قۆناغەکانی هێرشبردن لە یاری تۆپی پێدا

بڵند جاف

515

بەشێوەیەکی تێۆری یاری تۆپی پێ لە ڕووی تاکتیکیەوە پێکهاتووە لە چوار قۆناغ. قۆناغی هیڕشبردن و قۆناغی بەرگری کردن attacking phase and Defensive phase هەروەها قۆناغی پاڵپەستۆ دروستکردن و قۆناغی هەڵگەڕانەوە لە حاڵەتی بە بەرگری بۆ هێرشبردن وە بە پێچەوانەوە.

هەر یەک لەم قۆناغانە بنەمای تایبەتی خۆیان هەیە. هاوکات هەریەکەیان بەچەندین شێوازی جیاواز جێبەجێ دەکرێن. جگە لەمەش هەریەکەیان بەپێی تیپەکە و خاسیەتی یاریزانەکان ئەرک و مەرج و بنەمای جیاوازیان هەیە. 

بێگومان ناکرێت بە تەواوەتی دیاری بکەین, کام قۆناغ پێش ئەویتریان دەکەوێت. چونکە ڕەنگە یانەکە لە حاڵەتی بەرگری کردنەوە دەست بکات بە یاریی کردن بۆیە قۆناغی یەکەمی یاریی کردنی یانەکە بریتیە لە بەرگری کردن وە ڕەنگە لە هێڕشبردنەوە دەست بکاتە یاریی کردن بۆیە قۆناغی هێڕشبردن دەگرێتە بەر(واتا کاتێک تۆپ دەوەستێت و دووبارە دەکەوێتەوە ناو یاریی بۆنمونە دوای لێدانە ڕاستەوخۆی و ناڕاستەوخۆکان). یاخود ڕەنگە لە قۆناغی پاڵەپەستۆ دروستکردندا بێت کە تۆپەکە دەکەوێتە بەرژەوندی تیپەکە. ئەم بابەتە تایبەتە بە باس کردنی یەكێک لەو چوار قۆناغە کە ئەویش قۆناغی هێرش بردنە. تێیدا باسی گرنگترین خاسیەت و سیفەتەکانی دەکەین. هاوکات چۆنێتی دابەش بوونی یاریزانان لە سەر یاریگا لە کاتی هێرشبردندا شرۆڤە دەکەین. هەروەها باسی ئەوەیش دەکەین کە باشترین شێواز چییە بۆ ئەوەی یاریزانان سوودی لێوەربگرن کاتێک لەسەر یاریگا دابەش دەبەن. هەروەها جۆرەکانی مانۆڕی هێڕشبردن باس دەکەین بە پێی ژمارەی ئەو یاریزانانەی کە بەشداری دەکەن لە هێرشەکەدا. لە بەشێکی دیکەی ئەم نووسینەدا باسی جۆرەکانی شێوازی دروست کردنی یاریی باس دەکەین و بە وێنە شیکاری دەکەین.

سەرەتا دەتوانین بڵێین قۆناغی هێڕش بردن(Attacking phase) حاڵەتێکە تێیدا تیپەکە خاوەنی تۆپە. واتا لە حاڵەتی پۆسێشندایە و بە نیەتێکی تەواوەوە دەیەوێت هێڕش ببات بۆ سەر گۆڵی بەرامبەر. لێرەدا چەند خاسیەتێک هەیە کە وادەکات ئەم قۆناغە هەر لە سەرەتاوە کاریگەر بێت. ئەو خاڵانەش بریتین لە ١-پێشبینی نەکراو بێت: مەبەستمان لێرە لە توانای تیپەکەی لەوەی کە چەند زنجیرەیەکی جیاوازی شێوازی یاریکردن و هێڕشبردنی هەبێت. واتا بتوانێت لەباڵەکانەوە دەست بکاتە یاریی کرد. وە هەروەها بتوانێت لە ناوەڕاستی یاریگاشەوە دەست بکات بە یاریی کردن یاخود هەندێک جار بە دلی بەرگری دەست بکاتە یاری کردن،وە هەندێک جاریتر بە تەوەری ناوەڕاست دەست بکاتە یاریی کردن…

٢-کاریگەر بێت: دەبێت قۆناغی هێڕشبردن زۆر کاریگەر بێت. واتا لە ٤ جاردا کە تیپەکە دەست دەکات بە قۆناغی یاریی کردن ئەوا ٣ جاریان بگاتە ناو گۆڵی بەرامبەر و شوتێک لە نێوان ستونەکانی گۆڵ بدات. کە ئەمەش بە لوتکەی کاریگەر بوون دادەنرێت.

٣-خۆگونجێنەر بێت: لە قۆناغی هێڕشبردندا دەبێت تیپەکە لەگەڵ بەربەرست و گرفتی جیاوازدا خۆی بگونجێنێت. بۆنمونە لەگەل کەش و هەوادا،یاخود کاتێک کە هەرێزی یاریگاکە درێژە یاخود یاریگاکە زۆر تەڕکراوە یان کەم تەڕکراوە. وە هەندێک جار هۆکاری تاکتیکی و هونەری دەبنە بەربەست. بۆنمونە یاریزانێک بە کارتی سوور دەردەکەێت یاخود تیپەکە دەکەوێتە ژێر گوشارێکی بەرزەوە لە تیپی بەرامبەرەوە. دەیسان دەبێت تیپەکە لە قۆناغی هێرشبردن خۆی بگونجێنێت لەگەڵ ئەم گۆڕانکاریانە. دوای ئەوەی باسی خاسیەتەکانی قۆناغی هێڕشبردنمان کرد. ئیستا دێینە باس ئەو جێگانەی کە گونجاو و خوازراوە یاریزانان خۆیانی تێیدا جێگیر بکەن کاتێک قۆناغی هێرشبردن دەست پێدەکەن.

١-سوود وەرگرتن لە پانتایی یاریگا: کاتێک تیپەکە دەست دەکات بە قۆناغی هێڕشبردن پێویستە تاکوو پێدەکرێت سوود لە پانتایی یاریگا وەربگرێت و بە هەموو توانای خۆی بکشێتەوە بۆ ناوچەی باڵەکان. چونکە تاکوو بۆشایی زیاتر هەبێت کە تیپی بەرامبەر ناچار بێت دایپۆشیت ئەوا زیاتر ئەگەر هەیە کە کون و کەلەبەر لە هێلی بەرگریان دەربەکەوێت.

blan1

٢-سوود وەرگرتن لە قوڵایی یاریگا: تیپەکە بتوانێت لە قوڵایی یاریگاوە هێڕشببات و بدات لە هێڵی بەرگری تیپی بەرامبەر ئەمەش بەو شێوە دەکرێت کە هێڕشبەری تیپەکە بەروە ناوچەی دڵی بەرگری تیپی بەرامبەر بجوڵێتەوە و هەوڵبدات بۆشایی لە پێشەوەی خۆی بکاتەوە تاکوو هاوڕێکانی لە هێلی ناوەڕاست و بەرگری سوودی لێوەربگرن.

blnd2

٣-هەمەڕەنگی : تیپەکە توانای هەبێت کە شێوەی جیاواز دروست بکات لە کاتی هێڕشبردن بۆ نمونە سێگۆشە یان چوارگۆشە یان لاکێشە. بێگومان ئەمانەش لەڕیگای جوڵەی یاریزانەکانەوە دەکرێت لە ناوچەکانی هێڕشبردندا.

ئێستا دێینە سەر ژماردنی ئەو جۆرە هێرشانەی کە دەکرێت ئەنجام بدرێت بە گوێرەی ژمارەی ئەو یاریزانانەی کە بەشداری قۆناغەکانی هێرشبردن دەکەن. بۆنمونە کاتێک تیپەکە بە ٥ یاریزانەوە قۆناغی هێڕشبردن دروست دەکات بەشیوەیەکە کە جیاوازەوە لەوەی کە بە ٩ یاریزانەوە دەست پیبکات یاخود کاتێک بە هەموو تیپەکەوە دەست پێدەکات. 

١-هێڕش بردنی هەنگاو بەهەنگاو Elaborate attack : لێرەدا هێڕشەکان لەسەر ئاستی پانی هیلەکانی یاریگا دەبێت و لەسەرخۆ دەبێت واتا پلە بەپلە دەبێت تاکوو هەموو تیپەکە وەکوو یەک جەستە و یەک یەکە سەربکەون بۆسەرەوە. ئەم جۆرە هێڕشە پێویستی بە کاتە، هاوکات لە ڕیگای ژمارەیەکی زۆری پاسەوە کە کەمتر نیە لە١٠ پاس. هەروەها بۆ ئەنجامدانی ئەم جۆرە هێرشە پێویستیت بە یاریزانی زۆر باش هەیە لەڕووی پاسدان و جوڵەی بە بێ تۆپ…

٢-هێرش بردن لە ڕیگای هێڕشی هەڵگەراوە Maneuvered counterattack: لێرەدا هێڕشەکان لەسەر ئاستی ستونی یاریگا ئەنجام دەدرێت واتا لەسەر ئاستی درێژی هێلەکانی یاریگا ئەنجام دەدرێت. ئەم جۆرە هێرشە پێویستە بە خێرایی و کاریگەرییەوە ئەنجام بدرێت و لەڕیگای جەند پاسێکی کەمەوە کە زیاتر لە ٥ پاس بۆ ٧ پاس نەبێت. بۆ ئەنجامدانی ئەم هێرشە پێویستت بەوە کە یاریزانەکان بتوانن بەشێوەیەکی زۆر باش تۆپ لە ناوچە قوڵایەکانی یاریگا وەربگرن و خۆڕاگڕ بن و تۆپکە بپارێزن لەو کاتەی دەکەونە ژێر گوشاری بەرگریکارەکانەوە لە ناوچەکانی بەرگری تیپی بەرامبەر.

٣-هێڕش بردنی دەستبەجێ Instant attack: لێرەدا هێڕشەکە زۆر بەپەلە و خێرایە و کات و جێگای نیە بەڵکو لە هەرجێگایەک تیپەکە تۆپی لە تیپی بەرامبەر بچڕاند ئەوا دەست دەکات بەهێڕش بردن. لێرەدا تیپەکە هەوڵدەدات سوود لەوە وەربگرێت کە تیپی بەرامبەر ئامادە باشی نەکردووە و بۆشایی و کەلێنی زۆر لە هێلێ بەرگریاندا هەیە. بەڵام کێشەی ئەم جۆرە هێرشە ئەوەیە کە زۆربەی یاریزانەکان ناتوانێت یارمەتی ئەو یاریزانە بدەن کە تۆپەکەی بچڕاندووە ئەمەش وادەکات کە تۆپەکە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ببچڕێت.

+ + +

لەسەرەتای دانانی یاساکانی تۆپی پێ، بەپێ یاسا لەکاتی هێڕشبردن ڕێگە بە تیپەکان نەدەدەرا بە شێوەی ستونی پاس بدەن و تۆپەکە بگوازینەوە بۆ سەرەوەی یاریگا. بەڵکوو یان دەبوو بۆ تەنیشتەکان، واتا بەشێوەی ئاسۆی تۆپ بگوازرێتەو، یان دەبوو یاریزانەکە خۆی بە دریبڵ بۆ پێشەوەی تۆپەکەی ببردایە. وەکوو لە بەشی یەکەمی بابەتەکە باسم کرد، ئەوڕۆکە چەندها شێوازی هێڕشبردن هەیە. هاوکات هەموویان خاسیەتی تایبەتی خۆیان هەیە کە لە ژێر هۆکار و بارودۆخی جیاوازدا کاردەکەن.
گەشە کردنی قۆناغی هێڕشبردن:-
یەکەم هەنگاو دوای ئەوەی تیپەکە تۆپەکە دەخاتە ژێر ڕکێفی خۆی، ئەوەیە کە بە شێوەیەکی خێرا و تەدریجیانە بەسەر یاریگادا دابەش ببێت و هەوڵبدات بۆشایی لە ناوچەکانی تیپی بەرامبەر داگیری بکات. تیپەکە دەبێت هەوڵبدات حاڵەتێکی وەها دروست بکات کە ئەو یاریزانەی تۆپەکەی پێیە زۆرترین هەڵبژاردنی هەبێت بۆ ئەوەی تۆپەکەی بۆ ڕەوانە بکات. بۆنمونە کاتێک کە تەوەری ناوەڕاست تۆپەکە ڕاگیر دەکات لای خۆی، پێویستە لەیەک کاتدا دڵی بەرگری و باڵی بەرگری و باڵەکانی ناوەڕاست خۆیان ڕزگار کردبێت لە چاودێری یاریزانی ڕکابەر و بوبێتنە هەڵبژاردنێک بۆ ئەوەی تەوەری ناوەڕاست تۆپەکەیان بۆ ڕەوانە بکات.

ئەم پرۆسەیە کە بەشێکە لە قۆناغی هێرشبردن بە پرۆسەیەکی زۆر گرنگ و هەستیار دادەنرێت. بۆیە پێویستە تیپەکە زۆر بە وریاییەوە ئەنجامی بدات.

لەدوای ئەوەی کە تیپەکە تۆپەکەی بچڕاند و دواتر توانیی بە جوانی دابەش ببێت بەسەر یاریگا و خۆی بخاتە حاڵەتی ئامادە باشی تەواوەوە بۆ حاڵەتی هێڕش بردن. ئیدی گرنگترین بەشی قۆناغی هێرشبردن دەست پێدەکات. کە ئەویش قۆناغی دروست کردنی یارییە.

لەم قۆناغەدا تیپەکە دەیەوێت تۆپەکە بباتە بەشی پێشەوەی یاریگا، واتا ناوچەی هێلی ناوەڕاست و هێرشبردن. لێرەدا سێ جۆر شێوازی هێرشبردن هەیە کە تیپەکە دەتوانێت پشتی پی ببەستێت. ئەوانیش بریتیین لە:-

١-دروست کردنی یاری بەشێوەی لەسەرخۆ (Elaborate build-up): لەم قۆناغەدا پشت بەوە دەبەسترێت کە بەشێوەیەکی بەردەوام پاسی کورت بدرێت ، هەروەها جوڵەی بەردوام هەبێت لە نێوان یاریزانەکاندا. هاوکات گواستنەوەی تۆپ لەسەر ئاستی پانتایی یاریگا دەبێت واتا لەسەر ئاستی ئاسۆییەکەی یاریگا یاری دەکرێت.

blend4

وەکوو دیارە سیفاتی ئەم جۆرە لە دروست کردنی یاریی، لە شیوازی هێرشبردنی هەنگاو بەهەنگاو دەکات (کە لەبەشی یەکەمی ئەم نوسینەدا باسم کردووە). بۆیە پێویستە بڵێین کە ئەمە لەیەکچوون نیە، بەڵکو شیوازی هێڕشبردنی هەنگاو بەهەنگاو و شێوازی دروستکردنی یاریی بەشێوەی لەسەرخۆ تەواوکەری یەکترن.

بۆیە کاتێک تیپەکە پشت بە شیوازی هێرشبردنی هەنگاو بە هەنگاو دەبەستێت، ئەوا لەو بەشەی کە یاریی دروست دەکات پشت بە جۆری یاری دروست کردنی لەسەرخۆ دەبەستێت.

٢-دروست کردنی یاریی بە شێوەی خێرا (Immediate build-up): کاتێک ئەم جۆرە لە دروست کردنی یاریی بەکاردەهێنین ئەوا پشت بە درێژی یاریگا دەبەسترێت هاوکات جۆری ئەو پاسانە بەکار دەهێنرێت بریتین لە پاسی درێژ لەگەڵ پاسی ستونی و داگۆناڵ. بێگومان دەبین ئەمەش تەواوکەری شێوازی هێرش بردنە لە ڕێگای هێڕشی هەڵگەراوە و هێڕشی دەستبەجێیەوە. لەم جۆرەدا ڕیتمی خێرای یاریزانن لە پاسدان و جواڵانەوە یەکلاکەرەوەیە بۆ سەرکەوتنی قۆناغی دروست کردنی هێرشەکە. چونکە ئەگەر هاتوو یاریزانەکان خێرا سەرنەکەون بۆ سەرەوەی یاریگا و هاوکات هەر زوو خۆیان ڕزگارنەکەن لە چاودێری یاریزانەکانی ڕکابەریان، ئەوا ئەگەری زۆرە تۆپەکە ببچڕێندرێت.

blend3٣-دروست کردنی یاریی بە شێوازی تێکەڵ: کاتێک تیپێک ئەم جۆرە لە دروست کردنی یاریی بەکاردەهێنێت ، ئەوا دەبێت پشت بە هەردوو پاسی کورت و درێژ ببەستێت لەگەڵ جوڵەی خێرا. واتا دەکرێت بە پاسی کورت و جوڵەی یەک لەدوای یەک دەست پێبکات و لەپر تۆپێکی درێژ دەربکات بۆ بەشی پێشەوەی یاریگا، یاخود بە پێچەوانەوە. هەروەها دەکرێت بە پاسی کورت لە نێوان سێ یان چوار یاریزان دەست پێبکات لە دڵی بەرگری. وە لەو کاتەدا یاریزانێکیتر بجوڵێنەوە بۆ سەرەوەی یاریگا تاکوو ئەو تۆپە درێژە بگرێتەوە کە لە کۆتایی پاسە کورتەکاندا دەدرێت . بۆ ئەم جۆرە شێوازیە پێویستت بەوەیە یاریزانەکان زۆر باش بن لە یاری کردن لەسەر زەوی و هەروەها کارامەبن لە یاریی کردن لە هەوادا.هاوکات توانای پاسی کورت و درێژیان باش بێت. بۆنمونە شڤاین شتایگەر و چاڤی هێرناندێز و تۆنی کرۆس باشترین نمونەی ئەو جۆرە یاریزانانە کە دەتوانن هەردوو کارەکە ئەنجام بدەن و لەم شیوازەی دروست کردنی یارییە جێگایان ببێتەوە.

+ + +

دوای ئەوەی باسی شێوازەکانی یاریی دروستکردنمان کرد لە یاریی تۆپی پێدا. ئێستا دێینە سەر دواین قۆناغی هێڕشبردن. کە ئەویش کۆتایی هێنانە بە هێرشەکە.

کۆتایی هێنان بە هێرش: دواین بەشی قۆناغی هێرشبردنە. حاڵەتی فینیشینگ یاخود تەواو کردنی هێرش بریتییە لە کردارێکی هاوبەش لە نێوان یاریزانی هێڕشبەر(پێویست ناکات خودی هێرشبەرەکە بێت بەڵکو هەر یاریزانێکە کە دەکەویتە بەرامبەر گۆڵی تیپی بەرامبەر) و ئەو یاریزانەی پاسی گۆڵەکە دەدات. گرنگترین ئەو فاکتەرانەی کە وادەکەن قۆناغی تەواو کردنی هێرش سەرکەوتوو بێت بریتین لە:-

١-دروستی کاتی پاسدانەکە، واتا کات و ساتی ئەسێستەکە گونجاو بێت، نە زۆر درەنگ بێت نە زۆر زوو بێت.
٢-بۆشایی نێوان یاریزانی هێرشبەر و گۆڵەکە گونجاو بێت(لەگەڵ لەبەرچاو گرتنی حاڵەتە تاکتیکێکان) 
٣-دەبێت هێڕشبەر بە شێوەیەکی دروست خۆی جێگیر کردبێت کاتێک پاسدەرەکە تۆپەکەی بۆ ڕەوانە دەکات.
٤-دەبێت هێرشبەر زۆر ژیر و هوشیار بێت لە هەڵبژاردنی کاتی دروست بۆ ئەوەی خۆی لە چاودێری ڕزگار بکات. چونکە هەندێک جار ئەگەر هاتوو هێڕشبەرەکە زووتر خۆی لە چاودێری ڕزگارکرد و هاتە ئەو بۆشاییە کە یاریزانەکە پاسەکەی بۆ ڕەوانە دەکات، ئەوا ڕەنگە هێڕشەکە پوچەڵ بێتەوە و تیپی ڕکابەر هەر زوو ئەو ناوچەیە دابپۆشێتەوە.

دوای ڕوونکردنەوەی ئەو فاکتەرانە، دەچینە سەر باس کردنی ئەو حاڵەتانەی کە تێیدا یاخود لە ڕێگایەوە کۆتایی بە هێڕش دەهێندرێت. لێرەدا بە گشتگیری باسی ئەو حاڵەتانە دەکەم کە ڕاهێنەر وەکوو تاکتیکی کۆتایی هێنان بەهێڕش بەکاری دهێنیت. بەڵام بەهۆی زۆری شێوەکانەوە ، من تەنها ئاماژە بە سێ شێوەی تاکتیکیە دەکەم کە زۆر باوە و ڕاهێنەرەکان هەموویان بەکاری دەهێنن بۆ ئەوەی قۆناغی تەواو کردنی هێڕشی پێ ئەنجام بدەن. 

هەروەها پیش چوونە سەر باسکردنی شێوەکان ، پێویستە بڵیم هەر یەک لەم سێ شێوە تاکتیکییانە بە دوو جۆر دەکرێت. دەکرێت لە ناوەڕاستی یاریگاوە ڕووبدات و وە دەکرێت لە باڵەکانی هێرشبردنەوە ڕووبدات. 

١-فێردان و هەڵگرتنەوە, dump and rebound-: ئەمەش لەکاتێکدا ڕوودەدات کە یاریزانی هێڵی ناوەراست یاخود هێلی بەرگری تۆپێکی درێژ ڕەوانە دەکات بۆ یاریزانی هێڕشبەر. بەم حاڵەتە دەوترێت فڕێدانی تۆپەکە. لەو کاتەدا یاریزانی هێرشبەر بەیەک (تەچ/لەمسە\لێدان) تۆپەکە دەخاتەوە پێش ئەو یاریزانەی کە لە دواوە ڕادەکات بۆ پێشەوە.

بۆنمونە ئەگەر حاڵەتیكی تێۆری دروست بکەین. دەتوانین بەرشەلۆنا و یاریزانەکانی وەکوو بەکاربهێنین بۆ ئەنجامدانی ئەم شێوەیە . پیکێ تۆپێکی درێژ بەرزدەکاتەوە بۆ سوارێز، سوارێز پێشی دڵی بەرگری تیپی ڕکابەر دەکەوێت و بە لێدانێکی سەر تۆپکە دادەبەزێنێتە خوارەوە و دەیخاتە بەر پێی نیمار کە بەرەو گۆڵی تیپی بەرامبەر هەڵدێت…

01blend

٢- پێدان و بەدووکەوتن: ئەم جۆرەیش دەکرێت لە هەردوو ناوەڕاستی یاریگا و باڵی یاریگا دروست ببێت. کاتێک یاریزانی هێڵی ناوەڕاست یان باڵی ناوەراست تۆپەکە ڕەوانە دەکات بۆ هێڕشبەر و هەر خۆیشی بەدوای تۆپەکەدا دەکەوێت تاکوو ببێتە هەڵبژاردنێک بۆ هێرشبەرەکە تاکوو پاسەکەی پێبداتەوە.

بۆنمونە: مێسی تۆپەکە دەدات بە سوارێز و هەر خۆیشی بەرەو ئاراستەی جوڵانەوەی تۆپەکە هەڵدێت تاکوو سوارێز بیداتەوە پێی. بۆ تێگەیشتنی زیاتر تەماشای وێنەکە بکە.

02blend

٣-پیدان و رۆیشتن-Give and go: ئەم جۆرە بەهەمان شێوە لە ناوچەی باڵ و ناوچەی ناوەراستی یاریگایش جیبەجی دەکرێت.لێرەدا هەمان حاڵەتی شێوەی دووەم دەووبارە دەبێتەوە بەڵام جیاوازێکە ئەم شێوەیان لە ئاراستەی جوڵەی یاریزانەی پێدەرە(ئەوەی کە پاس دەدات). دەبینین لە شێوەی “پێدان و بەدووکەوتن” دا ئاراستەی یاریزانەکە بە ئاراستەی جوڵانەوەی تۆپەکەیە. بەڵام لێرەد ئاراستەی یاریزانەکە هەندێک خوارتر دەبێت و بۆرەو ناوچەی تەنیشی ئاراستەی جوڵانەوەی تۆپەکەیە. ئەم جۆرە لەناو خۆماندا وا باوە کە ناو بنرێت بە ” یەک و دوو یاخود وان تو) تەماشای وێنەکە بکە بۆ تیگەیشتنی زیاتر.

03blend

لەکۆتایدا دەبێت بوترێت کە قۆناغی هیڕشبردن لە تۆپی پیدا قۆناغێکی زۆر بەرباڵا و گەورەیە. ناکرێت سنوردار بکرێت لە یەک بابەتدا. هەر بۆیە ، من لێرەدا بەشیوەیەکی سادە و ئاسان و گشتگیر باسم کردووە. ئەمەش بۆ ئەوەی تەنها تێگەیشتنێکی سادە بۆ خوێنەر دروست ببێت دەربارەی ئەم قۆناغە. هەروەها خودی بەشەکانی ئەم قۆناغە تێکەڵ و ئاڵوسکاوە ئەمە وادەکات زۆرجار بەشەکانی بەشێوەیەکی تەدریجی و یەک لە دوای یەک دروست نەبێت. بەڵكو هەندێک جار پاش و پێشی یەکتر دەکەون بەپێی ئەو حاڵەتانەی کە لەناو یاریگادا ڕوودەدەن. بەهەمان شێوە خودی چۆنێتی بەئەنجام گەیاندنی کردارەکانی ناو ئەم قۆناغە دەگۆڕیت و هەمەجۆرە بۆیە زۆرجار یاریزانەکان حاڵەتەکان و بەشەکانی ئەم قۆناغە بە هەموو وردەکارێکانییەوە ئەنجام نادەن. بەڵکوو بەپێی توانا هەوڵدەدەن بەباشترین شێوە مەرجەکانی ئەو حاڵەتە تاکتیکییانە پڕبکەنەوە. 

تێبینی: هەر زاراوەیەک کە لە زمانی بییانیەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، بەشێوەی زانستی زماناسی نەکراوە. بەڵکو تەنها هەوڵێکی تاکە کەسییە بۆ گەیاندنی مانای چەمکەکە، بۆیە واباشترە بۆ کاری ئەکادیمی، ئەم زاراوە بە کوردیکراوانە بەکارنەهێندرێت.

مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە! ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.
مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!
ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.

You might also like More from author

Leave A Reply

Your email address will not be published.

error: Content is protected !!