پێشه‌كی وه‌رگێڕ بۆ كتێبی “ماركس و ڕه‌خنه‌ی سیاسه‌ت”
( 1 )
له‌م دواییانه‌دا فیگورێكی دینی له كوردستاندا بووه قسه‌وباسی میدیاكان و فه‌زای مه‌جازی. له بنه‌مادا ئه‌وه‌ی ڕوویدابوو هه‌بوونی جۆرێك په‌یوه‌ندی سۆزداری بوو كه به‌شێكه له ژیانی كه‌سییانه‌ی هه‌ر كه‌سێك.
به‌ڵام بۆچی ئه‌م په‌یوه‌ندییه به “سكانداڵ” دانرا و بۆ ئه‌و فیگوره كه‌سیی نه‌بوو؟ له‌به‌رئه‌وه‌ی شتێكی بۆ خۆی حه‌ڵاڵ كرده‌وه كه له مرۆڤه‌كانی دیكه‌ی حه‌رام كردبوو. به‌ڵام وادیاره ئه‌مه تاكه هۆكار نییه بۆ له قه‌ڵه‌مدانی ئه‌و په‌یوه‌ندییه به “سكانداڵ”، هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه كه ئه‌و سوبێكته ته‌نیا خۆی نییه وه‌ك تاكه‌كه‌سێك، به‌ڵكو گوتاره، و نوێنه‌ری ڕه‌وتێكی دیینیه و شوناسبهخشیشه، كه هه‌زاره‌ها په‌یڕه‌وكاریی هه‌یه، میدیای هه‌یه، مزگه‌وتی هه‌یه، مینبه‌ری هه‌یه، له‌هه‌موو ڕووداوه‌كانیشدا قسه‌ی هه‌یه. له هه‌موویشی گرنگتر له‌ڕێگه‌ی ئه‌م پێگه‌یه‌وه حوكمی هه‌یه، حه‌رام و حه‌ڵالی هه‌یه و ڕه‌وا و قه‌ده‌غه‌ی هه‌یه، فتوای هه‌یه و سنووره‌كان بۆ مرۆڤ ده‌كێشێت، خۆیشی به نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه و ڕه‌سه‌نی میراتێكی ئایینی ده‌زانێت.
كه‌واته ئه‌م گوتاره له‌نێو گه‌مه‌ی ده‌سه‌ڵاتدایه، ده‌ڵێت چی ڕه‌وایه و چی ناڕه‌وا، چی ئه‌سله و چی ساخته، چی پاكه و چی پیس، ئه‌و پێمانده‌ڵێت كه سه‌رچاوه‌یه‌كی پاك و كانییه‌كی سازگار هه‌یه كه به‌ژێر ده‌ستی ئه‌ودا ده‌ڕوات، هه‌ر كانییه‌كی تر تووشی سیل و ده‌ردمان ده‌كات و پێویسته ته‌نیا له‌و چاووگه پاكه و له‌و سه‌رچاوه سازگاره بخۆینه‌وه. كه‌واته به‌رده‌وام گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ك هه‌یه بۆ كانییه‌كی سازگار، تاكه سه‌رچاوه‌یه‌ك، تاكه مه‌رجه‌عێك، به‌ڵام گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی ئاسایی نا، به‌ڵكو گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رشتێكی دیكه‌ی جگه له‌م كانییه، به پیس و لاده‌ر و لاسار وه‌سف بكات. ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه هه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ڕابردوو، هه‌م بۆ كۆمه‌ڵێك ده‌ق و سه‌رچاوه و وته‌ی بنه‌ڕه‌تی كه به‌ر له ته‌فسیره‌كانی كه‌وتووه، به‌م جۆره هه‌رگیز خۆی وه‌ك تهفسیرێك ناخاته ڕوو، به‌ڵكو وه‌ك ئه‌سڵێك كه نایه‌وێت ته‌فسیره‌كان بیشێوێنن. ئا ئه‌مه یه‌كێكه له ڕه‌گه‌زه بونیادی و بنه‌ماییه‌كانی فه‌نده‌مێنتالیزمی ئایینی.
بنه‌مایه‌كی دیكه‌ی سه‌له‌فییه‌ت ئه‌به‌دییه‌ته، به‌و مانایه‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌هلی سه‌له‌ف وتوویانه و كردوویانه ئه‌به‌دییه و بۆ گۆڕانكاریی و ده‌ستكاریكردن ناشێن، چونكه پاك و پیرۆزه و حه‌قیقه‌ته ڕه‌سه‌نه‌كه‌یه. سه‌له‌فییه‌ت هیچ گۆڕانكارییه‌كی قبوڵ نییه، نه له‌ناو خۆیدا و نه له ده‌ره‌وه‌ی خۆی. گه‌ر دان به‌وه‌دا بنێت كه ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی جیایه له ئه‌هلی سه‌له‌ف، به‌و مانایه نییه ته‌فسیری نوێی بۆ ئه‌مڕۆی دنیا هه‌بێت، به‌ڵكو ده‌یه‌وێت هه‌موو گۆڕانێك به خراپ و سه‌رلێشێوان و گومڕایی وه‌سف بكات. سه‌له‌فییه‌ت پێیوایه »ده‌بێت خه‌ڵكی ئه‌م سه‌رده‌مه به هه‌مان شێوازی سه‌رده‌می ئه‌هلی سه‌له‌ف بژین و بیربكه‌نه‌وه«، نابێت ئه‌حكامه‌كان و شه‌رع به‌گوێره‌ی گۆڕانه‌كانی دونیا بگۆڕێن، بۆ هه‌موو گرفتهگانیش چاره‌سه‌ری ڕه‌ها ئه‌وه‌یه كه بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ئه‌و ده‌ق و سه‌رچاوه ئه‌سڵییانه‌ی كه “هه‌موو شتێكیان تێدایه“ و “هیچ شتێكی نوێ” بوونی نییه، گه‌ر هه‌یشبێت ده‌بێت وه‌ك “بیدعه“ و “ده‌رچوون” و “لادان” و “ساخته“ سه‌یر بكرێن. قسه‌كردن له‌سه‌ر سه‌له‌فییه‌ت و دیاریكردنی ئه‌دگاره‌كانی، زۆر هه‌ڵده‌گرێت، لێره‌دا ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌مان نییه له‌وه‌نده زیاتری له‌سه‌ر بڵێین.
( 2 )
پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه ئایا سه‌له‌فییه‌ت ته‌نیا تایبه‌ته به ئایین و ده‌ركه‌وته‌یه‌كه كه ته‌نیا له ئاییندا ده‌ژی؟ تۆ بڵێی فه‌نده‌مێنتالیزم جۆرێك له بیركردنه‌وه و ڕه‌فتار بێت یان بونیادی بیركردنه‌وه و ڕه‌فتاره؟ ئایا ده‌شێت ڕه‌وتێكی فیكرییش وایش هه‌بێت بشێت به سهفهلهفییهت ناوی ببه‌ین؟ به بڕوای من و به گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ی له سه‌ره‌وه دیاریمان كردن، سه‌له‌فییه‌ت جۆرێكی تایبه‌تی فیكر نییه و ته‌نیا تایبه‌ت به ئایین نییه، به‌ڵكو بونیادی بیركردنه‌وه‌یه. گۆڕانی ڕووكه‌ش و په‌ڕینه‌وه له ئیمانداره‌وه بۆ بێ ئیمان، له لیبراله‌وه بۆ كۆمۆنیزم، له ئیسلامییه‌وه بۆ عه‌لمانی، له پارتییه‌وه بۆ گۆڕان، واتای ڕه‌تكردنه‌وه‌ی سه‌له‌فییه‌ت نییه و گۆڕانێكی ڕاسته‌قینه نییه له دنیابینیدا، به‌ڵكو سه‌له‌فییه‌ت بونیادێكه كه ده‌شێت له‌نێو هه‌موو لێكدژه ڕووكهشهكانیشدا ئیش بكات و فۆرموله‌ی گوتاره‌كانیان بكاته‌وه. فیكری سه‌له‌فی ئه‌وه‌یه كه هه‌ر وه‌ك سه‌له‌فییه‌تی دینی، بڕوای به سه‌رچاوه‌یه‌كی پاك و ئه‌سڵێكی میتافیزیكی و “شاگوتار”ـێك هه‌یه و پێیوایه له‌سه‌رده‌مه جیاوازه‌كاندا گۆڕانێكی جه‌وهه‌ری له جیهاندا ڕوونادات و دیارده‌كان له كۆنتێكست و دۆخی مێژوویی و ماتریالییاندا نابینێت، به‌ڵكو پێیوایه دنیا ڕێسا و شه‌رعی خۆی هه‌یه كه ئه‌به‌دین. چاره‌سه‌ری هه‌موو گرفته‌كانیش وان له چه‌ند ده‌قێكدا و له گیرفانی چه‌ند فهیلهسوفێكدا كه ده‌بێت بیانكه‌ینه چوارچێوه و قاڵب و هه‌ر ته‌فسیر و گوتارێك نه‌كه‌ونه نێو ئه‌م چوارچێوه‌یه و له‌م قاڵبه‌دا جێگایان نه‌بێته‌وه، كه‌واته ساخته‌ن و شتێكیان بۆ دونیا پێنییه و نابێت خوێندنه‌وه‌كانیان بۆ دنیا به‌هه‌ند وه‌ربگرین، چونكه پێویستمان پێیان نییه و له سه‌رچاوه و ده‌قه‌كانی ئه‌و چه‌ند فه‌یله‌سوفه‌دا هه‌موو شتێك وتراوه و ڕوونكراوه‌ته‌وه، نه‌ك ته‌نیا بۆ سه‌رده‌می خۆیان به‌ڵكو بۆ سه‌رده‌مه‌كانی داهاتوویش. پێشبینییه‌كانی ئه‌وان و ئه‌و ڕێسایانه‌ی كه بۆ پرۆسێسی دونیا و جیهان و سیسته‌م دیاری‌یان كردووه حه‌تمیین و هیچ لادان و خیلافێكیان تێدا نییه، بۆیه گه‌ر قسه‌یه‌كی تر له‌باره‌ی دونیا و سیسته‌مه‌وه بكه‌یت ئائه‌وه لادان و “انحراف” و “گومڕاییه“. ده‌شێت سه‌له‌فیزمی فیكری باسی گۆڕینی دونیا بكات، بانگه‌شه‌ی ئه‌وه بكات كه خۆی بۆ گۆڕینی جیهان ته‌رخانكردووه و ده‌بێت زوو به زوو ئه‌كت بنوێنرێت تاوه‌كو سیسته‌م بگۆڕین و دونیای ئه‌مڕۆ و دۆخی باڵاده‌ست قڵپ بكه‌ینه‌وه، به‌ڵام له خوێندنه‌وه‌یدا بۆ دۆخی باڵاده‌ست و ده‌سه‌ڵات و سیسته‌مدا، هه‌ر به كه‌ره‌سته و چه‌مكه كۆن و ڕزیوه‌كان ئیش ده‌كات، كاتێكش ده‌یه‌وێت ده‌ستنیشانی شێوازی ئیشكردنی سیسته‌م و ده‌سه‌ڵات بكات دیسان هه‌ر به شێوه‌یه‌كی كلاسیكی هۆكاره‌كان و سنووره‌كان دیاریی ده‌كاته‌وه، كاتێكش باس له نه‌خشه‌ڕێگای گۆڕانكارییه‌كان ده‌كات دیسان نه‌خشه و كڵێشه‌یه‌كی ئاماده و حازر به‌ده‌ست فڕێ ده‌داته سه‌ر مێز و فتوای ئه‌وه ده‌دات كه ده‌بێت هه‌مووان په‌یوه‌ست بن به‌م نهخشهڕێگایهوه، چونكه ئه‌مه ئه‌و ڕێبازه‌یه كه “پێشینانمان” دیاری‌یان كردووه و ئێمه‌یش نابێت له ڕێبازی ئه‌وان لابده‌ین: “ئه‌مه‌یه ڕێگای ڕزگاری، ئه‌مه‌یه كه‌شتی نه‌جات”؛ هه‌ركه‌سێكیش به‌مه‌وه په‌یوه‌ست نه‌بێت ئه‌وا خائین و لاده‌ر و دوژمنه و ده‌بێت له‌نێو ببرێت، ئه‌مه‌یش ناوده‌نرێت “توندوتیژیی ڕه‌وا”. ئا ئه‌م خاڵه‌ی كۆتایی یه‌كێكه له‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی كه سه‌له‌فییه‌تی فیكری له سه‌له‌فییه‌تی ئایینی جیاده‌كاته‌وه، ڕووه ئایدیۆلۆژییهكهی خۆی پیشان ده‌دات. ئاره‌زووی گۆڕانكارییه‌كی ڕاسته‌قینه نا، بانگه‌شه‌ی گۆڕانكارییه‌ك كه مرۆڤ له‌ژێر سایه‌ی ستهمێكهوه ده‌باته ژێر سایه‌ی سته‌مێكی دیكه، دژایه‌تی كۆی سیسته‌م و ڕه‌گه‌زه‌كانی سیسته‌م نا، به‌ڵكو دژایه‌تی سیسته‌مێكی دیاریكراو و دروستكردنه‌وه‌ی سیسته‌مێكی دیكه كه ده‌شیت چهوسێنهرتریش بێت.
( 3 )
ماركسیزم و سه‌له‌فییه‌ت له كوێدا دژ به‌یه‌كن؟ ئایا ده‌شێت ماركسیستێك سه‌له‌فی بێت؟ ئایا ده‌شێت بانگه‌شه‌ی ماركسیزم بكه‌ین و ئه‌و بونیادهیشی كه ئاراسته‌مان ده‌كات بونیادێكی فه‌نده‌مێنتاڵ بێت؟ ئه‌مه یه‌كێكه له‌و پرسانه‌ی كه ده‌بێت له‌ناوه‌ندی ڕۆشنبیریی كوردیدا و له ڕه‌وتی نوێی ڕادیكاڵیزم و فیكری چه‌پدا، بكرێته كێشه و پرۆبڵماتیزه بكرێت، ڕه‌خنه‌گرتن له عه‌قلی سه‌له‌فییش یه‌كێكه له ئه‌ركه هه‌ره ڕادیكاڵه‌كان. یه‌كێك له بنه‌ما هه‌ره سه‌ره‌تاییه‌كانی نێو فیكری ماركس و چه‌پ ئه‌وه‌یه كه هه‌موو شتێك له كۆنتێكست و هه‌لومه‌رجی مێژوویی و كۆمه‌ڵایه‌تی خۆیدایه، تایبه‌تمه‌ندی و سیفه‌ت و كاره‌كته‌ر و ململانێی هه‌ر سه‌رده‌مێك جیایه له سه‌رده‌مێكی دیكه. په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و ئامرازه‌كانی به‌رهه‌مهێنان، شێوازی ده‌سه‌ڵات و حوكمڕانی، به‌رژه‌وه‌ندی و لێكدژی، ئایدیۆلۆژیا و فیكر، دیارده و ده‌ركه‌وته، میكانیزمه‌كانی ئیشكردنی ده‌سه‌ڵات و هه‌لومه‌رجی ئوبێكتی و ماتریالی هه‌ر سه‌رده‌مێك جیاوازه له سه‌رده‌مێكی دیكه. دیاره ماركس له سه‌رده‌می خۆیدا دیاگنۆسێكی وردی ئه‌م لایه‌نانه‌ی كردووه. كه ده‌ڵێین لای ماركس هه‌موو شتێك له گۆڕاندایه و له سه‌رده‌می و كۆنتێكستی مێژوویی خۆیدایه، گرنگه ئه‌مه وه‌ك بنه‌ما وه‌ربگرین، نه‌ك به هه‌موو ئه‌و سیما و كاره‌كته‌ر و تایبه‌تمه‌ندییانه‌وه دووباره‌ی بكه‌ینه‌وه كه له‌سه‌رده‌می ماركسدا هه‌بووه، گه‌وره‌ترین وه‌فا بۆ ماركس ئه‌وه‌یه ئێمه له‌سه‌رده‌می خۆماندا به‌شداربین له بهئهستۆوهگرتنی ئه‌و ئه‌ركه‌ی كه ماركس له سه‌ده‌ی نۆزده‌دا له ئه‌ستۆی گرت، واته به‌ر له هه‌ر شتێك دیاریكردنێكی وردی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری، پاشان تیۆریزه‌كردنی ئه‌كت و شێوازه‌كانی ئه‌كتی به‌رگریكارانه. (كه ئێره شوێنی ئه‌وه نییه، ته‌نیا پرسه‌كه به‌كێشه ده‌كه‌ین).
بائێستا ئه‌م گوته‌یه تاقی بكه‌ینه‌وه: «سه‌رمایه‌داریی ئه‌مڕۆ جیاوازه له سه‌رمایه‌داریی سه‌رده‌می ماركس». ئه‌مه به چ مانایه‌ك؟ به‌و مانایه‌ی كه سیسته‌می سه‌رمایه‌داری بۆ ئه‌وه‌ی له‌و یاسا كۆمه‌ڵایه‌تییه خۆی بدزێته‌وه كه ماركس به‌شێوه‌یه‌كی دیاله‌كتیكی ده‌ستنیشانی كردووه، گۆڕانی قوڵی به‌سه‌ر خۆیدا هێناوه. ڕاسته هێڵه سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م سیسته‌مه ماوه‌ته‌وه، دابه‌شبوونه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و نایه‌كسانی ماوه‌ته‌وه، قۆرخكاری و چینایه‌تی ماوه‌ته‌وه، به‌ڵام كۆمه‌ڵێكی زۆر دیارده‌ی نوێ و كه‌ره‌سته‌ی نوێی ئیشكردنی سیسته‌م هاتوونه‌ته گۆرێ كه ته‌نیا به چه‌مكه كۆنه‌كان شیكار ناكرێن.
كاتێكیش ده‌ڵێن سه‌رمایه‌داری خۆی گۆڕیوه، واتای ئه‌وه نییه به‌ره‌و عه‌داله‌تی زیاترچووه و میهره‌بانتر بووه و دیموكراسییه‌ت و ئازادی تێیدا هه‌ڵكشاون، له بنه‌مادا چاوچنۆكییه‌كانی ئه‌م سیسته‌مه به ڕاده‌یه‌ك به‌رفراوان بووه كه گه‌یشتۆته قۆناغێك ده‌شێت ناوی بنێین قۆناغی “سه‌رمایه‌داریی وه‌حشی”. به‌ڵام كێشه‌كه‌یش هه‌ر لێره‌دایه كه بۆچی سیسته‌م به‌م ڕاده‌یه گه‌یشتووه و هه‌ر ماوه‌ته‌وه؟ خۆ ئومێدی ڕوخانی سه‌رمایه‌داریی ئومێدێكی له مێژینه‌یه و خودی ماركس و ئه‌نگلیز له ساڵی 1848ـدا و دواتریش له ساڵی 1874ـدا پێشبینیی خاپووربوونی ئه‌م سیسته‌مه‌یان ده‌كرد. به‌ڵام دیسان بۆچی ئه‌م سیسته‌مه هێشتایش ماوه‌ته‌وه و له ئێستایشدا ئاسۆیه‌كی ڕوون بۆ له‌نێوچوونی دیار نییه؟ به پێی دیاله‌كتیك هه‌تا سه‌رمایه‌داری ستهمگهرتر و نایهكسانتر و چه‌وسێنه‌رتر بێت، ئه‌وه‌نده‌یش خودنامۆیی و هۆشیاری و ئه‌گه‌ری ئه‌كت و ڕزگاری لای پرۆلیتاریایش زیاتر ده‌بێت، هه‌تا “ئهلف” زیاتر هه‌ڵكشێت، “بێ”ـیش زیاتر هه‌ڵده‌كشێت و له‌وه نزیك ده‌بێته‌وه ببێته ئه‌ڵته‌رناتیڤی “ئهلف”. چونكه پرۆسه‌كه هه‌لومه‌رجی مێژوویی و ماتریالی بڕیاری لێده‌ده‌ن و سوبێكت ته‌نیا ده‌توانێت وه‌ڵامی دۆخه ئوبێكتییهكان بداته‌وه. كه‌واته ئه‌وه‌ی سوبێكتی پرۆلیتار ده‌یكات ڕه‌نگدانه‌وه‌ی دۆخه ئوبێكتییهكانی خۆیه‌تی، هه‌تا له واقیعدا پرۆلیتار به‌ر ناعه‌داله‌تی و نایه‌كسانی و سته‌می زیاتری سه‌رمایه‌دار بكه‌وێت، ئه‌وه‌نده‌یش زیاتر هۆشیاری شۆڕشگێڕی و خۆڕێكخستن و ئیراده‌ی شۆڕش له‌نێویدا گه‌شه ده‌كات. به‌ڵام بۆچی له‌مڕۆدا ئه‌م جه‌مسه‌ره لێكدژهی سه‌رمایه‌داری له ئاستی ئه‌و هێزه‌دا نییه كه بتوانێت سیسته‌م بگۆڕێت، یان لایه‌نیكه‌م به‌رگرییه‌كی ڕاسته‌قینه و كاریگه‌ری به ڕوویدا بنوێنێت؟ ئه‌م پرسیاره پێویستیی به قسه‌وباسی زۆر هه‌یه، به‌ڵام یه‌كێك له‌و شیكارییانه‌ی كه له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مدا بۆ ئه‌م پرسیاره كرا، ئه‌وه‌بوو كه سه‌رمایه‌داری “كرێكاران”ـی ڕازی كردووه. به‌ڵام چۆن؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره له سه‌رده‌می ماركسدا ئه‌وه‌بوو كه له‌ڕێگه‌ی ئایدیۆلۆژیایه‌كه‌وه ئاگایی ساخته ده‌رخواردی زه‌ینی كرێكاران دراوه، به‌ڵام ناشێت ئه‌م وه‌ڵامه بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه دروست بێت، به بێ ئه‌وه‌ی گۆڕانێكی ڕاسته‌قینه له خودی چه‌مكی ئایدیۆلۆژیادا نه‌كه‌ین و خوێندنه‌وه‌یه‌كی نوێی بۆ نه‌كه‌ین، كه ده‌شیت زۆر جیاواز بێت له خوێندنه‌وه‌ی ماركس بۆ ئایدیۆلۆژیا.
له‌مه‌یش زیاتر، مه‌سه‌له‌كه ته‌نیا ئایدیۆلۆژیا نییه، بگره له‌مڕۆدا ئایدیۆلۆژیا به تێگه‌یشتنه كۆنه‌كه‌ی، ڕۆڵێكی ئه‌وتۆی نه‌ماوه، چونكه هۆشیاریش خۆی چیتر پاڵنه‌رێكی به‌هێز نییه بۆ دروستكردنی ڕێكخستن و ئه‌كت، به‌ڵكو خۆیشی پێویستی به جوڵێنه‌ر و بزوێنه‌ری دیكه هه‌یه تاوه‌كو بتوانێت ڕۆڵێك له به‌رگری به ڕووی سیسته‌مدا بنوێنێت. ئێستا ده‌یان ئامرازی دیكه هه‌یه كه ده‌سه‌ڵات بتوانێت بۆ مانه‌وه‌ی خۆی و ئارامی خۆی بیخاته‌گه‌ڕ. له‌وانه: به‌رهه‌مهێنانی چێژ، به‌رهه‌مهێنانی ئێستاتیكا و فانتازیا، یارییه وه‌رزشییه‌كان، گه‌شتوگوزار، به‌رهه‌مهێنانی چه‌وساندنه‌وه‌ی ناڕاسته‌وخۆ له وڵاتانی دواكهوتووندا به نوێنه‌رایه‌تی ده‌سه‌ڵاته دیكتاتۆره‌كان، به‌رهه‌مهێنانی ترس، به‌رهه‌مهێنانی وێنه و به‌رفراوانكردنی فه‌زای مه‌جازی تا ئاستی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی واقیع، به‌رهه‌مهێنانی دیسپلین، به‌رهه‌مهێنانی نه‌خۆشی بایۆلۆژی و ده‌روونی، به‌رهه‌مهێنانی ته‌كنۆلۆژیا و خێرایی زۆر، به‌رهه‌مهێنانی عه‌شق و سۆزداری به فۆڕمی بازاڕی و پاسیڤ، به‌رهه‌مێنانی مۆدێلات له ژیانی ڕۆژانه‌دا، به‌رهه‌مهێنانی زمان و به‌رهه‌مهێنانی زانیاری..هتد كه‌واته مه‌سه‌له‌كه ته‌نیا په‌یوه‌ست نییه به ئایدیۆلۆژیا و به‌رهه‌مهێنانی وه‌همه‌وه، به‌ڵكو په‌یوه‌سته به گۆڕان له خودی شێوازی ئیشكردنی سیسته‌مه‌كه و ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی كه‌ره‌سته‌كانی و ده‌ستكاریكردنی هه‌ناوی خۆی. ئه‌مه‌یش ته‌نیا بۆ دوورخستنه‌وه‌ی چاره‌نووسی خۆی و چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی له‌و یاسایا كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی كه ماركس بۆی دیاریی كردووه، بێگومان تاڕاده‌یه‌كی زۆر له‌مه‌یشدا سه‌ركه‌وتووبووه. كه‌واته بۆ ئه‌وه‌ی ماركسیزم نه‌بێته ئه‌و جۆره ماركسیزمهی كه كۆمه‌ڵێك ئایدیۆلۆژیست بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن، نه‌بێته سه‌له‌فییه‌تی فیكری، نه‌بێته پۆلیسی فیكری و ده‌زگای سه‌ركوتكاریی فیكری، بۆ ئه‌وه‌ی ماركسیزم له‌نێوخۆیدا له ڕه‌قیدا شه‌ق نه‌بات، پێویسته ئایدیای نوێ، چه‌مكی نوێ، خوێندنه‌وه‌ی نوێ، كه‌ره‌سته‌ی نوێی فیكری، تێزی نوێ و بگره ئاراسته‌ی نوێیش، كه گرنگن بۆ ناسین و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی سیسته‌م و به‌رگری، له‌خۆیدا جێ بكاته‌وه و له‌گه‌ڵ خۆیدا تێههڵكێشیان بكات. گه‌ر بمانه‌وێت ماركس نه‌مرێت ئه‌وا به‌وه نابێ له كۆمادا دایبنێن، به‌ڵكو به‌وه ده‌بێت چۆن خۆراكی نوێی فیكری پێ ببه‌خشین.
( 4 )
بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م پێشه‌كییه له ڕاده‌ی خۆی درێژتر نه‌بێته‌وه، ئه‌وانه‌ی باسمانكردن ته‌نیا كۆمه‌ڵێك سه‌رنجی خێرا و
سه‌ره‌داو بوون كه هه‌ریه‌كه‌یان بابه‌تی توێژینه‌وه و وتاری دورودرێژن، هه‌م به وه‌رگێڕان و هه‌م به نووسین. به‌ڵام پێمباشه لێره‌دا ئه‌م پرسیاره‌یش بخه‌مه‌ڕوو: داخۆ سیاسه‌ت به‌وه ده‌بێته سیاسه‌تێكی ڕادیكاڵ و كاریگه‌ر بۆ گۆڕینی دنیا كه بێ هیچ ڕه‌خنه‌یه‌ك ستاییش بكرێت؟ گه‌ر له فیكری چه‌پدا سیاسه‌ت به مانای خوێندنه‌وه‌ی كایه‌ی سیاسی و تۆخكردنه‌وه‌ی لێكدژی و دۆزینه‌وه‌ی كه‌ره‌سته‌ی به‌رگری بێت به ڕووی سیسته‌مدا و یاخیبوون و شۆڕش بێت، ئایا ده‌بێت به بێ هیچ ڕه‌خنه‌یه‌ك تێپه‌ڕێت و بكرێته تابوو؟ له‌م كتێبه‌دا “ئیتیان بالیبار” و دوو هاوڕێی دیكه‌ی، هه‌وڵده‌ده‌ن بایه‌خ و گرنگی بۆ دیوێكی فیكری ماركس بگه‌ڕێننه‌وه كه تاڕاده‌یه‌ك له نه‌ریتی ته‌قلیدیی ماركسیزم‌دا فه‌رامۆشكراوه، یان كراوه به‌ژێر كایه‌ی ئابوورییه‌وه و كراوه‌ته پاشكۆی ڕه‌خنه‌ی ئابووری. بالیبار فه‌یله‌سوفێكی چه‌پی هه‌ره دیار و ناسراوی فه‌ره‌نسایه، قوتابی و هاوڕێی “لویی ئالتۆسێر” بووه و له پرۆژه‌ی “خوێندنه‌وه‌ی سه‌رمایه“دا به‌شداریی له‌گه‌ڵدا كردووه، لێره‌یشدا درێژه به‌و پرۆژه‌یه ده‌دات كه له‌گه‌ڵ مامۆستاكه‌یدا سه‌رڕێگای خستووه، كه یه‌كێك له خاڵه هه‌ره گرنگه‌كانی ئه‌م پرۆژه‌یه ڕه‌خنه‌گرتنه له دابه‌شبوونه تۆبۆگرافییهكهی “ژێرخان/سه‌رخان”ـی نه‌ریتی ماركسیزم. ئه‌م كتێبه كۆی قۆناغه‌كانی گۆڕانی فیكری سیاسی ماركس و ڕه‌خنه‌ی ئه‌و بیرمه‌نده و هاوڕێكهیی له سیاسه‌ت وه‌ك ڕه‌خنه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ به پاڵ ڕه‌خنه‌ی ئابوورییه‌وه، ده‌رخستووه. به‌م جۆره سیاسه‌ت جۆرێك سه‌ربه‌خۆیی وه‌رده‌گرێت و ته‌نیا له ڕێگه‌ی ڕه‌خنه له سیاسه‌ت خۆیه‌وه ده‌بێته كایه‌یه‌كی كاریگه‌ر، به‌ڵام به‌رده‌وامیش په‌یوه‌ندیداره به ئابوورییه‌وه. جا بۆ ئه‌وه‌ی مانایه‌كی دیكه به سیاسه‌ت بدرێت، یه‌كه‌م هه‌وڵ بۆ به‌رهه‌مهێنانی سیاسه‌تێكی ڕادیكاڵ ئه‌وه‌یه كه، نه‌ك ته‌نیا سیاسه‌تی دۆخی باو و باڵاده‌ست ڕه‌خنه بكات و هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه، به‌ڵكو ئه‌ڵته‌رناتیڤی ده‌سه‌ڵاتی باڵاده‌ستیش ڕه‌خنه بكات.
لێره‌دا ئه‌ركی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی ڕاسته‌قینه، “لهسیاسهتخستن”ـی ئه‌و سیاسه‌ته‌یه كه هه‌یه و بهسیاسیكردنهوهی ئه‌و كایانهیه كه له سیاسه‌ت داماڵراون، واته په‌لاماردانی كایه‌ی باوی سیاسی، كه ساڵانێكه له وڵاتی ئیمه‌دا له “فێڵ و گزی” و “حیزبایه‌تی” و “سه‌ركرده‌ی سیاسی”ـدا به‌رجه‌سته بووه، له‌پاڵ ئه‌مه‌یشدا ڕه‌خنه‌كردنی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی كه ده‌یه‌وێت ئه‌ڵته‌رناتیڤی ئه‌م سیاسه‌ته باڵاده‌سته بخاته ڕوو، به‌م واتایه سیاسه‌تی ڕادیكاڵ ئه‌وه‌یه كه دژ به مۆدێلی سیاسه‌تی باڵاده‌ست ده‌وه‌ستێته‌وه و ڕه‌خنه‌ی مۆدێلی سیاسه‌تی ئه‌ڵته‌رناتیڤیش ده‌كات، ئه‌مه‌یش له‌و پێناوه‌دا كه “خه‌ڵك” بێته‌وه سه‌ر شانۆی سیاسی، كه لای ئێمه “خه‌ڵك” ته‌نیا كراون به ئه‌ندام و لایه‌نگر و چه‌پڵه‌لێده‌ر و هاهوكێش بۆ حیزبه سیاسییه باڵاده‌سته‌كان، یان كراون به پاساوی ڕه‌واتیدان به گوتاره دژه‌كه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته.
مه‌رجیش نییه سیاسه‌ت و دروستكردنی ئه‌كتی سیاسی به مانای گه‌ڕانه‌وه بێت بۆ مۆدێل و ئامرازه سیاسییه كۆنه‌كان و دووباره‌كردنه‌وه‌ی ئه‌زموونه‌كانی سه‌رده‌مانی پێشتر، به‌ڵكو مانای بهرفراوانكرنی پانتایی به‌رگری و گه‌ڕانه به‌دوای چه‌كی نوێ و شێوازی نوێ یاخیبووندا، هه‌ر له ئاست و هه‌ڵوێسته بچووكه‌كانی ژیانی ڕۆژانه‌وه هه‌تا ده‌گات به ئه‌كتی گه‌وره‌ی وه‌كو شۆڕش.
له‌م سه‌رده‌مه‌دا بۆ نواندنی به‌رگری، پێویسته له‌پاڵ خهباتگێڕهوهكانهوه هاككه‌ره‌كانیش هه‌بن؛ به‌پاڵ میدیاوه پۆسته‌ر و دیواره‌كانیش وه‌ك ڕووپهڕێكی ناسیسته‌ماتیك هه‌بن؛ به‌پاڵ یاخیبوونه‌وه دژی سیسته‌م عه‌شق و هاوڕێیه‌تیش هه‌بن؛ به‌پاڵ چه‌كه‌وه مۆسیقایش هه‌بێت؛ چه‌نده گرنگه له‌سه‌ر ئاستی گه‌ردوونی ڕزگارببین ئه‌وه‌نده‌یش پێویستمان به‌وه‌یه له‌ئاستی ژیانی ڕۆژانه‌یشدا نه‌بینه سوبێكتی ملكه‌چی ئایدیۆلۆژیا و ده‌سه‌ڵات (به هه‌موو فۆڕمه‌كانییه‌وه)؛ چۆن پێویستمان به گۆڕینی كۆمه‌ڵگه و داهێنانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیكه هه‌یه، ئاوایش پێویستمان به داهێنانی ستایلی دیكه‌ی ژیان وبیركردنه‌وه هه‌یه. له هه‌موویشی گرنگتری ئه‌وه‌یه: چۆن چه‌پ بین و سه‌له‌فی نه‌بین، چۆن شۆڕشگێر بین و فاشیست نه‌بین.