١
فێمینیست بوون، ته‌نانه‌ت باسکردنیش له فێمینیزم هیچ کات کارێکی ئاسان نه‌بووه. پرسی ژن و چه‌وسانه‌وه و په‌راوێزخستنی پرسێکه کهسهردهمانێکه دیبه‌یتی گه‌وره‌ی خوڵقاندووه. ته‌نانه‌ت زۆرجار بۆته جێگای موزایه‌ده‌ی سیاسی پارت و لایه‌نه‌کان و ده‌وڵه‌ته نه‌ته‌وه‌ییه‌کان. موزایه‌ده له‌ژێر ناوی “ئازادکردن” یان ژێرده‌سته‌کردنی ژن و بهڕووتکردنهوه یاخود داپۆشینی ژن، به‌وه‌ی که ئه‌م حیزب ده‌ڵێت؛ من زۆرترم بۆ پرسی ژن کردووه له‌و حیزبی تر. به‌دیوێكی تردا ئه‌م ده‌سه‌ڵات ده‌ڵێت ژنانی ئێمه به مۆڕاڵترن، بهئهخلاقترن له ژنانی تر. یان بۆ نمونه خۆرئاوایی یه‌کان ده‌ڵین؛ ژنانی ئێمه پێشکه‌وتووترن له‌وانیتر…ته‌نانه‌ت کاتێک ئه‌مریکا هێرشی جه‌نگی به‌ده‌سته‌وه بوو بۆ سه‌ر ئه‌فغانستان، جۆرج بوشی باوک پرسی ژنی به‌کارهێنا. ئه‌م پرسه‌ی کرده یه‌کێک له بیانووه‌کان بۆ ڕاکێشانی پشتیوانی و بیانوی ئه‌وه‌ی ژنان قوربانی ده‌ستی تاڵیبانن و به‌س ئه‌مریکا ده‌توانێت فریادڕه‌سیان بێت. سه‌یر له‌وه‌دایه ئه‌وه‌ی له‌م پرۆسه‌یه‌دا خاوه‌نی ڕاوبۆچوون و ده‌نگ نییه ژن خودی خۆیه‌تی.
پرسیاری گه‌وره‌ی فێمینیسته‌کان له‌سه‌ر پله‌دوویی ژن و ڕۆڵه جێنده‌رییه دروستکراوه‌کانه له کۆمه‌ڵگه‌دا. فیمینسته‌كان به‌بنه‌مای فیکری جیاواز و به‌رژه‌وه‌ندی جیاوازه‌وه توانیویانه لانی که‌م کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داری خۆرئاوا شیبکه‌نه‌وه، لانی که‌م خاوه‌نی زیاد له سه‌د ساڵ کار و لێکۆڵینه‌وه و خه‌باتن له‌دژی هه‌موو ئه‌و نۆرمه باوانه‌ی كه‌ژن ده‌كاته پله‌دوو و ژێرده‌سته. دیباته فیکری و سیاسی و زانستیه‌کان له‌ئاستێکی گڵۆباڵدا به‌رده‌وامن و ئێمه‌ی كورد به‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو لێی بێبه‌شین. پرسیاره‌كه لێره‌دا ئه‌وه‌یه ؛ بۆچی (ژنی کورد) له‌په‌راوێزدایه؟ له‌م نوسینه‌دا هه‌وڵده‌ده‌م وه‌ڵامی چه‌ند لایه‌نێكی ئه‌م پرسیاره بده‌مه‌وه.
سه‌ره‌تا پێناسه‌ی فێمینیزم به‌گشتی و شه‌پۆله جیاوازه‌کان و کورته‌یه‌ک له‌سه‌ر بنه‌ما فیکریه‌کانی فێمینیزم باس ده‌که‌م. لێره‌وه هه‌وڵده‌ده‌م بچمه ناو باسکردنی گرنگی (هۆشیاری فێمینیستی) بۆ مرۆڤی کورد. به‌گرنگی ده‌زانم ئه‌وه بڵێم؛ فێمینیزم وه‌ک بزوتنه‌وه، وه‌ك فیکر و تێرم و تیۆره له خۆرئاوا سه‌ریهه‌ڵداوه. ئه‌وه‌ی فێمینیسته‌کان له ڕوانگه‌ی جیاوازه‌وه کاریان له‌سه‌ر تێگه‌یشتنی کردووه (جیاکاری جێنده‌ریه)، به‌مانای چه‌وسانه‌وه‌ی ژن به‌هۆی (ژن‌بوون) یه‌وه. له‌مباره‌یه‌وه پێیانوایه که ئه‌مه مه‌سه‌له‌یه‌کی تایبه‌ت به تاک نییه به ته‌نها، به‌ڵکو ته‌نراوه له‌گه‌ڵ ستره‌کتوره کۆمه‌ڵایه‌تی و سیستمی سیاسیه‌كاندا. وه جیاکاری و نه‌بوونی یه‌کسانی به‌دیده‌که‌ن له ڕێکخستنی هاوسه‌رگیری، خانه‌واده، منداڵداری، بازاڕی کار، سیاسه‌ت ، ئابوری ،دین وه هونه‌ر و به‌رهه‌مه کولتوری یه‌کان…به‌مانای باوه‌ڕیان وه‌هایه که ته‌نانه‌ت زمانی ئاخاوتن دروستکه‌ری جیاکارییه و به‌رهه‌مهێنه‌ری تێرم و ئاخاوتنی دژه ژنه. هه‌ر بۆیه‌ش ڕێگا چاره بۆ یه‌کسانی مرۆڤه‌کان به‌تایبه‌ت هاڕمۆنایزکردن و بهئاسایكردنهوهی په‌یوه‌ندی نێوان ژن و پیاو پێویستی به‌گۆڕانکاری بنه‌ڕه‌تی و کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی هه‌یه.
لێره‌وه ده‌توانین بڵێین؛ فێمینیزم پێکهاتووه له‌بزوتنه‌وه و ئایدیۆلۆژی جیاواز که‌هه‌وڵی پێناسه‌ی ژێرهدهستهیی ژنان ده‌كات و بێگومان داکۆکیكاره له‌مافی ژنان. تیۆری فێمینیستی ده‌رئه‌نجامی ئه‌م بزوتنه‌وه فێمینستیانهیه كه‌هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات له سروشتی نایه‌کسانی جێنده‌ری تێبگات، ڕه‌گ و ڕیشه‌و چاره‌سه‌ریشی بۆ ده‌ستنیشان بکات. دیاره ئه‌ویش له‌ڕێگای پرسیار خستنه سه‌ر (ڕۆڵه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی ژنان) و ئه‌زمونه جیاجیاکانی چه‌وسانه‌وه‌ی ژنانه‌وه‌یه. هه‌روه‌ها هه‌وڵیانداوه وه‌ڵامدانه‌وه و تێگه‌ێشتنی قووڵیان هه‌بێت له‌مه‌ڕ ئه‌و ڕۆڵه جێنده‌ریه داسه‌پاو و دروستکراوانه‌ی كه‌له‌كۆمه‌ڵگه‌دا بوونیان هه‌یه، هه‌ربۆیه له‌چه‌ندین بواردا تیۆری گرنگیان به‌رهه‌مهێناوه .
دیاره له کات و شوێنی جیاوازدا ژنان کار‌و چالاکی و به‌رهه‌می فیکریی خۆیان هه‌بووه ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له نوسینی فێمینیسته‌کاندا به‌دی ده‌کرێت ئه‌وه‌یه، كه ئارگیومێنتێکی زۆر هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له که‌ی وکوێوه سه‌ریهه‌ڵداوه، یاخود کامه بزوتنه‌وه و چالاکی ژنان وه‌کو فێمینیزم پۆلێن بکرێت؟ بۆنمونه تاوه‌كو ئێستاش زۆر له‌سه‌ر ئه‌وه کۆک نین مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی فێمینیزم له که‌یه‌وه بووه، هه‌ندێکیان ده‌یگه‌ڕێننه‌وه بۆ سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌هه‌م، به‌ڵام زۆرێکیان ده‌ڵێن؛ له کۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌وه سه‌ریهه‌ڵداوه!
ئه‌م دیبه‌یته بۆ زۆربه‌ی کۆنتێکسته‌کان ده‌توانێت ڕاست بێت، هه‌روه‌ك چۆن له کوردستان تا ئێستاش فێمینیزم وه‌کو قوتابخانه‌یه‌كی فیکری یان تیۆری به‌شێوه‌یه‌كی ڕێژه‌یی بوونی نییه، به‌هه‌مان شێوه به‌ئاسانی ناتوانین ئه‌و کۆمه‌ڵه چالاکییه‌ی ڕێکخراوه‌کانی ژنانی کوردستان وه‌ک فێمینیزم پۆلێن بکه‌ین. ئه‌وه‌ی دیاره پرسی ژن پرسێکی گلۆباله و به‌ڵام به‌تایبه‌تمه‌ندی لۆکالی خۆیه‌وه، لێره‌وه، به‌مانای گه‌ر لۆكالیهت له‌زۆر پرسی دیكه‌ی دونیادا له‌دژی گڵۆبال بێت، ئه‌وا تۆخكردنه‌وه‌ی خاسیه‌ته لۆكالیه‌كان له‌خه‌باتی ژناندا خۆی لهۆیدا تۆخكردنه‌وه‌ی ڕه‌هه‌نده گڵۆباڵیهكهیهتی.
فێمینیسته‌کان له خۆرئاوادا توانیویانه وه‌کو بزوتنه‌وه‌یه‌کی سیاسی و فیكری به سێ شه‌پۆلی جیاوازدا تێپه‌ڕن. ته‌نانه‌ت هه‌ڵسه‌نگاندن و ڕه‌خنه و کاری مه‌یدانی و فیکری و تیۆری تازه به‌رهه‌مبێنن، به‌ڵام هێشتا ئێمه له کوردستان ئه‌مه‌مان بۆ نه‌کراوه.لێره‌دا به باشی ده‌زانم بچمه سه‌ر باسکردنی ئه‌و دیباتانهی له‌سه‌ر پێناسه و سه‌رهه‌ڵدانی فێمینیزم له خۆرئاوادا هه‌یه و دواتر بێمه‌وه سه‌ر شیکردنه‌وه‌ی که‌موکوڕی و په‌راوێزبونی خۆمان له‌م ڕه‌وته فیکری و تیۆریانه‌دا وه ئه‌و دیباتانهی که له‌دونیای ئه‌مرۆدا هه‌یه له‌سه‌ر فێمینیزم و جێنده‌ر.
که‌سانی شاره‌زا و مێژونوسان له‌خۆرئاوادا له‌سه‌ر به‌کارهێنانی وشه‌ی (فێمینیزم – Feminism) بۆ پێناسه‌کردنی بزوتنه‌وه و چالاکی ژنان ڕای جیاوازیان هه‌بووه، بۆنمونه؛ هه‌ندێک له مێژوونوسه فێمینیسته‌کان بۆچوونیان وایه، که ئه‌م تێرمه واته فێمینیزم هه‌موو ئه‌و بزوتنه‌وه و چالاکیانه‌ی ژنان ده‌گرێته‌وه که بۆ باشترکردنی پێگه‌و ڕۆڵی ژن له کۆمه‌ڵگادا هه‌بووه. بێگومان ئه‌گه‌ر چی هه‌ندێکیشیان به خۆیان نه‌وتووه فێمینیست! هه‌ندێکی تر له میژوونوسه فێمینیسته‌کان پێیان باشه به‌م ڕه‌وته بگووترێت ( پڕۆتۆ فێمینسیت – Proto- Feminist) به‌مانای ئه‌وانه‌ی که به‌ر له فێمینیزمی هاوچه‌رخ له گۆڕه‌پانه‌كه‌دا بوون واته (شێوه - فێمینیستین) …دیاره هه‌ندێکی تر له مێژوونوسه‌کان تێرمی فێمینیزم بۆ بزوتنه‌وه‌ی فێمینیزمی هاوچه‌رخ به‌کارده‌هێنن له خۆرئاوادا. که ئه‌مه‌ش بێ ڕه‌خنه نییه، چونکه ئه‌وکاته ئیرۆسێنتریک (ئه‌ورپا سێنته‌ر) ده‌بێت و ئه‌زمونی ژنانی ده‌ره‌وه‌ی خۆرئاوا و كهمایهتییهكان له‌خۆناگرێت..
تێرمی فێمینیزم هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ده‌رکه‌وتن و به‌کارهێنانییه‌وه فۆبیایه‌کی بێ وێنه‌ی دروستکردوه ته‌نانه‌ت له نێو ژنان خۆیشیاندا. بۆ یه‌که‌مجار له‌ساڵی 1872ئه‌م تێرمه له هۆڵه‌ندا و فه‌ره‌نسا به‌کار هێنرا، بێگومان دوای ئه‌وه‌ی ژنانی ئه‌وێ هاتنه مه‌یدان و کار‌و چالاکی یان له ژێر ئه‌م ناوه‌دا ئه‌نجامده‌دا. دواتر له به‌ریتانیا له ساڵی 1890و ئه‌مریکا 1910 دواتریش له وڵاتانی ئاسیا و ئه‌فریقا.
ئه‌گه‌ر به کورتی سه‌یری مێژوی خۆرئاوا بکه‌ین ده‌بینین که به کۆمه‌ڵێک گۆڕانکاری سیاسی و ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی دا تێپه‌ڕیووه. ئه‌م پرۆسانه گۆڕانکاری زۆری به‌سه‌ر په‌یوه‌ندیه‌کانی جێنده‌ردا هێناوه؛ هه‌ر له کاتی دۆزینه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی به (دونیای تازه) ناوده‌برا ئه‌م كێشهبهندیه سه‌ریهه‌ڵدا، چونكه دونیای تازه هیچیتر نه‌بوو جگه له‌سیستمی کۆیلایه‌تی نه‌بێت. دیاره کۆلۆنیالیزمی ئه‌وروپی بۆ ئه‌م دونیا تازه‌یه‌ی کۆنسێپتی وه‌کو (نه‌ژاد) و (خۆرئاوا) له ئاست ئه‌وانیتری ده‌ره‌وه‌ی خۆرئاوا به‌كارده‌هێنا. ڕوونتر بدوێین ده‌ڵێین؛ دروستبونی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه و مۆدێرنیته ، خۆی له‌خۆیدا “سپی – بوون” وه‌ک سه‌روه‌ریه‌ك له دژی ئه‌وانیتری ده‌ره‌وه‌ی خۆرئاوا به‌كارده‌هێنا. پرۆسه‌ی هۆلۆکۆست و ده‌یان پرۆژه‌ی تری خۆرئاوایی که زۆرێکیان خوێناوی و سه‌رکوتگه‌رانه بوون له‌م دونیابینی (سپی – بوون) وه سه‌رچاوه‌ی هه‌ڵگرتبوو. شایه‌نی باسه ئه‌م گۆڕانکاریانه بزوتنه‌وه‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و فیکری و تیۆری دژ به‌خۆی به‌رهه‌مهێنا، لێره‌وه په‌یوه‌ندی یه‌کانی جێنده‌ر و ڕۆڵ و پێگه‌ی ژن له کۆمه‌ڵگه‌دا گۆڕانكاری به‌سه‌رداهات.
چاخی ئه‌قڵانیه‌ت که کۆمه‌ڵێک موقه‌ده‌ساتی خسته ژێر پرسیاره‌وه، له‌وانه سه‌روه‌ری دین و کلێسا. وه به‌دوای ئه‌وه‌شدا کۆمه‌ڵیک دیبه‌یت له‌سه‌ر (مافی تاک، ئازدی، دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵاتی ، برایه‌تی و یه‌کسانی ) و کۆمه‌ڵیک کۆنسێپتی تری هێنایه ئاراوه. به‌ڵام سه‌یر له‌وه‌دابوو له‌كۆی ئه‌م گۆڕانكاریانه‌ی ئه‌قڵانیه‌ت، ژنان له‌جه‌وهه‌ردا هه‌ر وه‌کو موڵکی تایبه‌تی پیاو مامه‌ڵه‌ده‌کران. بۆنمونه فه‌یله‌سوفی ئینگلیزی (جۆن لۆک) که به باوکی لیبرالیزمی کلاسیک ناوزه‌د ده‌کرێت، کۆنسێپتی ئازادی و مافێک که ئه‌و باسی لێوه ده‌کرد ژنی نه‌ده‌گرته خۆی. به‌ڕای (جۆن لۆک) پیاو نوێنه‌ری خانه‌واده بوو وه ئه‌و بۆی هه‌بوو به نوێنه‌رایه‌تی ژن قسه بکات.
ئه‌وه‌شمان بیرنه‌چێت، کەزۆرێک له پیاوه ڕۆشنگه‌ره‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه دانیان به ماف وئازادی ژناندا نه‌ده‌نا، بۆ نمونه (جان جاک ڕۆسۆ)ی فه‌یله‌سوفی فه‌ڕه‌نسی سه‌ره‌ڕای بانگه‌شه‌ی بۆ ئازادی مرۆڤ، به‌ڵام ئه‌و ئازادییه‌ی ئه‌و بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرد، ژنانی نه‌ده‌گرته‌وه. ڕۆسۆ له‌باره‌ی خوێنده‌واری ژنه‌وه ده‌ڵێت: ( ژن پێویسته خوێنده‌وار په‌روه‌رده بکرێت ته‌نها بۆ چێژی پیاو).
هەروەها نوسه‌ر و فه‌یله‌سوفی به‌ریتانی خاتوو (ماری ویڵستۆنکرافت) که‌بانگه‌شه‌ی خوێندنی بۆ ژنان ده‌کرد، ڕه‌خنه‌ی توند له‌م بیرکردنه‌وه‌یه‌ی ڕۆسۆ ده‌گرێت و له به‌رامبه‌ردا خوازیاری خوێندن و ئازادی و کۆمه‌ڵێک مافی ترده‌بێت بۆ ژنان. هه‌ربۆیه‌ش نوسینه‌کانی ئه‌م خانمه وه‌ک بنه‌مایه‌ک بۆ شه‌پۆلی یه‌که‌می فێمینیستی داده‌نرێت له به‌ریتانیا.
گرنگی ڕه‌خنه‌گرتنی خانمێکی وه‌ک (ماری ولستۆنکرافت Mary Wollstonecraft) له‌وه‌دایه که دژایه‌تی فه‌یله‌سوفێکی گه‌وره‌ی واک ڕۆسۆ ده‌کات و تێزه‌کانی له‌مه‌ڕ ئازادی مرۆڤه‌وه ده‌هێنێته ژێر پرسیاره‌وه. ئه‌مه جۆرێکه له هۆشیاربوونی ژنان به‌ماف و ئازادییه‌کانی خۆیان ، پێگه‌و پیرۆزی پیاو له‌خانه‌واده وکۆمه‌ڵگادا ده‌هێنێته ژێر پرسیار، ته‌نانه‌ت له به‌رهه‌مهێنانی فیکر و فه‌لسه‌فه و زانستیشدا.
ئه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی فێمینیستی هێنایه بوون، ئه‌و چه‌وسانه‌وه‌یه بوو که له‌دژی ژنان ئه‌نجامده‌درا. ئه‌و جیاکاریه جێنده‌رییه‌ی خسته ژێر پرسیاره‌وه كه‌له‌نێوان گوتاری (سروشت له‌دژی کولتور – Nature versuse culture ) فۆرموله کراوبوو. به‌وه‌ی که ژن له ڕوانگه‌ی بایه‌لۆجیه‌وه لاوازه و منداڵ بهرههمدێنت و سۆزداره و شوێنی ئه‌و ناوماڵه، به‌ڵام پیاو به‌هێزه و خاوه‌ن ئه‌قڵه و ئه‌قڵانیه و دروستکه‌ری کولتوره، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه كه ژن گرێدراوی به فه‌زای تایبه‌ته و پیاویش بۆ فه‌زای گشتی. دیاره گۆڕانکاری یه‌ك له‌دوای یه‌که‌کان له‌خۆرئاوادا و هه‌روه‌ها بوونی بزوتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و مه‌ده‌نیه جیاکان ئه‌م ڕۆڵه ترادیشناڵ و داسهپاوانهیان هێنایه ژێر پرسیاره‌وه، چیدی ئه‌م ئارگیومێنته هێنده زاڵ نییه.
دیاره گه‌شه‌کردنی پێشه‌سازی بووه هۆی ڕاکێشانی ژنان به‌لێشاو بۆ ناو کارگه‌کان ، ئه‌مه‌ش چینێکی ژنانی کرێکاری هه‌ژاری دروستکرد، كه سه‌ره‌ڕای کاری زۆر و هه‌قده‌ستی که‌م، له ماڵه‌وه‌ش چه‌وسانه‌وه و ئەرکی پیاو ومنداڵ به‌خێوکردن وتوندوتیژی به‌شیان بووە. له‌به‌رامبه‌ردا ژنانێک که له چینی باڵا بوون، ئه‌وانیش دیسان به شێوه‌یه‌کی تر مافه‌کانیان لێ زه‌وتکرابوو، وه دانپێدانراو نه‌بووە. بۆ نمونه مافه‌كانی وه‌ك (میراتگیری وتاپۆی خانووبه‌ره ومنداڵ) به‌ناویانه‌وه نه‌بوو. له‌م ئه‌كتی چه‌وسانه‌وه‌یه‌دا ئاین ڕۆڵێکی به‌رچاوی هەبوو لهملکهچکردنی ژنان و به پلهدووكردنی له‌کۆمه‌ڵگەدا و ڕێگر بوون به‌رامبه‌ر مافه‌كانی ژنان له زۆربه‌ی بواره‌کانی ژیاندا، لەبەرئەوە ژنان له زۆر شیوازی جیاوازدا که‌وتنه ته‌عبیرکردن له‌ژێرده‌سته‌یی و بێ مافی خۆیان.
له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌وه ژنانی سۆسیالیست و چالاک توانیان ژنانی ناڕازی کرێکار رێکبخه‌ن له‌ژێر کۆمه‌ڵێک داواکاریدا. لێره‌دا ده‌بێت ئه‌وه بڵێین كهسهرهتایهکی گرنگ بۆ خه‌باتی ژنان له نێو (ژنانی کرێکاراندا) ده‌ستیپێکرد، به‌تایبه‌ت کاتێک ژنانی کرێکار له ئه‌مریکا ده‌ستیاندایه مانگرتن له دژی خراپی بارودۆخی کارکردنیان. هه‌روه‌ها ده‌ستکه‌وته‌کانی شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ری 1917ش وه‌کو سه‌ره‌تایه‌کی گرنگ هه‌ژمار ده‌کرێت که‌ژنان تیایدا هه‌م ڕۆڵی گرنگ و ڕابه‌ری یان هه‌بوو، هه‌م مافه‌کانیان به‌ڕه‌سمی دانیپدانرا، ئه‌مه له‌سه‌رده‌می لینین‌دا بوو، به‌ڵام هاتنه سه‌رکاری ستالین و لیدان له کۆمه‌ڵێک ماف و جێگیربونی کاپیتالیزمی ده‌وڵه‌تی و دیکاتۆریه‌ت پاشه‌کشه‌ی به ڕۆڵی ژنان و مافه‌کانیان کرد.
٢
فێمینیزم وه‌ک بزوتنه‌وه و وه‌ک ڕه‌وتی فیکری و سیاسی پشت به‌ستوو بووه به چه‌ند قوتابخانه‌ی فیکری و ئایدیۆلۆژیه‌وه. ئه‌وان لیبراڵ فێمینیزم، مارکسیست فێمینیزم، سۆسیالیست فێمینیزم، وه‌هه‌روه‌ها ڕادیکاڵ فێمینیزم و دواتریش پۆست مۆدێرن فێمینیزم بوون و هه‌ندێك قوتابخانه‌ی تر.
ڕیشه‌و بنه‌ما فیکری یه‌کانیان پشتبه‌ستوو بوو به فه‌لسه‌فه‌ی سیاسه‌تی لیبراڵی سه‌ده‌ی هه‌ژده و نۆزده که بیرۆکه‌ی مافی تاک سێنته‌ری (ئیندیڤیدوالیزم) ئه‌م قوتابخانه فیکری یه بوو. فیکری مارکسیستی و ڕه‌خنه‌ی مارکس له کاپیتالیزم و بیرۆکه‌ی هۆشیاری چینایه‌تی که له سه‌ده‌ی نۆزده‌دا هاته بوون. هه‌روه‌ها سیاسه‌تی دژه کۆلۆنیالیزمی سه‌ده‌ی بیست بیرۆکه‌ی گه‌شه‌کردنی نه‌ته‌وه‌یی بوون که له لێکۆڵینه‌وه ڕه‌خنه‌و چالاکی و شیکاری فێمینیستی له‌م دوو سه‌ده‌یه‌دا به‌دیده‌کرێن.
فێمینیزم له‌سێ شه‌پۆلی جیاوازدا دیاریده‌كرێت؛
شه‌پۆلی یه‌که‌م: ئه‌م شه‌پۆله له سه‌ده‌ی نۆزده و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیستدا ده‌رکه‌وت و خواسته‌کانی کورت کرابوه‌وه له داوکاری له‌مافی ده‌نگدان وهاوڵاتیبوون و له‌کۆمه‌ڵێک مافی سیاسی وئابووریدا خۆی ده‌بینیه‌وه.ژنانێک که‌له‌م بزوتنه‌وه‌یه‌دا چالاک بوون، به‌تایبه‌ت له به‌ریتانیا، له کاتی خۆپیشاندان له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه که‌وتنه به‌ر لێدان وزیندانیکردن وتوندوتیژی.
شه‌پۆلی دووهه‌م: له سه‌ره‌تای ساڵانی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی بیست درێژده‌بێته‌وه بۆ هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی بیست. دیاره دوای ئه‌وه‌ی شه‌پۆلی یه‌که‌م کورتی هێنا، شه‌پۆلی دووهه‌م فه‌زایه‌کی تری دروستکرد بۆ شیکاری و دیبه‌یتکردنی بێ مافی و ژیردهستهیی ژنان.
ئه‌م شه‌پۆله فێمینیستیه له ئه‌مریکا له‌دوای جه‌نگی ڤێتنام وساڵهکانی شه‌سته‌کانه‌وه سه‌ریهه‌ڵدا. ژنان زۆرتر له دژی جیاکاری جێنده‌ری و ژێرده‌سته‌یی و جیاوازی چینایه‌تی وپیاوسالاری وه‌ستانه‌وه. ئه‌وه‌ی گرنگ بوو له‌م شه‌پۆله‌دا ، پشت به‌ستن بوو به کۆمه‌ڵێک ئایدیۆلۆجی و فیکر و تیۆری ، زانستی کۆمه‌ڵناسی، سایکۆلۆژی، ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی، فه‌لسه‌فه. هه‌روه‌ها پرس خستنه سه‌ر سێکسیزم و جیاکاری جێنده‌ری و نایه‌کسانی و ده‌ست درێژی سێكسی.
که‌سایه‌تی ونوسه‌ری فێمینیست (کارۆل هانیسچ) دروشمی ئه‌وه‌ی ” ئه‌وه‌ی كه‌سیه سیاسیه” فۆرموله كرد، کهبهشێك له‌شه‌پۆلی دووهه‌می فێمینیزم هاوته‌ریب بوو له‌گه‌ڵ ئه‌م تیۆره‌یه. لێره‌وه گرنگ بووشرۆڤهی ژێرده‌سته‌یی ژنان بكرێت و پێیان وەهابوو نایه‌کسانی کولتوری و سیاسی ژنان په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆیان پێکه‌وه هه‌یه. ژنان هه‌وڵیانده‌دا مافی خۆیان له‌کۆنتێکستێکی سیاسی‌دا سه‌یربکه‌ن، په‌یوه‌ستی بکەن بهسترهکتورهکانی ده‌سه‌ڵات وپیاو سالاری وسێکسیزمهوه. ده‌ستیان بۆ زۆر پرسی گرنگ برد که پێشتر شه‌پۆلی یه‌که‌م ئه‌م کاره‌ی نه‌کردبوو، وه تیۆریزه‌ی ژێرده‌سته‌یی ژن و مانایاکی تریان به‌خشی به فێمینیزم.
دیاره ئه‌م شه‌پۆله‌ش له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک که‌م وکوڕی به‌ره‌و ڕووبوونەوە. بۆ نمونه که‌وتنه به‌ر ڕه‌خنه‌ی ژنانی ڕه‌ش پێست له ئه‌مریکا و به‌ریتانیا و هه‌روه‌ها ژنانی هیندی و ئه‌وانی تر که گوایه؛ فێمینیزمی خۆرئاوا ئه‌زمونه‌کانی ئه‌وانی له‌به‌رچاو نه‌گرتووه که ئه‌وان دوو جار چه‌وساوه بوون، وه‌ک ژن و وه‌ک ڕه‌ش پێستیش. له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره که‌وتنه تیۆریزه کردنی ئه‌زمونه‌کانی خۆیان و قوتابخانه‌ی فێمینیزمی ڕه‌ش یان بونیادنا و لێره‌وه کۆمه‌ڵێک شیکاریان له‌سه‌ر ئه‌زموونی خۆیانکرد. چونكه له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و لێکۆڵینه‌وانه‌ی که ژنانی سپی خۆرئاوا له‌سه‌ر ژنانی ئه‌م ناوچه‌یه بهرههمیانهێنابوو، ژنانی سپی وێنایه‌کی نادروستیان له‌مه‌ڕ ئه‌زمون و ژیانی ژنانی ده‌ره‌وه‌ی خۆرئاوایان نیشانی دونیا ده‌دا . ئه‌مه هۆكارێك بوو كهژنانی هیندی قوتابخانه‌یه‌كی ئه‌لته‌رناتیڤی فێمینستی بۆ خۆیان بونیاد بنین ، كهنوێنهوهرایهتی كێشه‌كانی ژنانی هیندی بكات. له‌نێو ژنانی هیندی (گایاتری سپیڤاک) و هاوڕێکانی (سه‌ب ئالترن سته‌دی – Sub- Altern Studies ) یان دامه‌زراند, وه‌کو ژنانی ژێر ده‌ستی کۆلۆنیالیزمی خۆرئاوا له‌سه‌ر ئه‌زمونی خۆیان قسه‌یان ده‌کرد.
شه‌پۆلی سێهه‌م: ئه‌م شه‌پۆله له نه‌وه‌ده‌كاندا سه‌ریهه‌ڵدا و ئاماژه بۆ ترێند و ڕه‌هه‌ندی جیاواز ده‌کات لهفێمینیزمدا. ئه‌مه وه‌کو به‌رده‌وامی وه هه‌روه‌ها وه‌ڵامێک بۆ كه‌لێنه‌كانی شه‌پۆلی دووهه‌م سه‌یرده‌کرێ. ئه‌مان پرسه گه‌وره‌کانیان که‌متر بۆ گرنگ بوو و زۆر گرنگیان پێنەدەدا، هەروەها که‌وتنه تیۆریزه‌کردنی کۆمه‌ڵێک چه‌مک و پرسی تر وه‌کو (ڕه‌گه‌ز، سێکسوالیتی، مافی که‌مینه ، هۆمۆسێکسوالیتی،..هتد).
دیاره ئه‌م شه‌پۆله‌ش چه‌ندین ترێندی تری له‌خۆ گرت. به‌ڵام کار و هزری فێمینیسته‌کانی شه‌پۆلی دووهه‌م تا ئه‌م ساته‌ش گرنگی خۆی هه‌یه. هه‌ندێک له فێمینیسته‌کانی ئێستا (تیۆره‌ی ئینته‌رسێکشناڵیتی Entersectioanlity)) داهێنا بۆ ده‌رباز بوون له‌م که‌لێنه‌ی که فێمینیزمی پۆست مۆدێرن دروستیکردووه. بۆ نمونه به پێی ئه‌م تیۆره تازه‌یه ژنان ده‌کرێ چه‌وساوه بن به‌ده‌ست زۆر کێشه‌وه له‌وانه مه‌سه‌له‌ی چین، جێنده‌ر، نه‌ژاد، وه کۆمه‌ڵێک هۆکاری تر و ناکرێ ته‌نها یه‌ک لایه‌نه سه‌یری چه‌وسانه‌وه بکرێ.
هه‌ر کام له‌م سێ شه‌پۆله‌ی فێمینیزم، گرنگی خۆیان هه‌بوو له بردنه‌سه‌ره‌وی ئاستی هۆشیاری ژنان و به‌ده‌ست هێنانی کۆمه‌ڵێک ماف بۆ ژنان له ئه‌وروپا و ئه‌مریکا و وڵاتانی تریش. هه‌روه‌ها مۆری خۆیان له هه‌موو بواره‌کانی به‌رهه‌مهێنانی زانست و هونه‌ر و ئه‌ده‌بیات و سیاسه‌ت دا جێهێشتووه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به به‌رده‌وامی و ئێستاشی له‌سه‌ر بێت فیکری فێمینیزم دژایه‌تی ده‌کرێت.
قوتابخانه جیاوازه‌کانی فیکری فێمینیستی بیرتین له قوتابخانه‌ی به‌ریتانی و ئه‌مریکی و فه‌ڕه‌نسی. دیاره هیندییه‌کان و ڕه‌ش پێسته‌کان و ئه‌وانیتریش بۆ نمونه به‌شێک له خۆرهه‌ڵاتییه‌کان فێمینیزمی ئیسلامیشان فۆرمولهكردووه . له‌ناو ئه‌مانه‌دا ده‌یان ترێندی فیکری وبزوتنه‌وه و تیۆری جیاواز هه‌یه و له‌هه‌ر کام له‌م قوتابخانه فیکیریانهدا که‌سایه‌تی و تیۆریزانی تایبه‌ت به‌و قوتابخانه فیكریانه بوونیان هه‌یه.
٣
ژنی کورد له کوێی هۆشیاری فێمینیزمدایه؟
ژن له‌باشوری کوردستان له‌گه‌ڵ هه‌ندێک به‌ربه‌ست و کێشه به‌ره‌و ڕوون. پێموایه گرفته‌كه له‌ڕوانگه جیاوازه‌كان نییه له‌سه‌ر پرسی ژنی كورد، به‌قه‌د هێنده‌ی گرفته‌كه له چه‌قبه‌ستوویی پرسهكهدایه وه‌ك خودی خۆی.
یه‌کێک له کێشه سه‌ره‌کی یه‌کانی ئێمه ئه‌وه‌یه که تا ئه‌م ساته‌ش گیرۆده‌ی ده‌ستی به ناو “ئه‌ده‌بیاتی حیزبی” و پرۆگرامهکانیانین. ژنان له کوردستان ڕاسته‌خۆ یان ناڕاسته‌خۆ گیرۆده‌ی پرۆگرامی حیزبێکن جا هه‌ندێک له‌م حیزبانه پرۆگرامه‌که‌یان به‌شیكی گه‌وره‌ی ته‌رخان کردوه و هه‌ندێکی تریان به چه‌ند دێڕێک خۆی نه‌جات داوه له‌م پرسه. به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه ئایا به‌ڕاستی پارته كوردییه‌كان له کوردستان چ ئازادی و مافێکیان بۆ ژن ده‌سته‌به‌ر کردوه؟ سه‌ره‌تا بۆ ئه‌ندامانی خۆیان دوای ئه‌وه ژنانی ناو کۆمه‌ڵگا. هه‌ندێک له‌م حیزبانه ڕێکخراوێکی ژنانیان کردۆته‌وه‌و جیاواز له‌وه‌ی کاری باش یان چالاکی ڕۆژانه‌یان ئه‌نجامداوه وه هه‌ندێکیان بوێریشیان نواندوه. به‌ڵام له‌کۆمه‌ڵێک کڵێشه و گوتاری ئایدیۆلۆجی وشک و دوور له واقیعی ژیانی ژنان زیاتر نه‌بووه. به درێژایی ئه‌م بیست و دوو ساڵه به به‌رده‌وامی ژنانی نێو پارته سیاسه‌یه‌كان موزایه‌ده‌ی سیاسیان به‌پرسی ژنه‌وه کردووه.ی ه‌کێک له ژێر ناوی ئه‌وه‌ی زۆرترین داکۆکی کردوه له ژنان و هه‌ر بۆیه‌ش خاوه‌نی بزوتنه‌وه‌ی ژنانه و ئه‌ویتر ده‌ڵێت؛ من زۆرترم کردوه و به‌ر له تۆ له گۆڕه‌پانه‌كه‌دا بووم ! ئیدی کێشه‌کان به‌مشێوه‌یه به‌ئاشکرا له گۆڕه‌پانی سیاسی کوردستاندا هه‌ن، ته‌نانه‌ت هه‌ندێكیان موزایهدهكانیان تا ئاستێكی ئه‌وه‌نده ترسناك ڕۆیشتووه كه ده‌ڵێن؛ هیچ فیكر و لێكۆڵینه‌و و تیۆر و جوڵانه‌وه‌یه‌كی تر نابێت بێته ئاراوه، چونكه ئێمه سه‌رده‌سته و پێشه‌نگین و قسه و چاره‌سه‌رمان پێیه بۆ هه‌موو كێشه‌كانی ژنان. له كاتێكدا ئه‌وانه‌ی كه ئه‌م جۆره موزایه‌ده‌یه ده‌كه‌ن یه‌ك رۆژیش به خۆبه‌خش كاریان نه‌كردوه بۆ پرسی ژن! به‌ڵكو وه‌كو كۆمه‌ڵێك سه‌رۆك و به‌ڕێوبه‌ر بهفهندی حكومه‌تی هه‌رێم یان بیانی ژنانی كوردیان كردۆته قوربانی و خۆیشیان سه‌رۆك و به‌ڕێوه‌به‌ر. له‌هه‌مان كاتیش‌دا بانگه‌شه‌ی شۆڕشێگێڕی و پێشه‌نگی ده‌كه‌ن.
لێره‌دایه ئه‌م پرسیاره ڕووبه‌ڕووی ئه‌و خانمانه ده‌كرێت كه‌به‌ناوی شۆڕشگێرییه‌وه ڕێكخراوی ژنانیان كردۆته‌وه ؛ ئایا ده‌كرێت به فه‌ندی ئه‌وان گووته‌نی (وڵاتانی ئیمپریالی) و حكومه‌تی هه‌رێم ببیته شۆڕشگێڕ؟ ئێمه به‌رامبه‌ر ئه‌م دووفاقی و ده‌بڵ مۆڕاڵیه ده‌بینه‌وه كه‌ئه‌مڕۆ له نێو فه‌زای كاركردنی ڕێكخراوه‌كانی ژنانی كوردیدا له‌ناوه و ده‌ره‌وه‌ی وڵات ئاماده‌گی هه‌یه.
بۆ زیاتر جه‌ختكردن له‌م دووفاقیه ده‌توانین نمونه‌ی به‌رچاو بهێنهنهوه له‌و ده‌یان و سه‌دان ڕێكخراوانه‌ی ژنان له‌كوردستان و ده‌ره‌وه بوونیان هه‌یه، ساده‌ترین پرسیار ئه‌وه‌یه؛ بۆچی ژن و كچی كورد له هه‌موو گۆشه‌یه‌كی ئه‌وروپا و كوردستاندا ده‌كوژرێن، به‌ڵام كه‌سیان ڕوویان نه‌كردۆته ئه‌م ڕێكخراوانه؟ بۆ ئه‌م ڕێكخراوانه نه‌بونه‌ته هۆی به‌هێزكردنی ژنان و بڕوابه‌خۆبوونی ژنان؟
ئه‌و كار و چالاكیانه‌ی له كوردستان ده‌كرێت و ژنانی له ژێر چه‌ترێكدا كۆ كردۆته‌وه په‌یوه‌ندی به‌هۆشیاری ژنانی چالاكه‌وان و ڕێكخراوه‌كانه‌وه نییه، به‌ڵكو پێویستی ئه‌وانه بۆ ڕاپۆرت ئاماده‌كردن بۆ فهندهرهكانیان! وه‌ڵامدانه‌وه‌یه به‌و مه‌رجانه‌ی كه‌له‌لایه‌ن فهندهرهوه بۆیاندانراوه، ئه‌ویش كاركردنه له‌گه‌ڵ ئه‌وانیتر و په‌یداكردنی جه‌ماوه‌ر بۆخۆیان، ده‌نا گه‌ر بۆ ئه‌و پاڵپشته ماڵیه نه‌بێت كه فه‌نده‌ر پێیان ده‌به‌خشێت، ئه‌وا هه‌ر به‌لای پرسی ژناندا تێپه‌ڕنابن!
كار و چالاكیه‌كانیانی ئه‌و ڕێكخراوانه له‌كۆمه‌ڵێك خواستی لیبڕالی و ڕیفۆرمیستی زیاتر تێپه‌رناكات و خاوه‌نی هیچ دونیابینیهك نین بۆ ئه‌و پرسه‌ی كه خۆیان كردۆته خاوه‌نی. هه‌رهه‌مان ئه‌م ژنانه‌ی ئێستا به‌شێكی زۆریان كه وه‌كو پارته سیاسیه‌كانیان موزایه‌ده‌ی سیاسی به پرسی ژنه‌وه ده‌كه‌ن و ده‌یده‌نه‌وه به چاوی ژناندا، كه‌ئه‌وان خه‌بات و قوربانیانداوه بۆ ئه‌و پرسه، ئێستا خاوه‌ن موچه‌ی خه‌یاڵی و ڕێكخراوی زه‌به‌لاحی ژنانن و به سامانی گشتی و فه‌ندی ئه‌وروپی و ئه‌مریكی بوونه‌ته شۆڕشگێڕێكی موخه‌زره‌م.
هه‌ر ئه‌م خانمانه‌ی كه‌له‌سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كانه‌وه دژایه‌تی سه‌رسه‌ختی یه‌كتریان ده‌كرد و پێكه‌وه كاریان نه‌ده‌كرد ، ئێستا له له نێو ڕێكخراوه‌كانیان له یه‌ك سه‌نگه‌ردان و و خواسته كاتییه ڕووكهشهكانیاندا یه‌كگرتوون. ئه‌م یه‌كگرتنه له خه‌مخۆری و بردنه‌سه‌ره‌وه‌ی هۆشیاری ژنی كورده‌وه نه‌هاتۆته بوون، به‌ڵكو زۆرجار بۆ مه‌رامی سیاسی حیزبه‌كانیان و زۆرجاریش بۆ ڕازیكردنی فه‌نده‌ر و نواندنی هێز و ژماره‌ی زۆری ژنان، كه‌له‌زۆربه‌ی خۆپیشاندانه‌كانیاندا به‌هه‌موو ڕێكخراوه‌كانه‌وه به فه‌ڕاش و به‌ڕێوه‌به‌ر و سه‌رۆكه‌وه له سه‌د ژنیان زیاتر بۆ كۆناكرێته‌وه. لێره‌وه ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه ئه‌م ڕێكخراوانه‌ی ژنان نه‌ك نه‌یان توانیوه ژنان به‌هێز بكه‌ن و ببنه پاڵپشتیان، به‌ڵكو فه‌شه‌لی گه‌وره‌یان هێناوه له‌وه‌ی ببنه جێگای متمانه‌ی ژنان .
یه‌کێکی تر لهگرفتهکانمان ئه‌وه‌یه که تا ئێستاش ژنی کورد، نه خاوه‌نی گوتار دیسكۆرسێكی خۆیه‌تی و نه خاوه‌نی زمانێکه بۆ ته‌عبیرکردن له خۆی و له چه‌وسانه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زیی…بۆنمونه فێمینیسته‌کان له‌خۆرئاوادا له‌هه‌موو بواره‌کاندا بۆ وێناکردنی زوڵم و سته‌م له‌سه‌ر ژنان، هه‌روه‌ها بۆ ته‌عبیرکردن له خواست و خه‌باتیان چه‌ندین چه‌مك و ده‌سته‌واژه‌ی قووڵ و جۆراوجۆریان داهێناوه.ده‌سته‌واژه‌ی وه‌کو (ده‌ستدرێژی سێكسی- – ڕه‌یپ – Rape) له‌سه‌ر هه‌موو زارێكه و خه‌باتی بۆكرا بۆئه‌وه‌ی وه‌کو تاوان بناسرێت . به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌وه له زۆرێک له کۆمه‌ڵگا خۆرهه‌ڵاتیه‌کاندا ،به کوردستانیشه‌وه، تاوه‌كو ئیستاش به شه‌رمه‌وه باس له( ده‌ستدرێژی سێكسی – ڕه‌یپ ) ده‌کرێت.
ئێمه تا ئه‌و کاته‌ی (زمانی ده‌ربڕین) له‌خۆمان نه‌دۆزینه‌وه، ناتوانین باس له ئازادی و گۆڕانکاری بکه‌ین له کۆمه‌ڵگه‌دا. ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه کۆمه‌ڵێک کڵێشه‌ی حیزبیه، که‌زۆرتر له چه‌ند دروشمێكی گشتی و زه‌به‌لاح و بێ ناوه‌ڕۆک نه‌بێت، هیجیتر نییه. هۆکاری ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پۆلاریزه‌بوون و بارگاویبوونی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستانه له‌ڕووی سیاسیه‌وه. تاوه‌كو ئه‌م ساته‌ش کۆمه‌ڵگای کوردستان کۆمه‌ڵگایه‌کی حیزبی و سیاسیه. ئایدیۆلۆژیا و (گوتاری ئاینی سیاسی) گوتاری زاڵن و هه‌ر ڕێکخراوێک، ڕێکخراوی ژنان بن یان کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی بن، نه‌یانتوانیووه له‌م چوارچێوه‌یه بێنه‌ده‌ر.
زۆرێک له ژنان تا ئه‌م ساته‌ش به مێنتالیتی پیاوانه‌وه کارده‌که‌ن، به‌و واتایه‌ی زمانێک که زمانی سیاسه‌ته له کۆمه‌ڵگای ئیمه‌دا پیاوانه‌یه و زاڵه. له کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا سیاسه‌ت فه‌زایه‌کی تا بڵێی پیاوانه‌یه ، هه‌ندێک ژن براونه‌ته ناو پارته‌كانه‌وه به‌ڵام زیاتر ئه‌مانه ڕۆڵیان (فێمینیزهکردنی حیزبه‌کانه) له‌ڕووكه‌شدا نه‌ك له‌جه‌وهه‌ردا، به‌مانای دووره له دروستکردنی فه‌زایه‌ک بۆ گۆڕین و دروستکردنی سیاسه‌تێک که کۆمه‌ك به پرسی ژن بکات. دیاره که‌مترین ژماره‌ی ژنان ئه‌ندامن له‌م ڕێکخراوه سیاسیانه‌دا وئه‌مه نه‌بۆته پرسیار بۆیان. ڕێکخراوبوونی ژنان و هۆشیارکردنه‌وه‌یان به مافه‌کانیان کارێکی سه‌ره‌تایی ڕێکخراوی ژنانه، به‌ڵام دروستكردنی ئه‌م هۆشیاریه ئامانجی ئه‌م ڕێكخراوانه نه‌بووه.
دروستکردنی گروپی خوێندنه‌وه و ناساندنی ئه‌ده‌بیاتی فێمینیزم و کۆڕ‌و سیمینار گرتن له‌سه‌ر ئه‌زمونی ژنانی وڵاتانی تر، ده‌توانێت سودێکی هێجگار گه‌وه‌ره‌ی هه‌بیت بۆ ژنان. هه‌م هانیان ده‌دات که تێکۆشه‌ر بن و ئه‌کتیڤ بن بۆ مافه‌کانیان، وه هه‌م هه‌ست به په‌یوه‌ست بوون ده‌که‌ن به بزوتنه‌وه‌کانی تری ژنانه‌وه له دونیادا. ناساندنی دیباته فیکری و زانستی یه‌کانی فێمینیسته‌کان له دونیادا و په‌یوه‌ستکردنی ژنی کورد به‌مانه‌وه، ده‌توانێت باوه‌ڕ به‌خۆبوون لای ژنی کورد دروست بکات.
ئێمه زۆر باسمان له‌ماف و ئازادی ژن کردووه له کۆمه‌ڵگه‌دا. به‌ڵام گرفتی سه‌ره‌کی دیسان نه‌بوونی ئه‌و زمانه‌یه که ئه‌م باسانه‌ی پێ فۆرموله بکه‌ین، که هه‌م زانستی بێت و هه‌م مانادار بێت بۆ ژنان به گشتی له کۆمه‌ڵگه‌دا. نه‌بوونی ڕه‌هه‌ندێکی ئه‌کادیمی -فێمینیستی که تیۆریزه‌ی پرسی ژن و جێنده‌ر بکات له هه‌موو بواره زانستییه‌کاندا و بکرێته پرۆگرامی خوێندن دیوێكی دیكه‌ی ئه‌م گرفته‌یه. لانیکه‌م نه‌وه‌یه‌ک ده‌توانێت سوودمه‌ند بێت و هۆشیاری لایان دروست بکرێت له‌سه‌ر ئه‌م پرسه گرنگانه.
دیاره ده‌ستبردن بۆ کێشه‌کان و باسکردنیان کاتی زۆری ده‌وێت و شیکاری زۆریش هه‌ڵده‌گرێت. ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه، که‌موکوڕیه‌کانی پرسی ژن و کارکردن له‌سه‌ری بخه‌ینه ژێر تیشكی ڕه‌خنه‌وه ، هه‌وڵی بونیاتنانی (فه‌زایه‌کی تازه) بده‌ین بۆ کاروچالاکیهكانیان.
ئێمه وه‌كو ژنانێك كه چالاكین له‌و بواره‌دا به‌رپرسیارین، وه ئه‌ركی سه‌رشانمانه و كارێكی مۆڕالیه كه‌ڕه‌خنه‌ی كار و كردار و بیركردنه‌وه‌مان بكه‌ین. بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین كۆمه‌كی ئه‌وانی تریش بكه‌ین ، ده‌بێت هه‌وڵی بردنه سه‌ره‌وه ی ئاستی هۆشیاری خۆمان بده‌ین.
له‌ئێستای کوردستاندا دروستکردنی (هۆشیارییه‌کی فێمینستی – جێنده‌ری)هه‌مه‌لایه‌نه ئه‌و لینكه ونبووه‌یه كه له فه‌زای چه‌قبستوویی ڕێكخراوه ته‌قلیدیه‌كانی ژناندا خۆی نابینتهوه . بونیادنانی هۆشیاریه‌كی نوێی فێمینستی ده‌بێته خاڵی وه‌رچه‌رخانێكی نوێ له‌خه‌باتی ژناندا، هه‌روه‌ها ئه‌و دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و لینكه ونبووه‌یه كه سیاسه‌تی كوردی له‌باشووردا وه‌ك (سیاسه‌تێكی نێرسالارانه) پێوه‌ی ده‌ناڵێنێت.
ناکرێت ژنی کورد له باشوور له‌وه زیاتر له په‌راوێزی فیکر و تیۆری فێمینیسیتدا بیت. سوود وه‌رگرتن له لێکۆڵینه‌وه و ئه‌زموون و مێتۆدی کارکردن و بنه‌ما فیکری و تیۆری یه‌کانی فێمینیزم ده‌توانێت ههنگاوێکی گرنگ بێت بۆ هێنانه‌ده‌ره‌وه‌ی ژنانی باشور له پاشکۆیه‌تی پیاوانی حیزبی و گوتاری پیاوانه. هۆشیاری فێمینیستی ده‌توانێت باوه‌ربه‌خۆبوون لای ژنی کورد دروستبکات.
ته‌واو
سه‌رچاوه‌کان
“Definition of feminism noun from Cambridge Dictionary Online: Free English Thesaurus”. dictionary.cambridge.org.
Chodorow, Nancy (1989). Feminism and Psychoanalytic Theory. New Haven, Conn.: Yale University Press.
Cott, Nancy F. The Grounding of Modern Feminism. New Haven: Yale University Press, 1987
Dutch feminist pioneer Mina Kruseman in a letter to Alexandre Dumas—in: Maria Grever, Strijd tegen de stilte. Johanna Naber (1859-1941) en de vrouwenstem in geschiedenis (Hilversum, 1994), ISBN 065503951
Locke, John. A Letter Concerning Toleration Routledge, New York, 1991. p. 5 (Introduction
Spender, Dale (1983). There’s Always Been a Women’s Movement This Century. Pandora Press. ISBN 978-0-86358-002-4. Retrieved May 1, 2013
2- Humm, Maggie (1995). The Dictionary of Feminist Theory. Columbus: Ohio State University Pres.
Krolokke, Charlotte and Anne Scott Sorensen, “From Suffragettes to Grrls” in Gender Communication Theories and Analyses: From Silence to Performance (Sage, 2005
تبێینی؛ ئه‌م گوتاره له گۆڤاری مه‌ده‌نیه‌ت ژماره‌ی ٣١ی ساڵی ٢٠١٣ دا بڵاوبۆته‌وه. جارێكی‌تر بهپێداچوونهوهیهكی تره‌وه له (كو‌لتور مه‌گه‌زین) بڵاوبۆته‌وه.