته‌می جیاوازی یاریكردندا ڕووبه‌ڕووی یه‌كترده‌بنه‌وه‌، پێكه‌وه‌ تێکەڵەیەکی ئاڵۆزی فره‌ڕه‌هه‌ند به‌رهه‌م ده‌هێنین. ئه‌م تێکەڵە ئاڵۆزه‌  خۆی له‌ خۆیدا ده‌بێته‌ هۆی خوڵقاندنی دیارده‌یه‌كی ناوازه‌ كه‌ به‌ یاری تۆپی پێ ناوده‌برێت. ڕه‌هه‌نده‌كانی نێو ئه‌م یارییه‌، له‌ڕێگای كۆمه‌ڵێك په‌یوه‌ندی ئاڵۆز و لێكئاڵۆسكاوەوه‌ به‌یه‌كه‌وه ‌به‌ستراون. ئه‌م په‌یوه‌ندییانه‌ له ‌یه‌كکاتدا ده‌كرێت ته‌واوكاری یه‌كتربن و ده‌كرێت یه‌كتریش ڕەت بكه‌نه‌وه‌. بۆ نموونه‌ كرده‌ی پاسدان له‌ یاری تۆپی پێدا، هه‌رچه‌نده‌ وه‌كوو ئه‌ڵقه‌یه‌كه‌ كه‌ دوو یاریزان یاخود تیپێك به‌یه‌كترییه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌، به‌ڵام له‌ ناوه‌ڕۆكدا كرده‌یه‌كی ڕه‌تكردنه‌وه‌یه‌، چوونكه‌ په‌یوه‌ندی نێوان یاریزانی پاسده‌ر  و تۆپ، هه‌میشه‌ خاسێتی به‌رەنگاربوونه‌وه‌ و قبوڵنه‌كردن ڕێنوێنی ده‌كات، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا كۆی پرۆسه‌ی پاسدانه‌كان په‌یوه‌ندییه‌كی توندووتۆڵ له‌ نێوان كۆی تیپه‌كه‌دا دروست ده‌كات. له‌ ڕێگای ئه‌م نموونه‌یەوه‌ ده‌بینین كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێو یاری تۆپی پێ، ته‌واو لە هاوكێشه‌یه‌كی كیمیایی ده‌چێت كه‌ تێیدا پرۆسه‌ی سه‌ركه‌وتن و بنكه‌وتنی بنه‌ماكانی په‌یوه‌ندییه‌كان، هه‌رچه‌نده‌ دژیه‌كبن یاخود ته‌واوكاری یه‌كتربن، دواجار جۆرێک لە هاوئاهه‌نگی له‌ نێوانیاندا بوونی هه‌یه‌.

یه‌كێك له‌و په‌یوه‌ندییه‌ هه‌ره‌ ئاڵۆزانه‌ی كه‌ له‌ یاری تۆپی پێدا هه‌یه‌، په‌یوه‌ندی نێوان یاریزان و یارییه‌كه‌یه‌. چۆنێتی یاریكردن و ئه‌و شێوازه‌ی كه‌ یاریزان په‌یڕه‌وی ده‌كات، به‌پێی ژینگه‌، كولتور، وڵات و له‌ هه‌موویشی گرنگتر به‌پێی بیرۆكه‌ و تێگه‌یشتنی ڕاهێنه‌ره‌كه‌ ده‌گۆڕێت. هه‌ر وه‌كوو ده‌بینین ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵێك پێكهاته‌ی جیاواز، ڕۆڵ له‌ دروستكردنیدا ده‌بنێت. هه‌ربۆیه بۆ تێگه‌یشتن له‌‌م په‌یوه‌ندییه‌ ئاڵۆزه‌ی كه‌ یاریزان به‌ یاری تۆپی پێیه‌وه‌ ده‌به‌ستێتەوە، پێویسته‌ پرسیار دەربارەی‌ چۆنێتی دروستكردنی په‌یوه‌ندی نێوان یاریزان و یارییه‌كه بكه‌ین و هاوكات ئه‌و ئامراز و كه‌ره‌ستانه‌ تاوتوێ بكه‌ین كه‌ له‌ دروستكردنییدا به‌كارده‌هێندرێت.

ئه‌م په‌یوه‌ندییه كه‌ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك بنه‌مای خۆی داده‌مه‌زرێنێت، ‌پێش هه‌موو شتێك به‌ فلته‌رێكی تایبه‌تدا تێپه‌ڕ ده‌بێت كه‌ به‌ ڕاهێنه‌ر ناسراوه‌. ڕاهێنه‌ر ئه‌و ئه‌ڵقه‌ی به‌یه‌كگه‌یشتنه‌یه‌ كه‌ یاری و یاریزان پێكه‌وه‌ ده‌به‌ستێتەوە. چۆنێتی كاركردنی ئه‌م ئه‌ڵقه‌یه‌ پێش ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر بنه‌ما جه‌سته‌یی و تاكتیكی و هونه‌رییه‌كان خۆی دروسبكات، له‌ بنه‌ڕه‌ته‌دا له‌سه‌ر بناغه‌یه‌كی هه‌سته‌كی و هزری خۆی جێگیر كردووه‌. واتا كاتێك یاریزانێك یاری ده‌كات، پێش ئه‌وه‌ی هێزی جه‌سته‌یی یاخود كارامه‌ی هونه‌ری ئاستی یاریكردنی دیاری بكات، له‌ پێشدا دۆخێكی هه‌سته‌كی و بیرۆكه‌یه‌كی یاریكردن ڕێنوێنی ده‌كات. هه‌ر بۆیه‌ ده‌بینین یاریزانه‌كان سه‌ره‌ڕای لاوازی و به‌هێزی جه‌سته‌ییان له‌نێو سیسته‌مه‌ جیاوازه‌كانی یاریكردندا ده‌توانن خۆیان ده‌ربخه‌ن كاتێك دۆخی هه‌سته‌كی و بیرۆكه‌ی پشته‌وه‌ی سیسته‌مه‌كه‌ هاوئاهه‌نگه‌ له‌گه‌ڵ توانای جه‌سته‌یی و كارامه‌ییان. بۆنموونه‌ ده‌كرێت یاریزانێكی خاوه‌ن توانای جه‌سته‌یی به‌رز له‌گه‌ڵ تیپێكی ئاست به‌رزدا توانای خۆ گونجاندنی نه‌بێت، به‌هۆی نه‌گونجانی بناغه‌ هه‌سته‌كی و هزری سیسته‌می یاریكردن یانه‌كه‌ له‌گه‌ڵ توانا جه‌سته‌ی،هونه‌رییه‌كانیدا، له‌به‌رامبه‌ردا یاریزانێكی لاواز له‌ڕووی جه‌سته‌ییه‌وه‌ ، ده‌توانێت له‌گه‌ڵ هه‌مان یانه‌ی ئاست به‌رزدا بۆ چه‌ندین ساڵ سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت، به‌هۆی ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه‌ی كه‌ له‌ نێوان بونیاتی یاریزانه‌كه‌ و بونیاتی هه‌سته‌كی و هزری سیسته‌می یاریكردنی یانه‌كه‌دا هه‌یه‌..

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا  ئه‌م بنه‌ما هزری و هه‌سته‌كییانه به‌ده‌ر له‌وه‌ی ‌كه‌ گۆڕاو و فره‌ شێوەن، به‌گوێره‌ی ئایدیا و بیرۆكه‌كانی ڕاهێنه‌ره‌كان، هاوكات ڕیشه‌یه‌كی قووڵیان هه‌یه‌ له‌ نێو سروشتی یاری تۆپی پێدا. چوونكه‌ بیرۆكه‌كانی ڕاهێنه‌ر هه‌رچه‌نده‌ كاریش بۆ گونجاندنی یاریزانه‌كان بكات له‌گه‌ڵ دۆخه‌ سروشتییه‌ جیاوازه‌كانی نێو یاری تۆپی پێ، له‌ كۆتایدا یارییه‌كه‌ كۆمه‌ڵێك سیفاتی سروشتی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه‌ كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك گۆڕانی به‌سه‌ردا نایه‌ت. له‌وانه‌؛ كاتی یاریكردن، ڕووبه‌ری یاریگا، ژماره‌ی یاریزانان، یاسا و ڕێساكانی یاریكردن و پێوانه‌كانی ناوچه‌كانی یاریگاكه‌. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ سیفات و باكگراوندی كولتوری هه‌ریه‌ك له‌ یاریزانه‌كان. كه‌واتە ئه‌م سروشته‌ هه‌ر وه‌كوو چۆن مه‌حكومه‌ به‌ ئایدیا و بیرۆكه‌كانی راهێنه‌ره‌كه‌، هه‌ر ئاوهاش حاكمداره‌ به‌سه‌ر ئایدیا و بیرۆكه‌كانی ڕاهێنەرەکەدا.

هه‌ربۆیه‌ ڕاهێنه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له‌ چنگی حوكمه‌كانی سروشتی یارییه‌كه‌ ڕزگاربكات و هاوكات سروشتی یارییه‌كه‌ ملكه‌چی به‌ ئایدیاكانی خۆی بكات، پێوسته‌ كۆده‌كانی نێو ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ بشكێنێت كه‌ له‌  نێوان یاریزان و یارییه‌كه‌ هه‌یه‌. به‌مانایه‌كیتر ده‌بێت میكانیزمێكی گونجاو بدۆزێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ڕێگایانه‌وه‌ كار و كاردانه‌وه‌ی نێوان یاریزان و یارییه‌كه به‌شێوه‌یه‌ك بنیات بنێت كه سروشتی یارییه‌كه‌ ملكه‌چی بیرۆكه‌ و دۆخه‌ هه‌سته‌كییه‌كه‌ی پشته‌وه‌ی سیسته‌می یاریكردنی ڕاهێنه‌ره‌كه‌ ببێت‌.

بۆ گه‌یشتن به‌م ئامانجه‌، پێویسته‌ له‌سه‌ر ڕاهێنه‌ر ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌ بدۆزێته‌وه‌ كه‌ ده‌كرێت به‌كاریانبهێنت بۆ شكاندنی  كۆده‌كانی ئه‌و به‌ربه‌سته‌ سروشتییانه‌ی كه‌ دێنه‌ ڕێگای، تاكوو  له‌ڕێگایانه‌ جۆری‌ ئه‌و  په‌یوه‌ندییه‌ دیاریبكات كه‌ ده‌كرێت له‌ نێوان یاریزان و یارییه‌كه‌دا دروست ببێت. گرنگی دۆزینه‌وه‌ی ئامرازی گونجاو بۆ دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌وه‌دایه‌ كه‌ جۆری ئامرازه‌كان سروشت و سیفات و خاسیه‌تی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ دیاریده‌كات كه‌ له‌نێوان یاریزان و یارییه‌كه‌دا هه‌یه‌. هه‌ربۆیه‌ تێگه‌یشتن له‌و ئامرازانه‌ی كه‌ ده‌كرێت په‌یوه‌ندییه‌كانی پێ دروست بكرێت، ئه‌ركێكی بنه‌ڕه‌تی ڕاهێنەرە.

خۆرخێ سامپاولی ڕاهێنه‌ری یانه‌ی سیڤیا و یه‌كێك له‌ ڕۆشنبیره‌ بزێوه‌كانی نێو دونیای تۆپی پێ، له‌ چاوپێكه‌وتنێدا له‌گه‌ڵ خۆرخێ ڤاڵدانۆدا سه‌باره‌ت به‌ گرنگی ئه‌و ئامرازانه‌ قسه‌ ده‌كات كه‌ په‌یوه‌ندی نێوان یاریزان و یارییه‌كه‌ دیاریده‌كات. سامپاولی له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكی ڤاڵدنۆ سه‌باره‌ت به‌وەی‌ “چی ڕێگایه‌ك به‌كاردەهێنێت بۆ گواستنه‌وه‌ی بیرۆكه‌كانی بۆ یاریزانه‌كان، وە ئایا وشه‌، وێنه‌، یاخود یاری باشترین ئامرازه‌؟؟”  ده‌ڵێت “: له‌ڕێگای وشه‌وه په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ یاریزاندا دروست ده‌كه‌ین،‌ چوونكه‌ وێنه‌ زۆر جار تێگه‌یشتنی هه‌ڵه‌ لای یاریزان دروست ده‌كات، به‌وپێیه‌ی وێنه‌كان گوزارشت له‌ حاڵه‌تێكی دیاریكراو ده‌كه‌ن، له‌به‌رامبه‌ردا وشه‌ باشترین كه‌ره‌سته‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی شێوازی یاریكردنی یاریزانی پێ بگۆڕیت.” سامپاولی به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێت: “ئێمه‌ هه‌موو ڕۆژێك كار له‌سه‌ر چاندنی تۆوی یاخیبوون ده‌كه‌ین له‌ هزری یاریزانه‌كاندا، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ وشه‌ باشترین ئامرازه‌ بۆ گه‌یشتن به‌م ئامانجه‌.”

ئه‌گه‌ر له‌ وته‌كانی خۆرخێ سامپاولی بڕوانین، تێده‌گه‌ین ڕه‌تكردنه‌وه‌ی به‌كارهێنانی وێنه‌ وه‌كوو كه‌ره‌سته‌ی گه‌یاندنی بیرۆكه‌كان له‌ ناوه‌ڕۆكدا ناوچه‌یه‌كی فراوانتر داده‌پۆشێت. سامپاولی لێره‌دا گرنگی ئامرازی گونجاو بۆ گه‌یاندنی بیرۆكه‌كان پیشان ده‌دات و جه‌خت له‌سه‌ر گرنگی ئامرازه‌كان ده‌كاته‌وه‌ له‌ دیاریكردنی په‌یوه‌ندی نێوان یاریزان و یاری تۆپی پێ. به‌گوێره‌ی وته‌كانی سامپاولی، یاریزان ناكرێت پشت به‌ ئه‌و زانیاریانه‌ ببه‌ستێت كه‌ له‌ ڕێگای سه‌رچاوه‌ هه‌سته‌كییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستی ده‌كه‌وێت له‌ یاری تۆپی پێدا. چوونكه‌ هه‌سته‌وه‌ره‌كان ناتوانن زانیاری ته‌واومان پێبده‌ن ده‌رباره‌ی ئه‌و بارودۆخانه‌ی كه‌ له‌ ناو یاریگادا ڕووده‌ده‌ن. چوونكه‌ هه‌موو ئه‌و دۆخانه‌ی‌ كه‌ دروست ده‌بن له‌ ناو یاریگای تۆپی پێدا خاوه‌ن خەسڵەت و تایبه‌تمه‌ندێتی خۆیانن كه‌ ناكرێت وه‌كوو سه‌رچاوە به‌كاربهێنرێن بۆ دانانی  بناغه‌كانی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی كه‌ ده‌كرێت یاریزان و یارییه‌كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ببه‌ستێیت.

ئه‌م دونیابینییه‌ی سامپاولی به‌ ته‌واوه‌تی پێچه‌وانه‌ی دونیابینی یۆهان كرۆیڤه‌. كرۆیڤ له‌باره‌ی چۆنێتی دروستكردنی په‌یوه‌ندی له‌ نێوان یاریزان و یارییه‌كه‌دا ده‌ڵێت: “ده‌توانیت تێبگه‌یت له‌وه‌ی  یاریزانه‌كه‌ تاكوو چه‌ند ئاستی كارامه‌یی پاسدان، یاخود دریبڵینگ كردنی ته‌واوه‌ له‌ ڕێگای گوێگرتن له‌ ته‌په‌ی تۆپه‌كه‌ كاتێك به‌ر پێی یاریزانه‌كه‌ ده‌كه‌وێت”.  لێره‌دا یۆهان به‌ ته‌واوه‌تی لایه‌نی هه‌سته‌كی خۆی ده‌رده‌خات و هه‌سته‌وه‌ره‌كان به‌ سه‌رچاوه‌ی گرنگ و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ داده‌نێت بۆ تێگه‌یشتن له‌ یاری تۆپی پێ. به‌گوێره‌ی یۆهان ئه‌و زانیارییانه‌ی كه‌ هه‌سته‌وه‌ره‌كان پێمان ده‌به‌خشن، ده‌توانن ئه‌و ئامرازانه‌ ده‌ستنیشان بكه‌ن كه‌ په‌یوه‌ندی نێوان یاریزان و تۆپ به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌ستێیت. بێگومان یۆهان كرۆیڤ لێره‌دا خاڵێكی گرنگ له‌بیر ده‌كات كه‌ ئه‌ویش به‌هه‌ند‌ وه‌رگرتنی سیسته‌می جوڵه‌ و ڕێژه‌ی ئازادی نێو سیسته‌می جوڵه‌ی یاریزانه‌كەیە‌. چوونكه‌ هه‌موو كات ئه‌م سیسته‌مه‌ و ڕێژه‌ی ئازادییه‌كه‌ی نێو ئه‌م سیسته‌مه‌ له‌ یاریزانێكه‌وه‌ بۆ یاریزانێكی دیكه‌ گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت، هه‌ربۆیه‌ ده‌نگ و ته‌په‌ی به‌ریه‌كه‌وتنی تۆپ له‌گه‌ڵ پێی یاریزاندا ده‌كرێت گۆڕانی به‌سه‌ردا بێت بەپێی سیسته‌می جوڵه‌ی یاریزانه‌كه‌ و ڕێژه‌ی ئازادی نێو سیسته‌می جوڵه‌ی یاریزانه‌كه‌.

له‌ به‌رامبه‌ردا ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر وته‌كانی سامپاولی ده‌بینین له‌ به‌شێكیدا ده‌لێت: “وێنه‌كان گوزارشت له‌ حاڵه‌تێكی دیاریكراو ده‌كه‌ن” هاوكات ده‌ڵێت: “ئێمه‌ هه‌موو ڕۆژ كار له‌سه‌ر چاندنی بیرۆكه‌ی یاخیبوون ده‌كه‌ین له‌ ناو یاریزانه‌كاندا و وشه‌یش باشترین ئامرازه‌ بۆ گه‌یشثن به‌م ئامانجه‌.”

سامپاولی لێره‌دا ئه‌وه‌ به‌یان دەکات كه‌ وێنه‌ ده‌كرێت ئامرازێك بێت بۆ تێگه‌یشتن له‌ دۆخ و حاڵه‌ته‌ هه‌نووكه‌ییه‌كان كه‌ ڕوویانداوه‌، هاوكات ده‌توانێت یارمه‌تیمان بدات تاكوو هه‌ڵسه‌نگاندنی گونجاو بۆ سروشتی دۆخه‌كان بكه‌ین، لێیان تێبگه‌ین و لێیانه‌وه‌ فێرببینن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی وێنه‌ ناتوانێت بیكات، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ستراكچه‌ر و بینای ئه‌و بیرۆكەیە‌ بكات كه‌ ده‌مانه‌وێت له‌سه‌ری فه‌لسه‌فه‌ی یاریكردنی خۆمان دابمه‌زرێینین. به‌مانایه‌كیتر وێنه‌ ناتوانێت ڕێنوێنی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ بكات كه‌ ده‌كرێت له‌ ئاینده‌دا له‌ نێوان یاریزان و یارییه‌كه‌دا دروست ببێت، چوونكه‌ وێنه‌كان شیكاری دۆخی هه‌نوكه‌یی كردارێك ده‌كه‌ن‌، وه‌ ئه‌گه‌ر بێتوو پشت به‌ وێنه‌ ببه‌ستین بۆ دیاریكردنی شێوازی یاریكردن و په‌یوه‌ندی نێوان یاریزان و یارییه‌كه‌، ئه‌وا ناتوانین گره‌نتی ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ هه‌مان دۆخی وێنه‌كه‌ ده‌كرێت دووباره‌ ببێته‌. چوونكه‌ خودی وێنه‌كان له‌ ژێر كاریگه‌ری سروشته‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی یارییه‌كه‌دان.

بۆنموونه له‌ خوله‌كی ٦٧ی یارییه‌كه‌دا دوای ئه‌وه‌ی تیپی زه‌رد به‌ گۆڵێكی بێ به‌رامبه‌ر له‌ پێشه‌وه‌یه‌ و یاریزانێكی تیپی سوور له‌ ناوچه‌ی باڵی به‌رگری تووشی پێكان هاتووە، باڵی به‌رگری تیپی زه‌رد له‌ كاتی هێرشه‌كه‌دا خۆی له‌ ناوچه‌ی هێرشبه‌ردا جێگیر ده‌كات. بێگومان باڵی به‌رگرییه‌كه‌ ئه‌م كرداره‌ی به‌ پشت به‌ستن به‌و زانیارییه‌ هه‌نووكه‌ییانه‌ ئه‌نجامداوه‌ كه‌ له‌ دۆخه‌كه‌دا ده‌ركه‌وتووه‌. بۆنموونه‌ ده‌بینێت یاریزانه‌كانی ناوه‌ندی یاریگا له‌ نزیك گۆڵی خۆیان ماونه‌ته‌وه‌، هاوكات دڵی به‌رگری بنكه‌ی یاریكردنی خۆی داپۆشیو‌ه‌، هه‌روه‌ها یاریزانی باڵی هێرشبردن و دڵی هێرشبردنی سوور له‌ نێو گۆڵی خۆیاندان. هه‌ربۆیه‌ باڵی به‌رگری به‌ پشت به‌ستن به‌م زانیاریانه‌، بڕیار ده‌دات بچێته‌ ناوچه‌ی هێرشبه‌ر و ناوچه‌ی خۆی چۆڵ بكات. ڕاهێنه‌ر ناتوانێت پشت به‌م وێنه‌یە ببه‌ستێیت بۆ دووباره‌ كردنه‌وەی‌ هه‌مان حاڵه‌ت له‌ ئاینده‌دا، چوونكه‌ ناتوانێت گره‌نتی ئه‌وه‌بكات كه‌ هه‌مان دۆخ له‌ ده‌ورووبه‌ری یاریزانی باڵی به‌رگری دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ یاخود نا. هه‌ربۆیه‌ سه‌رچاوه‌ هه‌سته‌كییه‌كان، هه‌رچه‌نده‌ ده‌توانن لێكدانه‌وه‌ی تێروته‌سه‌لمان پێببه‌خشن ده‌رباره‌ی ڕابردووی دۆخه‌كان، به‌ڵام ناتوانن بناغه‌ی ئه‌و بیرۆكانه‌ دابمه‌زرێنن كه‌ له‌ ئاینده‌دا په‌یڕه‌وه‌ ده‌كرێن.

لێره‌دا سامپاولی ڕووبه‌ڕووی تێگه‌یشتنێكی مارسیلۆ بێلسای مامۆستای ده‌بێته‌وه‌. بێلسا كه‌ به‌ یه‌كێك له‌ ڕابه‌رانی دونیای تۆپی پێ داده‌نرێت، ده‌رباره‌ی به‌رگریكردن له‌ یاری تۆپی پێدا ده‌لێت: “به‌رگریكردن له‌ ناوه‌ڕۆكدا، ئه‌كتێكی ڕه‌مه‌كییه‌.” ڕه‌مه‌ك یاخود غه‌ریزه بریتییه‌ له‌ ڕەفتارێكی ناوه‌كی بۆماوه‌یی به‌رامبه‌ر به‌ بزواندنێكی ده‌ره‌كی. ڕه‌مه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌كی ناوه‌كی مرۆڤه‌ به‌رامبه‌ر هه‌ر ڕووداوێكی ده‌ره‌كی بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئاوه‌ز و ئه‌قڵ، یان به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ زانیاری پێشوو یاخود ئه‌زموونی پێشووتر كه‌ مرۆڤ پشتیان پێده‌به‌ستێت بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵسوكه‌وت و ڕفتاری جیاواز.به‌شێوه‌یه‌كی گه‌شتی، ده‌ركه‌وتنی  كاردانه‌وه‌ی غه‌ریزی له‌ مرۆڤدا، له‌و دۆخانه‌دا دروست ده‌بێت  كه‌ له ‌پڕ و بێ ئاماده‌كاری ده‌رده‌كه‌ون. بۆنموونه‌  مرۆڤێك ناترسێت تاكوو تووشی دۆخێكی له‌ناكاوی نه‌زانراو نه‌بێت، وه‌ زۆرجار مرۆڤ هێرش ناکاتە سەر ژیانی کەس، تاكوو ژیانی خۆی نه‌كه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.

وه‌كوو دیاره  په‌یوه‌ندییه‌كی ڕاسته‌وخۆ و تۆندوتۆڵ له‌ نێوان غه‌ریزه‌ و تۆپی پێدا بوونی هه‌یه‌، به‌و پێیه‌ی یاری تۆپی پێ یه‌كێكه‌ له‌ دیارده‌ هه‌ره‌ ئاڵۆز و نه‌زانراوه‌كان كه‌ به‌ به‌رده‌وامی دۆخی له‌ ناكاوی تێدا دروست ده‌بێت كه‌ پێشتر ئاماده‌كاری بۆ نه‌كراوه‌. هه‌ربۆیه‌ كاردانه‌وه‌ی غه‌ریزی،‌ له‌ پرۆسه‌ی بڕیاردانی یاریزانه‌كاندا، پانتاییه‌كی فراوان ده‌گرێته‌وه. به‌مانایه‌كیتر كاردانه‌وه‌ی یاریزانی باڵی به‌رگری سوور له‌و دۆخه‌دا، ده‌كرێت به‌ كاردانه‌وه‌یه‌كی ته‌واو غه‌ریزی ته‌ماشا بكرێت به‌و پێییه‌ی بڕیاره‌كانی یاریزانه‌كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای زانیاری هه‌نووكه‌یی بوونه‌ و ته‌نها له‌و ساته‌دا ده‌ركه‌وتووە‌. ئه‌گه‌ر له‌م گۆشه‌ نیگایه‌وه‌ ته‌ماشای یارییه‌كه‌ بكه‌ین، ده‌بینین كه‌ یاریزانی باڵی به‌رگری تیپی زه‌رد ده‌كرێت خۆی به‌ ده‌ركردندا بدات به‌ كارتی سوور ئه‌گه‌ر بێتوو له‌و چركه‌ ساته‌ی كه‌ له‌ ناوچه‌ی هێرشبردندایه‌، تیپی سوور هێرشێكی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ دروستبكه‌ن. باڵی به‌رگری تیپی زه‌رد ده‌كرێت خۆی به‌ ده‌ركردن بدات بێ ئه‌وه‌ی ڕەچاوی ئه‌وه‌ بكات كه‌ تیپه‌كه‌ی به‌ گۆڵێك له‌ پێشه‌وه‌یه‌، یاخود هێشتا خوله‌كی ٦٧ . لێره‌وه‌ بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ سروشتی ناچاوه‌ڕوانكراوی نێو یاری  تۆپی پێ، واده‌كات یارییه‌كه‌ هیچ کات له‌ چنگی كاردانه‌وه‌ غه‌ریزییه‌كان ڕزگاری نه‌بێت، به‌مه‌ش ڕاهێنه‌ر هه‌میشه‌ مه‌حكومی سروشتی بنه‌ڕه‌تی یارییكه‌ ده‌بێت.

له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌گه‌ر  له‌گه‌ڵ وه‌ڵامه‌كه‌ی سامپاولیدا به‌رده‌وام بین، ده‌بینین  له‌ به‌شی دووه‌می قسه‌كانیدا گرنگی هێزی وشه‌ ده‌خاته‌ ڕوو. ئه‌و ده‌لێت: “ئێمه‌ تۆوی یاخیبوون له‌ نێو یاریزانه‌كاندا ده‌چێنین له‌ ڕێگای به‌كارهێنانی وشه‌وه‌.” سامپاولی ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ ڕوو كه‌ وشه‌ ده‌توانێت ڕێنوێنی ته‌واوی ئه‌و بیرۆكانه‌ بكات كه‌ ده‌مانه‌وێت یاریزان یاخود تیپه‌كه‌ پێیبگات. لێره‌شه‌وه‌ وشه‌ ده‌توانێت ئه‌و كه‌ره‌سته‌ گونجاوه‌ بێت كه‌ ده‌كرێت په‌یوه‌ندی نێوان یاریزان و یارییه‌كه‌دا دیاری بکات.

لێره‌دا سامپاولی به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان ئاماژه‌ بۆ گرنگی دواندنی هزر ده‌كات له‌ كاری ڕاهێنه‌رایه‌تیدا. چوونكه‌ وشه‌ له‌ چوارچێوه‌یه‌كی گه‌وره‌تردا ئاماژه‌كردنه‌ به‌ زمان، زمانیش له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ڕاسته‌خۆدایه‌ له‌گه‌ڵ هزردا، به‌و پێیه‌ی دواندنی هزری له‌ ڕێگای  زمانه‌وه‌ ده‌كرێت. لێره‌وه‌ سامپاولی ڕۆڵی زمان ده‌خاته‌ به‌رچاو له‌ دونیای تۆپی پێدا. هاوكات باڵاده‌ستی و هه‌یمه‌نه‌تی زمان پێشان ده‌دات به‌سه‌ر هه‌سته‌وه‌ره‌كاندا. سامپاولی ده‌لێت: تۆوی یاخیبوون له‌ نێو یاریزانه‌كاندا ده‌چێنین. ئه‌گه‌ر ته‌ماشای په‌یوه‌ندی نێوان بیرۆكه‌ی یاخیبوون بكه‌ین له‌گه‌ڵ هه‌سته‌وه‌ره‌كاندا، ده‌بینین هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ یاخیبووندا فه‌وارێك له‌ هه‌ستی گه‌رم و گوڕ دروست ده‌بێت. هاوکات بیرۆكه‌ی یاخیبوون، پێكدادان و حه‌ماسه‌ت و هه‌وڵدان و كۆشش و جه‌نگه‌ له‌ پێناو پرسێكدا. به‌مانایه‌كیتر ئایدیای یاخیبوون كاردانه‌وه‌یه‌كی هه‌سته‌كی لای كه‌س یاخود گرووپی یاخی دروست ده‌كات، هه‌ربۆیه‌ كه‌سی یاخی هه‌میشه‌ بۆ پێشاندانی هه‌ستی یاخیبوونی خۆی، كۆمه‌ڵێك كاردانه‌وه‌ی ده‌بێت كه‌ ئه‌م كاردانه‌وانه‌ له‌ڕێگای كۆمه‌ڵێك كه‌ره‌سته‌وه‌ ده‌بێت. ئه‌م كه‌ره‌سته‌یش وه‌كوو ده‌زانین بۆ یاریزان هه‌میشه‌ یاری تۆپی پێیه‌.

به‌مانایه‌كیتر یاریزانی یاخی ده‌توانێت له‌ ڕێگای تۆپی پێوه‌، گوزارشت له‌و یاخیبوونه‌ بكات كه‌ تێیدا سه‌رهه‌ڵده‌دات. ئه‌م گوزارشتكردنه‌ش كه‌ گوزارشتكردنێکی هه‌سته‌كییه‌، واده‌كات كۆمه‌ڵێك دۆخ و حاڵه‌تی جیاواز له‌ نێو یاریگادا دروست ببێت. لێره‌وه‌ بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ دۆخه‌ هه‌سته‌كییه‌كانی یاریزان ده‌بێته‌ هۆكاری ئه‌و كاردانه‌وانه‌ی كه‌ یاریزانه‌كه‌ ئه‌نجامی ده‌دات، وه‌ ئه‌و كاردانه‌وانه‌ش ده‌بنه‌ هۆی دروستكردنی كۆمه‌ڵێك حاڵه‌ت و دۆخی تایبه‌ت له‌ ناو یاریگادا. هه‌ربۆیه‌ هه‌رچی جارێك حاڵه‌تی هه‌سته‌كی یاریزان له‌ دۆخێكی تایبه‌تدا ده‌بێت، ئه‌وا هه‌موو جارێك هه‌مان كارادانه‌وه‌ ده‌بینینه‌وه‌، لێره‌‌شه‌وه‌ هه‌موو جارێك هه‌مان دۆخ و حاڵه‌تی پێشوو دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌. به‌مشێوه‌یه‌ ڕاهێنه‌ر ده‌توانێت هێزی خۆی به‌سه‌ر سروشتی یارییه‌كه‌دا بسه‌پێنێت و یارییه‌كه‌ مه‌حكومی ئایدیا و بیرۆكه‌كانی خۆی بكات. به‌مشێوه‌یه‌   له‌ باڵاده‌ستی و گرنگی  زمان تێده‌گه‌ین وه‌كوو كه‌ره‌سته‌یه‌ك له‌ دنیای تۆپی پێدا. چوونكه‌ زمان ده‌توانێت هه‌سته‌كان بخوڵقێنت و هه‌سته‌كانیش ده‌توانن دۆخه‌كان بخوڵقێنن، به‌مه‌ش له‌ڕێگای زمانه‌وه‌ ده‌توانین هه‌میشه‌ ئه‌و وێنه‌یه‌ دووباره‌ بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ ده‌مانه‌وێت بیبینین.

پوخته‌: كه‌واتە بۆ دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌ندروست له‌ نێوان یاری و یاریزاندا، زمان ده‌توانێت ڕۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ببینیت. به‌و پێیه‌ی زمان ئه‌و هێزه‌ی هه‌یه‌ كه‌ هه‌ست و كاردانه‌وە‌كانی یاریزان ڕێكبخات. هه‌ست و كاردانه‌وه‌كانی یاریزان كه‌ هه‌ڵقوڵاوی ئه‌و دۆخه‌ سروشتیه‌ن كه‌ له‌ یاری تۆپی پێدا بوونیان هه‌یه‌، ده‌كرێت ڕاهێنه‌ر كۆنترۆڵیان بكات ئه‌گه‌ر بێتوو زمان وه‌كوو كه‌ره‌سته‌ی دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌كه‌ به‌كاربهێنێت.

له‌هه‌مان كاتدا،  ئامرازه‌كانی گه‌یشتن به‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌ندروست  له‌ نێوان یاریزان و تۆپدا به‌یه‌كێك له‌ پرسه‌ جه‌وهه‌رییه‌كانی نێو دونیای تۆپی پێ داده‌نرێت. ڕاهێنه‌ر كه‌ ئه‌ڵقه‌ی به‌ستنه‌وه‌ی ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌یه‌ له‌نێوان یاریزان و تۆپدا، پێویسته‌ به‌ وردی ئه‌و ئامرازانه‌ هه‌ڵبژێرێت كه‌ له‌ دروستكردنی ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌دا به‌كاریده‌هێنێت. چوونكه‌ هه‌ندێك له‌و ئامرازانه‌ی كه‌ له‌به‌رده‌ستدان زۆرجار ناتوانن به‌شێوه‌یه‌كی خودموختارانه كاربكه‌ن و هه‌میشه‌ پێویستیان به‌ بنه‌مایه‌كی گه‌وره‌تره‌ كه‌ پاڵپشتییان بكات. هه‌ربۆیه‌ له‌ ئه‌گه‌ری پێدانی گرنگی زیاتر پێیان، هه‌میشه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی هه‌ڵه‌ و ناته‌ندروست به‌رهه‌م ده‌هێنن. له‌به‌رامبه‌ردا بچووكکردنه‌وه‌ی ڕۆڵی هه‌ندێك ئامرازیتر ده‌بێته‌ هۆی دروستبوونی به‌رەنگاری له‌نێو جه‌وهه‌ری ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی كه‌ سروشتی یاریی تۆپی پێ پێکیده‌هێنێت. هاوكات سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ پێویستە كه‌ره‌سته‌كان به‌ شێوه‌ی گونجا و به‌ ڕیزبه‌ندی گونجاو به‌كاربهێنرێن، هاوكات ده‌بێت كه‌ره‌سته‌كان له‌ سات و كاتی گونجاودا به‌كاربهێنین و هیچ كامیان پێش و پاشی یه‌كتر نه‌كه‌ون له‌ كاتی دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌كاندا. واتە زمان و وێنه‌ و یاری هه‌رچه‌نده‌ له‌ پله‌ی جیاوازدان له‌ڕووی گرنگییه‌وه‌. به‌ڵام هه‌ر یه‌كێكیان ڕۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ده‌بینن له‌ چۆنێتی دروستكردنی ئه‌و پەیوەندییه‌ و ڕاگرتنی ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه‌ی كه‌ له‌ نێو په‌یوه‌ندییه‌كه‌دا دروست ده‌كرێت.

 

سه‌رچاوه‌كان:

Xavier Tamarit, what is tactical periodisation?, 2015

https://www.youtube.com/watch?v=6DN9wAVaqNI

 

 

You might also like More from author

Comments are closed.