سه‌ید كه‌ریم حه‌مه‌لاو ؛ فیقفیقە پانەکە (هاڕمۆنیكا)

1,574
سه‌ید كه‌ریم حه‌مه‌لاو چیرۆكنوس

هاوینی ساڵی ١٩٧١ قاتێک بیجامەی خەت خەتی سپی و سوری لەبەردابوو، لەدوکانەکەی حەمە ڕەزا ، فیق فیقەیەکی پانی سورو زەردی کڕی بوو. دیاره‌ نه‌یده‌زانی ناوی هاڕمۆنیكاته‌.  ئه‌وه‌ گرنگ نه‌بوو بۆی، گرنگ ئه‌وه‌ بوو  زۆری خوشدەویست هەمیشە بەهەردوودەستی ڕاست وچەپ بەلێوەکانیدا دەهێناو دەبرد. خۆشیەکەی زۆری نەکێشا فێقفیقەکەی لێ ونبوو. ئیتر  سەرەخولەی گەیشتێ،  هەرکەسی دەبینی هەواڵی فیقفیقەکەی لێ دەپرسی.

چوو بۆکانی (پەڵەخشتیل)  گەڕایەوە وبەنێوانی (دێبەری سەرسول) دا چوو بۆئەم ئەوبەری (پورەمین) پاشان  گەڕایە وە بۆبن کەپرەکە ،بەباسکی (ئاغەڵەکۆن) دا  و بەخوار کانی (بەردی سپیدا) چوو بۆ  (بایەو).  هەردەڕۆیشت وسەیری بەردەمی وئەملا و ئەولای ڕێگاکەی دەکرد. دواتر بە(قەمتەری بایەو) دا بەرەو (کانی خدری)  ڕۆیشت،بەجۆگای تەنیشت (ئاش وبەشێ ڕه‌شەدا) بەرەو  کەپرەکە ڕۆیشت، زۆر  بەغەمباری وکزۆڵەیی پاڵی بەکۆڵەکەکەوە دابوو،  چاوەکانی بەکزییەوە لەبه‌رده‌می بڕیبوو،  هەردووک دەستە باریک وبچوکەکاکی لەئەژنۆکانی ئاڵاندبوو.

هەمووان توڕەبوو ،قسەی لەگەڵ کەس نەدەکرد،  لەخۆشی توڕەبوو،  جنێوی پیس پیسی بەخۆی دەدا. خواهەڵناگرێ،  هەر خۆی منداڵێکی دەم پیس بوو.. هەرچی دەبینی قاپی دەگرت و جنێوی پێدەدا.

بەسەرجۆگای ناو  ڕەزەکە دا بۆ  سەرکانی (پەڵەخشتیل) تا (سەر چەکوشە)  و دواترگەڕایەوە بۆناو (پەڵەسپیدارەکەی شێخ فەرەج)  ویستی بەڕێگای سەرەوەدا بڕواتەوە بنکەپرەکە، كه‌لووتی بوو  بەلووتی شێخ مریەمه‌وە   و بەکەیفەوە پرسی؛

– شیخ مریەم فیقفیقە پانەکەی منت نەدیوە؟

– بەپێکەنیکەوە گووتی:  با !

لەخۆشانیا شاگەش کەبوو گووتی: کوانێ؟

 لەوەڵامدا گووتی: ئەوەتا !

سەری داخست بەتووڕەیەوە ڕۆیشتەوە بۆ بن کەپرەکە.

سلێمانی
١٣/٢/٢٠١٧

هاڕمۆنیكا
تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی
هاوپۆلی بابه‌ت
error: Content is protected !!