حیکایەتەکانی کالچیۆ (١)

بڵند جاف

ستادیۆم
551

“دێربی دیلا مادۆنێنا”

ساڵی ١٨٩١ پیاوێکی ئینگلیز لە کەنارەکانی (تۆرینۆ) بە تۆپێکەوە لە کەشتییەک دابەزی. هەر لە سەرەتاوە هیوای خواست لەو وڵاتە ئایندەیەکی گەشتری هەبێت. چوونکە  بۆ کەسێک کە نۆیەمین و دوایەمین منداڵی خێزانێکی کەوشساز بێت، ئیتاڵیا و بارزگانی قوماش بە سەرەتایەکی نوێ و موژدەبەخش دادەنرێت. ئەو پیاوە ناوی (هێربێرت کیلپین) بوو. هێربێرت کیلیپن بۆ ماوەی حەوت ساڵ لە تۆرینۆ مایەوە بەڵام وەکوو دەردەکەویت قەدەر بەگوێرەی حەز و ئاواتەکانی ناکات. هەر بۆیە لە کۆتایدا شارەکەی جێدەهێڵیت و ڕوو دەکاتە شاری (میلانۆ). لە میلانۆ کیلپین سەردەمی لاوێتی خۆی دەکەوێتە بیر و عەشقی تۆپی پێ دووبارە سەری گەرم دەکات. هەر بۆیە بڕیار دەدات یانەیەکی تۆپی پێ دابمەزرێنێت. بێگومان دوای ئەوەی نزیکەی دە ساڵ لە ئیتاڵیا بەسەر دەبات. کیلپین ئیدی ڕۆحێکی ئیتاڵی تێیدا گەورە دەبێت و هەر بەو ڕۆحییەتە پڕ ئەفسانە و خورافاتەوە دەڵیت “ئێمە دەبینە تیپێک لە ئەهرەمین. ڕەنگەکانمان سوور دەبێت وەکوو ئاگر و ڕەش دەبێت وەکوو ئەو ترسەی کە ڕکابەرەکانمان هەستی پێدەکەن.” ئا لێرەوە، زستانی ساڵی ١٨٩٩ بۆ یەکەمین جار یانەی (میلانی تۆپی پێ و کریکیت) دروست دەبێت.

هێربێرت کیلپین وەکوو کاپتن و ڕاهێنەریی یانەکە دەست دەکات بە نووسینەوەی یەکەم دێر لە مێژووی (ئەی سی میلان). هەر بە هۆی نەبوونی یاریزانی زۆرەوە، بەو پێیەی هێشتا خەڵکێکی زۆر یاری تۆپی پێ ناکەن. کیلپین زۆر جار ناچار دەبێت لە جێگای جیاوازی یاریگا یاریی بکات، بۆ پڕکردنەوەی جێگای ئەو یاریزانانەی کە ئامادە نابن. لە سەرەتاوە یانەی میلان دەست دەکات بە نازناو چنینەوە و دەبێتە پاڵەوانی خولی ئیتاڵی بۆ ساڵەکانی  ١٩٠١،١٩٠٦،١٩٠٧. بەڵام بەداخەوە رۆژگاری خۆشی یانەکە درێژە ناکێشێت و خێرا یانەی (ئەی سی میلان) خۆی لەبەردەم ڕکابەرێکدا دەبینێتەوە. ڕکابەرێک کە دەیەوێت لە ماڵی خۆیدا کێبڕكێ بکات و (میلانۆ) لە چنگی دەربهێنێت.

لە سەرەتاوە هەموو مەسەلەکە بە دەمەقاڵەیەک دەستی پێکرد. گرووپێك لە ناو یانەی میلاندا دروست بوو کە ناڕەزایەتی خۆی دەردەبڕی بەرامبەر سیاسەتی یانەکە. ئاخر سیاسەتی یانەکە تەنها پشتی بە یاریزانی ئیتاڵی و ئینگلیزی دەبەست. ئەم گرووپە کە لە (جۆرجیۆ موگیانی) و سیازدە کەسی دیکە پێکهاتبوو. یاخیبوونی گرووپەکەیان ڕاگەیاند و بە تووندی داوای ئەوەیان کرد کە یانەکە سیاسەتی خۆی بگۆڕێت و پشت بە یاریزانی بیانی ببەستێت. هەرچەندە ئەم داواکارییە لەگەڵ بارودۆخی ئەو کاتەی خولی ئیتاڵیدا زۆر نەدەگونجا، لە کۆتایدا ئەم یاخیبوونە گۆڕا بۆ جیابوونەوە و لە بەهاری ساڵی ١٩٠٨ دا یانەیەکی دیکەیان دامەزراند و بۆ تاهەتایە میلانۆیان کرد بە دوو بەشەوە. بەشێک سوور و بەشێک شین و لە نێوانیشیاندا ڕەنگی ڕەشیان وەکوو برا دابەش کرد.
سەرکردەکانی ئەم گرووپە هێندە تامەزرۆی یاریزانی بیانی بوون، نازناوی (ئینتێرناسیۆنال)یان هەڵبژارد بۆ یانەکەیان. ئەوەبوو لە ڕۆژی دووشەمەی ٩ی مارسی ١٩٠٨ موگیانی و هاوڕێکانی لە ڕێستۆرانتی (دیلا ئۆرۆلۆگیۆ) کۆبوونەوە و (یانەی تۆپی پێی ئینتێرناسیۆنالی میلانۆ)یان دامەزراند. هەر لە مانگی ئۆکتۆبەری هەمان ساڵدا  بۆ یەکەمین جار دێربی میلانۆ لە نێوان هەردوو یانەکەدا ئەنجامدرا. یارییەکە بە ٢ــ١ لە بەرژەوەندی  یانەی ئەی سی میلان تەواو بوو. تێیدا (ئەتیلیۆ تیریری) یەکەمین گۆڵی دێربی بۆ یانەی ئەی سی میلان تۆمارکرد. هەمان یاریزان مێژوویەکی دیکەی تۆمارکرد کاتێک لەیەکێك لەدێربییەکاندا لە گێمی یەکەمدا وەکوو گۆڵپارێز و لەگێمی دووەمدا وەکوو یاریزانی هێڵی ناوەڕاست یاریی کرد. ئینتەرمیلانۆ هەر وەکوو برا گەورەکەی دوو ساڵ چاورێی کرد تاکوو یەکەمین نازناوی بردەوە، ئەمەش کاتێک ساڵی ١٩١٠ خولی ئیتاڵی بۆ یەکەمین جار بەرز کردەوە. بەلام بۆ بردنەوەی دووەم نازناو ئینتەر ١٠ ساڵ چاوەڕوان بوو هەر وەکوو چۆن بۆ بردنەوەی نازناوی سێیەم ١٠ ساڵیتریی پێچوو.

دوور لە نازناوی هەردوو یانەکە و ڕووداوەکانی دێربی نێوانیان، دەتوانم بڵێم مێژووی هەر دوو یانەکە پڕە لە شکۆمەندیی. پڕە لە بەرەنگاربوونەوە، لە کەوتن و هەستانەوە. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە، ئەو ڕۆحییەتەیە کە هەردوو یانەکە بە درێژایی مێژووی خۆیان بەئاگابوونەوە بێت یان بەبێ ئاگا پاراستویانە.

(ئینتەرمیلانۆ) بە درێژایی مێژوویی خۆی مۆرکی فرەڕەگەزیی خۆی پاراستووە. بەجۆرێک شکۆدارترین سەردەمی یانەکە کە لە ماوەی شەستەکانی سەدەی بیستەمەدا بوو،  لە ژێڕ دەستی ڕاهێنەری ئەرژەنتینی (هیلێۆنۆ هێرێرا)دا بووە. لەبەرامبەردا پڕنازناوترین و شکۆدارترین سەردەمی (ئەی سی میلان) لە ژێر دەستی راهێنەری ئیتاڵییدا بووە، جا ڕاهێنەرەکان (نیرۆ ڕۆکۆ) بێت یاخود (ئەریگۆ ساکی). بەهەمان شێوە کاتێک باسی کاپتنە مێژووییەکانی هەردوو یانەکە دەکرێت، لە رۆژگاری ئەمڕۆدا ناوی (خاڤێر زانێتی) ئەرژەنتی کاپتنی ئینتەر و (پاولۆ مالدینی) ئیتاڵی کاپتنی ئەی سی میلان، لەسەر زاری بینەری وەرزشییە. تەنانەت لە ئێستایشدا بە هەمان ڕۆحییەتەوە دەگەینە ڕۆژگاری ئەمڕۆی دێربی دیلامادۆنین، دەبینین  یانەی ئینتەرمیلانۆ لەم وەرزەدا بە یازدە یاریزانی بیانییەوە دێتە ناو یاریگاوە. بەمەش ئەو مۆرکە مێژووییەی خۆی دەپارێزێت کە لە بنەڕەتدا (موگیانی) و هاوڕێکانی خستە سەر کەڵکەلی دروست کردنی یانەیەکیتر. لە بەرامبەردا یانەی ئەی سی میلان بە خەونی پرۆژەی تیپێكی تەواو ئیتاڵییەوە دێتە ناو یاریگاوە و نزیکەی ٧ بۆ٨ یاریزانی ئیتاڵییە،  بەمەش لە سەر هەمان ڕێچکەی باوباپیرانی بەردەوام دەبێت.

سەرەڕای هەموو ئەو مێژوو و مۆرک و خەسڵەتانەی کە ئەم دوو یانەیە هەڵگرین، یەک ڕاستی هەیە پێویستە باسبکرێت، ڕاستیەک کە ڕەنگە نەبینراو بێت، وەلێ  بێگومان هەست پێکراوە.  ڕاستییەکە ئەوەیە کە  دیربی میلانۆ ڕەنگە  ساڵی ١٩٠٨ دەستی پێکردبێت، بەڵام ڕۆحی دێربی لە نێو ئەهلی میلانۆدا تەمەنێکی زۆر زیاتری هەیە. چوونکە دێربی میلانۆ هەڵگری تووڕەبونێکی ئەزەلییە کە لە هەر سەردەمێکدا گوزارشتی لە شتێک کردووە. سەردەمانێک توڕەبوونی دێربی هی دەوڵەمەندە شین و ڕەش پۆشەکان و هەژارە سوور و ڕەش پۆشەکان بوو. سەردەمانێکیش تووڕەبوونی دێربی هی  سیاسییەکان و هونەرمەندەکان بوو. ئەمڕۆیش تووڕەبوونی دێربی هی دڵشکاوان و بێ هیواکانە. توڕەییەک کە هەمیشە گوزارشت لە شتێک دەکات. شتێکی ئێجگار قووڵ کە تەنها ئەوانەی لە دوور و نزیکەوە ئەهلی میلانۆن لێی تێدەگەن.

 

تێبینی: ژمارەی سەر ناونیشانی بابەتەکانی کالچیۆ، ئاماژە نین بۆ تەسەلسولی ڕووداوەکان، بەڵکوو ئاماژەن بۆ حیکایەتێکی نوێ لە حیکایەتەکانی کالچیۆ.

مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!
ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.

You might also like More from author

Comments are closed.

error: Content is protected !!